ڕۆڵ و پێگەی ئیسرائیل لە گرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا

02/02/2020

:: بێ نوسەر


ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: سەید عەلی نەجات
وەڕگێڕانی: ئەژی ئازاد ئەبوبەكر
سەرچاوە: ئەنیستیتۆی لێكوڵینەوە ستراتیژییەكان

 
پێشەكی
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا و لە دوای گرژی نانەوەی دسەڵاتدارانی ئەمەریكا لەگەڵ ئێراندا لەسەر ڕێككەوتننامەی ناوەكی و هەڕەشەی ئەنجامدانی هەنگاوی سەربازی، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دۆخێكی پڕ لە پشێویی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە. ئەگەرچی زۆرێك لە كارەكتەرەكانی ناوچەكە لەسەر ئەم گرژییەی نێوان ئێران و ئەمەریكا، هەڵوێستێكی دیاریكراویان دەربڕیوە، بەڵام لێكدانەوەی سیاسەتەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە ناكۆكییەكانی نێوان تاران و واشنتۆن جۆرێك لە پارادۆكسی پێوە دیارە. لە كاتێكدا بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵ دەدات وا خۆی پێشان بدات كە لە ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمەریكا بێ لایەنە، بەڵام دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل بە پێدانی ڕاپۆرتی هەڵە و ناواقیعی بە ئەمەریكا سەبارەت بە ئێران، لە هەوڵدایە سیناریۆی هێرشی ئەمەریكا بۆ عیڕاق دووبارە بكاتەوە. لەم نووسینەدا هەوڵدراوە كە هەڵوێست و سیاسەتەكانی ئیسرائیل بەرامبەر بە ئاڵۆزییەكانی  ئەم دواییەی ئێران و ئەمەریكا بخرێتە بەر لێكوڵێنەوە. لەم ڕووەوە لە دوای هەڵسەنگاندنی ڕۆڵی موساد لە زیادكردنی ناكۆكییەكانی ئێران و ئەمەریكا و هۆكارەكانی گرتنەبەری دیپلۆماسی بێدەنگی لە لایەن ناتانیاهۆ، بۆچوونی دەستەبژێرەكانی ئیسرائیل سەبارەت بە دەرهاویشتەكانی ڕوودانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا بۆ سەر تەلئەبیب دەخرێتەڕوو.

1.موساد؛ هەوڵدان بۆ پیادەسازی سیناریۆی عێراق
یەكێك لە گرنگترین هۆكارەكانی شەڕی ئەمەریكا دژ بە عێراق، بیانووی بوونی چەكی كۆمەڵكوژ بوو لای رژێمی عێراق، كە لە سەر بنەمای زانیارییە هەڵەكانی دەزگای هەوڵگری ئەنجامدرا. دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو كە سەدام حسێن خەریكی دروستكردنی وزەخانەی ناوەكییە، كە دەتوانێت تاوەكو 5 بۆ 7 ساڵی تر چەكی ناوەكی بەرهەم بهێنێت. بنیامین ناتانیاهۆ لە ڕۆژەكانی نزیك لە شەڕەكە لە یەكێك لە لیژنەكانی كۆنگرەی ئەمەریكا ئامادە بوو، بانگەشەی ئەوەی كرد كە سەدام حسێن لە هەوڵی پەرەپێدانی چەكی ناوەكییە، هەروەها ڕایگەیاندبوو كە ڕووخانی سەدام دەتوانێت ببێتە هۆی جێگیربوونی زیاتر لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام هەموو ئەم پێشبینیانەی ناتانیاهۆ هەڵە دەرچوون؛ چونكە هیچ بەڵگە و ئاماژەیەك سەبارەت بە هەوڵەكانی سەدام بۆ بەرهەمهێنانی چەكە ناوەكییەكان لە ئارادا نەبوو.
دەزگا ئەمنییەكانی ئیسرائیل لە ئیستادا سەرقالی ئامادەكردنی پرۆژە و سیناریۆیەكن هاوشێوەی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر عێراق. هەر بۆیە بەرپرسە باڵاكانی هەواڵگریی ئیسرائیل وەك ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئیسرائیل و موساد لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار سەردانی واشنتۆنیان كردووە و زانیاریی گرنگیان بە بەرپرسانی سەربازی و ئەمنی ئەمەریكا داوە. یەكێك لەم زانیاریانە، وردەكاری بەرنامەی موشەكی ئێرانە. 
هەروەها موساد زانیاری هەڵە و راپۆرتی ساختەی داوە بە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا سەبارەت بە چالاكییەكانی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەكانی دژ بە ئەمەریكا، بە تایبەتی لە عێراق، سوریا و لوبنان، هەروەها زانیاری هەڵەی بە جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری پێشووی دۆناڵد ترەمپ بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانی سەبارەت بە ژێرخانەكانی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران دابوو. هەر بە ئاڕاستەی زیادكردنی گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتانی ئەنجومەنی هاوكاری كەنداو لە لایەك و ئێران و ئەمەریكا لە لایەكی ترەوە، كه‌ناڵی 13ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بە هەمان شێوە ڕاپۆرتێكی ساختەی پەخش كرد، كە ئێران دەیەوێت دامەزراوە نەوتییەكانی عەرەبستانی سعودی - لە تۆڵەی درێژنەكردنەوەی بەخشینی هەشت وڵات لە سزاكانی ئەمەریكا بۆ كڕینی نەوت لە ئێران لە لایەن ترەمپەوە- كردووەتە ئامانج. 
لە ئیستاد ئاماژەكان بۆ هەوڵەكانی بەرپرسانی ئسرائیل بۆ زیادكردنی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئەمەریكا ئاشكرایە. سەبارەت بە هەوڵەكانی ناتنیاهۆ بۆ ڕاكێشانی ترەمپ بۆ شەڕ دژ بە ئێران، محەمەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆكس نیوز جەختی كردەوە، کە "گرووپی B كە لە بنیامین ناتانیاهۆ ناسراو بە بی بی، بۆڵتن، بن سەڵمان و بن زاید پێكهاتووە، هەوڵدەدەن ئەمەریكا بۆ شەڕی ئێرن ڕابكێشن". 

2. ناتانیاهۆ؛ گرتنەبەری سیاسەتی بێدەنگی
بنیامین ناتانیاهۆ سەبارەت بە قەیرانی ئیستای نێوان ئێران و ئەمەریكا بە فەرمی بێدەنگی هەڵبژاردووە. ئەو بە هۆی ئەزموونی بێ ئاكامی هاندانی ئەمەریكا بۆ هێرشكردنە سەر عێراق، هەوڵ دەدات بە شێوازێكی جیاواز سەبارەت بە ئەگەری شەڕ قسە بكات بۆ ئەوەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وا لێكی نەداتەوە كە ئەمەریكای بۆ هەنگاوی سەربازی دژ بە ئێران هانداوە. ناتانیاهۆ چەند مانگ لەمەوپێش فەرمانی بە وەزیرانی كابینەكەی و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل كرد، كە خۆیان لە دەڕبڕینی هەڵوێستی ئاشكرا سەبارەت بە ناكۆكی تاران-واشنتۆن بە دوور بگرن. ئەمە لە كاتێكدایە كە پەیوەندییە سەربازی، سیاسی و هەواڵگرییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمەریكا لە چوارچێوەیەكی فراواندا بەردەوامە. لەمبارەیەوە بەرپرسێكی باڵای ئیسرائیل دەڵێت "ئاشكرایە كە ناتانیاهۆ پاڵپشتی بیرۆكەی بۆڵتن-ە بۆ هەنگاوی سەربازی دژ بە ئێران، بەڵام ناتوانێت بە ڕوونی ئەمە ڕابگەیەنێت؛ چونكە ئەو بە هۆی ڕۆڵی لە هەڵگیرساندنی شەڕی عێراق، ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بووەوە".
لە ئیستادا دیپلۆماسیی بێدەنگیی تەلئەبیب هاوشێوەی سیاسەتەكانی ئەم ڕژێمەیە سەبارەت بە سەرەتاكانی قەیرانی سوریا. لەو كاتەدا ئیسرائیل سەرەڕای پێشوازی لە توندبوونی پێكدادان و قەیرانی لە سوریا دەكرد، بەڵام لە مانگە سەرەتاییەكانی قەیرانەكە بە هۆی ترس لە دووبەرەكی میحوەری عەرەبی كە دژ بە ڕژێمی سوریا هاتبووە كایەوە، خۆی لە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ دەپاراست و بەرپرسانی ئیسرائیلی لە ڕاگەیاندنەكاندا دەیانوت، كە لە قەیرانی سوریادا بێ لایەنن. بۆیە لە ئیستادا ئیسرائیل هەوڵی ئەوە دەدات كە حەزی خۆی بۆ توندبوونی ململانێ و هەڵگیرساندنی شەڕ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا ڕانەگەیەنێت، چونكە لە دەرهاویشتە نەرێنییەكەی دەترسێت. بە شێوەیەكی گشتی ئیسرائیل لە بەر چوار هۆكار دیپلۆماسی بێدەنگی هەڵبژاردووە:
یەكەم، ڕەچاوكردنی ئایندەی پەیوەندییەكانی تەلئەبیب و واشنتۆنە. ئەمەریكییەكان لە بنەڕەتدا لە شەڕ بێزارن؛ لەم ڕووەوە دۆناڵد ترەمپ هەوڵ دەدات كە دەستێوەردانی جەنگیی ئەمەریكا لە جیهان سنوردار بكات. بەڵام ئەگەر شەڕێكی نەخوازراو لە كەنداو ڕووبدات، ئەو ئەگەرە لە ئارادایە كە دوای كوژرانی یەكەم سەربازی ئەمەریكی، پەنجەی تۆمەت بۆ ئیسرائیل درێژ بكرێت و بە هۆكاری ڕاكێشانی ترەمپ بۆ شەڕ تۆمەتبار بكرێت. خەمی شالو، ڕاڤەکاری هائارتز(Haartez)، لە بابەتێكدا دەڵێت "ئەگەر ئەمەریكا بۆ شەڕی ئێران بڕوات، ناتانیاهۆ وەك یەكەمین تاوانبار دەناسێنرێت". شالو پێیوایە لە گرژییەكانی ئەمەریكا و ئێران -كە ناتانیاهۆ هاندەری واشنتۆنە لە سەپاندنی سزا قورسەكانی سەر ئێران-، لە ئەگەری گۆڕانی ئەم قەیرانە بۆ شەڕێكی سەربازی، "بە كوژرانی یەكەم سەربازی ئەمریكی، دیموكراتەكان پەنجەی تۆمەت به ئاڕاستەی ناتانیاهۆ ڕادەكێشن". 
هۆكاری دووەم بۆ ترسی ناتانیاهۆ لە شكستی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی سەرۆك كۆماریی ئەمەریكا دەگەڕایەوە. لەو كاتەوەی كە ترەمپ هاتووەتە سەر دەسەڵات، بارودۆخ بە قازانجی ناتانیاهۆ گۆڕاوە؛ ترەمپ لە سێ ساڵی رابردوودا بە چوونە دەرەوە لە ڕێككەوتننامەی ناوەكی و گەڕانەوەی یەكلایەنەی سزاكان بۆ سەر ئێران، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمەریكا بۆ قودس، بەدواداچوونی بۆ "مامەڵەی سەدە" و هەوڵدان بۆ خێراكردنی ڕێڕەوی ئاسایی كردنەوەی پەیوەندییەكانی وڵاتانی عەرەبی لەگەل تەلئەبیب و بە فەرمی ناساندنی دەسەڵاتی ئیسرائیل بە سەر بەرزاییەكانی جۆلان، خزمەتی گەورەی بە ناتانیاهۆ كردووە. لە بەرامبەردا ناتانیاهۆ ڕۆڵێكی گەورەی لە هاندانی ترەمپ بۆ چوونەوە دەرەوە لە ڕێككەوتننامەی وزەی ناوەكی هەبووە و هاندەرێکی سەرەكی گەڕانەوەی سزاكانی سەر ئێران بوو. لە ڕاستیشدا، ترەمپ كەسایەتیی دڵخوازی ناتانیاهۆ و ئیسرائیلە و هەر لەبەر ئەم هۆكارە تەلئەبیت پشتیوانی لە دووبارەبوونەوەی سەرۆك كۆماری ترەمپ دەكات. هەربۆیە ناتانیاهۆ نایەوێت كە بە فشاری ئاشكرا بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەكانەوە، چانسی ترەمپ لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو كەم بكاتەوە.  
هۆكاری سێیەم بۆ ترسی ئیسرائیل لە هاوكاری نەكردنی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئەمەریكا لە ئەگەری چوونە ناوەوەی ئیسرائیل بۆ شەڕی ئێران دەگەڕێتەوە. ڕۆژنامەی ئیندیپندنت لەمبارەیەوە نووسیویەتی "ئەمەریكا ترسی ئەوەی هەیە كە ئەگەر بچێتە ناو شەڕی سەربازی لەگەڵ ئێراندا، هەرجۆرە دەستێوەردانێكی ئیسرائیل لەم شەڕە و پشتیوانی كردنی لە ئەمەریكا، بە زیانی ئەمەریكا بشكێتەوە و لەوانەیە خەڵكی وڵاتانی عەرەبی دژ بە ئەمەریكا توڕە بكات و گیانی سەربازانی ئەمەریكایی لە ناوچەكەدا بخاتە مەترسییەوە".
هۆكاری چوارەم بۆ ترسی ناتانیاهۆ لە تۆڵەسەندنەوە و پێكهاتنی بەرەیەكی سێ لایەنە: باكوور (حزبوڵای لوبنان)، ڕۆژهەڵات (سوریا) و ڕۆژئاوا( جیهادی ئیسلامی و حەماس لە غەززە) لە دژی ئیسرائیل دەگەڕێتەوە. لە ڕاستیدا ناتانیاهۆ نیگەرانە كە قسەیەك بكات و ئەمەریكا شەڕەكە دەستپێبكات و حزبوڵای لوبنان و حەماس و جیهادی ئیسلامی بۆ توڵەسەندنەوە، ئیسرائیل بكەنە ئامانجامی هێرشەكانیان. هەر سەبارەت بەم ئەگەرە یەعقوب عەمیدرور، سەرۆكی پێشووی ئاسایشیی ئیسرائیل بە ئاماژەدان بەوەی كە لە ئیستادا حزبوڵا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەلئەبیب، دەڵێت "ئەگەر شەڕێك لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ڕووبدات، ئێمە ڕووبەڕووی 130 هەزار ڕۆكێت و موشەكی حزبوڵا دەبینەوە. ئەمە دەبێتە هۆی شەڕێكی وێرانكەر، ئیسرائیل دەكەوێتە سەر هێڵی ڕاستەوخۆی ئاگرەكە و بەرپرسیارێتی ئەمنییەتی ئەم شەڕە ڕاستەوخۆ دەكەوێتە سەرشانی ئێمە". 
لەم ڕووەوە ئیسرائیل هەوڵیداوە كە لە ئاستی ڕاگەیاندندا وا پیشان بدات كە بە دوای پەرەسەندنی گرژییەكانی ئێران و ئەمەریكا نییە و لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، سیاسەتی بێ لایەنی دەگرێتەبەر. هەر لەمبارەیە رۆژنامەی ئیندیپندنتی چاپی لەندەن نووسیویەتی "لیژنەیەكی هەواڵگری ئیسرائیل لە واشنتۆن بەڵێنی داوە كە ئەگەر شەڕێك لە ناوچەی كەنداو ڕووبدات، ئیسرائیل بەشداری ناكات".

3. تەلئەبیب، ترس لە ئەگەری شەڕ
دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەی فشار دەخاتە سەر ئەمەریكا بۆ شەڕ دژ بە ئێران، لە هەمان كاتدا لە ئاسەوارەكانی شەڕێكی وا دەترسێت، چونكە زۆرێك لە ئیسرائیلییەكان لە دەرهاویشتە و مەترسییەكانی ئەم هەنگاوەی ئەمەریكا بۆ سەر ئیسرائیل دەترسن، كە بەشێكیان ستراتیژین. نیگەرانی بەرپرسانی ئیسرائیلی ئەوەیە كە وەها شەڕێك دەتوانێت ئیسرائیل بخاتەوە ناو گۆمێكی پێكدادانی وێرانكەرەوە بەرامبەر بە بەرەی خۆڕاگری (محور مقاومت)(1). شارەزا ئیسرائیلییەکان لە ماوەكانی رابردوودا  بەردەوام نیگەرانی خۆیان لە پەلكێشانی ئاگری شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەربڕیوە و ئەگەری زۆریان داناوە كە حزبوڵای لوبنان، جیهادی ئیسلامی و حەماس بچنە ناو شەڕێكی موشەكی دژ بە ئیسرائیل و پێگە هەستیار و دامەزراوە سەرەكییەكانی ئەم وڵاتە بكەنە ئامانج.
سەبارەت بەم مەترسییە، ئاموس هارل یاداشتێكی لە رۆژنامەی هائارتز بڵاوكردووەتەوە بە ناونیشانی: "ئێران و ئەمەریكا لە ڕەوگەی شەڕدان؛ بەڵام لەوانەیە ئیسرائیلیش بكەوێتە ناو شەڕەكە"، دەنووسێت "لە ئیستادا ئیسرائیل لە كێشمەكێشی ئێران و ئەمەریكا لە هێڵی پێشەوەی ئەم بەرەیە نییە، بەڵام ئەگەر شەڕێك ڕووبدات كە پێدچێت ئەگەرێكی دوور بێت، لەو كاتەدا دەرئەنجامی ناڕاستەوخۆی مەترسیداری بۆ سەر ئیسرائیل دەبێت". ئەلێكس فیشمەن ڕاڤەكاری ئیسرائیلی لە رۆژنامەی بەدیعوت ئەحارانوت نووسیویەتی "ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمەریكا و ئێران یەخەی ئیسرائیل دەگرێت، چ لە كاردانەوەی لایەنگرانی ئێران بۆ هاویشتنی موشەك لە عێراق، یان سوریا، چ بە پەلامارەكانی تر دژ بە ئیسرائیل". 
هەربۆیە بەشێك لە شارەزایانی ئیسرائیلی هۆشداریان داوە كە پێویستە ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك بە تەواوەتی خۆی ئامادە بكات. مرادخای كیدار، پرۆفیسۆری ئیسرائیلی و شارەزا لە پرسەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیوایە "ئەوانەی كە پێیانوایە لە ئەگەری ڕوودانی شەڕ، ئیسرائیل ناكەوێتە بەر ئامانجی هێرشی موشەكی، زۆر هەڵەن". كیدار بۆچوونی وایە "نەك تەنیا لە باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، ئیسرائیل موشەك باران دەكرێت، بەڵكو خودی ئێرانیش هەوڵ دەدات هێرشی موشەكی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجام بدات". جەنەڕال یوسی وپر واسر كە لە  ڕابردوودا سەرۆكی بەشی كۆكردنەوەی زانیاری لە سوپای ئیسرائیل بووە، ڕای وایە "ئێران لەوانەیە لە كورتترین ماوەدا، نەك تەنیا هێرش بكاتە سەر پێگەكانی ئەمەریكا، بەڵكو ئیسرائیلیش بكاتە ئامانجی هێرشەكانی".
وڤال شتاینیتز، وەزیری وزەی ئیسرائیل  لە  12/5/2019، لە پەرەسەندنی ناكۆكییەكانی تاران و واشنتۆن و لە ئەنجامدا زیادبوونی ئەگەری هێرشی سەربازی ئێران و گرووپەكانی هاوپەیمانی بۆ سەر ئیسرائیل، نیگەرانی خۆی دەربڕی. شتاینیتز بە ڕۆژنامەی هائارتزی ڕاگەیاندووە "ئەگەر لە نێوان ئێران و ئەمەریكا شەڕ ڕوو بدات، دەبێت ئەگەری هێرشی مۆشەكی ئێران و هاوپەیمانەكانی بۆ سەر ئیسرائیل زۆر بە جیدی وەربگرین". 
بە هۆی زۆربوونی هۆشدارییەكانی شارەزایان سەبارەت بە دەرئەنجام و ئاسەوارەكانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا، ناتانیاهۆ لە كاتێكدا كە بە گەرمی سەرقاڵی پێكهێنانی دەوڵەتی نوێ بوو، ڕۆژی چوارشەممە 15/5/2019 كۆبوونەوەیەكی ڕاوێژكاری لەگەڵ وەزیرانی كابینەكەی بە ئامادەبوونی شارەزایانی پایە بەرزی سەربازی و بە ئامانجی لێكدانەوەی ئاكامەكانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا گرێ دا.
بەشێك لە شارەزایانی سەربازی پێیانوایە تەنانەت ئەگەر شەڕەكە ڕووبدات و ئیسرائیل بەشداری ڕاستەوخۆ لە شەڕەكەدا نەكات، بەڵام هاوكارییەكانی ئەم وڵاتە لەگەڵ ئەمەریكا و ئەو ڕاستییەی كە سوپای ئەمەریكا لەوانەیە سود لە پێگە و كەرەستەكانی سوپای ئیسرئیل بۆ هێرشكردنە سەر ئامانجە سەربازییەكانی ئێران وەربگرێت، ئیسرائیل بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ دەكەوێتە بەر هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران. ئەم شارەزایانە دەڵێن كە ئەگەرچی ئەمەریكا هێزێكی گەورە لە نزیك ئاوەكانی باشوری ئێران جێگیر دەكات، بەڵام ئەگەر پرۆسە سەربازییەكە لە ئاستی فراوان دەستپێبكات، سوپای ئەمەریكا خاكی ئسرائیل وەك پێگەیەكی گەورە بەكار دەهێنێت. 
لە ئیستادا ئیسرائیل هەوڵدەدات خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەرهاویشتەكانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا ئامادە بكات. بەرپرسانی ئیسرائیلی ترسی ئەوەیان هەیە كە لە ئەگەری بەرپابوونی شەڕ، لە سێ لاوە بەر هێرشی مۆشەكی بكەون. لەم ڕووەوە لە ماوەكانی ڕابردوودا سوپای ئیسرائیل چەند مانۆڕێكی سەربازی بۆ ئامادەیی لەبەرامبەر هێرشەكان ئەنجام داوە. نمونەی ئەم ئامادەكاریانە،  ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ئەمەریكا و چەند وڵاتێكی ئەوروپی لە ڕێككەوتی 31/5/2019 لە قوبرس بوو كە ئامانج لە بەشداری هێزەكانی ئیسرائیل، ڕاهێنان بوو بۆ  بوونی هێزی ئیسرائیل لە ناوچە شاراوە و نوێیەكان بە ئامانجی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەگەری شەڕ لە سێ بەرەوە.

دەرەنجام
سەبارەت بە دەرئەنجامەكانی شەڕی نێوان ئێران و ئەمەریكا لەسەر ئیسرائیل، دوو بۆچوونی جیاواز لە نێوان دەستەبژێرەكانی ئیسرائیل بوونی هەیە. بەشێكیان پێشوازی لە گرژیی زیاتری نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكەن و پێیانوایە پەرەسەندنی ئەم ئاڵۆزییە بۆ تەلئەبیب یارییەكی دووسەر براوەیە. هەر لەمبارەیەوە ساحی هانقبی وەزیری هاوكارییە ناوچەییەكانی ئیسرائیل پێیوایە، كە ئەم گرژیانە دوو ئەنجامی دەبێت كە هەردووكیان بۆ تەلئەبیب باشن "یان ئێرانییەكان مەرجەكانی ئەمەریكا قبوڵ دەكەن و لەسەر مێزی دانوستان دادەنیشن و ڕێككەوتننامەیەكی نوێ دێتەكایەوە، یان ئەوەتا شەڕێكی سەربازی ڕوو دەدات". بەشێك لە كارناسانی ئیسرائیلی پێیانوایە ئەگەر ئیسرائیل بكەوێتە بەر هێرش، دەرفەتێكی زۆر گونجاو دەبێت كە هێرش بكاتە سەر پێگە سەربازی و دامەزراوە ناوەكییەكانی ئێران. لە لایەكی ترەوە بەشێك لە دەستەبژێرەكانی ئیسرائیل بڕوایان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ئێران و ئەمەریكا، سەركەوتنە جیوپۆلەتیكەكانی ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا دەخاتە مەترسییەوە. سەبارەت بەم بۆچوونە یوهانس بكە، پرۆفیسۆری لیكۆڵینەوەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی باڵای ڵیكۆڵینەوه‌ی جولەکە لە هایدلبرگ پێیوایە "دۆخی جیۆپۆلەتیكی ئیسرائیل لە ساڵانی ڕابردوودا بە ئاشكرا باشتر بووە. لە لایەك میسر و ئەردەن وەك هاوپەیمانێك كە لە بەرامبەر قەیرانەكان خۆڕاگرن، تاقیكراوەن و لە لایەكی ترەوە لە پشت پەردە، پەیوەندی باش لەگەڵ شانشینەکانی كەنداو دروست بووە".
بە شێوەیەكی گشتی زۆرێك لە بەرپرسانی ئیسرائیلی سەبارەت بە گرژیی نێوان ئێران و ئەمەریكا تووشی سەرلەشێواوی و ڕاڕایین؛ چونكە لە لایەك  پێشوازی لە هێرشی سەربازی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكەن، بەڵام لە لایەكی ترەوە نیگەرانی ئاسەوار و مەترسییەكانی ئەم هێرشەن بۆ سەر ئیسرائیل؛ چونكە بەرپرسانی ئیسرائیلی باش دەزانن كە لە ئەگەری شەڕێكی وەهادا، نەك تەنیا لەوانەیە خاكی تەلئەبیب ببێتە ئامانجی هێرشی مۆشەكی ڕاستەوخۆ لە ناوخۆی ئیران و سوریاوە، بەڵكو حزبوڵای لوبنان، جیهادی ئیسلامی و حەماسیش لەوانەیە لە یەك كاتدا دامەزراوە سەرەكییەكانی ئیسرائیل بكەنە ئامانجی هەزاران موشەك.

پەراوێزەكان 
1.بەرەی خۆڕاگری: بریتییە لەو پشتێنە ئەمنی و سەربازییەی كە بە پاڵپشتی كۆماری ئیسلامی ئێران، بە لوبنان، فەڵەستین، سوریا، عێراق و یەمەندا تێدەپەرێت و لە لایەن هێزە چەكدارە بەوەكالەتەكانی ئێران وەك حزبوڵا، حەشدی شەعبی و .... دەپارێزرێت و ئامانجە ئایدۆلۆژی، ئابووری و بەگشتی جیوپۆلەتیكییەکانی كۆماری ئیسلام ئێران لە ناوچەكە دابین دەكات. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure