::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: پرۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی:سیگمار گه‌یبڕێلا
گه‌شته جیهانییه نوێیه‌كه‌ی ئه‌م هه‌شتا ڕۆژه‌ی داهاتوو، ته‌نها سه‌ركێشییه‌ك نابێت، وه‌ك چیرۆكی ڕۆمانه‌كه‌ی (جوڵس ڤێڕن) ده‌رباره‌ی گه‌شتێكی هه‌شتا ڕۆژی به جیهاندا، به‌ڵكو له سه‌ركێشیش گرانتر ده‌بێت. ڕووداوی ئه‌وتۆش له‌خۆده‌گرێت، كه لێكه‌وته‌ی جیهانی‌و مێژوویی هه‌یه.
له ماوه‌ی كه‌متر له سێ مانگی داهاتوودا، په‌نجاو نۆهه‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، كه هه‌ر چوار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت. به‌وپێیه‌شی ئه‌مریكا هێشتا به‌هێزترین وڵاته له ڕووی ئابووری‌و سه‌ربازییه‌وه له چاو هه‌ردوو كێبڕكێكاره‌كه‌ی (ڕووسیا‌و چین)دا، بۆیه هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌شی له‌سه‌ر ئاستی جیهان گرنگییه‌كی گه‌وره‌ی هه‌یه. به‌ڵام هیچ هه‌ڵبژاردنێكی پیشووی ئه‌و وڵاته، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌م جاره بۆ وڵاتانی دیكه‌ی جیهان هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌هێز نه‌بووه.
گومانی تێدا نیه، كه دووباره هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی تره‌مپ به سه‌رۆك، ئه‌مریكا‌و جیهان-یش دووچاری مه‌ترسییه‌كی گه‌وره ده‌كاته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، هۆكارێكی لۆژیكیش هه‌یه، بۆ ترس له‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ده‌كرێت ئه‌مریكا به‌ره‌و قه‌یرانێكی ده‌ستوری قوڵ‌و درێژ خایه‌ن به‌رێت، ڕه‌نگه به‌ره‌و توندوتیژی مه‌ده‌نیش.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئه‌گه‌ر تره‌مپ ته‌نها ده‌نگی ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت‌و له ده‌نگدانه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌دا بدۆڕێت (وه‌ك ئه‌وه‌ی ساڵی 2016)، ئه‌وا پێناچێت جۆ بایدنی ڕكابه‌ری، یاخود زۆرینه‌ی ئه‌مریكییه نه‌یاره‌كانی ئه‌و ئه‌نجامه قبوڵ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیلاری كلینتۆن له ساڵی 2016دا قبوڵی كرد، یاخود ئه‌وه‌ی (ئاڵ گۆڕ) له‌به‌رامبه‌ر جۆرج بوش‌دا له 2000دا، قبوڵی كرد. ئه‌گه‌ر دادگای باڵا جارێكی دیكه بۆ هه‌ڵبژاردنی كاندیدی براوه ده‌ستوه‌ردان بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌نجامیدا له كاتی هه‌ڵبژاردنی جۆرج ده‌بلیوو بوش له بری ئاڵ گۆڕ، ئه‌وا به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی ناڕه‌زاییه جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌سه‌ر ئاستی وڵات هه‌یه. له‌وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا به‌دڵنییایه‌وه تره‌مپ هێزه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسا فیدڕاڵییه‌كانی ئه‌مریكا ده‌ستكراوه ده‌كات، وه‌ك ئه‌و كاره‌ی له پۆرتلاند‌و شاره‌كانی دیكه ئه‌نجامیدا.
به‌و پێیه‌شی بایدن به‌رده‌وام له ڕاپرسییه‌كاندا له پێش تره‌مپه‌وه‌یه، بۆیه له‌بری ئه‌وه تره‌مپ هه‌وڵده‌دات قه‌یرانی په‌تای كۆڤید-19، وه‌ك ئامڕازێك بۆ دواخستن، یا تێكدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌كار بهێنێت. له‌ڕاستدا ئه‌م هاوینه‌ی له هه‌وڵی شێواندنی دروستیی ئه‌و كارتانه‌ی ده‌نگداندا برده‌سه‌ر، كه له‌ڕێگه‌ی پۆسته‌وه ڕه‌وانه‌ی هاووڵاتییان ده‌كرێن، به‌و مه‌به‌سته‌ی شه‌رعیه‌ت له‌و ده‌نگدانه‌ی بڕیاره له 3/تشرینی دووه‌مدا ئه‌نجامبدرێت، دابماڵێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌و ڕێكارانه‌ی تره‌مپ ڕووبه‌ڕووی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توند بۆوه، به‌ڵام ئه‌و سه‌رۆكه به‌ده‌ر له ئه‌نجامه‌كانی ده‌نگدان، ڕێخۆشكه‌ری بۆ خڕكردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی‌و خۆچه‌سپاندن له كۆشكی سپی ده‌كات.
ده‌كرێت كرده تێكده‌رانه‌و تاڵانكارییه‌كانی، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م دواییه‌دا له شاره‌كانی پۆرتلاند‌و شیكاگۆ ڕوویاندا، له ڕووی سیاسییه‌وه یارمه‌تی تره‌مپ بده‌ن له گرتنه‌به‌ری ئه‌و ستراتیجییه‌دا. شایه‌نی باسه ئه‌و به‌كرداری ئاماده‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆ بوو له ناو شاری پۆرتلانددا، به‌مه‌به‌ستی ترساندنی چه‌ند گروپێكی بچوكی خۆپشانده‌ران (كه زۆربه‌ی جار ئاشتیخوازن)، ئه‌نجامی چاوه‌ڕوانكراو(ڕه‌نگه خوازراویش) فراوانبوونی ناڕه‌زاییه‌كان‌و هه‌ڵكشانی توندوتیژی بوو. له‌ڕاستیدا په‌یامه‌كه‌ی تره‌مپ بۆ دانیشتوانه سپی پێسته گوندنشینه‌كه له چینی ناوه‌ند ڕوون بوو: لێره سه‌رۆكێك هه‌یه، پارێزگاری له یاسا‌و سستم ده‌كات.
هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی هێزه فیدڕاڵییه‌كان بۆ تۆقاندنی دانیشتوان پاڵپشتی ئه‌و بۆچوونه‌ی تره‌مپه، كه پێی وایه به‌بێ ئه‌نجامدانی ساخته‌كاری له‌لایه‌ن ڕكابه‌ره‌كانییه‌وه، ناكرێت هه‌ڵبژاردنێكی ڕوون‌و ئارام به‌ڕێوه‌بچێت. له‌ڕاستیدا وێنه‌ی ئه‌و گروپه چه‌كداره ڕاستڕه‌وانه‌ی له خۆپشاندانه ئاشتیخوازه‌كاندا ده‌رده‌كه‌ون، ئاماژه‌یه بۆ ئه‌و دۆخه‌ی له‌م پایزه‌دا چاوه‌ڕوانی وڵات ده‌كات.
ڕه‌نگه ئه‌م شێوه‌یه‌ی ئێستای ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه په‌رتبوونه ناوخۆییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر په‌لیكێشاوه‌ته نێو سیاسه‌ته ده‌ره‌كییه‌كه‌یه‌وه، ئه‌مڕۆ بۆ وڵاتانی دیكه‌ی جیهان گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌منی بێت. له‌و كاته‌شی هه‌ڕه‌شه جیهانییه‌كان له زیادبوونی به‌رده‌وامدان -هه‌ر له بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكان‌و گۆڕانی كه‌ش‌و هه‌واوه بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌تۆم‌و هه‌ڵسوكه‌وته شه‌ڕانگێزه‌كانی چین‌و ڕووسیا- ڕه‌نگه داڕمانی سیاسی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هه‌ڕه‌شه گه‌وره‌كه‌ی كۆتایی بێت. به سانایی ئه‌مریكا له‌ڕووی ئابووری‌و سیاسی‌و سه‌ربازییه‌وه له‌وه گرنگتره، كه به‌هۆی گه‌مه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له نێو بازنه‌ی ته‌سكی هه‌ڵبژاردنه ناوخۆییه‌كاندا، ماوه‌یه‌ك پشوو بدات، یاخود له‌وه خراپتر، به‌جۆرێك تێكبچێت چیتر له ناكۆكییه جیهانییه‌كاندا پشتی پێنه‌به‌سترێت.
ته‌نها هیوا له‌وه‌دایه له ده‌سته‌ی هه‌ڵبژاردن‌و ده‌نگدانی جه‌ماوه‌ریشدا كاندیدێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ده‌ربچێت. به‌ڵام ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌شدا، جیاكردنه‌وه‌ی كۆتایی ده‌نگه‌كان هه‌ندێك كاتی پێویسته، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر ئه‌و زیادبوونه چاوه‌ڕوانكراوه‌ی له ڕێژه‌ی ده‌نگدانی ئه‌لیكترۆنییدا ڕووده‌دات. هه‌ر كارتێكی ده‌نگدانیش مۆری به ڕێكه‌وتی 2، یا 3/تشرینی دووه‌م (به‌پێی ویلایه‌ته‌كه) پێوه‌بێت ئه‌وا به كارتێكی دروست داده‌نرێت، واتا ئه‌نجامی كۆتایی تا ڕۆژێك دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان نازانرێت. له‌و ماوه‌ی دڵنیانه‌بوونه‌شدا، یه‌كێك له دوو لایه‌نه‌كه، یاخود هه‌ردووكیان به‌پشت به‌ستن به ژماره‌ی ده‌نگه‌كانی ئێستا هه‌وڵی ڕاگه‌یاندنی سه‌ركه‌وتنی خۆیان ده‌ده‌ن.
له گشت حاڵه‌ته‌كاندا، پێویست ناكات تره‌مپ چه‌ند ڕۆژێك یاخود هه‌فته‌یه‌ك له نوسینگه هێلكه‌ییه‌كه‌یدا چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی كۆتایی بێت. له چاوپێكه‌وتنه‌كانی ئه‌م دواییانه‌شیدا، چه‌ند لێدوانێكی ناڕوونی داوه، كه ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان بدۆڕێنێت كۆشكی سپی جێناهێڵێت. له ڕاستیدا پێده‌چێت چالاكانه خۆی بۆ سیناریۆی له‌و جۆره ئاماده بكات. ئه‌گه‌ر واشبێت، ئه‌وا زلهێزی پێشه‌نگ له جیهاندا ڕووبه‌ڕووی قه‌یرانێكی ده‌ستوری درێژخایه‌ن ده‌بێته‌وه، كه ڕه‌نگه زۆر ئاڵۆزیش بێت.
له‌ڕاستیدا هاوپه‌یمانێتییه كۆنه‌كه‌ی وڵاته پیشه‌سازی‌و دیموكراتییه‌كانی خۆرئاوا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا چه‌ندین هه‌ڵه‌ی ئه‌نجامداوه، ئه‌مه‌ش قورساییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كه‌یی وێران كردووه. به‌ڵام بۆ سه‌رنجڕاكێشیی خۆرئاوا هیچ دامه‌زراوه‌یه‌ك له هه‌ڵبژاردنێكی ئازاد‌و دروست گرنگتر نیه. بۆیه ئه‌گه‌ر سه‌ركرده كردارییه‌كه‌ی پێشووی خۆرئاوا نه‌توانێن پابه‌ندی ئه‌و بنه‌مایه بێت، ئه‌وا وڵاتانی دیكه‌ی جیهان سستمی سیاسی دیكه هه‌ڵده‌بژێرن.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن