لە ئیسلامی داعشەوە بۆ ئیسلامی ئاشتی بونیادنانی دونیابینیەکی مرۆڤدۆست

11/02/2021

د. جه‌لال حه‌سه‌ن موسته‌فا

 

بەشی یەکەم
کردەوەکانی داعش، هەر لە کوشتن و سوتاندنی نەیاران و جیاوازینەکردن لە نێوان مناڵ و ئافرەت و بێ چەک و چەکدار و هەڕەشەی داگیرکردنی جیهان..هتد، جێی ناڕەزایی زۆرینەی مسوڵمانانە (بە جیاوازی بۆچون و مەزهەبیانەوە). کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئاینداران و مولحیدەکانیش هەریەک بە شێوازی جیاوازی خۆیان دژایەتی ڕەفتارەکانی داعشیان کردووە بەنامرۆڤانە لە قەلەمیانداوە. ئەوەی ڕوونە لە ئەکادیمیادا ئەوەیە کە هەر ڕەفتارێکی مرۆڤ و یان گروپێک بەقوڵی وابەستەیە بەو تێڕوانین و دونیابینیەی هەیانە لە هەمبەر دەق و مرۆڤ و خوا..هتد. کەواتە لەم لێکۆڵینەوەیەدا دەپرسین، ئایا ڕەفتارەکانی داعش هەڵقوڵاوی چ دونیابینیەکە؟ ئایا ڕەگەکانی هاوچەرخن یان کۆنن؟ ئایا چۆن دەکرێت دین ئەو کەمینە داعشیە دروست نەکات؟ ئایا دەکرێت تێڕوانینی و دونیابینیەکی وامان بۆ دین هەبێت کە ئیمکانیەتی بەرەو داعش چوون لە نێوان خەڵکی دینداردا بەرەو ئاستێکی زۆر نزم بەرێت؟
لە ڕێی وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین وردە پرسیاری ترەوە، دەمانەوێت هەنگاوی سەرەتایی بنێین لە ڕێی دونیابینیەکی نوێدا کە توندوتیژی لە ئایندا وەدەرنێ و مرۆڤدۆستی شوێنی بگرێتەوە.

دونیابینی داعش
دونیابینی داعش لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەق و خوا و مرۆڤدا بونیادنراوە. لە ڕووی ئۆنتۆلۆجیەوە، داعش وا دەبنێت کە سەرچاوەیەک هەیە بۆ ئەوەی کۆی ژیانی مرۆڤ لە هەموو کات و شوێنێکدا ڕێکبخات (ئەویش قورئان سونەتن) بە گەڕانەوە بۆ بۆچونی سێ جیلی پێشینی یەکەم، ئەوەی کە گوزه‌راوە لەو ژیانی ئەو سێ نەوەیەدا ترۆپکی بەهاکانی ئیسلامە و ناکرێت کەم و زۆر لێی لابدرێت. لە ڕووی ئێپستمۆلۆجیەوە، داعش وای دەبینێت کە ڕاستی (حەق) لە بۆچون و دونیابینی ئەودایە و هەر گروپێک بەدەر لەم دونیابینیەی ئەو بێت بە گومڕایی لە حەقلادان دادەنرێت. لای داعش، بەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی لە ڕیزی دواوەن بەراورد بە ئەولەویاتەکانی تریان وەک جێبەجێکردنی فەرمانی خوا و پەیوەستبون بە بۆچونی پێشین. لای ئەمان دەبێت جیاوازیە دینیەکان لە ناوببرێن و یەکڕەنگی دینی دامەزراو لەسەر دونیابینی ئەوان شوێنی بگرێتەوە، هەر دژایەتیەکی ئەم دونیابینیە دەرچوونە لە حەق و هەموو دەرچونێکیش لە حەق گومڕاییە و هەموو گومڕاییەکیش لە ئاگرادیە. لەم دونیابینیەی ئەواندا، ئاساییە دروستکردنی یەکڕەنگیی دینی لە ڕێی هێرشکردن و کوشتن و بڕینەوە بێت، لای ئەمان کوشتنی مرۆڤ لە پیناو یەکڕەنگی دینیدا شوێنکەوتنی ئەمری خوایە و جێگەی شانازیە و بکوژ بۆ بەهەشتە و کوژراویش بۆ دۆزەخ.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بناغەکانی ئەم دونیابینیەی داعش چيیە و لەسەر چی بونیادیان ناوە؟ بناغەی سەرەکی ئەم دونیابینی و تێڕوانینیەی داعش بریتیە لەمامەڵەکردن لەگەڵ دەق (ئەوەی ئەوان ناوی دەنێن قورئان و سوننەت) لە دەرەوەی سیاقی دەق خۆیی و بەپارچەپارچەکراویی و بەبێ لێکدانەوەی ئامنجی بنەڕەتی هاتنی دین. ئەوان تێڕوانینیان وایە کە خوا دەقی ناردووە و دەبێت پەێڕەو بکرێت پێبەپێ و هەنگاو بە هەنگاو. پێشیانوایە تێگەیشتنی ئەوان بۆ دەق یەکسانە بە دین خۆی. داعش بڕوای بە پارچەپارچەی دەقەکانە و بڕوای بەوە نيیە ئامانجێک لە پشت هاتنی دین و دروستکردنی ئادەمیزادەوە هەبێت غەیری وابەستە بوون بە دروشمه‌ دینیەکان بە تێگەیشتنی خۆیان. ئامانجی دین لای ئەوان ئەوەیە کە دەبێت پەیڕەو بکرێت و خوا بپەرسترێت و ئەمانەش دەبێت بسەپێنرێن. لە سەپاندنی دەقدا گونجان و کەلتور و ئاستی ڕۆشنبیری بەرامبەر گرنگ نیيە چونکە دین بۆ هەموانە و ئەحکامەکانی بەسەر هەمواندا دەبێت بسەپێنرێت و لەمەشدا نابێت چاوپۆشی لەکەس بکرێت. ئەوان دەڵێن ئەوان ڕزگاربون و ئەوانی تریش هەموی گومڕا، گومڕاش دەبێت بکوژرێت ئەگەر نەیاتە ڕیزی یەکڕەنگیەکەی ئەوان. لای داعش پەیامی دین بەم شێوەیە:
خوا←پەیام←سەپاندنی پەیام
خوا= دروستکەری مرۆڤە و دەزانێت چ پەیامێک بۆ مرۆڤ باشە
پەیام= تێگەیشتنی ئەوان بۆ پەیام
سەپاندن= بەکارهێنانی توندوتیژی و زۆرکردنە
ئەو دەقانەی داعش پشتی پێ دەبەستێت بۆ بونیادنانی دونیابینیەکەی خۆی قورئان و فەرمودەیە بە تێگەیشتنە ڕوکەش و سادەکەی خۆیان. لای داعش بەهای فەرمودە لە قورئان کەمتر نيیە بۆ ئەوەی دونایبینی خۆتی لەسەر بونیاد بنێیت، چونکە ئەویش ڕوونکەرەوەی قورئانە. ئەوان وای دەبینن قورئان ناڕوونە و پێویستی بە فەرمودەیە تا بیناسێنێت. ئەم دوو سەرچاوەیە لای ئەوان زەمان و مەکان کاریگەریی بۆ سەر ماناکانیان نیيە. باشترین تێگەیشتنیش بۆ ئەم دوو سەرچاوەیە سێ نەوەی یەکەمی ئیسلامە و ناکرێت قسە لە ئاستی قسە و تەئویلەکانی ئەواندا بۆ دەق بکرێت. لای ئەوان، ئیسلام لە ڕێی جێبەجێکردنی ئەحکامەوە عیزەت و گەورەیی خۆی دەردەخات. ئەحکام دەبێت بسەپێنرێت، دز دەستی دەبڕێت و ئافرەتی زیناکار و پیاوی زیناکار ڕەجم دەکرێن و عەرەقخۆر جەلدەی لێدەرێت و نوێژنەکەر دوای سێ جار ئاگادارکردنەوە دەکوژرێت و...هتد. ئامانجی دین و مەبەستی سەرەکی بریتیە لە دابەزاندان و جێبەجێکردنی ئەم حوکمانە بەبێ دوودڵی. ڕەنگە خوێنەر لێرەدا ئەو پرسیارەی بە مێشکدا بێت کە ئایا ئەو بنەمایانەی بونەتە سەرچاوەی تێڕوانینی داعش هەمان بنەماکانی تێڕوانینی مسولمانانی تر نین؟ بە مانایەکی تر، خۆ مسوڵمانانیش بەگشتی، ئەهلی سوننە بەتایبەتی، پشت دەبەستن بە قورئان و سوننە و جێبەجێکردنی ئەحکامی دینی بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و لای ئەوانیش ئەو سێ نەوەیەیی یەکەم باشترین ڕەنگدانەوەی ئیسلام بوون؟ ئایا هەر مسوڵمانان نەبوون کە بەرامبەر بەیەک هەمان ڕەفتارەکانی داعشی ئێستایان بەکارهێناوە؟
ئێمە لێرەدا دەبێت دان بەوەدا بنێین کە سەرچاوەی ڕەفتارەکانی داعش ڕەگی لە مێژووی ئیسلامی و ئەدەبیاتی نوسراوی مسوڵماناندا هەیە. ئەم جۆرە لە تێڕوانینن بۆ دەق و خودا و مرۆڤ ئیمکانیەتی potential ی ئەوەی تێدایە کە توندڕەوی هاوشێوەی داعش بەرهەم بهێنێت، بەڵام ئیمکانیەتی ئەوەشی تێدایە کە نموونەیەکی تا ڕادەیەک میانڕەو بەرهەم بهێنێت ئەگەر یەک پێکهێنەری فیکرە داعشیەکە لابەرین کە ئەویش، "سەپاندن" ە. ئەوەی دەیبینین ئەوەیە کە سەڕەرای بونی هەمان بناغەی تێڕوانین بۆ دەق و خودا و مرۆڤ، کەچی داعش کەمینەیەکی کەمە و مسولمانی بێباوەڕ بە توندوتیژیەکانی داعش زۆرینەن. هەندێک دەق لە قورئان و فەرمودەدا هەن کە داعشیەکان کردویانەتە سەرچاوەی تێڕوانینیە توندەکانی خۆیان، هەندێک دەقی تری قورئان و فەرمودەش هەن کە بونەتە سەرچاوەی میانرەوی زۆرینە. واتە لێرەدا مەسەلەک بریتیە لە جەختکردنەوە لەسەر کۆمەڵێک ئایەت و فەرمودە زەقکردنەوەیان یان کاڵکردنەوەیان. ئەوەی شیاوی ئاماژەیە ئەوەیە کە ئەوانەی هەڵدەستن بە زەقکردنەوەی ئەو دەقانەی هانی توندوتیژی دەدەن زیاتر ئەو تاک و گروپە سیاسیانەن کە ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە دەسەلات. ئەوانەی دەقی هاندەر بۆ توندوتیژی زەقدەکەنەوە زیاتر سیاسیەکانن.
هێڵکاریەکە ئەوەمان بۆ روون دەکاتەوە کە ئەم جۆرە تێڕوانینە باوە بۆ دەق ئیمکانیەتی ئەوەی تێدایە کە گروپ و تاکە وابەستەکان بەرەو هەر ئاڕاستەیەک ببات. ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە ئایا سیاسیەکان دەیانەوێت کام ئاڕستە هەلبژێرن. بۆ نموونە، بزوتنەوەی ئیسلامی ئێستا و بزوتنەوەی ئیسلامی ساڵی نەوەدەکان جیاوازیان زۆرە لەم ڕووەوە. لە کاتێکدا پێشتر بزوتنەوە زۆر توندوتیژ بوو لە مامەڵەی لەگەڵ ئەو حیزبانەی ناویان نابوون عەلمانی، ئێستا هەمان بزووتنەوە دۆستی هەمان ئەو حیزبانەیە کە سەردەمانێک بۆ خوێنی یەک تینو بوون.
ئەم تێروانینە چەند گرفێکی سەرەکی هەیە:
لەگەڵ ئەوەدا کە دەکرێت ئەم گروپ و کەسانە بەرەو ئاشتیخوازی هەنگاو بنێن، بەڵام ترسێکی جدی لە ئارادایە کە ئەم هەنگاوەیان کاتی بێت و لە حاڵەتی لاوازیاندا بێت. هەندێک لە بزاڤە ئیسلامیەکان وای دەبیننن کە لە قۆناغی لاوازیدا دەکرێت موجامەلەی سیاسی لایەنەکانی بەرامبەر بکرێت، بەڵام لە حاڵەتی تەمکیندا (دەسەڵاتداریدا) دەبێت مامەڵەت لەگەڵیاندا بگۆڕیت و تێڕوانینی خۆتیان بەسەردا بسەپێنیت.
گرفتێکی تر ئەوەیە کە من ناوم ناوە گرفتی 'ئیمکانیەت-Potential'. مەترسی ئەم تێڕوانینە لەوەدایە کە ئیمکانیەتی چوون بەرەو توندڕەویی تێدایە. واتە بە دووری مەبینە کەسێک یان گروپێک لە پیناو جێبەجێکردنی حوکمێکدا دەست بداتە کاری توندوتیژی.
گرفتێکی تری سەرەکی ئەم تێڕوانینە ئەوەیە کە پێیوایە دروستکردنی یەکڕەنگی دینی داواکاریەکی خوداییە، بۆیەش هەڵگرانی ئەم تێروانینە لە توندڕەوان و میانڕەوانیش هەر لە هەوڵدان بۆ ئەم ئامانجە بەڵام هەریەک بە ئیمکانیات و ئامڕازەکانی بەردەستی.
لێرەدا پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە بۆچی و چ توخمێک لەم تێڕوانینەدا زۆر مەترسیدارە؟ ئەوەی کە بەشێکی زۆری هەڵگرانی ئەم تێڕوانینە کودەکاتەوە بە هەردوو ئاڕاستەکەیەوە ئەوەیە کە دەیانەوێت یەکڕەنگی دروست بکەن و فرەڕەنگی ئاینی نەهێڵن. مەترسیەکە ئەوەیە کە باوەڕنەبوون بە فرەڕەنگی مەترسی بۆ سەر مرۆڤایەتی و قڕکردنی جیاوازیەکان هەیە. ئەوانەی لە مێژوودا هەوڵی قڕکردنی ئەوانی تریان داوە گرفتی سەرەکیان ئەوەبوە کە لە بنەڕەتدا پێیانوابووە کە ئەوان لەوانی تر باڵاترن و بۆیەش یان دەبێت ئەوانی تریش بێنە ئاستی باڵای ئەوان یان دەبێت بەقڕکردن وەڵامیان بدرێتەوە. بوونی وەها تێڕوانینێک دەیکاتە ئەرک بەسەر هەمووانەوە کە وێڵی دوای تێروانینێک بن کە باوەڕی بەفرەیی و فڕرەنگی هەبێت، تێروانینێک کە مرۆڤدۆستی بکاتە بنەڕەتی کارکردنی نەک یەکڕەنگی و یەکباوەڕیی. تەنها بە هەوڵدان بۆ بونیادنانی ئەم تێروانینە نوێیە دەتوانین پەیامی پشت ئاین تێبگەین و مرڤدۆستی بکەینە مۆرکی زاڵی ناو ئەم تێروانینە نوێیە.
گرفتی سەرەکی ئەم تێڕوانینە باوە ئەوەیە کە دژە لەگەڵ پەیامە گشتیەکانی قورئاندا. تەنها یەک نموونە دەهێنمەوە. قورئان کاتێک باسی فرەڕەنگی دەکات، دەیکاتە حەتمەیەتێکی ژیان (وَلَوْ شَآءَ رَبُّكَ لَجَعَلَ ٱلنَّاسَ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلاَ يَزَالُونَ مُخْتَلِفِينَ/ هود ١١٨). واتە ئەگەر خوا ویستی لەسەر بوایە خەڵکی هەمووی دەکردە یەک نەتەوە، بەڵام ئەوەتا تا ئێستاش هەر جیاوازن. لە ئایەتێکی تردا هاتووە (وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَجَعَلَهُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَٰكِن يُدْخِلُ مَن يَشَاءُ فِي رَحْمَتِهِ ۚ وَالظَّالِمُونَ مَا لَهُم مِّن وَلِيٍّ وَلَا نَصِيرٍ/ الشوری-٨). واتە، ئەگەر خوا ویستی لێبوایە ئەوا دەیکردنە یەک نەتەوە، بەڵام کێی ویست لێبێت دەیخاتە سایەی ڕەحمەتی خۆیی و ستەمکارانیش سەرپەرشتیار و پشتگیریان نیيە. لە چەندین ئایەتی تریشدا جەخت لەسەر حەتمیەتی فرەڕەنگی کراوەتەوە، بۆ نموونە ئایەتی ٩٣ی سورەتی النحل و سورەتی الزخرف ئایەتەکانی ٣٣ و ٦٠. بۆیەش هەر باوەڕ و تێڕوانینێک بناغەی خۆی لەسەر بڕواهێنان بە فرەڕەنگی ئاینی دانەمەزراندبێت دژە بە بنەماکانی قورئان.
گرفتێکی تری گەورەی ئەم تێڕوانینە باوە ئەوەیە کە زۆر کەم ئەو چەمکانەی تێدا چەسپێنراوە کە دەبنە هۆی خۆشگوزەارنی مرۆڤایەتی، هێندەی دروشم و شەعائیرە دینیەکان زەقکراونەتەوە هێندەی ئەوە چەمکە ئینسانیەکان ونکراوە. بۆ نمونە کاتێک بە مسوڵمانێکی خاوەن تێڕوانینی باو دەڵێی پایەکانی ئیسلام کامانەن ڕاستەوخۆ دروشمە باوەکانت پێ دەڵێت (نوێژ و ڕۆژ و حەج و زەکات)، لە کاتێکدا ئەمانە تەنها ئامڕازێک بوون بۆ بەهێزکردنی باوەڕی مسوڵمانان بە چەند چەمکێکی تری ئینسانی و ئەمەش بەڕونی لە قورئاندا بەدەر دەکەوێت. بۆ نموونە نوێژ بەپێی دەقی قورئانی وەسیلەیەکە بۆ خۆدورخستنەوە لە کارێک کە کۆمەڵگا بە شیاوی نازانێت و لێی رازی نيیە و هاندەرێکیشە بۆ چاکەکردن لەگەڵ خەڵکانی تردا. واتە نوێژ وەسیلەیەکە تا پێت بڵێت کە تۆ پێویستە لەگەڵ خەلکانی تردا باش و بەڕەوشت بیت چونکە تۆش و ئەوانیش بەندەن و کڕنوش بۆ هەمان خوا دەبەن و کەستان لە کەستان گەورەتر نیيە، مەگەر بەوەی زیاتر لەگەڵ خەڵکیدا باش بن. واتە کاتێک نوێژ وەک وەسیلەیەک ناتوانێت بەم کارەی خۆی هەستێت ئیتر دەبێتە کۆمەڵە جوڵەیەکی وەرزشی و خویەکی ڕۆژانە. لەگەڵ ئەمەشدا چەندین چەمک، کە بەدیهێنانیان ئامانجی سەرەکی هەموو دینەکانە، ونکراوە و گرنگیەکی زۆر کەمی پێدراوە لە فیقه و ئەدەبیاتی ئیسلامیدا. لەگەڵ ئەوەی قورئان، بۆ نموونە، وەدیهێنانی داپەرەوەریی بە فەرمانێکی ئیلاهی دادەنێت کەچی هێندەی قسە و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکارەکانی دەستنوێژ شکاندن کراوە، نیو هێندە چەمکی دادپەرەوەریی لێکۆڵینەوەی لێنەکراوە لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا.
گرنگە ئەو پرسیارە لە خۆمان بکەین کە بۆچی ئەو چەمکە ئینسانیانەی کە لە قورئاندا هەبوون و پێغەمبەرانیش هەوڵیان بۆ چەسپاندنیدا ونکران و کاریان لەسەر نەکرا و لە جێی ئەوان هەندێ وەسیلە و چەمکی تر زەقکرانەوە؟ ڕەنگە وەڵامی ئەم پرسیارە لێکۆڵینەوەی زیاتری بوێت، بەڵام بە کورتی من دوو خاڵ بە بنەڕەتی دەبینم:
دەسەڵاتی سیاسی بە کۆمەڵیک ئەزمەی قوڵدا تێپەڕی لە دوای مردنی پێغەمبەر، هەر لە شەڕی ناوخۆ و کوشتار و جیاوازی لەبابەتی خەلافەت و ... هتد. بەڵام کاریگەرترین قەیرانی دەسەڵاتی دوای پێغەمبەر بریتی بوو لە دەستگرتنی ئەمەویەکان بەسەر دەسەڵاتدا. لێرەوە دەسەڵات چووە دەستی بنەماڵەیەک. سیاسیەکانی بنەماڵەی ئەمەوی زیرەکبون لەوەدا کە خەڵکیان سەرقاڵی کۆمەڵێک بابەتی عەقیدەیی و فیقهی کرد لە پێناو درێژەدان بە حوکمی خۆیان. هەر گرنگیدانێک بە چەمکەکانی دادپەروەری و مرۆڤدۆستی لە زیانی ئەمەویەکان و دەسەڵاتە سیاسیەکانی دوای ئەوانیش تەواو دەبوو، بۆیەش بەردەوام جەخت لەسەر دروشمە پەرستشیەکان دەکرا و چەمکە بنەڕەتیەکانی دین فەرامۆش دەکران.
کەلتوری عەرەبی حیجاز و جەزیرەی عەرەبی لە دوای وەفاتی پێغەمبەر هێندەی لەباردا نەبوو گەشە بە چەمکە بنەڕەتیەکانی وەک داپەرەوری و یەکسانی مرۆڤەکان بدات چوانکە پەرەپێدانی ئەم جۆرە چەمکانە کەسانی ئینتلێکچواڵ و ژینگەیەکی هاوکاری دەوێت. خۆ ئەگەر تاک و تەرا کەسانێک سەری هەڵدابێت کە باسیان لەم چەمکانە کردبێت ئەوا هەندێک جار بێزراو بوون لەناو خەڵکیدا و فیکرەکانیان بە نامۆ و قێزەون لە قەڵەم دراون.

بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمی ئەم بابەتەدا باسێکی بنەما سەرەکیەکانی ئیسلامی داعشیمان کرد، گەیشتینە ئەو بەرەنجامەی کە ئەولەویاتی ئەم جۆرە تێڕوانینە دروستکردنی یەکڕەنگیەکی ئایینی و مەزهەبیە. لەم بەشەدا، باس لە پەڕینەوە دەکەین لە ئیسلامە توندڕەوکەی داعش و هاومەشرەبەکانیان بۆ ئیسلامێک کە بەرهەمهێنەری ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستی بێت. لە ڕێی وەڵامدانەوەی دوو پرسیارەوە دەچینە ناو کرۆکی ئەم بابەتەوە کە ئەمانەن، ئایا ڕاگوزەریی لە ئیسلامی داعشەوە بۆ ئیسلامی ئاشتی ڕێی تێدەچێت؟ ئایا چۆن هەنگاو بنێین بۆ هێنانەکایەی ئیسلامێکی ئاشتیخواز کە ئیمکانیەتی بەرەو توندڕەوبونی لە سفر نزیک بێت؟ ئایا دەکرێت ڕاگوزەریی بکرێت لە ئیسلامێکی داعشیەوە بۆ ئیسلامێکی هێمن و ئاشتیخواز؟
هەرچەندە ڕەنگە زەحمەت بێت لە ماوەیەکی کەمدا ڕاگوزەریەکی کاریگەر بکرێت، بەڵام خودی ڕاگوزەریی رێی تێدەچێت و موستەحیل نییە. زۆر گرنگە بۆ ڕاگواستن لە بناغە بنەڕەتیەکانی ئیسلامی توندڕەوەوە دەست پێبکەین، واتە دەبێت لە پێشدا بگەڕێینەوە بۆ ئەو بنەڕەتانەی کە ئەم ئیسلامە توندە بەرهەم دەهێنێت، پاشان هەوڵی گۆڕینی بدەین. بە مانایەکی تر، هەتا ئێمە نەزانین توندڕەوی ئیسلامی لە کوێوە دروست دەبێت، ناتوانین بگوازینەوە بۆ ئیسلامی هێمن. زۆر زەحمەتە بناغەی تێڕوانینێکی نوێ بۆ دین و خوا و مرۆڤ بێتەکایەوە، ئەگەر بە وردی دیراسەی تێڕوانینە باوەکانمان نەکردبێت. ئەوەی لە تێروانینی باودا گرفتی گەورەیە ئەوەیە کە ئیمکانیەتی دروستکردنی داعشی تێدایە و مرۆڤدۆستی تێیدا زەق نیە، بەڵکو لە هەندێ حاڵەتدا مرۆڤ پێگەیەکی زۆر نزمی هەیە تێیدا. مرۆڤ و مرۆڤدۆستی نەبوونەتە بنەڕەتێک لە بنەڕەتەکانی ئەو تێروانینە باوە. دەبێت تێڕوانینی نوێ ئەم گرفتانە تێپەڕێنێت و مرۆڤدۆستی بکاتە سەنتەر و چەقی خۆی. کاتێک دەوترێت مرۆڤدۆستی، ئەوا داننان و مامەڵەی دروست لەگەڵ فرەیی دەبێتە بەشێکی بنەڕەتی لەو تێروانینە. ئیتر مرۆڤەکان بە جیاوازی ڕەنگ و زمان و کەلتور و بیروڕایانەوە وەک یەک تەماشا دەکرێن. هەرکەسێک تاوانبار بێت دەبێت سزای خۆی وەرگرێت، جا لەهەر تیرە و زمان و دین و مەزهەبێک بێت. لێرەوە بەهای مرۆڤ بەرز دەبێتەوە و مرۆڤکوژی بێ بەها دەکرێت. ئەو دەقانەی توندوتیژیان لەسەر بونیادنراوە دەکرێت ئاشتیخوازی و هێمنیشیان لەسەر بونیادبنرێت، واتە دەقەکان مادەیەکی خامن بەڵام تێگەیشتنەکانی ئێمە مانا دەدات پێیان.

یەکەم کارێکی گرنگ لێرەدا بکرێت (تەنها بواری باسکردنی ئەم کارەمان هەیە لەم نووسینە دوو بەشیەدا) بریتییە لە دوبارە پێناسەکردنەوەی چەند چەمکێکی بنەڕەتی لە ئەدەبیاتی ئیسلامیدا وەک: ئیسلام و ئیمان و وەلائوبەرا و حوکمی خوا و کوفر و بەندایەتی و چەند  چەمکێکی تر. ئەم چەمکانە کراونەتە بناغە بۆ دروستکردنی یەکڕەنگیەکی ئاینی. هەڵگرانی فیکرەی یەکڕەنگی ئاینی پێیانوایە کە فەرمانێکی خوایی جێبەجێ دەکەن، لە کاتێکدا وەک لە بەشی یەکەمی ئەم باسەدا ئاماژەمان پێدا، دروستکردنی یەکڕەنگی دژە بە چەند ئایەتێکی قورئانی. لێرەدا دەتوانین بڵێن یەکڕەنگی ئاینی، بناغەی یەکەم و ئامانجی سەرەکی تێروانینی باو بۆ ئیسلام، نە فەرمانێکی خواییە و نە ئامانجێکی دروستیشە، بە مانەیەکی تر هەر لە بنەڕەتەوە وەها ئامانجێک هەڵەیە. جا ئەگەر بناغەی بینایەک بە هەڵە نەخشەی بۆ بکێشرێت، ئەوا ئەوەشی لەسەری بونیاد دەنرێت هەر هەڵە دەبێت. ئەوەی لەسەر هەڵە بونیادنرابێت هەر هەڵەیە. بەڵام دەکرێت بە پێناسەدانەوە بەو چەمکانەی سەرەوە جارێکی تر سیمایەکی مرۆڤدۆستانە بدەینەوە بە دین، وەک ئامڕازێکی کۆکردنەوەی مرۆڤایەتی لەسەر چەمکەکانی لێبوردەیی و و ئاشتی مامەڵەی لەگەڵ بکەین. هەریەک لەو چەمکانەی لە سەرەوە ئاماژەمان پێیداوە گرنگی خۆی هەیە لە ئیمکانیەتی بەرەو توندوتیژی بردنی ئاییندا، بۆیەش پێویتسمان بە دوبارە پێناسەکردنەوەیان هەیە. من لێرەدا هەوڵ ئەدەم لە دووبارە پێناسەکردنەوەی یەکێک لەو چەمکانە کە "ئیسلام"ە بکۆڵمەوە، پاشان سەیر بکەین کە دوبارە پێناسەکردنەوەکە چ کاریگەریکی دەبێت لەسەر ئاشتی و فرەیی و پێکەوەژیان.

لە تێروانینی باودا، ئیسلام بریتییە لە شاهێدیدان بەوەی کە خوا تاک و تەنهایە و موحەمەدیش نێردراوی خوایە، نوێژکردن، زەکاتدان، ڕۆژوگرتن، و حەجکردن لە کاتێکدا توانات بەسەریدا بشکێت. ئەمانە بە پایەکانی ئیسلام و پێناسەکەی ناسراون. ئەم پێناسەیە بۆ ئیسلام لە فەرمودەوە وەرگیراوە (سەیری سەحیحی موسلیم و جامیعی تیرمیذی و سونەنی ئەبی داود بکە). ئەوانەی ڕیوایەتی ئەم فەرمودانەیان کردوە زۆرن، بەڵام لە هەندێکیاندا پایەی تری بۆ زیادکراوە و پایەی تری لێ کەمکراوەتەوە. لە سەحیحی ئیبن و خوزەیمەدا سێ پایەی تری بۆ زیادکراوە کە ئەوانیش عەمرە و خۆشۆردن لە لەشپیسی و دەستنوێژگرتنێکی تەواوە. کەچی لە موستەخرەجی ئەبی عوانەدا ئیسلام بریتیە لەوەی ملکەچ بکەیت بۆ خوا و نوێژ بکەیت و حەج ئەنجام بدەیت. لای ئەبو عوانە ئەمە کرۆکی ئیسلامە. بەڵام لێرەدا، با لەم جیاوازیە بگەڕێین لە دیاریکردنی پایەکانی ئیسلامدا لە فەرمودە و پشت ببەستین بە تێڕوانینی باو. گرفتی سەرەکی لەم تێڕوانینە باوەدا دوو شتە:

یەکەم: ئەم پێناسەیە بۆ ئیسلام جیاوازە لە ئەو پێناسەیەی قورئان بۆ ئیسلامی کردوە (دواتر لە چەمکی ئیسلام لە قورئاندا دەکۆڵینەوە).
دووەم: خودی تێڕوانینەکە ئاساییە، واتە ئاساییە کە ئەمانە پێنج پایەی ئیسلام، یان پێناسەکەی بن. بەڵام ئەوەی ئاسایی نییە ئەو بەرەنجامانەیە کە دروست دەبن لە ئاکامی نەبونی ئەم پێنج پایەیە لە مرۆڤەکاندا. لە فەرمودەیەکدا کە لە صەحیحی بوخاری و موسلیمدا هاتوە چارەنوسی ئەوانە دیاریکراوە کە وابەستە نابن بەم پێنج پایەیەی ئیسلامەوە. دەقی فەرمودەکە دەڵێت (أمرت أن أقاتل الناس حتى يشهدوا أن لا إلهإ لا الله، وأن محمدا عبده ورسوله، فإذا شهدوا أن لا إله إلا الله، وأن محمدا رسول الله، وصلوا صلاتنا، واستقبلوا قبلتنا، وأكلوا ذبيحتنا، فقد حرمت علينا دماؤهم وأموالهم إلا بحقها) و ئیمامی ئەحمەدیش ئەم ڕیوایەتەی کردوە (أمرت أن أقاتل الناس حتى يشهدوا أن لا إلاه إلا الله وأن محمدا رسول الله ويقيموا الصلاة ويؤتوا الزكاة فإذا فعلوا ذلك عصموا مني دمائهم وأموالهم إلا بحق الإسلام وحسابهم على الله تعالى). کورتەی مانای ئەم فەرمودانە ئەوەیە، کە خوا فەرمانی بە پێغەمبەر کردوە کە بجەنگێ لەگەڵ خەڵک تا ئەو کاتەی شایەتومان دەهێنن و نوێژ دەکەن بەو شێوازەی ئێمە دەیکەین و زەکات دەدەن و ڕوودەکەنە قیبلەی ئێمە. هەرکات خەڵکی ئەمانەیان کرد ئەوجا خوێنیان حەرامە بە حەقی خۆی نەبێت. 'نەوەوی' لە شەرحی فەرمودەکەی ناو بوخاریدا بۆچونی وایە کە پێغەمبەری خوا بۆیە رۆژ و حەجی ئاماژە پێنەداوە، چونکە ئەو کەسەی بەڕۆژو نابێت سزاکەی بەندکردن و برسیکردنە و حەجیش فەرزێکی لەسەرخۆیە و یەکسەر ئەنجام نادرێت. نەوەوی پێیوایە کە هەرکەسێک ئەو واجباتانە تەرک کات ئەوا جائیزە بکوژرێت و شەڕی دژ بکرێت وەک چۆن ڕێگر و چەتە و زەکاتنەدەر و کەسێک ئاو نەدات بە تینویەک و پیاو و ئافرەتی هاوسەرداری زیناکەر و کەسێک جومعەکردنی واز لێهێنابێت و وازی لە دەستنوێژگرتن هێنابێت و کەسێک لەگەڵ ئەوەی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام قەرزەکانی ناداتەوە شەڕیان لەگەل دەکرێت و دەکوژرێن (بگەڕێنەوە بۆ شەرحی ئەم حەدیسە لە ئەربەعینی نەوەویدا). لە (فتح الباري)دا، ئیبنوحەجەری عەسقەلانی بۆچونێکی تری هەیە لە شەرحی ئەم فەرمودەیەدا. ئیبنوحەجەر لەسەر زمانی ئیبنودەقیقی عید دەنوسێت کە جیاوازی هەیە لە نێوان (قتل و مقاتلة). واتە دەکرێت کەسێک ئەو مەرجانەی ناو فەرمودەکەی تێدابێت موقاتەلەی (شەڕی) لەگەڵ بکەیت، بەڵام مەرج نییە قەتل (کوشتن)ی حەڵاڵ بێت. بەڵام ئەم بۆچونەش گرفتی زۆری تێدایە، چونکە ئەگەر شەڕ لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە ئەو مەرجانەی فەرمودەکەی تێدانییە، ئەوا ئەگەرێكی زۆری هەیە کەسەکە بکوژرێت، یان لە شەڕەکەدا ئەو بەرامبەرەکانی بکوژێت. بۆیە هەرچەندە لە ڕووی زمانەوانیەوە جیاوازی هەیە لە نێوان موقاتەلە و قەتلدا، بەڵام لە ڕووی عەمەلیەوە، بەرەنجامەکانی هەردوکیان لە یەکتری نزیکن. پوختەی قسە لەم بارەیەوە ئەوەیە کە بەرەنجامی پەیوەست نەبون بەو پایانەی ئیسلامەوە کە لە تێڕوانینی باودا هەن، خاوەنەکەی توشی مەترسی لەناوچونی ژیانی دەکات. واتە لەم فەرمودەیدا هیچ کەسێک پارێزراو نابێت ئەگەر دینێکی یان بیروباوەڕێکی جیاوازی هەبێت.

پێناسەکردنەوەی چەمکی 'ئیسلام'
بەڵام ئەگەر جارێکی تر پێناسەی ئیسلام بکەینەوە بەو شێوەیەی کە لە قورئاندا هاتوە و مەبەست و مەغزاکانی شیکار بکەین، ئەوا دەکرێت بناغەی ئیسلامێکی ئاشتیخوازی لەسەر دابمەزرێنین. چەمکی ئیسلام لە قورئاندا جیاوازیەکی بنەڕەتی و بەرچاوی هەیە لەو پێناسە باوەی بۆ ئەم چەمکە کراوە و لە شەرحی فەرمودەکاندا ڕونکراوەتەوە. چەند ئایەتیك لە قورئاندا ئاماژە بە مانای ئیسلام و مسوڵمان دەکەن لە قورئاندا. من هەوڵ ئەدەم بەشێک لەو ئایەتانە لێرەدا شیکار بکەم و پاشان کاریگەریی ئەم دوبارە پێناسەکردنەوەیە لەسەر فرەڕەنگی و پێکەوەژیان ڕوون بکەمەوە.
چەمکی ئیسلام و ڕەگە زمانەوانیەکانی لە چەندین شوێنی قورئاندا هاتون. لە کۆی ئەو ئایەتانەی ئاماژە بەوچەمکە دەدەن، من لێکۆڵینەوە لە هەندێکیان دەکەم. بە وردبونەوە لەو ئایەتانەی باسی چەمکی ئیسلام دەکەن دەگەینە ئەو بەرەنجامانەی کە ئیسلام لە قورئاندا بریتییە لە:
ملکەچکردن و ڕازیبون بەوەی کە خوایەکی تەنها و تاک بوونی هەیە.
ملکەچبون و ڕازیبون بەوەی کە کۆمەڵێک کەس هەبوون کە خوا پەیامی پێداناردون تا بەها ئینسانیەکان گرنگی پێبدەن و زیندویان بکەنەوە لە ناو کۆمەڵێک مرۆڤی تردا.

ئەم دوو مەرجە لە هەر گروپێک یان نەتەوەیەک یان تاکێکدا هەبوبێت، قورئان بە (مسلم) مسوڵمان ناوزەدی کردون. کەواتە ئەو گروپ و نەتەوانەی ئەمڕۆ وەک مسوڵمان ناویان دەرکردوە، ئەوانە تاکە گروپ و نەتەوەی مسوڵمان نین، بەڵکو درێژکراوەی چەندین گروپ و نەتەوەی مسوڵمانی پێش خۆیانن. هەرچەندە نوێژ و ڕۆژو و شەعائیرەکانی تری گروپ و نەتەوەکانی تر لە گروپ و نەتەوە مسوڵمانەکانی ئێستا ناچێت، بەڵام هەمویان هەر بە مسوڵمان ناوبراون لە قورئاندا. بۆ ئەوەی دروستی ئەم بۆجونەی خۆم بسەلمێنم ئەوا دەگەڕێمەوە بۆ قورئان و چەندین ئایەت وەک بەڵگە دەهێنمەوە. یەکەمین پێغەمبەر کە نوح  بووە، لە قورئاندا بە مسوڵمان ناوی هێنراوە (فَإِنْ تَوَلَّيْتُمْ فَمَا سَأَلْتُكُمْ مِنْ أَجْرٍ إِنْ أَجْرِيَ إِلَّا عَلَى اللَّهِ ۖ وَأُمِرْتُ أَنْ أَكُونَ مِنَ الْمُسْلِمِينَ یونس-٧٢)، واتە نوح بە گەلەکەی وت (ئەگەر پشتیش لە پەیامەکەم بکەن خۆ من داوای پارەم لێنەکردون، پاداشتی من لای خوایە و فەرمانپێکراوم کە مسوڵمان بم). ئیبراهیم هەر وەک مسوڵمان خۆی ناساندوە، لە قورئاندا هاتووە دوعای کردوە کە نازناوی مسوڵمانی هەبێت (رَبَّنَا وَاجْعَلْنَا مُسْلِمَيْنِ لَكَ وَمِن ذُرِّيَّتِنَا أُمَّةً مُّسْلِمَةً لَّكَ وَأَرِنَا مَنَاسِكَنَا وَتُبْ عَلَيْنَا ۖ إِنَّكَ أَنتَ التَّوَّابُ الرَّحِيمُ/ البقرة-١٢٨)، واتە (خوایە بمانکەیتە کەسانێک ملکەچ و مسوڵمان بۆ تۆ و نەوەکانیشمان مسوڵمان بکەیت و شوێن و ڕێی خۆمان نیشان بدەیت و تەوبەمان لێوەرگریت، بە ڕاستی تۆ تەوبە وەردەگریت و بەبەزەییت). نەک هەر ئەم دوو پێغەمبەرە، بەڵکو زۆرێک لەو کەسایەتیانەی ناو قورئان بە هەمان مانا ئاماژەیان بە مانی مسوڵمان و ئیسلام داوە. لە ئایەتی ١٣٢ ی سورەتی ئەلبەقەرەدا دا هاتووە کە (وَوَصَّىٰ بِهَا إِبْرَاهِيمُ بَنِيهِ وَيَعْقُوبُ يَا بَنِيَّ إِنَّ اللَّهَ اصْطَفَىٰ لَكُمُ الدِّينَ فَلَا تَمُوتُنَّ إِلَّا وَأَنتُم مُّسْلِمُونَ)، واتە (بەم شێوەیە ئیبراهیم و یەعقوب وەسیەتیان بۆ نەوەکانیان کردوە کە خوا دینی بۆ پاڵفتەکردون، بۆیەش تەنها بە مسوڵمانی بمرن). تەنانەت فیرعەونیش پێش خنکانی هاواری دەکرد کە مسوڵمان بوە (حَتَّىٰ إِذَا أَدْرَكَهُ الْغَرَقُ قَالَ آمَنتُ أَنَّهُ لَا إِلَٰهَ إِلَّا الَّذِي آمَنَتْ بِهِ بَنُو إِسْرَائِيلَ وَأَنَا مِنَ الْمُسْلِمِينَ / یونس-٩٠). پێغەمبەر یوسفیش گوێڕایەڵی وەسیەتەکەی باوکی کرد و داوای کرد خوا بە مسوڵمانی بیمرێنێت و بیگەیەنێت بە زنجیرەی پیاوەچاکەکانی پێشو (رَبِّ قَدْ آتَيْتَنِي مِنَ الْمُلْكِ وَعَلَّمْتَنِي مِن تَأْوِيلِ الْأَحَادِيثِ ۚ فَاطِرَ السَّمَاوَاتِ وَالْأَرْضِ أَنتَ وَلِيِّي فِي الدُّنْيَا وَالْآخِرَةِ ۖ تَوَفَّنِي مُسْلِمًا وَأَلْحِقْنِي بِالصَّالِحِينَ/ یوسف-١٠١). بەلقیسیش کاتێک بەرفراوانی و بەهێزی دەسەلاتی سولەیمانی بۆ دەردەکەوێت دەڵێت کە پێشتریش مسولمان بون (فَلَمَّا جَاءَتْ قِيلَ أَهَٰكَذَا عَرْشُكِ ۖ قَالَتْ كَأَنَّهُ هُوَ ۚ وَأُوتِينَا الْعِلْمَ مِن قَبْلِهَا وَكُنَّا مُسْلِمِينَ/ النمل-٤٢). دوا نموونەشم لەم بارەیەوە باسی عیسایە کاتێک هەست بە بێباوەڕیەک دەکات لە نێوان هاوەڵەکانیدا (فَلَمَّا أَحَسَّ عِيسَىٰ مِنْهُمُ الْكُفْرَ قَالَ مَنْ أَنصَارِي إِلَى اللَّهِ ۖ قَالَ الْحَوَارِيُّونَ نَحْنُ أَنصَارُ اللَّهِ آمَنَّا بِاللَّهِ وَاشْهَدْ بِأَنَّا مُسْلِمُونَ/ ال عمران-٥٢) بەلام هاوڕێکانی وتیان کە شاهێد بە ئەوا ئێمە مسوڵمانین.

وەک وتمان هەمو ئەم ئایەتانە ئیسلامەتی بە دوو مەرجەوە دەبەستن کە لە سەرەروە ئاماژەم پێداون، کە بە کورتی بریتین لە ملکەچبوون بۆ بونی خوا و ڕەوانەکردنی پێغەمبەران لەلایەن ئەوەوە. بەڵام ڕەنگە هەندێک ئەو پرسیارە بکەن کە بۆچی لە قورئاندا چەمکی ئیماندار (مؤمن)  بەکارهاتوە بەرامبەر بەوانەی باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد هەبوە؟ ئایا چ جیاوازیەک هەیە لە نێوان ئەم دوو چەمکەدا لە ڕوانگەی قورئانەوە؟ بەڵی ڕاستە چەمکی 'مؤمن' و ڕەگە زمانەوانیەکانی چەندین جار لە قورئاندا هاتوە. لە ڕاستیدا جیاوازی سەرەکی نێوان (ئیماندار و مسوڵمان) ئەوەیە کە ئیماندار مەرجێکی سێیەمی هەیە بەدەر لەو دوو مەرجەی کە مسوڵمان هەیەتی، ئەویش باوەڕهێنانە بەو پێغەمبەرانەش کە لە دوای یان لە پێش یان هاوکات لەگەڵ پێغەمبەری خۆیانەوە هاتون. واتە بە نیسبەت ئەوانەوە کە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد هێناوە، خۆیان ئیماندارن کەچی مەسیحیەکان مسوڵمانن، بەڵام مەسیحیەکان ئیماندار نین، چونکە باوەڕیان بە پێغەمبەرایەتی موحەممەد نییە. بە نیسبەت مەسیحیەکانەوە خۆیان ئیماندارن، بەڵام جولەکەیەک ئیماندار نییە و تەنها مسوڵمانە، چونکە باوەڕی بە پێغەمبەرایەتی عیسا نییە. کەواتە دەکرێت کەسێک مسوڵمان بێت بەڵام ئیماندار نەبێت، بەوەی کە باوەڕی بە یەکێک لە پێغەمبەرەکان نییە (دەکرێت چەمکی ئیمان و ئیماندار لە قورئاندا بە جیا لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت).

بەرەنجام
ئەم پێناسەکردنەوەیە بۆ چەمکی ئیسلام و مسوڵمان لە ڕوانگەی قورئانەوە کاریگەری بەرچاوی دەبێت لەسەر پێکەوژیان و فرەڕەنگی ئایینی و هەنگاوێک دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی یەکڕەنگی ئایینی. چۆن؟ کاتێک یەکێک لە ئێمە بڕوای وایە کە زاراوەی مسوڵمان تەنها تایبەت نییە بەخۆی و گروپ و نەتەوە و گەلەکەی، بەڵکو درێژ دەبێتەوە لە نوحەوە تا موحەممەد، ئەوکات تێڕوانینی بۆ گروپ و نەتەوە و گەلەکانی تر دەگۆڕێت. تێڕوانینەکەی ئەوە دەبێت کە مرۆڤایەتی و ئاینەکانی هەمویان سەرچاوەیان یەکە و لە دوو مەرجە سەرەکیەکەی مسوڵمان بوندا هاوبەشن. ئەم تێڕوانینە هاندەر دەبێت بۆ بینین و جەختکردنەوە سەر خاڵە هاوبەشەکانی نێوان ئایینەکان و بینینی یەکتر وەک زنجیرەیەکی یەکپارچەی مێژویی. ئەم تێڕوانینە یارمەتیدەریش دەبێت بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی ئایینەکان، چونکە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر بە دوژمن نابینێت، بەڵکو وەک بەشێک لە پێکهاتەی دەرونی و کۆمەڵایەتی خۆی دەیانبینێت. ئەم تێڕوانینە کاریگەر دەبێت لەسەر دەرونی پەیڕەوانی ئایینی ئیسلام و بەرەو مامەڵەکردنێکی برایانەیان دەبات لەگەڵ پەیڕەوانی ئایینەکانی تردا.

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure