ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ربازیدا: هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر وه‌ك نموونه‌

پێش 3 هەفتە

ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان

پێشه‌كی
له‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا هه‌رێمی كوردستان, به‌تایبه‌تی هه‌ولێری پایته‌خت، له‌لایه‌ن چه‌ند گروپ و لایه‌نێكی جیاوازه‌وه‌ هێرشی كرایه‌سه‌ر و هێرشه‌كه‌ تاڕاده‌یه‌ك مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی هه‌ولێر دروستكرد. ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر هه‌ولێر ئامانجی تایبه‌تیان هه‌یه‌ و كه‌ره‌سته‌ی جودا جودایان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشه‌كانیان به‌كارهێناوه‌. له‌م نووسینه‌دا هه‌وڵدراوه‌ ئامانج و لایه‌نه‌كانی پشت هێرشه‌كان بخرێنه‌ڕوو و پاشان ئه‌وه‌ش باسكراوه‌ كه‌ هه‌رێمی كوردستان چۆن ده‌توانێت كه‌ڵك له‌م جۆره‌ هێرشانه‌ وه‌ربگرێت و ده‌ره‌نجامه‌كانی هێرشه‌كه‌ بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی و گۆڕینی هاوكێشه‌كان به‌كاربهینێت. 

بۆچی هه‌ولێر ده‌كرێته‌ ئامانج؟ 
هه‌ولێر له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك ده‌كرێته‌ ئامانج: 
1-هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران پێیانوایه‌ ئامانجی هێرشكردنه‌ سه‌ر هه‌ولێر بریتییه‌ له‌ فشاركردنه‌ سه‌ر هێزه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ناچاركردنیان به‌ جێهێشتنى عێراق. به‌بۆچوونى به‌شێك له‌ توێژه‌ران، ئامانجی ئه‌م هێرشانه‌ى سه‌ر هه‌ولێر بۆ گه‌یاندنى ئه‌و په‌یامه‌یه‌ به‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ ناتوانن له‌ هه‌رێمى كوردستان بمێننه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی جێهێشتنی عێراق. به‌واتایه‌كى تر، له‌ڕێگه‌ى ئه‌م هێرشانه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاگادار ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان ناكرێت ببێت به‌ شوێنێكى ئارام بۆ سه‌ربازانى ئه‌مریكى له‌ حاڵه‌تى كشانه‌وه‌ له‌ عێراق.
2-به‌شێك له‌ چاودێرانى سیاسی پێیانوایه‌ ئێران له‌ڕێگه‌ی گروپه‌ له‌برییه‌كانییه‌وه‌ په‌یامی خۆی له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هێرشانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى كێبڕكێكاره‌كانى له‌ عێراق كردووه‌ به‌وه‌ى كه‌ ده‌ڵێت : " له‌ هه‌ر شوێنێك بن ده‌توانین به‌ ئامانجتان بگرین، هه‌ر بۆیه‌ كێشه‌ و گرفت و سه‌ر ئێشمه‌مان بۆ دروست مه‌كه‌ن". 
3-به‌شێك له‌ توێژه‌ران پێیانوایه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ڕاسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌نێوان هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌ولێر و گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى شه‌نگاڵ له‌نێوان میلیشاكانى حه‌شدى شه‌عبی و هێزه‌كانى حكومه‌تى عێراقی و پارتى كرێكارانى كوردستان و توركیاو حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. 
4-به‌شێك له‌ چاودێران هێرشه‌كانى سه‌ر شارى هه‌ولێر گرێده‌ده‌ن به‌ هاتنه‌ناوه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركیا بۆ نێو خاكی هه‌رێمى كوردستان و پێشوازی لێكردنیان له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌. 
5-هه‌ندێك له‌ چاودێرانى سیاسی پێیانوایه‌ ئه‌م هێرشانه‌ بۆ تێكدانى ئاسایش و سه‌قامگیرى هه‌رێمى كوردستانه‌. ئاشكرایه‌، هه‌رێمى كوردستان به‌ عێراقه‌كه‌ى تر له‌ جیهاندا ده‌ناسرێت كه‌ خاوه‌نى سه‌قامگیرییه‌. ئامانج له‌و هێرشانه‌ تێكدان و شێواندنى ئه‌م وێنه‌ جوانه‌ى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌ جیهاندا. 
6-به‌بۆچوونى ده‌یڤید پۆڵاك، توێژه‌ر له‌ په‌یمانگاى واشنتۆن، ئێران له‌ پشت هێرشه‌كانى هه‌ولێره‌وه‌یه‌. پۆڵاك ده‌ڵێت، ئه‌گه‌رچی ئێران به‌فه‌رمى ئیدانه‌ى هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێرى كردووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ته‌نها پڕوپاگه‌نده‌یه‌كى ئاساییه‌. ئێران ئه‌گه‌رى زۆره‌ پشتیوانى له‌ هێرشه‌كه‌ كردبێت بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان تا له‌ عێراق بكشێته‌وه‌. 
7-یه‌كێكى تر له‌ په‌یامه‌كانى ئه‌و هێرشانه‌ له‌لایه‌ن گروپه‌ چه‌كداره‌ شیعه‌كانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان و به‌رپرسانى سیاسی كورد بێت. هه‌رێمی كوردستان، بۆ به‌شێك له‌ گروپه‌ شیعه‌كان، هه‌رێمێكى سه‌ركه‌شه‌ و بڕیار و ئاڕاسته‌ى سیاسی به‌دڵی  گروپه‌ شیعه‌ چه‌كداره‌كان نین،  له‌ڕێگه‌ى ئه‌م هێرشانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ گروپه‌ شیعه‌كان بیانه‌وێت ئه‌و په‌یامه‌ بگه‌یه‌نن كه‌ ده‌توانن ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌و ده‌توانن هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌ر شوێنێك كه‌ بیانه‌وێت ئه‌گه‌ر بێت و هه‌نگا و بڕیاره‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌وان بێت. 

كێ له‌ پشت هێرشه‌كانه‌وه‌یه‌؟
هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دوایانه‌ی سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر له‌ به‌رواری ١٤ نیسانی ٢٠٢١، له‌ ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی فرۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ ده‌بێته‌ سێیه‌م هێرش بۆ سه‌ر ئه‌و فرۆكه‌خانه‌یه‌ و هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ دیسه‌مبه‌ری ٢٠٢٠ ه‌و، ئه‌مه‌ش شێوازێكی نوێ و تازه‌یه‌ بۆ به‌ ئامانجگرتنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌و هێزانه‌ له‌ كوردستان له‌ڕێگه‌ی درۆنه‌وه‌. به‌كارهێنانی ئه‌م ته‌كنه‌لۆجیایه‌ له‌ هێرشه‌كاندا واده‌كات به‌ ئاسانی نه‌توانرێت شوێنی هێرشه‌كه‌ یاخود لایه‌نی به‌رپرسیار له‌و هێرشانه‌ دیاری بكرێت. بۆیه‌ لێره‌دا ئه‌و پرسیاره‌ دروست ده‌بێت كه‌ كێ له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌یه‌ یاخود كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌م هێرشانه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن؟ به‌شێوه‌كی گشتی گروپه‌ میلیشا ته‌ره‌فداره‌كانی ئێران به‌ به‌رپرسیار داده‌نرێن بۆ هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كان كه‌ له‌ عێراق ده‌كرێنه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا.  هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئه‌م هێرشه‌ی دوایی هیچ گروپێك به‌ فه‌ڕمی- تا ئێستا- به‌رپرسیارێتی خۆی ڕانه‌گه‌یاندووه‌، به‌ڵام گروپێكی كه‌م ناسراو له‌ عێراق به‌ ناوی ئه‌ولیا ئه‌لده‌م به‌رپرسیارێتی خۆی بۆ هێرشێكی هاوشێوه‌ بۆ سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ مانگی دوو ڕاگه‌یاند. هه‌روه‌ها ئه‌م گروپه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌خۆ پێشوازی له‌ هێرشه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ كرد له‌ ڕێگه‌ی ئه‌پڵیكه‌یشنی ته‌له‌گرام كه‌ دروستكراوی ئێرانه‌. ئه‌م بانگه‌شه‌ و له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیارێتیه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی زۆر گرنگه‌ بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی هێرشكار دیاری بكرێت و به‌فه‌ڕمی تاوانبار بكرێت له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هێرشانه‌. 
ئه‌وه‌ی كه‌ وا ده‌كات ئه‌م هێرشانه‌ بدرێنه‌ پاڵ گروپه‌كانی نزیك له‌ ئێران له‌وه‌وه‌ سه‌چاوه‌ ده‌گرێت كه‌ زۆرێك له‌و گروپانه‌ به‌ ئاشكرا داوا ده‌كه‌ن كه‌ هێزی داگیركه‌ر كه‌ مه‌به‌ستیان هێزه‌كانی ئه‌مریكایه‌، له‌ عێراق بكشێنه‌وه‌. 

سه‌رایا ئه‌ولیائوده‌م كێن؟ 
له‌ پێش هێرشه‌كانی سه‌ر فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر، ئه‌م گروپه‌ چالاكیه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بووه‌ و ناوی زۆر نه‌هێنراوه‌، به‌ڵكو ته‌نها چوار بۆمبی بچوكیان به‌ كاروانێكی عێراقیدا كه‌ كه‌لوپه‌لی هاوپه‌یمانیان ده‌گواسته‌وه‌, ته‌قاندۆته‌وه‌. به‌یاننامه‌كانی ئه‌م گروپه‌ هه‌میشه‌ له‌ سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی گروپی سابرین ( كه‌ میلیشایه‌كی تره‌) بڵاو كردۆته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی سه‌ر به‌ میلیشای عه‌سائیب ئه‌لحه‌ق چه‌ندین جار ناوی گروپی ئه‌ولیا ئه‌لده‌میان هێناوه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران پێیان وایه‌ كه‌ عه‌سائیب ئه‌لحه‌ق له‌ پشت ئه‌م هێرشانه‌وه‌یه‌ به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ په‌نجه‌ی تۆمه‌تیان بۆ درێژ نه‌كرێت گروپی وه‌همی به‌ ناوی جیاوازه‌ دروست ده‌كه‌ن بۆ هێرشه‌كانیان. 

وڵاتان هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ن
دوای تێپه‌ڕبوونی چه‌ند سه‌عاتێك به‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ی هه‌ولێردا، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن چه‌ندین وڵات و لایه‌نی جیاجیاوه‌ " به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌كرا " و به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و لایه‌ن و گروپانه‌ی كه‌ له‌پشت هێرشه‌كه‌وه‌ بوون، "به‌ڵێنی لێكۆڵینه‌وه‌یان دا". هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیانه‌ی وڵاتان و سه‌ركۆنه‌كردنی (ئیدانه‌كردنی) هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن وڵاتان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، ئه‌م گرنگییه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ هاوكاری و به‌شداری وڵاتانی بیانی ناتوانێت ئاسایشی ئاسمان و زه‌مینی خۆی له‌ هێرش و مه‌ترسییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان بپارێزێت. هه‌رێمی كوردستان چاوی له‌وه‌یه‌ كه‌ وڵاتانی بیانی، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكاو هاوپه‌یمانه‌كانی، وشه‌كانیان بۆ كردار ته‌رجه‌مه‌ بكه‌ن و به‌كرده‌یی به‌شداری له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمدا بكه‌ن. لێره‌دا به‌ كورتی هه‌ڵوێستی وڵاتان، به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه‌ وه‌ك دۆست له‌ هه‌رێم ده‌ڕوانن، ده‌رباره‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ده‌خه‌ینه‌ڕوو.  

وڵاتانی عه‌ره‌بی
دوای ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌، كۆمكاری عه‌ره‌بی و چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێریان كرد و هاوسۆزی خۆیان بۆ هه‌ولێر و به‌غداد ده‌ربڕی. كۆمكاری عه‌ره‌بی و په‌رله‌مانه‌كه‌ی له‌ دوو به‌یاننامه‌ی جیاوازدا هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ن و هاوسۆزی خۆیان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌رده‌بڕن. ئه‌م سه‌ركۆنه‌كردنه‌ی كۆمكاری عه‌ره‌بی چاوه‌ڕوانكراوبوو چونكه‌ له‌لایه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان میسر و عێراق به‌ره‌وپێشه‌وه‌چووه‌ و له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هێرشه‌كه‌ چه‌ند ڕۆژێك دوای سه‌ردانیكردنی سه‌رۆكی كۆمكاری بوو بۆ هه‌ولێر. جگه‌ له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بی، هه‌ریه‌كه‌ له‌ سعودێ و ئیمارات و به‌حره‌ین و میسر و ئوردن ئه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێریان كرد و پاڵپشتی خۆیان بۆ عێراق له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌ربڕی. 

وڵاتانی ئه‌وروپی  
هاوشێوه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی به‌شێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپی دوای ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌، هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێریان سه‌ركۆنه‌كرد و داوای كاری پێكه‌وه‌یی زیاتریان له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غداد كرد بۆ پاراستنی ئاسایشی عێراق. به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا وئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شدا به‌ توندترین شێوه‌ هێرشه‌كه‌یان سه‌ركۆنه‌كرد و ڕایانگه‌یاند كه‌ به‌ئامانجگرتنی ئه‌ندام و سه‌ربازگه‌كانی هاوپه‌یمانان ڕێگه‌پێدراو نییه‌. هه‌روه‌ها ئه‌م وڵاتانه‌ پاڵپشتی خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌كان و دۆزینه‌وه ‌و سزادانی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌، ده‌ربڕی. 

ئه‌مه‌ریكا 
ئه‌مه‌ریكا هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و به‌غداد كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ و ڕاپێچكردنی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌ بۆ به‌رده‌م دادگا. ئه‌م سه‌ركۆنه‌كردنه‌ی ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕوانكراوبوو چونكه‌ ئامانجی هێرشه‌كه‌ سه‌ربازگه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی بوو له‌ نێو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر. هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر ئه‌مه‌ریكییه‌كانی، خۆیان وته‌نی، "ئێكجار تووڕه‌"كردووه‌. ئه‌م توڕه‌ بوونه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان نیگه‌رانییه‌كانی هه‌ولێر ناڕه‌وێنێته‌وه‌ چونكه‌ هه‌ولێر ده‌یه‌وێت جامی توڕه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان لێی بڕژێت و ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كان به‌كرده‌یی بكه‌ونه‌ به‌ر توڕه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كان. 

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
چه‌ند كاتژمێرێك دوای ئه‌نجامدانی هێرشه‌كه‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ڕێگه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ له‌ عێراق سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێری كرد. خاتوو بلاسخارت، كه‌ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ له‌ عێراق، پاش سه‌ركۆنه‌كردنی هێرشه‌كه‌ داوا ده‌كات كه‌ به‌خێرایی كار بكرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان. 
هه‌ولێر له‌ نێوان ده‌ربڕێنی هاوهه‌ڵوێستی و بێ كرده‌یی وڵاتاندا
هه‌رچه‌ند هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیانه‌ی وڵاتان و به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنیان له‌به‌رانبه‌ر هێرشه‌كه‌ی سه‌ر هه‌ولێر خۆی له‌ خۆیدا گرنگه‌ به‌ڵام ئه‌م سه‌ركۆنه‌كردن و ئیدانه‌كردنانه‌ ئه‌گه‌ر كرده‌وه‌ی به‌دوادا نه‌یه‌ت و نه‌بنه‌هۆی پاراسستنی ئاسایشی هه‌رێم كوردستان، نیگه‌رانییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ناڕه‌وێنێته‌وه‌. هه‌ولێر ده‌بێت به‌مه‌به‌ستی پاراستی ئاسایش و ئاسمانی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی بوێرانه‌ بگرێته‌به‌ر:
1- له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی بكه‌وێته‌ گفتوگۆ و پاراستنی ئاسمانی هه‌رێم بخاته‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌
2- به‌فه‌رمی داوا له‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كان بكات كه‌ به‌كرده‌یی به‌شداری بكه‌ن له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان چونكه‌ ئامانج له‌ زۆربه‌ی هێرشه‌كان بنكه‌ سه‌ربازییه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كانی نێو فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بووه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكییه‌كان به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ نه‌هاتن و به‌كرده‌یی به‌شداریان له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا نه‌كرد، ئه‌وا هه‌رێم ده‌بێت داوایان لێ بكات كه‌ سه‌ربازگه‌كانیان بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان بگوێزنه‌وه‌. مانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر به‌بێ به‌شداركردنیان له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێم، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌ ده‌بێت و ڕه‌نگه‌ له‌ داهاتوودا، ئه‌گه‌ر هێرشه‌كان به‌رده‌وام بێت، به‌شێك له‌ كۆمپانیاكانی بواری فڕۆكه‌وانی به‌شێك له‌ گه‌شته‌كانیان بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر هه‌ڵپه‌سێرن (ڕاگرن) كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و كاریگه‌ری خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی داهاتی هه‌رێمی كوردستان.  

كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ولێر
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه‌وه‌ بۆ دووه‌م جار هێرشی مووشه‌كی و فرۆكه‌ی بێفرۆكه‌وان ده‌كرێته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و به‌دیاریكراوی ئاسایشی پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان و فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر كه‌ بنه‌كه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی تێدایه‌. ئه‌م هێرشانه‌ هه‌ڵگری په‌یام و مه‌غزای جۆراوجۆره‌ به‌ڵام به‌ گشتی ئه‌كرێت ئه‌م هێرشانه‌ بۆ چه‌ند ئامانجێكی ئه‌رێنی بقۆزرێته‌وه‌، له‌وانه‌ش:
یه‌كه‌م/ دوورخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی نزیك له‌ ئێران له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی هاوسنور له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت له‌ شاری كه‌ركوك و ناوچه‌كانی ده‌وورووبه‌ری مه‌خموور، كه‌ له‌ دوای شكستی ریفراندۆم و هێرشی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌وناوچانه‌ جێگیرن. 
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت فشاری ڕاسته‌وخۆ له‌ هاوپه‌یمانان بكات بۆ پشتیوانیكردنی داواكارییه‌كانیان به‌ دوورخستنه‌وه‌ی میلشیاكان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، چونكه‌ سه‌ره‌ڕای تێكدانی سه‌قامگیری و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هێشتا ڕه‌نگه‌ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك بێت له‌ ئامانجه‌كانی پشت ئه‌م هێرشانه‌. 
دووه‌م/ ده‌رفه‌تێك بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئیداره‌دانی هاوبه‌شی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ داواكارییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هێز و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان له‌كاتی له‌ده‌ستدانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌دوای شكستی ریفراندۆمه‌وه‌. له‌ئێستادا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت هه‌نگاو ده‌نرێت و حزب و لایه‌نه‌ كوردییه‌كان ده‌یانه‌وێت خۆیان له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان رێكبخه‌نه‌وه‌، به‌دیاریكراوی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گفتوگۆی چڕدایه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی باره‌گا چۆڵكراوه‌كانی له‌ كه‌ركوك و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاره‌كه‌ پێش هه‌ڵبژاردنه‌كان. بۆیه‌ به‌ دوورخستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و گه‌ڕانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ بۆ ئیداره‌دانی ئه‌و به‌شه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان پارتی ده‌یكات به‌ ده‌ستكه‌وتی حزبی، ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ش بكات به‌ به‌شێك له‌ دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق وه‌ك مه‌رجێك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی شاره‌كه‌.
سێیه‌م/ گرتنه‌وه‌ده‌ستی جڵه‌وی حكومڕانی له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان: ڕه‌نگه‌ ئێستا لێكه‌وته‌كانی بێده‌نگی ئه‌مریكی و ئه‌وروپییه‌كان له‌كاتی هێرشه‌كانی سوپای عێراق و میلشیاكان بۆسه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌ دوای شكستی ریفراندۆم هه‌ست پێ بكرێت. گرووپ و میلشیا نزیكه‌كانی ئێران لێناگه‌ڕێن هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ هیچ ناوچه‌یه‌كی عێراق به‌ ئارامی جێگیربن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پێشتر باڵوێزخانه‌ و بنكه‌ و باره‌گای ئه‌مریكییه‌كانیان له‌ به‌غدا و ناوچه‌كانی تری عێراق كردبێته‌ ئامانج، ئه‌وا له‌ئێستادا به‌ ئاسانی ده‌ستیان ده‌گات به‌ بنكه‌ و باره‌گاكانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ قوڵای خاكی هه‌رێمی كوردستان. ئه‌م مه‌ترسییه‌ش ئه‌كرێت یارمه‌تیده‌ربێت بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئیداره‌یه‌كی حكومڕانی هاوبه‌ش له‌ڕووی سیاسیی و ئه‌منیه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌تیایدا كورد دووباره‌ پۆسته‌ ئیدارییه‌كانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان بگرنه‌وه‌ ده‌ست به‌تایبه‌ت له‌ شاری كه‌ركوك. 

ده‌ره‌نجام
ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نه‌تواێت ئه‌مه‌ریكییه‌كان قایل بكات بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی كرده‌یی به‌شداری له‌ پاراستنی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئه‌م جۆره‌ هێرشانه‌ له‌ ئاینده‌دا چه‌ند باره‌ ببێته‌وه‌ و ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی و هه‌ولێری پایته‌خت به‌ تایبه‌تی ده‌كرێنه‌ ئامانج.  

سه‌رچاوه‌كان
Paul Iddon. 2021. Why was Iraqi Kurdistan’s Irbil subjected to another rocket attack? https://www.arabnews.jp/en/middle-east/article_39105/
David Pollock. 2021. Rocket Attacks on Erbil: Part 2, The Washington Institute, https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/rocket-attacks-erbil-part-2
Rocket Attacks on Erbil, Crisis Response Council, https://www.crcouncil.org/post/attacksonerbil
Suadad al-Salhy. 2021. Erbil attack a warning to Iraqi Kurds, not the US, say Shia commanders. MiddleEastEye. https://www.middleeasteye.net/news/iraq-kurds-erbil-attack-shia-commanders-warning
Agence France-Presse (2021), Drone Attack Targets Kurdish Iraq's Irbil Airport, VOA, available at: https://www.voanews.com/middle-east/drone-attack-targets-kurdish-iraqs-irbil-airport
Arab News, 2021, Western powers condemn attacks in Kurdish Iraq, APN, Available at: https://www.arabnews.com/node/1844056/amp
Karwan Faidhi Dri, 2021, Drone attack hits Erbil International Airport, Rudaw, avaible: https://www.rudaw.net/english/kurdistan/140420216
Crispin Smith, Michael Knights, Hamdi Malik, 2021, Attributing the Erbil Attack: The Role of Open-Source Monitoring, The Washington Institute for Near East Policy, Available at: https://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/attributing-erbil-attack-role-open-source-monitoring?fbclid=IwAR2yGWdZbbh69a7YheY6fDTuZo68gcDVBDWXBTwv4tj-smlYdjKuE-nIB-k



terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure