هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی سوریا‌و كاری لیژنه‌ی ده‌ستوری

01/03/2021

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: كارنیگی
نوسینی: جوان سۆز

حكومه‌تی سوریا پێداگری ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له‌ واده‌ی خۆیدا، واتا ناوه‌ڕاستی ساڵی 2021، ڕه‌تیشیده‌كاته‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ به‌ خشته‌ی كاری لیژنه‌ی ده‌ستورییه‌وه‌، كه‌ دوای دابڕانێكی زۆر بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێك به‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ په‌تای كۆرۆناوه‌، ڕۆژی 25/ كانونی دووه‌می پێشوو ده‌ستیكرده‌وه‌ به‌ دانیشتنه‌كانی. چه‌ند به‌رپرسێكی حكومه‌تی دیمه‌شق-یش جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ كرده‌وه‌، له‌وانه‌ فه‌یسه‌ڵ میقداد، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، كه‌ له‌ كۆتایی مانگی كانونی یه‌كه‌م/2020دا، وتی: "هیچ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان لیژنه‌ی ده‌ستوری‌و واده‌ی هه‌ڵبژاردنی داهاتووی سه‌رۆكایه‌تیدا نیه‌".
پێده‌چێت نه‌به‌ستنه‌وه‌ی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی به‌ لیژنه‌ی ده‌ستورییه‌وه‌، كه‌ ده‌بوو له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌ستورێكی نوێ بۆ وڵات دابنێت، ئاماژه‌ بێت بۆ شكستی ئه‌و لیژنه‌ 150 ئه‌ندامییه‌، كه‌ به‌ یه‌كسانی له‌ نێو دوو وه‌فدی سه‌ره‌كیدا دابه‌شكراون، واتا وه‌فدی حكومه‌تی ئه‌سه‌د‌و وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن، له‌پاڵ وه‌فدێكی سێیه‌مدا، كه‌ وه‌فدی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نییه‌. له‌به‌ر ئه‌م دۆخه‌ش، پێویسته‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانی شكستی لیژنه‌ی ده‌ستوری له‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا‌و كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و شكسته‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی‌و هه‌ردوو وه‌فده‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی لیژنه‌كه‌ بكه‌ین.
سووربوونی حكومه‌تی ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ كاتی خۆیدا، ئاماژه‌یه‌ بۆ ڕۆڵی سه‌ره‌كی ئه‌و حكومه‌ته‌ له‌ شكستپێهێنانی لیژنه‌ی ده‌ستوریدا، كه‌ پاش تێپه‌ڕبوونی زیاتر له‌ ساڵ‌و نیوێك به‌سه‌ر دامه‌زراندنی له‌ ئه‌یلول/2019دا، له‌ جنێف، كۆتایی به‌ خولی پێنجه‌می كاره‌كانی هێنا. به‌ڵام، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی كرداری له‌ داڕشتنی ده‌ستورێكی نوێدا به‌دیبهێنێت. له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌م سوربوونه‌ی حكومه‌ت، فه‌رامۆشكردنی واقیعی سوریایه‌، كه‌ نزیكه‌ی ده‌ ساڵ ده‌بێت له‌ جه‌نگێكی ناوخۆییدایه‌، به‌جۆرێك ملیۆنان هاووڵاتی دوای ئه‌وه‌ی له‌ وڵاته‌كه‌یان هه‌ڵهاتوون، ناتوانن به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ن، جگه‌ له‌وه‌ی ئۆپۆزسیۆنیش به‌شداری تێدا ناكات‌و چه‌ندین ناوچه‌ی جوگرافی وڵاتیش له‌ ژێر هه‌ژموونی دیمه‌شقدا نه‌ماون، وه‌ك ناوچه‌ جیاوازه‌كانی باشور‌و باكوری خۆرئاواو خۆرهه‌ڵاتی سوریا. ئه‌و لایه‌نانه‌شی هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ئه‌م ناوچانه‌دا گرتووه‌، ناهێڵن هه‌ڵبژاردنیان تێدا ئه‌نجامبدرێت. 
تا ئێستا هۆكاره‌كانی شكستی لیژنه‌ی ده‌ستوری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكی دوو لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و لیژنه‌یه‌، واتا حكومه‌ت‌و ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌ی، له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی په‌یوه‌ستن به‌ به‌ند‌و ناوه‌ڕۆكی ده‌ستوره‌ نوێیه‌كه‌وه‌، دیارترینیشیان قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌، كه‌ تێیدا هه‌ڵبژاردنێكی نوێ به‌پێی بڕیاری ژماره‌ (2254)ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ئه‌نجام ده‌درێت، حكومه‌تیش له‌ڕێی درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی كاركردنی لیژنه‌ی ده‌ستورییه‌وه‌ له‌مه‌ ڕاده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی له‌پاڵ 50 نوێنه‌ره‌كه‌ی حكومه‌ت له‌و لیژنه‌یه‌دا، ئه‌ندامی دیكه‌ش له‌ نێو لیستی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا نزیكن له‌ حكومه‌ته‌وه‌‌و له‌لایه‌ن مۆسكۆوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن، شایه‌نی باسه‌ ژماره‌یان زۆر له‌و ئه‌ندامانه‌ی ئه‌و لیسته‌ زیاتره‌، كه‌ پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆن ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش واده‌كات به‌ره‌ی حكومه‌ت پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌بێت له‌ یاریكردن به‌ ماوه‌ی داواكراوه‌وه‌ بۆ داڕشتنی ده‌ستور، واتا لیژنه‌كه‌ له‌ دانانی ده‌ستورێكی نوێ له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی پێش كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا شكست ده‌هێنێت. 
هاوكات، قۆناغی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات تاكه‌ به‌ره‌به‌ست نیه‌ له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی لیژنه‌ی ده‌ستوریدا، چوونكه‌ دیاریكردنی ئه‌و هێزه‌ بیانییانه‌ی، وه‌ك هێزێكی داگیركه‌ر پۆلێنده‌كرێن، له‌ ئاڵۆزیدا هیچی كه‌متر نیه‌ له‌و بابه‌ته‌ی پێشوو. ده‌رباره‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ش، هه‌رسێ لایه‌نه‌كه‌ له‌ ناكۆكیدان. به‌جۆرێك نوێنه‌ره‌كانی حكومه‌ت سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ته‌نها توركیا‌و ئه‌مریكا وه‌ك هێزی داگیركه‌ر پۆلێنبكرێن، به‌و پێیه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ستی به‌سه‌ر شاره‌كانی باكوری خۆرهه‌ڵات‌و خۆرئاوای ئه‌و وڵاته‌دا گرتووه‌، واشنتۆن-یش له‌ هه‌مان ناوچه‌دا هێزی سه‌ربازی له‌ چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا هه‌یه‌، كه‌ له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ دژی ڕێكخراوی داعش فه‌رمانده‌یی ده‌كرێت. وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن-یش، كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ڕێگه‌ی (ئیئتیلاف)ه‌وه‌ هه‌ژموونی به‌سه‌ریاندا گرتووه‌، گشت ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ڕه‌ت ده‌كاته‌وه‌‌و داواده‌كات ئێران‌و ڕووسیا-ش وه‌ك هێزی داگیركه‌ر پۆلێن بكرێن. لێره‌شدا پێكدادان له‌نێو هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌دا دروست ده‌بێت، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی وه‌فدی حكومه‌ت پێی وایه‌، كه‌ هێزی ڕووسیا‌و ئێران له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی دیمه‌شق (كه‌ خاوه‌ن شه‌رعییه‌ته‌) هاتوونه‌ته‌ نێو قه‌یرانه‌كه‌ی سوریاوه‌، به‌م پێیه‌ش بوونیان به‌ داگیركردن له‌قه‌ڵه‌م نادرێت. ئه‌م ناكۆكییه‌ له‌نێو وه‌فده‌كه‌ی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی-شدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌. 
ده‌رباره‌ی په‌یكه‌ری لایه‌نه‌كانی دانوستانه‌كه‌ش، پێده‌چێت وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن له‌ لیژنه‌ی ده‌ستوریدا په‌رت بن. چوونكه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیئتیلاف باڵاده‌سته‌ له‌ نێو ئه‌و وه‌فده‌دا‌و بڕبڕه‌ی پشتی ئه‌و لایه‌نه‌یه‌، به‌ڵام وه‌فده‌كه‌ لایه‌نی دیكه‌ش ده‌گرێته‌خۆ، له‌وانه‌ (ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد- ئه‌نه‌كه‌سه‌)، كه‌ له‌سه‌ر ناونانی ده‌وڵه‌تی سوری‌و داننان به‌ پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیدا له‌گه‌ڵ ئیئتیلاف‌و وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌تیشدا ناكۆكه‌. هه‌روه‌ها، هه‌ندێك نوێنه‌ری لیستی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش هه‌ن، كه‌ له‌سه‌ر هه‌مان بابه‌ت له‌گه‌ڵ حكومه‌ت‌و ئیئتیلافدا له‌ ناكۆكیدان، ئه‌مه‌ش فشه‌ڵی به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌ نێو لیژنه‌كه‌دا، به‌رانبه‌ر پته‌وی هه‌ڵوێست‌و داواكارییه‌ یه‌كگرتووه‌كانی وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌ت زیادده‌كات. به‌تایبه‌ت، له‌و كاته‌ی ئه‌ندامه‌كانی (ده‌سته‌ی باڵای دانوستانه‌كان)، كه‌ له‌ داڕشتنی ده‌ستوردا به‌شداری ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان لایه‌نگری (ئیئتیلاف)ن، هه‌ندێكی دیكه‌شیان دژی ئه‌و لایه‌نه‌ن. 
هاوكات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد له‌ ڕێگای ئیئتیلاف‌و ده‌سته‌ی باڵای دانوستانه‌كانه‌وه‌ به‌شداری لیژنه‌ی ده‌ستوری ده‌كات، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نانه‌ی پاڵپشتی كورد ده‌كه‌ن، وه‌ك (ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی)، ڕه‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتیمانیی كورد تاكه‌ نوێنه‌ریان بێت‌و داواده‌كه‌ن به‌شداری له‌ كاره‌كانی لیژنه‌كه‌دا بكه‌ن له‌به‌رانبه‌ر ڤیتۆكه‌ی ئه‌نقه‌ره‌دا، كه‌ به‌شداریكردنی هه‌ر لایه‌نێكی پشتیوانی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌و لیژنه‌یه‌دا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، چوونكه‌ پێی وایه‌ ئه‌و هێزه‌ درێژكراوه‌ی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌. پێده‌چێت به‌شدارینه‌كردنی هه‌سه‌ده‌ كاریگه‌ری بڕیار‌و كاره‌كانی لیژنه‌ی ده‌ستوری له‌سه‌ر دۆخه‌كه‌ كه‌مبكاته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی نوێنه‌ری ئێستای كورد له‌و لیژنه‌یه‌دا له‌ڕووی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ لاوازه‌‌و ده‌سه‌ڵاتی مه‌یدانی به‌سه‌ر ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵات‌و خۆرئاوای فوراتدا نیه‌.
ئه‌م پێیه‌ش، حكومه‌تی دیمه‌شق له‌ ڕێگه‌ی وه‌فده‌كه‌یه‌وه‌ له‌ نێو لیژنه‌ی ده‌ستوریدا تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ دواخستن‌و كات كوشتندا سه‌ركه‌وتوو بووه‌، بۆ ئه‌مه‌ش په‌رتبوونی وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن‌و دابه‌شبوونی لیستی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی له‌ نێوان خۆی‌و وه‌فدی ئۆپۆزسیۆندا ده‌قۆزێته‌وه‌. ئه‌و چه‌ند مانگه‌شی ماوه‌ له‌ پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیدا، به‌شی گه‌یشتن به‌ ده‌ستورێكی نوێ ناكات. واتا ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی بڕیاره‌ له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌مساڵدا ئه‌نجام بدرێت، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوره‌كه‌ی ئێستا ده‌بێت‌و ئه‌سه‌د-یش دووباره‌ به‌شداری تێدا ده‌كات. شایه‌نی باسه‌، ئۆپۆزسیۆن-یش له‌ ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانیاندا دانیان به‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌دا ناوه‌، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر زاری یه‌حیا عه‌ریزی وته‌بێژی وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن له‌ لیژنه‌كه‌دا، كه‌ له‌ 6/ كانونی یه‌كه‌مدا، وتی: " ئه‌گه‌ر لیژنه‌ی ده‌ستوری پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌كانی كۆتایی پێنه‌هێنێت، ئه‌وا هیچ سودێكی نیه‌". هاوكات، مه‌یس كرێدی، ئه‌ندامی لیستی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و نزیك له‌ مۆسكۆوه‌، ووتی :" كارایی‌و كاری لیژنه‌ی ده‌ستوری په‌یوه‌ست نین به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌". 
ده‌توانین بڵێین، ئێستا شوێنگره‌وه‌ی لیژنه‌ی ده‌ستوری بۆ دیمه‌شق، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌ له‌ واده‌ی خۆیدا، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی به‌شداریكردن له‌ كاره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌دا. ئه‌مه‌ش هه‌لی دیكه‌ ده‌داته‌ ئه‌و لایه‌نه‌، تا خاوه‌خاو له‌بڕیاردان له‌سه‌ر به‌نده‌كانی ده‌ستور بكات‌و كاتی زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت، تا ده‌گاته‌ كۆتایی هه‌ڵبژاردنه‌كان. هاوكات، مۆسكۆ-ش له‌لای خۆیه‌وه‌ كاری لیژنه‌كه‌‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانی نه‌به‌ستۆته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌، واتا قایله‌ به‌ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژارنه‌كان له‌كاتی خۆیدا. سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا-ش وتی:"هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی بابه‌تێكه‌ په‌یوه‌ندی به‌ حكومه‌تی سوریاوه‌ هه‌یه‌‌و خشته‌ی كاری لیژنه‌ی ده‌ستوریش هیچ واده‌یه‌كی دیاریكراوی نیه‌". هه‌موو ئه‌مانه‌ واده‌كات هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی دیمه‌شق بكه‌وێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا به‌شدار نابێت. چوونكه‌، ئیئتیلاف ڕۆژی 23/ تشرینی دووه‌م/ 2020 له‌ به‌یانێكدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، كه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نگره‌كانی به‌شداری هه‌ڵبژاردنێك ناكه‌ن ئه‌سه‌د لایه‌نێك بێت تێیدا، بۆیه‌ له‌ پێكهێنانی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژارنه‌كان ده‌كشێته‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌مانه‌، پێناچێت لیژنه‌ی ده‌ستوری له‌ ئێستادا ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ به‌ده‌ست بهێنێت، كه‌ لێی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. هاوكات هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی نزیك بۆته‌وه‌‌و لیژنه‌كه‌ش هیچ به‌ره‌وپێشچوونێكی له‌ كاره‌كانیدا به‌دینه‌هێناوه‌، ئه‌مه‌ش واده‌كات داواكاری ئۆپۆزسیۆن به‌ لابردنی سه‌رۆك‌و حكومه‌ته‌كه‌ی جێبه‌جێ نه‌كرێت، به‌و پێیه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ واده‌ی خۆیدا به‌بێ به‌شداری ئۆپۆزسیۆن ئه‌نجامده‌درێت. هاوكات، وه‌فدی حكومه‌ت هه‌لێكی دیكه‌شیان له‌به‌رده‌مدایه‌، چوونكه‌ ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی پێش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژارنه‌كان به‌شی ئه‌وه‌ ناكات لیژنه‌كه‌ ده‌ستورێكی نوێ دابنێت، تا به‌پێی به‌نده‌كانی ئه‌و ده‌ستوره‌ نوێیه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌نجام بدرێت، بۆیه‌ دیمه‌شق گره‌و له‌سه‌ر فاكته‌ری كات ده‌كات. چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت وه‌فدی حكومه‌ت له‌ نێو لیژنه‌كه‌دا كات بكوژێت، تا ئه‌و كاته‌ی دووباره‌ ئه‌سه‌د هه‌ڵده‌بژێردرێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ له‌ پێش ئه‌وه‌شدا چه‌ند ناوچه‌یه‌كی نوێ بخرێته‌وه‌ ژێر ده‌ستی هێزی ڕژێم، له‌وانه‌ چه‌ند به‌شێكی ئیدلیب‌و ناوچه‌ی دیكه‌ له‌ باكوری خۆرهه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌.
پێویسته‌ ئه‌وه‌ش ڕه‌چاو بكه‌ین، كه‌ سوریا له‌ نێو جه‌نگێكی سه‌ختدایه‌، كه‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تی‌و هه‌رێمییه‌كان به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌كات زۆرینه‌ی سورییه‌كان وه‌ك بابه‌تێكی لاوه‌كی ته‌ماشای لیژنه‌ی ده‌ستوری، یاخود هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی بكه‌ن. به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌ی دۆخه‌كه‌ش زۆر نه‌گونجاوه‌، چوونكه‌ زۆرینه‌ی هاووڵاتیان سه‌رقاڵی قه‌یرانی ئابووری‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ ته‌ندروستییه‌ن، كه‌ له‌ ئه‌نجامی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كه‌وتۆته‌وه‌. شایه‌نی باسه‌، كات كوشتنی وه‌فده‌كه‌ی حكومه‌ت له‌ ماوه‌ی پێشوودا، ئاماژه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر بێت‌و لایه‌نه‌كانی دانوستان توانییان ده‌ستورێكی نوێ بۆ وڵات دابنێن، ئه‌وا دیمه‌شق به‌ گرانی قۆناغی دوای ده‌ستور قبوڵ ده‌كات، واتا لیژنه‌كه‌ هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د‌و ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی نیه‌. له‌ كۆتاییشدا، لیژنه‌ی ده‌ستوری بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئامانجه‌كانی به‌دیبهێنێت، ده‌بێت فشار له‌ وه‌فدی حكومه‌ت بكات، تا به‌ دانانی ده‌ستورێكی نوێ قایل بێت، كه‌ مافی گشت سورییه‌كان له‌خۆ بگرێت، هه‌روه‌ها پێویسته‌ فشار بخاته‌ سه‌ر هه‌ردوو وه‌فدی ئۆپۆزسیۆن‌و كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیش، تا به‌رده‌وام بن له‌و پرۆسه‌ سیاسییه‌دا، كه‌ ده‌بێته‌ هۆی كۆتاییهێنان به‌م جه‌نگه‌ی ئێستا دور له‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی. 
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure