گەڕانەوە بۆ پشتی پەردە؛ ئایندەی کەتائیبی حزبوڵا و بریکارەکانی دیکەی ئێران لە عێراقدا

پێش 4 هەفتە

مایکڵ نایتس

وەرگێڕانی: حسێن ئه‌حمه‌د حسێن
سەرچاوە: پەیمانگای واشنتۆن
کەتائیبی حزبوڵا لەدوای دامەزراندنییەوە هەتا کوژرانی ئەبو مەهدی موهەندیسی دامەزرێنەری لە 3/ کانونی دووەم/2020دا، لای ئێران خوازراوترین گرووپی چەکداری عێراق بووە. لەگەڵ ئەوەشدا لەدوای کوژرانی موهەندیسەوە دەرکەوت چالاکی و هەژموونی ئەو سەرکردەیە لەگەڵ کەتائیبی حزبوڵادا هاوتەریب نەبووە. چونکە حزبوڵا ئێستاش لە عێراقدا بزوێنەری هێرشەکانی دژ بە ویلایەتە یەکگرتووەکانە. بەڵام لەڕووی سیاسییەوە کەمتر چالاکە و لەژینگەیەکیشدا کاردەکات، کە تێیدا توندتر کار لەسەر قەڵاچۆکردنی تیرۆر دەکرێت، بۆیە نکۆڵیکردن و نهێنیبوون جارێکی دیکە بووەتەوە بنەمایەکی گرنگی کارەکانی ئەو گرووپە. هاوکات سوپای قودسی سەر بە پاسدارانی ئێران-یش خوازیاری نمونەیەکی هەمەچەشنترە لە عێراقدا. لەو چوارچێوەیەشدا پشت دەبەستێت بەو گرووپانەی سەر بە کەتائیبی حزبوڵا نین، وەک (سەرایا جیهاد) و (سەرایا عاشورا). لە هەمان کاتیشدا دەیەوێت پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆتر لەگەڵ کەمینەکانی عێراقدا ببەستێت، بە کۆمەڵگا سوننە و کوردە فەیلییە شیعە و تورکمانەکانیشەوە. مێژووش خۆی دووبارە دەکاتەوە، چونکە کاتێک دەبینین ئێران شانەی نوێی بچوک و پارێزراوتر لە عێراق دادەمەزرێنێت، ئەوا دامەزراندنی خودی کەتائیبی حزبوڵامان بیردێتەوە.
بەهۆی زیادبوونی هێرشی میلیشیاکان دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە عێراقدا و یادی ساڵانەی هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا لە 31/ کانونی یەکەم/2019دا و یادی ڕۆژی کوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە 3/کانونی دووەم/2020دا، حزبوڵا هاتووەتە ڕیزی پێشەوەی ئەو لایەنانەی بوونەتە هەڕەشە بۆسەر ئەمەریکا. ئەگەر میلیشیاکانیش لە بەئامانجگرتنی ئەمەریکا لە عێراق بەردەوام بن، ئەوا واشنتۆن هەڕەشەی داخستنی باڵیۆزخانەکەی و وەڵامدانەوە بە هێرشکردنە سەر دەیان ئامانجی سەر بە میلیشیاکان دەکات، کە ڕەنگە بەشێکی زۆریان سەرکردە و پێگەی سەر بە کەتائیبی حزبوڵا بن. محەممەد موحی وتەبێژی فەرمی حزبوڵا، لە 10/تشرینی یەکەم/2020دا ڕایگەیاند، کە گرووپە چەکدارەکان هێرشەکانیان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەگرن، بەو مەرجەی حکومەت خشتەیەکی بۆ كاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا پێشکەش بکات. ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ سنوردارکردنی ئەو فشارە سیاسیانەی دەکرێنە سەر حزبوڵا، بەو مەبەستەی هێرشەکانی کەمبکاتەوە. بەپێی وتەی موحی ئەو فشارانە بەهۆی هەڕەشەکانی ئەمەریکاوە گەیشتوونە لوتکە.
ئەبو عەلی عەسکەری، سەرکردەی دیاری کەتائیبی حزبوڵا-ش دوای دوو ڕۆژ هانی میلیشیا عێراقییەکانی دا کە ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان لە عێراق نەکشێتەوە، بەردەوام دەبن لە پرۆسەی چاودێریکردن و خۆئامادەکردن بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجە ئەمەریکییەکان لە عێراق و ئەو فڕۆکە (ئیسرائیلی-ئەمەریکی)یانەی بە ئاسمانی عێراقدا جموجوڵ دەکەن. لەڕاستیدا ناردنی ناڕێکخراوی پەیامەکان لە بنکە جیاجیاکانی نێو کەتائیبی حزبوڵاوە، یەکێکە لەو ئاماژانەی کە پێمان دەڵێن، یەکگرتوویی حزبوڵا کەمبووەتەوە و پشێوی تێیدا بەربڵاوە.
لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە لە ڕێگەی جیاکردنەوەی ئەفسانە و واقیعی کەتائیبی حزبوڵاوە، دیدێکی وردبین بخەینە سەر ئەم ڕێکخراوە نهێنییە. چونکە لە ئابی 2019 لە نووسینێکدا گەیشتینە ئەوەی، کە شادەماری هەژموونی سوپای قودس لە عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس و کەتائیبی حزبوڵایە. ئێستاش دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر کوژرانی موهەندیسدا، بوارمان هەیە چاودێری کەتائیبی حزبوڵا بکەین، کە چۆن بەبێ ئەو پەردە سیاسییە گەورەیە کار دەکات. دوای کوژرانی موهەندیس باسوخواسی ئەو کەسایەتییە و کەتائیبی حزبوڵا و میلیشیاکانی دیکە (واتا ئەوانەی پێش دروستبوونی حەشدی شەعبی لە گۆڕەپانەکەدا بوون) لەناو عێراقییەکاندا هاتووەتە ئاراوە. هەندێک لە سەرکردەکانی کەتائیبی حزبوڵا بەهۆی ئاوێتەبوون لە نێو حەشدی شەعبی، یاخود دەستدرێژییەکان بۆسەر حکومەت، یا سەرکوتکردنی خۆپشاندانەکانەوە زیاتر دەرکەوتن. ئەمەش بوارمان پێدەدات، تا لێکۆڵینەوە دەربارەی پەیوەندی ڕاستەقینەی نێوان موهەندیس و کەتائیبی حزبوڵا بکەین و شیکردنەوەیەک بۆ هەژموونی موهەندیس بەراود لەگەڵ هەژموونی حزبوڵادا بکەین و ڕۆڵی ئەو گرووپە و پەیوەندییەکانی ئاییندەی لەگەڵ سوپای قودسدا هەڵبسەنگێنین.
لە هەوڵێکی چڕی چەند ساڵەدا لەسەر بنەمای وتارە وردەکانی پێشوو، کە زیاتر لە پێگەی (CTC Sentinel) دا بڵاوکراوەتەوە، نووسەر دوو توێژینەوەی پێکەوەبەستراوی لە ماوەی 2018-2020دا ئەنجامداوە.
نووسەر لە شەش بۆنەی جیاوازدا سەردانی عێراقی کردووە و چاوپێکەوتنی لەگەل زیاتر لە 30 بەرپرسی ئەمنی و سیاسیدا ئەنجامداوە. وتووێژەکانیش جەوهەری بوون، زۆرجاریش گفتوگۆکان زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندووە و جەختی لەسەر پرسی میلیشیاکان کردووەتەوە، بەتایبەت کەتائیبی حزبوڵا. لەنێو ئەوانەشی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، سیاسەتمەداری دیار هەبووە، زۆریشیان ئەو سەرکردە شیعانە بوون، کە پەیوەندییەکی بەهێزیان لەگەڵ سوپای قودسدا هەیە. زۆرێک لەوانە چەند جارێک چاوپێکەوتنی لەگەڵ کراوە، چەندین تێبینی زۆر وردیش تۆمارکراون. گشت چاوپێکەوتنەکانیش بەهۆی هەڕەشەی ئەمنیی میلیشیاکانەوە بە نهێنییەکی زۆرەوە ئەنجامدراون. هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەی ئەو کەسانە بەهۆی هاوکاریان بۆ توێژینەوەکەمان تووشی هەڕەشە نەبن.
لەپاڵ ئەو چاوپێکەوتنانەی ڕووبەڕوو ئەنجامدراون، نووسەر بەچڕی لە ڕێگەی پەیوەندی ئەلیکترۆنیشەوە گفتوگۆی لەگەڵ ئەو کەسە عێراقییانەدا کردووە، کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە، لەو میانەیەشدا داوای زانیاری وردیان لێکراوە بۆ گەیشتن بە سەدان داتا و خاڵی ورد، هاوکات چەندین داتا و وێنەی گرنگ بە دەستهاتوون. هاوکات ئەو چاوپێکەوتنانەی لەلایەن نووسەرەوە لە ماوەی 16 ساڵدا لەگەڵ کەسایەتییە عێراقییەکاندا ئەنجامدراون، کراونەتە پێوەری هەڵسەنگاندنی زانیارییەکان. ئەم شیکردنەوەیەشی لە چوارچێوەی ئەم نووسینەدا خراوەتەڕوو، بەرهەمی پڕۆسەی کۆکردنەوەی زانیاریانەیە.
ئەم نووسینە لە هەشت بەش پێکهاتووە. بەشی یەکەم، باس لە چۆنێتی دروستبوونی حزبوڵا و ئەرکەکەی و ڕۆڵی ئەبو مەهدی موهەندیس لە پێکهێنانی ئەو گرووپەدا دەکات. بەشی دووەمیش، کاریگەرییە ڕوونەکەی کوژرانی موهەندیس بەسەر کەتائیبی حزبوڵاوە دەخاتەڕوو. هەرچی بەشی سێیەمە، ئەوا تایبەتە بە هاوسەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی نێو حزبوڵا لە کاتی ئامادەکردنی ئەم نووسینەدا. بەشی چوارەمیش، تایبەتە بە لایەنە ناسەربازییە گرنگەکانی کەتائیبی حزبوڵا. بەشی پێنجەمیش باس لە چوارچێوەی جوگرافی کاری هێزە سەربازییەکەی نێو کەتائیبی حزبوڵا دەکات. بەشی شەشەم، باس لە ڕۆڵی کردە تایبەتەکانی حزبوڵا دەکات، لە دەرخستنی هێزی ئێران لە ڕێگای بۆردومانە موشەکی و کارە تیرۆریستییەکانیانەوە. بەشی حەوتەم، ڕۆڵی سنوردار، بەڵکو گرنگی کەتائیبی حزبوڵا دەخاتەڕوو، لە سەرکوتکردنی خۆپشاندانەکان و پێشێلکارییەکانی دیکەی مافی مرۆڤدا. لە کۆتاییشدا، بەشی هەشتەم، ئەنجامی سەرەکی توێژینەوەکە دەخاتەڕوو، هاوکات ئەو ڕێگایانەش ئاشکرا دەکات، کە ئەگەری زۆری هەیە کەتائیبی حزبوڵا، گرووپەكانی دیکە، سوپای قودس و تۆڕەکانی حزبوڵای لوبنانی لە ئاییندەدا بیگرنەبەر.

بۆ داگرتن کلیکی ئێرە بکە

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure