بایدن‌و كێشه‌ی ئیسرائیل

10/06/2021

:: بێ نوسەر ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه‌ له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه‌: پڕۆجێكت سایندیكه‌یت
نوسینی: فه‌واز جه‌رجیس

كاتێك له‌ جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مریكایان پرسی، كه‌ ئایا دوای هه‌ڵكشانی گرژییه‌كان له‌ نێوان ئیسرائیل‌و حه‌ماسدا، سوور ده‌بێت له‌سه‌ر ئاگربه‌ست، له‌ وه‌ڵامدا وتی، له‌ ماوه‌ی كاتژمێرێكدا قسه‌ له‌گه‌ڵ بنیامین ناتانیاهۆ ده‌كه‌م، وتیشی: "دوای ئه‌وه‌ ده‌توانم وه‌ڵامتان بده‌مه‌وه‌". له‌ڕاستیدا ئه‌م لێدوانه‌ی بایدن قسه‌یه‌كی سه‌رپێیی نیه‌، به‌ڵكو دڵڕاگرتنی ناتانیاهۆ له‌لایه‌ن بایدنه‌وه‌، دوودڵی‌و پرسیار -ئه‌گه‌ر نوێش نه‌بن- ده‌رباره‌ی سروشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ئیسرائیل ده‌وروژێنێت.
شاره‌زایانی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئیسرائیل به‌ (ئه‌و كلكه‌ی یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ ده‌كات) وه‌سف ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا، به‌گوێره‌ی جیاوازیی نێوان هێزی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌، پێشبینی ده‌كرا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ وه‌ك زلهێزێك ساڵانه‌ به‌ به‌های 3.8 ملیار دۆلار هاوكاریی سه‌ربازی ده‌داته‌ ئیسرائیل، خۆی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان دابڕێژێت. به‌ڵام، كاره‌كه‌ ته‌واو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌یه‌.
كاربه‌ده‌ستانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌مریكا، له‌ هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه‌ پێیان وابوو، كه‌ ئیسرائیل زۆر باش ده‌زانێت چۆن پارێزگاری له‌ ئاسایشی خۆی ده‌كات، پاڵپشتیی ڕه‌های ئه‌مریكا-ش، ده‌كرێت هانی ئه‌و وڵاته‌ بدات، كه‌ سه‌ركێشییه‌ پێویسته‌كان بۆ به‌دیهێنانی ئاشتی ئه‌نجام بدات. بۆیه‌، سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مریكا زۆربه‌یجار له‌ بابه‌تی جه‌نگ‌و ئاشتی له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، ملكه‌چی هاوتا ئیسرائیلییه‌كانیان ده‌بن، ته‌نانه‌ت به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێبده‌نه‌ ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ زیندووانه‌ی ئه‌مریكا، كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسییه‌وه‌. به‌ڵام، به‌ڕێوه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌ دووانییه‌كان به‌م شێوازه‌، له‌بری ئه‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكاته‌ خاوه‌ن هه‌ژموون به‌سه‌ر ئیسرائیله‌وه‌، یاخود ئاشتی به‌هێز بكات، زیانی بۆ هه‌ردوو وڵات هه‌بووه‌.
ناتانیاهۆ زۆر چاك ده‌زانێت چۆن كاریگه‌ری له‌سه‌ر سیاسه‌تی ئه‌مریكا دروست ده‌كات، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌ی ململانێی گرژ سه‌رهه‌ڵده‌دات. بۆ ماوه‌یه‌كی زۆریش ئه‌و ڕاستییه‌ی قۆسته‌وه‌، كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌رپرسیارێتی سه‌ركرده‌ ئیسرائلییه‌كان له‌ هه‌ڵگیرسانی قه‌یرانه‌كاندا ببینێت، هه‌میشه‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئیسرائیل مافی خۆپاراستنی هه‌یه‌. ئه‌مجاره‌ش به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كان خۆیان ده‌بوێرن له‌وه‌ی دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێن، كه‌ ناتانیاهۆ ڕۆڵی سه‌ره‌كی له‌ تێكدانی ئاشتی نێوان فه‌له‌ستین‌و ئیسرائیلدا هه‌یه‌، هاووڵاتییه‌ فه‌له‌ستینییه‌كانی ئیسرائیل-یش له‌ مافه‌كانیان بێبه‌ش ده‌كات، هه‌روه‌ها هێز‌و لایه‌نه‌ زۆر په‌ڕگیر‌و ڕق له‌ دڵه‌كانی وڵاته‌كه‌ی به‌هێز ده‌كات.
بایدن زۆر به‌باشی ناتانیاهۆ ده‌ناسێت، سه‌ره‌تای مامه‌ڵه‌كردنیشیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و كاته‌ی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران بووه‌، دواترییش كاتێك هه‌شت ساڵ له‌ ئیداره‌كه‌ی ئۆبامادا جێگری سه‌رۆك بووه‌. ناتانیاهۆ له‌ ساڵی 2011دا، به‌ ئاشكرا ئیهانه‌ی یه‌كه‌م سه‌رۆكی ڕه‌ش پێستی ئه‌مریكا‌و سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی بایدنی كرد، كاتێك له‌ په‌خشی ڕاسته‌وخۆی كه‌ناڵه‌كانی ئه‌مریكادا، له‌ ناو نوسینگه‌ شێوه‌ هێلكه‌ییه‌كه‌ی كۆشكی سپییه‌وه‌، ده‌رباره‌ی سیاسه‌تی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان‌و ئاسایشی ئیسرائیل ئامۆژگاری ئۆبامای كرد. له‌وه‌ش خراپتر، ناتانیاهۆ له‌دواتردا، له‌گه‌ڵ كۆمارییه‌كانی كۆنگرێسدا هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی ده‌دا، كه‌ له‌ ساڵی 2015، له‌گه‌ڵ ئێراندا به‌سترا.
هه‌ڵوێسته‌كه‌ی بایدن به‌رانبه‌ر ئه‌م ململانێیه‌ی ئێستا، به‌بێ گوێدانه‌ ئه‌وه‌ی ناتانیاهۆ مێژوویه‌كی درێژی زیانگه‌یاندنی هه‌یه‌، ده‌روازه‌ بۆ ئیسرائیل ده‌كاته‌وه‌، تا له‌ شاڵاوه‌ سه‌ربازییه‌كانی دژی حه‌ماس به‌رده‌وام بێت. ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان-یش له‌ ده‌ستپێكی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستاوه‌، سێجار هه‌وڵیداوه‌ به‌یانی داواكردنی ئاگربه‌ست ده‌ربكات، به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆته‌ ڕێگر، ئه‌مه‌ش وایكرد دیپلۆماتكارانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بگه‌نه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه‌ ئیداره‌كه‌ی بایدن ده‌یه‌وێت ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌و بابه‌ته‌دا به‌ بێده‌نگی بمێنێته‌وه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، له‌ 17/ ئایاردا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی توندوتیژییه‌كان له‌ غه‌زه‌، ڕۆژنامه‌ی (واشنتۆن پۆست ) بڵاویكردۆته‌وه‌، كه‌ بایدن ڕازیبووه‌ به‌وه‌ی به‌به‌های 735 ملیۆن دۆلار چه‌كی پێشكه‌وتوو به‌ ئیسرائیل بفرۆشێت. ئه‌مه‌ش دیموكراتییه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی توڕه‌كرد، كه‌ دوایان ده‌كرد ئیداره‌ی ئه‌مریكا فشار بكات بۆ وه‌ستاندنی شه‌ڕ‌و له‌ چاره‌سه‌ركردنی هۆكاره‌ ڕیشه‌ییه‌كانی ململانێكه‌شدا ڕۆڵێكی كاراتری هه‌بێت. هه‌ڵكشانی توندوتیژییه‌كان لێكه‌وته‌ی زۆر سه‌ختی درێژخایه‌نی ده‌بێت، نه‌ك به‌ ته‌نها بۆسه‌ر خه‌ڵكه‌ سڤیله‌كه‌ی غه‌زه‌، به‌ڵكو بۆسه‌ر ئاشتی‌و ئاسایشی هه‌رێمییش.
بایدن بۆ ڕۆژی دواتر، دوای ئه‌وه‌ی دووچاری فشاری زۆری ناوخۆیی‌و ده‌ره‌كیی بۆوه‌، هه‌روه‌ها دوای قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ناتانیاهۆدا، له‌ به‌یانێكدا پاڵپشتیی خۆی بۆ ئاگربه‌ست خسته‌ڕوو. به‌ڵام، ناتانیاهۆ ئاشكرای كرد، كه‌ ئاماده‌نیه‌ هێرشه‌ ئاسمانییه‌كان بۆسه‌ر غه‌زه‌ بوه‌ستێنێت. هاوكات، پێده‌چێت هه‌تا حه‌ماس له‌ ئاڕاسته‌كردنی مووشه‌ك به‌ره‌و ئیسرائیل به‌رده‌وام بێت، كۆشكی سپی هه‌وڵی گۆڕینی ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ناتانیاهۆ نه‌دات.
وادیاره‌ بایدن سه‌ر به‌و نه‌وه‌یه‌ی به‌رپرسه‌ ئه‌مریكییه‌كانه‌، كه‌ دیدێكی كۆن‌و پوچیان هه‌یه‌ بۆ ئیسرائیل‌و پێیان وایه‌، كه‌ وڵاتێكی ته‌واو دیموكراتییه‌ له‌ نێو ده‌ریایه‌ك وڵاتی سته‌مكاری عه‌ره‌بیدا. له‌ڕاستیدا، بایدن‌و ئه‌و سه‌ركرده‌ دیموكراتی‌و كۆمارییانه‌ی هه‌مان بیركردنه‌وه‌ی ئه‌ویان هه‌یه‌، خۆیان له‌و پێشێلكاری‌و تاوانه‌ گشتییانه‌ گێل ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌سه‌ڵاتی ئیسرائیل له‌ خاكه‌ داگیركراوه‌كانی فه‌له‌ستین‌و ناوخۆی ئیسرائیل-یشدا ئه‌نجامیان ده‌دات. به‌ڵام، به‌ڵگه‌ی نێو ڕاپۆرته‌ نوێیه‌كانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی ئیسرائیلی‌و ڕێكخراوی (Human Rights Watch)، ئاماژه‌ بۆ ئه‌و ڕاستییه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئیسرائیل ئێستا بووه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی جیاوازیی ڕه‌گه‌زی‌و ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی نیه‌.
هاوكات، له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی ده‌نگی ناڕه‌زایی له‌ نێو پارتی دیموكراتیدا دژی به‌ره‌ی پشتیوانی ئیسرائیل له‌ ناوخۆی ئه‌و پارته‌دا، دیمه‌نی سیاسی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان-یش به‌ره‌به‌ره‌ گۆڕانكاری تێدا دروست ده‌بێت. له‌ڕاستیدا، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر 29 ئه‌ندامی دیموكراتییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی پیراندا به‌یانێكی هاوبه‌شیان ده‌رنه‌كردایه‌‌و تێیدا هانی وه‌ستانی شه‌ڕیان نه‌دایه‌، بایدن ده‌سته‌واژه‌ی (ئاگربه‌ستی) به‌كارنه‌هێنایه‌. شایه‌نی باسه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ی له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ی ئه‌و بزاڤه‌ هه‌ڵكشاوه‌دایه‌، سیناتۆر (بێرنی سانده‌رس)ه‌، كه‌ پاڵپشتییه‌كی زۆری له‌ ناو جه‌ماوه‌ری دیموكراتییه‌كاندا هه‌یه‌.
لایه‌نێكی دیكه‌ی مژده‌ده‌ریش ئه‌وه‌یه‌، كه‌ جووه‌كانی ئه‌مریكا گومانێكی زۆریان له‌ ناتانیاهۆ هه‌یه‌. توێژینه‌یه‌كی نوێی بنكۆڵكاریی سه‌نته‌ری (Pew Research) ئه‌وه‌ی ئاشكرا كردووه‌، كه‌ ته‌نها 34%ی جووه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ دژی سه‌پاندنی ڕێكار‌و سزاكانن به‌سه‌ر ئیسرائیلدا. له‌ڕاستیدا، جووه‌كانی ئه‌مریكا یه‌ك به‌ره‌ی یه‌كگرتوو نین. به‌تایبه‌ت جووه‌ گه‌نجه‌كانی ئه‌مریكا، به‌توندی دژی سیاسه‌ته‌ داگیركاری‌و توندوتیژه‌كانی ئیسرائیلن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و ده‌نگه‌ نوێیانه‌ی نێو پارتی دیموكراتی‌و هاووڵاتییه‌ جووه‌كانی ئه‌مریكا، پێده‌چێت به‌دیهێناوه‌ی هاوسه‌نگی له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ دۆزه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئیسرائیل‌و فه‌ڵه‌ستیندا، پێویستی به‌وه‌ بێت، كه‌ وه‌رچه‌رخانێك له‌ نه‌وه‌ی كاربه‌ده‌ستانی سیاسه‌تی ده‌ره‌كی ئه‌مریكادا بێته‌ئاراوه‌. هه‌تا ئه‌و وه‌رچه‌رخانه‌ش دروست ده‌بێت، به‌رده‌وام كلكه‌كه‌ یاری به‌ سه‌گه‌كه‌ ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌ك، كه‌ ده‌بێته‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م گشت ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی‌و دادپه‌روه‌رانه‌ له‌ خاكه‌ پیرۆزه‌كاندا، هه‌روه‌ها سه‌رله‌به‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا-ش له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا تێكده‌دات.
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن

زۆرترین خوێندراوە


political studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure