بۆچی ئاكار له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا گرنگه‌

09/04/2020

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت ساینیدكه‌یت
نوسینی: جۆزێف نای

كاتێك هه‌واڵی ته‌واو بوونم له‌ نوسینی كتێبه‌كه‌م ده‌رباره‌ی ئاكار‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی، به‌ یه‌كێك له‌ هاوڕێكانم ڕاگه‌یاند، ئه‌و به‌ خه‌نده‌وه‌ وتی:"به‌دڵنیاییه‌وه‌ كتێبێكی یه‌كجار بچوكه‌"، له‌ ڕاستیدا گومانكردنی ئه‌و هاوڕێیه‌م‌و گشت خه‌ڵكیش له‌و بابه‌ته‌ كارێكی نامۆ نیه‌، چوونكه‌ كاتێك بۆ بابه‌تێكی وه‌ك ڕاده‌ی كاریگه‌ری‌و دیدی ئاكاریی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا به‌سه‌ر سیاسه‌تی ده‌ره‌كییه‌وه‌ له‌ ناو تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێتدا ده‌گرێین، ده‌بینین ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌م كتێب ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ به‌رده‌سته‌. 
هۆكاره‌كانی گومانیش له‌و بابه‌ته‌ ڕوونن، چوونكه‌ له‌و كاته‌ی مێژوونوسان ده‌رباره‌ی ئاكار‌و جیاوازیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌یاننوسی، دیپلۆماتكاره‌ واقیعییه‌كانی وه‌ك جۆرج كینان به‌رده‌وام هۆشدارییان ده‌رباره‌ی لایه‌نه‌ نه‌رێنییه‌كانی نه‌ریته‌ ئاكاری‌و یاساییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌دا. له‌ ڕاسیتدا په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جیهانێكه‌ پشێوی حوكمی ده‌كات، چوونكه‌ حكومه‌تێكی گشتگیر نیه‌ له‌ جیهاندا سستم به‌رقه‌رار بكات، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌و خۆی ڕێگه‌ی به‌رگری كردن له‌خۆی ده‌سته‌به‌ر بكات، بۆیه‌ كاتێكیش شه‌ڕ شه‌ڕی مانه‌وه‌ بێت، ئه‌وا ئامانج پاساوی ئامڕازه‌. كاتێكیش بژراده‌ دروسته‌كان بوونیان نامێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئاكاریش هیچ ڕۆڵێكی نامێنێت.
به‌پێی ئه‌و لۆجیكه‌ش بێت، هه‌مووان له‌ كاتی هه‌ڵسه‌نگاندندا له‌ نێوان سیاسه‌ت‌و ئاكاردا به‌هه‌ڵه‌دا ده‌چن، چوونكه‌ نابێت له‌ بری ئه‌نجام ئێمه‌ پرسیار ده‌رباره‌ی شێوازی كاركردن بكه‌ین . بۆیه‌ به‌و پێیه‌ له‌كاتی هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانی سه‌رۆكێكی دیاریكراودا، ده‌بێت پرسیار ده‌رباره‌ی ڕاده‌ی سه‌ركه‌وتویی ئه‌و سیاسه‌ته‌ بكه‌ین، نه‌ك ده‌رباره‌ی تا چ ڕاده‌یه‌ك ئه‌و سیاسه‌ته‌ ئاكارییه‌.
هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه‌ به‌شێك ڕاستی تێدایه‌، به‌ڵام چه‌ند پرسیارێكی گران له‌ ڕێی زیاد ساناكردنی بابه‌ته‌كه‌وه‌ ده‌هێنێته‌ پێشه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا نه‌بوونی حكومه‌تێكی جیهانگیر به‌واتای نه‌بوونی سه‌رله‌به‌ری سستمێكی نێوده‌وڵه‌تی نایه‌ت، چوونكه‌ ڕاسته‌ به‌شێك له‌ پرسه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی په‌یوه‌سته‌ به‌مانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نیه‌، كه‌ گشت سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كان له‌و بازنه‌یه‌دا كارده‌كه‌ن. بۆنمونه‌ له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ چه‌ندین جه‌نگه‌وه‌ تێوه‌گلاوه‌، به‌ڵام په‌یوه‌ست نه‌بوون به‌ مانه‌وه‌ یاخود له‌ ناوچوونی ئه‌و وڵاته‌وه‌. هاوكات زۆر بژراده‌ی گرنگیش له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا هه‌ن، كه‌ ده‌رباره‌ی گۆڕانی باری كه‌ش‌و هه‌وا، مافی مرۆڤ‌و ئازادی ئینته‌رنێته‌، بۆ به‌ده‌ست هێنانیان پێویست به‌ هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ ناكات.
بۆیه‌ زۆرینه‌ی دۆسییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ده‌رباره‌ی پێوه‌ره‌كانی هه‌ڵبژرادنی ڕێگه‌ چاره‌یه‌، نه‌ك جێبه‌جێكردنی شێوازێكی وشك‌و ڕه‌قی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتیمانییه‌كان. جارێك به‌رپرسێكی فه‌ڕه‌نسی به‌ گاڵته‌جاڕییه‌وه‌ پێی وتم:"من چاك ده‌زانم چی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی فه‌ڕه‌نسایه‌، له‌وه‌شدا ئاكار هیچ شوێنێكی نیه‌"، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌وه‌ی نه‌زانیبێت، كه‌ ئه‌و لێدوانه‌ خۆی له‌ خۆیدا حوكمێكی ئاكارییه‌. بمانه‌وێت یاخود نا، له‌ باشترین حاڵه‌ته‌كاندا گشت ده‌وڵه‌ته‌كان به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانیی خۆیان كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، چۆن سه‌ركرده‌كان ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ نیشتیمانییه‌ له‌ گشت دۆخه‌ جیاوازه‌كاندا دیاری ده‌كه‌ن‌و دوای جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ون.
پێویسته‌ ئه‌و ڕاستیه‌ ئاشكرا بكه‌ین، كه‌ هه‌میشه‌ هه‌ڵسوكه‌وتی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا‌و سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، مشتومڕ له‌سه‌ر لایه‌نی ئاكاری دروست ده‌كه‌ن، چوونكه‌ ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی له‌ ڕێی په‌یوه‌ندیی ته‌له‌فۆنییه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ناوخۆییه‌كانی خۆی داوای یارمه‌تی له‌ سه‌رۆكی ئۆكرانیا بكات، هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی دۆناڵد تره‌مپ پرسی ئاكار‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی له‌ پرسیارێكی تیۆرییه‌وه‌ برده‌ نێو ناونیشانی سه‌ره‌كی هه‌واڵه‌كانه‌وه‌، بۆنمونه‌، دوای ئه‌وه‌ی ساڵی 2018 ڕۆژنامه‌نوس‌و ئۆپۆزسیۆنی سعودی جه‌مال خاشقچی له‌ قونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ توركیا كوژرا، ئه‌و كات به‌توندی ڕه‌خنه‌ له‌ تره‌مپ گیرا، چوونكه‌ ته‌نها له‌به‌ر پارێزگاریكردن له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ جێنشینی ئه‌و وڵاته‌دا، ته‌واو خۆی له‌ ده‌لیله‌ ڕوونه‌كانی تێوه‌گلانی سعودییه‌ له‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌وه‌ لادا.
ئه‌وكات ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی لیبراڵی به‌یانه‌كه‌ی تره‌مپی ده‌رباره‌ی كوژرانی خاشقچی به‌م شێوه‌یه‌ وه‌سف كردبوو:" مامه‌ڵه‌یه‌كی بێ هه‌ستانه‌یه‌‌و له‌ ڕاستییه‌كانیشه‌وه‌ دووره‌"، هاوكات ناونیشانی ده‌ستپێكی ڕۆژنامه‌ی واڵ ستریتی پارێزگاریش به‌م شێوه‌یه‌ بوو:"ئێمه‌ ده‌زانین هه‌ر سه‌رۆكێك بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رۆكێكی پراگامتیی بێ به‌زه‌یی وه‌ك ریچارد نیكسۆن یاخود لیندۆن جۆنسۆن-یش بێت، به‌یانێكی گشتی ئاوه‌های نه‌ده‌نوسی به‌بێ گوێدانه‌ پره‌نسیپه‌ چه‌سپاوه‌كانی ئه‌مریكا". ڕٍاسته‌ نه‌وت‌و فرۆشی چه‌ك‌و سه‌قامگیری هه‌رێمیی له‌ به‌رژه‌ندییه‌ نیشتیمانییه‌كانن، به‌ڵام پره‌نسیپ‌و بنه‌ماكانیش به‌هه‌مان شێوه‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشیتمانین، كه‌واته‌ چۆن بتوانین هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كاندا كۆبكه‌ینه‌وه‌؟
به‌داخه‌وه‌ ئێستا زۆربه‌ی ئه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنانه‌ی بۆ ئاكار‌و سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌ هاوچه‌رخه‌كانی ئه‌مریكا ده‌كرێت، هه‌ڕه‌مه‌كی‌و نا داڕێژراون، زۆربه‌ری مشتومڕه‌ به‌رده‌وامه‌كانیش زیاتر ده‌رباره‌ی كه‌سێتی تره‌مپه‌. بۆیه‌ كتێبه‌ نوێیه‌كه‌م به‌ ناونیشانی (ئایا ئاكار گرنگه‌؟)، كار له‌سه‌ر ڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌هه‌ڵه‌دا چوونه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ی ئاشكرا كردنی ئه‌و ڕاستییه‌ی، كه‌ هه‌ندێك له‌ هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی تره‌مپ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا له‌قۆناغی دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌مدا، هه‌ڵسوكه‌وتی تاك نین، هه‌روه‌ك  چۆن ڕۆژنامه‌ نوسێكی زرنگ جارێكیان پێی وتم: "تره‌مپ دانسقه‌ نیه‌، ئه‌و ته‌نها په‌رگیرێكه‌‌و هیچی تر".
  بابه‌ته‌ گرنگه‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ بنه‌ما ئاكارییه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كیی لای ئه‌مریكییه‌كان زۆر به‌ده‌گمه‌ن به‌ ڕوون‌و ئاشكرایی ده‌رده‌كه‌ون، بۆنمونه‌ كاتێك ئێمه‌ ستایشی لێدوانه‌كانی سه‌رۆكێكی وه‌ك ڕۆناڵد ڕه‌یگن ده‌كه‌ین، كه‌ به‌ڕوونی لایه‌نی ئاكاریی تێیدا ڕه‌نگی ده‌دایه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ له‌و بابه‌ته‌دا ته‌نها ده‌ربڕینی نیاز پاكیمان كردۆته‌ بنه‌مای هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كه‌مان، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتدا كه‌سانی وه‌ك، وودرۆ ویڵسن‌و جۆرج بۆش سه‌لماندیان نیازی باش به‌بێ بوونی ئامڕازی گونجاو بۆ جێبه‌جێكردنی له‌ كۆتاییدا ئه‌نجامی ئاكاریی خراپی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك ڕووداوه‌كانی په‌یمانی ڤێرسای دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی‌و داگیركردنی عێراق له‌لایه‌ن بۆشه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا ئه‌گه‌ر به‌ سانایی له‌ ڕێگه‌ی ئه‌نجامه‌كانه‌وه‌ حوكم له‌سه‌ر هه‌ر سه‌رۆكێك بده‌ین، ئه‌وا نمونه‌یه‌كی وه‌ك ئه‌وه‌ی ریچارد نیكسۆن ده‌هێنینه‌وه‌، كاتێك زۆرێك له‌ چاودێران كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگی ڤێتنام به‌ ئازایه‌تی ئه‌و ده‌زانن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وردتر بڕوانین، ئه‌و به‌و كاره‌ نزیكه‌ی 21 هه‌زار ئه‌مریكی كرده‌ قوربانی، ته‌نها بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی پشویه‌ك تا ئابڕووی خۆی بكڕێته‌وه‌، كه‌ له‌دواتریشدا ده‌ركه‌وت سه‌رله‌به‌ری كاره‌كه‌ ته‌نها وه‌ستانێكی كه‌م بووه‌ له‌سه‌ر ڕێگه‌ی شكست.
بۆیه‌ پێویسته‌ بیركردنه‌وه‌ ئاكارییه‌كان سێ دوری بن، واتا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ نیاز‌و ئاكام‌و ئامڕازه‌كان بكرێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانیش به‌هه‌مان پێودانگ بپێورێن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ پێویسته‌ سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كیی ئاكاریی پشتگوێ نه‌خرێت، بۆنمونه‌ پارێزگاری له‌و سستمه‌ دامه‌زراوه‌ییانه‌ بكرێت، كه‌ هانده‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ئاكارییه‌كانن، هاوكات ئه‌و لایه‌نه‌ له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانیشدا پێویسته‌ گرنگی پێبدرێت، وه‌ك یارمه‌تیی ڕاگه‌یاندنه‌كان بۆ گروپه‌ چه‌وساوه‌كان له‌ گشت جیهاندا. هه‌روه‌ها پێویسته‌ له‌ بڕیاره‌ توند‌و قورسه‌كانیشدا ئاكار ڕه‌چاو بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن سه‌رۆك هاری ترومان له‌ماوه‌ی جه‌نگی كۆریادا، سزا ناوخۆییه‌كانی قبول كرد، له‌بری ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی ئامۆژگارییه‌كانی ژه‌نه‌ڕاڵ دۆگڵاس ماك ئارسه‌ر بێت، ده‌رباره‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆم. كه‌واته‌ وته‌كه‌ی شیرلۆك هۆڵمز ڕاسته‌ كاتێك ده‌ڵێت: ده‌توانین زۆر له‌و سه‌گه‌وه‌ فێر ببین، كه‌ ناوه‌ڕێت.
له‌ ڕاستیدا ناتوانین بڵێین ئاكار هیچ ڕۆڵێكی له‌ سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كانی داهاتودا نابێت، كه‌واته‌ پێویسته‌ بزانین چۆن باشتر بیركردنه‌وه‌ی ئاكاریی به‌كار بهێنین بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی سیاسه‌ته‌ ده‌ره‌كییه‌كان.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure