چاره‌سه‌ری كتوپڕ ئابووری هه‌رێمی كوردستان وێران ده‌كات

02/12/2020

:: بێ نوسەر

 

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: په‌یمانگای واشنتۆن
نوسینی:مایكڵ نایتس

له‌ میانه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی شه‌وی 11/تشرینی دووه‌م ئه‌نجامدرا‌و، بووه‌ مایه‌ی مشتومڕ، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌و مه‌به‌سته‌ی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاره‌كی كۆتایی ساڵی 2020 پڕبكرێته‌وه‌، به‌په‌له‌ ده‌رباره‌ی قه‌رزكردنی بڕی 12 ترلیۆن دینار ( 10 ملیار دۆلار) بڕیاریدا. شایه‌نی باسه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی 60 ئه‌ندامه‌ كورده‌كه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ دانیشتنه‌كه‌یان به‌جێهێشت، به‌ڵام، بڕیاره‌كه‌ ده‌نگی 173 ئه‌ندامی سوننه‌‌و شیعه‌ی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی به‌ده‌ست هێنا، كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ 329 كورسی. ئه‌مه‌ش وایكرد، ئه‌و بڕیاره‌ ببێته‌ بڕیارێكی دارایی جیاواز، كه‌ به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی یه‌كێك له‌ پێكهاته‌ ئیتنی- تایه‌فییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی عێراق دراوه‌. ئه‌م هه‌نگاوه‌، كارێكی له‌ ناكاو نه‌بوو، چونكه‌، پشێوییه‌كان له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و كوتله‌ سیاسییه‌كانی عێراقدا به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو په‌ره‌ده‌ستێنی. به‌ڵام، ده‌كرێت بڵێین، ئه‌سته‌مه‌ كورد بتوانێت ئه‌و داشكاندنه‌ زه‌به‌لاحانه‌ی لێی داواكراوه‌، له‌و ماوه‌ كورته‌دا جێبه‌جێ بكات. له‌به‌ر ئه‌و هۆكاره‌‌و، به‌هۆی ئه‌وه‌ی یاسا نوێیه‌كه‌ پێشبینییه‌كانی بودجه‌ی 2021-یشی تێدایه‌، گرنگه‌ هۆكاره‌كانی كشانه‌وه‌ی كورد له‌ ده‌نگدان له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌‌و، شێوازی هه‌ڵوێستی پێویستی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و هاوبه‌شه‌كانی دیكه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ به‌وردی بخه‌ینه‌ڕوو.


گرژییه‌ به‌رده‌وامه‌كان ده‌رباره‌ی دابه‌شكردنی داهات
دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن، حكومه‌تی فیدڕاڵی عێراق سیستمێكی شێوه‌ نه‌ریتیی بۆ دابه‌شكردنی داهاته‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستانی عێراقدا پێكهێنا، كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان كیانێكی ئیدارییه‌‌و، چوار پارێزگای له‌ نۆزده‌ پارێزگاكه‌ی عێراق له‌ خۆگرتووه‌. به‌غداد به‌پێی ئه‌و سیستمه‌، پشكی مانگانه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌ی له‌ خه‌رجی حكومه‌ت - به‌ ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 17%- گواستۆته‌وه‌ بۆ كورد، واتا، به‌و شێوازه‌ی گونجاوبێت له‌گه‌ڵ ڕێژه‌ی ئه‌و دانیشتوانانه‌ی عێراق، كه‌ له‌ ناوچه‌كانی سنوری هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین.
له‌ڕاستیدا، پشكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شێكی لاوه‌كی نێو بودجه‌ی فیدڕاڵییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌، به‌ناوی (خه‌رجییه‌ نا سیادییه‌كان)، كه‌ لایه‌نه‌ سیادییه‌كانی، وه‌ك به‌رگری، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، تێچووی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت‌و چه‌ند لایه‌نی دیكه‌ ناگرێته‌وه‌. بۆیه‌، له‌ ئه‌نجامی ئه‌مه‌دا، پشكی كوردستان، كه‌ به‌ڕێژه‌ی 17% دیاریكراوه‌، به‌كرداری یه‌كسانه‌ به‌ ڕێژه‌ی 13%ی تێكڕای خه‌رجی حكومه‌ت. ئه‌م ڕێژه‌یه‌ش كاتێك كه‌مبۆوه‌، كه‌ به‌غداد لای خۆیه‌وه‌ چه‌ند به‌شێكی دیكه‌ی بودجه‌ی وه‌ك خه‌رجی سیادی دیاریكردووه‌. له‌ پاڵ ئه‌وه‌دا، حكومه‌تی هه‌رێم له‌وه‌ش ناڕازییه‌، كه‌ حكومه‌تی عێراق تێچووی هێزه‌كانی ئاسایشی فیدڕاڵی‌و، به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی، وه‌ك به‌شێك له‌ خه‌رجییه‌ سیادییه‌كان دیاریكردووه‌. به‌ڵام، له‌ هه‌مان كاتدا، تێچووی ئاسایش‌و نه‌وتی هه‌رێم ناگرێته‌ئه‌ستۆ.
شایه‌نی باسه‌، به‌هه‌مان شێوه‌، ناڕه‌زاییه‌كانیش ده‌رباره‌ی داهاتی نه‌وت زیادیانكرد. چونكه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هه‌رنارده‌ی نه‌وتی تایبه‌ت به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌یكرد، به‌جۆرێك له‌ ساڵی 2016دا، چووه‌ لوتكه‌‌و، گه‌یشته‌ 550,000 به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا، حكومه‌تی عێراق له‌لای خۆیه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌كی هه‌ڵكشاو له‌ڕووی مافی هه‌رێم له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كه‌رتێكی سه‌ربه‌خۆی وزه‌‌و پارێزگاری له‌ داهاته‌كانی ده‌وه‌ستێته‌وه‌. به‌ڵام، له‌هه‌مان كاتدا، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام به‌شی مانگانه‌ی خۆی له‌ به‌غداد وه‌رده‌گرت. له‌م ساڵانه‌ی دواییشدا، هه‌ندێك له‌ سیاسه‌تمه‌داره‌كان فشاریان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، تا به‌شێك، یاخود گشت ئه‌و هه‌ناردانه‌ (كه‌ ئێستا 400,000 به‌رمیله‌ له‌ ڕۆژێكدا)‌و داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیشی ڕاده‌ستی (كۆمپانیای نیشتیمانیی بۆ فرۆشتنی نه‌وتی عێراق)، ناسراو به‌ (سۆمۆ) بكات. شایه‌نی باسه‌، تێكڕای داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی هه‌رێم له‌ مانگی كانونی دووه‌مدا، گه‌یشته‌ نزیكه‌ی 240 ملیۆن دۆلار له‌ مانگێكدا، به‌ڵام، له‌و كاته‌ به‌ره‌و دوا، قه‌یرانی كۆرۆنا ئه‌و تێكڕایه‌ی نزمكردۆته‌وه‌ بۆ نزیكه‌ی 100 ملیۆن دۆلار.
به‌هه‌مان شێوه‌، حكومه‌تی فیدڕاڵی متمانه‌ی به‌ لیستی فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش نیه‌، ته‌نانه‌ت، له‌و كاته‌شی ئه‌و لیستانه‌ به‌ سیستمێكی تۆماركردنی بایۆمه‌تری پاڵپشتی ده‌كرێن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی، تائێستا لیستی فه‌رمانبه‌رانی به‌غداد نه‌خراوه‌ته‌ چوارچێوه‌ی تۆماری بایۆمه‌ترییه‌وه‌.


له‌ یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێناندا چی خراوه‌ته‌ڕوو؟
به‌هۆی چه‌ند فاكته‌رێكه‌وه‌ – ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حكومه‌تی پێشوو له‌ كۆتایی ساڵی 2019دا، بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا‌و، پێكهێنانی حكومه‌تێكی نوێ، كه‌ پێكهێنان‌و جێگیربوونی ماوه‌یه‌كی زۆری خایاند- بودجه‌ی ساڵی 2020 له‌ عێراق تێنه‌په‌ڕێندرا. بۆیه‌، دۆخه‌كه‌ وای ده‌خواست، حكومه‌تی به‌غداد له‌ به‌پێی هه‌ندێك به‌شی یاسای بودجه‌ی ساڵی 2019 كاربكات‌و، هه‌ندێك ڕێكخستنی كاتیی له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ربكات. شایه‌نی باسه‌ له‌كاتی ده‌ستبه‌كاربوونی مسته‌فا كازمییه‌وه‌ له‌ مانگی ئایاردا، به‌غداد مانگانه‌ 268 ملیۆن دۆلاری داوه‌ته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌بێ ئه‌وه‌ی داوابكات هه‌رێم گشت داهاته‌كانی بۆ حكومه‌تی فیدڕاڵی بنێرێت. ناردنی ئه‌م بڕه‌ش له‌ به‌غداده‌وه‌، وایكرد به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم بتوانن زۆربه‌ی خه‌رجییه‌ مانگانه‌كانیان دابین بكه‌ن، كه‌ ده‌گاته‌ 1.08 ملیار دۆلار، له‌ نێویشیاندا، به‌شی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و خه‌رجییانه‌، كه‌ ده‌گاته‌ 710 ملیۆن دۆلار، بۆ دابینكردنی مووچه‌‌و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی.  شایه‌نی باسه‌، هه‌ندێك پێیان وایه‌، هه‌رێم به‌م ڕێگه‌یه‌ ده‌توانێت پشكی خۆی، ته‌نانه‌ت زیاتریش به‌ده‌ست بهێنێت. به‌ڵام، له‌ڕاستیدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ ناردنی ئه‌و بڕه‌ش له‌ حكومه‌تی ئیتیحادییه‌وه‌، هێشتا دووچاری ته‌نگه‌ژه‌ ده‌بێته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر یاسای نوێی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌وا، ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو ده‌گۆڕێت. هاوكات، پێده‌چێت به‌شی مانگانه‌ی نێدراو له‌ به‌غداده‌وه‌ به‌بڕٍی 268 ملیۆن دۆلار به‌رده‌وام بێت. به‌ڵام، له‌ هه‌مان كاتدا، یاساكه‌ داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌كات، كه‌ ده‌ستبه‌جێ گشت داهاته‌ نه‌وتییه‌كانی‌و، به‌شێكی گومرگیی له‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانی بۆ به‌غداد بنێرێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا، ئه‌گه‌ر وادابنێین هه‌رێم مانگانه‌ به‌بڕی 400,000 به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا به‌ نرخێكی داشكێندراو ده‌فرۆشێت، كه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ی 33 دۆلار بۆ به‌رمیلێك (به‌رانبه‌ر 45 دۆلار بۆ به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت)، واتا، ده‌بێت مانگانه‌ ده‌ستبه‌رداری 396 ملیۆن دۆلاری داهاته‌ نه‌وتییه‌كان ببێت، له‌پاڵ نزیكه‌ی سێ له‌سه‌ر چواری داهاته‌ نانه‌وتییه‌كانیشیدا. به‌واتایه‌كی دیكه‌، داهاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ 764 ملیۆن دۆلاری مانگانه‌وه‌ ( واتا، 268 ملیۆن دۆلار، كه‌ له‌ حكومه‌تی فیدرالییه‌وه‌ بۆی ده‌گوێزرێته‌وه‌، 396 ملیۆن دۆلاری داهاتی نه‌وت‌و، 100 ملیۆن دۆلاری داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان)، بۆ 293 ملیۆن دۆلار له‌ مانگێكدا ( 268 ملیۆن بڕی نێردراوی حكومه‌تی فیدرالی، له‌پاڵ 25 ملیۆن دۆلار كه‌ له‌ داهاته‌ نانه‌وتییه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌) داده‌به‌زێت.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئێستا مانگانه‌ ڕووبه‌ڕووی كورتهێنانێكی خراپ ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام، ده‌كرێت به‌ ڕێژه‌ی 30% ڕام بكرێت (واتا، 764 ملیۆن دۆلار له‌ داهات، به‌رانبه‌ر خه‌رجییه‌ ئیسمییه‌كه‌ به‌بڕی 1.08 ملیار دۆلار). به‌ڵام، له‌گه‌ڵ دابه‌زاندنی داهاتی مانگانه‌ بۆ 293 ملیۆن دۆلار، یاسا نوێیه‌كه‌ كورتهێنانه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێته‌ 73%، ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كه‌ توشی شۆكمان ده‌كات‌و، واده‌كات به‌رپرسانی هه‌رێم تا ڕاده‌یه‌كی زۆر نه‌توانن پابه‌ندییه‌ زۆر گرنگه‌كانیان دابین بكه‌ن: واتا، خه‌رجییه‌ مانگانه‌كان بۆ مووچه‌‌و بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه‌ ده‌گاته‌ 710 ملیۆن دۆلار. بۆیه‌ پێداگری له‌سه‌ر ده‌ستبه‌جێ جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایه‌، واتا خنكاندنی ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ڕێژه‌ی فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌رزتره‌ له‌چاو به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا. بۆیه‌، پێویسته‌ چاكسازی ئابووری له‌م هه‌رێمه‌دا ئه‌نجام بدرێت. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌پێی ئه‌و یاسا نوێیه‌ بێت، حكومه‌تی هه‌رێم ناتوانێت ته‌نانه‌ت مووچه‌ی چه‌ند مانگی داهاتووی ئه‌مساڵیش به‌ فه‌رمانبه‌ران بدات. ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌ی، به‌غداد به‌پێی یاساكه‌ ده‌توانێت به‌بێ پچڕان، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ره‌كانی خۆی بدات. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه‌ هاوسه‌نگی ڕاناگرێت. چونكه‌، ته‌نها به‌شێكی عێراق - واتا، گروپێكی ئیتنی-، ناچار ده‌بن بارگرانی ئه‌و سیاسه‌تی سكهه‌ڵگوشینه‌ په‌له‌‌و گرانه‌ بگرنه‌ئه‌ستۆ. ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌ی، خه‌رجییه‌كانی دیكه‌ی وڵات وه‌ك خۆی پارێزگاری لێده‌كرێت.


بژارده‌ سیاسییه‌كانی ئه‌مریكا   
ئه‌گه‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا توشی داڕمان هات، ئه‌وا كوتله‌ سیاسییه‌كانی سه‌ر به‌ئێران له‌ عێراق، ده‌رباره‌ی كۆمه‌ڵێكی زۆر له‌و پرسانه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌مریكا یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ن، فشاری زیاتر له‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن. له‌و پرسانه‌ش، هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق‌و، مانه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ عێراقدا. له‌ ڕاستیدا له‌و كاته‌ی چه‌ند مانگێكی ماوه‌ بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو له‌ ساڵی 2021دا، ئه‌و به‌ره‌یه‌ – واتا، كازمی، كورد‌و هه‌ندێك له‌ كوتله‌ عه‌ره‌بیه‌كان- داده‌ڕمێت، كه‌ میانڕه‌وانه‌ ده‌ڕواننه‌ پرسی پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان. چونكه‌، هه‌روه‌ك چۆن ئێران ده‌ ساڵ له‌مه‌وپێش ئامۆژگاریی نوری مالیكی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاته‌ی كرد، كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2010، شاڵاوێكی تایه‌فه‌گه‌ریی هه‌ڵبگیرسێنێت، تا بتوانێت بۆ جاری دووه‌م پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ده‌ست بهێنێته‌وه‌. به‌هه‌مان شێوه‌، ئه‌مڕۆش، كوتله‌كه‌ی سه‌ر به‌ ئێران هه‌مان بنه‌ما جێبه‌جێ ده‌كات، تا كینه‌ی ئیتنی له‌ نێوان نه‌یاره‌كانیدا بوروژێنێت‌و په‌رتیان بكات.
له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ش، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ واشنتۆن یارمه‌تی هاوپه‌یمانه‌كانی بدات، ئه‌مه‌ش له‌ ڕێگه‌ی هاندانی به‌غداده‌وه‌، تا داواكارییه‌ ئابوورییه‌ به‌په‌له‌كانی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی گونجاو دابڕێژێته‌وه‌. شایه‌نی باسه‌، بریكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئێران له‌ عێراق، واتا، كه‌تائیبی حیزبوڵڵا - كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ لیستی تیرۆردا پۆلێنی كردووه‌-، له‌ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌یه‌وه‌ (الإتجاه) پاڵپشتییه‌كی به‌هێزی ئه‌و به‌شانه‌ی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی كرد، كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. ئه‌مه‌ش هه‌ڵوێستێكی هه‌ڕه‌مه‌كی نیه‌. به‌ڵكو، پێویسته‌ ئه‌و هێرشانه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانی حیزبوڵڵا، له‌ چوارچێوه‌ی هێرشه‌ كردارییه‌كانیدا دژی كورد ته‌ماشا بكرێت. له‌نێویشیاندا، هێرشی مووشه‌كیی بۆسه‌ر پایته‌ختی هه‌رێم له‌ 30/ ئه‌یلولدا‌و، سوتاندنی باره‌گای پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ به‌غداد له‌ 17 تشرینی یه‌كه‌مدا. هه‌ردوو هێرشه‌كه‌ش، وه‌ڵامی لێدوانه‌كانی كورد بوو، بۆ پاڵپشتی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و حكومه‌ته‌كه‌ی كازمی، كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌رده‌وامی میلیشیاكانی سه‌ر به‌ ئێراندا هاوكاتبوو. ئه‌گه‌ر واشنتۆن ئێستا له‌ هاوكاریكردنه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت. ئه‌وا، كاره‌ساته‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ ده‌بێته‌ كۆپییه‌كی ئابووری قه‌یرانه‌كه‌ی كه‌ركوك له‌ تشرینی یه‌كه‌م/2017دا، كاتێك كورد هه‌ستی ده‌كرد له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانه‌ ده‌ره‌كییه‌كانییه‌وه‌ ناپاكی له‌گه‌ڵ كراوه‌. چونكه‌، ئه‌وكات به‌پێی پێویست هه‌نگاوی خێرایان نه‌نا، تا ڕێگری له‌ هێرشه‌ زێده‌ڕه‌وه‌كه‌ی گروپه‌ عێراقییه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران بكه‌ن. 
به‌رپرسانی ئه‌مریكا-ش بۆ خۆلادان له‌و جۆره‌ ئه‌نجامه‌، ده‌بێت دووباره‌ به‌شێوه‌یه‌كی ڕوون جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌. له‌هه‌مان كاتدا، ئه‌وه‌ش بگه‌یه‌ننه‌ حكومه‌تی عێراق، كه‌ كورد پێویستی به‌ كاتی زیاتره‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌. هاوكات، پێویسته‌ چاكسازییه‌ داواكراوه‌كان به‌شێك بێت له‌ بودجه‌ی ساڵی 2021، نه‌ك به‌شێكی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان بێت، كه‌ ماوه‌كه‌ی سێ مانگه‌. ئامڕازه‌ به‌رده‌سته‌كانیش هه‌مه‌جۆرن له‌به‌رده‌ست عێراقدا، تا له‌سه‌ر ئاستی حكومه‌تی فیدڕاڵی فشاره‌ داراییه‌كان كه‌مبكاته‌وه‌ (بۆنمونه‌، پشتبه‌ستن به‌ یه‌ده‌گه‌ سیادییه‌كان، قه‌رزكردنی ده‌ره‌كی). له‌به‌رانبه‌ریشدا، كورد هیچ كام له‌و بژاردانه‌ی له‌ژێر ده‌ستدا نیه‌. هاوكات، هێشتا پێویسته‌ ئه‌مریكا فشار بخاته‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا له‌ ساڵی داهاتوودا، مكوڕانه‌تر سیاسه‌ته‌كانی سكهه‌ڵگوشین جێبه‌جێ بكات، هه‌ر له‌ كه‌مركدنه‌وه‌ی چوارچێوه‌ی مووچه‌‌و سیستمی بیمه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو، بۆ ده‌ستپێكردنی پڕۆسه‌ی گواستنه‌وه‌ی به‌شێكی بازاڕخستنی نه‌وت بۆ به‌غداد. به‌ڵام، هه‌تا بودجه‌ی فیدڕاڵی بڕێكی ئه‌وتۆ نه‌داته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ تێكڕای داهاتی مانگانه‌ی له‌ 800 ملیۆن دۆلار كه‌متر نه‌بێت، ئه‌وا هه‌رێم ناتوانێت ڕێكاری له‌و جۆره‌ بگرێته‌به‌ر. هاوكات، ئه‌گه‌ر خه‌رجییه‌ سیادییه‌كانی تایبه‌ت به‌به‌غداد به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌تر دابڕێژرێته‌وه‌، ئه‌وا به‌شی حكومه‌تی هه‌رێم له‌و بڕه‌ نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی پشكی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ خه‌رجی فیدڕاڵی زیادبكرێت.
ئه‌مریكا له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌مدا، پێویسته‌ ده‌ستبه‌جێ گوشار له‌ گروپه‌ جیاوازه‌كانی به‌غداد بكات، تا ئه‌و پابه‌ندییانه‌ی نێو یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنان، كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، دوابخه‌ن‌و، له‌وه‌ش ئاگاداریان بكاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كۆتانه‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 وێران ده‌كه‌ن. پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌وڵه‌كانی سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، بانكی نێوده‌وڵه‌تی، نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان‌و یه‌كێتی ئه‌وروپادا، ئه‌و گوشارانه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی گشتی‌و تایبه‌ت بگیرێنه‌به‌ر. ڕێكه‌وتنێكی نێوده‌وڵه‌تی له‌و جۆره‌ش، ده‌كرێت گفتوگۆی نێوان حكومه‌تی عێراق‌و هه‌رێمی كوردستان به‌هێز بكات‌و، یارمه‌تی هه‌ردوولا بدات، تا پرۆسه‌یه‌كی ئه‌وتۆ بۆ دووباره‌ پێكهێنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووریه‌كانیان بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك په‌ره‌پێبده‌ن، كه‌ بواری جێبه‌جێكردنی زیاتر بێت.
له‌ كۆتاییشدا، به‌مه‌به‌ستی گره‌نتیكردنی یه‌كبوونی ناوخۆی كوردستان ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه‌، پێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و هاوبه‌شه‌كانی، هانی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی بده‌ن، كه‌ له‌ بڕیاره‌كانی حكومه‌تدا لامه‌ركه‌زی زیاتر په‌یڕه‌و بكه‌ن. له‌ڕاستیدا، ده‌كرێت ئه‌م هه‌نگاوه‌ لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ كاراكه‌ی دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا - واتا، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان- بهێنێته‌وه‌ نێو هه‌ڵوێستێكی فراوانتری كورد له‌ دانوستانكردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیدا.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure