گرفتی قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌

28/12/2020

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: مایكڵ سپێنس و دێنی لیپزگڕ


زیادبوونی خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت له‌ میانه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكاندا كارێكی پێویسته‌، له‌لایه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌كان‌و، پاڵپشتی ئه‌و خێزانانه‌ی دووچاری نه‌مانی داهات ده‌بنه‌وه‌، له‌لایه‌كی دیكه‌ش، بۆ به‌رده‌وامبوونی ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی ڕه‌نگه‌ توشی شكست ببن‌و شكسته‌كه‌شیان زیانی درێژخایه‌ن له‌ به‌رهه‌مهێنان‌و ده‌ستی كار بدات. به‌ڕێوبه‌ری گشتی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌ كریستالینا جۆرجیڤا هانی سیاسه‌تمه‌داره‌كانیدا، كه‌: " خه‌رج بكه‌ن، به‌ڵام پارێزگاری له‌ داهاتیش بكه‌ن". به‌هه‌مان شێوه‌، سه‌رۆكی ئابووریناسانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی كارمن ڕاینهارت ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ی بیرهێناینه‌وه‌، كه‌ ده‌ڵێت: " سه‌ره‌تا به‌شداری له‌ جه‌نگه‌كه‌دا بكه‌، دوواتر بیر له‌ باجه‌كه‌ی بكه‌ره‌وه‌". 
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی بناغه‌یه‌كی دارایی پته‌ویان هه‌یه‌، ئه‌م ڕاسپاردانه‌ لۆژیكین. به‌ڵام، زیادبوونی خه‌رجیی، زۆر مه‌ترسی درێژخایه‌نی بۆسه‌ر وڵاته‌كانی دیكه‌ هه‌یه‌. له‌ ساڵی 2008دا، (لیژنه‌ی گه‌شه‌كردن‌و په‌ره‌سه‌ندن) ده‌ریخست، كه‌ به‌شی زۆری گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوالیتی جه‌رخیییه‌ سه‌رمایه‌داری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان. ئه‌وه‌شمان لا ئاشكرا بوو، كه‌ سه‌ركه‌وتووترین ئه‌و وڵاتانه‌، ئابوورییه‌كانیان به‌ ئاستی جیاجیای پاشه‌كه‌وت به‌ڕێوه‌بردووه‌، كه‌ له‌ ئاستی وه‌به‌رهێناندا بوون، یاخود له‌و ئاسته‌وه‌ نزیك بوون. بۆیه‌، كورتهێنانیان له‌ حسابی جاریدا زۆر كه‌مبووه‌.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئێستا چه‌ندین وڵات - كه‌ هه‌ندێكیان پێش بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ش قه‌رزی زۆریان له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه‌ ببوو- له‌ به‌ڕێوه‌بردنێكی كارای ده‌رامه‌ته‌ گشتییه‌كاندا شكستیان هێناوه‌. هۆكاری ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خراپی له‌ هه‌ڵبژاردن‌و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان، پلانی ناكارای خه‌رجی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و، كۆمه‌كه‌ ناپێویسته‌كان، یاخود گه‌نده‌ڵییه‌ ئاشكراكان. هه‌ریه‌ك له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌، ئامڕازی كردارییان هه‌یه‌، بۆ پێوانی كوالیتی خه‌رجییه‌ گشتیییه‌كان. هه‌روه‌ها، ژماره‌یه‌كی زۆر ئاماژه‌پێده‌ر هه‌یه‌، كه‌ له‌ ڕێگای پێوه‌ره‌ ستاندارده‌كانه‌وه‌ ئاستی كارایی هه‌ر حكومه‌تێك ده‌خاته‌ڕوو. بۆ ئه‌و حكومه‌تانه‌شی ئاستێكی لاوازیان هه‌یه‌، قه‌رزكردن بۆ ده‌ستبه‌ركردنی خه‌رجیی زیاتر، ڕه‌نگه‌ باشترین ڕه‌وتی كاركردن نه‌بێت.
دواجار، له‌هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌دا كاتێك قه‌رزه‌كانی حكومه‌ت به‌هۆی خه‌رجكردنێكی هه‌ڵه‌شانه‌وه‌ زیادده‌كات، هیچ هاووڵاتییه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كی باش به‌ده‌ست ناهێنێت. له‌و وڵاتانه‌دا، قه‌رزكردن به‌ دراوی قورس له‌ كاتێكدا، كه‌ هه‌نارده‌ داده‌به‌زێت‌و نرخی ئاڵوگۆڕی دراوه‌كه‌ی خۆی له‌ژێر فشاردا ده‌بێت، ئه‌گه‌ری پێداچوونه‌وه‌‌و ڕێكخستنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان له‌ ئاینده‌دا زیاد ده‌كات. هاوكات، دامه‌زراوه‌ داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی، وه‌ك سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌-ش ده‌خاته‌ ته‌نگژه‌وه‌. چونكه‌، ئه‌و دامه‌زراوه‌یه‌ ئێستا داوای زیادكردنی خه‌رجی بێ مه‌رج ده‌كات.
گه‌شه‌ی ئابووری پشت ده‌به‌ستێت به‌ قازانجی به‌رزی وه‌به‌رهێنانی گشتی له‌ سه‌رمایه‌ی مرۆیی‌و ژێرخانی بنه‌ڕه‌تیدا. ئه‌و وڵاتانه‌شی ژیرانه‌ وه‌به‌رهێنانیان له‌و بوارانه‌دا كردووه‌، ده‌رامه‌ته‌ ئابوورییه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو گه‌شه‌ی كردووه‌. هاوكات، ئه‌و وڵاتانه‌ی وه‌به‌رهێنانێكی خراپیان ئه‌نجامداوه‌، زیاتر قه‌رزدار بوون‌و، توانای دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كانیشیان كه‌متر بووه‌، به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و قه‌رزانه‌ به‌ دراوی بیانی بێت. جا به‌وپێیه‌ی زۆربه‌ی وڵاته‌ تازه‌ پێگه‌یشتووه‌كان بوارێكی كه‌می قه‌رزكردنیان له‌ بازاڕه‌ ناوخۆییه‌كانی سه‌رمایه‌دا هه‌یه‌، بۆیه‌ پێده‌چێت خه‌رجییه‌ زیاده‌كانیان، به‌قه‌رزی ده‌ره‌كی‌و بازرگانی پڕبكه‌نه‌وه‌. ئه‌م شێوازه‌ش ئه‌گه‌ری زۆره‌ به‌كاره‌سات كۆتایی بێت.
له‌ دۆخی ئه‌مڕۆدا، كه‌ ڕێژه‌ی سوو دابه‌زیوه‌، زۆركه‌س پێیان وایه‌، كه‌ به‌وپێیه‌ی تێچووی قه‌رزكردن كه‌متره‌ له‌ تێكڕای گه‌شه‌، ئه‌وا پاڵپشتیكردنی خه‌رجیی زیاده‌ به‌ قه‌رز كارێكی لۆژیكییه‌. لێره‌شدا جارێكی دیكه‌ ده‌ڵێین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌م بۆچوونه‌ له‌ وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كاندا گونجاوه‌، به‌ڵام، مه‌ترسی هه‌یه‌ بۆسه‌ر  ئابوورییه‌ تازه‌پیاكه‌وتووه‌كان‌و گه‌شه‌كردووه‌كان، به‌وپێیه‌ی فاكته‌ره‌كانی، وه‌ك شێوازی دابه‌شكردنی خه‌رجییه‌كان، جیاوازی گه‌وره‌ دروست ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا، ناكرێت ته‌نانه‌ت له‌ كاتی قه‌یرانی كۆرۆناشدا، ئه‌و لایه‌نانه‌ پیشتگوێ بخه‌ین. چونكه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ ئاینده‌دا بارگرانی قه‌رزه‌كان زیاد بكه‌ن‌و بواره‌كانی گه‌شه‌سه‌ندنێكی سه‌ركه‌وتوو كه‌مبكه‌نه‌وه‌. 
شایه‌نی باسه‌، بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و گرفته‌ داراییانه‌ی دووچاری ئابوورییه‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان ده‌بنه‌وه‌، شێوازی كاراتر هه‌یه‌، وه‌ك زیادكردنی بڕی هاوكارییه‌كان بۆ دانیشتوانه‌ كه‌مده‌رامه‌ته‌كان‌و، درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی قه‌رزكردن له‌لایه‌ن سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌یه‌وه‌، به‌جۆرێك گره‌نتیكردنی به‌كارهێنانێكی باشی ده‌رامه‌ته‌كان بكاته‌ مه‌رج، هه‌روه‌ها، به‌رنامه‌ هاوبه‌شه‌كانی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌‌و بانكی نێوده‌وڵه‌تی، كه‌ پێوه‌ره‌كانی كه‌رتی دارایی-ش ده‌گرنه‌وه‌.
بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌ دوای قه‌یرانی قه‌رزكان له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، كاریان له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌و چوارچێوه‌ سیاسییانه‌ كرد، كه‌ ده‌توانن پشتیوانی دارایی نوێ دابین بكه‌ن‌و، گره‌نتی خستنه‌گه‌ڕی سه‌رمایه‌ له‌ پلانی گه‌شه‌پێدانی به‌رجه‌سته‌دا بكه‌ن. ده‌كرێت ئه‌مڕۆ ئه‌و جۆره‌ چوارچێوه‌ فه‌رمییانه‌ زیندوو بكرێنه‌وه‌، تا گره‌نتی زیاتری چاره‌سه‌ركردنی ته‌نگژه‌ هه‌یكه‌لییه‌كان‌و مه‌ترسییه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ حوكمی ژیرانه‌وه‌ بدرێته‌ خاوه‌ن قه‌رزه‌كان.
ئه‌وانه‌شی دوودڵن ده‌رباره‌ی شوێنه‌واری ئه‌م هه‌نگاوانه‌، پێویسته‌ ئه‌وه‌ بزانن، كه‌ پڕۆسه‌ی دووباره‌ پۆلێنكردنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، ئه‌گه‌ر پێویست بێت به‌شێوه‌یه‌كی پێشوه‌خت ئه‌نجام بدرێت، پێویستی به‌وه‌یه‌، كه‌ قه‌رزداره‌كان هه‌یكه‌لی گه‌شه‌سه‌ندن‌و هه‌یكه‌لی دیكه‌ی ئه‌وتۆ دابنێن، كه‌توانای به‌رگه‌گرتنی قه‌رزه‌كانی هه‌بێت. داڕشتن‌و جێبه‌جێكردنی ئه‌مه‌ش ده‌كرێت به‌به‌شداری له‌گه‌ڵ لایه‌نی سێیه‌مدا بێت. له‌ به‌رانبه‌ریشدا، داڕشتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان له‌ ژێر فشاردا، یاخود دواكه‌وتنێكی ئاشكرا له‌ دانه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان، بژارده‌یه‌كی زۆر خراپتره‌ له‌و به‌رنامه‌ هاوبه‌شانه‌ی بانكی نێوده‌وڵه‌تی‌و سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌، كه‌ ده‌توانن قه‌رزی تایبه‌ت به‌ مه‌رجی گونجاو به‌رده‌ستبخه‌ن.
بێگومان ئه‌و چوارچێوه‌ی كاركردنه‌ی داشكاندێكی درێژخایه‌ن دابین ده‌كات‌و، كه‌لێنه‌ داراییه‌كان‌و گرفتی قه‌رزه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، چوارچێوه‌یه‌كه‌ باشكردنی میكانیزمه‌ داراییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆ دانه‌وه‌ی به‌رده‌وامی قه‌رزه‌كان له‌ خۆده‌گرێت. به‌به‌راودیش له‌گه‌ڵ كاره‌كانی پێشوو بۆ داشكاندنی قه‌رزه‌كان (وه‌ك، ده‌ستپێشخه‌ری وڵاته‌ هه‌ژاره‌ قه‌رزداره‌كان‌و ده‌ستپێشخه‌ریه‌ فره‌لایه‌نه‌كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانییه‌كانی قه‌رز)، ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، كه‌ گرفتی قه‌رز هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی هه‌ڵكشاو له‌و قه‌رزدارانه‌ ده‌كات، كه‌ داهاتێكی مامناوه‌ندیان هه‌یه‌. له‌م قۆناغه‌شدا، پێویسته‌ ژێرخانێكی نوێ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان دابمه‌زرێت، كه‌ قه‌رزده‌ره‌ بازرگانییه‌كان-یش بگرێته‌وه‌.
له‌ ڕاستیدا، هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی له‌و جۆره‌، پێویسته‌ له‌لایه‌ن وڵاتانی (G20)ه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت، كه‌ كاریان له‌سه‌ر دانانی پلانی نوێی جیهانی بۆ داڕشتنه‌وه‌ی قه‌رزه‌كان كردووه‌. پێویسته‌ ئه‌و ڕه‌وته‌ نوێیه‌ به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی گشت وڵاته‌ قه‌رزده‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان بگرێته‌وه‌. گشت قه‌رزده‌ره‌كانیش له‌ به‌رژه‌وه‌ندییانه‌، كه‌ بچنه‌ نێو كارێكی له‌و جۆره‌وه‌، تا به‌دوربن له‌و كێشانه‌ی سوودمه‌نده‌كان توشی ده‌بن‌و، گره‌نتی شه‌فافی داتاكانی تایبه‌ت به‌ قه‌رزه‌كانیش بكرێت. 
دۆخه‌ نائاساییه‌كان پێویستیان به‌ ڕێكاری هه‌ڵاوێره‌. ئه‌گه‌ر وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كان له‌ گرتنه‌به‌ری ڕێكاری بوێرانه‌دا شكستیان هێنا، ئه‌وا له‌ ساڵانی دوای په‌تاكه‌شدا، ناتوانن به‌ره‌وپێشچوون به‌ده‌ست بهێنن. له‌ ئابووری كاتی په‌تای گشتگیردا، خه‌رجییه‌كی گشتی كارا، ئامڕازه‌كانی توانای به‌رگه‌گرتنی شۆكه‌ داراییه‌كان‌و، ئامڕازه‌ نوێیه‌كان بۆ دووباره‌ هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی قیستی قه‌رزه‌كان، به‌شێكی گرنگی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كانن.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure