::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: DJOOMART OTORBAEV
بۆ یه‌كه‌مجار دوای چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك، ئێستا ده‌توانرێت ناوه‌ڕاست‌و باشوری ئاسیا به ڕێگا نوێیه‌كانی هاتووچۆ له ئه‌فغانستانه‌وه پێكه‌وه ببه‌سترێنه‌وه. ته‌واوبوونی ئه‌م جۆره پڕۆژانه‌ش، ئاسایشی ئه‌وروپی-ئاسیایی ده‌گۆڕێت، چالاكییه ئابوورییه هه‌رێمییه‌كانیش تاڕاده‌یه‌كی زۆر زیادده‌كات، ڕه‌نگه له كۆتاییشدا ئاشتی له ئه‌فغانستان به‌دیبهێنێت، ته‌نانه‌ت ڕه‌نگه ڕێگای ئاوریشم-یش زیندوو بكاته‌وه.
بۆیه، پێویسته هاوسێ كاریگه‌ره‌كان -ڕووسیا، چین‌و هیندستان- گرنگی به‌و پڕۆژانه بده‌ن، هه‌روه‌ها ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان-یش، كه له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا، نزیكه‌ی 2 ترلیۆن دۆلاری له ئه‌فغانستان خه‌رجكردووه. به‌ڵام، له ڕاستیدا زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، وه‌ك ناوچه‌یه‌كی نه‌ناسراو ته‌ماشای ئاسیای ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن، تائێستاش گرنگییه‌كی ئه‌وتۆ به په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌م دواییه ناده‌ن.
شایه‌نی باسه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆزباكستان، (عه‌بدولعه‌زیز كامیلۆڤ)، له مانگی شوباتدا، سه‌ردانی سێ وڵاتی ئاسیای ناوه‌ڕاستی كرد، ئه‌وانیش، كازاخستان، توركمانستان‌و تاجیكستان بوون، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ش گره‌نتیكردنی پاڵپشتیی ئه‌و وڵاتانه بوو بۆ پڕۆژه‌كانی گواستنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان‌و وڵاتانی باشوری ئاسیادا. كامیلۆڤ له‌سه‌ر داوای (شه‌وكه‌ت میرزیۆێڤ)ی سه‌رۆكی ئۆزباكستان ئه‌و سه‌ردانانه‌ی ئه‌نجامدا، ئه‌و سه‌رۆكه‌ش له 29/كانونی یه‌كه‌م، له په‌یامه‌كه‌یدا، كه ئاڕاسته‌ی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد، تیشكی خسته‌سه‌ر هاریكاری له‌گه‌ڵ باشوری ئاسیا‌و به‌هێزكردنی ئاشتی له ئه‌فغانستاندا، به‌وپێیه‌ی ئه‌م دووانه كاری له‌پێشینه‌ی ئه‌ون له‌ڕووی هه‌رێمییه‌وه.
بابه‌تی سه‌ره‌كی گفتوگۆكان، بونیادنانی هێڵی ئاسنینی (ڕێڕه‌وی كابوڵ) بوو، كه شاری (ترمز) له ئۆزباكستان‌و شاری (پیشاوه‌ر)ی پاكستان پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و به (مه‌زار شه‌ریف)و (كابوڵ)ی ئه‌فغانستاندا تێده‌په‌ڕێت. شایه‌نی باسه، ساڵانه ده‌توانرێت نزیكه‌ی 20 ملیۆن ته‌ن شمه‌ك له‌ڕێگای ئه‌و هێڵه‌وه بگوێزرێته‌وه. هاوكات، ئه‌و به‌شه‌ی هێڵه‌كه، كه له‌لایه‌ن ئۆزباكستانه‌وه بونیادنراوه‌و ترمز‌و مه‌زار شه‌ریف پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ئێستا ئاماده‌ی به‌كارهێنانه. ئه‌و به‌شه‌ی ماوه، كه درێژییه‌كه‌ی تا شاری پیشاوه‌ر 573 كم (356میل)ه، ده‌بێت زنجیره چیای (هیندوكۆش) ببڕێت، واتا هێڵه‌كه زیاتر له 3500م (11483پێ) له‌سه‌ر ئاستی ده‌ریا به‌رز ده‌بێته‌وه، به‌مه‌ش ده‌بێته یه‌كێك له به‌رزترین هێڵه ئاسنینه شاخاوییه‌كان له جیهاندا.
تێچووی بونیادنانی به‌شێك له هێڵه ئاسنینه‌كه‌ی نێوان مه‌زار شه‌ریف‌و كابوڵ پشت به قه‌رز ده‌به‌ستێت، كه به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه سه‌ره‌تاییه‌كان تێچووه‌كه‌ی ده‌گاته 5 ملیار دۆلار. ئۆزباكستان، ئه‌فغانستان‌و پاكستان-یش له كۆتاییه‌كانی كانونی یه‌كه‌مدا، داوایان له دامه‌زراوه داراییه جیهانییه‌كان كرد هاوكاری پڕۆژه‌كه بكه‌ن. له‌ڕاستیدا به دابینكردنی پاڵپشتی دارایی پێویست، ده‌توانرێت له مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵدا، ده‌ست به پڕۆسه‌ی بونیادنانه‌كه بكرێت. شایه‌نی باسه، ڕێگا خێراكه‌ی ئێستای نێوان مه‌زار شه‌ریف‌و كابوڵ گره‌نتی گه‌یاندنی پێداویستی‌و كه‌ره‌سته‌كه‌كانی بونیادنان ده‌كات، هاوكات هێڵه‌كانی كاره‌با له ئۆزباكستان‌و تاجیكستانه‌وه به درێژایی هه‌مان ڕێگا به‌ره‌و پایته‌ختی ئه‌فغانستان درێژبوونه‌ته‌وه، واتا له‌وێوه ده‌توانرێت وزه‌ی كاره‌با بۆ هیڵه ئاسنینه‌كه دابینبكرێت.
هێڵه‌كه له پیشاوه‌ر، شه‌مه‌نده‌فه‌ره هاتووه‌كان ده‌به‌ستێته‌وه به سیستمی گواستنه‌وه‌ی پاكستانییه‌وه، به‌مه‌ش تۆڕه‌كانی هێڵی ئاسن له ئاسیای ناوه‌ڕاست‌و ئۆراسیا ده‌به‌ستێته‌وه به تۆڕه‌كانی باشوری ئاسیاوه‌و ده‌بێته ڕێگای گه‌یشتن به به‌نده‌ره‌كانی (كراچی، قاسم‌و گوادار)ی پاكستان. هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانیش ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه هێڵه ئاسنینه نوێیه‌كه كاتی گواستنه‌وه‌ی شمه‌كه‌كان له ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌وه بۆ پاكستان له 30 ڕۆژه‌وه بۆ 15 ڕۆژ كه‌مده‌كاته‌وه، هه‌روه‌ها تێچووی گواستنه‌وه‌ش به ڕێژه‌ی 30-35% كه‌مده‌كاته‌وه.
هۆكاری ئه‌وه‌ی گه‌یشتن به به‌نده‌ره پاكستانییه‌كان بخرێته پێش بژارده‌كانی دیكه‌وه ئه‌وه‌یه، كه ڕێگای نێوان (مه‌زار شه‌ریف- كابوڵ- پیشاوه‌ر) كورتترینه. به‌ڵام، ڕێگایه‌ك هه‌یه، كه گرنگییه‌كی گه‌وره‌تری هه‌یه: ئه‌ویش (ڕێڕه‌وی كابوڵ)ه، كه له پاڵ ڕێڕه‌وی گواستنه‌وه‌ی نێوان چین‌و قیرگیزستان‌و ئۆزباكستاندا، چوار ناوچه‌ی ئۆراسیا له‌ڕێگای ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌وه پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، كه خاوه‌نی ئابوورییه‌كی به‌هێزن، ئه‌وانیش: ئه‌وروپا، چین، ڕووسیا‌و باشوری ئاسیان.
ئه‌مڕۆ ڕێگای سه‌ره‌كی گواستنه‌وه‌ی نێوان ئاسیای ناوه‌ڕاست‌و ده‌ریاكانی باشور (به‌نده‌ر عه‌باس)ی ئێران نیه. چوونكه، شاره‌زایانی ئابووری پێیان وایه، كه گواستنه‌وه‌ی كۆنتێنه‌رێك له تاشقه‌ندی پایته‌ختی ئۆزباكستانه‌وه بۆ كراچی، نزیكه‌ی (1400-1600 دۆلار)ی تێده‌چێت، واتا نیوه‌ی تێچووی گواستنه‌وه‌ی له تاشقه‌نده‌وه بۆ به‌نده‌ر عه‌باس (2600-3000 دۆلار). له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا، سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌كان دژی ئێران گشت پڕۆژه‌یه‌ك له‌و وڵاته‌دا ئاڵۆز ده‌كات.
پڕۆژه‌یه‌كی زه‌به‌لاحی دیكه‌ی به‌ستنه‌وه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست‌و باشوری ئاسیا، هێڵی گواستنه‌وه‌ی گازی (TAPI)ه، كه به‌ناوی ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌وه ناونراوه، كه هێڵه‌كه‌یان پێدا تێده‌په‌ڕێت، واتا توركمانستان، ئه‌فغانستان، پاكستان‌و هیندستان. له كۆتایی ساڵی 2020-یشدا، ده‌ست به بونیادنانی ئه‌و به‌شه‌ی پڕۆژه‌كه كرا، كه ده‌كه‌وێته ناو ئه‌فغانستانه‌وه. هێڵی گواستنه‌وه‌ی گازه‌كه به درێژی (1814 كم) له گێڵگه‌ی گازی (گالكینیش) له توركمانستانه‌وه درێژ ده‌بێته‌وه بۆ شاری (فازیلكا) له هیندستان، هاوكات به (هیرات)و (قه‌نده‌هار)ی ئه‌فغانستان‌و شاره‌كانی (كویتا)و (موڵتان)ی پاكستان‌دا تێده‌په‌ڕێت. شایه‌نی باسه، ئه‌و هێڵه ده‌توانێت ساڵانه 33 ملیار مه‌تر سێجا گاز بگوێزێته‌وه‌و (8-10 ملیار دۆلار)ی تێده‌چێت.
هه‌رچه‌نده مه‌ترسییه ئه‌منییه‌كان گومانیان ده‌رباره‌ی سووده‌كانی هێڵی (TAPI) دروست كردووه، به‌ڵام ئێستا بڕیاره له كانونی یه‌كه‌م/2023دا، كۆتایی به بونیادنانی ئه‌و هێڵه بهێنرێت. جێی خۆیه‌تی باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین، كه شاندێكی باڵا له تاڵیبانه‌وه له 6/شوباتدا، سه‌ردانی توركمانستانی كرد، به‌ڵێنی پاڵپشتیكردنی پڕۆژه‌كه‌شیدا. به‌پێی ئاماژه‌كانیش بێت، پێده‌چێت ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه پاڵپشتی ئه‌و هێڵی گواستنه‌وه‌ی گازه ده‌كات، ئاسانكاری بۆ ئه‌و سه‌ردانه كردبێت.
له‌ڕاستیدا ئاسیای ناوه‌ڕاست ناوچه‌یه‌كه له‌ڕووی سیاسیه‌وه هه‌ستیاره، هاوكات به‌شێكه له‌و ناوچه‌یه‌ی ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا، (زبیگنیو بریجنسكی) ناوی لێنابوو (ته‌خته گه‌وره‌كه‌ی شه‌تره‌نج). له كاتی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی وه‌هاشدا، پێویسته هه‌ڵوێستی جیۆسیاسی ڕه‌گه‌زه هه‌رێمییه‌كانی وه‌ك، ئه‌مریكا، ڕووسیا‌و چین ڕه‌چاو بكرێت. به‌ڵام، لانی كه‌م له ئێستادا، پێده‌چێت له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووان بێت، كه ئاسیای ناوه‌ڕاست‌و ئه‌فغانستان له‌ڕووی ئابوورییه‌وه چالاك بن‌و له ڕووی سیاسیشه‌وه سه‌قامگیر بن، له‌بری ئه‌وه‌ی هه‌ژار‌و سه‌رچاوه‌ی پشێوی بن.
سه‌ره‌ڕای گرنگی پڕۆژه نوێیه‌كان، زیادبوونی هاریكارییه‌كان له ئاسیای ناوه‌ڕاستدا كارێكی زۆر پێویسته. چوونكه، له‌ڕابردوودا، كاتێك ئه‌و ناوچه‌یه پێگه‌یه‌كی شارستانی هه‌بوو، زیاد له ناوچه‌كانی دیكه گه‌شه‌سه‌ندنی به‌خۆوه بینی، ئه‌و كات هێزه بازرگانی، ئابووری‌و كه‌لتورییه‌كانی ئۆراسیای ئاڕاسته ده‌كرد‌و ده‌گۆری. له‌ڕاستیدا، ئاسیای ناوه‌ڕاست له‌و قۆناغه‌دا، كه به سه‌رده‌می زێڕین ناوده‌برێت، واتا ئه‌و كاته‌ی كراوه‌و چالاكبوو، هه‌روه‌ها خواست‌و توانای فێربوونی له‌وانی دیكه‌وه هه‌بوو، له په‌ره‌پێدانی ئابووری، بازرگانی، ته‌كنه‌لۆجیا، به‌رهه‌مهێنان‌و ژیانی هزریدا، له‌سه‌ر ئاستی جیهان پێشه‌نگ بوو.
له‌ڕاستیدا، هیچ ڕێگرێك له‌به‌رده‌م دووباره سه‌ركه‌وتنه‌وه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاستدا نیه. چوونكه، دانیشتوانی ئاسیای ناوه‌ڕاست بۆ ماوه‌ی چه‌ند سه‌ده‌یه‌ك، له‌ڕێگای گرتنه‌به‌ری شێوازێكی هه‌رێمیی كراوه‌وه، چه‌ندین هۆكاری هاوكاریكردنیان دۆزییه‌وه. گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ ڕۆڵێكی وه‌ها، مژده‌یه‌كی خۆشه بۆ گشت جیهان‌و مایه‌ی گرنگیپێدانی سه‌ركرده‌كانییه‌تی.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن