ئاسته‌کانی هاوسەنگکردنی کورد لە سیاسەتی ئەمەریکادا

16/01/2021

د. سه‌ردار عه‌زیز

پێشه‌كی
لەم نووسینەدا دەمەوێت ئارگومێنتی ئەوە دابمەزرێنم کە ئەمەریکا، کوردی وەک هاوسەنگەرێک بەکارهێناوە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم بەکارهێنانە دوو ئاستی هەیە: ئاستێک کە هاوسەنگکردنی کورد خۆیەتی بە هێشتنەوە لە دۆخێکی دیاریکراودا، گیسکەکەی هەیاس، لە هەمانکاتدا بەکارهێنانی کورد بۆ هاوسەنگی ئەوانی تر، یان ڕەفتار گۆڕینی ئەوانی تر. ئەم پەیوەندییە کە پەیوەندی هاوسەنگکەرە، بە گشتی پەیوەندییەکی ئامڕازییە. پەیوەندی ئامڕازی وەها دەردەکەوێت کە بەکاربەر خاوەن ئاگاییە و بەکاربراو تەنها ئامڕازە. بەکاربراو لە کات و ساتی جیاواز بۆ ئامانجی جیاواز بەکاردەبرێت. بەڵام ئەم پەیوەندییە ئامڕازییە، وەک گیسکەکەی هەیاس دەبێت لە قەبارەی خۆیدا بمێنێتەوە، کە وەک گیسکەکە دۆخێکی ناسروشتی و نا ئاساییە، پێویستی بە بوونی هێز و ئاگایی تر هەیە. بۆیە دەکرێت بپرسین، گەرچی مێژووی شەست ساڵەی پەیوەندی کوردی ئەمەریکا، بە تایبەتی کە لە حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو لە سەردەمی کیسنجەردا دادەڕێژرێت، پەیوەندییەکی ئامڕازییە، بەڵام پەیوەندی ئامڕازی ئاسان نییە، لە میانەی بەکارهێنانیدا تەنها بە ئامڕازی بمێنێتەوە، بە تایبەتی کاتێک کە ئەو ئامڕازە زیاتر لە جارێک بەکارهات. بۆیە لە میانەی بەکاربردندا ئەگەری ئەوە دروست دەبێت کە پەیوەندی نێوان بەکاربەر و بەکاربراو بەرەو ئاست و جۆری پەیوەندی زیاتر بڕوات، بە تایبەتی لەبەر سروشتی تایبەتی سیاسەتی ئەمەریکی کە سیاسەتێکی کراوەی دیموکراسییە و لە ناوەوە تەنگەگژەی زۆر لە خۆی دەگرێت لە میانەی بەڕێوەچوونیدا.

ئەفسانە وەک میتۆد
سەرەتا دەبێت قسەیەک لە سەر میتۆدۆلۆجی بکەین. میتۆدۆلۆجی ئەم پرسە، کە پەیوەندی ئەمەریکا و کوردە، ئەفسانەیەکە، کە لەناو کوردان خۆیاندا بڵاوە، بە ئەفسانەی گیسکەکەی هەیاسی خاس ناسراوە. عەلائەدین سوجادی لە بەرگی هەشتەمی کتێبی ڕشتەی مرواریدا ئەم حیکایەتەی نووسیوەتەوە(١).
ئەفسانە هەتا پێش هاتنی پۆستمۆدرێنەکان لە دۆخێکی خراپدا بوو.  ئەفسانە لای زۆربەی بیرمەندان وەها دەبینرا کە  ناعەقڵانییە، بۆیە شایستەی ئاماژەپێدان نییە. لێرەدا پەیوەندییەکی هەڕەمیی لە نێوان ئەفسانە و عەقڵانی، یان لۆگۆسدا دێتە ئاراوە. کاتێک هەر شتێک لە ژێر ناوی ئەفسانەدا پۆلێنکرا، ئەوا مانای ئەوەیە کە شایانی ئەوە نییە  ئاماژەی پێبدرێت.  لە دیدی درێداوە ئێمە لە بەردەم ستراکچەرێکداین، کە بە شێوەیەک دارێژراوە ڕێگا بە بوارێک بدات و بوارێکی تر ڕێ لێبگرێت. وەک هەموو ستراکتۆرێک لە هەناویدا نەفیکردن و پەراوێزخستن و نکوڵیکردن هەیە. بەڵام وەک فرۆید پێمان دەڵێت، چەپێنراو هەر سەرهەڵدەداتەوە. 
لێرەدا جەدەلێکی زۆر هەیە لە سەر پەیوەندی سەرەتا و وەدەرنراو و هاتنەوەی چەپێنراو و دروستبوونەوەی پەیوەندی لە نێوان لۆگۆ-سەنتەریزم و دیکۆنسترەکشندا. دەتوانن ئانیاس سپیتزەر بخوێننەوە، بە ناوی درێدا و ئەفسانە و مەحاڵێتی فەلسەفە(٢).
 ئەفسانەی کوردی، کە دەرئەنجامی ئەزمونی ژیاری کوردییە، زیاتر وەک بوارێک بۆ تەنز و  گاڵتە و خۆشی بەکاردەهێنرێت نەک بۆ داڕشتنی دونیابینی. بەڵام ئەفسانەی کوردی، وەک ئەفسانەی هەر گەلێکی تر، کانگایەکی دەوڵەمەندە بۆ تێگەیشتن لە دونیا. لێرەدا چیرۆکی گیسکەکەی هەیاسی خاس بەکاردەهێنم بۆ خوێندنەوەی پەیوەندی کورد و ئەمەریکا لە باشووری کوردستان بە تایبەتی، بەڵام  لە هەموو کوردستاندا بە گشتی.
داستانی هەیاس دەربارەی دەسەڵات و مەعریفەیە. لە هەمانکاتدا دەربارەی پەیوەندەی سوڵتان و دارودەستەکەیەتی. بە کورتی: هەیاسی خاس لە سوڵتان مەحموود  دەتۆرێت. وەک تۆراوێک دەبێت جێگایەکی نوێ بۆ خۆی بدۆزێتەوە،  هەروەها دەبێت دڵنیابێت کە نادۆزرێتەوە. سوڵتان پاش گەڕان و نەدۆزینەوە، هەوڵدەدات لە ڕێگای تاقیکردنەوەیەکەوە هەوڵی دۆزینەوەی بدات. ئەم تاقیکردنەوەیە بۆ ئێمە گرنگە. چونکە کڕۆکی پەیوەندییەکە لەوێدایە. 
 لە پێناوی دۆزینەوەی سوڵتان بە قەڵەمڕەوییەکەی خۆیدا جاڕیدا  کە هەر کەس مەڕدار و شوانکارەیە، هەرکەس پیاوماقووڵ و کاربەدەستە، دەبێت لە فڵانە ڕۆژدا هەموو لە بارەگای سوڵتان حازر بن و کەس دوا نەکەوێ. بۆ ئەو ڕۆژە ئەوانەی کە سوڵتان ئەمری دابوون هەموو حازر بوون. سوڵتان هێنای هەر یەکە گیسکێکی دانێ، وتی: دەمەوێ هەر لە ئێستاوە تا چل ڕۆژی تر هەر یەکە کە گیسکی خۆی برد لە دوای چل ڕۆژە بیهێنێتەوە، ئەم گیسکە زیاد بکا دەدەم لە سەری، کەم بکا هەر دەدەم لە سەری!
یەکێک لەو کەسانە، کە لەناو ئەم حەشاماتەدا بوو ئەو کوێخایە بوو کە هەیاس لە لایەوە ببوو بە سەپان. عالەم هەر یەکە گیسکی خۆی وەرگرت و ڕۆیشت، کوێخای لای هەیاسیش یەکێک بوو لەوانە. ئەم عالەمە بە جارێ هەر یەکە لە ئاستی خۆی کەوتە ترس و لەرزەوە و ڕێی بەدی ئەم ئیشەی بۆ نەکرا، گیسک ئەگەر شتی نادەیتێ مردار دەبێتەوە، ئەگەر دەیدەیتێ زیاد دەکا، ئەگەر ژەم ژەم دەیدەیتێ هەروەکو خۆی نامێنێتەوە! ئەمەش ئەنجامەکەی سەرفەوتانی تێدایە! 
کوێخای لای هەیاس لە هەموو کەس زیاتر کەوتە پەرۆشەوە، چونکە مەڕوماڵاتێکی زۆری هەیە و لە مەڕداریدا بە پسپۆڕ ناسراوە، چی ئەنجامدا هیچی بۆ ناکرێ و دەبێ سەری خۆشی تیا بدۆڕێنێ. هەر بە تەواوی کەوتە پەرۆشەوە، دنیای ڕووناکی لێ بوو بە شەوی تاریک! هەیاس پرسی: کوێخا ئەوە چییە وەها خواردن و خواردنەوەت لێ هەڵگیراوە؟ وتی: ڕۆڵە ئەمە کارەساتەکەیە. هەیاس وتی: ئەگەر ڕاستم لێ ناڵێیت من ئەم ئیشەت بۆ چار دەکەم. وتی: کوڕم من ئەمە باعیسی سەرمە، تۆ ئەگەر ئەمەم بۆ بکەی سەرم ئەستێنیتەوە، چۆن ڕاستت لێ ئەڵێم؟! هەیاس وتی: هەرچەند بڕواش ناکەم، بەڵام نمەکم کردووی، ئەمەت هەر بۆ دەکەم و ڕزگارت دەکەم، بێنە بێچووە گورگێکم بۆ پەیداکە و ئیتر ئیشت نەبێ! کوێخا چوو بێچووە گورگێکی پەیدا کرد و هێنای دای بە هەیاس، ئەمجا هەیاس کەوتە ئیش. 
جارێ هێنای پێش هەموو شتێک ددانەکانی پێچووە گورگی هەڵکەند و ئەمجا بەستییەوە. هێنای گیسکی گرتە جۆ و قەرسیل، تێری خوارد و قونەی دەکرد، کە دەکەوتە ئێوارە دەیبرد بە لای بێچووە گورگەکەوە، گورگ کە چاوی پێ دەکەوت پەلاماری دەدا، بەڵام بەسترابۆوە هیچی پێ نەدەکرا، گیسکیش کە چاوی بە گورگ دەکەوت هەناوی دەکەوتە خوارەوە، ئەوی خواردبووی بە ترس دایدەنایەوە، دەیبردەوە تێری دەکردەوە، بۆ بەیانیش دیسان وای لێدەکردەوە، گیسکی بەستەزمان ئەوەی دەیخوارد بە ترس دایدەنایەوە!
بەم شێوەیە گیسکەکە وەک خۆی مایەوە.

چیرۆکەکە هەتا ئێرە بۆ ئامانجەکەی ئێمە گرنگە. لەم ئەفسانەیەدا کۆمەڵێک ئەکتەرمان هەیە: ئەوەی بۆ ئامانجی ئێمە گرنگن پەیوەندی نێوان هەیاس و گورگ و گیسکەکەیە. ئارگومێنتی ئێمە ئەوەیە کە کورد گیسکەکەیە، دەبێت لە میانەی ئەندازیاری و نیزامی هەرێمی ناوچەکەدا بە هەمان دۆخ و قەبارەی خۆی بمێنێتەوە. وەک لە داستانەکەدا دەبینین کە گورگ ڕۆڵی هاوسەنگکەر دەبینێت. ئەو ئەکتەرەیە کە ئەوەی بە دەستهاتووە لێتوەردەگرێتەوە. بەڵام بە جۆرێک سنوردارکراوە  کە نەتوانێت گیسکەکە بخوات. ئەمەش لە میانەی ئەندازیاری پەیوەندی کوردی ئەمەریکیدا بە مانای ڕێگەگرتن لە  سڕینەوەی کورد. کەواتە کڕۆکی ئەم پرۆسەیە هاوسەنگی کردنە.

ئەمەریکا و کورد و هاوسنگییەکانی
بە پێی داستانەکە گیسکەکە نابێت قەڵەو بێت، لە هەمانکاتدا نابێت زۆر لاوازیش بێت. ئەگەر ئەم زمانە داستانییە ئاژەڵییە وەربگێڕینە سەر زمانی سیاسی و پەیوەندی دەرەوە، ئەوا  قسە لە سەر دروستکردنی نیزامێک دەکەین کە تیایدا کورد نابێت لاوازبێت، هەروەها نابێت قەڵەویش بێت، چونکە هەردوو لاوازیی و قەڵەویی کورد دەبێتە مایەی ئەوەی کە نیزامەکە هاوسەنگی تێکبچێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕووبدات گورگ پێویستە. گورک نەیارە، ئەو هیزەیە کە دەتوانێت ئەوی تر بخوات، لە ناوببات، جینۆسایدی بکات. بەڵام ئەم گورگە دەبێت بە جۆرێک مامەڵە بکات کە ئەویش نەبێتە مایەی تێکدانی سیستمەکە. بەم پێیە لە هەناو سیستمەکەدا نە گورگ گورگە و نە گیسک گیسکە، بەڵکو هەردوو لە میانەی پەیوەندییەکی دەسەڵاتیدا دەبنە بەشێک لە سیستمێکی هاوسەنگی، بەڵام پڕ لە هەڵبەز و دابەز. ئەوەی ئەمە بەڕێوەدەبات و چاودێری دەکات و بڕیاری لە سەر دەدات هەیاسە، کە دەتوانین بە کەسی کیسنجەر بیچوێنین. کیسنجەر داهێنەری ئەم سیستمەیە کە کورد تیایدا دەبێت لە دۆخێکی تایبەتدا بن، کە خۆی ناوی دەنێت دۆخی برینی کولاوە، یان برینی کراوە.
کیسنجەر لە گفتوگۆیەکی لە گەڵ باڵیۆزی ئەمەریکی لە ئێران ڕیچارد هێڵمس و ستافێکی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکی لە ڕێکەوتی ٢٣ی تەموزی ساڵی ١٩٧٣ وەها باس لە ڕۆڵی کورد دەکات.
دەمەوێت لە ئەوە دڵنیابم کە [بە هۆی پرسی کوردەوە] سۆڤێت وەها بیر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکاتەوە کە جێگایەکی گرانە [ تێچوونی زۆرە] بۆ یاریکردن. ئەوەی دەمەوێت کە مەکتەب سیاسی لە مۆسکۆ بگەنە ئەو باوەڕەی کە سەرکێشی زیاتر نەکەن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دەمەوێت ئەوەیان لە ئاگاییدا بچەسپێت کە عێراق بووەتە چاڵێکی بێ بن. دەمەوێت وەهایان لێبێت هەرکەسێک پرسی پێکردن بۆ دەستوەردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست بەڕوویەوە بنێن. دەمەوێت شا هاوکارم بێت لەم  ستراتیژەدا. ئێمە نامانەوێت سۆڤێت بخەینە سوچەوە. هەروەها دەمەوێت عەرەبیش وەها بیربکاتەوە کە بە ئاسانی  بۆیان ناچێتە  سەر ئەگەر پەیوەندی بە سۆڤێتەوە بکەن. دەمانەوێت کورد ئەوەندە توانایان هەبێت کە برینێکی کراوە بن لە عێراقدا(٣). 
لێرەدا دەبینین کە زامی کراوە، ئەو زامەیە، یان ئەو برینەیە کە ناهێڵرێت چاکبێتەوە، یان ساڕێژبێت. بوونی کورد لەم دۆخەدا پرسی کورد دەکاتە ئامڕازێکی گەورەتر لە پرسی خۆی. کورد دەبێتە بەشێک لە ستراتیژەکانی شەڕی سارد بۆ فشار و هاوسەنگی و ترساندن و دوورخستنەوەی هێزە نەیارەکانی ئەمەریکا. هاوسەنگی دوو ئاستی هەیە: ئاستی کوردی و ئاستی ئەوی تر. لە ئاستی کوردیدا کاتێک ئەمەریکا کێشەی هەیە لە گەڵ وڵاتانی دەوروبەری کورد، ئەوا ڕێگەدەدات کە کورد قەڵەو، یان بەهێز بێت، بەڵام لە هەمانکاتدا نایەوێت ئەم بەهێزبوونە ببێتە هۆکاری ڕووخانی ئەوی تر، بۆیە ئەگەر بەهێزبوون ببێتە هۆکاری لاوازبوون، یان ڕەفتار گۆڕینی ئەوی تر، ئەوا دەبێت کورد بگەڕێتەوە قەبارەی خۆی. ئەم یاری هاوسەنگییە پڕ لە هەڵبەز و دابەزە، پڕ لە قەڵەو بوون و لاوازبوونە. ژیانە لە سایەی گورگدا. ئەگەر چی ناهێڵن گورگەکە بتخوات، بەڵام ڕێگەدەدەن بتتۆقێنێت. 
ئەم سیاسەتی هاوسەنگییە هەموو هێزەکانی تری ناوچەکە دەگرێتەوە، تەنانەت ئیسرائیلیش. بەڵام هاوسەنگی بۆ کورد  کاریگەری  زیاترە، چونکە هەموو هێزەکانی تر لە کاتی هەڵبەز و دابەزینیاندا مەترسی سڕینەوەیان نییە. بەڵام بۆ کورد مەترسی تێکشکان و سڕینەوە مەترسییەکی جیدییە.   
هاوسەنگی یانی چی؟ ئەم هاوسەنگییە جیاوازە لە پرەنسیپی هاوسەنگی هێز کە لە سیاسەتی دەرەوەدا چی وەک چەمکێک و چی وەک پرینسیپێک زۆر باوە. ئەم هاوسەنگییەی ئەمەریکا بۆ کورد، بە مانای ئەوەیە کە کورد دەتوانن فشار لە سەر نیزامی ناوچەکە بکەن، کاتێک نیزامی ناوچەکە بە لایەک، یان ئاڕاستەیەکدا دەڕوات کە لە بەرژەوەندی ئەمەریکا نەبێت. لە هەمانکاتدا ئەو دەستکەوتەی کە کورد لە ئەنجامی ئەمەدا بە دەستی دەهێنێت، دەبێت نەگاتە ئەو ئاستەی کە ببێتە هۆی لاسەنگی، یان تێکدانی نیزامەکە. ئەمە لە ئەنجامدا پرۆسەی پشتیوانی و پشتلێکردن دروستدەکات. کورد کاتێک پشتی لێدەکرێت بە خیانەتی ناو دەبات.
 ئەم خیتابی خیانەتە جۆرێک لە سەرلێشێوانی بۆ کورد دروستکردووە. خیانەت دەربڕی دۆخێکە کاتێک کە دوو لایەن گرێبەستێک و پەیمانێک لە نێوانیاندایە، لایەک پشت لە بنەماکانی ئەو گرێبەستە، یان پەیمانە دەکات دژ بە لایەنەکەی تر. هەتا ئێستا لە نێوان کورد و ئەمەریکا گرێبەست و پەیمان بوونی نییە. بەڵام خیانەت وەک خیتابێک کە دەبێت هەڵبوەشێتەوە، سەرەتایەکی تری هەیە. سەرەتای ئەم چەمکە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپۆرتی پایک.  بۆ ئەوەی لە ڕاپۆرتی پایک تێبگەین دەبێت کەمێک پاشخانەکەی هەڵدەینەوە. لە ٢٢ی مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٧٤ ڕۆژنامەنووسی ناسراو سایمۆر هێرش لە ڕۆژنامەی نیویۆرک-تایمز ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە، کە سی ئای ئەی بەوە تاوانبار کرد کە  کاری سیخوڕی بە سەر کەسایەتییە دژ بە شەڕەکانەوە دەکات. لێرەدا مەبەست لە شەڕ، شەڕی ڤێتنامە. ئەم ڕاپۆرتە بۆتە هۆکاری ئەوەی کە چەندین لیژنە لە سەر سی ئای ئەی بگیرێت.  ئەنجومەنی پیران لیژنەیەکی پێکهێنا بە  ناوی لیژنەی چێرچ. لە سەرەتای ساڵی ١٩٧٥ ئەنجومەنی نوێنەرانیش لیژنەیەکی پێکهێنا سەرەتا بە ناوی نیدژی بوو پاشان گوێزرایەوە بۆ سەرپەرشتی ئۆتۆس پایک. پایک ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بوو لە ناوچەی لۆنگ ئایلاند لە نیویورک. وەک زۆر دیموکراتی تر دژ بە دەزگای سی ئای ئەی و ئیدارەی کۆمارییەکان بوو. بۆیە بەکاربردنی چەمکی خیانەت و تاوانبارکردنی کیسنجەر بە کەسێکی خوێنساردی خیانەتکار ئامانجی ناوخۆیی لە پشتەوە بوو، نەك هەڵسەنگاندنی دۆخەکە(٤). 
ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە ئەوەی کیسنجەر کردی کارێکی ڕەوا بوو. بەڵام چەمکی خیانەت وەک تاوانبارکردن هاوکاری کورد ناکات بۆ تێگەیشتن لە ڕاستی پرسەکە.

دەرەنجام
هاوسەنگ کردنی کورد لە میانەی هاوسەنگ کردنی ئەوانی تردایە. ئەم پەیوەندییە دۆخێکی ئاڵۆزی چەند ئاستیمان بۆ دروستدەکات. یەکەم، کورد کێشەی هەیە، ئەم کێشەیە بە هۆی بوونی لە جێگایەکی جیوپۆلەتیکی  ستراتیژیدا، هەموو زلهێزەکان دەیانەوێت سودی لێببینن. دووەم، لە ئەنجامدا هێزی دەرەکی بووەتە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی کوردی. سێیەم، ئەم هێزە دەرەکیانە چەند جۆرێکن، زلهێز و هیزی هەرێمی بە گشتی زاڵن. زلهێز لە پەیوەندی لەگەڵ هێزی هەرێمدا لە پرۆسەی پشێویدایە کە دۆستایەتی و دوژمنایەتی و یار و نەیاری تیایدا سەقامگیر نییە. سێیەم، پەیوەندی لە گەڵ کورددا بەکاردەبرێت بۆ هاوسەنگ کردن و ڕەفتار گۆڕینی ئەم پەیوەندیانە لە نێوان زلهێزەکان و هێزە هەرێمییەکاندا. چوارەم، لە ئەنجامدا پرسی کورد لە نێوان پشیتوانی و پشتلێکردندا جۆلانێ دەکات. 
ئەم ستراتیژە کە دەکرێت بە ستراتیژی کیسنجەری ناوی بەرین، لە حەفتاکان بنەمای پەیوەندی کوردی ئەمەریکی دادەڕێژێت. ئایا ئەمەریکا دەتوانێت لە سەر ئەم پەیوەندییە ئامڕازییە بەردەوام بێت. وەک ڕاپۆرتی پایک بۆمان دەردەخات ئەمەریکا وڵاتێکە کە جیاوازە لە وڵاتانی تری وەک سۆڤێتی پێشوو، یان چین و ڕووسیای ئەمڕۆ، وڵاتێکی کراوەی ڕووتە، هەموو قەیران و کێشەکانی بە دەرەوەیە. ئەمە بنەمای دیموکراسییە. بۆیە لە کاتێکدا ستراتیژی هاوسەنگی بنەمایەکی مێژوویی بەهێزی هەیە، بەڵام ئەستەمە بتوانرێت لە ئاستی ئامڕازیدا بهێڵرێتەوە. چونکە وەک ڕامان لە حەفتاکان بۆمان ڕووندەکاتەوە، دۆخی ئامڕازی پێویستی بە ئەوەیە کە دەبێت پەیوەندییەکە نهێنی بێت، سنوردار بێت، تەنانەت پارتی سیاسی دەرەوەی دەسەڵات ئاگای لێنەبێت. ئەمەش لە ئەمڕۆی ئەمەریکادا ئەستەمە.  
 ئایا پرسی کورد لای ئەمەریکا لە ئاستی ئامڕازییەوە دەگوێزرێتەوە بۆ ئاستی ئەخلاقی و ئامانجی؟ 

سه‌رچاوه‌كان
(١)عەلائەدین سجادی، ١٩٨٢ ڕشتەی مرواری 
(٢)  Spitzer, Anais. 2010 Derrida, myth, and the impossibility of philosophy / Anais Spitzer.
 (٣) Kissinger, FRUS, Memo 24, July 23, 1973,FOREIGN RELATIONS OF THE UNITED STATES, 1969–1976, VOLUME XXVII, IRAN; IRAQ, 1973–1976
https://history.state.gov/historicaldocuments/frus1969-76v27/d24
 (٤)Gerald K. Haines 1976, the Pike Committee Investigations and the CIA: Looking for a Rogue Elephant, Village Voice, https://www.cia.gov/library/center-for-the-study-of-intelligence/csi-publications/csi-studies/studies/winter98_99/art07.html

-- 

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure