هەوڵە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی ئێران لەژێر سێبەری ڤایرۆسی کۆرۆناو قەیرانی ئابووریدا

14/06/2020

:: بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سەرچاوە: ناوەندی سادات بۆ توێژینەوەی سیاسی
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەورەس غەریب


سەرباری ئاستەنگ و ئاڵنگارییە قورسەکان بەهۆی قەیرانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەروەها داتەپینی سێکتەری ئابوورییەوە، بەڵام ئێران بەردەوامە لە بەرهەمهێنانی بڕی زیاتری یۆرانیۆم و پەرەدان بە پڕۆگرامە موشەکی و کەشتییە ئاسمانییەکانی و، هەروەها  چالاکییەکانی لە سوریا. هێشتاش ئێران بڕیاری دانپیدانانی بەریەککەوتنی کەشتییە جەنگییەکانیانی لەگەڵ ئەمریکا نەداوە لە کەنداودا. تاران دەترسێت لە نیشاندانی هەر نیشانەیەکی لاوازی؛ ڕژێمی ئیسلامی بخاتە مەترسییەوە، بەتایبەتیش لەکاتێکدا کە دەنگی ناڕەزایی لەناودانیشتوانی ئاسایی ئێراندا لە هەڵکشانی زیاتردایە. سەرەرای ئەمەش؛ ئێران بەردەوامە لەهەوڵەکانی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی. .
لە مانگی تەمموزی ٢٠١٩دا، ئێران بڕیاریدا لە ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکەی تەمموزی ساڵی ٢٠١٥؛ بکشێتەوە. بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی ( واتە ٣ی ئازاری ٢٠٢٠) ی ( ئاژانسی ووزی ئەتۆمی نیودەوڵەتی) تیایدا ئەم پێشێلکارییە یاسایانەی خوارەوەی کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە سەبارەت بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم.  پێشێلکارییەکان بریتین لە: 
• ئێڕان بەڵێنی کەمکردنەوەی ( (centrifugeژمارەی ئامێرەکانی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی دا  بۆ ٥،٠٦٠ IR1 یەکە لە کێڵگەی بەرهەمهێنانی ناتانز و هەروەها کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بە ڕێژەی ٣.٦٧٪. بەڵام، لەمانگی تەمموزی ٢٠١٩دا ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەشتە ٤.٥٪. 
• بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە پێویستە 'دامەزراوەی بەرهەمێنانی ئەتۆمی ژێرزەوی فۆردۆو' کە ٢.٧١٠ ئامێری بەرهەمهێنانی( (centrifuge IR1 لە خۆدەگرێت و لە نێویشییاندا ٦٩٦ ئامێری (centrifuge چالاکی بەرهەمینانی یۆرانیۆم؛ بگۆڕدرێت بۆ " ناوەندی توێژینەوەی ئەتۆمی، فیزیایی و تەکنۆلۆژی" و هەروەها ١.٠٤٤ ئامێری ( (centrifuge بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە بۆڕی UF6 کەمبکرێتەوە ( UF6 یان یۆرانیۆمی هێکسافلۆرید، کە پێکهاتەیەکی یۆرانیۆمی فلۆرینە و لە دۆخی گازییەوە دەکرێتە ئامێرەکانەوە بەمەبەستی بەرهەمهێنان). سەرباری ئەمەش، ٣٤٨ ئامێری ( (centrifuge بەکارنەهێنراو لە بەرهەمهێنانی یۆرۆنایۆمدا بەکارهێنراون بەمەبستی جیاکاردنەوەی ماددە جۆربەجۆرەکان بۆ بەکارهێنانەوەیان لە بوارەکانی پزیشکی، کشتوکاڵی، پیشەسازی، لەکاتێکدا پاشماوەی ئامێرەکانی تر دەگوازرێنەوە بۆ کۆگایەک لە کێڵگەی ناتانز. سەرباری ئەمانەش، لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا، بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم لە کێڵگەی فۆردۆو بەخستنەگەڕی ١،٠٤٤ ئامێری بەرهەمهێنانەوە، نوێ کرایەوە. تیایدا ئەو ئامێرانەیان لە خۆدەگرت کە بەکاردێن بۆ جیاکردنەوەی ماددە جۆربەجۆرەکان. 
• بەگوێرەی ڕێککەوتننامەکە بڕی ڕێگەپێدراوی یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو لەلایەن ئێرانەوە بریتییەلە ٣.٦٧٪ و کە دەکاتە ٣٠٠کیلۆگرام لە جۆری UF6 ( تیایدا ڕێژەی یۆرانیۆمەکەی دەکاتە ٢٠٢،٨ کیلۆگرام). بەڵام لە ١٩ی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا؛ بڕی یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی ناتانز و فۆردۆودا بە ١،٠٢.٩ کیلۆگرام خەمڵێندرا، یان پێنج هێندە زیاتر لەو برەی کە ڕێگەی پێدراوە. پێکهاتەکەی بریتی بوو لە ٨٠٦.٣ کیلۆگرام یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو و کە ئەمەش دەکاتە ٤.٥٪، لەکاتێکدا ٢١٤.٦ کیلۆگرامی بەرهەمهێنراو دەکاتە ٣.٦٧٪. 
• لە ٧ی سێپتێمبەری ٢٠١٩دا، ئێران پێشێلی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئامێری بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمەی کرد کە ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو. بەپێچەوانەی ڕێککەوتنەکەوە، ئێران یۆرانیۆم بەرهەم دەهێنێت بەبەکارهێنانی نزیکەی ٤٠٠ ئامێری پێشکەوتوی لە جۆرەکانی  (IR2m, IR4 and IR6) . توانای بەرهەمهێنانی IR6 هەشت جار زیاترە لە IR1. 
لە دوایین ڕاپۆرتی ( ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی) دا هاتووە کە ئاژانسەکە بەردەوامە لەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێراندا بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی ووردی ئاژانسی ووزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە سەرچاوە سروشتییەکانی یۆرانیۆمی؛ کە ئێرانییەکان کاری وەبەرهێنانیان تێدا دەکەن؛ هەرچەندە هێشتا لەلایەن ئێرانییەکانەوە پشتڕاست نەکراوەتەوە بۆ ئاژانسی ووزەی نێودەوڵەتی ئەتۆمی. کێڵگەی بەرهەمهێنانی یۆرانۆمییەکەش دەکەوێتە شارۆچکەی تورکزئابادی سەر بە شاری تاران، ئەمەش لەلایەن بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارەکەیدا لەبەردەم ئەجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ٢٧ی ئەیلولی ٢٠١٨دا؛ ئاشکرا کرا. بە گوێرەی هەواڵێکی (بی بی سی) کە لە بەرواری ٣ی ئازاردا بڵاوکراوەتەوە؛ تیایدا هاتووە کە (ئاژانسی ووزەی نیودەوڵەتی ئەتۆمی جیهانی) دۆکیۆمێنتێکی بۆ ژمارەیەک ئەندامی ویلایەتەکان ناردووە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئێران ڕەتیکردوەتەوە ڕێگەبدات بە پشکنینی سێ شوێنە نەزانراوەکەی تریش. بەگوێرەی زانیارییەکانی دۆکیۆمێنتەکە، پشکنەرەکان دەکۆڵنەوە لەوەی ئایا یۆرانیۆمی سروشتی لە هیچ جێگایەک لەو شوێنانەدا بەکارهاتوە. هەروەها، ئاژانسی ووزەی نیودەوڵەتی ئەتۆمی جیهانی ڕایگەیاندوە لە جێگایەکی دیکەی کێڵگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم چەند هەوڵێک لە کاردایە بەمەبەستی " هەماهەنگی لەگەڵ ئەو هەوڵانەی دەدرێت بۆ پشکنینی بەشێکی ناوچەکە. "
پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە ئەتۆمییەکە لەلایەن ئێرانەوە- بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم بۆ ڕێژەی ٤.٥٪ و هەروەها بەدەستهێنانی ٣٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی جۆری UF6- لە ئێستادا ڕەهەندێکی سەربازی لە خۆ ناگرێت، چونکە ڕێژەی بەرهەمهێنراوی یۆرنایۆمەکە کەمترە لە ٥٪ و ئەمەش بەکاردێت سوتەمەنی یۆرانیۆم بۆ بەکاربردنی ووزە و ناکارێت بەکاربێت وەک چەکی ئەتۆمی ( کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمەکە پێویستە بەلایەنی کەمەوە لە ٩٠٪ بێت). دەسەڵاتدارانی ئێران ئاشکرایان کردووە کە مەبەست لەو پێشێلکارییانە فشارخستنەسەر یەکێتی ئەوروپایە بەمەبەستی کەمکردنەوەی قەبارەی ئابڵوقەکانی سەر ئێرانە لەلایەن ئەمریکاوە. 
لەگەڵ ئەوەشدا، بایەخی سەرەکی دەربارەی توانای ئێران لە داهاتوودا بۆ بەرهەمهێنای چەکی ئەتۆمی بریتییە لە دروستکردنی ئامێرە پێشکەوتووەکانی بەرهەمهێنانی ئەتۆمی؛ کە ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە پەرەدانیان. وتەبێژی ڕێکخاروی ووزەی ئەتۆمی ئێرانی بەهرۆز کەمال مەندی لە ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ دا لە کێڵگەی فۆردۆو لە کۆنفرانسێکدا ڕایگەیاندا " بەلەبەرچاوگرتنی پێویستییەکانمان و دامەزراوەکنامان... ئێمە لەتواناماندا هەیە بە ڕێژەی لە ٥٪، ٢٠٪ و هەروەها ٦٠٪ یان هەر برێکی دیکەی پێویست یۆرانیۆم بەرهەم بهێنین." 
هەروەها، لە ٢٧ی ئازاردا کەمالوەندی ڕایگەیاند لە ئاهەنگی رۆژی نەتەوەیی تەکنۆلۆژیایی ئەتۆمیدا کە دەکاتە بەرواری ٨ی ئازار؛ تیایدا ڕێکخراوەکەی بەرهەمهێنانی ئامێرێکی نوێی دیکەی پێشکەوتوو ئاشکرا دەکات. ( ئەم ئاهەنگە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخرا.) ئەوەشی ئاشکرا کرد " هەندێک لە ئامێرە پێشکەوتوەکانی ئێران گەشتونەتە ئاستێک کە دەتوانین بەرهەمهینانی تێدا بکەین.. هەروەها لە ڕۆژێکدا دەتوانرێت ٦٠ دانە بەرهەم بهێنرێت." تەنانەت ئاماژەی بەوەش کرد کە،" ئاستی بەرهەمهێنان گەشتوەتە سەروی ٢٥٠٠٠٠ SWU (separative work units) و بەتەواوی بەرهەمهێنراوە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە بگەینە یەک ملیۆن SWU. بڕی پێویستی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی سرووشتی( بەنزیکەیی پێکدێت لە ٠.٧٪ ی یۆرانیۆمی-٢٣٥، یۆرانیۆمی فیسلی ئایزۆتۆپ) بەبڕی ٢٠کیلۆگرامی یۆرانیۆمی بەرهەمهێنراو بۆ بەلایەنی کەمەوە لە ٪٩٠ دەکاتە ٥٠٠٠ SWU، ئێران نزیکە لەبەدەستهێنانی بڕی یۆرانیۆمی پێویستەوە بۆ بەکارهێنانی وەک ماددەیەکی فیسڵ بۆ یەکەم بۆمبی ئەتۆمی خۆی. 
لە ٢٢ی نیساندا، سەبارەت بە  پرۆگرامە موشەکیی و ئاسمانییەکانی  ئێران؛ هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تاقیکردنەوەی هەڵدانی مانگی دەستکردی سەربازی نوور١؛ وەک یەکەم مانگی دەستکردی سەربازی ئێرانی بەسەرکەوتوویی، ڕاگەیاند. بەگوێرەی سوپای پاسداران، (نوور١) مانگێکی دەستکردی وێنەگرتنە و لەماوەی ٩٠ خولەکدا بەدەوری زەویدا دەخولێتەوە و تیایدا ٤٢٥-کیلۆمەتر دەبڕێت. ئەمەش دوای چەند هەوڵێکی شکستخواردوو دێت لەلایەن ئێرانەوە بۆ ناردننی مانگی دەستکرد بۆ سەر مانگ. 
مانگە دەستکردەکە بەبەکارهێانی سێ بنکەی موشەک هاوێشتن کە نازناوی قەسید واتە ( پەیامبەر)ی لێنرابوو؛ئاڕاستەی سەر مانگ کرا. یەکەم بنکە پشتئەستوور بوو بەموشەکێک کە سووتەمەنییەکەی بریتی بوو لە گازی شلی، دوو بنکەکەی تریش لەلایەن پاڵنەری گازی ماددەی ڕەقییەوە سوتەمەنی دابینکرابوو. ماددەی گازی ڕەقی پڵپشتی سەرەکییە لە بەرەوەپێشبردنی ئاستی تەکنۆلۆژیایی مووشەکیی ئێرانیدا. 
لەکاتێکدا، تاران جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەڵدانی مانگەدەستەکردەکە بەشێک بووە لە پڕۆگرامێکی توێژینەوەیی ئاسمانی مەدەنیی و لێکۆڵینەوە، بەڵام شارەزایانی سەربازیی ئەمریکا نیگەرانی خۆیان نیشاندا و ڕایگەیاند کە مەبەست لە پڕۆگرامەکە بریتییە لە پەرەدان بە موشەکە بالیستییە کیشوەربڕەکان کە ڕەنگە ببێتە هۆی هەڕەشە بۆسەر ئەمریکا و هەروەها لەگەڵ مەترسییەکانی هەبونی چەکی کڵاوەی ئەتۆمییەوە. سەرباری ئەمانەش، موشەکە بالیستییە ئێرانییەکان بەشێوەیەک گەشەیان پێدراوە کە دەتوانن ٢٠٠٠کم ببڕن، ئەمەش مەترسییە بۆسەر ئیسرائیل.  
لە ٢٩ی ئازاردا، ئێران ڕۆژی نەتەوەیی کەنداوی فارسی دیاریکرد. ژمارەیەک ڕووداو لە نێوان کەشتی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا و کەشتی هێزە سەربازییە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەکەنداودا ڕوویاندا؛ کە ئێران بەگرنگترین ڕووداو لەقەڵەمی دا؛ هەر لەسەردەمی دەسەڵاتی شاوە تا ئەمڕۆ. سەرەرای ئەمەش؛ دوای ئەوەی لە ٣ی کانوونی دووەمدا قاسم سولەیمانی کوژرا، ئێران زیاتر لە  ١٥هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا لە عێڕاق ئەنجامدا. 
هەروەها تاران بەردەوامە لە کردە سەربازییەکانی و بەرگری لە پێگەی خۆی لە سوریا. سەرەڕای لێدوانەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی ئەمنی ئیسرائیل کە ڕایانگەیاند بەهۆی چالاکییە سەربازییەکانی هێزی بەرگری ئیسرائیلەوە؛ تاران بووە بەهێزێک نەک هیچ سودێکی بە حکومەتی دیمەشق نەگەیاندووە بەڵکو بوە بەمایەی زیان بۆ بەبەرژەوەندییەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا، هێزە میلیشییا شیعییەکانی سەر بە ئێران بەتایبەتیش حیزبوڵڵا؛ بەردەوامییان بە ئۆپەراسیۆنەکانیان لە بەرزاییەکانی جۆڵان داوە.  
بارودۆخی گشتی ئێران شڵەژاوە و سەقامیگیریی لەمترسیدایە، خەڵکی ئێرن بڕوایان بە رژێمی وڵات لەدەست داوە- بەتایبەتی لە ئێستادا کە ڤیرۆسی کۆرۆنا زیانێکی زۆری مرۆیی و ماددی بەو وڵاتە گەیاندووە. خەڵکی ( هاوشێوەی هەر کەسێکی تر لەسەرتاسەری جیهان) گومانیان هەیە لە ئاماری قوربانییەکان لەلایەن دامودەزگا فەڕمییەکانەوە. تاساتی نووسینی ئەم بابەتە، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتڕاستی کردوەتەوە کە نزیکەی ١١٠،٠٠٠حاڵەتی توشبوی کۆرۆنا بوونی هەیە و هەروەها نزیکەی ٦،٨٠٠کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، بەڵام ژمارە درووستەکان زۆر زیاتر لەوە دەخەمڵنێرێن. ئەم بێ متمانەییەش لەبەرانبەر دەسەڵاتدارە ئێرانییەکانەوە زیادی کرد؛ کاتێک ڕاپۆرتی ناڕاستییان دەربارەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرە ئۆکرانییەکە خستە ڕوو ، کە  لە ٨ی کانونی یەکەمدا لە تاران کەوتە خوارەوە ( تیایدا زۆربەی سەرنشینەکانی هەڵگری ڕەگەزنامەی ئێرانی یان خەڵکی بەنەتەوە ئێرانی بوون).  
هەرچەندە، لەساڵی ٢٠١٨ دا ئابووری ئێران بەهۆی ئابڵوقەکانی ئەمریکاوە دووچاری داڕوخان بوو، بەڵام بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبەهۆی داڕوخانی زیاتری ئابووری ئێران. لە ڕاستیدا، ( بەهای دراوی ئێرانی) بۆ ئاستێکی چاوەڕواننەکراوە دابەزیوە و، هەروەها شەقامی ئێرانی دەنگی ناڕەزایی و توڕەیی خۆی دەربڕی کاتێک ئاشکرا بوو کە ڕژێمی وڵاتەکە بڕێکی زۆر پارەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە سوریا خەرجکردووە. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی ( شەرقولئەوسەت) لە بەرواری ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠دا تیایدا دەڵێت؛ حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران، ئاماژەی بەوەکردووە کە بڕی ئەو زیانەی بەر ئابووری ئێران کەوتوە لەئەنجامی ئابڵوقەکاندا لە کۆتایی ٢٠١٩دا، گەشتوەتە ٢٠٠ملیار دۆلار. لەساڵی ١٩٦٥دا، زولفیکار عەلی بوتۆۆ وەزیری دەرەوەی پاکستان؛ لەوەڵامی گەشەسەندنەکانی چەکی ئەتۆمی هندستاندا ڕایگەیاندا: " گەر ئێمە گەڵای درەخت و گیامان خواردبێت، یان تەنانەت لەبرسا مردبێتین؛ ئەوا بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم دەهێنین." لەڕاستیشدا، لەساڵی ١٩٧٢دا لە سەرەتای ماوەی سەرۆکایەتییەکەیدا وەک سەرۆکی پاکستان؛ زولفیکار عەلی بۆتۆ پرۆژەی چەکی ئەتۆمی وڵاتەکەی خستە بواری جێبەجێکردنەوە. 
  دیارنییە ئایا هاوڵاتیانی ئێران ئامادەن گەڵای درەخت بخۆن تا خەونی ڕژێمی وڵاتەکەیان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی ئێرانی بەدیبهێنن. هەرچەندە ئامانجی کەسایەتییە ئایینییەکان بۆ ئەوەی ببنە هێزێکی هەرێمی کە کۆنتڕۆڵی شیعە ئیسلامییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بکات؛ هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام ڕژێمی وڵاتەکە بەردەوامە لەهەوڵەکانی تا پێگەیەکی بەهێز بۆخۆی بەدەست بهێنێت. ئامانجەکە بریتییە لەوەی نیشانی جیهانی بدات کە ئێران خۆی ڕادەستی ئەمریکا ناکات لە هیچ ڕوویەکەوە، نە لە ڕووی پڕۆگرامە ئەتۆمیی و ئاسمانییەکانیەوە، نە لە ڕووی سەربازیشەوە. هەروەها لەهەوڵی پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکدایە بەمەبستی بە ( بەهێز) نیشاندانی ڕژێمەکە لەبەردەم خەڵکی توڕە و خاوەن دەنگی ناڕەزایی ئێرانیدا، چونکە دەترسێت نیشانەکانی لاوازی حکومەتەکەی سەربکێشێت بۆ کۆتاییهێنان بەدەسەڵاتەکەی. لەگەڵ ئەمەشدا، هەوڵەکانی ئێران بە پەرەدانی زیاتر بە لایەنی ئاسایش و سەربازی بەپشتبەستن بە سەرچاوەی دارایی نەتەوەیی ئێران؛ ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی بەرەیەکی ناڕەزایی دژی حکوومەت. 

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure