::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسينی: جۆزێف نای
ها‌وپه‌یمان‌و دۆسته‌كانی ئه‌مریكا متمانه‌یان به‌و وڵاته نه‌ماوه. چونكه، متمانه زۆر به پته‌وی وابه‌سته‌ی ڕاستگۆییه، دۆناڵد تره‌مپ-یش ڕاستگۆییه‌كی ئه‌وتۆی لێنه‌ده‌وه‌شایه‌وه. ڕاسته هه‌موو سه‌رۆكه‌كان درۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام، به‌شێوه‌یه‌ك نا، كه متمانه كه‌مبكاته‌وه. ڕاپرسییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌ریانخستووه، كه له سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی تره‌مپدا، هێزی كێشكردنه نه‌رمه‌كه‌ی ئه‌مریكا به ڕاده‌یه‌كی زۆر كه‌میكردووه.
ئایا جۆ بایدن ده‌توانێت ئه‌و متانه‌یه بگه‌ڕێنێته‌وه؟ به‌ڵێ، به ماوه‌یه‌كه‌ی كه‌میش. له‌ڕاستیدا، گۆڕینی سیاسه‌ت‌و شێوازی مامه‌ڵه‌كردن ده‌توانێت پێگه‌ی ئه‌مریكا له زۆربه‌ی وڵاتان چاك بكاته‌وه. تره‌مپ له نێو سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكادا، له ئاوازێكی نه‌شاز ده‌چوو. چونكه، پۆستی سه‌رۆكایه‌تی، یه‌كه‌م ئه‌زموونی كاركردنی ئه‌و بوو له نێو حكومه‌تدا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نێكی له بازرگانی كردن‌و وه‌به‌رهێناندا بردۆته‌سه‌ر، له‌پاڵ به‌شداریكردنی له پڕۆگرامه ته‌له‌فیزیۆنییه‌كاندا، وه‌ك پڕۆگرامی (The Apprentice)، كه له ڕێگای لێدوانه نه‌شیاوه‌كانێوه، سه‌رنجی ڕاگه‌یاندنه‌كانی به‌لای خۆیدا ڕاكێشابوو، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیدا ئه‌نجێنداكه‌ی خۆی كۆنتڕۆڵ بكات.
له‌به‌رانبه‌ریشدا، بایدن سیاسه‌تمه‌دارێكی شاره‌زایه، كه به هۆی كاركردنی بۆماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی پیران‌و هه‌شت ساڵیش وه‌ك جێگری سه‌رۆك، شاره‌زاییه‌كی زۆری له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا به‌ده‌ستهێناوه. له كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانیشه‌وه، لێدوانه سه‌ره‌تاییه‌كانی بایدن‌و دیاریكردنی ئه‌ندامه‌كانی حكومه‌ته‌كه‌ی، كاریگه‌ری زۆر دڵنیاكه‌ریان له‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا هه‌بووه.
كێشه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌كانیدا، خۆی له دروشه‌می (ئه‌مریكا له پێشدا) نه‌ده‌بینییه‌وه. به‌ڵكو، وه‌ك له كتێبه‌كه‌مدا به ناونیشانی (ئایا ئاكار گرنگه؟ سه‌رۆك‌و سیاسه‌تی ده‌ره‌كی له فرانكلین ڕۆزڤێڵته‌وه بۆ تره‌مپ) ئاماژه‌م پێداوه، ئه‌ركی پاڵپشتیكردن‌و به‌هێزكردنی به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتیمانی له ئه‌ستۆی سه‌رۆكه. هه‌ر ئه‌وه‌ش نا، به‌ڵكو چۆنێتی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانییه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه، پرسێكی ئاكاریی گرنگه.
تره‌مپ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌دیدی ته‌سكی گرێبه‌سته‌كانه‌وه ده‌بینی، به‌پێی وته‌ی جۆن بۆڵتن-یش، ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا، تره‌مپ هه‌ندێكجار به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سی‌و سیاسی‌و داراییه‌كاندا تێكه‌ڵ كردووه. له‌به‌رانبه‌ریشدا، زۆر له سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا له هاری ترومانه‌وه، دیدێكی فراوانیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتیمانییه‌كان ده‌گرته‌به‌ر‌و له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیاندا تێكه‌ڵیان نه‌ده‌كرد. ترومان پێی وابوو، كه هاوكاری وڵاتانی دیكه ده‌چێته چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نیشیتمانیی ئه‌مریكاوه. ته‌نانه‌ت ناوی خۆشی نه‌خسته‌سه‌ر پلانی مارشاڵ بۆ پاڵپشتیكردنی بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌وروپا دوای جه‌نگ.
به‌پێچه‌وانه‌وه، تره‌مپ به‌كه‌م ته‌ماشای هاوپه‌یمانییه‌كان‌و په‌یوه‌ندییه فره‌لایه‌نه‌كانی ده‌كرد. ئه‌م بۆچوونه‌شی به‌ڕوونی له كۆبوونه‌وه‌كانی وڵاتانی (G7)، یاخود هاوپه‌یمانیی ناتۆدا ده‌رده‌خست. ته‌نانه‌ت له‌و كاته‌ی ڕێكاری سودبه‌خشی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كاره بازرگانییه‌كانی چین گرته‌به‌ر، له ڕێكخستنی فشاره‌كان بۆسه‌ر چین شكستی هێنا، له‌بری ئه‌وه‌ش باجی گومگی به‌سه‌ر هاوپه‌یمانه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كاندا سه‌پاند. ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رسوڕمان بوو، ئه‌وه‌یه، كه هه‌ندێك له‌و هاوپه‌یمانانه، پێیان سه‌یربوو، كه دژاییه‌تییه گونجاوه‌كه‌ی ئه‌مریكا بۆ كۆمپانیای هواوی له مه‌ترسییه بازرگانییه‌كانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، نه‌ك مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان.
هاوكات، كشانه‌وه‌ی تره‌مپ له ڕێكه‌وتننامه‌ی پاریس‌و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، وایكرد پابه‌ندبوونی ئه‌مریكا به مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه جیهانییه سنوربڕه‌كانی، وه‌ك په‌تا گشتگیره‌كان‌و گه‌رمبوونی زه‌وی متمانه‌ی نه‌مێنێت. بۆیه، پلانه‌كه‌ی بایدن بۆ گه‌ڕانه‌وه نێو ڕێكه‌وتننامه‌ی پاریس‌و ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی‌و دڵنییاكردنه‌وه‌كانی ده‌رباره‌ی هاوپه‌یمانیی ناتۆ، كاریگه‌ری ڕاسته‌خۆی له‌سه‌ر هێزه نه‌رمه‌كه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌بێت.
به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، بایدن ڕووبه‌ڕووی كێشه‌یه‌كی قوڵتری متمانه ده‌بێته‌وه. زۆر له هاوپه‌یمانه‌كان پرسیار ده‌كه‌ن، ئایا دیموكراتیی ئه‌مریكی چی به‌سه‌ردێ؟ چۆن متمانه به‌وه بكه‌ین، كه ئه‌و وڵاته‌ی سه‌ركرده‌یه‌كی سیاسی هه‌ڵسوكه‌وت نامۆی، وه‌ك تره‌مپی له 2016دا به‌رهه‌مهێنا، یه‌كێكی هاوشێوه له 2024، یاخود 2028دا به‌رهه‌مناهێنێته‌وه؟ ئایا دیموكراتی ئه‌مریكی به‌ڕاده‌یه‌ك داڕماوه، كه چیتر متمانه به ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان نه‌كرێت؟
له‌ڕاستیدا، نه‌مانی متمانه به حكومه‌ت‌و ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی دیكه، كه یارمه‌تی سه‌ركه‌وتنی تره‌مپیاندا، له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی تره‌مپدا ده‌ستی پێنه‌كرد. به‌ڵكو، كه‌مبوونه‌وه‌ی متمانه به حكومه‌ت نه‌خۆشییه‌كی ئه‌مریكی بوو، كه نیو سه‌ده‌ی خایاند. دوای سه‌ركه‌وتن له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا، سێ له‌سه‌ر چواری ئه‌مریكییه‌كان له ڕاپرسییه‌كاندا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه، كه به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر متمانه‌یان به حكومه‌ت هه‌یه. دوواتر، ئه‌و ڕێژه‌یه له شه‌ست‌و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، واتا داوی جه‌نگی ڤێتنام‌و ئابڕوچوونی وۆته‌رگه‌یت، بۆ چاره‌ك پاشه‌كشه‌ی كرد. خۆشبه‌ختانه، هه‌ڵسوكه‌وتی هاووڵاتییان به‌رانبه‌ر پرسه‌كانی، وه‌ك پابه‌ندبوون به باجه‌كانه‌وه، زۆر باشتر بووه له وه‌ڵامه‌كانیان بۆ ڕاپرسییه‌كان.
ڕه‌نگه باشترین به‌ڵگه له‌سه‌ر نه‌رمی‌و هێزی كه‌لتوره دیموكراتییه‌كه‌ی ئه‌مریكا، هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2020 بێت. چونكه، سه‌ره‌ڕای بوونی په‌تای كۆرۆنا‌و ئه‌و پێشبینییه ڕه‌شبینانه‌ی پێیان وابوو ده‌نگدانێكی بێسه‌روبه‌ره به‌ڕێوه‌ده‌چێت. ژماره‌یه‌كی زۆر ده‌نگده‌ر ڕوویان كرده سندوقه‌كانی ده‌نگدان، هه‌زاران به‌رپرسی ناوخۆییش - له كۆماری، دیموكراتی‌و سه‌ربه‌خۆكان-، كه هه‌ڵبژاردنه‌كانیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، جێبه‌جێكردنی كاره‌كانی خۆیان به‌وپه‌ڕی پاكییه‌وه به ئه‌ركێكی مه‌ده‌نی ده‌بینی.
له ویلایه‌تی جۆرجیا، كه تره‌مپ به جیاوازییه‌كی كه‌م له‌ده‌ستیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌كه‌و به‌رپرسی چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، له‌ڕووی ڕه‌خنه بێبنه‌ماكانی تره‌مپ‌و كۆمارییه‌كاندا وه‌ستایه‌وه، وتیشی: " دروشمی ژیانم ئه‌وه‌یه، كه ژماره‌كان درۆ ناكه‌ن". سكاڵاكانی تره‌مپ-یش، كه به‌بێ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بانگه‌وازی ساخته‌كارییه‌كی فراوانی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌كرد، له‌لایه‌ن گشت دادگاكانه‌وه ڕه‌تكرایه‌وه، به‌و دادگایانه‌شه‌وه، كه دادوه‌ره‌كانیان له‌لایه‌ن تره‌مپه‌وه دامه‌زرێنراون. كۆمارییه‌كان-یش له میشیگان‌و په‌نسلڤانیا به‌رهه‌ڵستی هه‌وڵه‌كانی تره‌مپیان دایه‌وه، كه ده‌یویست كاربه‌ده‌ستانی ئه‌و ویلایه‌تانه ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌تبكه‌نه‌وه. بۆیه، به‌پێچه‌وانه‌ی چه‌پڕه‌وه‌كانه‌وه، كه پێششبینی داڕمانیان ده‌كرد‌و، ڕاستڕه‌وه‌كانیش، كه پێشبینی ساخته‌كارییان ده‌كرد، دیموكراتیی ئه‌مریكی هێز‌و ڕه‌گ‌و ڕیشه قوڵه‌كه‌ی خۆی ده‌رخست.
به‌ڵام، هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا دوودڵن ده‌رباره‌ی متمانه‌كردن به‌وه‌ی ئه‌مریكییه‌كان له 2024، یاخود 2028دا، تره‌مپێكی دیكه هه‌ڵنابژێرنه‌وه. بۆیه، ئه‌مریكییه‌كان، به بایدنیشه‌وه، ده‌بێت مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و دوودڵییه‌دا بكه‌ن. ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌ی هاوپه‌یمانه‌كان ده‌بینن، كه له‌نێو پارته سیاسییه‌كاندا جه‌مسه‌رگیری هه‌یه، تره‌مپ-یش ڕازی نیه شكسته‌كه‌ی خۆی قبول بكات‌و، ئه‌ندامه كۆمارییه‌كانی كۆنگرێس-یش ئیدانه‌ی هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ناكه‌ن، یاخود ته‌نانه‌ت دان به بردنه‌وه‌ی بایدن-یشدا نانێن.
تره‌مپ بنكه جه‌ماوه‌رییه به‌گڕوتینه‌كه‌ی بۆ هه‌ژموون گرتن به‌سه‌ر پارتی كۆماری‌دا به‌كارهێنا، ئه‌مه‌ش له ڕێگای هه‌ڕه‌شه‌كردن به پاڵپشتیكردنی یه‌خه‌گیرییه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی میانڕه‌وه‌كانه‌وه. ڕۆژنامه نووسه‌كانیش له ڕاپۆرته‌كانیاندا باس له‌وه ده‌كه‌ن، كه نزیكه‌ی نیوه‌ی كۆمارییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پیران به‌كه‌م ته‌ماشای تره‌مپ ده‌كه‌ن، به‌ڵام، له هه‌مان كاتیش‌دا لێی ده‌ترسن. ئه‌گه‌ر تره‌مپ دوای به‌جێهێشتنی كۆشكی سپی ویستی پارێزگاری له هه‌ژموونه‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر پارته‌كه‌یه‌وه بكات، ئه‌وا كاركردنی بایدن له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی پیراندا، كه له ژێر هه‌ژموونی كۆمارییه‌كاندایه، ئه‌ركێكی گران ده‌بێت.
له خۆشبه‌ختی هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی توانسته سیاسییه‌كانی بایدن ده‌خرێته ژێر تاقیكردنه‌وه‌وه، ده‌ستوری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانیش ئازادییه‌ك ده‌داته سه‌رۆك بۆ مامه‌ڵه‌كردن له سیاسه‌تی ده‌ره‌كیدا، زیاتر له‌و ئازادییه‌ی له سیاسه‌تی ناوخۆییدا پێی ده‌به‌خشێت. به‌م پێیه‌ش، ئه‌نجامدانی چاكسازی له هاوپه‌یمانییه‌كاندا ده‌بێته ڕاستی. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، به‌پێی ئه‌و ڕاپرسییانه‌ی ئه‌نجومه‌نی شیكاگۆ بۆ كاروباره جیهانییه‌كان له‌م دواییه‌دا ئه‌نجامداوه، به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵی 2016ه‌وه، كه تره‌مپ هه‌ڵبژێردرا، ئێستا 70%ی ئه‌مریكییه‌كان خوازیاری سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كین، كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاریكاری وه‌ستابێت، ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆر به‌رزه.
به‌ڵام، هه‌رگیز ناتوانین وه‌ڵامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌و پرسیاره بده‌ینه‌وه، كه ئایا هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مریكا ده‌توانن دڵنیابن، كه ئه‌مریكا تره‌مپێكی دیكه ناهێنێته‌وه‌پێش؟ به‌شێكی زۆری ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌سه‌ر زاڵبوون به‌سه‌ر په‌تاكه‌و، بوژاندنه‌وه‌ی ئابووری‌و، كارامه‌یی بایدن له ڕامكردنی جه‌مسه‌رگیری سیاسی له وڵاته‌كه‌یدا وه‌ستاوه.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن