هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ی كازمی دژی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران

31/10/2020

:: بێ نوسەر


ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: كارنیگی
نوسینی: تامر به‌ده‌وی

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی پێشووی ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی، دوای ئه‌وه‌ی له‌ 7/ئایار/2020دا، پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رگرت، فشاری هه‌ڵكشاو ده‌كاته‌ سه‌ر ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ (میحوه‌ری موقاوه‌مه‌)، كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ فه‌رمانده‌یی ده‌كرێن. ئه‌و ڕێكخراوانه‌ش له‌ ناو هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیدا، وه‌ك هێزی پێشینه‌ ته‌ماشا ده‌كرێن. شایه‌نی باسه‌، كازمی له‌یه‌ك كاتدا، سود ده‌گه‌یه‌نێت‌و، سودیش ده‌بینێت له‌ شاڵاوی فشاره‌كانی ئه‌مریكا دژی ئێران‌و، هه‌ستی دژایه‌تیكردنی ئێران له‌ ناو ناڕه‌زاییه‌كانی عێراقدا، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌م/2019ه‌وه‌، له‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق سه‌ریانهه‌ڵداوه‌. بۆیه‌، به‌مه‌به‌ستی لاوازكردنی ئه‌و گروپانه‌، فشاری ئابووری به‌كارده‌هێنێت‌و، ڕه‌گه‌زه‌كانی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان‌و پاڵپشته‌كانیان به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان ڕاده‌ماڵێت.
له‌ڕاستیدا، كازمی له‌ به‌گرانی ده‌توانێت دۆخه‌كه‌ له‌و ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییانه‌ ته‌نگ بكات، كه‌ پێده‌چێت به‌رپرس بن له‌ ئه‌نجامدانی هێرشی موشه‌كیی بۆسه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداد‌و، بنكه‌كانی هێزی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ عێراق. شایه‌نی باسه‌، ژماره‌ی ئه‌و هێرشانه‌ له‌ تشرینی دووه‌م/2019دا، زیادیان كرد. هه‌روه‌ها، دوای كوژرانی ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیس‌و قاسم سوله‌یمانی له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ئه‌و هێرشانه‌ ته‌واو چڕبوونه‌وه‌. ئامانجی هێرشانه‌ش، له‌لایه‌ك فشاركردنه‌ سه‌ر هێزه‌ ئه‌مریكی‌و بیانییه‌كان بوو، تا له‌ عێراق ده‌ربچن. له‌لایه‌كی دیكه‌ش، سه‌ندنه‌وه‌ی تۆڵه‌ی كوشتنی سوله‌یمانی‌و موهه‌ندیس بوو. شایه‌نی باسه‌، له‌ مانگی ئایاردا، ته‌نها چوار هێرش به‌ موشه‌ك‌و، بۆمبی چێندراو كراونه‌ته‌سه‌ر هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی. به‌ڵام، له‌ مانگی ئابدا، ژماره‌یان بۆ هه‌ژده‌ هێرش به‌رزبۆته‌وه‌.
هاوكات، هێزه‌ بیانییه‌كان به‌نیازبوون، له‌ كۆتایی مانگی ئابه‌وه‌، له‌بری ڕۆڵی مه‌یدانی، ئه‌ركی ڕاوێژكاری بگرنه‌ئه‌ستۆ. به‌ڵام، ئه‌و هێرشانه‌ وایكرد به‌شێوه‌یه‌كی خێراتر، هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌ هه‌شت بنكه‌ی سه‌ربازی عێراق بكشێنه‌وه‌. ئه‌و هێزانه‌شی مابوونه‌وه‌ له‌ سێ بنكه‌ی پارێزراوتردا خۆیان ڕێكخسته‌وه‌. دۆناڵد تره‌مپ-یش له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كازمی له‌ 19/ئابدا، ڕایگه‌یاند، كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ساڵدا هێزه‌كانی وڵاته‌كه‌ی ده‌كشێنێته‌وه‌. به‌ڵام، له‌ ڕۆژی دواتردا پاشگه‌زبۆوه‌‌و، دواده‌ی كشانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی دیاری نه‌كرد. له‌و میانه‌یه‌شدا، ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وام بوون له‌ داواكردنی كشانه‌وه‌ی ته‌واوی ئه‌و هێزانه‌و، هێرشه‌كانیشیان به‌رده‌وام بوو.
كازمی-ش له‌ دوای ده‌ستبه‌كاربوونێوه‌، هه‌وڵ ده‌دات دۆخه‌كه‌ له‌ گروپه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان ته‌نگ بكات. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، پله‌ به‌پله‌ فشاره‌كانی له‌سه‌ریان زیادكرد‌ووه‌و، ڕێگه‌ی زۆره‌ملێ‌و چه‌ند ئامڕازێكی دیكه‌شی دژیان به‌كارهێناوه‌. به‌ڵام، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌و ڕێكخراوانه‌ په‌نایان برده‌ به‌ر به‌كارهێنانی هێز. ڕێكخراوی دیكه‌ی نیمچه‌ سه‌ربازیش، كه‌ به‌ توندی سه‌ر به‌ ئێرانن، له‌ ڕێگه‌ی ڕاگه‌یاندن‌و كه‌ناڵه‌ ته‌له‌فیزیۆنییه‌كانیانه‌وه‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی زیادكردووه‌. بۆنمونه‌، ده‌زگای دژه‌تیرۆری عێراقی مه‌شقپێكراو له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، له‌ 25/حوزه‌یراندا، هه‌ڵیكوتایه‌ سه‌ر باره‌گایه‌كی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌ به‌غداد، كه‌ سه‌ر به‌ لیوای (45)ی ژێر ده‌ستی كه‌تائیبی حیزبوڵڵا بوو. وه‌ك ئاشكراشه‌ ئه‌م گروپه‌ی دواییان، ڕێكخراوێكی نیمچه‌ سه‌ربازی هاوپه‌یمانی ئێرانه‌‌و، پێگه‌كه‌شی له‌لوتكه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كه‌دایه‌. هاوكات، دژه‌ تیرۆری عێراقی چوارده‌ ئه‌ندامی ڕێكخراوه‌كه‌یان ده‌ستگیركرد، كه‌ گومانیان لێده‌كرێت له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غداددا به‌شدار بووبێتن. كه‌تائیبی حیزبوڵڵا-ش له‌ وه‌ڵامدا، بنكه‌ی دژه‌تیرۆر‌و باره‌گای دیكه‌ی سه‌ر به‌و ده‌زگایه‌یان له‌ ناوچه‌ی سه‌وز گه‌مارۆدا. زۆرینه‌ی ئیداره‌كه‌ی كازمی-ش پێیان وایه‌، كه‌ كه‌تائیبی حیزبووڵڵا به‌رپرسی ئه‌و هێرشه‌ موشه‌كییانه‌ بووه‌، كه‌ له‌ میانه‌‌و له‌ پێش گفتوگۆ ستراتیجییه‌كه‌ی عێراق-ئه‌مریكادا ئه‌نجامدران، به‌و مه‌به‌سته‌ی كازمی ته‌نگه‌تاو بكه‌ن‌و، فشار بخه‌نه‌سه‌ر ئه‌مریكا، تا هێزه‌كانی بكشێنێته‌وه‌. له‌ ڕاستیدا، له‌ چاوی به‌شێكی ڕای گشتی ناوخۆیی‌و نێوده‌وڵه‌تیشدا، ملكه‌چبوونی كازمی بۆ فشاره‌كانی حیزبوڵڵا شكستێكی گه‌وره‌یه‌.
كازمی هه‌وڵده‌دات له‌ چه‌ند به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان ببێته‌وه‌. له‌ ڕووی داراییه‌وه‌، هه‌وڵیدا هه‌ژموونی حكومه‌ته‌كه‌ی به‌سه‌ر ده‌روازه‌ سنورییه‌كاندا پته‌و بكات، تا به‌ره‌نگاری گه‌نده‌ڵی‌و، به‌قاچاخبردن ببێته‌وه‌. شایه‌نی باسه‌، ده‌روازه‌ سنورییه‌كان له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ به‌كاردێن. بۆیه‌، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هه‌ژموونی كرداری گرته‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییانه‌دا، ئه‌وا له‌ ماوه‌یه‌كی دووردا ڕێژه‌ی ئه‌و سامانه‌ كه‌مده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌هۆی به‌قاچاخبردنه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت. به‌پێی زانیارییه‌كانی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان-یش بێت، كازمی له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی‌و (هێزه‌كانی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی خێرا)ی ناردۆته‌ دوو ده‌روازه‌ی سنوریی نێوان پارێزگای دیاله‌‌و ئێران، تا كۆنتڕۆڵیان بكه‌ن. دواتریش، له‌ 25/ ته‌مموزدا، فه‌رمانده‌یی ئۆپۆراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان هێزی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی چوارده‌ ده‌روازه‌ی سنوری وشكانی‌و ئاوی ڕه‌وانه‌كرد. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، به‌مه‌به‌ستی سنورداركردنی ئه‌گه‌ره‌كانی ئه‌نجامدانی گه‌نده‌ڵی، كازمی ماوه‌ی ده‌وامكردنی به‌نۆره‌ی فه‌رمانبه‌رانی ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی له‌ شه‌ش مانگه‌وه‌، كه‌مكرده‌وه‌ بۆ سێ مانگ. به‌ڵام، له‌هه‌مان كاتدا، چه‌ند ده‌روازه‌یه‌كی نافه‌رمی هه‌ن، كه‌ بۆ خۆدزینه‌وه‌ له‌ چاودێری حكومه‌ت به‌كاردێن. له‌ چاو ده‌روازه‌ سنورییه‌ فه‌رمییه‌كانیشدا، ئه‌م ده‌روازه‌ نافه‌رمییانه‌ داهاتی زیاتر ده‌گه‌یه‌ننه‌ ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان. به‌ڵام، كازمی له‌ ڕابردوودا ڕێكاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ ده‌روازانه‌ی نه‌گرتۆته‌به‌ر. له‌ مانگی ئابیشدا، كازمی لیژنه‌یه‌كی (بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ دۆسییه‌كانی گه‌نده‌ڵی‌و دۆسییه‌ گه‌وره‌كان) پێكهێنا، ده‌زگای دژه‌ تیرۆر-یشی ڕاسپارد فه‌رمانه‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن. مه‌به‌ست له‌م هه‌نگاوه‌شی، كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و سه‌رچاوانه‌یه‌، كه‌ ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان بۆ به‌ده‌ستهێنانی داهات به‌كاریانده‌هێنن.
هاوكات، كازمی هه‌وڵده‌دات ده‌زگای دژه‌تیرۆر به‌هێز بكات، به‌و مه‌به‌سته‌ی، وه‌ك ئامڕازێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و، ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌ی ئێران له‌ عێراق به‌كاریبهێنێت، كه‌ بوونه‌ته‌ زیانی ڕاسته‌وخۆ بۆ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانه‌. له‌ هه‌مان كاتدا، مسته‌فا كازمی هه‌وڵیداوه‌ ڕه‌گه‌زه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران لاوازبكات، وه‌ك فالح فه‌یازی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ وه‌ك حاڵه‌تێكی هه‌ڵاوێر، سه‌رۆكایه‌تی دوو ده‌زگای ئه‌منی هه‌ستیاری وه‌رگرتووه‌، له‌لایه‌ك ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانییه‌‌و، له‌لایه‌كی دیكه‌ش، سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانییه‌. له‌ 4/ته‌مموزیشدا، سه‌رۆك وه‌زیران، قاسم ئه‌عره‌جی كرده‌ ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی، ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ش ڕه‌گه‌زێكی بچوكی گۆڕه‌پانه‌كه‌ی عێراقه‌‌و، ئه‌ندامی ڕێكخراوی به‌دری سه‌ر به‌ ئێرانه‌. هاوكات عه‌بدولغه‌نی ئه‌سه‌دی-ش، كه‌ فه‌رمانده‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆر بووه‌‌و، په‌یوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌بوو، كرا به‌ سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی. به‌هه‌مان شێوه‌، له‌ 14 ئه‌یلولدا، كازمی، وه‌زیری پێشووی به‌رگری خالید عوبێدی له‌ ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقی دامه‌زراند. شایه‌نی باسه‌، عوبێدی له‌لایه‌نگرانی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو حه‌یده‌ر عه‌بادییه‌‌و، ڕه‌خنه‌ی له‌ ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران هه‌یه‌. هه‌روه‌ها، فالح یونس حه‌سه‌ن-یش، كه‌ كه‌سایه‌تییه‌كی سیاسیی سوننه‌یه‌‌و، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێراندا نیه‌، به‌ جێگری ئه‌سه‌دی له‌ ده‌زگای ئاسایشی نیشتیمانی دیاریكرا. له‌ ڕاستیدا، كازمی له‌ڕێگه‌ی گۆڕانكاری‌و دامه‌زراندنی ئه‌م كه‌سایه‌تییانه‌وه‌، هه‌وڵده‌دات دور له‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی ئێران، هاوسه‌نگییه‌ك له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كاندا بهێنێته‌دی. 
له‌ ڕووی سیاسیشه‌وه‌، كازمی ده‌یه‌وێت پاڵپشتییه‌ك بۆ ئه‌جێندا ئه‌منییه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت، گه‌وره‌تر له‌و پاڵپشتییه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌یبوو. شایه‌نی باسه‌، ڕه‌وتی حیكمه‌ له‌ په‌رله‌ماندا، كه‌ له‌ 20 نوێنه‌ر پێكهاتبوون، له‌ به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ بوون به‌ پاڵپشتی كازمی. هاوكات، ئه‌و ڕه‌وته‌ له‌ ژێر ناوی (عێراقیون)دا خۆی ڕێكخستۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها، دوای ئه‌وه‌ی هه‌ندێك نوێنه‌ری سه‌ربه‌خۆ‌و كوتله‌ی بچووك چوونه‌پاڵی، ئێستا ڕه‌وته‌كه‌ 40 نوێنه‌ری هه‌یه‌. به‌ڵام، خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ له‌ پاڵپشتیی سیاسی سه‌رۆك وه‌زیراندا، سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵحه‌، هه‌ر ئه‌ویش مسته‌فا كازمی بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران دیاریكرد. شایه‌نی باسه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران محه‌ممه‌د حه‌لبوسی-ش له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كاندا، پاڵپشتی كازمی ده‌كات. ته‌نانه‌ت، مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كان له‌ عێراق، ئایه‌توڵڵا عه‌لی سیستانی-ش پاڵپشتی خۆی بۆ هه‌وڵه‌كانی كازمی ده‌ربڕی. له‌ 2/ته‌مموزدا، واتا دوای هه‌فته‌یه‌ك له‌ هه‌ڵكوتانه‌كه‌ی ده‌زگای دژه‌تیرۆر بۆسه‌ر باره‌گاكه‌ی سه‌ر به‌ كه‌تائیبی حیزبوڵڵا، ئه‌حمه‌د سافی نوێنه‌ری سیستانی، وتی:" پێویسته‌ حكومه‌ت له‌ توانایدا بێت، كه‌ شكۆی ده‌وڵه‌ت بگه‌ڕێنێته‌وه‌‌و، هه‌نگاوه‌ پێویسته‌كان بنێت، بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پێشوه‌خته‌، له‌ كه‌شێكی سه‌قامگیردا‌و، دور له‌ كاریگه‌رییه‌ لاوه‌كییه‌كانی، وه‌ك لایه‌نی دارایی‌و چه‌كی نایاسایی‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ ده‌ره‌كییه‌كان".
شایه‌نی باسه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كازمی كار له‌سه‌ر له‌قكردنی باری ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران ده‌كات. به‌ڵام، له‌هه‌مان كاتدا، ده‌یه‌وێت پارێزگاریی له‌ به‌سته‌ره‌ ئابوورییه‌كان له‌گه‌ڵ خودی تاراندا بكات. ته‌نها ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو، پته‌وكردنیشی له‌ڕێگه‌ی به‌رده‌وام كرانه‌وه‌ی بازاڕی عێراقی به‌ڕووی ئێراندا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شی ئه‌و هه‌نارده‌ نانه‌وتییانه‌ی ئێران، كه‌ به‌ ده‌روازه‌ سنورییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كاندا تێده‌په‌ڕن، له‌م ساڵدا به‌به‌راورد به‌ پار به‌ڕێژه‌ی 50% دابه‌زیوه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی دابه‌زینی ئاستی خواستی بازاڕی عێراقی‌و، وه‌ستانی تێپه‌ڕینی گه‌شتیاره‌ ئێرانییه‌كان بۆ عێراق. به‌ڵام، به‌پێی زانیارییه‌كان، پڕۆژه‌ی لێدانی هێڵێكی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌نێوان ئێران‌و عێراقدا له‌ ئارادایه‌، كه‌ به‌ ده‌روازه‌ی شلامجه‌دا تێده‌په‌ڕێت، مه‌به‌ستیش لێی به‌هێزكردنی بازرگانی‌و گواستنه‌وه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌یه‌. له‌ڕاستیدا، ڕه‌نگه‌ به‌هۆی لاوازی خواست له‌سه‌ر بازرگانی‌و گواستنه‌وه‌ له‌ نێوان هه‌ردوو وڵاتدا، پڕۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ پێویستییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت. به‌ڵام، ئامانجی ڕاسته‌قینه‌ له‌و پڕۆژه‌یه‌ دڵڕاگرتنی ئێرانه‌. عێراق-یش، وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك، له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری وزه‌ی ئێرانی له‌ 3/حوزه‌یراندا، بڕی 400 ملیۆن دۆلار قه‌رزی دایه‌وه‌ ئێران، واتا نیوه‌ی قه‌رزی كاره‌با، كه‌ له‌ ماوه‌ی سزا ئه‌مریكییه‌كاندا كه‌ڵه‌كه‌ببوو. هاوكات له‌ ڕابردوودا گرێبه‌ستی كاره‌با له‌ نێوان ئێران‌و عێراقدا به‌شێوه‌ی ساڵانه‌ نوێ ده‌كرایه‌وه‌. به‌ڵام، ئه‌مجاره‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ نوێكرایه‌وه‌. كازمی خوازیاره‌ ئێران پێشوازی له‌و هه‌وڵه‌ بونیادنه‌رانه‌ بكات، كه‌ مه‌به‌ست لێی بونیادنانی به‌سته‌ری ئابوورییه‌ له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا. به‌جۆرێك تاران پاڵپشتی شاڵاوه‌كه‌ی ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ دژی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كان بكات، یاخود، لانی كه‌م چاوپۆشی له‌و هه‌نگاوه‌ بكات. به‌ڵام، ئێران ئه‌وه‌ی خستۆته‌ڕوو، كه‌ ئێستا ده‌سه‌ڵاتێكی كه‌متری به‌سه‌ر ئه‌و هاوپه‌یمانانه‌یدا هه‌یه‌، كه‌ دوای كوژرانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس قاسم سوله‌یمانی به‌ ئازادییه‌كی زیاتره‌وه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌نجامدانی هێرشی موشه‌كیش بۆسه‌ر ناوچه‌یه‌كی نزیك له‌ باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ به‌غداد له‌ 19 ته‌مموزدا، ئه‌و وته‌یه‌ی ئێرانی زیاتر ڕوونكرده‌وه‌.
كازمی له‌ ماوه‌ی حكومه‌ته‌ كاتییه‌كه‌یدا، ده‌یه‌وێت پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، ئه‌و پارتانه‌ لاوازبكات، كه‌ له‌لایه‌ن ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن. ئه‌مه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، بتوانێت هه‌ژموونی ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانی ئێران به‌سه‌ر هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراقه‌وه‌ لاوازبكات. له‌گه‌ڵ دووباره‌ مۆڵكردنه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌ عێراق، پێده‌چێت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نوێ له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌ نیمچه‌ سه‌ربازییه‌كاندا، ببێته‌هۆی لاوازكردنی هه‌وڵه‌كانی كازمی بۆ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی. چونكه‌، ئه‌و ڕێكخراوانه‌ ده‌یانه‌وێت په‌لكێشی بكه‌ن بۆ نێو ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له‌، كه‌ كازمی ئاماده‌كاری بۆ نه‌كردووه‌. به‌م شێوه‌یه‌ش، ئه‌گه‌ره‌كانی سه‌رهه‌ڵدانی ناكۆكی ده‌رباره‌ی به‌شداری له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌تدا‌و، یاساكانی هه‌ڵبژاردن‌و، واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، له‌ نێوان كازمی‌و هێزه‌ سیاسییه‌كانی دیكه‌یدا زیادده‌كات،.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن


زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure