::
بێ نوسەر
ناوه‌ندی كوردستان بو توێژینه‌وه له ململانێ و قه‌یرانه‌كان
سه‌رچاوه: كارنیگی
نوسینی: تامر به‌ده‌وی
گروپه نیمچه سه‌ربازییه عێراقییه‌كان، كه نه‌یاری هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تین، به كه‌تائیبی حیزبوڵڵا‌و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق-یشه‌وه، كه هه‌ردووكیان سه‌ر به ئێرانن، له ڕێگای پڕۆگرامی تیلیگرامه‌وه گروپی چه‌كداریی نوێ دروست ده‌كه‌ن، تا ئه‌وان به‌پرسیاریی هێرشه چه‌كدارییه‌كان بگرنه ئه‌ستۆ. دروستكردنی شوناسی چه‌كداریی نوێ، كه به‌رپرسیاریی هێرشه‌كانی دژ به هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی له ئه‌ستۆ بگرێت، چه‌ند سودێكی بۆ گروپه دیاره‌كان هه‌یه، بۆنمونه، به‌پرسیاریی ئه‌نجامده‌ره ڕاسته‌قینه‌كان ون ده‌كات، دواتریش توانای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ئاڵۆز ده‌كات، هه‌روه‌ها فشاره سیاسییه ناوخۆییه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ره ڕاسته‌قینه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه. شایه‌نی باسه، ده‌یان چه‌ناڵی تیلیگرام له ساڵی ڕابردوودا به‌ناوی گروپی چه‌كداری ئه‌وتۆوه ده‌ركه‌وتوون، كه له‌وه‌وبه‌ر ناسراو نه‌بوون. هاوكات، گروپه نیمچه چه‌كداره‌كان نزیكه‌ی 75%ی ئه‌و گروپانه پێكده‌هێنن‌و پاسه‌وانه چه‌كداره‌كانیش 25%.
ده‌ركه‌وتنی ئه‌م ئه‌نجامده‌ره نوێیانه له گۆڕه‌پانه سه‌ربازییه زۆر په‌رتبووه‌كه‌ی عێراقدا، له ئازار/2020ه‌وه ده‌ستی پێكرد. له ماوه‌ی نێوان ئازار/2020 بۆ ئازار/2021دا، لانی كه‌م 26 گروپی نوێ ده‌ركه‌وتن. هه‌ندێ چه‌ناڵی تیلیگرامی سه‌ر به‌و گروپه چه‌كداره بریكارانه‌ش، توانیویانه له چه‌ناڵی گروپه نیمچه سه‌ربازییه كۆن‌و دیاره‌كان به‌شداربوویان زیاتر بێت. بۆ نمونه، له ناوه‌ڕاستی نیسان/2021دا، چه‌ناڵی گروپی (ئه‌سحابولكه‌هف)، كه گروپێكه به‌بریكاریی گروپه دیاره‌كان كارده‌كات، زیاتر له (8000) به‌شداربووی هه‌بوو، به‌ڵام چه‌ناڵی تایبه‌ت به كه‌تائیبی حیزبوڵڵا نزیكه‌ی (7400) به‌شداربووی هه‌بوو. چه‌ناڵه نوێیه‌كانی تیلیگرام، وتاری سه‌رنجڕاكێش بڵاوده‌كه‌نه‌وه، بۆنمونه په‌یامی ئه‌و پاسه‌وانه چه‌كدارانه‌ی، كه هه‌ڕه‌شه‌ی هێرشكردنه‌سه‌ر باڵوێزخانه‌و پارته سیاسییه عێراقییه‌كان ده‌كه‌ن. له‌ڕاستیدا، هه‌رچه‌نده ئه‌و هێرشانه‌ی ده‌كرێته سه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان‌و لایه‌نه ناوخۆییه‌كان، له چه‌ناڵه‌كانی تیلیگرامدا ده‌درێته پاڵ گروپه نوێیه‌كان –ناوبه‌ناو گرته‌ی ڤیدیۆیی ئه‌و هێرشانه‌ش بڵاوده‌كه‌نه‌وه- ، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له به‌رده‌ستدا نیه، كه بوون‌و بونیادی ڕێكخراوه‌یی ئه‌و گروپه نوێیانه بسه‌لمێنێت. نه‌بوونی زانیاری ته‌واوه‌تیش ده‌رباره‌ی شوناسی ئه‌و ئه‌نجامده‌رانه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی، یا ئه‌و گروپانه بریكاری چه‌كدارین‌و جۆره سه‌ربه‌خۆییه‌كان له گروپه نیمچه سه‌ربازییه دیاره‌كان وه‌رگرتووه، یاخود گروپه دیاره‌كان ئه‌و هێرشانه ده‌ده‌نه پاڵ بریكاری هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر‌و ته‌نها له چه‌ناڵه‌كانی تیلیگرامدا بوونیان هه‌یه.
چه‌ناڵی (سابرین نیوز) له تیلیگرامدا، ڕۆڵیكی گرنگی له ده‌ركه‌وتنی ئه‌و گروپه نوێیانه‌دا هه‌یه. هه‌رچه‌نده سابرین نیوز خۆی نه‌داوه‌ته پاڵ گروپێكی نیمچه سه‌ربازیی دیاریكراو، به‌ڵام بۆ ڕاگه‌یاندنی ئه‌و هێرشه چه‌كدارییانه به‌كارده‌هێنرێت، كه له‌لایه‌ن گروپه جیاوازه‌كانه‌وه ده‌گیرێته ئه‌ستۆ. به‌م شێوه‌یه‌ش، له ڕێگای سۆشیاڵ میدیاوه توانراوه چاوه‌كان له‌سه‌ر گروپه نیمچه سه‌ربازییه دیاره‌كانی عێراق په‌رت بكرێت. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش، له حوزه‌یران/2020دا، كاتێك هێرشی گروپه‌كان دژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی زیادیانكرد‌و پێكدادان له نێوان حكومه‌ت‌و چه‌كداره‌كانی كه‌تائیبی حیزبوڵڵادا دروست بوو، ژماره‌ی به‌شداربووه‌كانی سابرین نیوز به ڕێژه‌ی 150% زیادیانكرد. به‌ڵام، له‌دوای ئه‌و مێژووه‌وه، ئه‌و گه‌شه‌كردنه پاشه‌كشه‌ی كردووه، پێده‌چێت ئه‌مه‌ش بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی، كه له تیلیگرامدا چه‌ناڵی ڕكابه‌ری زۆر بۆ سابرین نیوز دروست بوون، كه هه‌واڵی هێرشه‌كان بڵاوده‌كه‌نه‌وه.
هه‌رچه‌نده هه‌ندێك پێیان وایه ئه‌و ڕێكخراوه نوێیانه هه‌ر له خۆوه له ساڵی 2020دا سه‌ریانهه‌ڵداوه، به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌و ستراتیجییه‌ی گروپه نیمچه سه‌ربازییه عێراقییه‌كان له كۆتاییه‌كانی 2019ه‌وه گرتیانه‌به‌ر، به‌ره‌و دروستكردنی شوناسی سه‌ربازیی په‌رش‌و بڵاو ده‌چوو، تا بتوانن چاوه‌كان له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌ره سه‌ره‌كییه‌كان په‌رتبكه‌ن. شایه‌نی باسه، ئه‌و بریكاره چه‌كدارانه‌ی سابرین نیوز‌و چه‌ناڵه‌كانی دیكه‌ی تیلیگرام بانگه‌شه‌یان بۆده‌كه‌ن، دروشمه‌كانیان له‌گه‌ڵ دروشمی تۆڕی چه‌كداری دیكه‌دا هاوبه‌شه، ئه‌مه‌ش ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه، كه ڕه‌نگه په‌یوه‌ندییان پێكه‌وه هه‌بێت. به شێوه‌یه‌كی دیار، زۆر له‌و گروپه نوێیانه دروشمه‌كانیان له دروشمی پاسدارانی ئێران ده‌چێت، هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی زۆر له‌و گروپانه دروشم‌و ناوی هه‌ندێك گروپی چه‌كداری شیعه‌و سوننه هه‌ڵده‌گرنه‌وه، كه له ڕابردوودا هه‌بوون. بۆ نمونه، گروپی (ئه‌سحابولكه‌هف)، ناوه‌كه‌یان له ناوی گروپێكی سه‌ربازییه‌وه داڕشتووه، كه له سه‌ره‌تاكانی 2004دا، چالاكییان هه‌بوو، ئه‌و گروپه‌ش په‌ره‌یسه‌ند‌و بووه (عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق)، كه له ساڵی 2006دا، كاتێك له سوپای مه‌هدی جیابۆوه، بووه گروپێكی ته‌واو سه‌ربه‌خۆ. هاوكات، ئه‌م نه‌وه نوێیه‌ی گروپه چه‌كداره‌كان، بڵاوكراوه‌و گوتاری زۆر جۆراوجۆر‌و گۆڕاو به‌كارده‌هێنن. ئه‌م جۆراوجۆرییه‌ش، یا ئاماژه‌یه بۆ زۆریی ئه‌و ئه‌نجامده‌رانه‌ی ئه‌و گروپه نوێیانه ئاڕاسته ده‌كه‌ن، یاخود به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ئه‌نجامده‌ری دیاریكراو له پشتیانه‌وه‌ن، كه ده‌یانه‌وێت ئه‌و جۆراوجۆرییه دروست بكه‌ن، تا ئه‌وه بگه‌یه‌ننه ڕای نێوده‌وڵه‌تی، كه ئه‌و گروپه نوێیانه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ په‌ره‌یانسه‌ندووه. له‌هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌دا، ئامانجه‌كه بریتییه له‌وه‌ی، هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت هێرشه‌كان به شێوه‌یه‌كی ورد بداته پاڵ گروپێكی نیمچه سه‌ربازیی ناسراو.
ڕاگه‌یاندنی گروپه چه‌كدارییه نوێیه‌كان، له ئه‌یلول/ 2020دا، گه‌یشته لوتكه، كاتێك نۆ گروپی نوێ ڕاگه‌یه‌ندران، به‌ڵام له مانگی تشرینی یه‌كه‌مدا ئه‌و حاڵه‌ته پاشه‌كشه‌ی كرد. گروپه نیمچه سه‌ربازییه عێراقییه‌كان له تشرینی یه‌كه‌م/2020دا، "هه‌لێكی مه‌رجدار" (ئاگربه‌ست)ێكیان ڕاگه‌یاند. له ئاگربه‌سته‌كه‌دا هاتبوو، كه هێرشه‌كان بۆسه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا ده‌وه‌ستێنرێت، به‌و مه‌رجه‌ی حكومه‌تی عێراقی خشته‌یه‌كی كات بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا پێشكه‌ش بكات. ئه‌م ئاگربه‌سته له‌لایه‌ن (ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌رگری عێراقی)یه‌وه ده‌ركرا، كه وه‌ك وته‌بێژی گروپه چه‌كداره‌كانی عێراق خۆی ده‌ناسێنێت. ئه‌م ده‌سته‌یه له‌لایه‌ن چوار گروپی چه‌كداریی دیاره‌وه سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت. هاوكات، هه‌ژموونی له گۆڕه‌پانی گروپه نیمچه سه‌ربازییه‌كانی عێراقدا هه‌یه، هۆكاری ڕٍاسته‌قینه‌ی ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تی كه‌تائیبی حیزبوڵڵا‌و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، هاریكارییه‌كانی نێوان كه‌تائیبی حیزبوڵڵا‌و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له‌و ده‌سته‌یه‌دا له‌ڕێگای به‌شداری (بزوتنه‌وه‌ی نوجه‌با)وه به‌هێزكرا، ئه‌م گروپه‌ش-له‌پاڵ (كه‌تائیبی سه‌یدولشوهه‌دا)دا- وه‌ك هێزی لكێنه‌ر له نێوان گروپه نیمچه سه‌ربازییه‌كانی سه‌ر به ئێران كارده‌كات، هاوكات چالاكیی دیاری له ناو سوریادا هه‌یه.
دوای ئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسی سه‌ر به پاسداران‌و ئه‌بو مه‌هدی موهه‌ندیسی جێگری سه‌رۆكی ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه له كانونی دووه‌م/2020دا كوژران، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و گروپانه بووه‌وه، ناچاریكردن له ژینگه‌یه‌كی پڕ له كێبڕكێدا هاریكارییه‌كی گران ئه‌نجام بده‌ن. ئێران-یش له ڕێگای ئه‌و هاریكارییه‌وه، توانی له چوارچێوه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگیدا، ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و گروپه نیمچه سه‌ربازییه عێراقییانه‌دا به‌هێز بكات. هه‌روه‌ها توانی ئه‌و گروپانه‌ش بگه‌یه‌نێته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی، كه پێویسته به كۆمه‌ڵ كار بكه‌ن، تا بتوانن به‌رده‌وام شوناسی سه‌ربازی نوێ‌و په‌رت دروست بكه‌ن.
له میانه‌ی ئه‌و ئاگربه‌سته مه‌رجداره‌ی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگیدا‌و له تشرینی یه‌كه‌م/2020 تا كۆتایی كانونی دووه‌م/2021، هێرشه موشه‌كییه‌كانی گروپه نیمچه سه‌ربازییه‌كان دژ به باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا‌و ئه‌و بنكه سه‌ربازییه عێراقییانه‌ی، كه هێزه ئه‌مریكییه‌كانی تێدایه، كه‌مبوونه‌وه. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا، هێرشه‌كان بۆسه‌ر كاروانی ئه‌و پاڵپشتییه لۆجستییانه زیادیانكرد، كه بۆ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی دێن، له هه‌مان كاتیش‌دا كرده چه‌كدارییه‌كان دژی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كه‌مبوونه‌وه. شایه‌نی باسه، زۆربه‌ی هێرشه‌كان له ناوه‌ڕاست‌و باشوری عێراق بوون، كه مۆڵگه‌ی گروپه نیمچه چه‌كداره‌كانن. به‌ڵام، له پاڵ ئه‌وه‌دا، ئه‌و هێرشه ڕێكخراوانه زیادیانكرد، كه پاسه‌وانه چه‌كداره‌كان دژی ئه‌و پارت‌و ڕاگه‌یاندنه عێراقییانه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، كه نزیكن له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانه‌وه. توانای ئه‌و ئه‌نجامده‌ره ناڕوونانه بۆ زیادكردنی هێرشه‌كانیان له‌ژێر سایه‌ی ئاگربه‌سته‌كه‌ی ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگیدا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ستراتیجییه‌كی زۆر مه‌ترسیداریان دژی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان گرتۆته‌به‌ر، به‌جۆرێك ڕه‌نگه ئه‌و كاره تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی توند به‌دوای خۆیدا بهێنێت.
له‌ڕاستیدا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق‌و ئێران‌و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام كاریگه‌ری له‌سه‌ر ستراتیجی‌و چالاكیی هێزه نیمچه سه‌ربازییه عێراقییه‌كان هه‌یه. بۆیه، به ته‌واوبوونی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد تره‌مپ‌و ده‌رچوونی له كۆشكی سپی، چالاكیی هێزه نیمچه سه‌ربازییه‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه، له‌و میانه‌یه‌شدا دوو گروپ ڕاگه‌یه‌ندرا‌و زیاد له بیست چالاكی دژی كاروانه لۆجستییه‌كان ئه‌نجامدرا. هاوكات، له كانونی دووه‌م/2021ه‌وه، هێرشه مووشه‌كییه‌كان بۆسه‌ر ئه‌و بنكانه زیادیانكرد، كه هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیان تێدایه. ده‌سته‌ی هه‌ماهه‌نگی-ش له 4/ئازار/2021دا، به پاڵپشتیكردنی هێرشه‌كانی ساڵی 2021 دژی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان-به‌و هێرشه مووشه‌كیانه‌شه‌وه، كه ساڵی ڕابردوو ئه‌نجامدراوه‌و ئه‌و گروپانه خۆیان له هه‌ڵگرتنی به‌رپرسیارێتییه‌كه‌ی لاداوه -، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌خۆ ئاگربه‌سته‌كه‌ی تشرینی یه‌كه‌می هه‌ڵوه‌شانده‌وه. دواتریش، ئه‌و ده‌سته‌یه به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا له به‌یانێكدا له ڕۆژی 7/ نیساندا، ئاگربه‌سته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه، ئه‌مه‌ش له هه‌مان ئه‌و ڕۆژه‌دا بوو، كه خولی سێیه‌می گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق‌و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌ستی پێكرد. شایه‌نی باسه، ئیداره‌كه‌ی بایدن ستراتیجیی كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كانی به‌رانبه‌ر هێزه هه‌رێمییه‌كه‌ی ئێران گرتۆته‌به‌ر، ئه‌مه‌ش زیاتر په‌یوه‌ندی نێوان هێزه نیمچه سه‌ربازییه دیاره‌كانی، وه‌ك كه‌تائیبی حیزبوڵڵا‌و عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق به‌هێز كردووه. له ئه‌نجامی ئه‌مه‌شدا، میكانیزمه‌كانی كاركردنی نێوان ئه‌و گروپانه بۆ هێرشكردنه سه‌ر ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ڕێگای گروپه بریكاره‌كانه‌وه ئاسانبووه.
ده‌ركه‌وتنی ئه‌و گروپه بریكارانه، ئه‌نجامی پلانێكی داڕێژراوی گروپه نیمچه سه‌ربازییه دیاره‌كانه، كه تێیدا ده‌ستبه‌رداری تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ده‌بن له به‌رانبه‌ر به‌ده‌ستهێنانی تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌دا. گروپه دیاره‌كان، بریكاره‌كانیان كردۆته په‌رده‌یه‌ك بۆخۆیان‌و له ژێریدا ده‌توانن نكوڵی له‌و هێرشانه بكه‌ن، كه ده‌كرێته سه‌ر ئه‌و هێزانه‌ی ئه‌مریكا سه‌ركردایه‌تییان ده‌كات. به‌ڵام، كاتێك گروپه بریكاره‌كان به‌رپرسیارێتی هێرشه‌كان ده‌گرنه‌ئه‌ستۆ، گروپه دیاره‌كان ناتوانن به ئاشكرا هێز‌و توانای خۆیان دژی هێزه‌كانی ژێر سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكا په‌خش بكه‌ن. ئه‌م زیادبوونه‌ی ئێستای بریكاره‌كانیش پرسیارێك ده‌رباره‌ی ئاینده‌ی ئه‌و گروپ‌و شوناسه نوێیانه دروست ده‌كات: ئایا ئه‌و شه‌پۆله‌ی ئێستای گروپه بریكاره‌كان ده‌بێته بناغه‌ی چینێكی نوێی گروپه تایبه‌ته‌كان، هه‌روه‌ك ئه‌و چینه‌ی له دوای گرتنی عێراق له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه له ساڵی 2003دا، دروست بوون؟
وه‌رگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن