::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینى: ساشا فیشه‌ر
سه‌رچاوه: پرۆجێكت سێندیكه‌یت
بۆ ماوه‌ى زیاتر له ده ساڵ، هێنده‌ى هه‌ڵبژاردنمان بینى، هێنده دیموكراسیمان نه‌بینى. به‌پێى "بلومبێرگ"یش بێت، هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام له‌سه‌رانسه‌ر جیهاندا دووباره ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دامه‌زراوه‌ى "فریده‌م هاوس" پێى وایه له‌ماوه‌ى سیانزه ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى 110 ده‌وڵه‌ت پاشه‌كشه‌ى مافى سیاسى و مه‌ده‌نییان به‌خۆیانه‌وه بینیوه.
له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ى دۆخى دیموكراسیدا، هه‌ستكردنمان به‌رامبه‌ر به كۆمه‌ڵگاش پاشه‌كشه ده‌كات، ئه‌وه‌ش له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به‌ڕوونى له‌و په‌تاى ته‌نیاییه‌ى كه سه‌ریهه‌ڵداوه و له‌و ونبوونى دامه‌زراوه مه‌ده‌نییانه‌ى وه‌ك كڵێساكاندا ده‌رده‌كه‌وێت كه هه‌موو رۆژێك هه‌شتیان داده‌خرێن. هه‌رچه‌نده ئه‌وه‌ش ئاڕاسته‌یه‌كى جیهانییه، به‌ڵام ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا به‌رجه‌سته‌ى به‌رزترین ئاسته‌كانى ئه‌و ئاڕاسته‌یه ده‌كات.
ئه‌وه‌ش به‌ڕێكه‌وت نه‌هاتۆته گۆڕێ، بگره هه‌روه‌ك چۆن "ئه‌لێكسس دى تۆكڤێڵ" له سییه‌كانى سه‌ده‌ى نۆزده‌دا ئاماژه‌ى پێده‌دات، دیدگاى دامه‌زرێنه‌رانى ئه‌مریكا بۆ ئه‌و وڵاته به‌ته‌نها پشتى به به‌ها هاوبه‌شه‌كان نه‌به‌ستووه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تیش كراوه‌ته بنه‌ما. له‌وكاته‌شه‌وه ئه‌و دیدگایه ره‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كانى ئه‌مریكا هه‌یه و بره‌و به كۆمه‌ڵگایه‌كى تاكگه‌رایى له‌ڕاده‌به‌ده‌ر ده‌دات.
پێش چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر كاتێك ده‌ستپێشخه‌رى "سپارك مایكرۆگرانتس"م له خۆرهه‌ڵاتى ئه‌فریقا راگه‌یاند، كۆمه‌ڵێك خوێندكارى زانكۆى (MIT)ـى ئه‌مریكیم به‌رچاو كه‌وت له‌گه‌ڵ نزیكه‌ى په‌نجا گوندنشینى یه‌كێك له گونده‌كانى رواندادا كۆببوونه‌وه، گوندنشینه‌كان هیواخواز بوون حكومه‌تى رواندا قایل بكه‌ن به‌وه‌ى به‌شدارى له پڕۆژه‌ى راكێشانى هێڵى كاره‌با بۆ گونده‌كه‌یان بكات (له‌واقیعیشدا حكومه‌تى رواندا دواجار ئه‌و كاره‌ى كرد) له‌و سه‌روبه‌نده‌دا یه‌كێك له خوێندكاره‌كان پرسیارى له گوندنشینێك كرد ئاخۆ بۆچى حكومه‌ت به‌شدارى بكات و بۆچى به‌شداربووانى كۆبوونه‌وه‌كه تێچووى ئه‌و پڕۆژه‌یه نه‌گرنه ئه‌ستۆ؟
له‌ڕاستیدا ئه‌و خوێندكاره ئه‌مریكییه ئاماژه‌ى بۆ ئایدیایه‌كى ئه‌مریكى نمونه‌یى په‌یوه‌ست به گۆڕینى موڵكدارى له كه‌رتى گشتییه‌وه بۆ كه‌رتى تایبه‌ت و تواناى به‌ده‌ستهێنانى شمه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى هێزى كڕینى تاك ده‌كرد، به‌ڵام ره‌نگه ئایدیایه‌كى له‌وجۆره زیان به كارى هه‌ره‌وه‌زى و مه‌ده‌نى بگه‌یه‌نێت و بگره متمانه‌ى سیاسییش لاواز بكات، به‌پێى ناوه‌ندى توێژینه‌وه‌ى "Pew"ش بێت، رێژه‌ى ئه‌و ئه‌مریكییانه‌ى متمانه‌یان به حكومه‌ت هه‌یه له‌نێوان ساڵانى 1958 و 2017دا به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو دابه‌زیوه و گه‌یشتۆته 55%، له‌ئێستاشدا ئه‌و رێژه‌یه له 20% كه‌متره. جێگاى سه‌رسامیش نییه كه له‌و ماوه‌یه‌دا رێژه‌ى به‌شداریكردنیش دابه‌زیوه، به‌وپێیه‌ى رێژه‌ى به‌شداریكردن له رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كاندا بۆ نیوه دابه‌زیوه.
زیادبوونى بێ متمانه‌ییش له دامه‌زراوه باڵاده‌سته‌كاندا بۆته هۆى زیادبوونى جووڵانه‌وه پۆپۆلیستییه‌كان له‌سه‌رانسه‌رى جیهاندا، به‌وپێیه‌ى هاووڵاتیان داواى ئاسایشى ئابوورى تاك ده‌كه‌ن و ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ عه‌قڵیه‌تى كه‌نارگیرى. ئه‌وه‌تا له هه‌ڵبژاردنه سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى ساڵى 2016ـى ئه‌مریكادا، بێرنى سانده‌رز و دۆناڵد تره‌مپ سه‌رنجى ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌یان بۆ خۆیان راكێشا كه به‌رامبه‌ر سیستمى ئه‌وكات دووچارى نائومێدى بووبوون، جیا له‌وه نه‌وه‌ى دووه‌م و سێیه‌مى كۆچبه‌رانیش له كۆچبه‌رانى نوێ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه. هاوكات هه‌ر له ئه‌ڵمانیاوه تا ده‌گاته به‌رازیل – یش، ده‌نگده‌ران به لێشاو ده‌چوونه‌پاڵ پارته راستڕه‌وه‌كان، نه‌ك له خۆشه‌ویستى كاندیده‌كان، به‌ڵكو له‌ترسى ئه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و پێگه‌ى خۆیان له‌ده‌ست بده‌ن.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمه ده‌زانین كه توێژینه‌وه و ئه‌زموونه زۆر و زه‌وه‌نده‌كانى مرۆڤ ده‌ریانخستووه "به‌شداریكردنى به‌كارهێنه‌ر" سوودى خۆى هه‌یه، بۆ نمونه: به‌پێى هه‌ڵسه‌نگاندنێكى ئۆگه‌ندا بێت، تا رێژه‌ى به‌شداریكردنى هاووڵاتیان له داڕشتنى پرۆگرامى ته‌ندروستیدا زیاتر بێت، تێگه‌یشتنى په‌یوه‌ست به سیستمى چاودێرى ته‌ندروستییش زیاتر ده‌بێت. هه‌روه‌ها له ئه‌ندۆنیسیاش به‌شداریكردنى راسته‌وخۆى هاووڵاتیان له پرۆسه‌ى بڕیاردانى حكومیدا بووه هۆى نیشاندانى ره‌زامه‌ندى زیاتر به‌رامبه‌ر خزمه‌تگوزارییه حكومییه‌كان.
خوڵقاندنى بوارى زیاتر بۆ به‌شداریكردن له ژیانى مه‌ده‌نى و سیاسى به ماناى خوڵقاندنى متمانه‌ى زیاتر به دامه‌زراوه‌كانمان و رێگریكردن له په‌لهاویشتنى په‌ڕگیرى دێت، به‌ڵام ئه‌و به‌شدارییه پچڕ پچڕ و ناڕێكخراوه و زۆربه‌ى جار په‌یوه‌سته به‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ى مۆركێكى سیاسی‌یان هه‌یه یان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى هه‌ڵمه‌تێكى سیاسیین، وه‌ك هه‌ڵمه‌تى سه‌رۆكایه‌تى ساڵى 2008ـى باراك ئۆباما یاخود جووڵانه‌وه‌ى پارتى چا كه بۆ دژایه‌تیكردنى دروستبوو. له‌ڕاستیدا زۆربه‌ى جار تاوانه‌كانى ته‌قه‌كردنى به‌كۆمه‌ڵ زیادبوونى ناڕه‌زایه‌تییه‌كانى په‌یوه‌ست به یاساكانى رێگریكردن له بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌ك به‌دواى خۆیاندا ده‌هێنن، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌كى كورت رێكخراوى "NRA" له‌پێناو هاندانى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به ئاڕاسته‌یه‌كى دیكه‌دا پێشێلكارییه‌كانى حكومه‌ت ده‌قۆزێته‌وه. خۆى له‌خۆیدا گه‌یشتن به به‌شدارییه‌كى راسته‌قینه‌ش له‌برى كاردانه‌وه له‌دژى ئه‌و پرسانه‌ى سیاسه‌تمه‌داران ده‌یخه‌نه‌ڕوو پێویستى به دامه‌زراوه‌ى نوێ هه‌یه تاوه‌كو به‌سه‌ر ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌دا زاڵ ببێت كه رێگرى له به‌شداریكردنى مه‌ده‌نیى رێكخراو و كارا و گۆڕانكارییه‌كانى ده‌ستى كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن.
له‌كاتێكیشدا جیهانى خۆرئاوایى به‌ده‌ست تاكگه‌رایى له‌ڕاده‌به‌ده‌ره‌وه ده‌ناڵێنێت، زۆربه‌ى داهێنانه دیاره‌كانى بوارى ئابوورى و حوكمڕانى له باشوورى جیهاندا رووده‌ده‌ن، بۆ نمونه له رواندا حكومه‌ت په‌یڕه‌وى سیاسه‌تى هاندانى چاره‌سه‌رى جه‌ماوه‌ریى ده‌كات تاوه‌كو بره‌و به گیانى هاووڵاتیبوون لاى كۆمه‌ڵگا و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هاوبه‌ش بدات. هاوكات له‌ڕێگاى كۆبوونه‌وه‌ى مانگانه‌ى خزمه‌تگوزارى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه تاكه‌كان و خێزانه‌كان پێكه‌وه كار بۆ دروستكردنى خانوو بۆ كه‌مده‌رامه‌تان و چاككردنى رێگاوبانه‌كان و كۆكردنه‌وه‌ى پاره له‌پێناو وه‌به‌رهێنان له كه‌لوپه‌ل و رێگاى كشتوكاڵیى باشتردا ده‌كه‌ن.
بیهێنه پێش چاوى خۆت گه‌ر هه‌موو مانگێك 300 ملیۆن ئه‌مریكى بۆ هه‌مان مه‌به‌ست كۆببنه‌وه، ده‌بینیت له‌پڕ ملیاره‌ها سه‌عاتى زیاده بۆ وه‌به‌رهێنان له كارلێكى نێوان دراوسێكان و كارى په‌یوه‌ست به هاووڵاتیبوون فه‌راهه‌م ده‌بێت.
ئه‌وه یه‌كێك له كاریگه‌رییه سه‌ره‌كییه‌كانى رێكخراوه‌كانى پاره كۆكردنه‌وه و پێدانى قه‌رزه له گونده‌كانى كۆنگۆى دیموكراتدا، به‌وپێیه‌ى له‌ڕێگایانه‌وه ئه‌ندامه‌كان ده‌توانن به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌ى بچووك و خۆئاماده‌كردن بۆ رۆژانى ته‌نگانه قه‌رز وه‌ربگرن. ئه‌مه مۆدێلێكى سه‌ركه‌وتووى كاركردنه چونكه له‌سه‌ر بنه‌ماى پشت به‌ستنى دراوسێ به دراوسێ بونیادنراوه. به‌هه‌مان شێوه، هه‌ر له هایتى و لیبریاوه تا ده‌گاته بۆرۆندى و ئه‌وانى دیكه، سیستمى ته‌ندروستى كۆمه‌ڵایه‌تى كارایى خۆى سه‌لماندووه، له‌به‌رئه‌وه‌ى كارمه‌ندانى ته‌ندروستى ئاگادارى پێداویستى دراوسێكانیان، هه‌ربۆیه كارمه‌ندانى ته‌ندروستى له كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كاندا سه‌ردانى ماڵ به ماڵ ده‌كه‌ن تاوه‌كو پكشنین بۆ ژنه دووگیانه‌كان بكه‌ن و چاودێرییان بكه‌ن. كه‌واته هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌و چاره‌سه‌رانه له‌برى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى كلاسیكى له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه، له‌ڕێگاى به‌شداریكردنى هاوبه‌شه‌وه بره‌و به به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌دات.
گه‌ر باوه‌ڕمان به‌و پره‌نسیپه دیموكراسییه هه‌بێت كه پێویسته حكومه‌ته‌كان له‌به‌رده‌م هاووڵاتیاندا به‌رپرسیار بن، ئه‌وا ده‌بێت سیستمێكى وه‌ها بونیادبنێین كه وامان لێبكات به‌رامبه‌ر یه‌كدى به‌رپرس بین و باز به‌سه‌ر ده‌نگدان و ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕیندا هه‌ڵبده‌ین، هه‌روه‌ها ده‌بێت سه‌رده‌مێكى نوێ له دیموكراسى ده‌ستپێبكه‌ین كه بزوێنه‌ره‌كه‌ى كۆمه‌ڵگا بێت و ده‌سه‌ڵات ناوه‌ندى نه‌بێت و له‌ده‌ستى خێزان و كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كاندا بێت.
كاتێكیش ئه‌و دیموكراسیه‌ته به‌دى دێنین كه بزوێنه‌ره‌كه‌ى كۆمه‌ڵگا ناوخۆییه‌كان بێت، ئه‌وا نه‌ك به‌ته‌نها له بۆنه تایبه‌ته‌كاندا، به‌ڵكو به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام به‌شدارى له‌گه‌ڵ یه‌كدى و له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌كانماندا ده‌كه‌ین، به‌وپێیه‌ى دیموكراسیه‌ت و ئازادیمان پشت به‌خۆمان ده‌به‌ستێت.