ده‌روازه‌یه‌ك بۆ مانه‌وه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا

08/03/2020

:: بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسینی: مروان مشیر
وه‌رگێڕانی: بێستون حسێن عارف
سه‌رچاوه‌: دامه‌زراوه‌ی كارنیگی بۆ ئاشتی نێوده‌وڵه‌تی

پوخته‌
ژماره‌یه‌ك پارتی سیاسی نوێ له‌ هه‌ر یه‌كه‌ له‌ میسر و لیبیا و تونس ده‌ركه‌وتوون‌ له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بییه‌وه‌. له ‌كاتێكدا زۆرێك له‌م هێزانه‌ ڕۆڵێكی چالاكیان هه‌بوو له‌ ڕووخانی سیستمه‌ كۆنه‌كان، به‌ڵام ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری په‌ره‌پێدانی شوناسێكی یه‌كگرتوو، دامه‌زراندنی تۆڕێكی لایه‌نگری كاریگه‌ر و بنیاتنانی بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنی به‌رده‌وام بوونه‌ته‌وه‌. له‌ پێناو به‌شدارییه‌كی كاریگه‌ر له‌ پرۆسه‌ی سیاسی، پارته‌ نوێیه‌كان به‌ گشتی و پارته‌ عه‌لمانییه‌كان تایبه‌تی پێویسته‌ زاڵ بن به‌سه‌ر ئاڵنگارییه‌ دامه‌زراوییه‌كان و تواناكانیان له‌ پێناو گه‌یاندنی ئه‌وه‌ی كه‌ خه‌ڵك پێویستییه‌تی په‌ره‌پێبده‌ن. چاره‌نووسی ئه‌م پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتوانه‌  وابه‌سته‌یه‌ به‌ ڕۆڵیان له‌ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ڕاگوزه‌ری سیاسی له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا. 

به‌ربه‌سته‌كانی به‌رده‌م پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان 
ڕووخانی ڕژێمه‌ فه‌رمانڕه‌واكان له‌ میسر و لیبیا و تونس ده‌رگای به‌شداری كردنی سیاسی كرده‌وه‌، پارته‌ سیاسییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌ركه‌وتن هه‌روه‌ك هاوڵاتیان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان قۆسته‌وه‌ بۆ ڕێكخستنی سیاسی خۆیان له‌ پێناو ئه‌وه‌ی ده‌نگیان ببیسترێت له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتیدا. له‌ میسر زیاتر له‌ ٦٠ پارت چوونه‌ پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌وه‌ له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمه‌كه‌ی حوسنی موباره‌ك. له‌ تونس ژماره‌ی پارته‌كان له‌ ١٠٠ پارت تێپه‌ڕی، له‌ لیبیا زیاتر لە ١٤٢ پارت خۆیان تۆمار كرد بۆ به‌شداری كردن و كێبركێ كردن له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی وڵاتدا. (وه‌رگێڕ: ئه‌م ژمارانه‌ بۆ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ دوای ڕووخانی هه‌ریه‌كه‌ له‌ ڕژێمه‌كانی میسر و لیبیا و تونس ئه‌نجامدراوه‌(.
   زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و پارته‌ نوێیانه‌ شكستیان هێنا له‌وه‌ی شتێكی نوێ پێشكه‌ش به‌ كۆمه‌ڵگا بكه‌ن جگه‌ له‌ خۆتۆمار كردن نه‌بێت له‌ حكومه‌ت. هه‌وڵیكی كه‌میان دا بۆ ئه‌وه‌ی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان دابمه‌زرێنن، ئه‌وان له‌ ڕاستیدا ته‌نها له‌سه‌ر كاغه‌ز بوونیان هه‌بوو. ته‌نانه‌ت ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ وه‌ك ئەكته‌ری سه‌ره‌كی ده‌ركه‌وتن شكستیان هێنا له‌ به‌ده‌ستهێنانی كاریگه‌ری و نفوزی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان. له‌جیاتی ئه‌وه‌، پارته‌ كۆن و ڕێكخراوه‌ دامه‌زراوه‌كان ئه‌دایه‌كی زیاتر كاریگه‌ریان هه‌بوو. له‌نێو ئه‌وانه‌ی ئه‌دایه‌كی باشیان هه‌بوو پارته‌ ئیسلامییه‌كان بوون له‌ ناویشیاندا ئیخوان موسلمینی میسر و نه‌هزه‌ی تونس، ئەو پارتەن كه‌ تۆڕێكی كاریگه‌ریان  له‌ سه‌ر ئاستی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری بۆ چه‌ندین ده‌یه‌ بنیاتناوه‌ له‌ ڕێگه‌ی كاری خێرخوازی و خزمه‌تگوزاری كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌ڵێنی دروستكردنی حكومه‌تێكی باشتر. لیبیا به‌ده‌ره‌ له‌ كه‌یسه‌كه‌، كه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی پارتی سیاسی بوونی نه‌بوو له‌ ماوه‌ی فه‌رمانڕه‌وایی موعه‌مه‌ر قه‌زافی، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌موو پارته‌كان به ‌شێوه‌یه‌كی ته‌كنیكی نوێ بوون. پارتی هاوپه‌یمانی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان كه‌ پارتێكی نوێ بوو كورسی زیاتری به‌ده‌ستهێنا له‌ هه‌ر پارتێكی تر له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٢دا. هه‌روه‌ك پرۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی سیاسی له‌ گه‌شه‌سه‌ندندا بوو، پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان ده‌ستیان كرد به‌ سه‌لماندنی خۆیان به‌ هێزێكی زیاتره‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌ میسر و تونس. پارته‌ لاوازه‌كان له‌ناوچوون و پارته‌ گه‌وره‌كانیش ده‌ستیان كرد به‌ دروستكردنی هاوپه‌یمانی بۆ زیادكردنی كاریگه‌ریان له‌سه‌ر شانۆی سیاسی.
له‌ میسر ئه‌و پارتانه‌ی له‌ ده‌وری سیاسییه‌ عه‌لمانییه‌كان دروست ببوون له‌ دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی ٢٠١٢ هاوشان له‌گه‌ڵ هێزه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان به‌ره‌ی ڕزگاری نیشتمانیان له‌ نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠١٢ دامه‌زراند. هاوپه‌یمانییه‌كه‌ ڕۆڵێكی سه‌ره‌كی گێڕا له‌ جوڵاندنی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ دژی حكومه‌ته‌كه‌ی محەمەد مورسی تاوه‌كو كه‌مپینێك له‌ دژی ڕاگه‌یەنرا له‌ لایه‌ن جه‌ماوه‌ری جوڵانه‌وه‌ی تەمەڕود، ئه‌و كه‌مپینه‌ زۆر فراوان بوو له‌ ئایاری ٢٠١٣ (دواتر هه‌ر له‌و ساڵه‌دا محەمەد مورسی به‌ كوده‌تایه‌كی سه‌ربازی له‌ لایه‌ن  عه‌بدولفه‌تاح سیسی دوورخرایه‌وه‌). له‌ تونس  زه‌مینه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان زۆر به‌ خێرایی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كانی ٢٠١١ گۆڕا و پارتێكی عه‌لمانی نوێ به‌ ناوی "ندا‌‌و تونس" وه‌ك ڕكابه‌رێكی كاریگه‌ر به‌رامبه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی نه‌هزه‌ ده‌ركه‌وت. له‌ كۆتاییدا پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان پارتی نه‌هزه‌یان ڕازی كرد كه‌ ده‌سه‌ڵات ڕادەستی حكومه‌تێكی كاربه‌ڕێكه‌ر بكات و هه‌ڵبژاردنێكی نوێ ئه‌نجام بدات. له‌هه‌مان كاتدا هاوپه‌یمانی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان به‌رده‌وام بوو له‌ بوونی به‌ گه‌وره‌ترین پارت له‌ لیبیا، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ٢٠١٣ نوسراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ دوای ئه‌و ڕێکەوتە گۆڕانی زۆر له‌و وڵاتانه‌دا ڕوویدا بێت له‌ ڕۆڵی پارته‌كاندا.
پارته‌ سیاسییه‌ عه‌لمانییه‌ تازه‌ گه‌شه‌كردووه‌كان له‌ هه‌ریه‌ك له‌و سێ وڵاته‌ هێشتا هه‌وڵده‌ده‌ن خۆیان دامه‌زراو بكه‌ن له‌ سیستمه‌ سیاسییه‌كانیان. سه‌ره‌ڕای دروستكردنی هه‌ندێك هاوپه‌یمانی، زه‌مینه‌ی پارته‌ سیاسییه‌كان له‌ میسر و لیبیا و تونس به ‌شێوه‌یه‌كی فراوان به‌ دابه‌شبوویی ماوه‌ته‌وه‌. هاوپه‌یمانی هێزه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ لیبیا و پارتی ندائی تونس له‌ تونس، ئه‌و پارتانه‌ن كه‌ ئاستی پێویستیان له‌ هۆشیاری جه‌ماوه‌ری و لایه‌نگری نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ ئەكته‌رێكی سیاسی كاریگه‌ر.
جیاكردنه‌وه‌ی پارته‌كان له‌ ژینگه‌یه‌كی ئاڵۆزدا
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پارته‌كان له‌ دوای شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی، ده‌نگده‌ران ڕووبه‌ڕووی ئه‌ركێكی قورس بوونه‌وه‌ له‌ هه‌وڵدان بۆ ناساندنی ئه‌وه‌ی چی پارتێك به ‌باشترین شێوه‌ نوێنه‌رایه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كات. كێشه‌كه‌ خراپتر بوو به‌و ڕاستیه‌ی كه‌ زۆرێك له‌و پارتانه‌ واده‌ركه‌وتن كه‌ ئاوێنه‌ی یه‌كترن، خاڵین له‌ ئایدۆلۆجیا و پشت ده‌به‌ستن به‌ پشتگیری كه‌مینه‌یه‌كی بچوك له‌ ده‌سته‌بژێره‌كان. ته‌نانه‌ت ئه‌و پارتانه‌ی كه‌ ئایدۆلۆجین زۆرجار واده‌رده‌كه‌ون له‌ گرنگی دیاریكردنی ناسنامه‌یان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ نزیكه‌یی هه‌موو پارته‌كان پلان و به‌رنامه‌ی ناڕوون و دواكه‌وتویان هه‌یه‌. ده‌ره‌نجامه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زه‌لكاوێكی ناڕوون له‌ ڕێكخراوی سیاسی هه‌یه،‌ كه‌ به ‌نزیكه‌یی مه‌حاڵه‌ بۆ ده‌نگده‌ر لێكیان جیا بكاته‌وه‌. زۆرجار ئه‌و پارتانه‌ پشتیان به‌ستووه‌ به‌ كه‌سایه‌تی دامه‌زرێنه‌ره‌كانیان وه‌ك له‌ ڕوونی پرۆگرامه‌كانیان، به‌رده‌وام نه‌بوونیان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ وایكردووە گومان له‌ نێو هاوڵاتیان دروست بێت به‌وه‌ی كه‌ ئامانجی ڕاسته‌قینه‌یان بریتییه‌ له‌ پیشاندانی شكۆ و گه‌وره‌یی ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌ك له‌ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان.
ڕه‌تكردنه‌وه‌ یان كه‌مكردنه‌وه‌ گرنگی ئایدۆلۆجی هه‌ڵبژارده‌یه‌كی ستراتیجیه‌ كه‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خۆێندنه‌وه‌ی ئه‌و پارتانه‌یه‌ بۆ ژینگه‌ی سیاسی ده‌ره‌كی و كۆت و به‌نده‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كان، زۆرێك ئایدۆلۆجیا وه‌ك دابه‌شكه‌ر ده‌بینن و هیچ سوودێكی سیاسی حه‌قیقی لێ به‌دی ناكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ پارته‌كان هیچ گرنگییه‌ك نابینن له‌ دامه‌زراندنی خۆیان وه‌ك پارتێكی ئایدۆلۆجی.
له‌جیاتی ئه‌وه‌، ئه‌و هێزه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتوانه‌ فۆکەسیان خستووەته‌ سه‌ر بنیاتنانی  پارتێكی گه‌وره‌تر له‌ ڕێگه‌ی دروستكردنی زنجیره‌یه‌ك له‌ هاوپه‌یمانی سیاسی. ئه‌م مۆدێله‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌ سه‌ر بنیاتنانی هاوپه‌یمانی كه‌ پشت ده‌به‌ستێت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری له‌ تۆڕه‌ لۆكاڵییه‌كان و بلۆكه‌ پێكهێنه‌ره‌كان و پارته‌ بچوكه‌كان. ئامانجی ئه‌م هه‌یكه‌له‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پارته‌كان بتوانن به‌ شێوه‌یه‌كی چالاكانه‌تر تێكه‌ڵ به‌ خه‌ڵك و پێداویستییه‌كانیان ببن.
ئه‌م ستراتیجه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی بنچینه‌یی هه‌ڵه‌ نییه‌. له‌ كۆتاییدا ئایدۆلۆجیای شه‌كه‌تكه‌ر نه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ بۆ ده‌نگده‌ر و نه‌ چاره‌سه‌رێكی كاریگه‌ری پێیه‌، پارته‌كان كارێكی دروست ده‌كه‌ن له‌ فۆکەس خستنه‌ سه‌ر دروستكردنی هاوپه‌یمانی لۆكاڵی له‌گه‌ڵ بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كێشه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ میسر و لیبیا و تونس، زۆرینه‌ی ئه‌و پارتانه‌ی تازه‌ ده‌ركه‌وتن بنكه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز، یان هۆكارێكی گرنگ نه‌بوو بۆ دروستبوونیان.
بارودۆخه‌كه‌ زۆر خراپتر بووه‌ به‌ نه‌بوونی پرۆگرام و پلانێكی ڕوون له‌ لایه‌ن پارته‌كانه‌وه‌ و ئه‌وان شتێكی ئه‌وتۆیان نییه‌ پێشكه‌شی بكه‌ن به‌و بازنه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌ی كه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن. ئه‌م كورتهێنانه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌شی دره‌نجامی كه‌می ئه‌زموونی پارته‌كه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردن و فه‌رمانڕه‌وایی. ئه‌وه‌ هاوڵاتیانی میسر و لیبیا و تونسه‌ بێ به‌شكرابوون له‌ پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیاری سیاسی له‌ ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ڕژێمه‌كانی پێشوو، له‌به‌رئه‌وه‌ قورسه‌ بۆ ئه‌وان پێشنیاری سیاسه‌تێكی حه‌قیقی و سه‌رنجڕاكێش بكه‌ن. ئه‌م زه‌مینه‌یه‌ ده‌كرێت گه‌شه‌بكات له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌ندامانی پارته‌كه‌ ئه‌زموونی سیاسی و ته‌شریعی و هه‌ڵبژاردنی زیاتر به‌ ده‌ست ده‌هێنن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ یه‌كه‌م پارت  پێویستی به‌وه‌یه‌ پشتگیری ته‌واو بۆ به‌شداری كردن له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ ده‌ست بهێنێت.
بنیاتنانی تۆڕی پشتگیری به‌رده‌وام 
تۆڕی لایه‌نگرانی پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان، له‌ ناویاندا ڕێكخه‌ره‌كان و سیاسییه‌كان و له‌ كۆتاییدا ده‌نگده‌ره‌كان دواكه‌وتوون به‌وه‌ی كه‌ ئاستێكی كه‌می پشتگیری پارته‌كه‌یان ده‌كه‌ن ته‌نانه‌ت له‌نێو ئه‌و پارتانه‌ی زۆر دامه‌زراون له‌ میسر و لیبیا و تونس، له‌ جیاتی ئه‌وه‌، ئه‌م پارتانه‌ پشت ده‌به‌ستن به‌ ژماره‌یه‌كی كه‌م له‌ ده‌سته‌بژێره‌كانی پارت بۆ لایه‌نی دارایی پارته‌كه‌.
پشت به‌ستنێكی له‌م شێوه‌یه‌ به‌ گرووپێكی كه‌م بۆ به‌خشینی دارایی به‌ پارت به‌رده‌وام نابێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، له‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌م به‌خشه‌رانه‌ زۆرجار هه‌وڵده‌ده‌ن پارته‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كاربهێنن، له ‌كاتێكدا خه‌ڵك وای ده‌بینن كه‌ پارته‌كان گه‌نده‌ڵن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر قورسه‌ بۆ پارته‌ سیاسییه‌كان ئه‌م چوارچێوه‌یه‌ تێپه‌رێنن. واده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ئه‌م پارتانه‌ گیرۆده‌ بوون‌ به ‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌می سه‌رچاوه‌ی داراییان ڕێگره‌ له‌ سه‌رنجڕاكێشانی لایه‌نگره‌كانی و  كه‌می لایه‌نگره‌كانی ڕێگر ده‌بن له‌ دروستكردنی تۆڕێكی به‌هێز و بنكه‌ فراوان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پشتگیری دارایی بۆ پارته‌كه‌.
زیاتر له‌وه‌ش زۆری ئاڵنگارییه‌كان هاوشان له‌گه‌ڵ كێبڕكێكردن له‌ ئاستێكی نیشتمانی بووه‌ته‌ هۆی دروستكردنی له‌مپەڕ له‌به‌رده‌م پارته‌كان. له‌ كاتێكدا ئه‌و پارتانه‌ی هه‌وڵی فراوانكردنی نفوزیان ده‌دەن به‌ كردنه‌وه‌ی نوسینگه‌ی لۆكاڵی له‌ ده‌ره‌وه‌ی پایته‌خته‌كان، قورسایی دارایی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م نوسینگانه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆیان، ئه‌مه‌ش مانای وایه‌ ئه‌وان زۆرجار پێویستیان به‌وه‌یه‌ یارمه‌تی داراییان پێشكه‌ش بكرێت له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی پارته‌كه‌وه‌ له‌و ناوچه‌ لۆكاڵیانه‌، كه‌ ڕه‌نگه‌ بوونیان هه‌بێت یان نه‌بێت.
له‌ هه‌مانكاتدا نامتمانه‌ییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی فراوان هه‌یه‌ به‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی سه‌رده‌می فه‌رمانڕه‌وایی سته‌مكاری له‌ میسر و لیبیا و تونس گه‌شه‌ی كردووه‌. زۆرێك له‌ هاوڵاتیان له‌ ناویشیاندا چالاكوانه‌ گه‌نجه‌كان كه‌ ڕه‌نگه‌ توانایان هه‌بێت بۆ گه‌شانه‌وه‌ و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پارته‌كه‌ په‌یوه‌ندی ناكه‌ن به‌ پارته‌كانه‌وه،‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان پێیان وایه‌ ئه‌م لایه‌نگرییه‌ كاریگه‌رێتی سیاسیان لاواز ده‌كات. كاتێك چالاكوانه‌ گه‌نجه‌كان په‌یوه‌ندی ناكه‌ن به‌ پارته‌كانه‌وه‌، پاپه‌ندبوونیان به‌ پارته‌وه‌ لاواز ده‌بێت و زۆرێك له‌ پارته‌كان ده‌ناڵێنن به‌ ده‌ست وازهێنانی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌ندامه‌كانیانەوە كاتێك بڕیارێكی دیاریكراوی پارته‌كه‌یان به‌ دڵ نییه‌. له‌ ده‌ره‌نجامدا بنیاتنانی هاوپه‌یمانییه‌كی جێگیر له‌ نێو پارته‌كان به‌ربه‌ستی زۆری له‌به‌رده‌مه‌،  هه‌روه‌ها ئه‌م ناجێگیرییه‌ ڕێگره‌ له‌ فراوان بوون و بڕیاردانی پارته‌كه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ نفوزیان زیاد بكات، به‌ڵام ده‌كرێت هاوسه‌نگی ناوخۆی پارته‌كه‌ هه‌ڵگه‌ڕێته‌وه‌. هه‌روه‌ها پارته‌كان ڕووبه‌ڕووی كێشه‌ بوونه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئامڕازانه‌ی به‌كاریان ده‌هێنێت بۆ ڕاكێشانی لایه‌نگر و بنیاتنانی ناوچه‌ی هه‌ڵبژاردنی فراوانتر. تۆره‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت بێ كاریگه‌ر بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زه‌مینه‌یه‌كی ڕه‌خساندووه‌ بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونه‌كان، به‌ڵام ئه‌ندامی نوێی ڕانه‌كێشاوه‌ بۆ نێو پارته‌كان.
كاركردن له‌ ژینگه‌یه‌كی سیاسی ناجێگیردا 
سه‌ره‌ڕای كێشه‌ی دارایی و ناڕوونی ڕێكخستن له‌ ناو پارته‌كان، ژینگه‌ی شێواوی سیاسی له‌ قۆناغی ڕاگوزه‌ریی كه‌ ئه‌م پارتانه‌ كاری تێدا ده‌كه‌ن، پرسه‌كه‌  ئه‌وه‌نده‌ی تر خراپتر و ئاڵۆزتر ده‌كات. له‌ لایه‌كه‌وه‌ ئه‌و پارتانه‌ پێویسته‌ هه‌ڵكه‌ن لەگه‌ڵ گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌ خێراكان كه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ ڕێكخراوه‌ سیاسییه‌ به‌هێزه‌كان به‌ ئاسانی ناتوانن خۆیان بگونجێنن، ئه‌م گۆرانكارییه‌ خێرایانه‌ وایانكردووه‌ كه‌ پارته‌كان بێتوانا بن له‌ پێشخستنی زه‌مینه‌سازییه‌كی دوور مه‌ودا و بنیاتنانی ناسنامه‌یه‌كی یه‌كگرتوو بۆ جیاكردنه‌وه‌ی خۆیان له‌ ڕكابه‌ره‌كانیان. هه‌روه‌ك هاوڵاتیان كاردانه‌وه‌ی خێرایان ده‌وێت لەگەڵ گه‌شه‌سه‌ندنه‌كاندا، پارته‌كان هه‌ست ده‌كه‌ن فشاریان له‌ سه‌ره‌ بۆ ده‌ربڕینی بۆچوونیان له‌ سه‌ر ڕووداوه‌كانی ڕۆژانه‌، ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌ش كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیان نییه‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن. پارتێك له‌ میسر به‌ تێكڕایی دوو به‌یاننامه‌ی فه‌رمی هه‌بووه‌ بۆ هه‌ر ڕۆژێك و هێشتا ڕه‌خنه‌ی ئه‌وه‌ی لێگیراوه‌ كه‌ كاردانه‌وه‌كانی له‌سه‌رخۆبووه‌.
فراوانبوونی جه‌مسه‌رگیری سیاسی كه‌ میسر و تونس، تاڕاده‌یه‌كی كه‌متر لیبیا گیرۆده‌ی بووه،‌ بووه‌ته‌ هۆی قوڵبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ پارته‌كان ڕووبه‌ڕووی بوونه‌ته‌وه‌ له‌ بنیاتنانی تۆڕێكی لایه‌نگری به‌رده‌وام. هه‌روه‌ك جه‌مسه‌رگیری له‌ نێوان ته‌یاره‌ ئیسلامی و عه‌لمانییه‌كان قوڵ ده‌بێته‌وه‌، ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگده‌ر‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌كه‌ن بۆ پارته‌ عه‌لمانییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان، كه‌ پێویسته‌ كێبڕكێ بكه‌ن بۆ ژماره‌یه‌كی كه‌می هه‌مان ده‌نگده‌ر. له‌ كۆتاییدا پارته‌كان گیرۆده‌ بوون‌ له‌ ژینگه‌یه‌كی یاسایی ناڕوون و ئاڵۆزدا، هه‌روه‌ك ئه‌و بنه‌مایانه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ لایه‌نی ڕێكخراوه‌یی و سه‌رچاوه‌ی دارایی پارته‌كه‌ زۆر به‌ ناڕێكی و هێواشی گه‌شه‌ ده‌كات.
نه‌خشه‌ ڕێگا بۆ به‌رده‌وامی پارته‌كان
تۆماره‌كانی پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان له‌ میسر و لیبیا و تونس له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر تێكه‌ڵه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌  گه‌شه‌كردنی سه‌ره‌تایی خێرای پارته‌كان به‌هێز بوون و زیادكردنی لایه‌نگرانی پارته‌ سه‌ركه‌وتووه‌كانی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌، ئه‌و ڕاستییه‌ ناشارێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ هێشتا ڕووبه‌ڕووی ئاڵنگاری جیدی بوونه‌ته‌وه‌. كێشه‌ی گه‌وره‌ی پارته‌كان به ‌زۆری لەگەڵ دیاریكردنی شوناسیان و بنیاتنانی تۆڕی لایه‌نگر و مامه‌ڵه‌كردن له‌ ناو ژینگه‌یه‌كی سیاسی ناجێگیردایه‌. هه‌روه‌ها پارته‌كان ده‌ناڵێنن به‌ده‌ست لاوازی سه‌رچاوه‌ی داراییان، به‌رنامه‌ و پرۆگرامێكی دیارینه‌كراو، بێ توانایی یان ئاماده‌ نه‌بوون بۆ فۆکەس خستنه‌ سه‌ر داواكاری ئابووری كه‌ جێگه‌ی گرنگی پێدانی زۆرێك له‌ هاوڵاتیانی جیهانی عه‌ره‌بییه‌. بۆ ئه‌وه‌ی پارته‌كان به ‌ئاڕاسته‌یه‌كی دروست بڕۆن، پێویسته‌ ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی فراوان بیربكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ بوونی تێڕوانین بۆ داهاتوو. 
كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌توانێت ڕۆڵێكی پشتگیریكاری گرنگ بگێڕێت له‌م پرسه‌دا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مقاومه‌ی ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگا له‌ به‌رامبه‌ر پرۆگرامی یارمه‌تی ده‌ره‌كی بیانی وایكردووه‌ زۆر قورس بێت به‌ ڕاسته‌وخۆیی كار لەگەڵ پارته‌ سیاسییه‌كان بكرێت له‌ جیهانی عه‌ره‌بی، به‌ڵام هێشتا ده‌رفه‌ته‌كان بۆ بره‌ودان به‌ گه‌شه‌كردنی پارته‌ به‌هێزه‌كان له‌به‌رده‌ستدایه‌. پێویسته‌ ئەكته‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هانی حكومه‌ته‌كان بده‌ن بۆ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ئاسانكاری ده‌كەن بۆ وتاری سیاسی ئازاد و كراوه‌، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌هێزكردنی ڕێكخراوه‌یی پار‌ته‌كان و به‌هێزكردنی سه‌رچاوه‌ی داراییان و بره‌ودان به‌ دادپه‌روه‌ری و شه‌فافیه‌ت له‌ سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا. هه‌روه‌ها ئه‌وان ده‌توانن داوای پاپه‌ندبوونی جیدیی بكه‌ن به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه‌ كه‌ وا له‌ هاوڵاتیان بكات چالاكانه‌ به‌شداری بكه‌ن له‌ پرۆسه‌ی دیموكراتی. به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی حه‌قیقی گۆڕانكاری ده‌بێت پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان خۆیان بن، ئه‌وان پێویسته‌ ئامانجێكی ڕوونیان هه‌بێت بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌دایان و توانایی ڕێكخراوه‌ییان.
پرۆگرامه‌كانی گه‌شه‌پێدان 
بوونی پرۆگرامێكی ڕوون و گشتگیر كه‌ چاره‌سه‌ری داواكارییه‌ ئابوری و كۆمه‌ڵاتییه‌كانی هاوڵاتیان بكات: ده‌ركه‌وتنی پارته‌ عه‌لمانییه‌كان كه‌ سه‌رنجڕاكێشن له‌ شیكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان پارتی ئیسلامی نین – ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گه‌وره‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ هاوڵاتیان نیگه‌رانن له‌وه‌ی كه‌ ئیسلامییه‌كان ببنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر سیاسه‌ت و كو‌لتور و فره‌یی ئایینی له‌ كۆمه‌ڵگاكانیان. به‌ڵام ئه‌وان لاوازن له‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كێ ده‌كه‌ن، به‌تایبه‌تی كاتێك دێته‌ سه‌ر باسی چاره‌سه‌ركردنی پرسه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابورییه‌كان، بۆ نمونه‌ ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی كار و یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا. له‌كاتێكدا فۆکەس خستنه‌ سه‌ر به‌هاكانی وه‌ك فره‌یی و له‌خۆگرتن به‌شێكی سه‌ره‌كی بنیاتنانی دیموكراسییه‌، به‌ڵام پارته‌ عه‌لمانییه‌كان پێویسته‌ پرۆگرامێكی زۆر گشتگیر په‌ره‌پێبده‌ن كه‌ چاره‌سه‌ری هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ بكات كه‌ گرنگه‌ به‌ لای هاوڵاتیانه‌وه‌ له‌و وڵاتانه‌.
تێكه‌ڵ بوون به‌ ده‌نگده‌ران به‌ شێوه‌ی فراوان له‌ جیاتی پشت به‌ستن به‌ ئامۆژگاری گرووپێکی بچوك له‌ شاره‌زایان: بنیاتنانی پارت گه‌مه‌یه‌كی درێژخایه‌نه‌ و كاتی پێویسته‌ له‌ باشترین حاڵه‌تیدا. له‌به‌رئه‌وه‌ پارته‌كان پێویسته‌ ئارام بگرن له‌ كاتێكدا ناسنامه‌ی خۆیان به‌ره‌وپێش ده‌به‌ن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پارته‌كان به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌ڵه‌شانه‌ كاردانه‌وه‌یان هه‌بێت بۆ دوایین گۆرانكارییه‌كان، یان داوا له‌ لیژنه‌یه‌كی بچوك له‌ شاره‌زایان بكەن بۆ ئه‌وه‌ی پلانێكی ناڕوون و شاراوه‌ دابنێن،  به‌ڵكو پێویسته‌ پارته‌كان هه‌وڵبده‌ن ڕه‌زامه‌ندی جه‌ماوه‌ر به‌ده‌ست بهێنن به‌ به‌شداری پێكردنی هاوڵاتیان له‌ په‌ره‌پێدانی سه‌كۆی سیاسی خۆیان. ئه‌مه‌ ده‌كرێت به‌ ده‌ست بێت له‌ ڕێگه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی گشتی له‌ ناو شاره‌كان و سه‌ردانكردنی ناوچه‌ دووره‌ ده‌سته‌كان بۆ ده‌ستكه‌وتنی فیدباكی ڕاسته‌وخۆ له‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ له‌ باره‌ی پێداویستییه‌كانیانه‌وه‌. پارته‌كان دواتر ده‌توانن ئه‌و فیدباكانه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی سه‌كۆی سیاسی خۆیان به‌كار بهێنن.
فه‌رامۆشكردنی ئایدۆلۆجیا كۆنه‌كان و په‌ی بردن بە شێوازی نوێ بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر: ئایدۆلۆجیا كۆنه‌كانی وه‌ك پان عه‌ره‌بیزم، به‌عسیزم و سۆشیالیزم چی تر چاره‌سه‌ر نین بۆ ئه‌و ئه‌و كێشانه‌ی كۆمه‌ڵگا عه‌ره‌بییه‌كان گیرۆده‌ی بوون‌. پێویسته‌ پارته‌ سیاسییه‌كان خۆیان له‌ دروشمه‌ سواوه‌كانی ڕابردوو بپارێزن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان پێویسته‌ ڕێگای نوێ و داهێنه‌رانه‌ بدۆزنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی حه‌قیقی گونجاو بۆ ته‌حددییه‌كانی وه‌ك: دروستكردنی هه‌لی كاركردن و گەره‌نتی جوڵه‌ی ئابووری و به‌هێزكردنی وه‌به‌رهێنان و به‌بنه‌ماكردنی یه‌كسانی له‌به‌رده‌م یاسا، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گەره‌نتی كردنی نوێنه‌رایه‌تییه‌كی سیاسی فراوان و دادپه‌روه‌رانه‌ . هه‌روه‌ها بڕوا بوون به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی، سه‌روه‌ری یاسا و فره‌یی كۆمه‌ڵگا شتێكی باش ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پارته‌كان نه‌توانن چاره‌سه‌ری كرداریی پێشنیار بكه‌ن بۆ ته‌حددییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریه‌كان، ئه‌وا ئه‌وان بێ توانا ده‌بن له‌ سه‌رنج ڕاكێشانی هاوڵاتیانی ئاسایی.
په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌ به ‌جۆرێك كه‌ هانی فره‌یی و لێبورده‌یی و قبوڵكردنی تێڕوانینه‌ جیاوازه‌كان و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌یی بدات: به‌هێزكردنی دیموكراسییه‌كی ته‌ندروست و درێژخایه‌ن پێویستی به‌وه‌یه‌ كه‌ پارته‌ سیاسییه‌كان به‌ ته‌واوی پشتگیری ڕیفۆرمی په‌روه‌رده‌یی بكه‌ن، كه‌ جه‌خت بكاته‌وه‌ له‌ فره‌یی و لێبورده‌یی. سیاسه‌تی پارته‌كان پێویسته‌ نه‌وه‌ی داهاتوو له‌ ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه‌ ئاماده‌ بكات بۆئه‌وه‌ی ببن به‌ هاوڵاتی حه‌قیقی، نه‌ك پاشكۆ.
بنیاتنانی تۆڕی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری
دروستكردنی په‌یوه‌ندی حه‌قیقی لەگەڵ جه‌ماوه‌ر: پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان ده‌كرێت له‌ پارته‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ فێر بن كه‌ له ‌ماوه‌ی ده‌یه‌كانی ڕابردوودا ده‌نگده‌ریان له‌ خۆیان كۆكردۆته‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی فه‌راهه‌م كردنی خزمه‌تگوزاری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌یی و جۆره‌كانی تره‌وه‌. پارته‌ عه‌لمانییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان ناتوانن له‌ماوه‌ی شه‌و و ڕۆژێكدا بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریان فراوان بكه‌ن له‌ به‌رامبه‌ر پارته‌ ئیسلامییه‌ ڕكابه‌ره‌كانیان. به‌ڵام پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ ستراتیجێك دابڕێژن بۆ ڕۆچوونه‌ نێو تۆڕه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان، بۆ نمونه‌ دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ و سه‌ندیكا و گرووپه‌كانی خوێندكاران، ئه‌مه‌ له‌ ماوه‌ی كورت مه‌ودا و دوور مه‌ودا سودی ده‌بێت بۆ بنیاتنانی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ پارته‌ سیاسییه‌كان. بوونی میدیا بۆ ئه‌م پارتانه‌ سه‌ره‌تایه‌ هه‌روه‌ك زۆرێك له‌م پارتانه‌ هه‌یانه،‌ به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ هاوڵاتیان به‌ شێوه‌یه‌كی چالاك.
بنیاتنانی ستراتیجی نوێ و داهێنه‌رانه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌گه‌ر كه‌میش بێت به‌ڵام به‌رده‌وام بێت له‌ بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری فراوانه‌وه‌: پارته‌كان پێویسته‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامیان هەبێت لەگەڵ به‌خشه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بۆ په‌ره‌پێدانی توانای كۆكردنه‌وه‌ی دارایی به‌رده‌وام. ئه‌وان هه‌روه‌ها پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ تۆڕێكی فراوان له‌ به‌خشه‌ری دارایی بچوك بنیات بنێنن. بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌مه‌ پێویستی به‌ كه‌مپینی داهێنه‌رانه‌ هه‌یه‌ به ‌تایبه‌تی له‌ وڵاتانی هه‌ژار و بچوك، كه‌ قه‌باره‌ی دانیشتوان و هه‌ژاری وڵاته‌كه‌ ڕێگره‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی دارایی بۆ پارته‌كان. كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دارایی یه‌كێكه‌ له‌ به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كان كه‌ ڕووبه‌ڕووی هه‌ر پارتێكی سیاسی تازه‌ ده‌ركه‌وتوو ده‌بێته‌وه‌ له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا.
قه‌ناعه‌تكردن به‌ ئه‌ندامانی كومه‌ڵه‌ بازرگانییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر چالاك بن له‌ پشتگیری دارایی پارته‌ سیاسییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان به‌و ئامانجه‌ی كه‌ سیستمی پارتی جێگیر و به‌هێز له‌ به‌رژه‌وه‌ندیانه‌: ده‌رفه‌تی باش هه‌یه‌ بۆ به‌ ده‌ستهێنانی پشتگیری دارایی له‌ كه‌رتی تایبه‌ته‌وه‌، پارته‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌ دوو دڵ نه‌بن له‌ كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌. كۆمه‌ڵه‌ی بازرگانی له‌ جیهانی عه‌ره‌بی خویان به‌ پاڵپشتی كردنی ڕژێمه‌ سته‌مكاره‌كانه‌وه‌ گرتووه‌. پارته‌ عه‌لمانییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان پێویسته‌ ئه‌وه‌ بۆ كه‌رته‌ تایبه‌ته‌كان ڕوون بكه‌نه‌وه‌ كه ‌سیستمێكی جێگیر و فره‌ پارت  پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كین بۆ حكومه‌تێكی دیموكراتی ته‌ندروست، كه‌ بتوانێت گه‌شه‌ی ئابوری په‌ره‌پێبدات.
دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی ڕێكخراوه‌یی پارت
كه‌مكردنه‌وه‌ی فۆکەس له‌ سه‌ر سه‌ركرده‌كانی پارت: ئه‌و پارتانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای په‌رستنی تاكه‌ سه‌ركرده‌یه‌ك دامه‌زراون‌ له‌ توانایاندا نابێت بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ به‌رده‌وام بن. له‌ كاتێكدا ناسراوی كه‌سی دامه‌زرێنه‌ر شه‌پۆلێكی فراوانی لایه‌نگر په‌یدا ده‌كات له‌ سه‌ره‌تادا، به‌ڵام پارته‌كان پێویسته‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ بنیاتنانی ڕێكخراوه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ پشت نه‌به‌ستێت به‌ چاره‌نووسی سیاسی تاكه‌ كه‌سێك.
فۆکەس خستنه‌ سه‌ر سیاسه‌تی  بنه‌مای گشتگیر: پارته‌ عه‌لمانییه‌كان  له‌ میسر و لیبیا و تونس پێشوه‌خته‌ له‌ قۆناغی به‌هێزبووندان و ئه‌و پارتانه‌ پێویسته‌ هانبدرێن و پرۆسه‌كه‌ خێراتر بكرێت. پێویسته‌ پارته‌ عه‌لمانییه‌ سیاسییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان درك به‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانیان ده‌كرێت باشتر پارێزراو بێت ئه‌گه‌ر ئه‌وان ببنه‌ پارتێكی بنكه‌ فراوان به ‌بوونی لایه‌نگریه‌كی فراوانی كۆمه‌ڵایه‌تی   وه‌ك له‌وه‌ی به‌ بچوكی بمێننه‌وه‌ به‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كی زیاتره‌وه،‌ به‌ڵام به‌بێ بوونی هێز.
داهاتووی ده‌ركه‌وتنی پارتی سیاسی له‌ جیهانی عه‌ره‌بی 
قورسه‌ بوترێت كه‌ ئایا پارته‌ سیاسییه‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان له‌ میسر و لیبیا و تونس به‌ ئاڕاسته‌ی مانه‌وه ‌و په‌ره‌پێدانی دیموكراتی ده‌ڕۆن. سه‌ره‌ڕای ئه‌و ته‌حددییانه‌ی كه‌ پارته‌كان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه‌، هیوا هه‌یه‌ كه‌ سیستمی پارت له‌و سێ وڵاته‌ به‌ره‌و پێش بچێت. ئه‌گه‌ر پارته‌ تازه‌ ده‌ركه‌وتووه‌كان فۆکەسیان له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی پرۆگرامێكی سیاسی ڕوون، بنیاتنانی بنكه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری به‌هێز، دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی ڕێكخراوه‌ییان بێت، ئه‌وا له‌ كۆتاییدا ئه‌وان ده‌توانن زاڵ بن به‌سه‌ر كه‌می ئاستی جه‌ماوه‌ریان و ده‌بنه‌ هێزێكی كاریگه‌ر بۆ پشتگیری دیموكراسی و فره‌یی له‌ جیهانی عه‌ره‌بیدا.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure