::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: پرۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: یون یون ئانگ
هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی دیپلۆماسی له‌وه‌ی نێوان ئه‌مریكا‌و چین گرنگتر به‌دیناكرێت، كه به‌ته‌نها كاریگه‌ری به‌سه‌ر ئه‌و دوو وڵاته‌وه نیه، به‌ڵكو كاریگه‌ره به‌سه‌ر گشت مرۆڤایه‌تییه‌وه. ئێستاش ئاینده‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه به‌نده به‌وه‌ی له ساڵانی داهاتوودا كێ هه‌ر یه‌ك له‌و دوو وڵاته به‌ڕێوه ده‌بات.
له ئه‌مریكا ته‌نها دوو مانگ ماوه بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ش ئاڵۆز نه‌بێت، ئه‌وا له 20/كانونی دووه‌م/2021دا، یا سه‌رۆكی ئێستای سه‌ر به پارتی كۆماری دۆناڵد تره‌مپ، یاخود كێبڕكێكاره‌كه‌ی له پارتی دیموكراتییه‌كان جۆ بایدن سوێندی ده‌ستوری ده‌خوات. چین-یش واچاوه‌ڕوان ده‌كرێت، كه شی جین پینگ تا كاتێكی نادیار پارێزگاری له جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات بكات. به‌ڵام گه‌رچی ڕوودانی گۆڕانكاری له سه‌ركردایه‌تی باڵای چیندا ئه‌گه‌رێكی دووره، به‌ڵام كارێكی مه‌حاڵ نیه، به‌م پێیه‌ش پێویسته ده‌رباره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی چین-ئه‌مریكا بیر له چه‌ند سیناریۆیه‌كی لێكجودای پێشبینی كرا‌و بكه‌ینه‌وه.
یه‌كه‌م، با وایدابنێین بایدن هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بردۆته‌وه‌و چین-یش بۆ ماوه‌یه‌كی دوور له‌ژێر سه‌ركردایه‌تی شی جین پینگدا ده‌مێنێته‌وه. له لێدوانێكدا، كه گۆڤاری فوڕین ئه‌فێرس له‌مساڵدا بڵاویكردۆته‌وه، بایدن به‌ڵینی داوه، كه كاری له‌پێشینه‌ی له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا، گێڕانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتییه دیموكراتییه‌كان‌و سه‌ركردایه‌تییه جیهانییه‌كه‌ی ئه‌مریكا بێت. ئه‌و كاندیده ده‌یه‌وێت وه‌به‌رهێنان له ژێرخانی بنه‌ڕه‌تی، فێركردن، توێژینه‌وه‌و په‌ره‌سه‌ندندا ئه‌نجام بدات. له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی بایدندا ده‌كرێت مرۆڤ پێشبینی كه‌مترین بڕی دراما‌و گوتاری زبر دژی چین بكات.
به‌ڵام ڕێكاره یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كان دژی سیاسه‌ته ده‌ره‌كی‌و پیشه‌سازییه‌كانی چین هه‌ر له‌به‌ر باس‌دا ده‌مێنێته‌وه. هاوكات ته‌نها به دووباره پابه‌ندبوونه‌وه‌ی ئه‌مریكا به به‌رگریكردن له سستمی لیبڕاڵی جیهانییه‌وه، هه‌وڵی سه‌ركرده‌كانی چین بۆ به‌ده‌ستهێنانی سه‌ركردایه‌تی جیهانی لاواز ده‌بێت. ئه‌گه‌ر ئه‌جێنداكه‌ی بایدن-یش جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا ئه‌مریكا ئارامتر ده‌بێت، هاوكات كه‌متریش له هه‌ڵكشانی چین دوودڵ ده‌بێت.
له سیناریۆی دووه‌مدا، تره‌مپ سه‌ركه‌وتنێكی له ناكاوی دیكه به‌ده‌ست ده‌هێنێته‌وه، ئه‌مه‌ش لێكه‌وته‌ی قوڵی بۆسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا-چین ده‌بێت. له‌و كاته‌ی سه‌ركه‌وتنه شڵه‌ژێنه‌ر‌و پێشبینی نه‌كراوه‌كه‌ی ساڵی 2016ی تره‌مپ به‌شێوه‌یه‌كی فراوان وه‌ك گره‌وی به‌خت ته‌ماشای ده‌كرا، ئه‌وا به‌دڵنییاییه‌وه ده‌بێت بردنه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م، وه‌ك پاڵپشتییه‌كی كرداری بۆ هزره نه‌ته‌وه‌ییه دیماگۆجییه‌كه‌ی‌و ڕقی ئه‌و سه‌رۆكه له بیانییه‌كان سه‌یر بكرێت. له وڵاتێكی نائارام‌و زۆر په‌رتبوودا، دژایه‌تی چین تاكه پرسه، كه ئه‌ندامانی پارته په‌رتبووه‌كان ده‌توانن بیگرنه‌به‌ر. له‌گه‌ڵ هه‌شت ساڵ فه‌رمانڕه‌وایی كردنی تره‌مپ-یشدا، ئه‌و زیانانه‌ی به‌ر پێگه جیهانییه‌كه‌ی ئه‌مریكا ده‌كه‌وێت درێژخایه‌ن ده‌بێت، ئه‌گه‌ر هه‌میشه‌یش نه‌بن.
ڕاسته ڕه‌نگه چاودێری گه‌شبین پێی وابێت، تره‌مپ دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی ڕووده‌كاته كاڵكردنه‌وه‌ی هه‌ڵوێسته‌كانی‌و له‌بری هه‌ڵگیرسانی ئاگری دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ چیندا، جه‌خت له‌سه‌ر به‌ستنی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌دا ده‌كاته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر چوار ساڵی ڕابردوو ته‌نها شتێكی بۆ خستبینه‌ڕوو ئه‌وه‌یه، كه گه‌مه‌كانی تره‌مپ ته‌نها بۆ ڕاگرتنی دڵی جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تی، ئه‌وانه‌ی به‌بانگه‌وازه هه‌ست بزوێنه‌ره‌كانی كاریگه‌ر ده‌بن، نه‌ك به تاوتوێكردن‌و شیكردنه‌وه‌ی ژیرانه. بردنه‌وه‌ش بۆ جاری دووه‌م ڕه‌نگه بوێری ئیداره‌كه‌ی تره‌مپ له سه‌ركۆنه‌كردنی چیندا تا ئه‌و په‌ری سنور زیاد بكات.
ئه‌م سیناریۆیه له دیدی چیندا ترسناكه، به‌ڵام له هه‌مان كاتدا بۆ شی جین پینگ وه‌ك خه‌ڵاتێكی سیاسی وایه. چوونكه هه‌تا ئه‌مریكا له لۆمه‌كردن‌و ناشرینكردنی چیندا ڕۆبچێت، هاوڵاتی زیاتری چینی(ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی له هه‌ژموونه دیكتاتۆرییه‌كه‌ی جین پینگ بێزارن) له پشتی ئه‌و سه‌رۆكه خڕده‌بنه‌وه. هه‌ركه‌سێكیش له‌ناوخۆی پارتی كۆمۆنیستی چینییه‌وه بوێرێت ڕه‌خنه له پینگ بگرێت، ئه‌وا به هاوكاری دوژمنه بیانییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كرێت، به‌مه‌ش به‌كرداری نه‌یاره‌كانی بێده‌گ ده‌كات.
له‌ڕاستیدا ناتوانین ڕوودانی گۆڕانكاری له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركرده باڵاكانی چین به‌دور بزانین. به‌ڵام له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنی چین له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا(كۆڤید-19)دا، له‌و كاته‌ی ئه‌مریكا-ش به‌رده‌وامه له شكستهێنان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌دا، پێده‌چێت به‌ڕاستی شی جین پینگ گه‌مه‌كه‌ی بردبێَته‌وه. له‌دوای ئه‌وه‌شی خۆی له كۆته ده‌ستورییه‌كانی یاسای سه‌رۆكایه‌تی ڕزگار كرد، ڕه‌نگه تا مردن وه‌ك ڕابه‌ری باڵای چین بمێنێته‌وه.
به‌ڵام له‌پشتی ماسكی سه‌ركرده‌یه‌كی نه‌به‌زه‌وه، پێویسته شی جین پینگ هه‌ست به نائارامی بكات، هه‌روه‌ك ئه‌و هه‌سته‌ی تره‌مپ دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه هه‌یبوو. چوونكه له‌گه‌ڵ دڵنیابوونیان له‌وه‌ی به‌ر سزا ده‌كه‌ون، به‌ڵام له‌م دواییه‌دا گه‌وره ئه‌ندامانی پارتی كۆمۆنیست لێدوانیان دژ به سه‌رۆكی چین داوه. ده‌رباره‌ی پرسه سه‌ره‌كییه ئابوورییه‌كانیش، هه‌ڵوێسته‌كانی جین پینگ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یدا به‌ڕوونی دژبه‌یه‌كبوون، ئه‌مه‌ش له سیاسه‌تی چینی‌دا به لادان ته‌ماشا ده‌كرێت. له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیشدا، ڕه‌وته زێده شه‌ڕه‌نگێزه‌كه‌ی شی جین پینگ دوژمنی زیاتری بۆ چین هێناوه‌ته ئاراوه، هاوكات ئه‌و سه‌رۆكه فشاری ناوخۆیی جیاوازیشی له‌سه‌ره.
بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری پێویست بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری، دینگ شا‌و پینگ، ئه‌و سه‌ركرده ناوداره‌ی له كۆتاییه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا پڕۆسه‌ی (چاكسازی‌و كرانه‌وه)ی ڕاگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی چه‌سپاندنی سه‌ركردایه‌تی به‌كۆمه‌ڵ‌و سستمی دامه‌زراوه‌یی هه‌وڵی گه‌وره‌یدا. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شی جین پینگ به‌پلان ئه‌و بنه‌مایانه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، بۆیه ئێستا پارتی كۆمۆنیستی چینی له دۆخێكدایه، كه چاوه‌ڕوانی ڕوودانی هه‌موو ئه‌نجامێكی سیاسی ده‌كات: ڕه‌نگه شی جین هه‌تا ماوه له‌و پۆسته‌دا بمێنێته‌وه، یاخود له‌ساڵی 2022دا، ناچاربكرێت پۆسته‌كه‌ی ڕاده‌ست بكات، یا له ناكاو به كوده‌تایه‌ك لاببرێت. بۆیه نابێت وا بێته ئاوه‌زمان، كه نه‌بوونی هه‌ڵبژاردنه خولییه‌كان، واتا سیاسه‌تی چینی له سیاسه‌تی ئه‌مریكا، یاخود وڵاته دیموكراتییه‌كانی دیكه سه‌قامگیرتره.
له سیناریۆیه‌كی دیكه‌شدا، ئه‌گه‌ر بڵێین سه‌ركرده‌یه‌كی نوێ له چین بڕیاری دانوستان له‌گه‌ڵ بایدن، یاخود تره‌مپدا ده‌دات. ئه‌وا له سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی بایدندا، لانی كه‌م مرۆڤ ده‌توانێت پێشبینی دیپلۆماسێتێكی كارامه له ئه‌مریكا بكات. به‌ڵام ئه‌گه‌ر شڵه‌ژانی سیاسی له چین هاوكاتی خولێكی دیكه‌ی سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپ بێت، ئه‌مه واتا وه‌ستانی گشت گره‌وه‌كان.
له ڕاستیدا پێشبینی كردن كارێكی ئاسان نیه، هیچ كه‌سیش ناتوانێت به‌دڵنیاییه‌كی ته‌واوه‌وه بزانێت چه‌ند مانگ‌و ساڵی داهاتوو چی ڕووده‌دات، چوونكه ئه‌گه‌ره چاوه‌ڕوانكراوه‌كان به كرده‌ی ڕووداوێكی له ناكاوی، وه‌ك په‌تا‌و لافاوه‌كان ده‌گۆڕێن. ته‌نانه‌ت ئه‌و پلانانه‌ی به‌وپه‌ری وریایی‌و وردییه‌وه داڕێژراون ڕه‌نگه به‌هۆی گۆڕانكارییه‌كی چاوه‌ڕوانه‌كراوه‌وه هه‌ڵبوه‌شێنه‌وه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڕیار به‌ده‌سته‌كان ده‌توانن بیكه‌ن‌و ئه‌وه‌ی پێویسته ئه‌نجامی بده‌ن، خۆی ده‌بینێته‌وه له ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سیناریۆ جیاوازانه‌ی پشت ده‌به‌ستن به تایبه‌تمه‌ندی‌و ڕه‌وته‌كانی ئێستاوه.
له‌ڕاستیدا به‌ستنه‌وه‌ی گشت هیواكان به‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌گه‌ری ڕوودانی زۆره، یاخود خوازراوتره له‌وانی دیكه، سه‌ركێشی‌و له خۆڕازیبوونه. كاتێكیش بابه‌ته‌كه په‌یوه‌ست بوو به پرسی یه‌كلاكه‌ره‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا-چیندا، ئه‌وا ڕه‌وتی دانایانه، بریتییه له ڕوانین بۆ ئاینده‌و پێشبینی گشت ئه‌گه‌ره‌كان، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شی له ئێستادا چاوه‌ڕواننه‌كراون.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن