د. له‌تیف تاس
وه‌رگێڕان: هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه
سه‌رچاوه: ئۆپن دیموكراسی
پێشه‌كى
داگیركارى توركیا زۆر ئاشكرایه. ده‌سه‌ڵاتدارانى تورك
ئه‌مه به ئاشكرا ده‌كه‌ن، له‌به‌رچاوى هه‌موو جیهان په‌لامارى ڕۆژئاواى كوردستان
ده‌ده‌ن. چۆن ئه‌مه ڕووده‌دات؟
له‌دواى چه‌مكى تیرۆریزم، ئێستا ستراتیجى ناوچه‌ى ئارام،
یان " ناوچه‌ى ئاسایش" ڕه‌نگڕێژى خواستى فراوانخوازیی و سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى
وڵاتانى داگیركه‌ر ده‌كات. ئێمه له سێ ده‌یه‌ى ڕابردوودا بینیمان چۆن پرسی تیرۆریزم
چووه خزمه‌تى ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌یی و وڵاتانى زلهێزه‌وه و زۆر به باشیش لێی سوودمه‌ند
بوون. ئه‌م ستراتیجه نوێیه "ناوچه‌ى ئارام" پێشبینى ده‌كرێت بۆ هه‌مان
مه‌به‌ست سوودى لێ وه‌ربگیرێت.
له ئێستادا ده‌وڵه‌ته به‌هێزه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان
له پێناو فراوان كردنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و زیادكردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆیان له‌سه‌ر
حسابی لاوازه‌كان، شوێنى هه‌مان ستراتیج كه‌وتوون. بۆ نموونه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى
ئه‌مەریكا له‌سه‌ر حسابی مه‌كسیك، هند له‌سه‌ر حسابی كشمیر، ئه‌وروپا له دژى باكوورى
ئه‌فریقا، عه‌ره‌بستانى سعودیی له دژى یه‌مه‌ن، ڕووسیا له دژى ئۆكرانیا، چین له‌دژى
هۆنگ كۆنگ، به‌هه‌مان شێوه توركیا له ئێستادا شوێنى هه‌مان ستراتیج كه‌وتووه لدژى
كورد له سوریا و شوێنه‌كانى تر. ئه‌م ستراتیجه نوێیه "ناوچه‌ى ئارام"
ته‌نها ناوێكى نوێیه بۆ شێوازه كۆنه‌كه‌ى داگیركارى، كه‌وا به‌رده‌وامی ده‌دات به
ڕێگه‌دان به به‌رژه‌وه‌ندییه بهرتهسكهكانى هه‌ندێك نه‌ته‌وه له‌سه‌ر حسابی ئه‌وانی
تر.
سته‌مكاری سه‌ده‌ى بیست به‌رده‌وامى هه‌یه
سه‌ده‌ى بیست سه‌ده‌ى كۆمه‌ڵكوژى و جینۆساید بوو. چه‌ندین
تاوانى مه‌ترسیدار دژى مرۆڤایه‌تى ڕوویاندا. توركیا به ته‌نها خۆى، لایه‌نى كه‌م دووجار
كۆمه‌ڵكوژى ئه‌نجامداوه، جارێك دژى ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ساڵى 1915دا، جارێك دژى عه‌له‌ویی
و كورده‌كان له ساڵى 1937 و 1938دا. سته‌مكارى سه‌ده‌ى بیست به‌رده‌وامی هه‌یه. تاوان
و سته‌مكارى له دژى پێكهاته بچووك و لاوازه‌كانى ناو ده‌وڵه‌ت، داگیركارى و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن
كۆتایی نه‌هاتوون. ڕژێمه سه‌ركوتكاره‌كان و پاساو و میتۆد و حوكمڕانییه بێ به‌هاكانیان،
ته‌نها شێوه‌یه‌كى جیاوازترى وه‌رگرتووه.
له‌به‌رئه‌وه‌ى كه هه‌ندێك سیاسه‌تمه‌دار و چالاكوانانى
بوارى زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان قسه ده‌كه‌ن له‌سه‌ر جیهانى دواى كۆڵۆنیالیست-داگیركارى،
ئه‌مه ماناى وانییه ئێمه سه‌رده‌مى داگیركاریمان تێپه‌ڕاندووه. زۆرێك له زانایانى
بوارى زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان كه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كار ده‌كه‌ن تا ڕاده‌یه‌كى
زۆر خۆیان به داگیركارى و ئیمپریالیزمى ڕۆژئاواوه سه‌رقاڵكردووه، به‌ڵام دهستدرێژكارییه
ناوخۆییه‌كانیان پشتگوێ خستووه، كه زۆر وێرانكهرترن له موماره‌سه ڕۆژئاواییه‌كان.
داگیركاره ناوخۆییه‌كان زۆر به زیره‌كانه ئه‌نجام
ده‌درێن، به ناوى زۆر قێزه‌ون و فۆڕمى ناشیرینه‌وه. داگیركارى عوسمانى و موماره‌سه‌ى
كۆیلایه‌تى له سێ کیشوەری جیاوازدا بڵاوبووەوە و چه‌ندین كه‌مینه‌ى جیاواز جیاوازى
گرته‌وه. توركیا ئه‌م شێوازه‌ى بۆماوه‌ته‌وه. له‌ژێر ناوى ئۆپه‌راسیۆنى ئاشتى و توركایهتیی،
توركه‌كان خاكى كوردستانیان داگیركرد و خەڵكەکەیان خسته ژێر ده‌سه‌ڵاتى خۆیان بۆ نزیكه‌ى
زیاتر له‌یه‌ك سه‌ده، له‌گه‌ڵ به‌شێك له قوبرس له‌ساڵى 1974دا. تاوه‌كو ئێستاش حوكمى
ده‌كه‌ن و كه‌سیش نییه بوێرى ئەوەی هەبێت توركیا له‌و ناوچه‌یه ده‌ربكات. باكوورى
قوبرس بووه به په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئابوورى ڕه‌ش بۆ توركیا. هاوشێوه‌ى توركیا، چه‌ندین
ده‌وڵه‌تى تر‌ى مشه‌خۆر، كه مانه‌وه و داهات و سامانیان له‌سه‌ر تاڵان كردنى سه‌روه‌ت
و سامانى ئه‌وانی تره، به‌رده‌وامن له داگیركارى. گه‌شت و سوڕی داگیركارى به‌رده‌وامی
ده‌بێت تا گرووپێكى دیاریكراو سه‌روه‌ت و سامانه‌كه‌ى له‌سه‌ر حساب و ژیانى گرووپێكى
تر به‌ده‌ستبهێنێت.
توركیا و ده‌وڵه‌تى ئیسلامى-داعش و كورد
له‌نێوان ساڵانى 2011 بۆ 2016، توركیا به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ
له جموجۆڵهكانیدا هاوكارى داعش و گرووپه جیهادییه‌كانى له‌دژى كورد كردووه، نه‌وتى
هه‌رزانى لێ كڕیون له به‌رامبه‌ر كه‌ره‌سته‌ى سه‌ربازیدا. خه‌ڵكى كوردى مه‌ده‌نى له
عه‌فرین، دووباره له‌ژێر ناوى ئۆپه‌راسیۆنى "چڵه زه‌یتون" كوژراون و ماڵ
و حاڵیان تاڵانكرا له‌سه‌ره‌تاى 2018دا. ته‌نها له‌ڕووى جه‌سته‌یی و ئابوورییه‌وه
توركیا كوردى له‌ناو نه‌بردووه، به‌ڵكو خاكه‌كه‌شى وێران كرد. ملیۆنان نه‌مام و داری
زه‌یتوون بڕانه‌وه و له‌پێناو سوودى توركیادا فرۆشران، ئه‌و زه‌وییه به‌پیته گهشیتارییهى
عه‌فرین تاڕاده‌یه‌كى زۆر بوو به بیابان.
ئه‌مه ماناى ئه‌وه‌یه داگیركه‌ران به ته‌نها ژیانى
مرۆڤ له‌ناو نابه‌ن، به‌ڵكو نیشتمانه سروشتییهكاشیان وێران ده‌كه‌ن. كاتێك داگیركه‌ران
تامى سوود و قازانجه‌كانى داگیركارى ده‌كه‌ن و له‌م لاشه‌وه جیهان به‌بێ ده‌نگى ده‌مێنێته‌وه
و ته‌ماشاكه‌ره و ڕێگەدەددات ئه‌مه ڕووبدات، دواجار كرده‌ى وێرانكارى ده‌بێت به
نه‌ریت و نه‌ریته‌كانیش ئاسایی ده‌بنه‌وه. كێشه‌ى داگیركارى ئه‌وه‌یه كه نه‌ته‌وه‌ى
ته‌مه‌ڵ و مشه‌خۆر و به ته‌واوه‌تى پاشكۆ له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانى تر دروست ده‌كات.
ته‌نها ساڵێك دواتر‌و نزیكه‌ى دوو هه‌فته به‌ر له
ئێستا، توركیا جاریكى تر ویستى سنوره‌كانى خۆى له‌سه‌ر حسابی كورد بۆ گهشاندنهوهى
ئابوورییه تێشكاوهكهی و وروژاندنى هه‌ستى خه‌ڵكه‌كه‌ى فراوان بكات. ناوێكى زۆر ئاشتیانه‌ى
بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ى هه‌ڵبژارد ئه‌ویش ناوى " كانى ئاشتى" بوو. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ش
هاوشێوه‌ى ئۆپه‌راسیۆنه‌كانى تر‌ى توركیا ته‌نها كوشتن و بڕین و خوێنڕشتن و نه‌هامه‌تى
بۆ كورد پێ‌بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گهشانهوهیهكى ئابووری كاتییه بۆ ئابوورى توركیا
و خه‌ڵكه‌كه‌ى. سه‌دان خه‌ڵكى بێ‌تاوان گیانیان له‌ده‌ستدا، سه‌دان هه‌زار خه‌ڵك ماڵ
و حاڵى خۆیان له‌ده‌ستدا، به‌ڵام ئه‌م ڕێژه‌یه له قوربانى ته‌نها بوو به مایه‌ى
خۆشی و شادى بۆ ڕایگشتى توركیا. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا، زیاتر له په‌نجا هه‌زار
خه‌ڵكى كورد له‌ساڵى 1984ه‌وه كوژراون، ملیۆنان كورد به‌هۆى ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به‌ناو
ئاشتیانه‌ى توركیاوه خاكى باوک و باپیرانیان جێهێشتووه و له‌پێناو پاراستنى ئاسایشى
نیشتمانى توركیا.
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ى كه له شێوازى داگیركارى كۆندا بوونى
هه‌بوو، جۆرێك له شێوازى به‌كرێگیراویی به‌هه‌مان شێوه به‌رده‌وامی هه‌یه. توركیا
بۆ چه‌ندین ده‌یه‌یه پاسه‌وانى گونده كوردییه‌كان دژى كورد به‌كارده‌هێنێت له توركیا.
له‌و كاته‌وه‌ى كه جه‌نگى سوریا دهستىپێكردووه، توركیا ڕاهێنان به ئه‌ندامانى ئه‌لقاعیده
و داعش و دز و جه‌رده‌كان ده‌كات و چه‌كیان پێده‌دات. زۆرێك له‌مانه له‌نێو په‌نابه‌رانى سوریدا دیاریكراون،
كه ناچاركراون بچنه پاڵ ده‌وڵه‌تى تورك، له‌پێناو سیاسه‌ته داگیركارهكانى ئێستایدا
له خاكى كورده‌كاندا له‌دژى خه‌ڵكى كوردستان ده‌جه‌نگن.
داگیركارى توركیا شتێكى شاراوه نییه، به‌رپرسانى
توركیا ئه‌م داگیركارییه به ئاشكرا و به به‌رچاوى هه‌موو جیهانه‌وه ئه‌نجام ده‌ده‌ن.
ئێستا سورییه‌كان له‌پێناو توركیادا سووریی ده‌كوژن، هه‌ر وه‌كوو چۆن پاسه‌وانى گونده‌كانى
توركیا بۆماوه‌یه‌كى زۆر كورده‌كانیان له‌پێناو توركیادا ده‌كوشت. ئه‌مه داهێنانێكى
نوێ نییه. عوسمانییه‌كان هێزی چه‌كدارى دڕنده‌یان (جانیسهریس) له گرووپی كه‌مینه‌كان
دروستكرد، به‌تایبه‌تى له‌نێو مه‌سیحییه ڕفێنراوه‌كاندا، كه ده‌ستگیركرابوون و به‌زۆر
ناچار ده‌كران بچنه ڕیزى سوپاى عوسمانییه‌وه. خێزانى ئه‌م خه‌ڵكه ڕفێنراوانه كوژران،
خاكه‌كه‌یان داگیركرا، كوڕه گه‌نجه‌كانیان ناچاركران ئایینى خۆیان بگۆڕن بۆ ئاینى
ئیسلام، كچه‌كانیان كران به كه‌نیزه‌ك بۆ جه‌نه‌ڕاڵ و سوڵتانه‌كانى عوسمانى. له‌دواى
مهشقێكى سه‌ربازى دوورودرێژ ئه‌م كوڕانه بوون به بكوژى بێبه‌زه‌یی و ڕه‌وانه‌ى سنوره‌كانى
ده‌وڵه‌تى عوسمانى كران بۆ ئه‌وه‌ى ببن به پاسه‌وانى سنوره‌كان و ئه‌گه‌ر پێویستیش
بكات نزیكه‌كانى خۆیان بكوژن له‌پێناو ده‌وڵه‌تدا. سوپاى سوریاى ئازاد هیچ جیاوازییه‌كى
ئه‌وتۆى نییه له‌گه‌ڵ جانیسهریس (ئه‌و سوپایه‌ى كه ده‌وڵه‌تى عوسمانى له كوڕه
گه‌نجه مه‌سیحییه‌كان دروستى كردبوو). ئه‌وانیش ئاماده‌كراون بۆ كوشتنى دراوسێ و نزیكه‌كانى
خۆیان به‌ناوى جیهاده‌وه. به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌و جیهاده خزمه‌تى هیچ كه‌سێك ناكات
جگه له له‌ده‌وڵه‌تى توركیا. ئه‌ردۆگان له‌كاتى دوایین ئۆپه‌راسیۆنیدا له دژى كورد
تویتێكى به‌م ناونیشانه كرد: "من ناوچه‌وانى هه‌موو سه‌ربازه قاره‌مانه‌كانى
سوپاى موحه‌مه‌د ماچ ده‌كه‌م"، ئه‌وانه‌ى كه‌وا چوونه نێو خاكى سوریاوه و خاكى
كوردی‌یان داگیركرد.
په‌رتیان بكه و به‌سه‌ریاندا زاڵبه
ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان بەشێوەیەکی ئاسایی سه‌رباز و
سه‌رچاوه‌ى خۆیان به‌كارناهێنن له جه‌نگه‌كاندا له‌دژى ئه‌وانی تر. به‌ریتانیا هندییهكانى
له‌دژى هندییه‌كان به‌كارده‌هێنا، عه‌ره‌بی له‌دژى عه‌ره‌به‌كان به‌كارده‌هێنا، ئه‌فریقاییه باشورییهكانى له‌دژى
ئه‌فریقاییه باشورییه‌كان به‌كارده‌هێنا. فه‌ڕه‌نسا هه‌مان شتى كرد له باكوورى
ئه‌فریقا، ئیسپانیا و پرتوگال به هه‌مان تاكتیك ئیمپراتۆرییه‌تیان دروستكرد و فه‌رمانڕه‌وایی
خاكێكى به‌رفراونیان ده‌كرد و سه‌رچاوه و داهاتی خه‌ڵكه‌كه‌شیان ده‌دزى. ئه‌مڕۆ هه‌مان
میتۆد به‌رده‌وامى هه‌یه. عه‌ره‌بستانى سعودییه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا یه‌مه‌نییه‌كان
دژى یه‌مه‌نییه‌كان به‌كارده‌هێنێت، ئێران شوێنى هه‌مان ستراتیج كه‌وتووه، له‌پێناو
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیدا هه‌ندێك له یه‌مه‌نییه‌كان به‌كارده‌هێنێت بۆ ئه‌وه‌ى
یهمهنییهكانى تر بكوژن. ئه‌فغانییه‌كان له‌ساڵانى 1980كاندا له‌پێناو ڕووسیا له
ئه‌فغانییه‌كانیان ده‌كوشت، له‌م ساڵانه‌ى دواییشدا به هه‌مان شێوه، ئه‌فغانییه‌كان
خوێنى ئه‌فغانییه‌كان ده‌ڕژن له‌پێناو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مەریكادا.
لیبیاییه‌كان له‌پێناو ئه‌وانی تردا لیبیاییه‌كان ده‌كوژن.
ئیرله‌ندییه‌كان له‌پێناو بهژهوهندییهكانى به‌ریتانیادا دابه‌شكران و بۆ سه‌دان
ساڵ یه‌كترییان كوشت. ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆش، ئه‌وان له‌ڕووى سیاسییه‌وه شه‌ڕى یه‌كترى
ده‌كه‌ن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندى به‌ریتانیا له‌قۆناغى برێكزیتدا. توركیا له‌سه‌ره‌تادا
داعشى له‌دژى كورد به‌كارده‌هێنا. دواى ئه‌وه‌ى كورد توانى داعش له‌ناوبه‌رێت، توركیا پاشماوه‌كانى داعشی له‌گه‌ڵ سوریی و بكوژه توركه‌كاندا
تێكهڵكردوووه ناوی لێنان "سوپای سوریای نیشتیمانى" سوپای ئازاد، جارێكى تر به‌كاریان ده‌هێنێت له‌دژى كورد.
له‌جیهانى ئاژه‌ڵاندا،
ئاژه‌ڵه بچوكه‌كان ته‌نها ژه‌مه خۆراكى ئاژه‌ڵه به‌هێز و گه‌وره‌كانن. هه‌مان شت
ڕاسته بۆ په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش، له په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیشدا،
ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان داگیرده‌كه‌ن، ته‌نانه‌ت ئه‌م هاوكێشه‌یه
بۆ ناوخۆی ده‌وڵه‌تانیش ڕاسته له‌نێوان دامه‌زراوه‌كان یان مرۆڤه‌كاندا، له‌ناوخۆى
ده‌وڵه‌تاندا، مرۆڤه دڕنده و بێ به‌زه‌ییه‌كان هاوشێوه‌ى ده‌وڵه‌تان، داگیركه‌رانه
مامه‌ڵه ده‌كه‌ن. ئه‌مه به‌ته‌نها كێشه‌ى ڕاستڕه‌وه پهڕگیرهكان و كه‌سانى ئایینى
توندڕه‌و سیاسه‌ته وێرانكارییهكانیان نییه، به‌ڵكو زۆرێك له چه‌په‌كان و سۆسیالیسته‌كانیش
خۆیان به سه‌ربازى سه‌ركوتكاران ده‌زانن، ئه‌مه‌ش له كه‌یسى ستالین و مایۆزیمدا به‌ڕوونى
ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌موو ئه‌مانه، تاوان و كۆمه‌ڵكوژى له‌بیرنه‌كراویان ئه‌نجامداوه،
له‌وانه‌ش نازییه‌كان و سهدامهكان، هه‌موو ئه‌مانه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌كرد
كه به جۆرێك له جۆره‌كان سۆسیالیستن.
كورده‌كانى سوریا و خیانه‌تكردن لێیان
كورده‌كانى سوریا پێویست بوو بجه‌نگن و ده‌یان هه‌زار
قوربانیان داوه له‌دژى داعش بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م فه‌زا ئارام و قه‌واره سیاسییه دروستبكه‌ن،
كه ئێستا هه‌یه بۆ خه‌ڵكى كوردى به‌ش مه‌ینه‌ت. كورده‌كانى سوریا له‌دژى ڕ‌ژێمى ئه‌سه‌د
وه‌ستانه‌وه پێش ئه‌وه‌ى هیچ گرووپێكى تر‌ى ئۆپۆزسیۆن له سوریادا دروستبێت. ئه‌وان
هه‌میشه و ئێستاش له خراپترین دۆخدابوون به به‌راورد به‌و 40 ملیۆن كورده‌ى تر‌ى
ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه ژیان له چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كانى عێراق و ئێران و توركیادا به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
سه‌دان هه‌زار كوردى سوریا خاوه‌نى هیچ ناسنامه‌یه‌ك
نه‌بوون تاوه‌كو ساڵى 2011، تا ئه‌و كاته‌ى سوریا ڕووبه‌ڕووى نائارامى بووه‌وه. له‌ساڵى
1961دا له‌لایه‌ن ڕ‌ژێمى سوریاوه ناسنامه‌یان لێسه‌ندرایه‌وه، نهخاوهنى پاسپۆرتن،
نه ده‌یانتوانى خانویه‌ك بكڕن، نه ده‌یانتوانى گرێبه‌ستى هاوسه‌رگیرى فه‌رمیان هه‌بێت.
كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و یاساى نێوده‌وڵه‌تى چاوپۆشیان كرد له هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆ
چاره‌سه‌ركردنى بێ ده‌وڵه‌تى كورد له سوریا و بێناسنامەییان له شوێنه‌كانى تر.
كورده‌كانى سوریا كه‌سی زۆر نزیكى كورده‌كانى توركیان.
كاتێك به‌شێك له كورده‌كانى توركیا پێویست بوو له‌ده‌ستى پاشا سته‌مكاره‌كانى عوسمانى
هه‌ڵبێن كاتێك ده‌سه‌ڵاتدارانى عوسمانى هه‌ستان به ئه‌نجامدانى كۆمه‌ڵكوژى له‌دژى
ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ساڵى 1915دا، هه‌روه‌ها كاتێك حكومه‌ته یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كانى
تورك هه‌مان كاریان له‌دژى كورد و عه‌له‌وییه‌كان ئه‌نجامدا له‌ساڵى 1937-1938.
كورده‌كان دانیشتوانى ڕه‌سه‌نى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستن.
بۆ هه‌زارن ساڵه كورد له‌م خاكه‌دا نیشته‌جێن، له‌پێش تورك و سوریی و عێراقی و ئیرانییه‌وه.
ئه‌نجامدانى كرده‌وه‌ى دڕندانه و خیانه‌ت كردن له كورد مێژووییه‌كى كۆنى هه‌یه.
بۆ زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌كه كرده‌وه‌ى دڕاندانه و خیانه‌ت به‌رامبه‌ر به كورد ئه‌نجامده‌درێت
و بهنزیكەیى هه‌موو ده‌وڵه‌تانى ڕۆژئاوا له كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه‌وه لانی
كه‌م جارێك خیانه‌تیان له كورد كردووه.
خیانه‌تكردن و كۆمه‌ڵكوژى كورد بووه به كارێكى ئاشكرا
له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنى جه‌نگى دووه‌مى جیهانى، تاوه‌كو ڕۆژگارى ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامی هه‌یه.
له سه‌روبه‌ندى دڕندەییەکانی جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌مدا، له‌پێناو "ئاشتى جیهانیدا"،
سه‌رۆكى ئه‌مەریكا ویڵسن چوارده پره‌نسیپى ڕاگه‌یاند له‌سه‌ره‌تاى ساڵى 1918دا كه
ئازادى ڕه‌ها، دیموكراسی و مافى چاره‌ى خۆنوسینى بۆ كه‌مه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌خۆده‌گرت،
له‌نێوانیشیاندا كورد. هه‌روه‌ها ویڵسن په‌یمانى دا كه هێزه‌كانى جیهان سه‌ربه‌خۆیی
سیاسی و په‌كپارچه‌یی خاكى ده‌وڵه‌ته بچوك و كه‌مینه‌كان ده‌پارێزن. دوانزه بنهماكى
وێڵسن به تایبه‌تى له‌سه‌ر دوڵه‌تى عوسمانى و كورد و تورك بوو. له دوانزه بنهماكهدا
هاتووه: چاره‌نووسی ئێستاى ده‌وڵه‌تى عوسمانى ده‌بێت زامن بكرێت به سه‌روه‌رییه‌كى
پارێزراو، به‌ڵام نه‌ته‌وه‌كانى تر كه له ئێستادا له‌ژێر فه‌رمانڕوایی توركدان ده‌بێت
مافی ژیانێكى سه‌لامه‌تیان بۆ زامن بكرێت له‌گه‌ڵ ده‌رفه‌تى ئۆتۆنۆمى".
له‌دواى ئه‌م بنه‌مایانه‌ى كه له‌لایه‌ن وێڵسنهوه
ڕاگهیەنران، وڵاتانى ڕۆژئاوا په‌یمانى كوردستانێكى سه‌ربه‌خۆییاندا له‌ساڵى 1920،
به‌ڵام له‌دواى ساڵى 1923 كورده‌كان له‌لایه‌ن لۆرد كورزنى به‌ریتانیا و نوێنه‌رى فه‌ڕه‌نسا،
ئیتالیا، ئه‌مەریكا و ڕووسیا، له‌كاتى ڕێكکه‌وتننامه‌ى لۆزاندا له‌گه‌ڵ توركیا له‌به‌رامبه‌ر
نه‌وتى كه‌ركوك و موسڵ فرۆشران. دیبلۆماته توركه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌وه‌یان له وڵاتانى
ڕۆژئاوا كرد ئه‌گه‌ر بێت پشتیوانى له كورد بكه‌ن و به داواكانى تورك ڕازی نه‌بن ئه‌وا
شوێن ئایدۆلۆجیاى بهڵشهفیكى لینین ده‌كه‌ون. ئه‌وان سه‌ركه‌وتووبوون وه‌ك ڕۆژگارى
ئه‌مڕۆ. كه‌واته تۆ ئێستا ده‌توانى ئه‌وه ببینى كه هیچ شتێك نه‌گۆڕاوه له‌و كاته
به‌دواوه.
له‌دواى ئه‌وه، بلۆكى سۆڤێتى پهیمانێكى تر‌ى به كورده‌كانى
ئێران دا له‌كاتى ڕاگه‌یاندنى كۆمارى مه‌هاباد له‌ساڵى 1946دا، به‌ڵام یه‌ك ساڵ دواتر
ڕووسیا كوردى جێهێشت به‌بێ هیچ پشتیوانییه‌ك و ڕێگه‌ی دا ڕ‌ژێمى ئێران كۆماره‌كه له‌ناوبه‌رێت.
له‌ساڵى 1970كاندا، ئێران به‌ڵێنى پشتیوانى سه‌ربه‌خۆیی به كورده‌كانى عێراقدا، به‌ڵام
جارێكى تر كورده‌كان پشتیان تێكرا و ڕێگه‌درا كه هه‌زارن كورد له‌لایه‌ن سه‌دام حسێنه‌وه
بكوژرێن. سه‌دام له تاوانه‌كانى له‌دژى كورد به‌رده‌وامبوو له‌ساڵى 1988دا به به‌كارهێنانى
چه‌كى كیمیایی ڕۆژئاوا له دژى كورد، پێنج هه‌زار كوردى له هه‌ڵه‌بجه له ئازارى
1988دا كۆمه‌ڵكوژكرد.
چه‌ند ساڵێكى كه‌مى دواتر، له‌ساڵى 1991دا، ویلایه‌ته
یه‌كگرتووه‌كان داواى له كورد كرد هاوكارییان بكات بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى عێراق،
پشتیوانی کوردیشیان به‌ده‌ستهێنا. به‌ڵام دواى ماوه‌یه‌كى كه‌م، جۆرج ده‌بلیو بوش كورده‌كانى
بۆ ڕه‌حمه‌تى سه‌دام حسێن جێهێشت و جارێكى تر كورده‌كان باجێكى قورسیاندا. ته‌نها له‌دواى
2003 كورد توانى جۆرێك له ئۆتۆنۆمى به‌ده‌ستبهێنێت، كه له‌و كاته‌وه تاوه‌كو ئێستا
له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى عێراق و ئێران و توركیادایه.
زامن كردنى نه‌وت و سه‌رچاوه‌كان هه‌میشه له‌پێش مافی
كه‌مینه و پاراستنى ژیانى كه‌مینه‌كانه‌وه دێت. قورسه نه‌ته‌وه‌یه‌كى تر بدۆزیته‌وه كه تا ئێستا هێنده‌ى كورد ڕووبه‌ڕووى
سته‌م و ده‌سترێژى بووبێته‌وه، به‌ڵام توانیبێتى بمێنێته‌وه. كورد بۆ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك
هه‌میشه له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى ئابووری و سیاسی و ئه‌منیدا بووه. كورد خاوه‌نى مافه
سه‌ره‌تاییه‌كانى خۆى نییه بۆ ژیان، كه ئه‌مه‌ش دژى دروشمه‌كانى شۆڕشى فه‌ره‌نسی
و ڕێكکه‌وتننامه‌ى ڕێگریكردن له كۆمه‌ڵكوژى
(1948) ڕاگه‌یاندنى هیلنسكی-یه (1975).
خه‌ڵك ئاسانكاری بۆ شه‌ڕه‌نگێزى ده‌كات
كاتێك وڵاتێك، یان حكومه‌تێك ده‌نگى ناڕه‌زایی تێدا
نه‌بێت دژی ئه‌و حكومه‌ته، له‌ناوبردنى هه‌موو ده‌نگێكى ناڕه‌زایی و ڕه‌خنه‌گرانه،
كۆكردنه‌وه‌ى هه‌موو كۆمه‌ڵگه له‌ژێر چه‌ترى یه‌ك ڕ‌ژێمى ناسیۆنالیستى یان ئایینى،
ئه‌مه سته‌مكارێكى نوێ دروستده‌كات له‌شێوه‌ى دووپشكهیهكدا كه دواتر كاری خۆكوژى
ئه‌نجامده‌دا، سه‌ره‌تا كه‌مینه‌كان لاواز ده‌كات دواتریش به‌ناو ده‌وڵه‌ت و دانیشتوانه‌كه‌ى
خۆیدا بڵاوده‌بێته‌وه و پێیانه‌وه ده‌دات.
ئه‌گه‌ر ناڕه‌زاییه‌كى گشتى پێش ڕوودانى ئه‌و كۆمهڵكوژیانهى
له ڕۆژهه‌ڵات و باشوورى توركیا، هه‌ڵه‌بجه، بۆسنه، ڕواندا، كامبۆدیا، خاكى تامیل،
شاخى شه‌نگال دروستبوایه، ئه‌وا ئێستا قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه ترسناكانه نه‌ده‌كرد
كه دژى مرۆڤایه‌تى ئه‌نجامدراون، سه‌ده‌ى بیست و سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك به سه‌ده‌ى
كۆمه‌ڵكوژى و جینۆساید ناونهدهبران..
خه‌ڵك دروستكهرى سته‌مكاره مه‌ترسیداره‌كانن، ئه‌گه‌رچی
هه‌ندێك له توێژینه‌وه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه ئه‌م بابه‌ته ده‌بینن. زانستى كۆمه‌ڵایه‌تى
نه‌یتوانیوه له كێشه‌ى گه‌نده‌ڵى خه‌ڵك بكۆڵێته‌وه كه به شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ
به‌شداره له پێدانى ده‌سه‌ڵات به سته‌مكاره‌كان. زۆرێك له خه‌ڵكى سوودمه‌ندن له‌و
كرده‌وانه‌ى كه له‌دژى خه‌ڵكى بێ‌تاوان ئه‌نجام ده‌درێن. خه‌ڵك له‌برى ئه‌وه‌ى ببن
به فریاد ڕه‌س، پشتیوانى له سته‌مكاره‌كان ده‌كه‌ن و پشتى ئه‌وان ده‌گرن بۆ
ئەوەی ببن به سوودمه‌ندى ئه‌و تاوانانه‌ى سته‌مكاره‌كان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن.
ئاستى ڕه‌گه‌زپه‌رستى كۆمه‌ڵگه‌یی له توركیا، توركیای
كردووه به یه‌كێك له ڕه‌گه‌زپه‌رستترین وڵاته‌كانى جیهان، ئه‌م ڕه‌گه‌زپه‌رستییه
له‌م ساڵانه‌ى دواییدا زۆر توندتربووه و گه‌یشتووه به ترۆپكى خۆى. خه‌ڵكى، ته‌نانه‌ت ئه‌و خه‌ڵكه‌ى به‌ناو
خوێندهوارانهى كه هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى دكتۆران له زانكۆكانى ڕۆژئاوا، ئێستا هێرش
ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌ر كه‌سێك كه له‌دژى
هێرشی توركیا بێت بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان له‌پێناو ڕێگرتن له هه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك له‌م ڕژێمه سته‌مكارانه. ئه‌مه ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كى ڕاسته‌وخۆ، یان ناڕاسته‌وخۆ سودمه‌ندن
له‌و سیستمه، له‌وانه‌یه كه‌سانێك بن سه‌ره‌تا كه یارمه‌تییه‌كى خوێندنیان له‌م
سیستمانه وه‌رگرتووه و به‌ڵێنى زیاتریان پێدراوه كه كارێكى حكومیان پێبدرێت له
داهاتوودا.
ئه‌م دیارده‌یه دیارده‌یه‌كى تازه نییه، به‌ڵكو
له‌ڕابردووشدا بوونى هه‌بووه، موماره‌سه گه‌لێكى دووباره‌ن و ئه‌م دۆخه‌ى ئێستایان
دروستكردووه. ده‌وڵه‌ت و سیستمى په‌روه‌رده‌كه‌ى له‌سه‌ر بنه‌ماى توندڕه‌ویی ئاینى
و ناسیۆنالیزمێكى به‌هێز و وێرانكه‌ر دروستبووه،
ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ى بۆ سه‌ركرده‌ى وه‌ك ئه‌ردۆگان و خه‌ڵكى گه‌نده‌ڵ خۆشكردووه، كه پێگه
و پۆستی باڵا داگیربكه‌ن.
گه‌له تاوانباره‌كان
پشتیوانى گشتى پاڵنه‌ری سه‌ره‌كییه بۆ ده‌سه‌ڵاتى
ئه‌ردۆگان و ستایلی حوكمڕانییهكهى، كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى وه‌ها گه‌وره‌ى بۆ ئاشتى و
سه‌قامگیرى له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهان دروستكردووه. به ده‌گمه‌ن كه‌سێكى دیار،
یان گرووپێك له توركیادا له ئێستادا بوونى هه‌بێت و بتوانێت به ئاشكرا ڕه‌خنه له‌وه
بگرێت كه ده‌گوزه‌رێت. ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌سانه‌ش كه نه‌ناسراون و تویت و نامه‌ى فه‌یسبووكى
ڕه‌خنه ئامێز ده‌نێرن له‌لایه‌ن هێزه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێن و ئه‌شكه‌نجه
ده‌درێن، ئه‌گه‌ر بێت‌و پێشوه‌خته له‌لایه‌ن دراوسێكانیانه‌وه نه‌دۆزرێنه‌وه و سزا
نه‌درێن.
ڕاگه‌یاندنه‌كانى توركیا نه‌ك بێده‌نگ نین، به‌ڵكو
زۆر به شانازییه‌وه به‌شدارن له جه‌نگه‌كه‌دا، ئاهه‌نگى سه‌ركه‌وتن بۆ تاوانه‌كانى
حكومه‌تى توركیا ده‌گێڕن. هیچ دید و باسێكى ڕه‌خنه‌گرانه بوونى نییه. چیرۆكى پاڵه‌وانه
"شكخستخواردووهكه" له ته‌واوى میدیاكاندا له‌هه‌واڵ و به‌رنامه‌كانی تردا
به به‌رده‌وامى په‌خش ده‌كرێت. تاكه هۆشیاری و مه‌عریفه‌ی خه‌ڵكى تورك له‌سه‌ر ڕووداوه‌كان
له‌سه‌ر ئه‌م مێشك شۆردنه‌وه ساده و سۆزدارییه‌وه سه‌رچاوه‌ى گرتووه. خه‌ڵكێكى
زۆر ڕۆژانە کاتێکی زۆر به ته‌ماشاكردنى ئه‌م به‌رنامه ڕه‌گه‌زپه‌رست و ڕاسیزمیانە
به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
به‌گشتى هیچ دژایهتییەك له‌نێو ڕایگشتى توركیادا نابینرێت
بۆ ئه‌وه‌ى كه ڕووده‌دات. به‌شێوه‌یه‌كى گشتى خه‌ڵك خووی به‌وه‌وه گرتووه كه لایه‌نى
ده‌سه‌ڵات بگرێت. هه‌ر دژایه‌تییه‌ك له‌لایه‌ن كه‌سانى لیبڕاڵه‌وه، خۆپیشاندان و ناڕازى
گرووپێكى بچووك له ئه‌كادیمییه‌كان، به تایبه‌ت
ڕه‌خنه‌گرتن له‌لایه‌ن ئه‌ندام پهرلهمانانى كورد، ڕاسته‌وخۆ به زیندانی كردن و ده‌ركردن
له شوێنى كار و سنور بۆدانان، له‌وانه‌ش له‌سه‌ر هاتوچۆ و كاركردنى كۆتایی پێده‌هێنرێت.
ئاڵا
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنى ناسیۆنالیزم، درۆزنه پۆپۆلیسته‌كان
چی تر پێویستیان به كه‌نیسه و مزگه‌وت نییه بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك قایلبكه‌ن، وایان لێبكه‌ن
تێكسته ئایینییه‌كان بخوێننه‌وه. ئێستا پێویست نییه كتێب بخوێنیته‌وه. ته‌نها سه‌یرى
ئه‌و ئاڵایه بكه كه له چوار دهورهكهتدا هه‌یه. نا‌توانیت ئاڵاكان تێپه‌ڕێنیت،
ئاڵا وه‌ك ئه‌ندامێكى به‌هێزى كۆمه‌ڵگه جیات ده‌كاته‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ هه‌وڵێك
بۆ ئه‌وه بده‌یت. ئاڵاكان له هه‌موو شوێنێك ده‌بینى، له ڕێگاوبانه‌كان، له شه‌قامه‌كان،
له هه‌موو سوچ و كۆڵانێك، له‌سه‌ر خان‌و و باڵه‌خانه‌كان، له شاشه‌ى ته‌له‌فزیۆنه‌كاندا،
له چالاكییه وه‌رزشییه‌كان و له ئاهه‌نگ و بۆنه‌كاندا، له ئاسمان و له‌ده‌ریا و
له پشتى پاس له پشتى تۆدا ده‌شه‌كێنه‌وه.
ئه‌م پارچه قوماشه كه ناوى ئاڵایه، ئێستا له هه‌ر
كتێبێكى خودایی به‌هێزترن. ئه‌گه‌ر سوكایه‌تى پێبكه‌یت، له‌وانه‌یه بكوژرێیت، خه‌ڵكیش
له پرسه‌كه‌دا ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و ده‌ستخۆشى له بكوژهكهت ده‌كه‌ن. ئه‌م سیمبوله
نوێیه ئێستا زۆر به‌هێزتره له به‌ڵێنى ژیانێكى باشتر، خزمه‌تگوزاری باشتر، ژیانێكى
نوێ و شایسته‌تر.
كێ دیموكراته و كێ تیرۆریست؟
قورسه خه‌ڵكى مافی یه‌كسان و ده‌رفه‌تى یه‌كسانى هه‌بێت
له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی زۆرێك له ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى ئێستادا. به‌ڵام زۆرێك
له كۆمه‌ڵگه‌كانى ئێستا و سیاسه‌تمه‌داره شهڕهنگێزهكانى به‌خۆیان ده‌ڵێن دیموكرات
و ئه‌وانى تر به تیرۆریست وه‌سف ده‌كه‌ن. ئه‌مه چۆن ده‌گونجێت؟
كورده‌كان هه‌رگیز به‌ڕاسته‌وخۆیی هیرشیان نه‌كردۆته
سه‌ر خه‌ڵكى مه‌ده‌نى و ئه‌و ناوچانه‌ى كه له توركیا خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێبوو. كورد
شه‌ڕى داعش و گرووپه هاوشێوه‌كانى وه‌كو داعشیان كردووه، هه‌زاران قوربانیان داوه.
شار‌و شارۆچكه و شه‌قام و زۆرێك له‌ناوچه‌كانى نیشته‌جێبوونى كورد له ئێستادا له‌ژێر
هێرشى قورسى توركیادان، منداڵ و به‌ته‌مه‌نه‌كان به‌بێ جیاوازى له ئێستادا له‌سه‌ر
ده‌ستى توركیا ده‌كوژرێن. له‌به‌رئه‌وه چۆن ده‌كرێت كورد به تیرۆریست ناوببرێت و
ئه‌وانی تریش به ئاشتیخواز و دیموكرات ناوببرێن؟
سیاسهتمهدارێكى پێشووی تورك كه ناوى تونا بێكلیڤیكه،
بێده‌نگى له‌سه‌ر دۆخه‌كه و ڕاستییه‌كه‌ی شكاند، له‌م دواییانه‌دا ڕه‌خنه‌ى گرت له
سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دۆناڵد تره‌مپ كه گرووپه كوردییه‌كانى به داعش
به‌راورد كردبوو، بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ى ده‌كرد كه هه‌ردووكیان وه‌ك یه‌ك مه‌ترسیدارن.
تونا بێكلیڤیك له واشنتۆن پۆست به‌م شێوه‌یه ده‌نوسێت:
"من خه‌ڵكى ئێدرینم، من ژیانى خۆمم بۆ سیاسه‌تى وڵاته‌كه‌م ته‌رخان
كرد. بۆ چه‌ندین ساڵ، له نێو حكومه‌ته‌كه‌ى ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان كارم كردووه....
ئه‌ردۆگان له‌ڕێگه‌ى توندوتیژى و سه‌ركوتكردن و له‌سه‌ر حسابی هه‌موو خه‌ڵك ده‌سه‌ڵاتى
خۆى چڕده‌كاته‌وه. تره‌مپ ده‌ڵێت په‌كه‌كه خراپتره له داعش، منیش ده‌ڵێم تره‌مپ
هه‌ڵه‌یه، ئه‌گه‌رچی من توركیشم. من به‌رپرسێكى پێشووى حكومه‌تم. من باوه‌ڕم وایه
پارتى كرێكارانى كوردستان كه تره‌مپ به خراپتر له داعش وه‌سفی ده‌كات، ڕێكخراوێكى
تیرۆریستى نییه".
ئه‌م به‌رپرسه‌ى پێشووى حكومه‌تى توركیا ڕاسته‌كات.
كورد و پارتى كرێكارانى كوردستان نابێت به‌راورد بكرێن به داعش و ئه‌لقاعیده و ڕێكخراوه
تیرۆریستیه‌كانى هاوشێوه‌ى داعش. گرووپه كوردییه‌كان نه هێرشیان كردووەته سه‌ر خه‌ڵكى
مه‌ده‌نى و نه ترس و تۆقاندنیان به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ به‌كارهێناوه له‌دژى خه‌ڵكى
مه‌ده‌نى له‌پێناو ده‌سه‌ڵاتى ئابووری و سیاسی. زاراوه‌ى جه‌نگى تیرۆر كه له‌لایه‌ن
جۆرج ده‌بلیو بوشه‌وه له دواى هێرشه‌كانى 11ى سێپته‌مبه‌ر به‌كارهێنرا مه‌به‌ست لێى
ئه‌و گرووپه كوردییانه نه‌بوو كه له‌پێناو مافه سه‌ره‌تاییه‌كانیاندا ده‌جه‌نگن،
هه‌روه‌ها ئه‌م گرووپانه‌ى نه‌ده‌گرته‌وه. به‌ڵام توركیا و چه‌ندین وڵاتى تر ئه‌و
چه‌مكه‌یان له بوش وه‌رگرتووه، له‌دژى كورد و گرووپه كه‌مینه لاوازه‌كانى هاوشێوه‌كانى
كورد (خراپ) به‌كاریان هێناوه له هه‌مووو سیاسه‌ته‌كانیاندا.
كورد پێویسته ئیتر متمانه بە ئەوانی تر نه‌كات له‌برى
ئه‌وه ده‌بێت پشت به‌خۆى ببه‌ستێت
به‌دڵنیاییه‌وه كورد خۆى ده‌بێت لۆمه بكرێت بۆ ئه‌و
دۆخه‌ى كه تێیدایه، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و تراژیدیایهى كه به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه.
پێویسته هه‌موو كورده‌كان پشتیوانى له دۆزه‌كه‌یان بكه‌ن و پشتیوانى له‌یه‌كترى بكه‌ن،
له‌بری ئه‌وه‌ى چه‌ندین گرووپی جیاوازى بێ ده‌سه‌ڵات دروستبكه‌ن و هه‌ریه‌ك له‌و گرووپانه
ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ دوژمنێكى جیاوازدا بكات و به‌م هۆیه‌شه‌وه له‌دژى یه‌كترى به‌كاربهێنرێن.
دووه‌م، كورد خاوه‌نى سه‌ركردایه‌تیه‌ك نییه كه‌وا
هه‌موو كورده‌كان كۆبكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواى پشتیوانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا
بگه‌ڕێت. سێهه‌م، كورد سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له‌وه‌ى كه بتوانێت دۆزه‌كه‌ى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى
نێوده‌وڵه‌تى ڕوونبكاتهوه، ته‌نانه‌ت ساده‌ترین سه‌ركوتكردنه سیاسییه‌كانى بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى
نێوده‌وڵه‌تى ڕوننهكردووەتهوه، له‌وانه‌ش ڕێگەدان پێیان كه بتوانن به ئازادى به‌زمانى
خۆیان قسه‌بكه‌ن ، یان له هه‌ندێك شوێندا بێ ناسنامه‌بوون. چواره‌م، كورد نه‌یتوانیوه
دیبلۆماتكارى به‌توانا دروستبكات كه سوود له دیبلۆماسیه‌تى نێوده‌وڵه‌تى وه‌ربگرێت
له‌نێو هاوپه‌یمانه متمانه پێكراوهكاندا. سووتاندنى تایه له شهقامهكانى ڕۆژئاوادا
یان شكاندنى په‌نجه‌ره یارمه‌تى دۆزى كورد نادات. ئه‌وه ته‌نها یارمه‌تى ده‌وڵه‌تى
تورك و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ده‌دا.
باڵیۆزخانه‌كانى ده‌وڵه‌تى توركیا له وڵاتانى جیهاندا
سه‌ركه‌تووبوون له گۆڕینى ئاڕاسته‌ى خۆپیشاندانه‌كانى كورد بۆ ئه‌وه‌ى پیشانى بده‌ن
كه كورد ڕێگر و چه‌ته و كێشه دروستكه‌رن، ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ى ناردنى كه‌سانێكى ناسیۆنالیستى
توندڕه‌و بۆ نێو یان نزیك خۆپیشانده‌ره كورده‌كان بۆ ئه‌وه‌ى جۆره هه‌ڵوێستێك بنوێنن
كه ده‌بێته هۆى كاردانه‌وه‌ى توندى خۆپیشانده‌ره كورده‌كان، دواجاریش باڵوێزخانه‌كانى
توركیا به وڵاتان ده‌ڵێن، ئه‌وه‌تا كورد شه‌ڕه‌نگێز و چه‌ته‌و ڕێگرن.. من له توێژینه‌وه‌یه‌كى
مه‌یدانیدا له ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و له‌م دواییانه‌شدا له‌نیویۆرك چاودێرى چه‌ندین
حاڵه‌تم كردووه كه به‌م شێوه‌یه باڵیۆزخانه‌كانى توركیا كه‌سانى ناسیۆنالیستى توركى
توندڕه‌ویان ناردووه بۆ نێو خۆپیشانده‌ره كورده‌كان، تاكارێك بكه‌ن ببێته هۆى كاردانه‌وه‌ى
توندى كورده‌كان به‌رامبه‌ریان. بۆ نموونه چه‌ند ناسیۆنالیستێكى گه‌نجى توندڕه‌و نێردرابوون
بۆ خۆپیشاندانه‌كه‌ى گۆڕه‌پانى یونییهن له شارى نیویۆرك (له 12ى ئۆكتۆبه‌رى
2019دا). به‌ڵام خۆشحاڵ بووم كه هه‌ندێك كورد تێگه‌شتبوون له‌و فێڵه و هیچ كاردانهوهكیان
نه‌بوو بۆ ئه‌م جۆره له وروژاندنه. ئه‌گه‌رچی، هه‌موو ئه‌وه‌ى كه ڕوویدا كه‌سانێكى
ئاژاوه‌گێڕبوون كه كاردانه‌وه‌یان هه‌بوو به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستى توركه توندڕه‌وه‌كان
به‌م هۆیه‌شه‌وه ئه‌وه‌ى كه باڵیۆزخانه‌ى توركیا ویستى به‌ده‌ستى هێنا. كۆتا خاڵ
ئه‌وه‌یه كه كورده‌كان پێویسته متمانه‌كردن به ئەوانی تر بوه‌ستێنن و متمانه به‌خۆیان
بكه‌ن زیاتر له هه‌ر كه‌سێكى تر.