::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: arabi21
نوسینی: جاسم شه‌مه‌ری
ده‌وڵه‌تی عێراق سه‌د ساڵ له‌مه‌وپێش دامه‌زرێندرا، ئه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌ی شانشینی عێراق، وه‌ك ئه‌نجامێكی سروشتیی شۆڕشی 1920ی عێراق دژی داگیركاری به‌ریتانی، ڕاگه‌یه‌ندرا.
میر فه‌یسه‌ڵی كوڕی حسێن له كۆتایی مانگی ئاب/1921دا، كرایه پاشای عێراق، ئه‌و كات زۆرێك له فه‌رمانگه دێرینه‌كانی ئه‌م وڵاته دامه‌زرێندران، له‌وانه به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی‌و چه‌ندین فه‌رمانگه‌ی سه‌ربازی‌و مه‌ده‌نی دیكه، كه هه‌تا ئێستا له زۆرێك له شاره‌كانی عێراقدا ماون. بۆیه، هه‌ندێك نازناوی (دامه‌زرێنه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق) ده‌ده‌نه شا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی له ساڵی 1932دا، عێراقی كرده ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان، هه‌روه‌ها ئه‌و وڵاته‌ی له‌ژێر داگیركاری به‌ریتانیا ده‌رهێناو به‌ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆی كرد.
كاتێكیش به‌هۆی شۆڕشی 14/ ته‌مموز/1958ه‌وه، پاشایه‌تی كۆتایی هات، قۆناغی كۆماری ده‌ستی پێكرد، گۆڕانكارییه سیاسییه‌كانیش هه‌تا ساڵی 1968و گه‌یشتنی حیزبی به‌عس به ده‌سه‌ڵات به‌رده‌وام بوون، ئه‌و حیزبه‌ش هه‌تا هاتنی هێزی ئه‌مریكا له 2003دا، له ده‌سه‌ڵاتدا بوو، له‌و ساڵه‌شه‌وه قۆناغی وێرانكاری ده‌وڵه‌ت، به مانا سیاسی‌و زانستییه نوێیه‌كه‌ی ده‌ستی پێكرد.
عێراق دوای ساڵی 2003، خۆی له‌به‌رده‌م واقیعێكی ئازاربه‌خشدا بینییه‌وه‌و زۆربه‌ی دۆسیه سیاسی، ئه‌منی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، خزمه‌تگوزاری‌و ته‌ندروستییه‌كانی داڕزان. له ئه‌نجامی ئه‌م دۆخه‌شدا، سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا، یاخود به‌هۆی نه‌مانی ئاسایشه‌وه ڕفێندران، هاوكات مانای سه‌روه‌ری ناوخۆییش بزربوو.
سه‌رۆك به‌رهه‌م ساڵح-یش، له ناوه‌ڕۆكی لێدوانه‌كه‌یدا ده‌رباره‌ی كاره‌ساته‌كه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئین خه‌تیب، ڕاستیی وێرانبوونی ده‌وڵه‌تی عێراقی پشتڕاست كرده‌وه، كاتێك وتی: " كاره‌ساته‌كه ئه‌نجامی وێرانبوونی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ته به‌هۆی گه‌نده‌ڵی‌و خراپی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه".
ده‌وڵه‌تی عێراق له‌و وڵاتانه‌یه، كه بودجه‌یه‌كی ساڵانه‌ی زه‌به‌لاحی هه‌یه، به‌جۆرێك تێكڕای بودجه‌كانی ساڵانی دوای 2003، زیاتره له 1.2 ترلیۆن دۆلار، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆربه‌ی ئه‌و بوارانه‌ی بۆ بونیادنانی نیشتیمان‌و خزمه‌تكردنی مرۆڤ پێویستن، گرفتی كوشنده‌یان تێدایه.
هاوكات، ده‌وڵه‌ت ئه‌مڕۆ به‌ده‌ست قه‌رزه زۆره‌كانی ئه‌ستۆیه‌وه ده‌ناڵێت، كه بڕه‌كه‌ی ده‌گاته نزیكه‌ی 160 ملیار دۆلار‌و زۆربه‌یان قه‌رزی ده‌ره‌كین، سووی زۆریشیان له‌سه‌ره.
له‌ڕاستیدا، كه‌رته‌كانی ئاسایش‌و ته‌ندروستی له گرنگترین ئه‌و كه‌رتانه‌ن، كه به‌ستراونه‌ته‌وه به مرۆڤ‌و نیشتیمانیشه‌وه، چوونكه ئه‌وه‌ی گره‌نتی سه‌لامه‌تی‌و ته‌ندروستی مرۆڤ بكات، هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزاری پێویستی بۆ ده‌سته‌به‌ر بكات، ئه‌وا ده‌وڵه‌تێكی به‌هێز له‌سه‌ر بنه‌مای به‌خشین‌و كار‌و زانست‌و ئارامی بونیاد ده‌نێت، پێچه‌وانه‌كه‌شی ڕاسته.
گرفتی كاره‌باش له پێشه‌كی كێشه ئاڵۆزه‌كاندایه، به‌جۆرێك له ساڵی 2003ه‌وه، زیاتر له 80 ملیار دۆلاری تێدا خه‌رجكراوه، ئه‌م بڕه‌ش به‌شی ڕووناككردنه‌وه‌ی گشت خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، سادق سه‌لیتی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت‌و وزه له په‌رله‌مان، له مانگی نیسانی ئه‌مساڵدا، وتی: "هه‌نگاوی ئه‌رێنی بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی كاره‌با له ئارادا نیه، دۆخی كاره‌باش هاوشێوه‌ی هاوینی پێشوو خراپ ده‌بێت!".
به‌هه‌مان شێوه، ئه‌مه دۆخی كه‌رتی ته‌ندروستیشه، كه به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌كی دارایی زۆره‌وه ده‌ناڵێنێت. دكتۆر عه‌لا عه‌لوانی وه‌زیری ته‌ندروستیش له كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدول مه‌هدیدا، له ساڵی 2019دا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی پێشكه‌ش كرد، كه تێدا وتبووی:" نه من‌و نه هیچ كه‌سێكی دیكه، به‌بێ ڕوودانی ڕاپه‌ڕینێكی گشتگیر، ناتوانین گۆڕانكاری‌و چاكسازی ئه‌نجام بده‌ین!".
دۆخی لاوازی ته‌ندروستی له ڕووداوی سوتانی نه‌خۆشخانه‌ی ئیبن خه‌تیب له به‌غداد، له 24/نیسان/2021دا، زۆر به‌ڕوونی ده‌ركه‌وت. له ئه‌نجامی ئه‌و ڕووداوه‌دا زیاتر له 100 نه‌خۆشی به‌شی بوژانه‌وه بوونه قوربانی، هۆكاری ڕووداوه‌كه‌ش ته‌قینه‌وه‌ی بوتڵی (یاخود چه‌ند بوتڵێكی) ئۆكسجینی تایبه‌ت به نه‌خۆشه‌كان بوو. ئه‌وه‌ی كاره‌ساته‌كه‌شی گه‌وره‌تر كرد ئه‌وه بوو، كه سیستمی ئاگاداركردنه‌وه‌ی خێرا له نه‌خۆشخانه‌كه‌دا نه‌بوو، تا هۆشداری‌و مه‌ترسی ئاگره‌كه بداته هاووڵاتییان، له كاتێكدا ئه‌و سیستمه له ماڵی هه‌موو به‌رپرسه‌كانی ده‌وڵه‌تدا هه‌یه!
حكومه‌تی به‌غداد لیژنه‌یه‌كی بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و كاره‌ساته پێكهێنا‌و وه‌زیری ته‌ندروستی‌و به‌رپرسی گه‌وره‌ی دیكه‌ی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ی له كاره‌كانیان وه‌ستاند، هاوكات بڕیاریشیدا به بڕی حه‌وت هه‌زار دۆلار قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانیان بكرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكه‌ین به‌و قه‌ره‌بووه‌ی درایه خێزانه‌كه‌ی جۆرج فلۆید (27 ملیۆن دۆلار)، كه له‌لایه‌ن پۆلیسی ئه‌مریكاوه كوژرا، ئه‌وا ئه‌و قه‌ره‌بووه‌ی حكومه‌تی عێراقی زۆر كه‌مه.
ئایا به‌های مرۆڤی عێراقی، سه‌ره‌ڕای ئه‌و بوودجه زه‌به‌لاحانه، ته‌نها حه‌وت هه‌زار دۆلاره؟
ئه‌م ڕاستییانه‌و ڕاستی دیكه، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، كه ده‌وڵه‌ت پێویستی به بوژاندنه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له هه‌یه، تا له وێرانبوونی كارگێڕی، گه‌نده‌ڵی ئه‌منی‌و خزمه‌تگوزاری‌و ئابووری ڕزگاری بێت!
جێی داخه پاش سه‌د ساڵ له دامه‌زراندنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته، ئێمه باس له وێرانییه‌كانی بكه‌ین، خوازیاریش بووین عێراق وڵاتێكی پێشكه‌توو بوایه، تا ئێمه‌ش به‌وپه‌ڕی شانازی‌و به دڵخۆشییه‌كی گه‌وره‌وه، به پێنووسه‌كانمان دیمه‌نی پێشكه‌وتن‌و شارستانییه‌كه‌یمان بخستایه‌ته‌ڕوو.
به‌ڵام، له‌ڕاستیدا، دۆخه‌كه زۆر تاڵه، خه‌ونه‌كانیشمان زۆرن، وڵاته‌كه‌شمان به‌ئاسته‌م هه‌ناسه ده‌دات، ئایا ئاینده‌ی عێراقییه‌كان چۆن ده‌بێت؟
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن