هه‌وڵه‌كانى سعودیه‌ بۆ دروستكردنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر راى گشتى ئه‌مریكا

08/12/2018

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: ساسه‌ پۆست 


به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌ستپێشخه‌رى شه‌فافیه‌تى كاریگه‌ریى بیانى له‌ ناوه‌ندى سیاسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى ئه‌مریكى "بێن فریمان" هه‌وڵه‌كانى سعودیه‌ بۆ دروستكردنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر راى گشتى ئه‌مریكا له‌ڕێگاى گروپه‌كانى فشاره‌وه‌ ده‌خاته‌ڕوو، ئه‌وانه‌ى كار بۆ بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى ئه‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌ت هه‌وڵه‌كانى په‌یوه‌ست به‌ جه‌نگى یه‌مه‌ن. 
فریمان له‌ وتارێكیدا كه‌ له‌ پێگه‌ى "لۆب لۆگ"ـى ئه‌مریكى بڵاویكردۆته‌وه‌، باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌: له‌ مانگى ئایارى 2017دا سعودییه‌كان هه‌ستیان به‌ دڵه‌ڕاوكێیه‌كى به‌رچاو ده‌كرد، به‌وپێیه‌ى بۆ زیاتر له‌ دووساڵ بوو پشتیان به‌ پاڵپشتى سه‌ربازى ئه‌مریكى و بۆمبه‌كانى ئه‌و وڵاته‌ بۆ تێكشكاندنى یاخیبووه‌ حوسییه‌كانى یه‌مه‌ن به‌ستبوو، ئه‌وكاتیش ئه‌نجوومه‌نى پیران تاووتوێى بڕیارێكى هه‌ردوو پارتى كۆمارى و دیموكراته‌كانى سه‌باره‌ت وه‌ستاندنى هاریكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان و راگرتنى پرۆسه‌ى فرۆشتنى بۆمبه‌ ئه‌مریكییه‌كانى به‌ سعودیه‌ ده‌كرد. 
دواجاریش سه‌ربارى به‌ڵگه‌ زۆروزه‌وه‌نده‌كانى په‌یوه‌ست به‌ئامانجگرتنى كه‌سانى مه‌ده‌نى له‌لایه‌ن ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ ئاسمانییانه‌ى ئه‌مریكا پاڵپشتى بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كردن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت كه‌ سعودیه‌ چه‌كی پێویستى بۆ هێشتنه‌وه‌ى هاریكارییه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌به‌رده‌سته‌، كه‌ ئه‌ویش سوپایه‌ك له‌ گروپى فشاره‌. 
له‌و ساڵه‌دا، هێزى سوپاكه‌ له‌ واشنتۆن زیاتر له‌ 20 كۆمپانیاى فشار و په‌یوه‌ندى گشتى له‌خۆگرتبوو، دیارترینیان "مارك لامبكین" هاوبه‌شى كارگێڕى كۆمپانیاى پارێزه‌رى و گروپى فشارى  brownstein hyatt farber schreck بوو، كه‌ كۆمپانیاكه‌ له‌ ساڵى 2017دا نزیكه‌ى نیو ملیۆن دۆلارى له‌ حكومه‌تى سعودیه‌ وه‌رگرتبوو. 

به‌ئامانجگرتنى ئه‌ندامانى كۆنگرێس
تۆمارى "یاساى تۆماركردنى بریكارانى بیانى"یش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ "لامبكین" زیاتر له‌ 20 جار په‌یوه‌ندى به‌ نووسینگه‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پیرانه‌وه‌ كردووه‌ سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌، بۆ نمونه‌ له‌ 16ـى ئایارى 2017 له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسادانان سیناتۆر تیم سكۆت قسه‌ى كردووه‌ و ره‌نگه‌ به‌ڕێكه‌وتیش بووبێت كه‌ "لامبكین" بڕى دوو هه‌زار دۆلارى پێشكه‌ش به‌ لیژنه‌ى كارى سیاسى سه‌ربه‌ ئه‌نجوومه‌نى پیران كردبێت. ئه‌وه‌بوو له‌ 13ـى حوزه‌یران "سكۆت" له‌گه‌ڵ زۆربه‌ى هاوپیشه‌كانى ده‌نگى به‌ رێدان به‌ سعودیه‌ دا تا بۆمبى ئه‌مریكى پێ بفرۆشێت، دواى تێپه‌ڕبوونى ساڵێكیش، ده‌ركه‌وت كه‌ جۆرى ئه‌و بۆمبه‌ى رێگاى پێدراوه‌ به‌ سعودیه‌ بفرۆشرێت، له‌ گورزى ئاسمانى دژ به‌ مه‌ده‌نییه‌كانى یه‌مه‌ن به‌كارهاتووه‌. 
جێگاى سه‌رسامیش نییه‌ كه‌ "لامبكین" به‌هۆى ئه‌و كاره‌ى و هه‌وڵه‌كانى دیكه‌یه‌وه‌ بچێته‌ نێو لیستى باشترین بریكاره‌كانى فشارى گۆڤارى "زه‌ هێڵ"ه‌وه‌ له‌ واشنتۆن. 
به‌پێى نووسه‌ر بێت، كاتێك باس دێته‌ سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ى له‌برى سعودیه‌ كار ده‌كه‌ن چیرۆكى لامبكین چیرۆكێكى دژه‌باو نییه‌، به‌وپێیه‌ى حكومه‌تى سعودى له‌پێناو قایلكردنى ئه‌ندامانى كۆنگرێس و سه‌رۆكى ئه‌مریكا به‌ چاوپۆشیكردن له‌ پێشێلكارییه‌كانى مافى مرۆڤ و پێوه‌بوونى مه‌ده‌نییه‌كانى یه‌مه‌ن گروپى فشارى گه‌وره‌ى خستۆته‌گه‌ڕ. 

كۆنگرێسى ئه‌مریكى – واشنتۆن 
به‌پێى راپۆرتێكى پرۆگرامى ده‌ستپێشخه‌رى شه‌فافیه‌تى كاریگه‌ریى بیانى بێت، ئه‌و بریكاره‌ بیانییانه‌ى له‌به‌رژه‌وه‌ندى سعودیه‌ كار ده‌كه‌ن، ته‌نها له‌ ساڵى 2017دا زیاتر له‌ 2500 جار په‌یوه‌ندییان به‌ نوێنه‌رانى كۆنگرێس و كۆشكى سپى و ده‌زگاكانى راگه‌یاندن و كه‌سایه‌تییه‌ كاریگه‌ره‌كانه‌وه‌ كردووه‌، له‌م پرۆسه‌یه‌شدا توانیویانه‌ نزیكه‌ى 400 هه‌زار دۆلار پێشكه‌شى خه‌زێنه‌ى سیاسى ئه‌ندامانى كۆنگرێس و ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌ران بكه‌ن و هانیان بده‌ن پشتگیرى سعودیه‌ بكه‌ن، به‌جۆرێك كه‌ هه‌ندێك له‌و هاریكارییانه‌ له‌هه‌مان ئه‌و رۆژه‌دا پێشكه‌شكراوه‌ كه‌ داواى پشتیوانیكردن له‌ فرۆشتنى چه‌ك به‌ سعودیه‌ كراوه‌. 
رۆڵى "لامبكین" ته‌نها به‌شێكى بچووكى چیرۆكى فراوان و به‌رده‌وامى پاره‌ى سعودیه‌یه‌ له‌ واشنتۆن،  با هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش بیر له‌ بابه‌ته‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌وه‌ى چیرۆكێكى سه‌رنجڕاكێشه‌ ده‌رباره‌ى سیاسه‌تى پێدانى پاره‌ به‌رامبه‌ر به‌و گه‌مه‌یه‌ى كه‌ بێگومان له‌ هه‌فته‌كانى داهاتوو كارا ده‌بێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ى لۆبى سعودى كار بۆ رێگریكردن له‌ هه‌وڵه‌كانى كۆنگرێسى نوێ بۆ كۆتاییهێنان به‌به‌شداریى ئه‌مریكا له‌ جه‌نگى كاره‌ساتبارى یه‌مه‌ن ده‌كات. 

هێرشه‌كانى یانزه‌ى سێبته‌مبه‌ر 
ره‌گ و ریشه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى لۆبى سعودى له‌ واشنتۆن بۆ دواى هێرشه‌كانى یانزه‌ى سێبته‌مبه‌رى 2001 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، هه‌روه‌ك ده‌شزانین 15 له‌و 19 رفێنه‌ره‌ خۆكوژه‌ى فڕۆكه‌كانیان رفاند هاووڵاتى سعودى بوون، بۆیه‌ جێگاى سه‌رسوڕمان نییه‌ كاردانه‌وه‌ى توند له‌لایه‌ن راى گشتى ئه‌مریكییه‌وه‌ به‌رامبه‌ر سعودیه‌ هه‌بێت. 
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى سعودیه‌ له‌ماوه‌ى ده‌ ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى 100 ملیۆن دۆلارى بۆ باشكردنى وێنه‌ى خۆى و پارێزگاریكردن له‌ قه‌ڵه‌مڕه‌وى خۆى له‌ پایته‌ختى ئه‌مریكا خه‌رجكردووه‌، ئه‌م پرۆسه‌ى فشاركردنه‌ش تاوه‌كو ساڵى 2015 سه‌ركه‌وتوو بوو، ئه‌وكاته‌ى به‌هۆى رێككه‌وتننامه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى ئێرانه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى سعودیه‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ى باراك ئۆباما گرژى تێكه‌وت، كه‌ دۆناڵد تره‌مپ – یش بووه‌ سه‌رۆك، ده‌رفه‌تێكى بێ وێنه‌ هاته‌پێش سعودییه‌كان و هه‌ڵمه‌تێكى به‌هێزیان بۆ راكێشانى سه‌رۆكى هه‌ڵبژێراو و كۆنگرێس ده‌ستپێكرد، كه‌ له‌ دووه‌میاندا كۆمارییه‌كان زۆرینه‌ن. 

هێرشه‌كانى یانزه‌ى سێبته‌مبه‌ر – نیویۆرك 
له‌ئه‌نجامى ئه‌وه‌شدا گه‌شه‌كردنى پرۆسه‌كانى فشار له‌ سعودیه‌ بێ وێنه‌ بوو، ئه‌وه‌بوو له‌ ساڵى 2016دا به‌پێى تۆمارى "یاساى تۆماركردنى بریكارانى بیانى" بێت، سعودییه‌كان كه‌مێك كه‌متر له‌ 10 ملیۆن دۆلاریان له‌ كۆمپانیاكانى فشاردا خه‌رجكرد، هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 2017دا ئه‌و ژماره‌یه‌ تاڕاده‌یه‌ك سێ هێنده‌ بوو و گه‌یشته‌ 27.3 ملیۆن دۆلار. ئه‌مه‌ش ته‌نها ژماره‌یه‌كى بنچینه‌یى پرۆسه‌یه‌كى گه‌وره‌تره‌ له‌پێناو كڕینى قه‌ڵه‌مڕه‌وى له‌ واشنتۆن، به‌وپێیه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌ زۆرانه‌ ناگرێته‌وه‌ كه‌ بۆ نمونه‌ به‌ زانكۆ ده‌سته‌بژێره‌كان یاخود دامه‌زراوه‌كانى فیكر و راى وه‌ك په‌یمانگاى ده‌وڵه‌تانى كه‌نداوى عه‌ره‌بى و په‌یمانگاى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ناوه‌ندى ستراتیژى و توێژینه‌وه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌به‌خشرێت. 
نووسه‌ر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئه‌م هه‌ڵكشانه‌ گه‌وره‌یه‌ى پاره‌ خه‌رجكردن رێگاى بۆ سعودییه‌كان خۆشكرد تاوه‌كو ژماره‌ى گروپه‌كانى فشار زیاد بكه‌ن، ئه‌وانه‌ى به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو به‌رگرى له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى سعودیه‌ لاى كۆمارى و دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن. 
پێش ئه‌وه‌شى دۆناڵد تره‌مپ پۆسته‌كه‌ى وه‌ربگرێت، حكومه‌تى سعودیه‌ گرێبه‌ستێكى له‌گه‌ڵ گروپى "ماكوین" واژووكرد، كه‌ كۆمپانیایه‌كى فشاره‌ و له‌لایه‌ن "هاوه‌رد ماكوین"ـى سه‌رۆكى پێشووى لیژنه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، كۆمپانیاكه‌شى نوێنه‌رایه‌تى كۆمپانیاى "لۆكهید مارتن" ده‌كات كه‌ به‌یه‌كێك له‌ فرۆشیاره‌ دیاره‌كانى كه‌ره‌سته‌ى سه‌ربازى به‌ سعودیه‌ داده‌نرێت. هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ دیموكراته‌كانیشه‌، سعودییه‌كانى به‌به‌هاى 140 هه‌زار دۆلارى مانگانه‌ گرێبه‌ستێكیان له‌گه‌ڵ گروپى بۆدێستا به‌سه‌رۆكایه‌تى "تۆنى بۆدێستا" واژووكرد، كه‌ "جۆن"ـى براى بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ یه‌كێك له‌ سیناتۆره‌ دیموكراتخوازه‌كان و هه‌روه‌ها سه‌رۆكى پێشووى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى "هیلارى كلینتۆن" بوو، دواتریش تۆنى بۆدێستا كۆمپانیاكه‌ى هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌ و بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یكرد كۆمپانیاكه‌ى له‌لایه‌ن راوێژكارى تایبه‌ت "رۆبه‌رت مۆله‌ر"ه‌وه‌ وردبینى بۆ كراوه‌. 
ئه‌م هێزه‌ش هێنده‌ى تر له‌لایه‌ن گروپه‌كانى فشار و نێوه‌ندگیره‌ كاریگه‌ره‌وه‌كانه‌وه‌ بره‌وى پێدرا، له‌نێویشیاندا پێشه‌واى پێشووى زۆرینه‌ى كۆمارییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى پیران "ترێنت لۆت" و سیناتۆرى پێشوو "نۆرم كۆڵمان". له‌ماوه‌ى ساڵى 2017شدا سعودیه‌ 45 گرێبه‌ستى جیاوازى له‌گه‌ڵ كۆمپانیا تۆماركراوه‌كان به‌پێى یاساى تۆماركردنى بریكارانى بیانى و زیاتر له‌ 100 كه‌سایه‌تى تۆماركراو وه‌ك بریكارى بیانى سعودییه‌كان له‌ ئه‌مریكا واژووكرد. 
ئه‌م چالاكییه‌ش په‌رده‌ له‌سه‌ر رێچكه‌یه‌كى روون هه‌ڵه‌ماڵێت: بریكاره‌ بیانییه‌كان به‌رده‌وام له‌پێناو داڕشتنه‌وه‌ى وێنه‌ى سعودیه‌ و ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى و سیاسه‌ته‌كانى و به‌تایبه‌ت جه‌نگى یه‌مه‌ن كارده‌كه‌ن، هاوكات كار بۆ هێشتنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى فرۆشتنى چه‌كى ئه‌مریكى و پاڵپشتى سه‌ربازى ئه‌و وڵاته‌ش له‌ ریاز ده‌كه‌ن. 
وێڕاى ئه‌وه‌شى زۆربه‌ى جار ده‌سته‌واژه‌ى "بریكارى بیانى" وه‌ك هاوواتاى لۆبى به‌كارده‌هێنرێت، به‌ڵام به‌شێك له‌و كاره‌ى نوێنه‌رانى سعودیه‌ پێى هه‌ڵده‌ستن زیاتر شێوه‌ى له‌ چالاكى په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌كان ده‌چێت وه‌ك له‌ په‌یڕه‌وكردنى فشارى راسته‌وخۆ. بۆ نمونه‌: ساڵى 2017 بریكارانى بیانى سعودى زیاتر له‌ 500 جار په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندنه‌وه‌ كردووه‌، له‌نێویشیاندا دامه‌زراوه‌ نیشتمانییه‌كانى وه‌ك رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز و واشنتۆن پۆست و وۆڵ ستریت جۆرناڵ و تۆڕى PBS، كه‌ دواهه‌مینیان چه‌ند فیلمێكى دۆكیومێنتارى له‌سه‌ر سعودیه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌. 
وه‌ك ئاشكرایه‌ وێنه‌ى سعودیه‌ له‌ ئه‌مریكا په‌یوه‌سته‌ به‌و فاكته‌رانه‌وه‌، به‌ڵام پشكى شێرى چالاكییه‌كانیان به‌نده‌ به‌ پرسه‌ ئه‌منییه‌ بایه‌خداره‌كانى ئه‌ندامانى بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تیه‌وه‌ له‌و وڵاته‌، بۆ نمونه‌: له‌ ساڵى 2017دا بریكارانى سعودیه‌ زیاتر له‌ 100 جار په‌یوه‌ندییان به‌و به‌رپرسانه‌ى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاوه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌رپه‌رشتى زۆربه‌ى پرۆسه‌كانى گواستنه‌وه‌ و فرۆشتنى چه‌كى بازرگانى ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێش هه‌موو شتێك، چاویان له‌سه‌ر ئه‌ندامانى كۆنگرێس بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى له‌ ژوورووى لیژنه‌ سه‌ره‌كییه‌كانه‌وه‌ بوون، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له‌ ماوه‌ى نێوان كۆتاییه‌كانى ساڵى 2016 و كۆتاییه‌كانى ساڵى 2017دا گروپه‌كانى فشارى سعودیه‌ زیاتر له‌ 200 جار په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردوون، له‌نێویشیاندا سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى ئه‌نجوومه‌نى پیران. 
ئه‌و ئه‌ندامانه‌شى بریكاره‌كان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كردن گه‌وره‌ترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و سعودیه‌ هه‌بوو، بۆ نمونه‌: زۆرترین په‌یوه‌ندى به‌ نووسینگه‌ى سه‌رۆكى لیژنه‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان سیناتۆر "لیندسى گراهام"ه‌وه‌ كراوه‌، له‌كاتێكدا سیناتۆر "كریس كۆنز"ـى دیموكراتخواز له‌نێو دیموكراته‌كاندا زۆرترین په‌یوه‌ندى پێوه‌كراوه‌. 
لاى خۆیشیه‌وه‌ پرۆگرامى ده‌ستپێشخه‌رى شه‌فافیه‌تى كاریگه‌ریى بیانى شیكردنه‌وه‌ى بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌شداریكردنانه‌ كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى سعودیه‌وه‌ له‌ ساڵى 2017 پێشكه‌شى هه‌ڵمه‌ته‌كانى كردووه‌، سه‌ره‌نجامیش بۆى ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ زیاتر له‌ سێ یه‌كى ئه‌و سیناتۆرانه‌ى په‌یوه‌ندییان پێوه‌كراوه‌ له‌لایه‌ن بریكارێكى بیانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌وه‌ پاره‌یان پێ دراوه‌، به‌جۆرێك كه‌ له‌ ساڵى 2017دا بریكارانى بیانى ئه‌و كۆمپانیایانه‌ى نوێنه‌رایه‌تى سعودیه‌ ده‌كه‌ن 390,496 هه‌زار دۆلاریان به‌ هه‌ڵمه‌تى كه‌سایه‌تییه‌كانى كۆنگرێس به‌خشیوه‌. 
باشترین نمونه‌ش بۆ ئه‌و به‌خشیشه‌، یانزه‌ بۆنه‌ى جیاجیایه‌ كه‌ تیایدا كۆمپانیایه‌ك له‌برى بریكاره‌كانى سعودیه‌ په‌یوه‌ندى به‌ نوێنه‌رێكى كۆنگرێسه‌وه‌ كردووه‌ و هاوكات هه‌ر له‌و رۆژه‌دا كه‌سێكى دیكه‌ى ئه‌و كۆمپانیایه‌ به‌شداریى له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌مان ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پیران یان ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانه‌دا كردووه‌.
هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێك كه‌سیش چه‌له‌حانێى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و جۆره‌ به‌شدارییانه‌ وه‌ك به‌رتیلدان وه‌هایه‌، به‌ڵام دواجار ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌و كاره‌ ته‌واو یاساییه‌، به‌وپێیه‌ى هیچ یاسایه‌ك كارێكى له‌وشێوه‌یه‌ قه‌ده‌غه‌ ناكات، له‌كاتێكیشدا رێگا به‌ بیانییه‌كان و حكومه‌تى وڵاتانى بیانى نادرێت به‌شدارى له‌ هه‌ڵمه‌ته‌ سیاسییه‌كاندا بكه‌ن، به‌ڵام فێڵێك بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ وه‌ك روونه‌ سعودییه‌كان ئه‌و فێڵه‌ به‌كارده‌هێنن، چونكه‌ هه‌ر هێزێكى بیانى بیه‌وێت تیشك بخاته‌ سه‌ر گیرفانى سیاسه‌تمه‌داره‌ ئه‌مریكییه‌كان، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ى له‌سه‌ره‌ ژماره‌یه‌ك گروپى فشارى ناوخۆیى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بخاته‌گه‌ڕ. 

لۆبى سعودى له‌مڕۆدا 
به‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆتاییه‌كانى ساڵى 2018ش، له‌ئێستادا لۆبى سعودى به‌وپه‌ڕى توانایه‌وه‌ كار بۆ شكستهێنان به‌ پلانى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكى ده‌كات، كه‌ نیازى وایه‌ كۆتایى به‌ پاڵپشتى ئه‌مریكا له‌ جه‌نگى سعودیه‌ له‌ یه‌مه‌ن بهێنێت، به‌وپێیه‌ى نووسینگه‌كانى كۆنگرێسیان ته‌نیوه‌ و داواى چاوپۆشیكردن له‌ كوژرانى 10 هه‌زار مه‌ده‌نى كوژراوى یه‌مه‌ن و گه‌ڕانه‌وه‌ى قاعیده‌ بۆ نیمچه‌دوورگه‌ى عه‌ره‌ب و ئه‌و بۆمبه‌ ئه‌مریكییانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ چه‌ندین كوژراوى خستۆته‌وه‌. 
جێگاى باسه‌ ئه‌و گروپانه‌ى فشار پاره‌ى بنه‌ماڵه‌ى پاشایه‌تى سعودى بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ و تیشك خستنه‌سه‌ر كارى خێرخوازى حكومه‌تى سعودى له‌ یه‌مه‌ن به‌كارده‌هێنن، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌شى لێى بێ ئاگان گه‌مارۆى سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ و گورزه‌ ئاسمانییه‌كانى سعودیه‌ و پاڵپشتى و چه‌كى ئه‌مریكایه‌ كه‌ مه‌ده‌نییه‌كان له‌ ئاهه‌نگى هاوسه‌رگیرى و به‌خاكسپاردنى ته‌رم و گه‌شتى خوێندنگاكان ده‌كه‌نه‌ ئامانج. 
له‌كۆتاییدا، ته‌نانه‌ت گه‌ر سعودیه‌ له‌سه‌ر هه‌قیش نه‌بێت، ئه‌وا دۆلار كارى خۆى ده‌كات، له‌ ئه‌یلولى 2001یشه‌وه‌ ئه‌و راستییه‌ سه‌لمێنراوه‌ كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو واشنتۆن قایل ده‌كات، به‌وپێیه‌ى پاره‌یه‌كى زۆرى سعودى به‌سه‌ر به‌ڵێنده‌ره‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مریكییه‌كان (ئه‌وانه‌ى له‌پاى فرۆشتنى چه‌ك به‌و وڵاته‌ ملیاره‌ها دۆلار ده‌چننه‌وه‌) و هه‌روه‌ها كۆمپانیاكانى فشار و له‌ڕێگاى ئه‌و كۆمپانیایانه‌شه‌وه‌ راسته‌وخۆ به‌سه‌ر خه‌زێنه‌ى كۆنگرێسدا هه‌ڵده‌قوڵێت. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure