ئێزیدییه‌كانی عێراق له‌ نێوان به‌رداشی پارتی دیموكراتی كوردستان‌و په‌كه‌كه‌دا

16/02/2021

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: په‌یمانگای واشنتۆن
نوسینی: محه‌ممه‌د ئالاجا


ڕێكخراوی داعش له‌ ئاب/ 2014دا، شه‌نگالی داگیركرد. ئه‌و هێرشه‌ش بووه‌هۆی ڕفاندن‌و به‌كۆیله‌كردنی هه‌زاران ژن‌و منداڵی ئێزیدی‌و زیاتر له‌ پێنج هه‌زار ئێزیدی-ش بوونه‌ قوربانی. به‌پێی زانیاریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان-یش، هێشتا نزیكه‌ی سێ هه‌زار ژن‌و كچی ڕفێندراو بێسه‌روشوێنن، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له‌ناوچه‌ی دیكه‌ی ژێر ده‌ستی داعشدا، به‌كۆیله‌كراون‌و بازرگانیان پێوه‌كراوه‌. له‌ڕاستیدا، هه‌وڵی زۆر بۆ له‌ناوبردنی ئێزیدییه‌كان دراوه‌، كاریگه‌ری ئه‌مه‌ی كۆتاییش له‌سه‌ر ئه‌و گروپه‌ كه‌مینه‌ ئیتنی- ئاینییه‌ تا ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌. ڕێژه‌ی زۆری ئێزیدییه‌كان ئێستاش له‌ كه‌مپی ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا ده‌ژین. دوای شه‌ش ساڵیش له‌ هێرشه‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر ئێزیدییه‌كان، پێده‌چێت ئه‌و گروپه‌ جارێكی دیكه‌ دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ ببێته‌وه‌، چوونكه‌ دۆخی شه‌نگال بۆته‌ جێی ناكۆكی.
له‌م دواییانه‌شدا، ئێزیدییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ نێو گه‌مه‌ی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ی دواییان له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و به‌ریتانیا‌و توركیاوه‌ خراوه‌ته‌ لیستی تیرۆره‌وه‌. هه‌رچه‌نده‌ پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ژموونی به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام، په‌كه‌كه‌ زیاد له‌ 5 هه‌زار ئه‌ندامی له‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاخاوی سه‌ختی هه‌رێمدا هه‌یه‌، ئه‌و بۆشاییه‌ی داعش-یش له‌ ده‌سه‌ڵاتی ناوچه‌كه‌دا دروستی كرد، بواری دایه‌ په‌كه‌كه‌ بوونی خۆی به‌هێز بكات.
ناوچه‌یه‌كی ناكۆكی له‌سه‌ر 
شه‌نگال له‌ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام، له‌ ڕاستیدا یه‌كێكه‌ له‌و چوارده‌ ناوچه‌یه‌ی به‌غداد‌و هه‌ولێر له‌ كاكۆكیدان له‌سه‌ری، پێویستیشه‌ به‌پشتبه‌ستن به‌ ماده‌ی (140)ی ده‌ستوری عێراقی دۆخی ئه‌و ناوچانه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌. شایه‌نی باسه‌، كاتێك ڕژێمی سه‌دام حسێن له‌ ساڵی 2003دا ڕووخا، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، هێزه‌كانی خۆیان نارد، تا ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بگرنه‌وه‌، به‌ شه‌نگال-یشه‌وه‌. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و ناوچه‌یه‌دا گرت، كه‌ له‌ كه‌ركوكه‌وه‌ درێژده‌بێته‌وه‌ به‌ره‌و سنوری ئێران. پارتی دیموكراتی كوردستان-یش ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و خاكه‌دا گرت، كه‌ له‌ باكوری كه‌ركوكه‌وه‌ ده‌ستپێده‌كات هه‌تا سنوری سوریا. به‌م پێیه‌ش شه‌نگال چووه‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌.
كاتێكیش ڕێكخراوی داعش له‌ ساڵی 2014دا، هێرشی كرده‌ سه‌ر شه‌نگال، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌بێ به‌رگری كشانه‌وه‌. په‌كه‌كه‌-ش ئه‌م كه‌لێنه‌ ئه‌منییه‌ی قۆسته‌وه‌، ئه‌وه‌بوو به‌ره‌و شه‌نگال هات‌و له‌ ڕێگه‌ی پێكهێنانی هێڵێكی به‌رگری له‌ چیای شه‌نگال، ڕێڕه‌وێكی پارێزراوی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ كرده‌وه‌، كه‌ ده‌ستی داعش ڕایانكردبوو. له‌دوای ئه‌وه‌ش توانی جێ پێی خۆی له‌و ناوچه‌یه‌دا قایم بكات، تا بتوانێت ئێزیدییه‌كان له‌ داعش بپارێزێت. دوواتر په‌كه‌كه‌ (یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال -یه‌به‌شه‌-)‌و (یه‌كینه‌كانی ژنانی شه‌نگال)ی دروستكرد، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروست بوونی ( ئه‌نجومه‌نی دیموكراتی سه‌ربه‌خۆ له‌ شه‌نگال)‌و (پارتی ئازادی‌و دیموكراتی ئێزیدی)، كه‌ باڵی سیاسی (یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال)ه‌.
له‌ وه‌ڵامی ئه‌مه‌دا‌و به‌ مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان شێخ‌و میره‌كانی ئێزیدییه‌كان‌و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌دا، سه‌دان ئێزیدی له‌ نێو هێزێكدا به‌ فه‌رمانده‌یی قاسم شه‌شۆ كۆكرده‌وه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناتوانین بڵێین ئه‌و هه‌وڵانه‌ یارمه‌تی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئاڵۆزه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و ئێزیدییه‌كانی داوه‌. هاوكات، هه‌رچه‌نده‌ هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی‌و سوپای عێراقی‌و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ تشرینی دووه‌م/ 2015دا، داعشیان له‌ شه‌نگال كرده‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا مانه‌وه‌. 
هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی په‌كه‌كه‌ بۆ بونیادنانی ڕێڕه‌وێك له‌ نێوان شه‌نگال‌و قه‌ندیل‌و باكوری سوریادا، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئه‌و لایه‌نه‌‌و پارتی دیموكراتی كوردستانی گرژتر كرد. په‌كه‌كه‌ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی به‌ دیكتاتۆر ناوبرد، هه‌روه‌ها، پارتی دیموكراتی كوردستان-یشی به‌ هاوكاریكردنی داعش تۆمه‌تباركرد. له‌سه‌رو ئه‌وه‌شه‌وه‌، په‌كه‌كه‌، كه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ر 500 گوندی هه‌رێمدا گرتووه‌، له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا چالاكییه‌كانی بۆ له‌قكردنی ده‌سه‌ڵاتی پارتی له‌ باكوری عێراق‌و شه‌نگال زیادكرد. 
هه‌وڵه‌ شكستخواردووه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان-یش بۆ سه‌ربه‌خۆیی ناوچه‌كه‌، دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد. چوونكه‌، دوای ڕیفراندۆم، كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ 25/ ئه‌یلول/ 2017دا، ئه‌نجامیدا، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ جارێكی دیكه‌ ناچاربوون له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانی، وه‌ك كه‌ركوك‌و شه‌نگال بكشێنه‌وه‌. ئه‌مه‌ش زیانی زیاتری به‌ وێنه‌ی ئه‌و پارته‌ له‌لای ئێزیدییه‌كان گه‌یاند. تا ئه‌مڕۆش، هه‌ژموونه‌ هه‌ڵكشاوه‌كه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی سه‌ر به‌ ئێران له‌ شه‌نگال‌و پاڵپشتییه‌كانی بۆ (یه‌كینه‌كانی به‌رخۆدانی شه‌نگال)، كه‌ سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌یه‌، زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌و ناوچه‌یه‌ دابڕیوه‌. پارتی ناتوانێت په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ربكات‌و شه‌نگال بخاته‌ ژێر ده‌ستی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌ژموونی كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسی ئه‌و پارته‌ی سنورداركردووه‌. له‌ به‌رانبه‌ریشدا، بوونی حه‌شدی شه‌عبی، كه‌ هێزێكی زۆرینه‌ شیعه‌یه‌، هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ له‌ ئێزیدییه‌كان ده‌كات. به‌جۆرێك، هێزه‌كانی شه‌شۆ، كه‌ سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستانه‌، په‌یوه‌ندییه‌كی ئاڵۆزی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی په‌كه‌كه‌‌و حه‌شدی شه‌عبیدا هه‌یه‌، كه‌ به‌پێی ڕێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ، ئه‌م هێزه‌ی دواییان پێشێلكاری ترسناكی دژی مه‌ده‌نییه‌كان له‌ ناوچه‌كانی جه‌نگدا ئه‌نجامداوه‌. هه‌روه‌ها، ده‌شوترێت حه‌شدی شه‌عبی چه‌ندین كه‌سی ئێزیدی ڕفاندووه‌‌و هاووڵاتیانی له‌ شه‌نگال ناچاركردووه‌ به‌ عه‌ره‌بی بدوێن.
ڕێكه‌وتنی شه‌نگال گرژییه‌كان زیاتر ده‌كات
پێده‌چێت حكومه‌تی به‌غداد، كه‌ ناكۆكییه‌كانی نێوان كورد به‌ هه‌ل ده‌بینێت، ڕۆڵی حه‌شدی شه‌عبی له‌ شه‌نگال به‌دڵ بێت. به‌ڵام، توركیا به‌هۆی بوونی به‌رده‌وامی په‌كه‌كه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی كرد‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه‌، كه‌ ناهێڵێت شه‌نگال ببێته‌ قه‌ندیلێكی دیكه‌، كه‌ ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ باره‌گای په‌كه‌كه‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان. بێگومان ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه‌ی توركیا له‌م دواییه‌دا له‌ باكوری عێراق‌و شه‌نگال دژی په‌كه‌كه‌ ئه‌نجامیدان، كه‌ مه‌به‌ست لێی كۆتاییهێنان بوو به‌ بوونی ئه‌و پارته‌، ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و په‌كه‌كه‌ی زیاتر كرد.
له‌و كاته‌شه‌وه‌، پاڵپشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی توركیا دژی په‌كه‌كه‌ به‌ ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت. فشاری ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌-ش دژی په‌كه‌كه‌ كاریگه‌ری ڕوونی له‌سه‌ر به‌غداد هه‌بووه‌. ئه‌وه‌تا مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ڕێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ 9/ تشرینی یه‌كه‌مدا ڕاگه‌یاند، به‌مه‌به‌ستی "سه‌قامگیری‌و ئاساییكردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كان" له‌ شه‌نگال. ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ش له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی هێنیس-پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تی ئه‌مینداری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق واژۆكرا، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا‌و توركیا-ش پاڵپشتیان كرد. به‌ڵام، توركیا به‌پێی ئامانجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی، كه‌ بریتییه‌ له‌ ده‌ركردنی په‌كه‌كه‌‌و حه‌شدی شه‌عبی له‌ هه‌رێم، ڕه‌نگه‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌و ناوچه‌یه‌ زیاد بكات، ئه‌مه‌ش له‌ چاوی ئه‌و ئێزیدییانه‌ی له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌ژین هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌.
شتێكی نامۆش نیه‌، كه‌ ئاڵۆزییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و په‌كه‌كه‌ دوای ڕێكه‌وتنه‌كه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ هه‌ڵكشان. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، پارتی له‌ 8/ تشرینی یه‌كه‌م/2020دا، كوژرانی غازی ساڵحی به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی ده‌روازه‌ی سنوریی (سه‌رزێڕێ)ی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆكی دایه‌ پاڵ په‌كه‌كه‌. كاتێكیش، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌ 26/ تشرینی یه‌كه‌مدا ڕایگه‌یاند، كه‌ 12 ئه‌ندامی په‌كه‌كه‌ی ده‌ستگیركردووه‌ له‌كاتی خۆئاماده‌كردنیاندا بۆ ئه‌نجامدانی هێرشێكی تیرۆرستی بۆسه‌ر نێرده‌یه‌كی دیپلۆماسی بیانی له‌ هه‌ولێر، فشاره‌كان ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ زیادیان كرد. له‌ وه‌ڵامی ئه‌وه‌شدا، په‌كه‌كه‌ به‌رپرسیارێتی خۆی له‌و هێرشه‌ ڕاگه‌یاند، كه‌ هێڵی نه‌وتی هه‌رێم بۆ توركیای له‌ نزیك پارێزگای ماردین كرده‌ ئامانج، ئه‌مه‌ش هه‌نارده‌ی نه‌وتی په‌كخست‌و به‌ به‌های سه‌د ملیۆن دۆلار زیانی لێكه‌وت. 
  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق له‌ 20/ تشرینی دووه‌مدا، به‌پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌‌و بۆ پاراستنی سه‌قامگیری، دوو كه‌تیبه‌ی پۆلیسی ئیتیحادی نارد بۆ شه‌نگال، به‌ڵام، مشتومڕه‌كان ده‌رباره‌ی چۆنێتی كشانه‌وه‌ی گروپه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ له‌و قه‌زایه‌ به‌رده‌وام بوو. قادر قاچاغ، به‌رپرسی لقی شه‌نگالی پارتی دیموكراتی كوردستان-یش وتی، چۆڵكردنی هه‌ندێك ناوچه‌ له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ته‌نها نمایشكردنێكه‌و هیچی دی.
ئێزیدییه‌كانی شه‌نگال له‌وكاته‌ی دوژمانیه‌تی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و په‌كه‌كه‌ زیاتر ڕوونه‌، ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زیاتر ده‌بنه‌وه‌. چوونكه‌، ته‌نانه‌ت پێش هێرشه‌كه‌ی داعش-یش، ئێزیدییه‌كان چه‌ندین جار به‌هۆی بیروباوه‌ڕیانه‌وه‌ دووچاری ده‌ستدرێژی بوونه‌ته‌وه‌. والییه‌كانی موسڵ، به‌غداد، دیاربه‌كر‌و میره‌ كورده‌كان-یش، هه‌موویان تێوه‌گلاون له‌و خوێنڕێژییه‌ی له‌سه‌رده‌می عوسمانییه‌كاندا دژی ئێزیدییه‌كان ئه‌نجام دراوه‌. له‌ ماوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی به‌ریتانیا-ش له‌ عێراقدا، شه‌نگال له‌ دۆخێكی خراپدا بووه‌. دوواتریش، ئێزیدییه‌كان ئامانجی هه‌ڵمه‌تێكی به‌ عه‌ره‌بكردن بوون، كه‌ له‌لایه‌ن سیستمی به‌عسه‌وه‌ له‌ژێر ناوی چاكسازی كشتوكاڵیدا له‌ ساڵی 1969وه‌ ڕێكخرابوو. ئه‌مانه‌ش هۆكارن، تا زۆر له‌ ئێزیدییه‌كان بترسن له‌وه‌ی له‌ كۆتاییدا ئه‌وان باجی هه‌ڵشكانی ئاڵۆزییه‌كان له‌ ناوچه‌ی شه‌نگال بده‌ن. 
هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ئێستا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ 350 هه‌زار ئێزیدی، له‌وانه‌ی له‌كه‌مپه‌كاندا ده‌ژین، به‌هۆی ئه‌و ئاڵۆزییانه‌‌و كێشه‌كانی ژێرخان‌و گرفته‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان. ئه‌م ململانێیه‌ی ئه‌م دواییه‌ی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كان-یش، ئه‌و شه‌ڕه‌مان بیرده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ له‌ نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، له‌ نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان‌و په‌كه‌كه‌دا له‌ باكوری عێراق ڕوویدا‌و سه‌دان كه‌سی مه‌ده‌نی‌و چه‌كداری تێدا بووه‌ قوربانی. مه‌سعود بارزانی له‌ 2/ تشرینی دووه‌مدا، وتی: " مێژوو گه‌واهی ده‌دات، كه‌ ئێمه‌ شه‌ڕی نێوان كوردمان پێ حه‌رام بووه‌". به‌ڵام، په‌كه‌كه‌ ملكه‌چی ڕێكه‌وتنی شه‌نگال نابێت‌و ناكشێته‌وه‌، ئاڵۆزییه‌كانیش له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا زیاتر هه‌ڵده‌كشێ، ئێزیدییه‌كانیش ده‌زانن، كه‌ ئه‌وان قوربانی هاوبه‌شی هه‌موو ماوه‌كانی ئاڵۆزین له‌ شه‌نگالدا.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure