د. ئیبراهیم مهلازاده
دوای ئەوەی ئەڵمانیا لە ساڵی 1804 نامیبییای داگیرکرد، کە ئەوکاتە ناوی (باشووری ڕۆژئاوای ئەفریقیای ئەڵمانی) بوو، وەکو ڕەفتارێکی باوی کۆلۆنیالیستانە، ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئەڵمانی بردن لە نامیبیا نیشتەجێی کردن و دەستییان بەسەر موڵک و ماڵی خەڵكی ئەو وڵاتەدا گرت. بەڵام دوای سەدەیەك لە داگیرکاری و بردنی سامانی ئەو خەڵکە، هەردوو هۆزی هیریرۆ و ناما لەنێوان ساڵانی 1904 و 1908 لەدژی داگیرکەر ڕاپەڕین و هەوڵییان دا موڵکە داگیرکراوەکانییان بگەڕێننەوە. بەڵام نیشتەجێکراوە ئەڵمانەکان، بەتوندی بەرپەرچییان دانەوە و بەهەزاران کەسییان لێکوشتن و ڕزگاربووەکانیشییان بەرەو بیابان ڕاپێچان و لە سەربازگەکان دەستبەسەریان کردن و کاری سوخرە و زۆرەملێیان پێ دەکردن. ژمارەیەکی زۆری ئەو خەڵکە کە زۆرییان ژ و مناڵ بوون، لە سەرما و خراپی خۆراك و ماندووبوون گیانییان لەدەست دا.
دوای تێپەڕبووبنی یەك سەدە بەسەر ئەو داگیرکارییەدا، ئەڵمانیا دان بەو تاوانەدا دەنێت و داوای بوردنیش لە نامیبیا دەکات. لەبەرامبەریشدا بەڵێنی داوە بە زیاتر لە یەك ملیار یۆرۆ، قەرەبووی خەڵكی نامیبیا بکاتەوە.
شایەنی باسە ئەڵمانیا ساڵی 1884 نامیبیای داگیرکرد، بەڵام دوای شکست و دۆڕانی لە جەنگی یەکەمی جیهان، بەتەواوی لە نامیبیا و ناوچەکانی دیکەش پاشەکشەی یەکجارەکی کرد. لە 1994 خەڵکی هیریرۆ کە لەلایەن نیشتەجێکراوە ئەڵمانەکان دەست بەسەر ماڵیات و زەویوزارییان داگیرابوو، لەدژی نیشتەجێکراوەکان ڕاپەڕین لەپێناو گەڕادنەوەی موڵک و ماڵیاتەکانییان. لە ئاکامدا داوا لە ژەنەڕاڵ لوتەر ڤۆن تروسا کرا بۆ دامرکادنەوەی هەڵگەڕانەوەکە. ژەنەڕاڵ لوتەر لەو پێناوەدا دەستی بە کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی خەڵكی نامیبیا کرد. پڕۆسەی دامرکاندنەوەکە، بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 60.000 کەس لە هۆزی هیریرۆ و 10.000 کەسیش لە هۆزی ناما، لەنێوان ساڵانی 1904 و 1908.
جیا لەوەش دەستەڵاتی داگیرکەری ئەڵمانی چەندین سەربازگەی لە بیابان کردنەوە و خەڵکی بۆ ئەو سەربازگانە ڕاگواستن لەوێ لەکاری زۆرمەلێ بەکاری دەهێنان تا لە ئاکامدا زۆربەیان لە برسان گیانییان لەدەست دا.
جینۆساید تاوانێکە، کۆن دەبێت بەڵام هەرگیز بەکۆنبوون نافەوتێت. ساڵەهایە دەوڵەتی نامیبیا لەپێناو داننان بەو تاوانە کۆشش دەکات و داوای قەرەبووکردنەوە لە ئەڵمانیا دەکات، لەئاکامدا هەوڵەکانی دەوڵەتی نامیبیا سەرکەوتنییان بەدەست هێنا.
ئەگەر بەراوردێکی کورتی داگیرکەری ئەڵمانی لەگەڵ "داگیرکەری" عێراق بکەین، کە ڕەفتارەکانییان زۆر لەیەکەوە نزیکن، تەنانەت ئەو ئەفسەرانەی عەرەبی سوننەش کە سوپای عێراقییان دامەزراند و بەشێکیشییان بەشێوازی جیاواز، گەیشتوونەتە پۆستی سەرۆکایەتی و سەرۆکوەزیران لە عێراقدا، لەناو سوپای عوسمانیش لەسەر دەستی ئەفسەرە ئەڵمانەکان ڕاهێندراون، دەبینین نە نوخبەی سیاسی کوردی ڕەفتارییان لەگەڵ دەوڵەت وەکو داگیرکەر و جینۆسایدکار بووە،
نە دەوڵەتی عێراقیش وەکو ئەڵماینا هێندە ئازایە دان بە تاوانەکانیدا بنێت و هەنگاوی بوێرانە باوێت بۆ داوای بووردن و قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید. ئاخر ئەوەی ئەڵمانی دەیکات باوەڕبەخۆبوون و بوێرییە، بۆیە گوتراوە دوژمنێکی عاقڵ نەك دۆستێکی بێ عەقڵ.
لەگەڵ ئەوەش وەڵامی گرنگ لێرەدا بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە، مادام خاوەن پرس کە نەتەوەی داگیرکراوی کوردە، بۆخۆی سوور نەبێت لەسەر پرسەکەی خۆی، ئەوان بۆچی خۆیان قەڵس بکەن. ئەو هەڵمەتەی لەو دوو ساڵەی دوایی حکومەتی هەرێم بۆ جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان داویەتی، ئەگەر بۆ پرسی جینۆساید و شاڵاوەکانی ئەنفالی بدابوایە، ئێستا دۆخەکە بەئاستێکی دیکەدا دەکەوت و لەسەر هەردوو ئاستی ماددی و مەعنەوی خەڵکی کوردستان قازانجییان دەکرد.
پەرلەمانی عێراق دانی بە جیۆسایدی کورددا ناوە، بەڵام هێشتا لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی و حکومەت ئەو کارەیان نەکردووە. تا ئێستا هیچ دامەزراوەیەکی هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق داوای بوردنییان نەکردووە و ئامادە نین قەرەبووی خەڵکی کوردستان بکەنەوە. داننان بە تاوانەکان، دەبێت هاوپێچ بێت بە داوای بوورد و قەرەبووکردنەوە و سڕینەوەی ئاسەوارەکانی تاوانەکە.
دۆخی کورد وەکو دۆخی هیچ میللەتێکی داگیرکراوی ئەو دونیایە نیە. جینۆسایدیش دەکرێت و دواییش دەچێتەوە باوەشی ئەو دەوڵەتەی جینۆسایدی دەکات و نەك هەر چاوپۆشیش لەهەموو تاوانەکانی ئەو دەوڵەتە دەکات،
بەڵکو بەهەموو هێزێکەوە بەشداری لە بیناکردنەوەشی دەکات و داواش دەکات وەکو هاوڵاتی حیسابی بۆ بکرێت. جگە لەوەش، لەوانەیە کوردمان هەبێت پێکەنینی بە چەمکی داگیرکەری عێراق بێت کە خستوومەتە ناو کەوانە، بەڵام بەقەد نامۆیی ئەو نوخبە سیاسییەی کە لەپێناو پۆست و پارە لە بەغدان، ئەوانیش نامۆن.
تێگەیشتن لە کورد بەقەد کووردبوون قوڕسە.