ئایا توركیا ئاماده‌كاری ده‌كات بۆ جموجۆڵی سه‌ربازی دژی كورده‌كانی سوریا؟

28/11/2020

:: بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
نووسێنی/ فهیم تستكین
وه‌رگێڕانی/ فه‌رهاد حه‌سه‌ن
سه‌رچاوه‌/ ئه‌لمۆنیته‌ر


زیادبوونی به‌رچاوی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌ناوچه‌كانی نێوان عین عیسا و ته‌ل ته‌مر له‌ باكووری سوریا گومانی ئه‌وه‌ی دروستكردووه‌ جموجۆڵه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ئامانج لێی سه‌ركوتكردنی كورده‌كان بێت پێش ئه‌وه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كۆشكی سپی جێبهێڵێت.
توركیا ده‌ستیكردووه‌ به‌ كۆكردنه‌وه‌ و بنیادنانی بنكه‌ی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌كانی باكووری سوریا به‌تایبه‌ت له‌ عه‌ین عیسا و باكووری ره‌ققه‌ نزیك ڕێگای سه‌ره‌كی ئێم – 4، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی سه‌رهه‌ڵدانی هێرشێكی تری سه‌ركوتكاری توركیای بۆسه‌ر كورده‌كانی سوریا دروستكردووه‌. توركیا ئۆتۆمۆبێڵی سه‌ربازی، چه‌ك و تۆپخانه‌ی قورس، ڕادار و ئامێری چاودێری له‌ناوچه‌كانی هێڵی ته‌ماس له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات جێگریكردووه‌. به‌پێی سه‌رچاوه‌ كوردییه‌كان سوپای توركیا و چه‌كداره‌ ئۆپۆزسیۆنه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی چه‌ندین بنكه‌ و خاڵی سه‌ربازییان له‌ گوندی سه‌یدا (Saida) له‌ باكووری عین عیسا و ناوچه‌كانی ته‌ل ته‌مر و زركان (Zirkan) بنیادناوه‌. ڕوانگه‌یش سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ له‌سه‌ره‌تای تشرینی دووه‌می ئه‌م ساڵ ئاشكرایكرد سوپای توركیا له‌ ناوچه‌كانی كافیفه‌ و عین رومانه‌ و تینه‌ و ئه‌لره‌بیع له‌نزیك ڕێگای خێرای ئێم – 4 جێگیركراون.
مێرڤان رۆژئاڤا لێپرسراوی ئۆفیسی میدیایی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل (یه‌په‌گه‌) كه‌ به‌ پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كی هێزه‌كانی سوریا دیموكرات داده‌نرێت به‌ ئه‌لمۆنیته‌ری ڕاگه‌یاند هێزه‌كانی توركیا شوورای چاودێری له‌ گوندی سیدا له‌ باكووری رێگای خێرای ئێم-4 دروستكردووه‌ كه‌ ته‌نراوه‌ به‌ كامێرای چاودێری و نیشانشكێنی قه‌ناس به‌ده‌ست. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێنایه‌وه‌ كه‌ رێگای خێرای ئێم-4 هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكرات و سوپای توركیا بووه‌ دوای ده‌ست پێكردنی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2019 كه‌ له‌ناوچه‌ سنورییه‌كانی گرێ سپیه‌وه‌ ده‌ستی پێكرد تا سه‌رێ كانی. به‌درێژایی هێڵی جیاكه‌ره‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا به‌ دووری چه‌ند سه‌د مه‌ترێك له‌ رێگای خێرا سوپای توركیا بنكه‌ی سه‌ربازی و خه‌نده‌قی قووڵی لێداوه‌. 
دوای ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی سایلۆكانی عه‌مباركردنی گه‌نم له‌ گوندی شیرجراك "Shergirak " بوو به‌ گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی توركه‌كان له‌ نزیك ڕێگای خێرایی ئێم-4. یه‌كێكی تر له‌ كامپه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا كه‌وتۆته‌ نزیك گوندی مشیرفه‌ كه‌ ناوچه‌یه‌كی نزیكه‌ له‌ ته‌ل ته‌مر. به‌پێی "نیزام داستان" رۆژنامه‌نووسی كوردی سوریا، توركیا هه‌ستاوه‌ به‌ به‌هێزكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو بنكه‌ سه‌ربازییه‌ و دروستكردنی بنكه‌ی نوێ سه‌ربازیش له‌ ناوچه‌كه‌. هه‌روه‌ها، ناوبه‌ناو خه‌نده‌ق و تونێل له‌ ناوچه‌كانی میدروت له‌ نزیك سه‌رێ كانی و زركان و گوندی هوشان "Hoshan " و خالدیه‌ به‌درێژای رێگای خێرا كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
هه‌ر به‌نسبه‌ت گوندی سیدا، كه‌ ناوچه‌ی جیاكه‌ره‌وه‌ی توركیا و هێزه‌ كوردییه‌كانه‌، داستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات "ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا به‌رپرسانی فه‌رمی توركیا چاویان به‌ ڕووسه‌كان كه‌وتووه‌ و داوای دروستكردنی بنكه‌ی سه‌ربازییان له‌ گوندی سیدا كردووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی ڕووسه‌كان به‌دڵی ئه‌وان نه‌بووه‌ و ڕه‌تیانكردۆته‌وه‌. ئه‌و داواكارییه‌ش دوای ئه‌و هێرشه‌ چڕانه‌ی توركه‌كان هات بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراته‌وه‌ وه‌ڵامدرانه‌وه‌. پاشان ده‌ستیانكرد به‌ هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق و تونێل و جێگیركردنی شوورای چاودێریكردن. بۆیه‌ له‌ئێستادا سوود له‌و شوێنانه‌ وه‌رده‌گرن بۆ چاودێریكردنی رێگای خێرای و عه‌ین عیسا."
هه‌ر به‌پێی مێرڤان له‌هه‌مان كاتدا توركیا بۆردوومانه‌ سه‌ربازییه‌كانی بۆ سه‌ر گونده‌كانی عه‌ین عیسا و گرێ سپی زیادكردووه‌، به‌تایبه‌ت ناوچه‌كانی ده‌وورووبه‌ری شیرجراك كه‌ بووه‌ته‌ كابووسی حه‌قیقی بۆ دانیشتوانی ناوچه‌كه‌. هه‌رچه‌نده‌، به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان توركیا – ڕوسیا پێویسته‌ ئه‌و ناوچانانه‌ له‌ژێر پارێزبه‌ندی ڕووسه‌كاندا بێت، به‌ڵام هێشتا ته‌نانه‌ت كاروانی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نیش به‌ به‌رده‌وامی ڕووبه‌ڕووی هێرشی سه‌ربازی ده‌بنه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات رێگاكه‌ بووه‌ته‌ رێڕه‌وی تاڵانی و دزین و رفاندن خه‌ڵك له‌لایه‌ن میلشیا چه‌كداره‌كانی نزیك له‌ توركیا.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره‌: ئایا چالاكیه‌ سه‌ربازییه‌كانی توركیا ئاماده‌كارییه‌ بۆ قۆناغێكی نوێی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی؟
كاتێك ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بوو، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌درۆگان سه‌رۆكی توركیا چه‌ندین جار ئاماژه‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی نوێی سه‌ربازی له‌ تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ خسته‌ڕوو. به‌نسبه‌ت ئه‌نقه‌ره‌وه‌، هاوپه‌یمانێتی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل – یه‌په‌گه‌- یه‌كسان به‌ پشتیوانی ئه‌مریكا بۆ پارتی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه‌ - كه‌ چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ له‌ پێكدادانی چه‌كداریه‌ له‌گه‌ڵ توركیا. هه‌روه‌ها، توركیا به‌جۆرێك ته‌ماشای یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل ده‌كات كه‌ درێژكراوه‌ی په‌كه‌كه‌ یه‌ له‌ سوریا، هه‌ردوو گرووپه‌كه‌ش وه‌ك گرووپی تیرۆریستی له‌لایه‌ن ئه‌و وڵاته‌ ناسێنراون. 
له‌ 3ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌م ساڵ ئه‌ردۆگان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "هێشتا ناوچه‌ی تیرۆریستی له‌ سوریا هه‌یه‌، یان ده‌بێت ئه‌و ناوچانه‌ پاك بكرێنه‌وه‌ هه‌روه‌ك به‌ڵێنمان پێدراوه‌، یاخوود خۆمان ئه‌ركی پاككردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌گرینه‌ ئه‌ستۆ". له‌ وشیاریدانێكی تردا و له‌ هه‌مان مانگ ئه‌رۆگان ڕایگه‌یاند "هه‌وڵه‌كانی دروستكردنی ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی له‌و ناوچانه‌ له‌ئارادایه‌. توركیا هه‌رگیز رێگا به‌ دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی له‌وجۆره‌ له‌سه‌ر سنوره‌كانی نادات. ئه‌وه‌ی پێویست بێت ده‌یكه‌ین بۆ ڕیشه‌كێش كردنی تیرۆریستان." ته‌نها چوار رۆژ دواتر سه‌رۆكی توركیا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ پاڵنه‌ری ڕه‌وایی هه‌یه‌ بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ هه‌ركاتێكدا ئه‌گه‌ر ته‌واوی تیرۆریستان له‌ ناوچه‌كه‌ دوورنه‌خرێنه‌وه‌... وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌ڵێنی دوورخستنه‌وه‌یانمان پێدراوه‌".
وادیاره‌ توركیا ئه‌یه‌وێت خواست و ده‌ستكه‌وتی سه‌ربازی زیاتر له‌ سوریا به‌دیبهێنێت، به‌تایبه‌تی له‌كاتێكدا تره‌مپ به‌ بڕیاره‌ كتوپڕه‌كانی ده‌رفه‌تی زۆری به‌ ئه‌ردۆگان داوه‌ بۆ هه‌ڵسوكه‌وتی ناڕه‌وا – كه‌ له‌ئێستادا سه‌رقاڵی هه‌ڵبژاردنی وڵاته‌كه‌یه‌تی. دۆڕانی تره‌مپ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مریكا وا ده‌رده‌كه‌وێت سه‌ره‌تای گۆڕانكاری بێت له‌ حساباتی ئه‌نقه‌ره‌. دوای سه‌ركه‌وتنی جۆبایدن له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌ردۆگان ده‌ستی له‌ هۆشدارییه‌ مه‌ترسیداره‌كانی هه‌ڵگرتووه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ له‌ناوچه‌كانی سوریا له‌ زیادبووندایه‌.
ئه‌نقه‌ر ده‌یه‌وێت سوود له‌ ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌ واشنتۆن وه‌ربگرێت بۆ فراوانكردنی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی له‌ باكووری سوریا كه‌هێشتا كۆتایی نه‌هاتووه‌. سه‌ره‌ڕای ئاماژه‌كانی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ واقعی نوێی واشنتۆن، به‌ڵام دووژمنایه‌تی ئاشكرای ئه‌و وڵاته‌ بۆ خوودموختاری كورده‌كان له‌ باكووری سوریا وه‌ك خۆیی به‌رده‌وام ده‌بێت. دوای كۆتایهاتنی پرۆسه‌ی ئاشتی و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كورد له‌ساڵی 2015 له‌ناوخۆی توركیا، ئه‌ردۆگان ده‌ستیكردووه‌ به‌ وه‌به‌رهێنانێكی زۆر له‌ سیاسه‌تی وڵاته‌كه‌ی له‌ناویاندا پاراستنی هاوپه‌یمانێتی خۆی له‌گه‌ڵ توركه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كان كه‌ هاوكاری بوون له‌ بنیادنانی سیسته‌می سه‌رۆكایه‌تی له‌ ساڵی 2018.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆگان له‌سه‌ر گوتاره‌ تونده‌كانی بۆ له‌ناوبردنی تیرۆر له‌ سوریا به‌رده‌وام پشت به‌ پشتیوانی توركه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رسته‌كان ده‌به‌ستێت، به‌ڵام هێشتا ئیداره‌ی جۆبایدن ده‌توانێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌نقه‌ره‌ هه‌بێت به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر كورده‌كان. بۆیه‌ كورده‌كان پێشبینی كه‌مبوونه‌وه‌ی گرژی و ململانێكانیان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ توركیا،  هه‌روه‌ك فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات مه‌زڵوم كۆبانی پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد "له‌كاتێكدا ناتوانین بڵێن ئه‌گه‌ری هێرشی سه‌ربازی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كورد نه‌ماوه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌توانین بڵێن هێرشه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌میكردووه‌."
به‌ڵام هێشتا كورده‌كان زۆر نیگه‌رانن. له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكدا ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی هێرشی نوێی توركیا بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، مێرڤان ده‌ڵێت "سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توركه‌كان ده‌زانن بارودۆخی سیاسی دوای هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نیه‌، به‌ڵام هێشتا چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكن بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر باكووری سوریا. هه‌رچه‌نده‌ هێزه‌كانی ئه‌مریكا و ڕووسیا كه‌ به‌رپرسیارن له‌ پاراستنی ڕێككه‌وتنی كورده‌كان له‌گه‌ڵ توركیا، و به‌رده‌وامن له‌ گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات، به‌ڵام رێگری له‌ سیاسه‌ته‌ داگیركارییه‌كانی توركیا ناكه‌ن. تا ئه‌وكاته‌ی تره‌مپ له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌مێنێته‌وه‌ توركه‌كان هه‌وڵی جێبه‌جێكردنی ئه‌جیندای خۆیان ده‌ده‌ن، به‌ڵام پێم وانیه‌ بتوانن و ئازایه‌تی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بیكه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی لێكه‌وته‌كانی زۆر كاره‌ساتبار ده‌بێت."
به‌هه‌مان شێوه‌ نیزام داستان پێی وایه‌ هه‌رچه‌نده‌ ژینگه‌ی سیاسی به‌جۆرێك گۆڕاوه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندییان نیه‌، به‌ڵام هێشتا هێرشی سه‌ربازی به‌رفراوان دژی باكووری سوریا له‌ هزری توركه‌كاندا به‌رده‌وامه‌. ڕه‌نگه‌ هێرشه‌كانی توركیا ڕاسته‌وخۆ ده‌ستپێ نه‌كات، به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع ئاماده‌كاری بۆ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ركاتێك ده‌رفه‌ت ڕه‌خسا ده‌ست به‌ هێرشه‌كانیان بكه‌ن.
له‌ 2019 ه‌وه‌ كورده‌كان زۆر نیگه‌ران له‌وه‌ی توركیا هه‌واڵی ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی ناوچه‌كانی كۆبانێ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بیبه‌ستێته‌وه‌ به‌و ناوچانه‌ی كه‌ كۆنترۆڵی كردوون. بۆیه‌ له‌ئێستادا ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تادا توركیا ڕه‌نگه‌ عه‌ین عیسا داگیربكات كه‌ ده‌بێته‌هۆی گه‌مارۆدانی كۆبانی جگه‌له‌ چه‌ند ڕێگه‌یه‌كه‌وه‌ كه‌ ده‌چێته‌سه‌ر تشرین به‌ ئاراسته‌ی باشوور. هه‌روه‌ها، نیگه‌رانی به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌وه‌ی توركیا پلانی ڕووسه‌كان له‌ ئیدلب په‌سه‌ند بكات به‌رامبه‌ر سازشی مۆسكۆ بۆ فراوانبوونی ئۆپراسۆنی كانی ئاشتی دژی ناوچه‌ كوردییه‌كان.
ڕه‌نگه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ڕووسیا ببێته‌هۆی ئاڵۆزكردنی حساباتی ئه‌نقه‌ره‌. له‌سایه‌ی رێككه‌وتنی سوچی له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2019، توركیا و ڕووسیا به‌رده‌وام ده‌وریاتی سه‌ربازی هاوبه‌شیان هه‌یه‌ به‌درێژایی سنوره‌كانی رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوای ناوچه‌كانی ئۆپراسیۆنی كانی ئاشتی له‌ناویاندا ناوچه‌كانی ده‌وورووبه‌ری كۆبانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا رێككه‌وتنه‌كه‌ نه‌بوه‌ته‌هۆی رێگرتن له‌ هێرشه‌كانی توركیا، به‌ڵام هێشتا رێگه‌ی به‌ ڕووسیاداوه‌ به‌شێوه‌ی جوزئی كۆنترۆڵی چه‌ند ناوچه‌یه‌ك بكات. به‌ڵام هێشتا كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری به‌رچاو له‌سه‌ره‌تای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌وه‌ هاتۆته‌ئاراوه‌، هاوشێوه‌ی ده‌ست به‌سه‌راگرتنی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عه‌ین عیسا دوای چۆڵكردنیان چۆڵیانكرد، هاوكات جێگیركردنی سوپای ڕژێمی سوریا له‌سه‌ر رێگای ئێم-4 و سنوره‌كانی توركیا له‌ئێستادا.
له‌كۆتایدا، ئامانجه‌كانی توركیا ڕه‌نگه‌ له‌ به‌هێزكردنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر رێگای ئێم – 4 كورتبێته‌وه‌. له‌ ڕاپۆرتێكدا له‌سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی كه‌ سه‌ربه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌یه‌ ئاماژه‌ به‌ رۆڵی رێگای ئێم-4 ده‌كات وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ دابینكردنی نه‌وت له‌ ناوچه‌ كوردییه‌كانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شار و شارۆچكه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی سوریا. له‌كاتێكدا رژێمی سوریا له‌چوارچێوه‌ی سزاكانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌ له‌م كاته‌دا، به‌ڵام هێشتا نه‌وتی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌لی پێده‌كات كه‌ هاوپه‌یمانی ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌. رێژه‌ی بازرگانی نه‌وت له‌نێوان هه‌ردوولا له‌ مانگی ڕابردوو زیاتر بووه‌ 15000 كۆنتێنه‌ر (تانكه‌ر). به‌پێ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی ئه‌نادۆڵ ئه‌و بارهه‌ڵگرانه‌ له‌ سێ ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵات یه‌په‌گه‌وه‌ نه‌وت بارده‌كه‌ن ئه‌وانیش: ته‌ل ته‌مر، عین عیسا و ره‌ققه‌. رێگرتن له‌ رۆشتنی ئه‌و نه‌وته‌ش پێویستی به‌ كۆنترۆڵكردنی رێگای خێرای ئێم-4 و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تره‌ له‌سه‌ر رێگاكه‌.

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure