::
فه‌رهاد حه‌سه‌ن عه‌بدوڵڵا
ناوه‌ندی كوردستان بۆ توێژینه‌وه له‌ململانێ و قه‌یرانه‌كان
پێشه‌كی
هەڵمەتی هه‌ڵبژاردن شەڕێکە كه تیایدا پێویسته ڕکابەرەکەت بناسیت. بۆیه حزبه سیاسییه‌كان، كاندید و كه‌سایه‌تییه‌كان و ڕێكخراوه‌كان كات و پاره‌یه‌كی زۆر له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خه‌رج ده‌كه‌ن، به‌ڵام به گشتی له عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی ناشه‌فافیه‌تی سه‌رچاوه‌ی دارایی حزبه‌كانه‌وه ڕه‌نگه خه‌رجییه‌كانی هه‌ڵبژاردنیش بۆ ڕایگشتی ئاشكرا نه‌كرێت، به‌ڵكو ته‌نها له چوارچێوه‌ی مه‌كته‌بی هه‌ڵبژاردن و دارایی ئه‌و حزبانه‌دا ده‌مێنێته‌وه. حزب و كاندید و به‌رێوه‌به‌ری كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن دەبێت بەرپرسیار بێت لە لێکۆڵینەوە و دابینکردنی دوا ڕاستی و ژماره‌كان كه به زیان بۆ سیاسەت و پلانی لایه‌نی ڕكابه‌ر ده‌شكێته‌وه. ئەم زانیاریانه‌ش پێویستە هەمیشە له میانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئامادە و بەردەست بێت. ئامانجی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی كاریگه‌ری دروستكردنه له‌سه‌ر سلوكی سیاسی تاك و هاوڵاتیان و قه‌ناعه‌ت پێكردنیان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان بژارده‌ی دروست هه‌ڵبژێرن. به واتایه‌كی تر مه‌به‌ست له كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاریگه‌ری دانانه له‌سه‌ر "بژارده‌ی هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدانی" خه‌ڵك. به‌گشتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌یه‌وێت قه‌ناعه‌ت به خه‌ڵك بكات كه ده‌نگ بده‌ن – یان هه‌ندێكجار ده‌نگ نه‌ده‌ن (بایكۆت بكه‌ن)، یاخود ئه‌گه‌ر ده‌نگیان دا ئه‌وا ده‌نگ به كاندید و حزبێكی دیاریكراو بده‌ن. كه‌واتە گرنگه حزبه سیاسییه‌كان و كاندید و پاڵێوراوان ئاشنابن به‌وه‌ی كه‌ی، چۆن و بۆچی په‌یامی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕه‌نگه كاریگه‌ری هه‌بێت، یان بێ كاریگه‌ری بێت له‌سه‌ر سلوكی سیاسی ده‌نگده‌ر و هاوڵاتیان. چ جۆره هه‌ڵمه‌تێكی هه‌ڵبژاردن (هه‌ڵمه‌تی ئه‌رێنی، یان هه‌ڵمه‌تی نه‌رێنی) كاریگه‌ری زۆره له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر و خه‌ڵك؟ میكانیزمه كاریگه‌ره‌كانی په‌یوه‌ندیكردنی پاڵێوراو و حزبه سیاسییه‌كان به خه‌ڵك و ده‌نگده‌ر كامانه‌ن؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌پرسین ده‌نگده‌ری به ئامانجگیراو له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان كێن و فاكته‌ره‌كانی پشت گۆڕینی ئاڕاسته‌ی ده‌نگده‌ر كامانه‌ن؟
په‌ره‌سه‌ندنی كه‌مپینه نوێیه‌كانی هه‌ڵبژاردن
به‌شێكی زۆر له چاودێران باس له گۆڕانكاری هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن و پێیانوایه كه وڵاتانی تازه گه‌شه‌كردووی دیموكراسی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانیاندا ئەزموونی به ئەمەریکی بوون (ئەمەریکانیزه‌یشن)یان كردووه. دیارترین ئه‌و گفتوگۆیانه‌ش له‌سه‌ر ئه‌م پرسه له‌لایه‌ن دوو نووسه‌ری دیاره‌وه كراوه به ناوه‌كانی (سوانسۆن و مانچینی - Swanson and Mancini) له كتێبی (سیاسەت و میدیا و دیموکراسی هاوچەرخ: لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی بۆ داهێنانەکان لە بانگەشەی هەڵبژاردن و دەرئەنجامەکانی) كه پێشنیاری چه‌ند موماره‌سه‌یه‌ك ده‌كات كه له ئێستادا له ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا به‌ربڵاوه و ته‌نانه‌ت بۆ وڵاتانی تری وه‌ك ئیسرائیل و ڕووسیا و مه‌كسیك و چه‌ند وڵاتێكی تریش گواستراوه‌ته‌وه. هه‌ردوو نووسه‌ر جه‌خت له‌سه‌ر چوار تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و گۆڕانكاریانه ده‌كه‌نەوە كه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هاتوونه ئاراوه، ئه‌وانیش:(1)
- به كه‌سی كردنی (personalization) سیاسه‌ت و كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن: به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌م دیارده‌یه له‌لای سه‌ركرده و كاندیده‌كانی هه‌ڵبژاردن گرنگی زۆری په‌یدا كردووه.
- به زانستی كردنی (scientificization) كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن: هه‌روه‌ك كه‌سانی پسۆڕی هونه‌ری هاوشێوه‌ی شاره‌زایانی بواری ڕاپرسی به‌شدار ده‌بن له‌و بڕیاره فه‌رمیانه‌ی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی حزبه سیاسییه‌كانه‌وه ده‌درێت.
- دووركه‌وتنه‌وه‌ی حزبە سیاسییه‌کان لە هاوڵاتیان: به‌تایبه‌ت كاتێك سیاسەتمەداران بە شێوەیەکی به‌رچاو پشت بە ڕاپرسی و ڕاوبۆچوونەکان ده‌به‌ستن لەجیاتی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چالاکوانانی و دەنگدەران و خه‌ڵك.
- پەرەسەندنی پێکهاتە سەربەخۆکانی پەیوەندییەکان: به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا میدیای هاوچه‌رخ زۆر سوورن لەسەر بەدواداچوونی بەرژەوەندیەکانی خۆیان، نەک خزمەتکردن بە پێداویستییەکانی سیاسەتمەداران.
ئێستاش با بڕوانینه چوارچێوه‌یه‌كی تیۆری ده‌رباره‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له قۆناغه جیاوازه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان. به‌گشتی بیرمه‌ندان په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ چه‌ند قۆناغێك پۆلێن ده‌كه‌ن له‌وانه‌ش:(2)
یه‌كه‌م/ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له قۆناغی پێش مۆدێرنه: هەڵمەتەکانی هه‌ڵبژاردنی پێش مۆدێرن به سێ تایبه‌تمه‌ندی سه‌ره‌كی ده‌ناسرێته‌وه ئه‌وانیش، سه‌ره‌تا ڕێکخستنی کەمپینەکە لەسەر شێوەی ڕاستەوخۆی پەیوەندی نێوان کەسیی لە نێوان کاندیدەکان و هاوڵاتیان لە ئاستی ناوخۆیی بووه، هه‌روه‌ها پلانی کورتخایەن و تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنه‌كه لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە داده‌نرێت. هه‌رچی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه له‌ڕووی میدیاییه‌وه ئه‌وا میدیاکانی حزب وه‌ك نێوەندگیری سەرەکی نێوان حزب و ڕایگشتی کاردەکات. هه‌روه‌ها ده‌نگده‌ر به‌رده‌وام پشت به وه‌لائی حزبی ده‌به‌ستێت. بەشێوەیەکی ئاسایی لەم هەڵمەتانەدا حزبه‌کان کاندیدەکانیان دیاریده‌کرد، ئه‌وانش ده‌رگا به ده‌رگا ده‌گه‌ڕێن و له زەنگی دەرگاکان ده‌ده‌ن و داوای ده‌نگ له خه‌ڵك ده‌كه‌ن، كارنامه و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنی خۆیان له‌شێوه‌ی نامیلکە بڵاوده‌كه‌نه‌وه، ئامانجه‌كان دیاریده‌كه‌ن و پلانیان بۆ سەرچاوەکانی به‌رده‌ست هه‌یه و بەگشتی هەموو ئامێرەکانی بەستنەوەی دەنگدەران و کاندیدەکان ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن.
به‌نیسبه‌ت هاوڵاتیان ئه‌م مۆدێلە له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن مۆدێلێكە کە لە بنچینەدا له ناوخۆیدا چالاکە، واتە زۆربەی چالاكییه‌كانی هەڵمەتەکان لە ناو کۆمەڵگا لۆكاڵییه‌كاندا چڕکراونەتەوە، كه به زۆری لەڕێگەی چه‌ند چلاكیه‌كی سیاسی وەک کۆبوونەوەکان و گه‌ڕانی دەرگا به دەرگا و کۆبوونەوە حزبییه‌كانه‌وه بەڕێوەدەبرێت.
هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له قۆناغی پێش مۆدێرن لە وڵاته دیموکراسییەکانی سەدەی 19ه‌وه سەرچاوەی گرتووە لەگەڵ فراوانبوونی لق و پۆكانیدا و بە شێوەی به‌رچاو لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دوای پیشەسازیدا بەردەوام بوو تا لانی کەم لە 1950کاندا كاتێك هەڵمەتە تەلەفزیۆنییەکان و بڵاوکردنەوەی ڕاپرسی ڕایگشتی ڕێكخراو له پرۆسه‌كه‌دا دەستیپێکرد.
دووه‌م/ هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له قۆناغی مۆدێرنه
هەڵمەتەكانی هه‌ڵبژاردن له قۆناغی مۆدێرنەدا: ئه‌م هه‌ڵمه‌تانه به‌وه پێناسە دەکرێن کە تیایدا ڕێکخراوه حزبییه‌كان له نزیكه‌وه لە ئاستی ناوەندیدا لەگه‌ڵ سەرکردە سیاسییەکان هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن، لەلایەن ڕاوێژکارە پرۆفیشناڵه دەرەکییەکانەوە ڕاوێژیان پێده‌درێت هاوشێوه‌ی ئه‌نجامدانی ڕاپرسییه‌كان له‌ناو ده‌نگده‌راندا. هه‌رچی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه له ڕاگەیاندنەکان ئه‌وا تەلەفزیۆنی نیشتمانی دەبێتە مەکۆی سەرەکی بۆ ڕووداوەکانی کەمپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ته‌غزیه‌ی ده‌زگا میدیاییەکانی تریش ده‌كه‌ن له‌ڕووی زانیارییه‌وه ده‌رباره‌ی كه‌مپینه‌كانی هه‌ڵبژاردن.
له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا ده‌نگده‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌نێوان وه‌لائی حزبی و وه‌لائی كۆمه‌ڵایه‌تی و گرووپه‌كاندا دابه‌شبوون و جیاده‌كرێنه‌وه. هه‌ر له هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌م قۆناغه‌دا سیاسەتمەداران و ڕاوێژکارە پرۆفیشناڵه‌كان ڕاپرسی ئەنجام دەدەن، ڕیکلامه‌كان دیزاین ده‌كه‌ن، بانگه‌شه و دروشمەکان ئاماده ده‌كه‌ن و گەشتی سەرکردایەتیان ڕێكده‌خه‌ن، کۆنفرانسی هەواڵی و هەلی وێنەگرتنی خه‌ڵك له‌گه‌ڵ سه‌ركرده سیاسییه‌كان ده‌ره‌خسێنن، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ له ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسه‌كان ده‌كه‌ن و له شه‌وانیشدا شه‌ڕی بۆ زاڵبوون بەسەر هەواڵی تەلەفیزیۆنه‌كاندا ده‌كه‌ن. تایبه‌ت به هاوڵاتیانیش ئەزموونی ئاسایی هەڵبژاردنه‌كان وای لێكردوون زیاتر پاسیڤ بن، ئه‌ویش به‌و مانایەی کە تەوەری سەرەکی هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له ناو ستۆدیۆکانی تەلەفزیۆنی نیشتمانیدا چڕبووه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌شه‌وه زۆربەی دەنگدەران لە پرۆسەکەدا دوورده‌كه‌ونه‌وه و ده‌بنه ته‌ماشاكه‌رێكی دوور له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن.
سێیه‌م/ كه‌مپینه‌كانی قۆناغی پۆست مۆدێرنه: دواجار هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كان له قۆناغی پۆست مۆدێرنه ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ن كه تیایدا گرووپێك له ڕاوێژکاری پرۆفیشناڵ لەسەر ڕیکلام و ڕایگشتی و بازاڕیکردن و بەڕێوەبردنی هەواڵە ستراتیژییه‌كان زیاتر ده‌بنه ئه‌كته‌رێكی هاوتا لەگەڵ سیاسەتمەداران، هه‌روه‌ها چاوه‌ڕوانی ڕۆڵی کاریگەریان لێده‌كرێت لە ناو حکومەتدا لە هەڵمەته هەمیشەییه‌كاندا و هه‌ماهه‌نگی و چالاكی كارایان ده‌بێت له سه‌ر ئاستی بنكه‌ی جه‌ماوه‌ریی.
ئامڕازه هه‌واڵییه میدیاییه‌كان دابه‌شبوون له‌ناو ژینگەیەکی ئاڵۆز و په‌یوه‌ست به چەندین کەناڵ و دەزگا و ئاستی جیاوازی ئیعلامییه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌نگده‌ران له‌م جۆره هه‌ڵمه‌تانه‌ی هەڵبژاردن زیاتر په‌یوه‌ستن به بژارده‌كانی خۆیانه‌وه له دەنگدان و دووركه‌وتنه‌وه له خواستی حزبه سیاسییه‌كان. هه‌رچی به‌نیسبه‌ت هاوڵاتیانه‌وه‌یه، ڕه‌نگه هەڵبژاردنه‌كان چه‌ند فۆڕمێكی قۆناغه‌كانی پێش مۆدێرنه‌ی تیادا به‌دی بكرێت، هاوشێوه‌ی كه‌ناڵه نوێیه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن كه کارلێکی زیاتر لە نێوان دەنگدەران و سیاسەتمەداراندا ده‌ڕه‌خسێنێت.
تایبەتمەندییه گرنگەکانی ئەم مۆدێلە ئه‌وه‌یه كه جیاوازه لە ده‌قێكه‌وه بۆ دەقێکی تر. لەجیاتی ئەوەی بانگەشەی ئەوە ده‌كات کە هەموو هەڵمەتەکانی هه‌ڵبژاردن به دڵنیاییه‌وه ده‌چنه ناو پۆلێنه‌كانی پۆست مۆدێرنەوه، ئەم بۆچوونە جەخت لەسه‌ر ئه‌وە دەکاتەوە کە به‌هۆی كاریگه‌ریی كۆمه‌ڵێك بارودۆخه‌وه هاوشێوه‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردن و ڕێساكانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و سه‌رچاوه‌كانی به‌رده‌ست، کێبڕکێکان دەتوانن بەردەوام لە سیستمی پێش مۆدێرنەوە بۆ پۆست مۆدێرنه.
سه‌ره‌ڕای پەرەسەندنێکی دیاریکراوی ئەمەریکی له‌ڕووی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه به دیاریكراوی هاوشێوه‌ی ڕیکلامی نەرێنی، به كه‌سیكردنی سیاسەت، یان خەرجییە زۆره‌كانی کەمپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان کە دواتر گوازرایه‌وه بۆ وڵاتانی تر، به‌ڵام وردتره لە گۆڕانکارییەکانی هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كان تێبگه‌ین وەک بەشێک بێت لە پرۆسەی نوێگەری کە ڕەگی لەو پێشکەوتنە ته‌كنۆلۆجی و په‌ره‌سه‌ندنه سیاسیانه‌دا بێت، كه هاوبه‌شه له‌نێوان كۆمه‌ڵگاكانی دوای قۆناغی پیشه‌سازی. بۆیه له‌ڕووی میدیاییه‌وه په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان چه‌ند شێوازێك پۆلێنكراوه ئه‌وانیش: هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان له قۆناغی ڕۆژنامه‌گه‌ری كه به‌پێ ئه‌و پۆلێنه‌ی سه‌ره‌وه بریتییه له قۆناغی پێش مۆدێرن، هه‌روه‌ها قۆناغی ته‌له‌فزیۆن كه به قۆناغی مۆدێرنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان داده‌نرێت، كۆتا قۆناغیش قۆناغی قۆناغی دیجیتاڵییه كه ده‌كاته قۆناغی پۆست مۆدێرنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان.(3) بۆیه له‌وڵاتانی پێشكه‌وتووی دیموكراسی چاوه‌ڕوان ده‌كرێت هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌مێك بێت پێی نابێته قۆناغی سێیه‌مه‌وه كه به به‌كارهێنانی ئاستێكی به‌رفراوانی ته‌كنۆلۆجیای نوێی په‌یوه‌ندیكردن و زانیاری ده‌ناسرێته‌وه.
هه‌ر سه‌باره‌ت به گرنگی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی به‌سه‌ریدا هاتووه كۆده‌نگی نیمچه ڕه‌ها هه‌یه كه پرۆسه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان و به‌تایبه‌ت ڕۆڵی حزبه سیاسییه‌كان و میدیای نوێ له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به گۆڕانكاری نه‌رێنیدا تێپه‌ڕیوه. زۆرێک نیگەرانن لەوەی کە ئەم پێشکەوتنانە، بێباكییه‌كی بەربڵاو، یان تەنانەت نامۆییه‌كی زۆری به پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و نەریتی بەشداری هەڵبژاردن لە دیموکراسییە نوێنەرەکاندا دروستکردووە. ئه‌م مه‌یله‌ش به زۆری له ناو چینی گه‌نجدا به‌ربڵاوه.
زۆرێك له چاودێران پێیانوایه كه به پرۆفیشناڵ بوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان وای له حزبه سیاسییه‌كان كردووه پشت به ڕاوێژكاران و لێكۆڵه‌رانی بواره‌كه ببه‌ستن و پاره به خه‌ڵك بده‌ن هاوكاریان بێت، نه‌ك پشت به خۆبه‌خشه‌كان ببه‌ستن. بۆیه ئه‌ده‌بیاتێكی زۆر له ئێستادا ئاماژه به داڕووخانی ئه‌ندامێتی خه‌ڵك له حزبه سیاسییه‌كان و په‌یوه‌ندی لاوازی نێوان خه‌ڵك و حزبه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك به‌شێكی تر له دیراسه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه په‌ره‌سه‌ندنی میدیای دیجیتاڵی و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه هاوكار بووه له دروستكردنی كه‌ناڵ و ئه‌كاونتی سه‌ربه‌خۆ له پلاتفۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بووه‌ته هۆی جێگرتنه‌وه‌ی میدیای حزبی، كه دواجار پاڵنه‌ری خه‌ڵك بووه له دووركه‌وتنه‌وه‌ی زیاتری خه‌ڵك له حزبه‌كان و كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان. بۆیه گۆڕانكاری و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن لایه‌نی ئه‌رێنی هه‌یه وه‌ك پشت به‌ستن به ئامڕازه نوێییه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن، به‌ڵام هاوكات جۆرێك له دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵك و ده‌نگده‌ری له حزب لێكه‌وتووەته‌وه.
ڕێكخستنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن
هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنی سەرکەوتوو هەرگیز ناتوانرێت لەلایەن تاکە کەسەوە پلانی بۆ دابنرێت و جێبه‌جێبکرێت. هەڵبژاردنی دەستەیه‌كی كارا له خەڵک بۆ ئامادەکردن و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هه‌ڵبژاردن لە گرنگترین بڕیارە ستراتیژییه‌كانه کە دەبێت له‌به‌رچاو بگیردرێت. ئەو کەسانەی کە تیمی هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كه پێکدێنن پێویست نییە هەمویان لە ناو حزبەکەدا ئه‌ندام بن، به‌ڵكو ده‌كرێت خه‌ڵكی خۆبه‌خش ببنه به‌شێك له تیمه‌كه. ئاشكرایه ئه‌م مۆدێلی كه‌مپین كردنه زیاتر بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا و ئەمەریکا گونجاوه كه تیایدا حزب ته‌نها له‌سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بوونیان هه‌ست پێده‌كرێت، به‌ڵام له كۆمه‌ڵگه به حزبی و سیاسی كراوه‌كان مۆدێلێكی له‌م جۆره تاقیكردنه‌وه‌ی قورسه. بۆیه كاتێك تیمێكی فره ڕه‌نگ پێكده‌هێنرێت پێکەوە دەبێت توانای ئەوەیان هەبێت كه دنیا بینییەكی گشتگیر و تێگەیشتن و پێکهێنانی وێنەی بەرفراوانتر چ لەناوەوە و چ لە دەرەوەی حزبدا فۆڕمه‌ڵه بكه‌ن.
باشترین تیمی کەمپینی هه‌ڵبژاردن تیمێکی بچووکی کەمپینی هه‌ڵبژاردنه. به‌ڵام ئەمە هەرچۆنێک بێت هەمیشە مومکین نییە، چونکە زۆرجار هۆکاری کرداری و سیاسی هەیە بۆ ئەوەی هەندێک ئەرک و لایەنی حزبی تێدا به‌شداربن. وەک ڕێسایه‌كی گشتی پێویستە تیمی کەمپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان كه‌م بن (به‌شێك ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه لە نۆ کەس پێک‌بێت و هەرگیز لە پازدە کەس تێپەڕ نەبێت)، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تیمە گەورەکان تەنانەت لە وڵاتانی بچووکیش بوونیان هەیە.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری تیمی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه. دیاریكردنی به‌رێوه‌به‌ری تیمی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن له دوو سیناریۆی ئاشكرا به‌ده‌ر نییە. ئه‌وانیش یەکەم ئه‌وه‌یه كه سکرتێری گشتی حزبەکە بەڕێوەبەری کەمپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه دیاریدەکات. یه‌كێك له خاڵه به سوودەکانی ئه‌م سیناریۆیه‌ش ئەوەیە کە ئەو بە ئاسانی لە لایەن ئاسته جیاوازه‌كانی حزبییەوە پەسەند دەکرێت و دەتوانێت بە تۆڕێکی كارای ڕێكخستنه‌كان و به گوڕوتینی زۆره‌وه ده‌ست به هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن بکات له ناوخۆی حزبه‌كه و ته‌واوی ناوچه‌كانی وڵات. ئه‌مه‌ش له هه‌رێمی كوردستان و عێراق به ئاشكرا ده‌بینرێت كاتێك كه سه‌رۆكی حزبه‌كان، یان خۆیان ڕاسته‌وخۆ سه‌رپه‌رشتی و سه‌رۆكایه‌تی تیمی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كه‌ن، یاخود كه‌سێك ڕاده‌سپێرن به‌و كاره.
پێویستە هەڵمەتەکانی هه‌ڵبژاردن خێرا بن، بەڕێوەبردنی کەمپینه‌كان کارێکی فوول تایمه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بەڕێوەبەری کەمپینەکە پێویستی بە کات هەیە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی، ئه‌مه‌ش ده‌خوازێت ئەرکی ئاسایی سکرتێری گشتی بۆ هاوکارێک، یان جێگرێكی بگوازرێته‌وه تا ئه‌وكاته‌ی كه هەڵمەتەکە جێبەجێده‌کرێت.
بژاردەی دووەم ئەوەیە کە بۆردی حزب (سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی حزب) بە یارمەتی سکرتێری گشتی کەسێک هەڵبژێرێت کە شارەزایی له هەڵمەتی هەڵبژاردنه‌كاندا هه‌بێت. بۆیه لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێت کەسێک بێت بەبێ ئەزموونی پێشوەختی مامەڵەکردن لەگەڵ لایه‌نه سیاسییه‌كاندا ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ بسپێردرێت. چونكه هه‌بوونی ئه‌زموون و په‌یوه‌ندی باش واده‌كات توانای کۆکردنەوەی متمانەی دەستەی حزب و بەڕێوەبردنی ناوەند هەبێت (ئەمە بە ئاشکرا بۆ پارتە گەورەکان و بچووکەکان بە شێوەیەکی جیاواز جێبەجێدەکرێت).(4)
به كورتی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی تیمی هه‌ڵبژاردن و ته‌نانه‌ت كاندیده‌كانیش توانیان وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكیان به ڕوونی لا بێت ئه‌وا كاریگه‌ری باشی له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بێت. له‌وانه‌ش:
1. چەندێك له دەنگدەران دەتوانن بیر لە دەنگدان به من بکەنەوە؟ (به‌واتایه‌كی تر پێگه‌ی جه‌ماوه‌ی خۆم و حزبه‌كه‌م له كۆمه‌ڵگه‌دا چه‌نده؟)
2. دەنگدەری من کێن؟ (بۆ ئه‌وه‌ی دیاریكراوبێت له‌كاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كار له‌سه‌ر چ چینێكی كۆمه‌ڵگا ده‌كه‌ن) ئاشكرایه له‌م چوارچێوه‌یه‌دا چه‌ند چینێك هه‌ند له‌وانه‌ش: به‌شێك له خه‌ڵك ده‌نگده‌ری حزبه‌كه‌یه كه خۆی له كادر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی حزبه‌كه ده‌بینێته‌وه، هه‌رچی به‌شێكی تری خه‌ڵكه بریتییه له ده‌نگده‌ری حزب و لایه‌نه‌كانی تر كه به ئۆپۆزسیۆن هه‌ژمار ده‌كرێن و پێویست ناكات هیچ كاتێك به فیرۆ بدرێت بۆ گۆڕینی هه‌ڵوێستیان، گرووپێكی تر ئه‌وانه‌ن كه به ده‌نگده‌ری خۆڵه‌مێشی ناسراون، كه خۆیان له‌سه‌ر هیچ حزبێك یه‌كلایی نه‌كردووەته‌وه و به‌رده‌وام ده‌نگه‌كانیان به‌سه‌ر حزب و لایه‌نی جیاوازدا دابه‌شبوون. ئه‌م گرووپه هه‌میشه زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا پێكدێنن و قابیلی ته‌رخانكردنی هه‌وڵێكی زۆره له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كانه‌وه بۆ ڕاكێشانی ده‌نگیان.
بۆ نموونه له ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا ده‌نگده‌ری سپی پێست زۆرینه‌یان به ده‌نگده‌ری كۆمارییه‌كان ناسراون. بۆ نموونه به‌پێی داتای ڕاپرسی سەنتەری لێکۆڵینەوەی پیو زیاتر لە دوو دەیەیە دەریدەخات کە دیموکراته‌كان له ئەمەریکا سوودێکی گه‌وره و درێژخایەنی لە دەنگدەرانی ئەمەریکی ڕەش و ئیسپانی و ئاسیادا بینیوه. هه‌رچی لە نێو دەنگدەرانی سپی پێستدا، هاوسەنگی پارتیزانی بە گشتی لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا جێگیر بووە، لەگەڵ ئه‌وه‌شدا پارتی کۆماری سوودێکی کەمێك زیاتری له ده‌نگده‌ری سپی پێست بینیوه.(5)
هه‌روه‌ها داتای سه‌نته‌ری ڕاپرسی نیشتمانی چیرۆکی هاوشێوەی دابه‌شبوونی ده‌نگده‌ری پارتیزانی ئەمەریکی دەگێڕێتەوە، کە تیایدا دەنگدەرانی سپی پێست بە شێوەیەکی تاڕاده‌یه‌ك جێگیر ده‌نگ بۆ کاندیدەکانی کۆمارییىه‌كان ده‌ده‌ن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا، لە کاتێکدا دەنگدەرانی ڕەش پێست بە شێوەیەکی پتەو پشتگیری له كاندیدی دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن. هەروەها هه‌رچه‌نده دەنگدەرانی ئیسپانیش لەڕووی مێژووییه‌وه زیاتر پشتیوانی لە پاڵێوراوانی دیموكراته‌كان ده‌كه‌ن وه‌ك له کۆمارییه‌كان، به‌ڵام هێشتا پشتگیرییەکانیان وەک دەنگدەری ڕەش پێست نییە بۆ دیموكراته‌كان.(6)
3. دەنگدەرانم لە کوێ دەژین؟ به‌واتایه‌كی تر زۆنی ده‌نگده‌رانی حزب و كاندیدێكی دیاریكراو له كوێیه؟ ڕه‌نگه له عێراق و هه‌رێمی كوردستان كه ده‌نگده‌ر به‌سه‌ر هێڵه حزبی و تائیفی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا دابه‌شبوون ئاشكرا بێت. بۆ نموونه دهۆك به‌جۆرێك له جۆره‌كان بۆ پارتی یه‌كلای بووه‌ته‌وه و سلێمانی و ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری بۆ یه‌كێتی، له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش پارێزگاكانی باشوور بۆ شیعه و ناوه‌ڕاست بۆ سوننه. به‌ڵام هێشتا به‌غدا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی تر تێكه‌ڵه‌یه له پێكهاته‌كان و پێویسته كاندید و حزبه‌كان له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دیراسه‌ی ناوچه‌ی ده‌نگده‌ره‌كانیان بكه‌ن.
4. دەنگدەرانم چیان دەوێت؟ ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا پرسی سه‌ربه‌خۆی و ده‌وڵه‌تی كوردی داخوازییه‌ك بووبێت بۆ ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام دوای شكستی ڕیفراندۆم چی تر ئه‌وه داخوازییه‌كی هه‌نووكه‌یی نییە. ئێستا زیاتر بژێوی خه‌ڵك و ده‌رفه‌تی كار و چاكسازی و بنه‌بڕكردنی گه‌نده‌ڵی له سه‌ره‌كیترین ئه‌و داخوازیانه‌ن كه ده‌نگده‌ر بۆ حزب و كاندیده سیاسییه‌كانی هه‌یه. هه‌ر په‌یامێكی تر له ده‌ره‌وه‌ی خواسته ئابوورییه‌كانی تاك له‌م قۆناغه‌دا كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت.
5. دەنگدەرانم چۆن من دەبینن؟
6. چ کەناڵێک دەتوانم بەکاری بهێنم بۆ گەیشتن بە دەنگدەرانم؟ له به‌شی دواتر به وردی باس له ئامڕاز و تاكتیكه‌كانی گه‌یشتن به ده‌نگده‌ر ده‌كه‌ین.
7. دەنگدەرانم دەنگ بە کێ دەدەن ئەگەر من نەبێت؟
كاندید و سه‌رۆكی تیمی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كان نەک هەر پێویسته وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌یان پێش هەڵبژاردنه‌كان لابێت، بەڵکو ده‌بیت بەردەوام بن لە پرسیارکردن و هەڵسەنگاندن لە کاتی هەڵمەتەکەدا. هه‌روه‌ها کاریگەری هەڵمەتی هه‌ڵبژاردنه‌كه پێویستی بە چاودێری بەردەوام هەیە، ئەگەرنا، ئەوە لە شاخەوانێک دەچێت لە دارستانێكدا قیبله نماكه‌ی لە دەستدابێت. چونكه ئه‌و دەزانێت کە دەیەوێت بەرەو کوێ بڕوات، بەڵام کاتێکی سەختی له پێشه بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌وێ. كه‌واتە به‌بێ دڵنیابوون له‌وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه قورسه به ئاسانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌ده‌ست بهێنرێت و ته‌نانه‌ت هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ركه‌وتووش ئه‌نجامبدرێت.
ده‌نگده‌ری به ئامانجگیراو له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا
ئەو حزب و پاڵێوراوانه‌ی به‌شداری لە هەر هەڵمەتێکی هه‌ڵبژاردندا ده‌كه‌ن هەمیشە ڕووبەڕووی ژینگەیەکی ئاڵۆز دەبنەوە، چونكه سیاسەت بە کۆمەڵێک پرسی فراوان و هەمەجۆری دەنگدەری شاراوە ته‌نراوه. هەندێک له ده‌نگده‌ران لە کەسانی تر گرنگترن، یان جێگه‌ی گرنگی پێدانن، بۆیه دیاریکردنی ئەو دەنگدەره‌ی كه ده‌ته‌وێت له میانه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان په‌یوه‌ندی لەگەڵ بكه‌یت و پەیامی هه‌ڵبژاردنی پێبگه‌یه‌نیت پێیدەوترێت "ده‌نگده‌ری به ئامانجگیراو". ئاشكرایه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هیچ حزب و كاندیدێك ناتوانێت به یه‌كسانی بگات به هه‌موو چینه‌كانی ده‌نگده‌ر، چونكه سه‌رچاوه‌كانی به‌رده‌ست (ستافی كه‌مپینه‌كه و سه‌رچاوه مادییه‌كان سنوردارن). سەرەڕای ئەوەش، سه‌لمێنراوه كه زۆر کاریگەرترە كاتێك پەیامێک بە بەردەوامی به هەمان خەڵک ده‌گه‌یه‌نیت وه‌ك لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە زۆربەی خەڵک. به‌واتایه‌كی تر كاركردن له‌سه‌ر چینێكی ده‌نگده‌ر و ناردنی په‌یام به به‌رده‌وامی بۆی زۆر سوودبه‌خشتره وه‌ك له هه‌وڵدان بۆ گه‌یشتن به هه‌موو جۆره‌كانی ده‌نگده‌ر. بۆیه دووباره‌كردنه‌وه‌ی په‌یام و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ یه‌ك گرووپی ده‌نگده‌ر به به‌رده‌وامی زۆر كاریگه‌رتره وه‌ك له گه‌یاندنی ئه‌و په‌یامه به زۆرترین كه‌س، چونكه به دووباره به گوێدادانی په‌یامه‌كان ڕه‌نگه ده‌نگی ده‌نگده‌ر به ئاسانی ڕابكێشرێت و قه‌ناعه‌تی پێبكرێت ده‌نگ له به‌رژه‌وه‌ندی تۆ بدات.
له‌به‌رئه‌وه پسپۆڕانی ئه‌م بواره باس له‌وه ده‌كه‌ن پێویسته له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا فۆكه‌س بخرێته سه‌ر دوو گرووپی سه‌ره‌كی، ئه‌وانیش:
1- پشتیوانە چالاکەکان (Stable Voters):
ئەو کەسانەی کە جێی گرنگی پێدانی ئێمەن: ئه‌م گرووپه چی تر پێویستیان بە قایلکردن نییە و پێویستیان بە سەرچاوەی زیاتر نییە بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كانیان به‌ده‌ستبهێنرێت. لایەنگرە چالاکەکان پێویست ناکات قایل بکرێن بۆ پشتگیری‌کردن لە حزب و كاندید و كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌كه؛ به‌ڵكو دەبێت هاندەر بن بۆ گفتوگۆکردن و کۆکردنەوەی پشتیوانی بۆ كه‌مپینه‌كه و به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژارنه‌كه. لێره‌دا ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌و خه‌ڵكانه كه زیاتر ئه‌ندام و كادر و لایه‌نگری حزبه‌كان تواناكانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه.
2- ده‌نگده‌ری خۆڵه‌مێشی (ئه‌و ده‌نگده‌ره‌ی كه بڕیاری نه‌داوه ده‌نگ به كێ بدات – floating voters) هه‌روه‌ها (Unstable Voters) ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیریشی پێ ده‌وترێت: ئه‌م گرووپه بریتین له‌و خه‌ڵكانه‌ی كه بڕیاریان نه‌داوه به چ ئاڕاسته‌یه‌ك ده‌نگ بده‌ن، بۆیه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ببنه پشتیوانێكی به‌هێزی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌گه‌ر ئارگۆمێنت و په‌یام و به‌رنامه‌یه‌كی هه‌ڵبژاردنی تۆكمه و گشتگیر به‌كاربهێنرێت.
بۆیه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژرادنه‌كاندا سه‌ركه‌وتووترین گفتوگۆی سیاسی له‌نێوان حزب و كاندید له‌لایه‌ك و ده‌نگده‌ر له‌لایه‌كی تر له‌گه‌ڵ ده‌نگده‌ری خۆڵه‌مێشی ده‌ستپێده‌كات. له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر كه هێشتا بڕیاری نه‌داوه ده‌نگ به‌كێ بدات، سه‌ره‌كیترین و گرنگترین پێكهاته‌ی ئه‌و جامه‌وه‌ره‌یه كه پێویسته كاری له‌سه‌ر بكرێت.(7)
ئه‌م جۆره له ده‌نگده‌ر به‌گشتی له وڵاتانی ئه‌وروپا له‌م ساڵانه‌ی دوایدا ڕووی له زیادبوون كردووه، به‌پێچه‌وانه‌وه له‌و وڵاتانه‌ی كه حزب كۆنترۆڵی ته‌واوی كایه‌كانی ژیانی كردووه و دیموكراسییه‌كی له‌رزۆك به‌رده‌سته، ڕووی له كه‌مییه. به‌گشتی ئه‌م گرووپه له ده‌نگده‌ر نه‌ك هه‌ر خواست و داواكارییه‌كانیان، یان مه‌یلیان به‌رامبه‌ر به حزبه سیاسییه‌كان له هه‌ڵبژاردنێك بۆ هه‌ڵبژاردنێكی تر ده‌گۆڕێت، به‌ڵكو له میانه‌ی كه‌مپینی هه‌ڵبژاردنێكیشدا بڕیاره‌كانیان سه‌قامگیر نییە. بۆ نموونه له وڵاتێكی وه‌ك هۆڵه‌ندا له په‌نجاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو ته‌نها 5% ده‌نگده‌ران به‌رده‌وام گۆڕانكارییان له ده‌نگدانیاندا كردووه بۆ حزبه سیاسییه‌كان، به‌ڵام دوای پێنج ده‌یه و له ساڵی 2010 ئه‌و ڕێژه‌یه 30%ی ده‌نگده‌رانی ئه‌و وڵاته پێكده‌هێنێت. به‌واتایه‌كی تر نزیكه‌ی یه‌ك له‌سه‌ر سێی ده‌نگده‌ری تۆمار كراوی ئه‌و وڵاته له‌دوای په‌نجا ساڵ بوون به ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر.
فاكته‌ره‌كانی پشت گۆڕینی سلوكی سیاسی ده‌نگده‌ر
گۆڕانكاری له گرووپه ده‌نگده‌ره‌كان و زیادبوونی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر وایكرد كه دووباره هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ مۆدێله تەقلیدیه‌كانی دیراسه‌كردنی سلوكی ده‌نگده‌ران بكرێته‌وه. ئاشكرایه مۆدێله كلاسیكییه‌كانی دیراسه‌كردنی سلوكی ده‌نگده‌ران له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه كارده‌كات كه پێیوایه فاكته‌ره دوورمه‌وداكان له‌به‌رچاو ده‌گیرێن بۆ بژارده‌ی ده‌نگده‌ر و هه‌بوونی سه‌قامگیری ده‌نگدان. بۆ نموونه پرسی ناسیۆنالسیت و ئایدۆلۆجیا و ئایین هه‌میشه لای هه‌ڵگرانی ئه‌و ته‌وژمه جۆرێك له سلوكی سه‌قامگیری ده‌نگدان دروستده‌كات به‌و كاندید و حزبانه‌ی كه هه‌ڵگری هه‌مان بیروبۆچوون و دونیابینین. بۆیه زانكۆی كۆڵۆمبیا جه‌ختی له‌سه‌ر فاكته‌ری ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كرد بۆ دیراسه‌كردنی ڕه‌فتاری ده‌نگده‌ر. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پاوڵ ئێف لازارسفێلد و بێرنارد بیرلسۆن و هازل گەودت گه‌یشتنه ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه فاكته‌ری سه‌ره‌كی له ڕوونكردنه‌وه‌ی سلوكی ده‌نگده‌ر بریتییه له‌وه‌ی ئه‌و گرووپه كۆمه‌ڵایه‌تییه چ شوناسێكی هه‌یه. به‌مه‌ش بژارده‌ی ده‌نگده‌ر ده‌شێت له‌سه‌ر بنه‌مای پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی – ئابووری، ئاین و ناوچه‌ی جوگرافی پێشبینی بكرێت.(8) ئه‌مه له‌كاتێكدا به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانكۆی میشیگان به‌ناوی "بژارده‌ی خه‌ڵك - The Peoples Choice" سلوكی ده‌نگده‌ر ده‌كرێت له باشترین حاڵه‌تدا له‌سه‌ر بنه‌مای مۆدێلی سایكۆلۆجی ڕوونبكرێته‌وه. چه‌مكی سه‌ره‌كی له‌م مۆدێلی دیراسه‌كردنی سلوكی ده‌نگدانه‌دا بریتییه له شوناسی حزبی (party identification ) بوون كه جۆرێك له په‌یوه‌ستی سایكۆلۆجی سه‌قامگیر لای ده‌نگده‌ر به حزبێكی سیاسییه‌وه دروستده‌كات كه زۆرجار ئه‌و په‌یوه‌ستییه‌ش له‌رێگه‌ی سۆشه‌لایزه‌یشنی ده‌نگده‌ره‌وه به‌ده‌ستهاتووه،(9) چونكه پێیانوایه كه "مرۆڤ لەڕووی سیاسییەوە بیردەکاتەوە، وەک ئه‌وه‌ی لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە بیرده‌كاته‌وه".(10)
له ماوه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر له هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گۆڕانكاری به‌رچاوی به‌سه‌رداهاتووه، چونكه ئاست و ڕێژه‌ی ئه‌ندامێتی له حزبه سیاسییه‌كاندا به‌ره‌وه كه‌مبوونه‌وه چووه، ئه‌مه‌ش وایكردووه چی تر تیۆری سیستمی حزبی چه‌قبه‌ستووی (frozen party systems) لیپسێت و ڕۆككان وه‌ك جاران جێی بایه‌خپێدان نه‌بێت. ئه‌مه‌ش وایكردووه لێكۆلینه‌وه نوێیه‌كان له‌سه‌ر گۆڕانكاری له ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر (خۆڵه‌مێشی) جه‌خت له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی بوونیادی و دامه‌زراوه‌ی گۆڕانكاری له‌و گرووپه‌دا بكه، چونكه پێیانوایه جیاوازییه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان ده‌نگده‌ر و سیستمی حزبیدا. بۆ نموونه ژماره‌ی حزبه سیاسییه‌كان له ناو سیستمی هه‌ڵبژاردندا كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ئاستی گۆڕانكاری له سلوكی ده‌نگدان، ئه‌ویش كاتێك كه ده‌نگده‌ر زیاتر مه‌یلی به‌لای گۆڕنی ئاڕاسته‌ی ده‌نگدانی هه‌یه به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر بژارده‌ی زۆر له‌به‌رده‌ست بێت (زیاتر له چه‌ند حزبێكی سیاسی هه‌بێت وه‌ك به‌دیل ته‌ماشان بكات و بتوانێت ده‌نگیان پێ بدات).
هه‌روه‌ها جیاوازی له ئاسته‌كانی گۆڕانكاری ده‌نگدان ده‌كرێت په‌یوه‌ست بێت به ڕێژه‌ی گه‌شه‌سه‌ندنی ئابوورییه‌وه. تا ئه‌وه‌ی وڵات گه‌شه‌یه‌كی ئابووری باشتری هه‌بێت ئه‌وا ئاستی گۆڕانكاری له سلوكی ده‌نگده‌ردا (ناسه‌قامگیری له ده‌نگداندا) نزمتر ده‌بێت.(11) هه‌رچی له‌سه‌ر ئاستی كه‌سیی و ده‌نگده‌ره به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی گۆڕانكاری له سلوكی ده‌نگده‌ردا بووه‌ته هۆی لاوازی بوونی په‌یوه‌ستی و ئینتیمای حزبی له‌نێوان حزبه سیاسییه‌كان و ده‌نگده‌راندا، ئه‌مه‌ش به‌شێوه‌یه سه‌ره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كه‌مبوونه‌وه‌ی كاریگه‌ری دابه‌شبوون و ململانێ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. بۆ نموونه پرۆسه‌ی نوێگه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی ململانێ و دابه‌شبوونه كلاسییكیه‌كانی گۆڕیوه. بۆیه ململانێی چینه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه‌متر بێده‌نگه له‌به‌ر گه‌شه‌ی ئابووری و زیادبوونی ئاستی خوێنده‌وای و زیادبوونی جموجۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و جوگرافی. كه‌واتە ده‌بینین ته‌وژمه‌كانی سیكۆلاریزه‌یشن كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌شبوونه ئایینییەكان هه‌بووه، هه‌روه‌ك ڕێژه‌ی ئاماده‌بوونی به‌رده‌وام له په‌رستگا ئایینییەكان به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپا كه‌میكردووه. كاتێكیش كاریگه‌ری دابه‌شبوون و ململانێكان ڕووی له دابه‌شبوون كردووه به‌هه‌مان شێوه دڵسۆزی و په‌یوه‌ستی به حزبه‌كانه‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌و حزبانه‌ی شوناسی ئایینی و نه‌ته‌وه‌ی و ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆجیان هه‌ڵگرتووه ڕووی له كزی كردووه.(12)
له‌لایه‌كی تره‌وه هه‌ر له‌سه‌ر ئاستی كه‌سی هۆكاری گۆڕانكاری و ناسه‌قامگیری ده‌نگدان وه‌ك سلوكێكی سیاسی په‌یوه‌سته به ته‌عبیئه‌ی مه‌عریفی (cognitive mobilization) وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی تری دووركه‌وتنه‌وه له حزب و ئینتمای حزبی.(13) بۆ نموونه ڕاسل داڵتۆن پێیوایه به‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌روه‌رده و فراوانبوونی ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندن (له‌ناویاندا میدیای دیجیتاڵی) و سه‌رچاوه‌كانی تری زانیاری وایكردووه كه ده‌نگده‌ر خاوه‌ن لێهاتوویی و سه‌رچاوه‌ی پێویست بێت بۆ بڕیاردان و بوونی بژارده‌ی سیاسی سه‌ربه‌خۆ به‌بێ پشت به‌ستن به دڵسۆزی و ئینتیمای كلاسیكی حزبی.(14) زیاتر له‌وه‌ش به‌شێك له لێكۆڵینه‌وه‌كانی تر جه‌ختیان له‌سه‌ر گۆڕاوه كۆمه‌ڵایه‌تییه – بوونیادیی و كه‌سییه‌كان كردووه وه‌ك فاكته‌رێك بۆ ناسه‌قامگیری ده‌نگدان وه‌ك سلوكێكی سیاسی ده‌نگده‌ر، له‌وانه‌ش گۆڕاوه‌كانی وه‌ك په‌روه‌رده و ته‌مه‌ن و تایبه‌تمه‌ندییه كه‌سییه‌كان و به‌رژه‌وه‌ندی و په‌یوه‌ندی سیاسی.(15) ئه‌م لێكۆڵینه‌وانه گه‌شتوون به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه ده‌نگده‌ری گه‌نج زیاتر ناسه‌قامگری له ده‌نگدان وه‌ك له ده‌نگده‌ری به ته‌مه‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌نگده‌ری گه‌نج كه‌متر سه‌قامگیره به‌راود به هه‌ڵوێستی سیاسی ده‌نگده‌ری به ته‌مه‌ن.(16) بۆ نموونه به‌نیسبه‌ت گۆڕاوی تایبه‌تمه‌ندی كه‌سییه‌وه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه كراوه‌ن به‌ڕووی ئەزموونی نوێ‌دا زیاتر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌یان لێده‌كرێت ده‌نگدان به حزبه سیاسییه‌كان بگۆڕن و ناسه‌قامگیر بن له ده‌نگداندا، چونكه زۆر بیر له به‌دیلی تر و ئه‌نجامدانی سه‌ركه‌شی تر ده‌كه‌نه‌وه. هه‌مان شت به‌نیسبه‌ت ده‌نگده‌ری پێشكه‌وتووی ڕۆشنبیر كه زیاتر مه‌یلی گۆڕینی ده‌نگدانی هه‌یه له‌نێوان حزبه سیاسییه‌كاندا وه‌ك له ده‌نگده‌رێكی ئاسایی.(17) گرنگتر له‌وه‌ش ده‌ركه‌وتووه كه به‌دگومانی سیاسی (political cynicism) به‌هه‌مان شێوه په‌یوه‌سته ناسه‌قامیگری ده‌نگدانه‌وه، كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی كه‌سییه و لای ئه‌و ده‌نگده‌رانه ده‌بینرێت كه به‌گشتی باوه‌ڕیان به پاڵنه‌ر و مۆتیڤه‌كانی حزبه سیاسییه‌كان لاوازه و تاڕاده‌یه‌كی باش هه‌ست به بێ ئومێدی ده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر به ده‌سه‌ڵات و حزبه‌كان. بۆیه تا ئاستی به‌دگومانی سیاسی لای ده‌نگده‌ر زیاتر بێت ئه‌وا ئاستی گۆڕین و ناسه‌قامگیری ده‌نگدان به‌رزتره.(18)
ڕه‌نگه فاكته‌رێكی تر په‌یوه‌ندی به ڕۆڵی میدیا و ده‌زگا میدیاییه‌كانه‌وه هه‌بێت له دروستكردنی ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر و زیادبوونی ڕێژه‌یه‌كه‌یان. به‌و پێیه‌ی كه له ئێستادا ده‌زگا میدیاییه‌كان و ئینته‌رنێت و پلاتفۆڕمه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی زانیارییه سیاسییه‌كانی هاوڵاتییه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می په‌تای كۆرۆنادا.(19) هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆربه‌ی ده‌نگده‌ر له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ڕێگه‌ی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ده‌بینن و ده‌خوێننه‌وه ده‌رباره‌ی كاندیده‌كان ئه‌مه‌ش واده‌كات بڵێن هۆكار گه‌لێكی ڕوون هه‌یه كه گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه میدیا كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنه‌كانی ده‌نگده‌ر بۆ كاندید و حزبه سیاسییه‌كان هه‌یه پێش ده‌نگدان و له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن، كه دواجار ئاڕاسته‌ی ده‌نگدانی ده‌نگده‌ر دیاریده‌كات كه ده‌نگ به چ حزب و كاندیدێك بدات.(20) به‌گشتی ڕه‌نگه كۆمه‌ڵێك هۆكاریش هه‌بن كه واده‌كات به‌ركه‌وتنی ده‌نگده‌ر به هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌رێگه‌ی ئامڕازه‌كانی ڕاگه‌یاندنه‌وه ببێته‌هۆی ناسه‌قامگیری ده‌نگدان و گۆڕانكاری له سلوكی سیاسی ده‌نگده‌ده‌ر كه (ده‌نگدانه)، له‌و هۆكارانه‌ش:(21)
1- به‌گشتی و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی میدیا جه‌خت له‌سه‌ر ڕووداوه كورتمه‌وداكان ده‌كات (هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بۆ چه‌ند مانگێك و ده‌ستكه‌وت و چالاكییه‌كانی حزب و كاندیدێك له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا)، به‌مه‌ش میدیا سه‌قامگیری ده‌نگده‌ر وه‌ك ئه‌جیندایه‌كی سیاسی لاوازده‌كات و له ده‌ره‌نجامدا ده‌بێته هۆی هێنانه‌كایه‌ی مه‌یلی گۆڕانكاری له ئاڕاسته‌ی ده‌نگدان لای ده‌نگده‌ر. به‌واتایه‌كی تر ده‌بێته هۆی زیادبوونی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری خۆڵه‌مێشی به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كان.
2- ده‌نگده‌ری یه‌كلا نه‌بووه‌وه (خۆڵه‌مێشی) كه پێویست به نزیكبوونه‌وه‌ی كاتی هه‌ڵبژاردن ده‌نگی خۆی یه‌كلا بكاته‌وه كه له به‌رژه‌وه‌ندی چ حزب و كاندیدێك ده‌بێت، ناچاره پشت به ڕووماڵی میدیایی زیاتر ببه‌ستێت سه‌باره‌ت به‌و كاندید و حزبانه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری زیاتر ده‌رباره‌یان.
3- به‌پێچه‌وانه‌ی ده‌نگده‌ر له سیستمی دوو حزبیدا، له سیستمی فره‌حزبیدا ده‌نگده‌ر پێویستی به زانیاری و شاره‌زای زیاتره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگه‌كه‌ی له خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی بێت به‌مه‌ش زۆرجار پشت به زانیاری هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ستێت كه له‌رێگه‌ی ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت.
به‌شێكی تر له پسپۆڕانی بواری هه‌ڵبژاردن پرسی گۆڕانكاری له ئاڕاسته‌ی ده‌نگدانی ده‌نگده‌ر یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن حزب گۆڕه‌كان (party switchers) ده‌به‌ستنه‌وه به تایبه‌تمه‌ندی عه‌قڵانییەتی ده‌نگده‌ره‌وه.(22) بۆ نموونه پرۆفیسۆر كی له كتێبه‌كه‌یدا به‌ناونیشانی (ده‌نگده‌ری به‌رپرسیار)(23) باس له تایبه‌تمه‌ندی عه‌قڵانییەتی ده‌نگده‌ر ده‌كات له گۆڕنی ئاڕاسته‌ی ده‌نگدان به حزبه سیاسییه‌كان به‌درێژای هه‌ڵبژاردنه‌كان. به‌بۆچوونی كی ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر مه‌یلی گۆڕینی ئاڕاسته‌ی ده‌نگدانی به‌و حزبه سیاسیانه هه‌یه كه ته‌واو نزیكن له‌و سیاسه‌ته‌ی لایان په‌سه‌نده و گوزارشت له خواست و دونیابینی ئه‌وان ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌نگه‌كانیان ناده‌ن به‌و حزب و كاندیدانه‌ی كه گوزارشت له‌و سیاسه‌تانه ناكه‌ن كه ئه‌مان پێیان په‌سه‌نده ئه‌گه‌ر چی پێشتریش ده‌نگیان بۆ ئه‌وان بووبێت له هه‌ڵبژاردنێكدا. بۆیه ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ی كه په‌یوه‌ستن به پرسێكی دیاریكراوەوە و جێی گرنگی پێدانی ئه‌وانه هه‌میشه چاوه‌ڕوانی گۆڕینی سلوكی سیاسیان لێده‌كرێت له پشتیوانیكردنی پارته سیاسییه‌كان.(24) ئه‌مه‌ش پێمان ده‌ڵێت گرنگه ده‌نگده‌ری هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت ده‌نگده‌ری ناسه‌قامگیر خۆی یه‌كلا بكاته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و حزب و كاندیدانه‌ی كه گوزارشت له خواسته‌كانیان ده‌كه‌ن.
بۆ نموونه پرسی مووچه و كۆتاییهێنان به لێبڕینی مووچه داخوازییه‌كی سه‌ره‌كی ته‌واوی چین و توێژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بووه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا. حزبی ده‌سه‌ڵات به‌تایبه‌ت پارتی دیموكراتی كوردستان له‌م سیاسه‌ته به‌رپرسه كه به سزادانی فه‌رمانبه‌ران و مووچه خۆرانی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت، بۆیه ده‌رفه‌ته ده‌نگده‌ری عه‌قڵانی متمانه به‌و لایه‌نانه ببه‌خشێت كه ده‌توانن كۆتایی به‌و سزادانی دارایی خه‌ڵك بهێنن و شه‌فافیه‌ت و نه‌زاهه‌ت له داهات و سه‌رچاوه‌كانی هه‌رێم بڕه‌خسێنن.
ئامانج و تاكتیكه كاریگه‌ره‌كانی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن
به گشتی حزب سیاسیه‌كان و پاڵێوراوه‌كان له کەمپینەکانی هه‌ڵبژاردن ده‌یانه‌وێت دەنگدەری ئاگادار دەکەنەوە لە لێهاتوویی و كارامه‌ی کاندیدەکان و تایبه‌تمه‌ندی و هه‌ڵوێستێان له‌مه‌ڕ پرس و كێشه سیاسی و ئابوورییه‌كان. هەروەها ئامانجیانه هۆشیاری سیاسی سه‌باره‌ت بە هەلومەرجه پەیوەندیداره‌كانی وه‌ك ڕه‌وشی ئابووری و کێشە نەتەوەییەکان بەرزبکەنەوە. لەهەمووی گرنگتر هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن ده‌یه‌وێت پەیوەندی دروستبكات لەنێوان زانیارییه‌كان لەسەر پاڵێوراوان و پرسه‌كان و هەڵوێست و باوەڕی دەنگدەران.(25) ئامانجێكی تری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان بریتییه له به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌شداری سیاسی و ده‌نگدان له ڕۆژی هه‌ڵبژاردندا. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندین تاكیتك و شێوازی جۆراوجۆر هه‌یه كه ده‌كرێت سه‌رۆك و تیمی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن و كاندید و پاڵێوراوانه‌وه كاری له‌سه‌ر بكرێت. به‌گشتی ده‌كرێت تاكتیكه‌كان له‌م شێوازانه‌ی خواره‌وه كورت بكرێته‌وه:
1- تاكتیكی كه‌سی (هه‌ڵمه‌تی ده‌رگا به ده‌گا)
2- تاكتیكی ناردنی په‌یامی هه‌ڵبژرادن و داواكردنی ده‌نگ له ده‌نگده‌ر له‌رێگه‌ی پۆسته‌وه.
3- تاكتیكی ته‌له‌فۆنكردن بۆ ژماره‌یه‌ك خه‌ڵك كه خۆبه‌خشن و ئه‌وانیش په‌یوه‌ندی به كه‌س و كار و دۆست و خزم و هاوڕێكانیان بكه‌ن.
4- تاكتیكی ناردنی په‌یامی هه‌ڵبژاردن له‌رێگه‌ی نامه‌ی مۆبایله‌وه ڕاسته‌وخۆ بۆ به‌شداربووانی تۆڕه‌كانی په‌یوه‌ندی كردن.
ئاست و كاریگه‌ری ئه‌و تاكتیكانه‌ی سه‌ره‌وه كه له‌لایه‌ن حزبه سیاسییه‌كان و كاندیده‌كانه‌وه به‌كارده‌هێنرێت جۆراوجۆر و جیاوازه. بۆ نموونه، یه‌كێك له كاریگه‌رترین تاكتیكه‌كان هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن بریتییه له تاكتیكه كه‌سییه‌كان، به‌دیاریكراویش هه‌ڵمه‌تی گه‌ڕانی ده‌رگا – به – ده‌رگا كه كاریگه‌ری به‌رچاوی ده‌بێت له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌شداری خه‌ڵك به ڕێژه‌ی نزیكه‌ی 2.5%، ئه‌مه له‌كاتێكدا تاكتیكه‌كانی تری وه‌ك ته‌له‌فۆن كردن له ڕێگه‌ی خۆبه‌خشه‌كانه‌وه ده‌بێته‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌شداریكردن به 1.9%، به‌ڵام ناردنی په‌یامی هه‌ڵبژاردن له‌رێگه‌ی پۆستی ڕاسته‌وخۆوه بۆ ماڵان (Direct mail) كه له كوردستان به‌رده‌ست نییە كاریگه‌رییه‌كی كه‌می هه‌یه به‌رێژه‌ی 0.16% له‌سه‌ر زیادبوونی ڕێژه‌ی به‌شداربووان له هه‌ڵباردنه‌كاندا،(26) به‌ڵام كاریگه‌ری ناردنی نامه‌ی مۆبایل بۆ خه‌ڵك و ده‌نگده‌ران كاریگه‌ری زۆر گه‌وره‌تری هه‌یه له‌سه‌ر به‌شداری خه‌ڵك و زیادبوونی ڕێژه‌ی ده‌نگدان كه به 4.1% ده‌ستنیشانكراوه.(27) بۆیه له‌ئێستادا پسپۆڕانی بواری هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه ستراتیجی هاندانی خه‌ڵك و زیادكردنی به‌شداری سیاسی ته‌نها كاتێك سه‌ركه‌وتووه كه حزب و كاندیده‌كان بتوانن له‌رێگه‌ی زیادبوونی په‌یوه‌ندی كۆمه‌ڵایه‌ته‌وه قه‌ناعه‌ت به ده‌نگده‌ر و خه‌ڵك بكه‌ن به‌شداری له ده‌نگدان بكات، به‌ڵام هاوكات پێیانوایه كه ته‌نها ناردنی په‌یام و به‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ڕێژه‌یه‌كی زۆر له ده‌نگده‌ر قه‌ناعه‌ت پێ بكرێت بچێته سه‌ر سندوقه‌كانی ده‌نگدان و له‌به‌رژه‌وه‌ندی تۆ ده‌نگ بده‌ن. له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا نامه‌ی مۆبایل "text message" بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه وه‌ك یه‌كێك له ڕێگا كاریگه‌ره به‌رچاوه‌كان هه‌ژماركراوه كه له هه‌ڵبژاردنی سێنا‌تی ئەمەریکا له ساڵی 2006 بووه‌ته هۆی زیادبوونی ئاستی ده‌نگدان به‌رێژه‌ی 3%.(28)
ئه‌ندازه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و تاكتیكانه به‌گشتی له هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و سیستمه هه‌ڵبژاردنه‌ی له ئێستادا هه‌یه كارێكی ئه‌سته‌م نییە، جگه له تاكتیكی ناردنی پۆست بۆ ده‌نگده‌ر. به حوكمی ئه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان پارێزگاكانی دابه‌شكردووه به‌سه‌ر بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا بۆ نموونه پارێزگایه‌كی وه‌ك سلێمانی به‌سه‌ر پێنج بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا دابه‌شكراوه، وایكردووه كاندید و حزبه سیاسییه‌كان به ئاسانی بتوانن بگه‌ن به ده‌نگده‌ر و بنكه‌ی جه‌ماوه‌ری و ته‌نانه‌ت ده‌نگده‌ری یه‌كلا نه‌بووه له بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن. ده‌كرێت كاندیده‌كان و حزبه سیاسییه‌كان له ڕێگه‌ی ڕێكخستن و كۆمیته و مه‌ڵبه‌ند و لق و ناوچه و مه‌كۆكانیان له ڕێگه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌رگا به ده‌رگا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان له بازانه‌كانی هه‌ڵبژاردن گه‌رم و گوڕتر بكه‌ن و په‌یامی هه‌ڵبژاردنی خۆیان بگه‌یه‌نن.
هه‌روه‌ها به هۆی ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی خاوه‌ندارێتی حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵات بۆ كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن ده‌كرێت، ئه‌وا له‌سه‌ر ئاستی نیشتمانی هه‌ریه‌ك له یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئاسانتر ده‌ستیان به كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردنی وه‌ك ئاسیا سێڵ و كۆڕه‌ك تیلیكۆم بگات بۆ ناردنی په‌یامی هه‌ڵبژاردن بۆ بەشداربوانی ئه‌و كۆمپانیایانه و داوای ده‌نگیان لێبكه‌ن، ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش بۆ حزبه سیاسییه‌كانی تریش ڕێگه‌یه‌كی به‌رده‌ست بێت، به‌ڵام چۆنێتی ڕازیكردنی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن و گرتنه ئه‌ستۆی تێچووه‌كه‌ی كارێكی ئاسان نابێت بۆ حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات.
زیاتر له‌وه‌ش حزبه سیاسییه‌كان و پاڵێوراوه‌كانیان ده‌توانن له‌رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ڕاسته‌وخۆ به ئه‌ندام و لایه‌نگر و كه‌سانی خۆبه‌خشه‌وه دوای كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگیان لێبكه‌ن و داوایان لێ بكه‌ن خزم و كه‌س و كار و هاورێكانیان هانبده‌ن ده‌نگ به كاندیده‌كانیان بده‌ن له بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن. ئه‌م میكانیزمه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریکا له ساڵی 2020 زۆر به فراوانی كاری له‌سه‌ر ده‌كات به‌تایبه‌ت كاتێك باراك ئۆباما سه‌رۆكی پێشووی ئه‌و وڵاته په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خۆبه‌خش ئه‌نجامده‌دا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ بۆ كاندیدی كۆمارییه‌كان جۆبایدن. به‌ڵام پێویسته ئاماژه به‌وه بكرێت كه ئه‌م میكانیزمه دووباره ئاسته‌نگێكی گه‌وره‌یه بۆ حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كان و كاندیده سه‌ربه‌خۆكان به‌هۆی مۆنۆپۆڵكردنی سیاسه‌ت و خاوه‌ندارێتی كۆمپانیاكانی په‌یوه‌ندیكردن له‌لایه‌ن له هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاته‌وه.
جۆری په‌یامی و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان و كاریگه‌ریان
سه‌باره‌ت به كاریگه‌ری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان ڕاوبۆچوونی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام به گشتی بۆچوونێكی نیمچه گشتگیر هه‌یه كه هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی كار و قایلكه‌ر كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت له‌سه‌ر ڕێژه‌ی به‌شداری ده‌نگدان.(29) له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا ئه‌وه‌ی جێگه‌ی پرسیاره چ جۆره په‌یامێك ده‌توانێت له‌رێگه‌ی ئه‌و تاكتیكانه‌وه زۆر كاریگه‌ر بێت؟ یاخود چ جۆره په‌یامێك زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر ده‌كات؟
پسپۆڕانی بواری هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن پێیانوایه كه په‌یامه نه‌رێنییه‌كان (negative messages ) كه هێرشكردنه بۆ سه‌ر حزب و كاندیده نه‌یاره‌كان زیاتر كاریگه‌ر تره له‌سه‌ر ده‌نگده‌ر وه‌ك له په‌یامه ئه‌رێنییەكان. بۆیه ده‌بینین ئه‌م شێوازه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن له وڵاته دیموكراسییه‌كان به‌تایبه‌ت ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئەمەریکا زۆر كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت. بۆ نموونه دوو له‌سه‌ر سێی په‌خشی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئەمەریکا له ساڵی 2012 به ته‌واوی په‌یامی نه‌رێنی و هێرشكردن بوو بۆ سه‌ر لایه‌نی نه‌یار.(30) هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌ك توێژینه‌وه‌ی تر جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی په‌یامی نه‌رێنی ده‌كه‌نه‌وه له میانه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، بۆ نموونه كۆمه‌ڵێك توێژه‌ر به‌ناوه‌كانی ڕیچارد لاو، لی سیگلمان، کارۆلین هاڵدمان و پۆل بابیت له نووسینێكدا كه پووخته‌ی 111 توێژینه‌وه‌ی تریان خستۆته‌ڕوو جگه له ده‌ره‌نجامه‌كانی خۆیان، گه‌شتوونه‌ته ئه‌و قه‌ناه‌عه‌ته‌ی كه په‌یامی نه‌رێنی له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا زۆر زیاتر له هزر و یاده‌وه‌ری ده‌نگده‌ر ده‌مێنێته‌وه و زیاتر سوود به‌خشه! چونكه ئه‌م جۆره په‌یامه ده‌بێته‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگده‌ری پشتیوان بۆ لایه‌نی نه‌یار (حزب و كاندیدی به‌رامبه‌ر) به‌جۆرێك هه‌ندێك له لێكۆڵینه‌وه‌كان باس له كاریگه‌ری په‌یامی نه‌رێنی ده‌كه‌ن له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌نگدان به‌و لایه‌نه‌ی هێرشه‌كه‌ی ده‌كرێته‌سه‌ر به ڕێژه‌ی 5%،(31) جا ئه‌م كاریگه‌ریه به بایكۆتكردن بێت، یان گۆڕینی ده‌نگده‌ر بێت به ئاڕاسته‌ی حزبێكی تر، یان سووتاندی ده‌نگه‌كه‌ی بێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیانی بۆ لایه‌نی هێرشبه‌ر هه‌یه به ئه‌ندازیه‌كی دیاریكراو.(32) ئاشكرایه په‌یامی نه‌رێنی ته‌نها له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا كاریگه‌ری نییە، به‌ڵكو ڕه‌نگه كاریگه‌ری دوورمه‌وداشی هه‌بێت به‌تایبه‌ت دروستكردنی بێمتمانه‌ی به حكومه‌ت و لاوازكردنی كاریگه‌ری سیاسی لێبكه‌وێته‌وه.
ئاشكرایه هه‌رێمی كوردستان هه‌رێمێكی دابه‌شبووه له ڕووی زۆنی جوگرافی و حزبی و هه‌ژموونی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه، كه زاده‌ی ململانێی مێژووی و پێكدادانی چه‌كداری و سیاسی قورسی ڕابردووی هێزه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م هه‌رێمه‌یه. بۆیه ده‌ستبردن بۆ په‌یامی نه‌رێنی هه‌م بژارده‌یه‌كی كراوه‌یه و هه‌م كاریگه‌ره له‌به‌رده‌ست حزب و پاڵێوراوه سیاسییه‌كاندا. بۆ نموونه مێژووی حزبێكی سیاسی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان هێنده شكست و خیانه‌ت و نه‌هامه‌تی بۆ خه‌ڵك و میلله‌ت تێدایه بتوانرێت وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كی خام به‌كاربهێنرێت دژی گووتاری سیاسی پاڵێوراوه‌كانیان.
بۆ نموونه هه‌ر كاندیدێكی سه‌ربه‌خۆ، یان حزبه‌كانی تری ئۆپۆزسیۆن و ته‌نانه‌ت هاوپه‌یمانی كوردستانی یه‌كێتی و گۆڕان ده‌توانن پانۆرامایه‌كی خیانه‌ته‌كانی 31ی ئاب و شكستی پارتی له پاراستنی ئیزیدییه‌كان و جێهشتنیان له به‌رامبه‌ر ڕه‌حمه‌تی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش،(33) شكستی ڕیفراندۆم و سووتاندنی كارته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، داڵده‌دانی ئه‌نفالچی و به‌عسییه‌كان و ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان هه‌یه له كوشتنی سه‌دان هه‌زار هاوڵاتی مه‌ده‌نی كورد كه له‌سه‌ر زاری كاكه‌مین نه‌جار ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه پشتڕاستكرایه‌وه، هیچ گومانێكی له تاوانێكی له‌وجۆره نه‌هێشته‌وه،(34) ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك پێشتره سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق به‌تایبه‌ت نووسه‌ری گه‌وره‌ی عێراقی حه‌سه‌ن عه‌له‌وی ئاماژه‌ی به بینینی عیزه‌ت دووری جێگری سه‌دام حسێن كردووه له هه‌رێمی كوردستان كه له‌لایه‌ن سه‌رۆكی پارتییه‌وه داڵده‌دراوه و ته‌نانه‌ت ده‌ڵێت "چاوه‌ڕوانی ئه‌وه مه‌كه كه به‌عسییه‌ك بچێته لای مسعود بارزانی و ئه‌و ڕاده‌ستی حكومه‌تی عێراقی بكاته‌وه"،(35) ئه‌مه له‌كاتێكدا زۆربه‌ی سه‌ركرده به‌عسییه‌كان به تاوانی دژ به عێراقییه‌كان و كورد تێوه‌گلاون و له لیستی داواكراوانی ئەمەریکا و عێراقدان و به‌پێی ده‌ستوریش پێویسته ڕووبه‌ڕووی یاسای ڕێشه‌كێشكردنی به‌عس ببنه‌وه. هه‌روه‌ها ده‌كرێت شكستی ئیداری و حكومڕانی پارتی له‌ماوه‌ی ده ساڵی ڕابردوو له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زه‌ق بكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت قۆرخكردنی داهاتی نه‌وت و گه‌نده‌ڵی و بڕینی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و دادگایكردنی كه‌سانی بێ‌تاوان و كوشتن و ده‌ستگیركردنی ڕۆژنامه نووسان.
زیاتر له‌وه‌ش ده‌كرێت پرسی هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ وڵاتانی بیانی دژی حزبه سیاسییه‌كانی تر بكرێته بابه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌تایبه‌ت پێشڕه‌وی سوپای توركیا له ناوچه‌كانی قه‌ڵه‌مڕه‌وی پارتی بۆ لێدانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه). ئاشكرایه په‌كه‌كه (كه وه‌ك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی له لیستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمەریکا ناوی هاتووه) و بووه‌ته جێگه‌ی سه‌رئێشه و نیگه‌رانی بۆ خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پاساوی داوه به توركیا بۆ ئه‌وه‌ی پێشێلی سه‌روه‌ری خاكی كوردستان بكات، به‌ڵام هێشتا ڕێگه‌دان به بوونی باره‌گا و بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌و وڵاته كه دژی كورد زیانێكی گه‌وره‌یه بۆ خزمه‌تكردن به پرسی كورد. بۆیه له‌ئێستادا پەکەکە پارتی تۆمەتبارده‌كات بە هاوكاریكردنی تورکیا و دژایه‌تی هەوڵەکانی پێشمەرگەی ئه‌و حزبه ده‌كات بۆ بڵاوەپێکردن و گەمارۆدانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.(36) تەنانەت به‌پێ توێژینه‌وه‌یه‌ك كه له دامه‌زراوه‌ی جه‌یمس تاون فاونده‌یشن له ساڵی 2008 بڵاوكراوه‌ته‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی و توركیا بۆ ساڵانێكی زۆر پێش ئێستا ده‌گه‌رێته‌وه. هه‌روه‌ك گارێس جێنكینس (Gareth Jenkins) ده‌ڵێت له "ساڵانی 1990كاندا توركیا هاوپەیمانییەکی نافەرمی لەگەڵ بارزانیدا دامەزراند، له سایەی ئه‌و هاوپه‌یمانییەدا پێشمەرگەی پارتی وەک چاوساغی سه‌ربازانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە پەکەکەدا خزمەتیاند ەکرد، تەنانەت لە هه‌ندێك کاتیش‌دا شانبەشانی سەربازانی تورکیا شەڕیان دەکرد. لەبەرامبەریشدا تورکیا ئەو چەک و پێداویستییه سه‌ربازیانەی بە پارتی دیموکراتی کوردستان ده‌دا کە لە هەڵکوتانە سەر بنکە و باره‌گاکانی پەکەکە لە باکووری عێراق ده‌ستی به‌سه‌ردا ده‌گیرا".(37) سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش له‌م دواییانه وه‌زیری ناوخۆی توركیا سولەیمان سۆیلو ڕایگەیاند، کە تورکیا بنکەیەکی سەربازی لە مێتینا، کە ناوچەیەکی شاخاوی نزیک لە سنووری تورکیایە لە کوردستانی عێراق دروستدەکات.(38) هه‌موو ئه‌مانه كه‌ره‌سته‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنن دژ به‌و حزبه كه تائێستا خاوه‌ن زۆرترین كورسی په‌رله‌مانه له هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی عێراقیش له‌ناو حزبه كوردییه‌كاندا.
ده‌كرێت هه‌مان ئارگۆمێنت به‌نیسبه‌ت پارتیه‌وه ڕاست بێت به‌رامبه‌ر به یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌تایبه‌ت كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان پێیوایه كه یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه،(39) له‌كاتێكدا ئه‌و وڵاته به‌هه‌مان شێوه‌ی توركیا دژی پرسه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورده و ته‌نانه‌ت بۆردومانی سنوره‌كانی هه‌رێم كوردستان و قوڵای خاكی كوردستان ده‌كات بۆ به ئامانج گرتنی حزبه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له هه‌رێمی كوردستان بنكه و باره‌گایان هه‌یه.(40) گرنگتر له‌وه‌ش له‌ده‌ستدانی ناوچه جێناكۆكه‌كان دوای شكستی ڕیفراندۆم كه پارتی و لایه‌نگره‌كانی به خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی ده‌بینن، به‌تایبه‌تی كاتێك بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان چه‌ند به‌رپرسێكی ناو یه‌كێتی تۆمه‌تباركرد و ڕایگه‌یاند ئه‌وه‌ی كردیان موئامه‌ره‌بوو دژی خه‌ڵكی كوردستان(41) و پێیانوایه كاتێك پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتی میحوه‌ره‌كانی خۆیان له كه‌ركوك چۆڵكرد، نه‌ك هه‌ر شاره‌كه، به‌ڵكو كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی ناوچه جێناكۆكه‌كانی تریش له شه‌نگال و مه‌خمور و ده‌شتی نه‌ینه‌وه هه‌بوو، هه‌روه‌ها هۆكاری كشانه‌وه‌ی ئه‌وانیش له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ بۆ دووركه‌وتنه‌وه بووه له ئه‌گه‌ری دروستبوونی شه‌ڕی ناوخۆی و دابه‌شبوونی هه‌رێمی كوردستان.(42) ئه‌م بۆچوونه‌ش ته‌نها لای پارتییه‌كان به‌دیناكرێت، به‌ڵكو به‌شێك له ئۆپۆزسیۆن به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ی نوێ وه‌ك جوڵانه‌وه‌یه‌كی سیاسی تازه هه‌مان بۆچوونی هه‌یه و پارتی و یه‌كێتی به شكستی ڕیفراندۆم و له‌ده‌ستدانی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌زانێت.
ڕه‌نگه بوترێت موماره‌سه‌كردنی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی نه‌رێنی به‌رامبه‌ر به‌یه‌كتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاشته‌وای كۆمه‌ڵایه‌تی و سه‌قامگیری سیاسی ده‌بێت له هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام له ڕاستیدا كاریگه‌رییه‌كی ئه‌وتۆی نابێت، یاخود كاریگه‌ریه‌كی كورتمه‌ودای ده‌بێت، چونكه كه‌شی هه‌ڵبژاردن هه‌میشه جۆرێك له تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه كه ناكرێت ئاسایی و چاوپۆشی له شكست و هه‌ڵه‌ی ڕابردووی حزبه سیاسییه‌كان بكرێت. به‌ڵام دواجار كاریگه‌ری له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسیه‌كانی یه‌كتر نابێت و دۆخی دوای هه‌ڵبژاردن لایه‌نه‌كان ناچارده‌كات پێكه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا كاربكه‌ن.
ده‌ره‌نجام
هه‌ڵبژاردن و هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردن به په‌ره‌سه‌ندنی به‌رچاودا تێپه‌ڕیوه و به قۆناغه‌كانی پێش مۆدێنه و مۆدێرنه و پۆست مۆدێرنه پۆلێنكراون. به‌گشتی ئامانجی سه‌ره‌كی گۆڕینی بۆچوونی ده‌نگده‌ره به ئاڕاسته‌ی ده‌نگدان به حزب و چه‌ند كاندیدێكی دیاریكراو. ئه‌گه‌ر له ڕابردوودا ده‌نگده‌ر له‌سه‌ر بنه‌مای په‌یوه‌ستی ئایدۆلۆجی و ئایینی و نه‌ته‌وه‌ی ده‌نگی دابێت ئه‌وا له ئێستادا له وڵاتانی دیموكراسی پرس گه‌لێكی تری وه‌ك په‌ره‌وه‌رده و ئابووری و به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی به گشتی پاڵنه‌ری ده‌نگده‌ره. هه‌روه‌ها له ئێستادا گۆڕانكارییه‌كان به‌جۆرێكه كه بووه‌ته‌هۆی دووركه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵگ به‌گشتی و چینی گه‌نج له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامێتی حزبه سیاسییه‌كان، ڕه‌نگه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانیش په‌ره‌سه‌ندنی ته‌كنۆلۆجیا و ئامڕازه‌كانی په‌یوه‌ندیكردن بێت كه وایكردووه فۆرمه تقلیدیه‌كه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن كاڵ ببێته‌وه.
ڕێكخستنی هه‌ڵمه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانیش له‌سه‌ر تێمێكی حزبی و سیاسی و ته‌كنیكی و پرۆفیشناڵ وه‌ستاوه كه له‌ئێستادا كه‌سانی خۆبه‌خش له وڵاتانی دیموكراسی ڕۆڵی گه‌وره‌ی تیاده‌بینن. تاكتیك و میكانیزمه‌كانی گه‌یشتن به ده‌نگده‌ریش زۆر و جۆراوجۆن كه له چه‌ند تاكتیكێكی وه‌ك گه‌یشتن به ده‌نگده‌ر له‌رێگه‌ی هه‌ڵمه‌تی ده‌رگا به ده‌رگا و ناردنی پۆست و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و ته‌نانه‌ت ناردنی نامه‌ی مۆبایل بۆ ده‌نگده‌ر چڕبوونه‌ته‌وه. هه‌ریه‌ك له‌و میكانیزمانه به ئاستی جیاواز كاریگه‌رییان له‌سه‌ر به‌رزكردنه‌وه‌ی ڕێژه‌ی ده‌نگدان و ڕاكێشانی ده‌نگی ده‌نگده‌ر هه‌یه، به‌ڵام كاریگه‌رترینیان هه‌ڵمه‌تی ده‌رگا به ده‌رگا و په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و ناردنی مۆبایله.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی جێگه‌ی گرنگی پێدانه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا جۆری ئه‌و په‌یامه یان جۆری ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یه كه كاندید و حزبه سیاسییه‌كان ده‌یگرنه به‌ر. به‌گشتی دووجۆر هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن هه‌یه كه هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی ئه‌رێنی و هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی نه‌رێنییە. ئاشكرایه جۆری یه‌كه‌م خۆی له دووركه‌وتنه‌وه له ناوزڕاندن و هێرش بۆ سه‌ر لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌بێنێته‌وه، ئه‌مه له‌كاتێكدا هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی نه‌رێنی كه باشترین جۆری هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن داده‌نرێت خۆی له هێرشی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر حزب و كاندیده‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌بێنێته‌وه. ئه‌مه‌ش له هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵمه‌تێكی موماره‌سه‌كراوه و كاریگه‌ری به‌رچاوی له‌سه‌ر ڕاوبۆچوونی ده‌نگده‌ر ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌كان
1) Norris, P. (2004). The evolution of election campaigns: Eroding political engagement. Cambridge: Harvard University.
2) Norris, P. (2004).
3) Karlsen, Rune. "Does new media technology drive election campaign change?." Information Polity 15, no. 3 (2010): 215-225.
4) Eckert, V. T. A. (2014). Campaign Handbook A users guide to campaigning.
5) In Changing U.S. Electorate, Race and Education Remain Stark Dividing Lines, Pew Research Center, JUNE 2, 2020, https://www.pewresearch.org/politics/2020/06/02/in-changing-u-s-electorate-race-and-education-remain-stark-dividing-lines/
6) ALEC TYSON AND SHIVA MANIAM, Behind Trumps victory: Divisions by race, gender, education, NOVEMBER 9, 2016, Pew Research Center, https://www.pewresearch.org/fact-tank/2016/11/09/behind-trumps-victory-divisions-by-race-gender-education/
7) Latimer, M. K. (1987). The Floating Voter and the Media. Journalism Quarterly, 64(4), 805–819. https://doi.org/10.1177/107769908706400419
8) Paul F. Lazarsfeld, Bernard Berelson, Hazel Gaudet. Duell, Sloan & Pearce. (1944). The People's Choice. How the voter makes up his mind in a presidential campaign. Columbia University (NY).
9) Campbell, A., Converse, P. E., Miller, W. E., & Stokes, D. E. (1980). The american voter. University of Chicago Press.
10) Campbell, A., Converse, P. E., Miller, W. E., & Stokes, D. E. (1980).
11) Roberts, K. M., & Wibbels, E. (1999). Party systems and electoral volatility in Latin America: a test of economic, institutional, and structural explanations. American Political Science Review, 93(3), 575-590.
12) Geers, S. (2017). Informed floating voters?: The impact of media on electoral volatility. Universiteit van Amsterdam.
13) Dalton, R. J. (1984). Cognitive mobilization and partisan dealignment in advanced industrial democracies. The Journal of Politics, 46(1), 264-284.
14) Dalton, R. J. (1984).
15) Kuhn, U. (2009). Stability and change in party preference. Swiss Political Science Review, 15(3), 463-494.
16) Söderlund, P. (2008). Retrospective voting and electoral volatility: A Nordic perspective. Scandinavian Political Studies, 31(2), 217-240.
17) Lachat, R. (2007). A Heterogeneous Electorate: Political sophistication, predisposition strength, and the voting decision process (Vol. 7). Baden-Baden: Nomos.
18) Dalton, R. J., & Weldon, S. A. (2005). Public images of political parties: A necessary evil?. West European Politics, 28(5), 931-951.
19) Carter, E., Farrell, D. M., LeDuc, L., Niemi, R. G., & Norris, P. (2010). Comparing democracies 3: Elections and voting in the 21st century. London, UK: Sage Publications.
20) Mendelsohn, M. (1996). The media and interpersonal communications: The priming of issues, leaders, and party identification. The Journal of Politics, 58(1), 112-125.
21) Geers, S. (2017).
22) Boyd, R. W. (1986). Electoral change and the floating voter: The Reagan elections. Political Behavior, 8(3), 230-244.
23) Key, J. V. (2013). The responsible electorate. Harvard University Press.
24) Natchez, P. B., & Bupp, I. C. (1968). Candidates, issues, and voters. Public Policy, 17, 409-437.
25) Bartels, L. M. (2006). Priming and persuasion in presidential campaigns. Capturing campaign effects, 1, 78-114.
26) Dale A, Strauss A. 2009. Don't forget to vote: text message reminders as a mobilization tool. Am. J. Polit. Sci. 53:787–804.
27) Malhotra N, Michelson MR, Rogers T, Valenzuela AA. 2011. Text messages as mobilization tools: the conditional effect of habitual voting and election salience. Am. Polit. Res. 39:664–81.
28) Dale, A., & Strauss, A. (2009).
29) Jacobson, G. C. (2015). How do campaigns matter?. Annual Review of Political Science, 18, 31-47. https://doi.org/10.1146/annurev-polisci-072012-113556
30) Fowler, E. F., & Ridout, T. N. (2013, February). Negative, angry, and ubiquitous: Political advertising in 2012. In The Forum (Vol. 10, No. 4, pp. 51-61). De Gruyter.
31) Ansolabehere, S., Iyengar, S., Simon, A., & Valentino, N. (1994). Does attack advertising demobilize the electorate?. American political science review, 88(4), 829-838.
32) Lau, R. R., Sigelman, L., & Rovner, I. B. (2007). The effects of negative political campaigns: A meta-analytic reassessment. The Journal of Politics, 69(4), 1176-1209. (also see) Lau, R. R., Sigelman, L., Heldman, C., & Babbitt, P. (1999). The effects of negative political advertisements: A meta-analytic assessment. American Political Science Review, 93(4), 851-875.
33) Crisis Group, Winning the Post-ISIS Battle for Iraq in Sinjar, 20 FEBRUARY 2018, available at: https://www.crisisgroup.org/middle-east-north-africa/gulf-and-arabian-peninsula/iraq/55-settling-iraqi-kurdistans-boundaries-will-help-defuse-post-referendum-tensions
34) کاکەمین نەجار دان بەوەدا دەنێت کە ئەوانەی تاوانی ئەنفالیان ئەنجامداوە لە هەولێرن و لەبن باڵی پارتیدان، ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان، ( 22/09/2021)، له سایتی: https://www.gksat.tv/details.aspx?jimare=123509 یان له لینكی: https://www.youtube.com/watch?v=9TK6_RJ19OA&t=104s
35) حەسەن عەلەوی : عزەت دوری و زۆرێك لەبەعسییەكان لەهەولێرن، ته‌له‌فزیۆنی گه‌لی كوردستان، ( 24/09/2021)، له سایتی: https://www.gksat.tv/details.aspx?jimare=123586 یان https://www.youtube.com/watch?v=KlzipO_RsF0&t=48s
36) Mahmut Bozarslan, Deadly attacks stoke KDP-PKK tensions in Iraqi Kurdistan, June 16, 2021 al-monitor, AVAILABLE AT: https://www.al-monitor.com/originals/2021/06/deadly-attacks-stoke-kdp-pkk-tensions-iraqi-kurdistan#ixzz77bg29QfX
37) Jenkins, G. (2008). Unwelcome Guests: The Turkish Military Bases in Northern Iraq.". Terrorism Monitor, 6(6).
38) Amberin Zaman, Turkey to establish new military base in Iraqi Kurdistan, April 30, 2021, al-monitor, AVAILABLE AT: https://www.al-monitor.com/originals/2021/04/turkey-establish-new-military-base-iraqi-kurdistan#ixzz77be3e6FQ
39) HEVIDAR AHMED, PUK: Iran Intervened to Preserve Calm after Kurdistan Poll Results, Rudaw, 16-10-2013, available at: https://www.rudaw.net/english/kurdistan/161020131-amp
40) Reuters, Iran attacks Iranian Kurdish opposition group base in Iraq, SEPTEMBER 8, 2018, AVAILABLE AT: https://www.reuters.com/article/us-