گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكا

03/04/2021

:: بێ نوسەر

ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: كه‌مال ده‌روێش

چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك پێش ده‌ستبه‌كاربوونی جۆ بایدن، زۆرێك پێیان وابوو ئه‌جێندا ناوخۆییه‌ قورسه‌كه‌، بوارێكی زۆر بۆ ئه‌م سه‌رۆكه‌ ناهێڵێته‌وه‌، تا بتوانێت ئه‌مریكا بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ كاروباره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان‌و به‌خێرایی له‌و ڕه‌وتی گرێبه‌ستانه‌ بێته‌ده‌ره‌وه‌، كه‌ دۆناڵد تره‌مپ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی كاره‌ دیپلۆماسییه‌كاندا ده‌یگرته‌به‌ر. به‌ڵام، له‌ خۆشبه‌ختی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و جیهان، هه‌وڵه‌كانی جۆ بایدن تا ئێستا، به‌ڕوونی ئاماژه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه‌ ده‌ده‌ن.
بایدن له‌میانه‌ی وتارێكی ئۆنلاین له‌ 19/ شوباتدا، كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی كۆنگره‌ی ئاسایشی میونخدا پێشكه‌شی كرد، به‌هێزانه‌ پره‌نسیپه‌ ستراتیجییه‌كانی خۆیی خسته‌ڕوو. وه‌زیری خه‌زێنه‌ی ئه‌مریكا جانێت یه‌ڵن-یش پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌و وتاره‌ی سه‌رۆك، له‌ په‌یامێكدا، كه‌ ئاڕاسته‌ی وه‌زیرانی دارایی وڵاتانی (G20)ی كرد، ڕه‌وتی نوێی مامه‌ڵه‌كردنی ئه‌مریكای له‌گه‌ڵ پرسه‌ ئابوورییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ئاشكراكرد. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئه‌نتۆنی بلینكن-یش له‌3/ ئازاردا، كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌كه‌ی ئه‌مریكای به‌شێوه‌یه‌كی گشتگیر خسته‌ڕوو.
ئه‌م لێدوانانه‌ ئاماژه‌ بۆ چه‌ند بابه‌تێك ده‌كه‌ن، كه‌ هه‌ندێكیان به‌ كرداری له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی ئیداره‌ نوێیه‌كه‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌. یه‌كه‌م ئاماژه‌ش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ڕه‌وته‌كه‌ی بایدن بابه‌تی ده‌بێت، نه‌ك له‌سه‌ر گرێبه‌سته‌كان بنیات نرابێت، هاوكات جه‌ختیش له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی ستراتیجی‌و دانبه‌خۆداگرتن ده‌كاته‌وه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ی تره‌مپ-یشه‌وه‌، بایدن ڕۆژێك به‌ شی جیپینگی سه‌رۆكی چینی نه‌وتووه‌ هاوڕێیه‌كی مه‌زن‌و بۆ ڕۆژی دواتر به‌ دوژمنێكی مه‌ترسیدار ته‌ماشای بكات. ئه‌وروپا-شی به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی چین بۆسه‌ر ئابووری ئه‌مریكا وه‌سف نه‌كردووه‌‌و ڕاسته‌خۆ دوواتر وه‌ك هاوپه‌یمانێكی گرنگ باسی بكات.
بایدن له‌ میانه‌ی وتاره‌كه‌ی له‌ كۆنگره‌ی میونخدا، وتی، جیهان له‌ ململانێی نێوان سته‌مكاری‌و دیموكراتیدا گه‌یشتۆته‌ خاڵێكی وه‌رچه‌رخان. وتیشی، ئه‌و (ئه‌ركی هاندان)ه‌ی ئه‌مریكا گرتوێتییه‌ ئه‌ستۆی، له‌ سه‌رخستنی دیموكراتیدا پوخت ده‌كرێته‌وه‌. شایه‌نی باسه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی " دیموكراتی سه‌رده‌كه‌وێت‌و پێویسته‌ سه‌ربكه‌وێت"، بۆیه‌ مافه‌كانی مرۆڤ-یش به‌شێكی گرنگی ڕه‌وته‌كه‌ی بایدن پێكده‌هێنن.
به‌ڵام، ئه‌ركی هاندان به‌ واتای پاڵپشتی ئه‌مریكا بۆ گۆڕینی سیستمه‌كان نایه‌ت، واتا ئه‌و كاره‌ی له‌ ڕابردوودا ئه‌نجامی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی زۆر قورسی لێكه‌وتۆته‌وه‌. به‌ڵكو، ئه‌مریكا له‌بری ئه‌وه‌ هه‌وڵده‌دات ببێته‌ پێشه‌نگێك، كه‌ وڵاتانی دیكه‌ شوێنی بكه‌ون‌و مكوڕانه‌ش له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌ دیموكراتییه‌كانیدا كارده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ ئه‌نجامی زانینی ئه‌و ڕاستیه‌ی، كه‌ به‌ته‌نها ناتوانێت ئه‌نجامه‌ خوازراوه‌كان به‌دیبهێنێت.
له‌ سه‌رده‌می بایدندا، ئه‌مریكا دووباره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌شداری ته‌واوه‌تی له‌ سیستمی فره‌لایه‌نه‌‌و كاركردن له‌ نێو دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، نه‌ك دژیان. بۆنمونه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ نێو ڕێكه‌وتتنامه‌ی پاریس بۆ كه‌ش‌و هه‌وا، هه‌روه‌ها له‌ 22/ نیسان-یشدا، بایدن لوتكه‌ی نێوده‌وڵه‌وتی كه‌ش‌و هه‌وا ده‌به‌ستێت، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌و چوارچێوه‌یه‌دا به‌پێی ڕێكه‌وتننامه‌ی پاریس به‌شداری سنورداری چالاكتر ڕابگه‌یه‌نێت. پێده‌چێت ئه‌و به‌شدارییانه‌ش هه‌وڵی به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ بێت، كه‌ به‌ هاتنی ساڵی 2050 ڕاده‌ی ده‌رهاویشته‌ گازییه‌كان بگاته‌ ئاستی سفر، هه‌روه‌ها به‌هاتنی ساڵی 2030-یش، ئاسته‌كه‌ی 50% بێته‌ خوار ئاستی ساڵی 2005ه‌وه‌.
ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه‌ بخوازێت، ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌بری ئه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان تێبپه‌ڕێنێت، یاخود كاره‌كانیان په‌كبخات، هه‌وڵی چاكسازی له‌و دامه‌زراوانه‌دا ده‌دات. به‌م پێیه‌ش، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان دووباره‌ به‌شداری ئه‌نجومه‌نی مافی مرۆڤی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌كاته‌وه‌‌و له‌وه‌دوا دژی ئه‌وه‌ نابێت، كه‌ نگۆزی ئۆكۆنجۆ ئیویلا، وه‌زیری پێشووی دارایی نه‌یجیریا‌و به‌رپرسی گه‌وره‌ له‌ بانكی نێوده‌وڵه‌تی، پۆستی به‌ڕێوبه‌ری گشتی ڕێكخراوی بازرگانی جیهانی وه‌ربگرێت.
له‌ڕاستیدا، ئه‌م نمونه‌ پێشوه‌ختانه‌ی ڕه‌وته‌ بابه‌تییه‌كه‌ی بایدن له‌ كاركردندا شایه‌نی پێشوازییه‌. به‌ڵام، ئه‌م ڕه‌وته‌ ڕووبه‌ڕووی یه‌خه‌گیری به‌هێز ده‌بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ هه‌ردوو بواری: مافه‌كانی مرۆڤ‌و چیندا.
بابه‌تی یه‌كه‌میان، له‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌ هه‌واڵگرییه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ زیاتر گرنگی پێده‌درێت، كه‌ به‌ڕوونی ئاماژه‌ بۆ تێوه‌گلانی محه‌مه‌د بن سه‌لمانی حاكمی كرداریی شانشینی عه‌ره‌بی سعودیه‌ له‌و تاوانه‌ ترسناكه‌دا ده‌كات، كه‌ له‌ ساڵی 2018دا، له‌ قونسوڵخانه‌ی سعودیه‌ له‌ ئه‌سته‌مبوڵ ئه‌نجامدرا‌و ڕۆژنامه‌نوس جه‌مال خاشقچی تێدا كرایه‌ قوربانی.
له‌ڕاستیدا، بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی، ئیداره‌كه‌ی بایدن تاڕاده‌یه‌ك خۆی له‌ شانشینی سعودیه‌ به‌دور ده‌گرێت، ئه‌مریكا له‌ دوای بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌ش سزای به‌سه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێكی دامه‌زراوه‌ی ئاسایشی سعودیه‌‌و چه‌ند به‌رپرسێكی نزیك له‌ محه‌ممه‌د بن سه‌لمانه‌وه‌ سه‌پاند. به‌ڵام، خودی ئه‌و میره‌ دووچاری سزا نه‌بۆوه‌، ئه‌مه‌ش واتا سعودیه‌ گرنگی ستراتیجی هه‌یه‌‌و ڕه‌نگه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ش بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر حوكمڕانی شانشینی سعودیه‌ بكات.
چالاكوانانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ-یش ڕه‌خنه‌ی توندیان له‌ بڕیاره‌كه‌ گرت. به‌ڵام، بایدن هاوسه‌نگی دروستی له‌ نێوان ئیدانه‌كردنی تاوانی كوشتنی خاشقچی‌و پێشێلكارییه‌كانی دیكه‌ی مافی مرۆڤ له‌ سعودیه‌ – چوونكه‌ له‌پاڵ سزا سنورداره‌كاندا، بایدن وتی په‌یوه‌ندی كه‌سی له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د بن سه‌لماندا نابه‌ستێت- له‌لایه‌ك‌و پێویستییه‌كانی كاركردن له‌گه‌ڵ سعودییه‌دا له‌ گرفته‌ هه‌رێمییه‌ ئاڵۆزه‌كاندا له‌لایه‌كی دیكه‌ ڕاگرت. 
ده‌رباره‌ی چین-یش، پێده‌چێت ئیداره‌كه‌ی بایدن ناكۆكییه‌ ئایدۆلۆجی‌و ئابوورییه‌كان وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی په‌یوه‌ندییه‌ دووانییه‌كان ببینێت. به‌ڵام، ئه‌مه‌ ڕێگری له‌ هاریكارییه‌ گونجاو‌و سودبه‌خشه‌كان ناكات، به‌تایبه‌ت له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ جیهانییه‌كانی، وه‌ك كه‌ش‌و هه‌وا‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌تاكاندا.
له‌به‌ر ئه‌وه‌شی چین به‌م نزیكانه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و ئاسته‌ی، كه‌ كێبڕكێی توانا ئه‌مریكییه‌كان بكات (ئه‌گه‌ر ئێستا ده‌ستی به‌و كێبڕكێیه‌ نه‌كردبێت)، بۆیه‌ پێویسته‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ زۆر بواردا كار بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری مامناوه‌ند بكات. بایدن پشتیش ده‌به‌ستێت به‌ هێزی پێشه‌نگ بوون‌و تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌ركه‌وتنه‌كانی ئه‌و سیستمه‌ دیموكراتییانه‌ی ده‌توانن به‌ڵێنه‌كانیان بۆ هاووڵاتییه‌كانیان بهێننه‌دی. هه‌روه‌ها، مكوڕانه‌ ده‌رباره‌ی پرسه‌ ته‌كنه‌لۆجی‌و ئابوورییه‌كان دانوستان له‌گه‌ڵ چیندا ده‌كات، هاوكات ناهێڵێت ناكۆكییه‌ ئایدۆلۆجییه‌ ڕوونه‌كان هه‌ردوو وڵات به‌ره‌و ململانێیه‌كی كراوه‌ ببه‌ن. 
ده‌رباره‌ی پرسه‌ ئابوورییه‌كانیش، په‌یامه‌كه‌ی یه‌ڵن بۆ هاوتاكانی له‌ وڵاتانی (G20) ئاماژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌مریكای بۆ نێو سیستمی فره‌یی تێدایه‌. له‌و په‌یامه‌یدا، داوا له‌ سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌ ده‌كات، كه‌ پلانێكی نوێ بۆ ئه‌و یه‌ده‌گانه‌ دابنێت، كه‌ سندوقه‌كه‌ ده‌ریانده‌كات، ئه‌مه‌ش ئه‌و هه‌نگاوه‌بوو، كه‌ (ستیڤن منوچن)ی وه‌زیری پێشووی گه‌نجینه‌ ڕێگری لێكرد.
وه‌زیرانی دارایی وڵاتانی (G20)‌و پارێزگاری بانكه‌ ناوه‌ندییه‌كانیش دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌یان له‌ 26/ شوباتدا، داوای دانانی ئه‌و پلانه‌یان له‌ سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌ كرد. شایه‌نی باسه‌، پێویسته‌ ئه‌و پلانه‌ به‌جۆرێك دابنرێت، كه‌ سودی وڵاته‌ تازه‌پێگه‌یشتووه‌كانی تێدا بێت. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ به‌ره‌و چاكسازی گه‌وره‌ له‌و ئامڕازی پاڵپشتیكردنانه‌ی، كه‌ له‌ژێر ده‌ستی سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ختینه‌دایه‌‌و به‌شێوه‌یه‌كی گه‌وره‌ پشتده‌به‌ستن به‌ قه‌رزه‌ تایبه‌تكراوه‌كان.
په‌یامه‌كه‌ی یه‌ڵن ئه‌وه‌شی تێدایه‌، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان پابه‌ندی كاركردن ده‌بێت له‌سه‌ر داخورانی بنچینه‌‌و گواستنه‌وه‌ی قازانج (BEPS)، كه‌ ڕێكخراوی هاوكاری ئابووری‌و گه‌شه‌پێدان له‌گه‌ڵ (G20)دا دایانناوه‌. به‌جۆرێك خۆدزینه‌وه‌ له‌ باج‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی زۆری باج له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ كه‌رتی ئه‌لیكترۆنیدا، یه‌خه‌گیرییه‌كی دارایی گه‌وره‌یه‌، هاوكات یه‌خه‌گیریشه‌ له‌به‌رده‌م ئابووری جیهانیدا. یه‌ڵن ده‌ڵێت، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌شدار ده‌بێت له‌هه‌وڵدان بۆ " دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كرداری به‌شێوازێكی دادپه‌روه‌رانه‌‌و دانایانه‌". 
هه‌ڵه‌به‌ت جێبه‌جێكردنی ستراتیجییه‌كی گشتگیر بۆ پته‌وكردنی دیموكراتیی لیبڕاڵی‌و بونادنانه‌وه‌ی فره‌یی زۆر ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌مدایه‌، چوونكه‌ واقیع زۆر كۆتی چاوه‌ڕواننه‌كراو ده‌سه‌پێنێت. به‌ڵام، هه‌ڵوێسته‌كانی بایدن‌و ڕاستگۆیی لێدوانه‌كانی ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌كرێت ئیداره‌ی ئه‌مریكا له‌ ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ جۆره‌ وه‌رچه‌رخانێك به‌خۆوه‌ ببێنێت، كه‌ چه‌ند ده‌یه‌یه‌كه‌ وه‌رچه‌رخانی وه‌های به‌خۆوه‌ نه‌بینیوه‌.
به‌ڵام، ڕوودانی ئه‌مه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی بایدن له‌ ناوخۆدا، به‌جۆرێك بتوانێت به‌ره‌وپێشچوونێكی ئابووری له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشت ئه‌مریكییه‌كان بهێنێته‌دی. له‌ڕاستیدا سه‌ركردایه‌تی پیشه‌نگ له‌ناوخۆوه‌ ده‌ستپێده‌كات.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure