بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی زیندووه‌ بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان

31/03/2021

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: په‌یمانگای واشنتۆن
نوسینی: ده‌یڤد شینكر


له‌ سه‌ره‌تاكانی ساڵی 2020دا، كاتێك یاریده‌ده‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بووم بۆ كاروباری خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌ندێك شرۆڤه‌كار پرسیاریان لێكردم ده‌رباره‌ی بۆچوونم له‌سه‌ر ئه‌و ڕووداوانه‌ی پێناچێت له‌ ناوچه‌كه‌دا ڕووبده‌ن، به‌ڵام ده‌كرێت لێكه‌وته‌ی زۆر گرنگیان لێبكه‌وێته‌وه‌. یه‌كه‌م بابه‌ت - كه‌ ئه‌وكات ئه‌گه‌رێكی زۆر كه‌می هه‌بوو- له‌ ئاوه‌زمدا سه‌ریهه‌ڵدا ئه‌وه‌ بوو، كه‌ مسته‌فا كازمی، واتا ئه‌و هاوڵاتییه‌ به‌ریتانی – عێراقییه‌ی، كه‌ خاوه‌ن بۆچوونێكی خۆرئاواییه‌، بتوانێت به‌ربه‌سته‌كان ببڕێت‌و به‌سه‌ر میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێراندا سه‌ربكه‌وێت‌و ببێته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق. له‌و كاته‌دا هه‌ستم ده‌كرد ئه‌و ئه‌گه‌ره‌ ده‌توانێت بنه‌ماكانی گه‌مه‌كه‌ له‌ عێراق‌و ناوچه‌كه‌دا بگۆرێت.
له‌ ماوه‌ی كاركردنم له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكادا، له‌ نێو هه‌ژده‌ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ناوچه‌كه‌دا، زۆرترین سه‌ردانم بۆ عێراق بووه‌‌و له‌میانه‌ی نزیكه‌ی دوانزه‌ سه‌رداندا، كۆبوونه‌وه‌م له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌نجامداوه‌، ئه‌مانه‌ش به‌مه‌به‌ستی هاندانی به‌غداد بۆ ده‌ستپێشخه‌ری‌و كاركردن له‌سه‌ر چه‌سپاندنی سه‌ره‌وه‌ری عێراق، یاخود لانی كه‌م، ئه‌و وڵاته‌ به‌پێی ڕێكه‌وتنی ڤیه‌نا بۆ پاراستنی دیپلۆماتكاره‌كان، پابه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی خۆی بباته‌سه‌ر. میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به‌ ئێران-یش، به‌ هاتنی ساڵی 2020، له‌ چوارچێوه‌ی خواستیان بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ سه‌ربازی‌و دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ عێراق، هێرشی مووشه‌كییان بۆسه‌ر ڕه‌گه‌زه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌و وڵاته‌ ئه‌نجامدا، به‌م هه‌نگاوه‌ش هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ به‌رده‌وامیی بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق كرد.
شایه‌نی باسه‌، وتووێژه‌كانم له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدیدا، كه‌ له‌ نێوان ساڵانی 2018-2020 له‌و پۆسته‌دا بوو، زۆر قوڵ بوون. هه‌ركاتێكیش ده‌رباره‌ی ئه‌نجامدانی هه‌نگاوی پێویست بۆ پاراستنی گیانی ئه‌مریكییه‌كان فشار له‌ عه‌بدولمه‌هدی بكرایه‌، ئه‌وا خۆی له‌ بابه‌ته‌كه‌ ده‌دزییه‌وه‌‌و یاری به‌ وشه‌كان ده‌كرد، به‌جۆرێك زۆرجار ئه‌و وته‌ باوه‌ی ده‌دایه‌وه‌ به‌گوێمدا، كه‌ زۆر حه‌زی له‌ وتنی بوو:" ئێران هاوسێمانه‌، ئێوه‌ش –واتا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان- دۆستمانن".
له‌گه‌ڵ زیادبوونی هێرشه‌كان بۆسه‌ر ئه‌مریكییه‌كان‌وبه‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌- كه‌ به‌ هێرشه‌كه‌ی كانونی دووه‌م/2020، بۆسه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد‌و دوواتر كوژرانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودس قاسم سوله‌یمانی، هه‌روه‌ها ده‌نگدانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌سه‌ر بڕیاری ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ خاكی عێراق، ئه‌و هێرشانه‌ گه‌یشتنه‌ لوتكه‌-، په‌یوه‌ندییه‌كه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بدلمه‌هدیدا تێكچوو.
به‌ڵام كاتێك مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكی پێشووی هه‌واڵگری عێراق له‌ ئایار/2020دا، به‌ سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵبژێردرا، ئاماژه‌كان بۆ ئاینده‌یه‌كی باشتر ده‌ركه‌وتن. چوونكه‌، كازمی لای ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناسراوه‌، عێراقییه‌كی نیشتیمان په‌روه‌ره‌‌و سووده‌كانی كاركردن‌و په‌یوه‌ندی پته‌و له‌گه‌ڵ واشنتۆندا ده‌زانێت، هاوكات خواستێكی ڕاسته‌قینه‌شی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ سه‌روه‌ری هه‌یه‌. به‌ڵام، كازمی-ش ڕووبه‌ڕووی یه‌خه‌گیری هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی عه‌بدولمه‌هدی بۆوه‌.
مسته‌فا كازمی دوای یه‌ك مانگ له‌ ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌یدا، هه‌نگاوێكی جیاوازی ئه‌رێنی بڕی، ئه‌ویش ده‌ستگیركردنی چه‌ند ئه‌ندامێكی میلیشیای (كه‌تائیبی حیزبوڵڵا)ی سه‌ر به‌ ئێران بوو، واتا ئه‌و گروپه‌ی به‌رپرسه‌ له‌و هێرشه‌ مووشه‌كییه‌ی كرایه‌ سه‌ر باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا له‌ به‌غداد. هه‌روه‌ك چاوه‌ڕوانیش ده‌كرا، ئه‌ندامانی میلیشیا چه‌كداره‌كان له‌ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێكدا، كۆشكی كازمی له‌ ناوچه‌ی سه‌وز‌و نوسینگه‌كانی ده‌زگای دژه‌ تیرۆریان گه‌مارۆدا، داواشیان ده‌كرد ده‌ستگیركراوه‌كان ئازاد بكرێن.
به‌ بۆچوونی من، ڕه‌نگه‌ كازمی له‌ دوای كوده‌تاكه‌ی ساڵی 1958ه‌وه‌، كه‌ له‌ ئه‌نجامدا به‌عسییه‌كانی گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات، باشترین سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بێت. چوونكه‌، ئه‌و كه‌سێكی بوێری نیشتیمان په‌روه‌ره‌‌و سه‌لماندوێتی، كه‌ ئاماده‌یه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی عێراق بڕیاری گران بدات. هه‌روه‌ها، كازمی به‌پێچه‌وانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێش خۆیه‌وه‌، ده‌زانێت ئه‌ندامانی میلیشیا چه‌كداره‌كان، كه‌ ژماره‌یان ده‌گاته‌ 100,000كه‌س، له‌پاڵ ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ سیاسی‌و گه‌نده‌ڵییه‌ی ئێران هانی ده‌دات، وڵات وێران ده‌كه‌ن.
شایه‌نی باسه‌، له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ ڕاسته‌قینه‌یه‌ی له‌ ئێرانه‌وه‌ دێت، كازمی ته‌نها چه‌ند بژارده‌یه‌كی سنورداری له‌به‌رده‌مدایه‌، ئه‌مه‌ش له‌و كاته‌ی، ئه‌و وڵاته‌ خوازیاره‌ دوژمنه‌ سیاسییه‌كانی خۆی تیرۆر بكات. كازمی سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌كان، له‌ گرتنی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی میلیشیا شیعه‌كان به‌رده‌وام بوو، كه‌ گومانی به‌شداریكردنیان له‌هێرشكردنه‌ سه‌ر ئه‌مركیییه‌كان لێده‌كرێت. به‌ڵام، ئێستاش سنورێك هه‌یه‌ كازمی نه‌یتوانیوه‌ بیبڕێت. له‌كۆتاییدا، ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می كازمی-شدا، به‌غداد ناتوانێت به‌ته‌واوه‌تی پابه‌ندی پاراستنی ئه‌مریكییه‌كان بێت، هه‌تا بریكاره‌ تیرۆرسته‌كانی ئێران-یش هه‌ژموونیان به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا هه‌بێت، ئه‌وا پێناچێت به‌غداد هه‌رگیز بتوانێت ئه‌و كاره‌ ئه‌نجامبدات.
به‌ڵام، سه‌ره‌ڕای ئه‌و یه‌خه‌گیرییانه‌، بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی زیندووه‌ بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. چوونكه‌، سوپای ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانییه‌كی گه‌وره‌ی وڵاتاندا له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراقی‌و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڕێكخراوی داعش‌و ڕێگری له‌سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی له‌و وڵاته‌دا بڵاوكراونه‌ته‌وه‌. له‌گه‌ڵ نه‌مانی توانا ئه‌مریكییه‌كانیشدا - به‌تایبه‌ت توانای هه‌واڵگری‌و چاودێری‌و فڕۆكه‌بێفڕۆكه‌وانه‌كان- ئه‌و ئه‌ركه‌ شكست ده‌هێنێت. له‌هه‌مان كاتدا، ده‌كرێت كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا توانا سه‌ربازییه‌كانی عێراق كه‌مبكاته‌وه‌‌و متمانه‌ به‌و ده‌وڵه‌ته‌ لاواز بكات، هاوكات قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ قورسه‌كه‌ش زیاتر بكات. له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر، كشانه‌وه‌ی ئه‌مریكا، به‌ ته‌واوه‌تی به‌غداد ده‌داته‌ ده‌ست تاران، گشت هیوایه‌كیش بۆ به‌دیهێنانی عێراقێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له‌ناوده‌بات، هاوكات بوێری زیاتر ده‌داته‌ خواسته‌كانی ئێران بۆ هه‌ژموونگرتن به‌سه‌ر ناوچه‌كه‌دا.
له‌دوای ئه‌وه‌شی بایدن بۆته‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، هێرشه‌كان بۆسه‌ر بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق زیاتر‌و زیانبه‌خشتر بوون. شایه‌نی باسه‌، هێرشه‌ ئاسمانییه‌ تۆڵه‌ستێنه‌كان دژی كه‌تایبی حیزبوڵڵا له‌ سوریا له‌ 25/ شوباتدا، وه‌ك تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوژرانی دوو به‌ڵێنده‌ری سه‌ربازی ئه‌مریكی ئه‌نجامدرا، ئه‌مه‌ش وه‌ك لێدوانێكی ڕوون له‌ واشنتۆنه‌وه‌، كه‌ ئه‌و وڵاته‌ ناهێڵێت ئه‌و جۆره‌ دژایه‌تییه‌ به‌بێ وه‌ڵام تێبپه‌ڕێت. به‌ڵام، نابێت وابزانین ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا ڕێگا له‌ هێرشی دیكه‌ ده‌گرێت. ئه‌وه‌تا له‌ 3/ئازاردا، واتا دوای كه‌متر له‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ بۆردومانه‌كه‌ی ئه‌مریكا له‌ سوریا، ده‌ مووشه‌ك ئاڕاسته‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ بنكه‌ی عه‌ین ئه‌سه‌د كرا. له‌ڕاستیدا، ته‌نها به‌ئامانجكردنی ئه‌و میلیشیایانه‌ هێرشه‌كانی ئاینده‌ ناوه‌ستێنێت، چوونكه‌ ئه‌و گروپانه‌ مه‌شق‌و ئاماده‌كردن‌و پاڵپشتی‌و ئاڕاسته‌كردنیان له‌ تارانه‌وه‌یه‌. ئێران-یش هه‌تا یه‌ك كه‌سی شیعه‌ له‌ عێراقدا مابێت، ئاماده‌یه‌ دژایه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكات.
له‌ ماوه‌ی مانگه‌كانی كۆتایی ئیداره‌كه‌ی تره‌مپدا، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌ی واشنتۆن ڕایگه‌یاند، كه‌ به‌رپرسیارێتی ڕاسته‌وخۆی كاری بریكاره‌كانی ئێران ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی ئه‌و وڵاته‌‌و له‌ وه‌ڵامیشدا به‌ڕێگای سه‌ربازی ڕاسته‌وخۆ خودی ئێران ده‌كاته‌ ئامانج، هێرشه‌ زیانبه‌خشه‌كان له‌ عێراق وه‌ستان. هێرشه‌كه‌ی سه‌ر بنكه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی هه‌ولێر-یش له‌ مانگی شوباتدا، یه‌كه‌م هێرشی له‌و جۆره‌ بوو له‌ دوای 11/ ئازار/2020ه‌وه‌ ئه‌نجام بدرێت، هاوكات ئاماژه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی مه‌ترسیداریش ده‌كات. بۆیه‌، به‌ئامانجی ڕێگری له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی قوربانیی زیاتر له‌ سه‌رباز‌و دیپلۆماتكاره‌ ئه‌مریكییه‌كان، پێویسته‌ ئیداره‌كه‌ی بایدن هێزێكی به‌رگری متمانه‌دار بێنێته‌ مه‌یدانه‌كه‌وه‌. هه‌روه‌ها، به‌مه‌به‌ستی پاراستنی ئه‌مریكییه‌كان‌و پارێزگاری له‌ بوونی ئه‌مریكا له‌ عێراق، پێویسته‌ واشنتۆن بچێته‌ ئه‌ودیو بریكاره‌كانی ئێرانه‌وه‌‌و ده‌ست به‌ لێبرسینه‌وه‌ له‌ خودی ئه‌و وڵاته‌ بكات.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure