رۆڵى هه‌واڵگرى ئاسمانى له‌ شه‌رى نوێدا

05/10/2018

:: بێ نوسەر

نوسه‌ر: به‌شیر ئه‌لوه‌ندى-پسپۆرى هه‌واڵگرى
سه‌نته‌رى ئه‌وروپى بۆ توێژینه‌وه‌ى تیرۆر و هه‌واڵگرى
وه‌رگێرانى: پ.ی.دكتۆر فواد عه‌لى
سه‌ره‌تا
هێزى ئاسمانى هێزێكى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ له‌ شه‌رى تازه‌دا، ئه‌وه‌ى خاوه‌نى ئه‌و هێزه‌بێت شه‌ره‌كه‌ ئه‌باته‌وه‌، له‌ شه‌رى جیهانى دووه‌مه‌وه‌ چه‌كى ئاسمانى ریزبه‌ندى یه‌كه‌مى له‌ سوپاى وڵاتاندا وه‌رگرتووه‌ و بۆته‌ جێگاى بایه‌خى وڵاتان، پاراستنى ئاسمان بریتییه‌ له‌ پاراستنى جوگرافیاى وڵات، ئه‌مه‌ش پێویستى به‌ چه‌كێكى كاریگه‌ر و خێرا و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ ئه‌بێت، لێره‌وه‌ هه‌واڵگرى سه‌ربازى له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ زۆرترین بایه‌خى به‌ بوارى هێزه‌ ئاسمانییه‌كان دا به‌ تایبه‌تى له‌ رووى زانیاری و پاراستنى له‌ به‌زاندنى سه‌ربازیدا، به‌و پێیه‌ى كه‌ هێزى ئاسمانى جێى چاوى هه‌واڵگرى دوژمنه‌ كه‌ به‌رده‌وام هه‌وڵى به‌زاندنى ئه‌و سنوره‌ ئاسمانییه‌ ئه‌دات و كه‌سانى خۆى تێدا ئه‌چێنێت كه‌ دواجار سودێكى گه‌وره‌ى لێئه‌بینێت.
كاتێك كه‌ باس له‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كان ئه‌كه‌ین مه‌به‌ستمان هێزى ئاسمانییه‌ به‌ هه‌موو لقه‌كانییه‌وه‌: هێزى ئاسمانى و فرۆكه‌وانى سوپا و به‌رگرى ئاسمانى به‌وجۆره‌ى كه‌ پۆڵێنى نزیكن له‌یه‌كتره‌وه‌ و به‌وشێوه‌یه‌ بوارى هه‌واڵگریشیان له‌یه‌كتره‌وه‌ نزیكن و هه‌رسێكیان له‌ ژێر چه‌ترى هه‌واڵگرى ئاسمانیدان.

بوارى هه‌واڵگرى
هێزى ئاسمانى به‌ گرنگترین دامه‌زراوه‌ دائه‌نرێت كه‌ دوژمن به‌رده‌وام هه‌وڵى به‌زاندنى ئه‌دات، بۆیه‌ هه‌واڵگرى هێزه‌ ئاسمانییه‌كان هه‌وڵى ده‌سته‌مۆكردنى خه‌ڵكانى خۆیان ئه‌ده‌ن به‌ تایبه‌تى له‌ وڵاته‌ دراوسێكاندا، بونى سه‌رچاوه‌یه‌كى هه‌واڵگرى له‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كاندا بۆ دوژمن زۆر گرنگه‌، بۆ نمونه‌ له‌ كاتى بونى هێرشێكى ئاسمانیدا پێویسته‌ پێشوه‌خت بزانرێت تاكو به‌ زووترین كات ئه‌و شوێنه‌ چۆڵبكرێت و زیانه‌كان كه‌مبكرێنه‌وه‌ و ئاماده‌یى روبه‌روبونه‌وه‌ى بۆ بكرێت، كارى رادار و بورجه‌كانى چاودێرى و هه‌واڵگرى به‌رایى ناتوانن وه‌ك كارى هه‌واڵگرى پسێشوه‌خت و سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵگرى بن.
لێره‌وه‌ هه‌واڵگرى ئاسمانى و ئاسایشى هێزه‌كانى ئاسمانى هاوكارى یه‌كترن بۆ رووبه‌روبونه‌وه‌ى هه‌ر هه‌وڵێكى سیخورى دوژمن و چاودێریكردنى هه‌موو ئه‌و وه‌فده‌ مه‌شقى و هونه‌ریانه‌ى كه‌ تایبه‌تن به‌ هێزه‌ ئاسمانییه‌كان وسه‌ردانى وڵاتانى تر ئه‌كه‌ن، زۆربه‌ى ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى كه‌ ده‌سته‌مۆكردنى هه‌واڵگرى تێدا رووئه‌دات له‌ حاڵه‌تى رۆیشتنى وه‌فدى خوله‌ مه‌شقییه‌كاندا ئه‌بێت، بۆ نمونه‌ وڵاتانى به‌رهه‌مهێن و فرۆشیارى فرۆكه‌ هه‌وڵى ده‌سته‌مۆكردنى فرۆكه‌وان و هونه‌رییه‌كان ئه‌ده‌ن كه‌ فرۆكه‌ى پێ فرۆشتونه‌، به‌ تایبه‌تى له‌و كاته‌ى كه‌ مه‌شقیان پێ ئه‌كه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ ئاسایشى به‌رگرى و هه‌واڵگرى پێكه‌وه‌ هاوكاربن و به‌رده‌وام چاوه‌دێرى ئه‌ندامانى وه‌فده‌كانى خۆیان بكه‌ن.
زانیارى ئاسمانى
هه‌واڵگرى ئاسمانى به‌ بزوێنه‌رى سه‌ره‌كى كارى به‌رگرى و هێرشبه‌رانه‌ى هێزه‌ ئاسمانییه‌كان دائه‌نرێت، به‌بێ ئه‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ توشى تێكچون و شه‌له‌ل ئه‌بێت، هێزى ئاسمانى پێویستى به‌ زانیارى و نه‌خشه‌ و تواناى ورد و تازه‌ و خێراى وه‌ك ته‌كنه‌لۆژیاى رادار و ئامێرى دیده‌وانى و دیده‌وانى ئه‌لكترۆنى و بنكه‌ى سه‌ركردایه‌تى و كۆنترۆلكردن هه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتى پرۆسه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كانى هێزه‌ ئاسمانییه‌كاندا به‌كاردێن و هه‌موویان مه‌رج وپێداویستى زانیارى كارى هه‌واڵگرى ئاسمانین.
هه‌واڵگرى ئاسمانى چاوه‌دێرى سه‌رجه‌م بنكه‌ ئاسمانییه‌كانى وڵاتانى دراوسێ ئه‌كات له‌رووى گه‌شه‌ى هێزو  چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌ و به‌دواى زانینى به‌رگرى زه‌مینى و موشه‌كى هێزى روبه‌روبونه‌وه‌ى فرۆكه‌دا ئه‌گه‌رێن، هه‌روه‌ها هه‌وڵئه‌دات زانیارى وردى له‌سه‌ر فرۆكه‌ى شه‌ركه‌ر و به‌رگری و به‌رنامه‌ى مه‌شقى و بنكه‌ى به‌رگرى و رادار و بنكه‌ى سه‌ركردایه‌تى و كۆنترۆڵكردنى دوژمن كۆبكاته‌وه‌، جگه‌ له‌وانه‌ش ده‌زگاى هه‌واڵگرى 100 ئامانجى ستراتیژى دوژمن تۆمار ئه‌كات و سیخورى له‌سه‌ر تۆرى په‌یوه‌ندییه‌ ئاسمانییه‌كانى دوژمن ئه‌كات.
هه‌واڵگرى ئاسمانى زۆر به‌چرى كار له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و زانیارییانه‌ ئه‌كات كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ جوڵه‌ى دوژمن و دیاریكردنى شوێن و نیازیانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ رێگاى ئه‌و بنكه‌ دێده‌وانیانه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵگرى دائه‌نرێن و تواناى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ چاوه‌دێرى نیاز و جوڵه‌ى به‌رده‌وامى دوژمن بكه‌ن، به‌ تایبه‌تى له‌رێگاى گه‌یشتن به‌ دورترین و به‌رزترین شوێنى چاوه‌دێریكردنى دوژمن كه‌ ناتوانرێت رێگاى لێبگیرێت.
هه‌واڵگرى ئاسمانى له‌ رێگاى سێ ئاستى سه‌ره‌كییه‌وه‌ به‌ كارى خۆی هه‌ڵده‌ستێت:
1-ئاستى ستراتیژى: هه‌واڵگرى هه‌ڵده‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ و پۆڵێنكردنى زانیارییه‌ تایبه‌تییه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ چه‌ك و هێزه‌ به‌رگرییه‌كانى ئاسمانى دوژمن، ئه‌مه‌ له‌كاتى شه‌ر و ئاشتیدا.
2-ئاستى پرۆسه‌كان: لێره‌ پێویستى به‌ زانیارى هه‌واڵگرى هه‌یه‌ بۆ ئاگاداركردنه‌وه‌ى پێشوه‌خت و ئه‌وئه‌گه‌رانه‌ى كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ره‌شه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، لێره‌دا زانیارى له‌سه‌ر ناوچه‌كانى تایبه‌ت به‌ پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان دیاریئه‌كرێت.
3-ئاستى كۆكردنه‌وه‌: كارى هه‌واڵگرى لێره‌دا بریتییه‌ له‌ په‌یوه‌ندیكردنى راسته‌وخۆ به‌ فرۆكه‌وان و هێزه‌ ئاسمانییه‌كان و پرۆسه‌ مه‌یدانییه‌كانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگاى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى له‌سه‌ر ناوچه‌ى پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌كان و ناردنى بۆ بنكه‌ى سه‌ره‌كى پرۆسه‌ هه‌واڵگرییه‌كان به‌ تایبه‌تى له‌ كاتى شه‌ردا.
سه‌كۆ ئاسمانییه‌كان
ئه‌مه‌ بریتییه‌ له‌ فرۆكه‌ى تازه‌ كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ ئامێرى زۆر پێشكه‌وتوو هه‌ڵده‌ستێت به‌ كارى دیده‌وانى  و ئاگاداركردنه‌وه‌ى پێشوه‌خت، دیده‌وانى ئاسمانى بربره‌ى پشتى زانیارى هه‌واڵگرییه‌ له‌سه‌ر نیاز و تواناكانى دوژمن به‌ تایبه‌تى له‌و كاتانه‌ى كه‌ ده‌ستكه‌وتنى زانیارى هه‌واڵگرى به‌ قورسى به‌ده‌ستئه‌هێنرێت و ئامرازه‌كانى فرتوفێڵ و خۆشاردنه‌وه‌ زۆر گه‌شه‌یانكردووه‌.
تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى دیده‌وانى ئاسمانى بریتییه‌ له‌ خێرایى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى و گواستنه‌وه‌ى خێراىئه‌و زانیاریانه‌ بۆ بنكه‌كانى كۆنترۆڵكردن، هه‌روه‌ها تواناى به‌ده‌ستهێنان و گه‌یشتن به‌و زانیاریانه‌ى كه‌ له‌كاتى بارودۆخه‌ ناسه‌قامگیره‌كاندا قورسه‌ به‌ده‌ستیان بهێنیت، فرۆكه‌ دیده‌وانییه‌كان ئه‌توانن روبه‌رێكى فراوانى مه‌یدانى شه‌ر له‌ قوڵاییه‌كى زۆرى دوژمن روماڵ بكه‌ن و شوێنى هه‌ره‌شه‌ و سیستمى ئاگاداركردنه‌وه‌ و به‌رگرى ئاسمانى دوژمن ئاشكرا بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ دیده‌وانى ئاسمانى تواناى وێنه‌گرتن و تۆماركردنیشى هه‌یه‌ به‌مه‌به‌ستى پێداچونه‌وه‌ و شیكردنه‌وه‌ و به‌راوردكردن و راستكردنه‌وه‌ى هێرشه‌ هه‌ڵه‌كان و وردبینى له‌ ئامانجه‌ سه‌ربازییه‌كاندا.
جۆره‌كانى سه‌كۆ ئاسمانییه‌كان
سه‌كۆ ئاسمانییه‌كان ئه‌بن به‌چه‌ند به‌شێكه‌وه‌:
1-سه‌كۆى ئاماده‌كراو: بریتین له‌ فرۆكه‌ى دیده‌وانى تایبه‌تمه‌ند به‌ سیستمى رادارى پێشكه‌وتوو كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ چینى رادارى گه‌وره‌ و هه‌وایى رادارى و هه‌وایى بۆ گواستنه‌وه‌ى زانیارى و ئاراسته‌كردنى فرۆكه‌ى شه‌ركه‌ر و ئامێرى په‌یوه‌ندیكردن و چاره‌سه‌ركردنى زانیارى و شاشه‌ و كۆمپیوته‌رى ئه‌لكترۆنى بۆ چاوه‌دێریكردن و سه‌ركردایه‌تى و په‌یوه‌ندیكردن و كۆنترۆلكردنى هێزى ئاسمانى.
2-سه‌كۆى نائاماده‌كراو: وه‌ك فرۆكه‌ى بێ فرۆكه‌وانى ئاراسته‌كه‌ر، (rpv) بریتین له‌ شێوه‌ى بچوك و تواناى گه‌وره‌.
3-مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان: ئه‌م جۆره‌ سه‌كۆیه‌ تواناى گه‌وره‌ى له‌ بوارى دیده‌وانى ستراتیژیدا هه‌یه‌ بۆ بنكه‌ى سه‌ربازى و سه‌كۆى هه‌ڵدانى موشه‌ك و به‌رگرى ئاسمانى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام و له‌ هه‌موو بارودۆخێكدا.
سه‌كۆ ئاسمانییه‌كان هه‌ڵگرى كامیره‌ى دیده‌وانى و كارۆبینینن و له‌ سیستمى دیده‌وانى ئاسمانیدا به‌كاردێن بۆ دیاریكردنى ئامانج و ئاراسته‌كردنى موشه‌ك و ناردنى راسته‌وخۆى وێنه‌ بۆ بنكه‌ى سه‌ركردایه‌تیكردن و كۆنترۆڵكردن، هه‌روه‌ها ئه‌م جۆره‌ سه‌كۆیانه‌ پشتبه‌ستوون به‌ ئامێرى سێرڤاى گه‌رمى كه‌ بۆ دیاریكردنى ئامانجه‌كان له‌ شه‌و و رۆژدا به‌كاردێن.
هه‌موو ئه‌و پرۆسه‌ دیده‌وانییه‌ ئاسمانیانه‌ كه‌ چه‌ندین جۆر ته‌كنیكى تێدا به‌كاردێت و به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌سه‌ندندان، ئه‌وا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م له‌ بوارى هه‌ڵگرى هێزه‌ ئاسمانییه‌كاندا به‌كاردێن.
سیستمى سه‌ركردایه‌تیكردن و كۆنترۆڵكردن
به‌كارهێنانى ئامێره‌كانى دیده‌وانى ئاسمانى زانیارى زۆر له‌ روى چه‌ندایه‌تى و چۆنایه‌تییه‌وه‌ به‌ده‌ستئه‌هێنێت و ئه‌ینێرێت بۆ ئه‌و ناوه‌ندانه‌ى كه‌ هه‌ڵئه‌ستن به‌ كارى به‌راوردكارى و كۆنترۆڵكردن و په‌یوه‌ندیكردن و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو سودوه‌رگرتن له‌و ئامێره‌ دیده‌وانییه‌ ئاسمانیانه‌ و دواتر دابه‌شكردنى ئه‌و زانیاریانه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ى سود له‌و زانیاریانه‌ وه‌رئه‌گرن بۆروبه‌روبونه‌وه‌ به‌تایبه‌تى له‌كاتى شه‌ردا.
زۆر پێویسته‌ باشترین سیستم و شێواز هه‌ڵبژێردرێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى سیستمێكى باشى سه‌ركردایه‌تیكردن و كۆنترۆڵكردن به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى زانیارى و دانانى له‌ژێر ركێفى سه‌ركردایه‌تى مه‌یدانیدا و له‌ كاتێكى دیاریكراودا، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئیداره‌دانى مه‌یدانى شه‌ركردن و پشتیوانیكردنى پلانه‌ سه‌ربازییه‌كان و گه‌شه‌پێدانى به‌رده‌وامى ئه‌و سیستمه‌ و له‌كاتى پێویستیدا كارئاسانى باش بكات.
ئاماژه‌كارى
یه‌كێكه‌ له‌هه‌واڵگرى ئه‌ركى هه‌واڵگرى ئاسمانییه‌ و هه‌موو هه‌وڵێك ئه‌دات بۆ دیاریكردنى دوژمن و سیخوریكردن له‌ رێگاى زنجیره‌یه‌ك پرۆسه‌ى ئاماژه‌ى دارێژراوه‌وه‌.
ئه‌م پرۆسه‌ سه‌ربازییه‌ بریتییه‌ له‌ خۆشاردنه‌وه‌ى فرۆكه‌ له‌ زه‌وى و ئاسماندا ( ئه‌مه‌ له‌ رێگاى جۆره‌ تایبه‌تییه‌كانى ره‌نگه‌وه‌ ئه‌بێت) و له‌ رێگاى ته‌كنه‌لۆژیاى ژاوه‌ژاوى رادارى و په‌یوه‌ندیكردنه‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌درێت، ئه‌مه‌ سه‌ره‌راى پرۆسه‌ى ژاوه‌ژاو كه‌ ئامێره‌كانى فرۆكه‌وانى پێى هه‌ڵئه‌ستێت بۆ رێگرتن له‌ پرۆسه‌ى دزه‌كردن و فشارخستنه‌سه‌ر سیستمى په‌یوه‌ندیكردن، هه‌روه‌ها ئامێره‌ هه‌واڵگرییه‌ ئاسمانییه‌كان له‌ روى هونه‌رییه‌وه‌ هه‌ڵئه‌ستێت به‌ كارى فێڵكردن و ئاماژه‌كارىبۆ سه‌رجه‌م شوێنه‌ وشكانییه‌كان ئه‌مه‌ش له‌ رێگاى وێنه‌گرتنى ئاسمانى و پێوانه‌كردنى سێبه‌ره‌وه‌ ئه‌بێت.
پوخته‌
چه‌كى ئاسمانى چه‌كێكى ستراتیژییه‌ و پێویسته‌ سه‌رجه‌م پێداویستییه‌كانى ئاماده‌بكرێت تا بتوانرێت به‌باشى كاربكات، ئه‌مه‌ش له‌ رێگاى زانیارى ورد و تازه‌دا ئه‌بێت كه‌ كارى هه‌واڵگرى هێزه‌ ئاسمانییه‌كانه‌.
هه‌واڵگرى ئاسمانى له‌و دامه‌زراوه‌ هه‌واڵگرییه‌ پێشكه‌وتوانه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ته‌كنه‌لۆژیاى ئه‌لكترۆنى و ئامێزى پێشكه‌وتوى ئاڵۆز و سه‌رده‌میانه‌ ئه‌كات، هه‌روه‌ها لقێكى گرنگى بوارى هه‌واڵگرییه‌ و زۆرترین مه‌ترسى له‌سه‌ره‌ بۆ دزه‌كردن به‌هۆى ئه‌و گرنگییه‌ى كه‌ ئه‌م هێزه‌ هه‌یه‌تى، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ى هه‌واڵگری گرنگى به‌م جۆره‌ى هه‌واڵگرى ئاسمانى ئه‌دات.
له‌م بواره‌دا عێراق به‌ گه‌وره‌ترین قوربانى هێزه‌ ئاسمانییه‌كان دائه‌نرێت كاتێك فرۆكه‌وان مونیر رۆفا به‌ خۆى و فرۆكه‌كه‌ى كه‌ له‌ جۆرى میك بوو به‌ره‌و ئیسرائیل هه‌ڵهات، ئه‌مه‌ له‌ سه‌ره‌تاى ساڵانى هه‌شتایه‌كانى سه‌ده‌ى رابردودا كارئاسانى زۆرى كرد بۆ لێدانى دامه‌زراوه‌ نهێنییه‌كانى عێراق و دامه‌زراوه‌ى ته‌موز له‌ لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ساڵانى 1991 تا 2003چرترین هێرشى سه‌ربازى ئاسمانى كرایه‌ سه‌ر عێراق، ئه‌م هێرشانه‌ى ئیسرائیل و ئه‌مریكا عێراقییه‌كانى توشى سه‌رسورمانكرد به‌وه‌ى تا ئه‌و كاته‌ى هێرشه‌ سه‌ربازییه‌كان نه‌یانزانیبوو شوێنى ستراتیژى و هه‌ستیارى له‌و جۆره‌له‌ عێراقدا هه‌ن، عێراق یه‌كه‌م وڵاته‌ كه‌ بۆ ماوه‌ى سیازده‌ ساڵ گه‌مارۆى ئاسمانى له‌سه‌ر دانرا كه‌ روبه‌ره‌كه‌ى به‌قه‌د نیوه‌ى روبه‌رى عێراق بوو، له‌كاتێكدا عێراق له‌ میدیاكانیه‌وه‌ پروپاگه‌نده‌ى ئه‌وه‌ى ئه‌كرد كه‌ فرۆكه‌ى ئاباتشى به‌ كۆنه‌ برنه‌وێك خستۆته‌خواره‌وه‌!!!!

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure