چوار هۆكاری سه‌ركه‌وتن و به‌هیزی پێگه‌ی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست

22/09/2018

:: بێ نوسەر
نووسینی: نیما سەبوری
سه‌رچاوه‌: donya-e-eqtesad
وەرگێڕانی: ئەركان ئەحمەد جاف
له‌ڕاستیدا دوای گۆڕانكارییه‌كانی ئه‌م دواییەی‌ ناوچەکە، كه‌ به‌ (به‌هاری عه‌ره‌بی) ناسرا، ئێران به‌ گه‌وره‌ترین براوه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست داده‌نرێت. له‌كاتیكدا كه‌ ڕووسیا توانی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئامانجه‌كانی خۆی له‌ سوریا به‌دیبهینێت، ئێران جه‌ژنی سه‌ركه‌وتنه‌كانی خۆی له‌ هه‌رچوار وڵاتی عه‌ره‌بی (عێراق، لوبنان، سوریا، یه‌مه‌ن) گێڕا.
گه‌نگه‌شه‌ی زۆر له‌باره‌ی ئه‌م سه‌ركه‌وتن و هەژمونەی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت، هه‌رلایه‌ك‌ هۆكارێك بۆ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ی ئێران دیاریدەكات. هه‌ندێك ئەمەریکای سه‌رده‌می ئۆباما به‌ هۆكاری ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ی ئێران له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئۆباما ڕه‌خنه‌باران ده‌كه‌ن. 
دروست له‌وكاته‌ی كه‌ ئەمەریکا و زلهێزه‌كانی دیكه‌ی دونیا به ‌مه‌به‌ستی كۆنترۆڵكردن و سنورداركردنی توانا ناوەکییەکانی ئێران، له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ ڕیكه‌وتننامه‌ی ناوەکیان واژۆ كرد، هه‌ندیك له‌ چاودێران ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان له‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ئۆباما ده‌گرت كه‌ نه‌ده‌بوو ئه‌و ڕێکكه‌وتنه‌ی واژۆ بكردایه‌ و جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی زیاتری هه‌یمه‌نه‌ی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ده‌بوو ئۆباما فشاری زیاتری بخستایه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و وڵاته‌، بۆیه‌ نه‌رمبوونی ئۆباما به‌رامبه‌ر به‌ ئێران، به‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئێران دادەنرێت له‌ ناوچه‌كه‌. به‌ڵام به‌بڕوای هه‌ندێك له‌ شاره‌زایان، هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م سه‌ركه‌وتنانه‌ی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ كه‌ له ‌ڕابردودا له‌و چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌ (عێراق، لوبنان، سوریا، یه‌مه‌ن) ڕوویانداوه‌. 
ئه‌وان پێیانوایه‌ له ‌هه‌ریه‌ك له‌و چوار وڵاته‌، ڕكابه‌ره‌كانی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی خۆنه‌ویستانه‌ ڕۆڵی سه‌ره‌كیان هه‌بووه‌ له‌ به‌هێزبوونی ئێران و پێكه‌وه‌به‌ستنی شیعه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌. به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوونتر، ده‌ره‌نجامی ته‌واوی ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، جگه‌ له‌ ژیانه‌وه‌ و دهه‌سه‌ڵات په‌یداكردنی گروپه‌ شیعه‌كانی لایه‌نگری ئێران له‌و وڵاتانه‌، هیچی دیكه‌ نه‌بووه‌. ئه‌مه‌ش له‌ هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌. له‌ هه‌ریه‌ك له‌و چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌دا، ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بوونه‌ هۆی به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌ مه‌زهه‌بییه‌كان، ئه‌مه‌ش ئه‌و ڕووداوه‌ بوو كه‌ ئامانجه‌كانی ئێرانی بۆ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزی خاوه‌ن پێگه‌ و كاریگه‌ر له‌ ناوچه‌كه‌ به‌دیهێنا. 
ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ره‌كییه‌ی كه‌ ‌لێره‌دا ده‌رده‌كه‌ویت ئه‌وه‌یه، كه‌‌ بە چ شێوازێک ده‌‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌م چوار وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌، ئێرانی كرده‌ لایه‌نی  سه‌ركه‌وتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟

• وڵاتی یه‌كه‌م: لوبنان
به‌پێی نوسینه‌كانی گۆڤاری (ناشناڵ ئینترست)ی ئه‌مەریكی، ئیسرائیل دیارترین دوژمنی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌، سەڕەڕای ئەوە ئیسرائیل به‌بێ ئه‌وه‌ی خۆی بزانێت هۆكاری سه‌رەكی بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی بكه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی هه‌ژموونی ئێرانه‌وه‌. هیرشی سه‌ربازی ئیسرائیل بۆ لوبنان و كۆنترۆڵكردنی به‌شی باشوری ئه‌و وڵاته‌ تا مانگی 5/ 2000، بووه‌ هۆی به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئێران له‌ لوبنان. یه‌كێك له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م هێرشه‌ و ده‌كرێت وه‌ك گرنگترین ده‌ره‌نجامیش دابنرێت، ده‌ركه‌وتنی ڕیكخراوێكی شیعه‌ مه‌زهه‌ب بوو به‌ناوی حزبوڵا كه‌ ڕاسته‌وخۆ له‌ژیر كۆنترۆڵ و هه‌یمه‌نه‌ی ئێراندا بوو،‌ له‌ شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه‌‌ ئیلهامی وه‌رده‌گرت. ئه‌م ڕیكخراوه‌ له‌ هه‌ردوو بواره‌كانی سیاسی و سه‌ربازیش كۆمه‌ڵیك سه‌ركه‌وتنی دیاری به‌ده‌ستهێناوه‌. حزبوڵا توانی به‌ناوی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاریه‌كانی ئیسرائیل، گه‌وره‌ترین پاڵپشتی له‌ نێوخۆی لوبنان به‌ده‌ست بهێنێت و گه‌وره‌ترین به‌شی ئه‌و وڵاته‌شی (به‌شی شیعه‌نشینه‌كه‌ی) ڕیكبخات و چه‌كداریان بكات. له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا، هیرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر لوبنان هۆكاری بنه‌ڕه‌تی بوون بۆ گه‌شه‌كردن و به‌هێزبوونی پێگه‌ی حزبوڵا له‌ ڕووداوه‌ سیاسیه‌كانی لوبنان و فراوانبوونی پاڵپشتیه‌كانی ئێران بۆ ئه‌و ڕێكخراوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ حزبوڵا، پێگه‌ی چه‌سپاو و بوونی هه‌ژموون و هێزی ئێرانه. بۆیە ئێران – كه‌ گه‌وره‌ترین دوژمنه‌كه‌ی ئیسرائیله‌- توانی پێگه‌یه‌كی به‌هیز و هەمیشەیی له‌ باكوری سنوره‌كانی فه‌له‌ستین بۆ خۆی دامه‌زرێنێت.

• وڵاتی دووه‌م: عێراق
عێراق به‌رده‌وام ڕكابه‌ر و نه‌یاری ئێران بووه‌، کەچی یه‌كیك له‌ دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمریکا، بووه‌ هۆكاری له‌ناوبردنی (حکومەتی پێشووی عێراق) و به‌هیزبوونی ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ی ئێران له‌ عێراق. ئەمەریکا له‌ ساڵی 2003 به‌ مه‌به‌ستی له‌ناوبردنی ڕژیمی سه‌دام و دامه‌زراندنی حكومه‌تیكی دیموكرات له‌و وڵاته‌، هێرشی سه‌ربازی كرده‌ سه‌ر عێراق. ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ وڵاتێكی وه‌كو عێراق كه‌ دابه‌شكاری نه‌ته‌وه‌یی و ڕه‌گه‌زی و مه‌زهه‌بی تیدایه‌، به‌واتای ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌بێت زۆرینە سه‌ركه‌وێت، ئاشكرایه‌ كه‌ شیعه‌كانیش زۆرترین گروپی مه‌زهه‌بیی نێو عێراقن. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌وه‌ ڕوونه‌ كه‌ ڕێبه‌رانی شیعه‌كانی عێراق، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ جۆرێك په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هێرشی ئەمەریکا بۆ عێراق و هه‌وڵدان بۆ دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیموكرات، هیچ ده‌ره‌نجامێكی تری لێ چاوه‌ڕێ ناكرێت، بێجگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتن و ده‌رچوونی شیعه‌كانی عێراق كه‌ له‌هه‌مان كاتدا لایه‌نگر و پاڵپشتی ئێران بوون.

• وڵاتی سێه‌م: سوریا
سێیه‌م وڵاتی عه‌ره‌بی كه‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بوونه‌ هۆی به‌هیزبوونی پیگه‌ی ئێران له‌و وڵاته‌، بریتییه‌ له‌ سوریا. هەڵبەتە له‌باره‌ی سوریاوه‌ هه‌لومه‌رجه‌كان كه‌مێك جیاوازترن. ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ی كه‌ له‌ سوریا ڕویدا سه‌ره‌تا له‌لایه‌ن ڕووسیاوه‌ بوو، كه‌ له‌ ئێستادا دۆست و هاوپه‌یمانی نزیكی ئێرانه‌. له‌پاییزی ساڵی 2015، ڕووسه‌كان به‌ مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی ده‌وڵه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌یاره‌كانی، هیزی سه‌ربازی و هاوكارییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕه‌وانه‌ی سوریا ده‌كات. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌، ئێران، حزبوڵا و گروپه‌ سه‌ربازییه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ش بۆ هاوكاری و پاڵپشتیكردنی سوریا، چوونه‌ ناو ئه‌و وڵاتەوە‌. ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی لوبنان و عێراق، هاوكاریكردنی ئێران و گروپه‌ شیعه‌كانی دیكه‌ بۆ ده‌وڵه‌تی عه‌له‌وی سوریا، بووه‌ هۆی وابه‌سته‌یی و گرێدانی په‌یوه‌ندی مه‌زهه‌بی له‌ سوریا. له‌به‌رئه‌وه‌ هاوپه‌یمانی گروپه‌ شیعه‌كانی وابه‌سته‌ به‌ ئێران و ده‌وڵه‌تی سوریا، گره‌نتییه‌كی به‌هیز بوو بۆ به‌هیزبوونی پێگه‌ی ئێران له‌ سوریا و جێگیر بوونی له‌ نزیك سنوره‌كانی ئیسرائیل. له‌به‌رئه‌وه‌ ئیسرائیل له‌ ئێستادا نیگه‌رانی ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌كانی ئێران و حزبوڵا به‌رده‌وام له‌ سوریا جیگیر بكرێن و سوریاش ببێته‌ ئێران و حزبوڵایه‌كی تر به‌رامبه‌ر وڵاته‌كه‌ی، به‌ تایبه‌ت كه‌ سوریا نزیكی سنوره‌كانی فه‌له‌ستینه‌.

وڵاتی چواره‌م: یه‌مه‌ن
له ‌ئێستادا جه‌نگی یه‌مه‌ن بووه‌ته‌ كاره‌ساتیكی گه‌وره‌ی مرۆیی له‌و وڵاته‌دا و هیشتا به‌ته‌واوی ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌و جه‌نگه‌ ڕوون نییه‌. به‌ڵام لێره‌دا یه‌ك شت ڕوونه‌: ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ بۆردوومانە به‌رده‌وامه‌كانی سعودیه‌ ناتوانێت شكستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ به‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئه‌نساروڵا (حوسیه‌كان) بهێنێت، له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا، پێكهێنانی هاوپه‌یمانی وڵاتی عه‌ره‌بی به‌ هاوكاری وڵاتانی ڕۆژئاوا، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌نساروڵا، بوه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی یه‌مه‌نییه‌كان له‌ سعودیه‌ و وڵاتانی دیكه‌ی عه‌ره‌بی دووربكه‌ونه‌وه‌ و له‌ ئێران نزیك بنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش گەره‌نتییه‌كی  دیكه‌ی ئێرانه‌ بۆ گه‌شه‌كردنی پێگه‌ی ئێران له‌ نێو وڵاتێكی دیكه‌ی عه‌ره‌بی و دونیای عه‌ره‌ب. یه‌كێك له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ئێران له‌ ڕاكێشانی یه‌مه‌نییه‌كان بۆلای خۆی، هاوسنووربوونی وڵاتی یه‌مه‌نه‌ له‌گه‌ڵ ركابه‌ری دێرینه‌ی كه‌ سعودیه‌یه‌، له‌ڕاستیدا ده‌گونجێت ئه‌مه‌ش هه‌ردوو وڵاتی ئێران و سعودیه‌ كه‌مه‌نكێش بكات لە جه‌نگی ساردی نێوانیانەوە بۆ جه‌نگی ڕاسته‌وخۆ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا.
له‌ڕاستیدا ناسه‌قامگیری و فرە جەمسەری ناوچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام، هه‌ندێك مه‌ترسی له‌باره‌ی داهاتووی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ به‌دیهێناوه‌. به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌ دوای هێرشی سه‌ربازی ئەمەریکا بۆ عێراق و ڕوداوه‌كانی به‌هاری عه‌‌ره‌بی گه‌یشته‌ لوتكه‌، نیشانه‌ی ده‌سكه‌وت و به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئێرانن له‌ ناوچه‌كه‌، كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌م ده‌سكه‌وتانه‌‌ هیچ په‌یوه‌ندیان به‌ بابه‌تی چه‌كی ناوەکییەوە نییه‌. 
به‌كورتی، هۆكاره‌ سه‌ركییه‌كانی سه‌ركه‌وتنی ئێران له‌و وڵاته‌ عه‌ره‌بیانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌:
1- دابه‌شكاری نه‌ته‌وه‌یی- مه‌زهه‌بی له ‌ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت دابه‌شبوونی شیعه‌كان له‌ سنوری چه‌ند وڵاتێكدا.
2- ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان.
له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌و چوار وڵاته‌دا، ئێران ته‌نها وڵاتێك بوو كه‌ زۆرترین قازانجی به‌ده‌ستهێنا. ئه‌مه‌ش مه‌ترسی و كێشه‌ی زۆری بۆ هه‌ریه‌كه‌ له‌ وڵاتانی سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی و ئیسرائیل دروستكردووه‌، له‌ڕاستیدا ده‌توانرێت بوترێت نزیكبوونه‌وەی‌ ئه‌مدواییه‌ی ڕیاز و ته‌لئه‌بیت به‌هۆی به‌هێزبوونی تارانه‌وه‌ بووه، ئه‌مه‌ش له‌ زاری یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی باڵای ئیسرائیله‌وه‌ دركێنرا له‌ كاتی چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ یه‌كێك له‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی سعودیه‌، كه‌ باسی له‌ ئاره‌زومه‌ندی هاوكاری ده‌زگای سیخوڕی ئیسرائیل كرد بۆ ئال سعود به ‌مه‌به‌ستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ به‌ته‌واوی ڕووبدات ئه‌وا گریمانه‌ی گۆڕانكاری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت پێشبینی جه‌نگ یان ئاشتی بۆ بكرێت. جه‌نگ به‌گریمانه‌ی زۆر له‌نێوان ئیسرائیل و گروپه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌ت حزبوڵا، گریمانه‌ی ڕوودانی ئاشتی و رێکكه‌وتنی ته‌واو له‌ نێوان ئیسرائیل له‌لایه‌ك و سعودیه‌ و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌لایه‌كی دیكه‌ ڕووبدات.
له‌ڕاستیدا، یه‌كێك له‌ ڕۆڵگێڕه ‌كاریگه‌ره‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م گریمانانه‌، ئەمەریکایه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی ئێستای ترامپ كه‌ له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كی باش و به‌هیزی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ سعودیه‌ و ئیسرائیل هه‌یه‌. سه‌رباری ده‌ربڕین و لێدوانه‌ تونده‌كانی ترامپ، به‌ڵام تا ئێستا‌ش هه‌وڵیداوه‌ خۆی له‌ گۆڕانكارییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌دوور بگریت. ئه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌وه‌شمان ‌بیرنه‌چێت كه دوای له‌ناوچوونی داعش،‌ كێشه‌كانی ئەمەریکا له‌ هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و سوریا زیاتر ده‌بن. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌گونجێت لێكنزیكی ئیسرائیل و شازاده‌كانی سعودیه‌ هه‌لێكی باش و گونجاو بێت بۆ ترامپ بۆئه‌وه‌ی كه‌ هه‌ندێك له‌ سیاسه‌ته‌كانی خۆی له‌باره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه‌ پێشكه‌ش بكات.


زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure