::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: خافیێر سۆلانا
دیپلۆماسی هه‌میشه تاكه ڕێگای گونجاوی چاره‌سه‌ركردنی پشێوییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان‌و ئێران بووه. به‌ڵام، كاتێك سیاسه‌تی ده‌ره‌كی چووه‌سه‌ر ڕه‌وتێكی عاتیفی‌و خۆی دایه ده‌ست خواستی سه‌رنجڕاكێشان، ئه‌وا هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی دانایانه‌ی ده‌وڵه‌ت پاشه‌كشه ده‌كات.
له‌ڕاستیدا، ئه‌مه له ئه‌مریكا ڕوویدا، جارێك دوای هێرشه تیرۆرستییه‌كانی 11/ ئه‌یلول/2001، جارێكی دیكه‌ش له ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپدا. ڕه‌نگه بڕیاره تاك لایه‌نه هه‌ڵه‌شانه‌كه‌ی تره‌مپ به‌كشانه‌وه له‌و ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌ی له ساڵی 2005، له‌گه‌ڵ ئێران‌دا به‌سترا، باشترین نمونه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته سیاسییه‌ی ئه‌مریكا بێت.
ئه‌و ڕێككه‌وتنه -كه ناوه فه‌رمییه‌كه‌ی پلانی كاری گشتگیری هاوبه‌شه- داوی چه‌ند ساڵێك له دانوستانی گران هاته به‌رهه‌م، تا تره‌مپ له شه‌پۆلێكی توڕه‌بووندا وه‌لاینا، ئه‌مه‌ش وه‌ك به‌شێكی ستراتیجییه خۆبه‌زلزانه كورتبینه‌كه‌ی، كه خۆی ده‌بینییه‌وه له سه‌پاندنی زۆرترین ئاستی فشار به‌سه‌ر ئێران‌دا. به‌ڵام، دوای ئه‌وه‌ی ئێستا بایدن بۆته سه‌رۆك، ئه‌و دانوستانانه‌ی له مانگی نیساندا له ڤیه‌ننا ده‌ستیان پێكرد، هه‌لێكی دیپلۆماسی ده‌داته هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی جیهان، تا ڕێككه‌وتنه‌كه ڕزگار بكه‌ن.
پێویسته خوازیار بین سه‌ربكه‌ون، چوونكه ستراتیجی سه‌پاندنی زۆرترین ئاستی فشار، كه تره‌مپ گرتێبه‌ر، به‌ته‌واوه‌تی شكستی هێنا. ڕژێمی ئێران-یش نزیكه‌ی ساڵێك دوای ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له 2018دا، له ڕێككه‌وتنه‌كه كشایه‌وه، ده‌ستی به شكاندنی چه‌ند به‌ندێكی پلانی كاری گشتگیری هاوبه‌ش كرد. ئێران له‌و كاته‌وه، پله به‌پله ڕێژه‌ی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیادكرد، یه‌ده‌گی یۆرانیۆمی پیتێنراویشی 14 هێنده زیادكرد، هه‌روه‌ها گرفتیش بۆ پڕۆسه‌كانی پشكنینی نێوده‌وڵه‌تی له دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانیدا دروست ده‌كات. به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه ئه‌مریكییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ش، ئێران له ماوه‌ی سێ، یاخود چوار مانگدا ده‌گاته ئه‌و خاڵه‌ی بتوانێت چه‌كی ئه‌تۆم به‌رهه‌مبهێنێت، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا پێشبینی ده‌كرا زیاتر له ساڵێكی پێویست بێت.
ستراتیجییه گێلانه‌كه‌ی تره‌مپ ته‌نها مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی زیادنه‌كرد، به‌ڵكو له سنورداركردنی چالاكییه سه‌ربازییه هه‌رێمییه‌كانی ئێران-یشدا شكستێكی گه‌وره‌ی هێنا. ده‌بینین، پشێوییه‌كانی نێوان ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان‌و ئێران له كه‌نداوی عه‌ره‌بی‌و به‌تایبه‌ت له عێراق زیادیانكرد، به‌هۆی ئاڵۆزییه شاراوه دووباره‌كانی نێوان ئێران‌و ئیسرائیل-یشه‌وه زیاتر گرژبوون.
یه‌كێك له هۆكاره‌كانی دیكه‌ی دوودڵی له دیدی ئه‌مریكاوه، سه‌ركه‌وتنی ڕژێمی ئێرانه له كه‌مكردنه‌وه‌ی گۆشه‌گیری نێوده‌وڵه‌تی خۆی له ڕێگای به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ چیندا، بۆنمونه له ڕێگای ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی ئه‌م دوواییه‌ی نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌وه، كه بۆ ماوه‌ی 25 ساڵه‌و ئامانجی بونیادنانی وه‌به‌رهێنانی زه‌به‌لاحی چینییه له كۆماری ئیسلامی‌دا، به‌رانبه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وت‌و گازی ئێران بۆ چین به نرخێكی هه‌رزان. هه‌روه‌ها به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه‌كان‌و هاوكارییه هه‌واڵگرییه‌كانیش به‌شێكی ئه‌و پاكێجه‌ن.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی تره‌مپ-یش ده‌یویست، سزا ئه‌مریكییه‌كان پشێوییه‌كی زۆری له ئابووری ئێران‌دا دروست كرد. ته‌نانه‌ت ئێران له هاورده‌كردنی ڤاكسینی (كۆڤید-19)و هاوكارییه ته‌ندروستییه‌كانیشدا توشی ئاسته‌نگی زۆر هات. به‌ڵام، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌ندامانی سه‌ره‌كی ڕژێمه‌كه‌ی ئێران له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تره‌مپدا به ساغی ده‌رچوون، یاخود به‌هێزتر بوون.
شایه‌نی باسه، سوپای پاسداران -كه قاسم سوله‌یمانیی سه‌ركرده‌یان ساڵی پار، له‌ڕێگای فڕۆكه‌یه‌كی بێفڕۆكه‌وانی ئه‌مریكییه‌وه كوژرا- مایه‌پوچبوونی كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی قۆستۆته‌وه بۆ به‌هێزكردنی هه‌ژموونی خۆی به‌سه‌ر ئابووری ئه‌و وڵاته‌وه. له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی زۆری ئاستی هه‌ژاری‌و بڵاوبوونه‌وه‌ی (كۆڤید-19) له‌و وڵاته‌دا، پاسداران توانی خۆی وه‌ك دابینكاری خزمه‌تگوزارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان پشان بدات، ئه‌مه‌ش زیاتر حكومه‌ته میانڕه‌وه‌كه‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی لاوازكرد.
له‌گه‌ڵ زیادبوونی بوێریی فه‌سائیله توندڕه‌وه‌كان له ئێران له پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی له مانگی حوزه‌یراندا، پێده‌چێت ده‌روازه‌ی هه‌لی ڕه‌خساو له‌به‌رده‌م پشتیوانانی ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه بۆ زیندووكردنه‌وه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه به‌خێرایی دابخرێت. هه‌ریه‌ك له حكومه‌ته‌كه‌ی ڕۆحانی (كه خولی دووه‌م‌و كۆتایی به‌م نزیكانه ته‌واو ده‌بێت)و ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا چاك د‌رك به‌و ڕاستییه ده‌كه‌ن، هه‌ردوولاش ئاماده‌ن له به‌ستنی گرێبه‌سته‌كه‌دا خێرا بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی له‌و باره‌یه‌وه مایه‌ی گه‌شبینییه ئه‌وه‌یه، كه بایدن زۆرێك له سیاسه‌ته‌كانی تره‌مپی به‌رانبه‌ر خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به خێرایی ڕه‌تكرده‌وه، یاخود دووباره ڕێكخسته‌وه. له‌ومیانه‌یه‌دا، بایدن په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكای له‌گه‌ڵ شانشینی عه‌ره‌بی سعودییه‌دا ڕێكخسته‌وه، سزاشی به‌سه‌ر 76 كه‌سی سعودیدا سه‌پاند، ئه‌مه‌ش به‌هۆی په‌یوه‌ندییان به كوشتنی ڕۆژنامه‌نووسی سعودی جه‌مال خاشوقچییه‌وه. به‌هه‌مان شێوه، بایدن سوره له‌سه‌ر بێبه‌ری ئه‌مریكا له‌و هێرشه سه‌ربازییه‌ی سعودییه له یه‌مه‌ن سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، هه‌روه‌ها پاشگه‌زبۆوه له پۆلێنكردنی حوسییه‌كان وه‌ك گروپێكی تیرۆرستی، تا بتوانێت كارئاسانی بۆ گه‌یاندنی خوارده‌مه‌نی‌و هاوكاری بنه‌ڕه‌تی دیكه بۆ ئه‌و وڵاته بكات، كه ئێستا له خراپترین قه‌یرانی مرۆیی جیهاندایه.
هاوكات، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دووباره هاوكارییه ئابوورییه‌كانی بۆ فه‌ڵه‌ستین گه‌ڕانده‌وه، كه تره‌مپ به‌ته‌واوه‌تی هه‌موویی وه‌ستاندبوو. ئه‌م ڕێكارانه ڕه‌وته ورد‌و گه‌شه‌سه‌ندووه‌كه‌ی بایدن له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ناوچه‌كه‌دا ده‌رده‌خات، كه خۆی ده‌بینێته‌وه له پاڵپشتیكردنی هاوپه‌یمانه‌كان به‌بێ پێدانی ده‌سه‌ڵاتێكی ڕه‌ها، هه‌روه‌ها به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنه‌كان به‌بێ گه‌مارۆدانیان به‌شێوه‌یه‌كی بێفه‌ڕ.
جێبه‌جێكردنی ئه‌م ڕه‌وته -كه وایكردووه ئاماژه‌ی پێشوه‌خته‌ی توانه‌وه‌ی به‌سته‌ڵه‌كی دیپلۆماسی نێوان شانشینی عه‌ره‌بی سعودی‌و ئێران ده‌ربكه‌وێت- پێویستی به كارامه‌یی هه‌یه. باشترین خاڵی ده‌ستپێكیش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتووانه‌ی یه‌خه‌گیرییه هه‌ستیاره‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، وه‌ك بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆم.
دانوستانه ئه‌تۆمییه‌كانی ڤیه‌ننا –كه پێنچ ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، له‌پاڵ ئه‌ڵمانیا‌و ئێران‌و یه‌كێتی ئه‌وروپادا له خۆده‌گرێت- هه‌لێكه بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی، كه هێشتا ده‌كرێت هاریكاری فره لایه‌نه له‌نێوان زلهێزه‌كاندا هه‌بێت. پڕۆسه‌كه ده‌ستپێكێكی باشی هه‌بوو، به‌شێكی چاكه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سووربوونی ئه‌وروپییه‌كان له‌سه‌ر ئاسانكردنی دانوستانه ناڕاسته‌وخۆكان له‌نێوان شانده ئه‌مریكی‌و ئێرانییه‌كاندا. ئاسته‌نگه سه‌ره‌كییه‌كانیش خۆیان ده‌بیننه‌وه له سروشتی ئه‌و سزایانه‌ی پێویسته ئه‌مریكا هه‌ڵیانبگرێت، هه‌روه‌ها هه‌نگاوه‌كانی گه‌ڕانه‌وه بۆ پابه‌ندبوون به ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌وه. هه‌ریه‌ك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان‌و ئێران-یش سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه هه‌نگاوی یه‌كه‌م بنێت.
ئاسته‌نگێكی دیكه‌ش خۆی ده‌بینێته‌وه له هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه بۆ سه‌ر وێستگه‌ی نه‌ته‌نز بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم له ئێران -كه گه‌وره‌ترینه له‌و وڵاته‌دا-. ئه‌و هێرشه له كاتی دانوستانه‌كاندا ئه‌نجامدرا‌و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوانیش درایه پاڵ ئیسرائیل. له وه‌ڵامێكی تۆڵه‌سێنیشدا، ئێران ڕایگه‌یاند، كه ده‌ستده‌كات به پیتاندنی یۆرانیۆم به ڕێژه‌ی 60%، واتا سێ هێنده‌ی ئاستی 20%، كه تا ئێستا پێوه‌ی پابه‌ند بووه (له‌ڕاستیدا، به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر ئاستی 3.7%ی تێپه‌ڕاندووه، واتا ئه‌و ئاسته‌ی به‌پێی ڕێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه ڕێگه پێدراو بوو). ئێران زۆر له ئاستی پیتاندنی 90% نزیك ده‌بێته‌وه، واتا ئه‌و ئاسته‌ی بۆ به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی پێویسته، به‌م پێیه‌ش بواری جووڵه له ڤیه‌ننا كه‌م ده‌بێته‌وه.
له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، نمونه‌یی بوون دژی كاری باشه، وه‌همیش پێوه‌رێكی سودبه‌خش نیه. مه‌به‌ست له پلانی كاری گشتگیری هاوبه‌ش ئه‌وه نه‌بوو ببێته چاره‌سه‌رێكی سیحری، به‌ڵام نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، باشترین ڕێگایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ڵسوكه‌وته بێزاركه‌ره‌كانی ئێران له بواره‌كانی دیكه‌دا. بێگومان هه‌وڵه تێكده‌ره‌كان، وه‌ك هێرشه‌كه‌ی نه‌ته‌نز، كه ده‌ستبه‌جێ ئیداره‌كه‌ی بایدن خۆی لێ بێبه‌ری كرد، شوێنگره‌وه‌یه‌كی به‌رده‌وام‌و گونجاوی هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كان نیه.
جێی خۆیه‌تی وه‌بیر خۆمانی بهێنینه‌وه، كه پێش پلانی كاری گشتگیری هاوبه‌ش ئێمه له كوێدا بووین، هاوكات بشزانین ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی وێرانكردنی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌یاندا به‌ره‌و كوێیان بردین. له‌ڕاستیدا، گه‌رده‌لولی پشێوییه‌كانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی ئاڵۆزبوون. وه‌ستاندنیشی پێویستی به كاری چڕ‌و به‌رده‌وامی دیپلۆماسییه.
وه‌رگێرانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن