پاتریك ئۆنێڵ
وه‌رگیڕانى: هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه
سه‌رچاوه: كتێبی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی سیاسه‌تى به‌راوردكارى
پێشه‌كی
ده‌وڵه‌ت بنچینه‌ى سیاسه‌تى مۆدێرنه، زۆر به ساده‌یی
ده‌وڵه‌ت بریتییه له مۆنۆپۆڵكردنى به‌كارهێنانى
توندوتیژى، یان هێز به‌سه‌ر ناوچه‌یەكی دیاریكراودا. له‌مێژووى مرۆڤایه‌تیدا ده‌سه‌ڵاتى
سیاسیی مه‌ركه‌زی به‌شێك بووه له‌م مۆنۆپۆڵكردنه كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌وڵه‌ت كێبڕكێكاره
ناوخۆییه‌كانى له‌ناو ده‌بات، به‌رگری له‌خۆى ده‌كات به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان،
هه‌ڵده‌ستێت به دامه‌زراندنى ئاسایش و سه‌قامگیرى له‌ناوخۆدا. ئه‌م پڕۆسه‌یه به
گۆڕان له جه‌نگی تایبه‌ته‌وه بۆ جه‌نگی گشتى پێناسه ده‌كرێت كه تاكه‌كان
ئازادى خۆیان بۆ به‌كارهێنانى هێز له‌دژى یه‌كتری بۆ ده‌وڵه‌ت به‌جێهێشت، ئه‌و
مافه‌یان به ده‌وڵه‌ت به‌خشى. ئه‌م مافه له‌پێناو ئاسایشى زیاتردا ئاڵوگۆڕ كرا.
به دڵنیاییه‌وه مۆنۆپۆڵكردنى توندوتیژى له‌لایه‌ن
ده‌وڵه‌ته‌وه هه‌رگیز كامڵ و ته‌واو نه‌بووه. ده‌وڵه‌تانى تر هه‌میشه خۆیان وه‌ك
هه‌ڕه‌شه پێشانده‌ده‌ن به له‌به‌رچاوگرتنى تواناكانیان بۆ توندوتیژى. ته‌نانه‌ت
له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ، توندوتیژى بوونى هه‌یه له شێوه‌ى كوشتن و تاڵانكردن و دزیكردن
له‌ڕێگه‌ى به‌كارهێنانی چه‌كه‌وه.
له زۆرێك له وڵاتاندا ئه‌م كێشانه ئه‌گه‌رچى
بوونیان هه‌یه، به‌ڵام ئیداره ده‌درێن و نابنه هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر سه‌قامگیرى و
ئاسایشى ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگه و ئابوورییه‌كه‌ى. به‌ڵام له بارودۆخى دیاریكراودا،
ئه‌مه له‌وانه‌یه ڕاست نه‌بێت. توندوتیژى گشتى له‌وانه‌یه به‌شێوه‌یه‌كى به‌ربڵاو
و وێرانكه‌رانه گه‌شه بكات كه ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتى خۆى له‌ده‌ست بدات. حكومه‌ت
و ڕژێمه‌كان و ده‌وڵه‌تان و تاكه‌كان ده‌كه‌ونه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه، سه‌روه‌رى
لاواز ده‌بێت، یاخود له‌وانه‌یه له‌ده‌ست بچێت.
به‌شێك له زانایانى سیاسه‌ت به‌شی هه‌ره زۆرى
توندوتیژى سیاسی وه‌ك به‌شێك له پۆلێنى "به‌رده‌وامیدان به سیاسه‌ت" یان
خه‌باتى سیاسی گشتگیر، پۆلێنى ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش شۆڕش و جه‌نگی ناوخۆیی و ئاژاوه و
مانگرتن له‌خۆده‌گرێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جوڵانه‌وه و خۆپیشاندانی ئاشتیانه‌ش له‌خۆده‌گرێت. توندوتیژى سیاسی دیارده‌یه‌كه له ده‌ره‌وه‌ى
ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ته، هه‌وڵده‌دات كۆمه‌ڵێك
ئامانجی سیاسی به‌ده‌ستبهێنێت.
بۆچى توندوتیژى سیاسی؟
ئه‌گه‌رچی پێناسه‌كردنى توندوتیژى سیاسی كۆمه‌ڵێك
قورسایی و ئاڵنگارى دێته‌پێش، پرسێكى زیاتر مشتومڕاویی ئه‌وه‌یه بۆچى توندوتیژى سیاسی
ڕووده‌دات؟ چی وا ده‌كات خه‌ڵكى مه‌ده‌نى چه‌ك له دژى ده‌وڵه‌تێك، یان هاوڵاتییه‌كانى
هه‌ڵبگرن له‌پێناو هه‌ندێك ئامانجی سیاسی؟ توێژه‌ران سێ پۆلێنى بنچینه‌ییان دیاریكردووه:
ڕاڤه‌ی دامه‌زراوه‌یی، ڕاڤه‌ی ناسنامه‌یی، ڕاڤه‌ی تاك؟ ئه‌م سێ ڕاڤه‌یه تاڕاده‌یه‌ك
تێكه‌ڵى یه‌كترى ده‌بن، ڕوون نییە له‌كوێ ڕاڤه‌یه‌ك ده‌ستپێده‌كات و ئه‌وی تر كه‌ی
ده‌ستپێده‌كات.
یه‌كه‌م/ ڕاڤه‌ی
دامه‌زراوه‌یی
مه‌به‌ستمان له دامه‌زراوه ئه‌و ڕێكخراو و دامه‌زراوانه‌ن
كه توانای به‌رده‌وامیان هه‌یه، یاخود ئه‌و شێوه چالاكییه‌یه كه خۆى له‌خۆیدا
به‌هاى هه‌یه. دامه‌زراوه‌كان چالاكی مرۆیی دیاری ده‌كه‌ن، ڕاڤه‌ى دامه‌زراوه‌یی
باس له‌وه ده‌كات تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تى دامه‌زراوه‌كان تێكه‌ڵه‌یه‌كى پێویسته
بۆ ناسه‌قامگیرى سیاسی. ئه‌م جه‌ختكردنه‌وه‌یه ده‌شێت له‌سه‌ر دامه‌زراوه سیاسییه‌كان
بێت له‌وانه ده‌وڵه‌ته‌كان، ڕژێمه‌كان و دامه‌زراوه ئابوورییه‌كانى وه‌ك سه‌رمایه‌دارى،
یان دامه‌زراوه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى وه‌ك كولتوور و ئایین. دامه‌زراوه‌كان به‌های
ئه‌وه‌یان تێدایه كه له‌وانه‌یه به ئاشكرا، یان نائاشكرا هانى توندوتیژى سیاسی
بده‌ن، یان له‌وانه‌یه چالاكی مرۆیی سنوردار بكه‌ن، به‌م هۆیه‌شه‌وه هانى توندوتیژى
بده‌ن. دامه‌زراوه دیموكراسییه‌كان له‌وانه ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن سیستمه‌كانى
هه‌ڵبژاردن، جۆره‌كانیان ده‌رفه‌تى به‌شكردنى ده‌سه‌ڵات كه‌م ده‌كه‌نه‌وه - به تایبه‌تى
سیستمی هه‌ڵبژاردنى زۆرینه - زۆرینه هه‌موو ده‌نگه‌كان بۆخۆى ده‌بات وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى
- كه ئه‌گه‌رى په‌راوێزخستن و جه‌مسه‌ربه‌ندی و ململانێ زیاتر ده‌كات. له‌م بارودۆخانه‌دا
توندوتیژى سیاسی له‌وانه‌یه كاردانه‌وه‌یه‌كى لۆژیكى بێت كاتێك جۆره‌كاتى تر‌ى به‌شدارى
سیاسی ڕێگرى لێده‌كرێت. ڕاڤه‌ی دامه‌زراوه‌یی ده‌شێت وه‌ك سه‌رچاوه‌ى ڕه‌گوڕیشه‌یی
توندوتیژى گه‌ڕانى بۆ بكرێت، دۆخێكى له‌بار بۆ توندوتیژییه‌كان كه تێیدا ڕووده‌ده‌ن.
دووه‌م/ ڕاڤه‌ی ناسنامه‌یی - ئایدیایی
ئه‌گه‌ر ڕاڤه‌ی دامه‌زراوه‌یی جه‌خت له‌سه‌ر كاریگه‌رى
جێگیر و نه‌گۆڕى دامه‌زراوه‌كان بكاته‌وه له هاندانى توندوتیژى سیاسی، ڕاڤه‌ی
ناسنامه‌یی فۆكه‌سی زیاتر ده‌خاته سه‌ر لۆژیك و فه‌لسه‌فه‌ى پشت توندوتیژییه‌وه.
مه‌به‌ستمان له ناسنامه‌یی یان ئایدیایی، ئه‌وه‌یه كه په‌یوه‌ندیی هه‌یه به
ئایدیاكانه‌وه. ئایدیاكان له‌وانه‌یه دامه‌زراوه‌یی بن- ئه‌و چه‌مكانه‌ى كه ڕه‌گوڕیشه‌یان
له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك دامه‌زراوه‌ى سیاسیدایه، یاخود له ئاییندایه- به‌ڵام
به‌زۆریش نادامه‌زراوه‌یین- هیچ بناغه‌یه‌كى ڕێكخراوه‌ییان نییە له‌سه‌ر ئه‌رزى
واقیع. ئارگۆمێنته‌كه لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه ئایدیاكان ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له توندوتیژى سیاسی‌دا به‌شێوه‌یه‌ك ئایدیاكان جیهانبینى
پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، كێشه‌كان دیاریده‌كه‌ن، چاره‌سه‌ر ده‌خه‌نه‌ڕوو، ئه‌و ئامڕازانه‌ش
دیاريده‌كه‌ن كه پێویستن بۆ گه‌یشتن به كۆمه‌ڵگه نمونه‌ییه‌كه. هه‌ر یان هه‌موو
ڕه‌گه‌زه‌كانى ده‌شێت ببن به پاساوێك بۆ توندوتیژى. فاكته‌رى ئایدیاكان ده‌مانگێڕێته‌وه
بۆ هه‌ڵوێسته سیاسییه‌كان، به‌تایبه‌تى توندوتیژى سیاسى په‌یوه‌ندی هه‌یه به هه‌ڵوێستى
ڕادیكاڵ، هه‌ڵوێستى كۆنه‌په‌رستى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌م هه‌ڵوێستانه سیستمی ئێستا
وا ده‌بینن كه له‌كاركه‌وتووه و بێكه‌ڵك بووه و شایسته‌ى ئه‌وه نییە ڕیفۆرم و
چاكسازی تێدا بكرێت. به‌م هۆیه‌وه ته‌نها ناوەڕۆكى ئایدیاكان كێشه نین، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیان به دۆخی باوی سیاسییه‌وه
كێشه‌یه. ئه‌و ئایدیانه‌ى كه وه‌ك ئایدیاى پارێزگارخوازی ده‌بینرێن له كۆنتێكستێكدا
له‌وانه‌یه ببێت به سه‌رچاوه‌ى ڕادیكاڵ، یان كاردانه‌وه، له‌وانه‌شه توندوتیژى
له شوێنێكى تر.
سێهه‌م/ ڕاڤه‌ی تاكه‌كه‌سی
له كۆتاییدا ڕاڤه‌ى تاكه‌كه‌سی تیشكده‌خاته سه‌ر
ئه‌و كه‌سانه‌ى كه توندوتیژی ئه‌نجامده‌ده‌ن. به‌م شێوه‌یه ئه‌ده‌بیاتى ئه‌كادیمى
جه‌خت له‌سه‌ر پاڵنه‌ره كه‌سییه‌كان ده‌كات، كه ده‌بنه هۆى ئه‌وه‌ى خه‌ڵك بیر
له توندوتیژی سیاسی بكاته‌وه و ئه‌نجامی بدات له‌پێناو ئامانجه سیاسییه‌كاندا.
توێژه‌ران كه دیراسه‌ى ڕاڤه‌ى تاكه‌كه‌سی بۆ لێكدانه‌وه‌ى توندوتیژى سیاسی ده‌كه‌ن
عاده‌ته‌ن شوێنی دوو فاكته‌ر كه‌وتوون. فاكته‌رى سایكۆلۆجی، ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ى
كه تاك به‌ره‌و توندوتیژى ئاڕاسته ده‌كه‌ن. ئه‌م فاكته‌رانه ده‌شێت ده‌رئه‌نجامى
ئه‌زموونى كه‌سی بن، یان له‌وانه‌یه هه‌لومه‌رجه‌كانى نێو كۆمه‌ڵگه دروستى كردبن،
له‌وانه ئاشتى گه‌شه‌سه‌ندووى ئابوورى، یان ڕۆڵى جێنده‌رى. ئه‌م ده‌روازه‌یه جه‌خت
له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه چۆن خه‌ڵك هانده‌درێن بۆتوندوتیژى وه‌ك گوزارشتێكى
نائومێدى، یان خواست و داواى خه‌ڵك بۆ ئازادی، یان هه‌مه‌ئاهه‌نگی. بۆ نمونە هه‌ندێك
توێژه‌رانى توندوتیژى ئایینى جه‌خت له‌سه‌ر ڕۆڵی زه‌لیلی-شكۆشكاوی ده‌كه‌نه‌وه وه‌ك
هێزێكى پاڵنه‌ر، هه‌ستێكه كه بیروباوه‌ڕه‌كانى كه‌سێك په‌راوێزخراوه و ڕووبه‌ڕووى
شه‌رمه‌ندەیی ده‌كرێته‌وه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌وه. ئه‌و تاكانه‌ى كه ده‌ستده‌كه‌ن
به توندوتیژى له‌وانه‌یه به‌هۆى نامۆ بوونه‌وه بێت له كۆمه‌ڵگه. شۆڕشگێڕان و
تیرۆریستان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا توندوتیژى وه‌ك ڕێگایه‌ك ده‌بینن بۆ مانادان به ژیانیان.
ڕاڤه‌ى پێچه‌وانه ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌تده‌كاته‌وه،
توندوتیژى سیاسی وه‌ك ڕەفتارێكى عه‌قڵانى ده‌بینێت، له‌لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌وه ئه‌نجامده‌درێت
كه بڕوایان وایه توندوتیژى سیاسی ئامڕازێكى سیاسی كاریگه‌ر بێت. ستراتیجی، نه‌ك
نائومێدى هانى توندوتیژى سیاسی ده‌دات. توندوتیژى سیاسی له‌م چوارچێوه‌یه‌دا به‌رهه‌می
لادان نییە، به‌ڵكو ستراتیجێكه كه به ئاگاییه‌وه به‌كارده‌هێنرێت له‌لایه‌ن ئه‌و
كه‌سانه‌وه كه تێده‌گه‌ن له تێچوو و قازانجه‌كانى ئه‌و ستراتیجە.
به‌راوردكردنى ڕاڤه‌كانى ناسه‌قامگیرى سیاسی
یه‌كێك له ڕه‌گه‌زه گرنگه‌كانى ئه‌م به‌راوردكارییه‌ى
هه‌ر سێ ڕاڤه‌كه ئه‌وه‌یه كه چۆن له بابه‌تى ویستى ئازاد نزیك ده‌بنه‌وه- تا
چه‌ندێك خه‌ڵك ئاكته‌ری سه‌ره‌كین له توندوتیژی سیاسی‌دا ڕاڤه‌ى دامه‌زراوه‌یی زۆرجار
جه‌برگه‌راییه-حه‌تمیه، وا ده‌بینن خه‌ڵك له‌لایه‌ن بونیاده‌كانه‌وه-دامه‌زراوه‌كانه‌وه
ئاڕاسته ده‌كرێن كه كۆنتڕۆڵ و ده‌سه‌ڵاتیان نییە به‌سه‌ریاندا. بژارده‌ى تاك بۆ
توندوتیژى دوا هه‌نگاوه له پڕۆسه‌یه‌كى زۆر فراوانتردا. به‌پێچه‌وانه‌وه ڕاڤه‌ى
تاكه‌كه‌سی فۆكه‌سی خۆیان ده‌خه‌نه‌سه‌ر خه‌ڵك، پێیانوایه خه‌ڵك دروستكه‌رى
توندوتیژییه له‌به‌رئه‌وه‌ى خۆیان ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن.
ڕاڤه‌ى ئایدیاكان له‌نێوان ئه‌و دوو ڕاڤه‌یه‌دان. ئایدیاكان له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌كانه‌وه
كاریگه‌ریان ده‌خرێته‌سه‌ر، به‌ڵام تاكه‌كان شوێنى ده‌كه‌ون بۆ پاساوهێنانه‌وه بۆ
توندوتیژى سیاسی.
ڕه‌گه‌زى دووه‌مى به‌راوردكارى گرنگی ده‌دات به
گه‌ردوونی بوون له به‌رامبه‌ر لۆكاڵى بوون. ڕاڤه‌ى دامه‌زراوه‌یی زیاتر ڕاڤه‌یه‌كى
لۆكاڵییه، جه‌خت له‌سه‌ر تێكه‌ڵی جیاواز و ڕۆڵى دامه‌زراوه‌كان ده‌كاته‌وه له
كه‌یسێكى دیاریكراودا، كه ناكرێت به ئاسانى گشتاندنى بۆ بكرێت و پیاده بكرێت له
شوێنه‌كانى تر. ڕاڤه‌ى تاكه‌كه‌سی به‌گشتى جه‌خت له‌سه‌ر تایبه‌تمه‌ندی سایكۆلۆجی
و كه‌سییه‌كان ده‌كاته‌وه كه گشتین بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تى و ده‌شێت سه‌ر بكێشێت بۆ
توندوتیژى. ڕاڤه‌ى ئایدیاكان دووباره له‌ناوه‌ڕاست و نێوه‌ندى هه‌ردوو ڕاڤه‌كه‌دایه،
گشتاندن ده‌كات بۆ گرنگی ئایدیاكان له‌كاتێكدا تێبینى ئه‌و وانه جیاوازانه‌ى
كردووه كه هه‌ر ئایدیایه‌ك ده‌توانێت دروستى بكات.
كام له‌و ڕاڤانه زیاتر به‌هێزن، دامه‌زراوه‌یی،
ئایدیا، یان تاكه‌كه‌سی؟ ئه‌م ڕاڤانه به‌زۆرى له‌به‌رامبه‌ر و له‌دژى یه‌كتریدا داده‌نرێن، به‌ڵام پێكه‌وه ده‌توانن
باشتر ڕاڤه بكه‌ن. فاكته‌ره دامه‌زراوه‌ییه‌كان چوارچێوه و هه‌لومه‌رجێك دیاریده‌كەن
كه پێش هه‌لومه‌رجه دیاریكراوه‌كان، كێشه‌كان، ململانێكان له‌وانه‌یه سه‌رهه‌ڵده‌ن. فاكته‌ره ئایدیاییه‌كان یارمه‌تیده‌رن بۆ وه‌سفكردن و پێناسه‌كردنى
كێشه‌كان، به‌رپرسیارێتى و سه‌رزه‌نشت خستنه‌پاڵ، دیاریكردنى چاره‌سه‌ره‌كان له‌ڕێگه‌ى
بانگه‌شه‌كردن بۆ گۆڕینى دۆخی باو. ئه‌م ئایدیایانە له‌به‌رئه‌نجامدا كاریگه‌ریان
هه‌یه له‌سه‌ر تاك و گرووپه‌كان، هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن تاك و گرووپه‌كانه‌وه شێوه
ده‌كرێن. با كه‌یسی گرووپی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمى باسك (ئیوسكادی تا ئه‌سكه‌تاسونا)
له ئیسپانیا به نمونە وه‌ربگرین، كه توندوتیژیی وه‌ك ئامڕازێكى سیاسی بۆ چه‌ندین ده‌یه به‌كارهێنا تا له‌كۆتاییدا له
ساڵى 2011دا ده‌ستبه‌ردارى بوو. ئه‌گه‌ر ئێمه له‌م گرووپه بكۆڵینه‌وه، ده‌بینین
فاكته‌ره دامه‌زراوه‌ییه‌كان كه چه‌وسانه‌وه و سه‌ركوتكردنى بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ به‌رده‌وامی پێدا له‌ژێر فه‌رمانڕه‌وایی
دیكتاتۆرى له‌سه‌ر هه‌رێمى باسك. له هه‌مان كاتدا فاكته‌ری ئایدیاكانیش بوونى هه‌یه،
ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ى نێو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى گرووپی ئیوسكه‌داى كه خه‌ڵكى
باسك ڕووبه‌ڕووى له‌ناوچوونى كولتوورى بوونه‌ته‌وه له‌سه‌ر ده‌ستى ئیسپانیا. له كۆتاییدا
فاكته‌ری تاكه‌كه‌سییه‌كان ڕۆڵ و پاڵنه‌رى زۆرێك له گه‌نجانى باسك له‌خۆ ده‌گرێت
له ئه‌نجامدانى خه‌باتى شارى له پشتیوانیكردنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ و شۆڕشگێڕى
باسك. ده‌توانین هه‌مان شیكارى هاوشێوه بكه‌ین بۆ ده‌وڵه‌تى ئیسلامی له عێراق و شام (داعش)، به له‌به‌رچاوگرتنى ڕۆڵی دیكتاتۆرى له
عێراق و سوریا، ڕۆڵی ئیسلامی سیاسی و هه‌ستى دژه ئه‌مەریكی له‌دواى داگیركردنى عێراق،
سه‌رنجڕاكێشانى زۆرێك لە گه‌نجانى بیانى بۆ چوونه پاڵ داعش و دۆزی بوونیادنانى ده‌وڵه‌تێكى
ئیسلامی شۆڕشگێرى ئایینى. ئه‌م نمونانه یارمه‌تى پێشاندانى
وابه‌سته‌یی و په‌یوه‌ندی نزیكى نێوان ئه‌و سێ فاكته‌ره ده‌ده‌ن كه بۆچى توندوتیژى
سیاسی تاڕاده‌یه‌ك چاوه‌ڕوان نه‌كراوه و له زه‌مینه‌ى جیاوازدا دروستده‌بن.
شێوه‌كانى توندوتیژى سیاسی
زاراوه‌ى شۆڕش چه‌ندین مانای هه‌یه. ئه‌گه‌رچی ئێمه
وه‌ك فۆڕمێكى توندوتیژى سیاسی باس له شۆڕش ده‌كه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وشه‌كه
به شێوه‌یه‌كى زۆر هه‌ڕه‌مه‌كی بۆ به‌مه‌ستى تر به‌كاردێت. هه‌ر گۆڕانكارییه‌كی
به‌رچاو به‌زۆرى وه‌ك شۆڕش وه‌سف ده‌كرێت، ئایا ئه‌و گۆڕانكارییه سیاسی بێت، یان
ته‌كنه‌لۆجی بێت، زاراوه‌كه به‌گشتى مانایه‌كى ئه‌رێنى هه‌یه، كه مه‌به‌ست لێى
دروستكردنى به‌ره‌وپێشچوونه. خه‌ڵكى وه‌ك شتێكى ئه‌رێنى له گۆڕانكارى ڕه‌گوڕیشه‌یی
ده‌ڕوانن، له‌به‌رئه‌وه دژه شۆڕش وه‌ك هه‌وڵێك ده‌بینرێت وه‌ك گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌رده‌مێكى
تاریك. هیچ كام له‌مانه جێگه‌ى سه‌رسوڕمان نین، له سه‌رانسه‌رى جیهاندا، گۆڕانكارییه
سیاسییه گه‌وره‌كان ده‌رئه‌نجامی شۆڕش بوون، له‌و وڵاتانه‌ى كه ئه‌مه بوونى هه‌بووه
شۆڕش به‌زۆرى په‌یوه‌ندیداره به سه‌ربه‌خۆیی، سه‌روه‌رى و گه‌شه‌سه‌ندن. به‌م شێوه‌یه
شۆڕش زاراوه‌یه‌كى سیخناخه، كه زۆرێك له مانا‌و تێگه‌یشتنه‌كانى ئه‌رێنین.
له به‌رئامانجه‌كه‌مان پێویسته ئێمه له گۆشه‌یه‌كى
به‌رته‌سكه‌وه باس له شۆڕش بكه‌ین. شۆڕش ده‌شێت پێناسه بكرێت وه‌ك ده‌ستگرتنى
خه‌ڵك به‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌دا له‌پێناو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى حكومه‌تى سیستمى سیاسی ئێستا.
چه‌ندین فاكته‌ر هه‌یه لێره‌دا. یه‌كه‌م، شۆڕشه‌كان جۆرێك له به‌شدارى گشتى له‌خۆ
ده‌گرن. شۆڕش عاده‌ته‌ن سه‌ركرده و ڕێكخه‌ر و دروستكه‌رى هه‌یه كه ڕۆڵیكى گرنگ
ده‌گێڕن. به‌پێچه‌وانه‌ى كوده‌تاوه، كه ده‌سته‌بژێر حكومه‌ت له‌سه‌ر كار لاده‌بات،
له شۆڕشدا گه‌ل ڕۆڵێكى گرنگ ده‌گێڕێت له ده‌ستگرتن به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا. ڕووسیا نمونە‌یه‌كی
سه‌ره‌نجڕاكێشه. ئه‌گه‌رچی ئێمه باس له سه‌ركه‌وتنى كۆمۆ‌نیزم ده‌كه‌ین له ساڵى
1917 وه‌ك شۆڕش، به‌ڵام هه‌ندێك له توێژه‌ران وه‌ك كوده‌تا سه‌یرى ده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ى
لینین و كۆمه‌ڵێكى كه‌م له شوێنكه‌وتوانى ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا، نه‌ك
به‌شێك له خه‌ڵك ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا گرتبێت.
فاكته‌رێكى تر ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى به‌شدارى له شۆڕشدا
ده‌كه‌ن ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. ئه‌م ئامانجه شۆڕش جیاده‌كاته‌وه
له ململانێى نه‌ژادى، ئه‌گه‌رچى گرووپه‌كان له‌وانه‌یه بیانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتی لۆكاڵى
به‌ده‌ستبهێنن، یان هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست
بهێنن، به‌ڵام ناتوانن ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوى ده‌وڵه‌تدا بگرن. له كۆتاییدا
ئامانجی شۆڕِش، ته‌نها بریتی نییە له لابردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتدان،
به‌ڵكو له‌ناوبردنى ته‌واوى سیستمه‌كه‌یه. خۆپیشاندان و هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه و یاخیبوون
و فۆڕمه‌كانى تر‌ى توندتیژى ده‌یانه‌وێت فشار له سه‌ركرده‌كان بكه‌ن ده‌سه‌ڵات جێبهێڵن
به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى شۆڕش نین. به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كی شۆڕِش هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كى
ڕه‌گوڕیشه‌یی دامه‌زراوه‌كانى سیاسه‌ت و به‌زۆریش دامه‌زراوه‌كانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تى
سه‌رله‌نوێ دروستبكاته‌وه. به‌م هۆیه‌وه توێژه‌ران هه‌ندێك جار ئاماژه بۆ شۆڕشى
كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌كه‌ن، كه مه‌به‌ست لێى ئه‌و ڕووداوانه‌یه كه ده‌وێت به ته‌واوه‌تى
شێوه‌ى كۆمه‌ڵگه بكاته‌وه.
پێویستده‌كات شۆڕش توندوتیژ بێت؟ ئه‌مه پرسیارێكى
سه‌رلێتێكده‌ره. به له‌به‌رچاوگرتنى ئامانجه گرنگه‌كانى شۆڕش، توندوتیژى قورسه
ڕوونه‌دات، یان ڕێگرى لێبكرێت له‌كاتى شۆڕشدا. حكومه‌ته‌كان به‌رگرى ده‌كه‌ن له به‌رامبه‌ر
شۆڕش و هه‌وڵه‌كانى له‌سه‌ركار لابردنیان، ئه‌م ململانێیه به‌زۆرى ده‌بێته هۆى
دابه‌شبوونى ده‌سه‌ڵاتى به‌كارهێنانى توندوتیژى له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێك له دامه‌زراوه‌كانى
ده‌وڵه‌ت ده‌چنه‌پاڵ شۆڕشگێڕان (به‌شێك له سوپا). ده‌رئه‌نجام و لێكه‌وته‌ى شۆڕش
خوێناوی ده‌بێت- دۆڕاوه‌كان له‌وانه‌یه بكوژرێن، یان له‌وانه‌یه هه‌وڵى شۆڕشى پێچه‌وانه‌وه
بده‌ن له‌دژى ئه‌و ڕژێمه نوێیه‌ى كه هاتووەته سه‌ر ده‌سه‌ڵات.
به‌ڵام هه‌موو شۆڕشه‌كان توندوتیژ نین. له ساڵى
1989دا ڕ‌ژێمى كۆمۆنیزمى له ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵات ڕووخا به‌هۆى فشارى گشتییه‌وه،
دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌تیان ڕاماڵی. له‌زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا توندوتیژى سنورداره،
ته‌نها ڕۆمانیا ڕووبه‌ڕووی توندوتیژى بووه‌وه له‌نێوان ڕژێمه كۆمۆنیستییه‌كه و
شۆڕشگێڕاندا، كه بووه هۆى كوژرانى ژماره‌یه‌كى زۆر
له خه‌ڵك. به‌هۆى نه‌بوونى توندوتیژییه‌وه، زۆرێك له توێژه‌ران ڕه‌تى ده‌كه‌نه‌وه
ڕووخانى كۆمۆ‌نیزم له ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵات به شۆڕش ناوبه‌رن، به‌ڵكو زیاتر به‌لایانه‌وه
په‌سه‌نده ئه‌م گۆڕانكارییه سیاسیانه به ڕاگوزه‌رى سیاسی ناوبه‌رن. به‌ڵام هێشتا
له زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا، به‌تایبه‌تى له حاڵه‌تى ڕووخانى ڕژێم و حكومه‌ته‌كاندا،
ئه‌م ڕووداوانه پێناسه‌ى شۆڕ‌شیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ ده‌بێت. ئه‌فریقاى باشوور حاڵه‌تێكى
تر‌ى گۆڕانی ڕژێمه، له ڕژێمێكى ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه بۆ ڕژێمێكى دیموكراسی فره كولتووری،
كه زۆرێك له توێژه‌ران به‌لایانه‌وه په‌سه‌ند نییە ئه‌و گۆڕانه به شۆڕش ناوبه‌رن،
له‌به‌رئه‌وه‌ى پڕۆسه‌یه‌ك بوو كه پاڵنه‌ره‌كه‌ى ده‌سته‌بژێر بوو، هه‌روه‌ها پڕۆسه‌یه‌كى
ئاشتیانه و دوور بوو له توندوتیژى. یه‌كێك له كێشه‌كان لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه
ئایا ئێمه باوه‌ڕمان وایه توندوتیژى ڕه‌گه‌زێكى گرنگى لێكه‌وته‌كانى شۆڕِشه.
چی ده‌بیته‌هۆى شۆڕش؟
ڕێككه‌وتنێك
نییە له‌سه‌ر ئه‌م پرسیاره، هه‌روه‌ها كۆده‌نگییه‌كان له باره‌ى ئه‌م پرسیاره‌وه
به‌درێژایی كات گۆڕ‌انى به‌سه‌ردا هاتووه. توێژه‌ران دراسه‌ته‌كانی شۆڕ‌شیان بۆ سێ
قوناغ دابه‌شكردووه.
له قۆناغی یه‌كه‌مدا، پێش جه‌نگی جیهانى دووه‌م،
توێژه‌ران مه‌یلیان به‌لای وه‌سفكردنى توندوتیژیدا بوو نه‌ك ڕوونكردنه‌وه و ڕاڤه‌كردنى.
كاتێك هۆكاره‌كان دیاری ده‌كران، ڕاڤه‌كان به‌زۆرى هه‌ڕه‌مه‌كی بوون، سه‌ركرده و
سیاسه‌ته خراپه‌كانى حكومه‌ت وه‌ك هۆكارى شۆڕش دیاریده‌كرا. له قۆناغی دووه‌مدا،
كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ شۆڕشی ڕه‌فتارگه‌راكاندا له ساڵانى 1950 و ساڵانى
1960كاندا، زانایانى بوارى زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به شوێن ڕاڤه‌ى گشتگیره‌وه
بوون. هه‌وڵی توێژینه‌وه نوێیه‌كانیان بوار و شێوازى جۆراوجۆرى له‌خۆده‌گرت، به‌ڵام
هه‌موویان خاوه‌نى تێڕوانینێكى هاوبه‌ش بوون كه گۆڕانكارییه كۆمه‌ڵایه‌تی و
ئابوورییه‌كان له‌وانه‌ش مۆدێرنه، بنه‌ماى سه‌ره‌كی بوون بۆ باسكردن له شۆڕش. ئه‌م
تێڕوانینانه هه‌وڵیانده‌دا فۆكه‌س بخه‌نه‌سه‌ر ڕۆڵی تاكه‌كان وه‌ك شۆڕشگێڕ و هه‌وڵده‌دات
له‌وه تێبگات كه بۆچى تاكه‌كان به‌شدار ده‌بن له شۆڕشداو پاڵنه‌ره‌كانیان چین.
له‌نێو ئه‌و ئارگۆمێنته سه‌ره‌كیانه‌دا كه له‌م
توێژینه‌وانه‌دا دروستبوو ده‌روازه‌ى سایكۆلۆجی بوو كه به مۆدێلی بێبه‌شكردنى ڕێژه‌یی
ده‌ناسرێت. به‌پێى ئه‌م مۆدێله، شۆڕشه‌كان كه‌متر ده‌رئه‌نجامی بارودۆخی دیاریكراون،
به‌ڵكو زیاتر ده‌رئه‌نجامی بۆشایی و گاپی نێوان هه‌لومه‌رجه ڕاسته‌قینه و پێشبینییە
گشتییه‌كانه. باشتركردنى هه‌لومه‌رجی سیاسی و ئابووری له‌وانه‌یه ته‌نانه‌ت ببێته
هۆى شۆڕش ئه‌گه‌ر بۆ نمونە ئه‌م گۆڕانكاریانه ببنە هۆى زیاتربوونى خواست و
داواكارى خه‌ڵك ئه‌و داواكاریانه وڵام نه‌درێنه‌وه و به‌م هۆیه‌شه‌وه سه‌رده‌كێشن
بۆ نائومێدى. ده‌وترێت كه شۆڕشى ئێرانى ساڵى 1979 و شۆڕشى میسرى له ساڵى 2011دا نمونه‌ن بۆ مۆدێلی
بێبه‌شكردنى ڕێژه‌یی. له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێران به پرۆسه‌یه‌كى خێرای مۆدێرنه‌دا تێپه‌ڕده‌بوو
له ده‌یه‌كانى پێش شۆڕش، ئه‌م به‌ره‌وپێشچوونه ته‌نها پێشبینى كردنى خه‌ڵكى بۆ
ئازادی و یه‌كسانى زیاتر كرد، به‌تایبه‌تى له‌نێو چینى گه‌نجاندا. ئه‌مه‌یه مانا‌و
ناوه‌ڕۆكی مۆدێلی بێبه‌شكردنى ڕێژه‌یی، ئه‌وه زه‌مینه ڕه‌هاكان نییە كه شۆڕش دروست ده‌كات، به‌ڵكو چۆن خه‌ڵك تێده‌گات
له‌و زه‌مینه و هه‌لومه‌رجانه.
له ساڵانى 1970كاندا ئه‌م دراسانه‌ی شۆڕش گرنگی خۆیان
له‌ده‌ستدا. له قۆناغی سێهه‌مدا، ڕه‌خنه‌گران باسیان له‌وه ده‌كرد كه تیۆره‌كانى
شۆڕش كه پێشبینى گۆڕانكارى له ناكاویان كردووه ناتوانن ڕاڤه بكه‌ن بۆچی هه‌ندێك
وڵات ڕووبه‌ڕووى گۆڕانكارى به‌رچاو ده‌بنه‌وه به‌بێ شۆڕش (بۆ نمونە ژاپۆن له سه‌ره‌تای
سه‌ده‌ی بیستدا) یان ئه‌و ئاستانه‌ى گۆڕانكارى چین كه پێویستن بۆ سه‌رهه‌ڵدان و
دروستبوونى شۆڕش. سه‌باره‌ت به مۆدیڵی بێبه‌شكردنى ڕێژه‌یی، به‌ڵگه‌یه‌كى كه‌م هه‌یه
له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى نائومێدى، یان به‌رزبوونه‌وه‌ى پێشبینى هۆكار بووبێت بۆ زۆرێك له
شۆڕشه‌كان. به‌هه‌مان شێوه له زۆربه‌ى حاڵه‌ته‌كاندا نائومێدى و به‌رزبوونه‌وه‌ى
پێشبینى و چاوه‌ڕوانى زۆر هه‌بووه، به‌ڵام شۆڕش ڕووینه‌داوه. دراسه نوێیه‌كان زیاتر
ڕوانگه‌یه‌كى دامه‌زراوه‌ییان هه‌یه، فۆكه‌سیان له كاردانه‌وه‌ى خه‌ڵكه‌وه گۆڕییوه
بۆ فۆكه‌س خستنه‌سه‌ر ئامانجی شۆڕشه‌كان: ده‌وڵه‌ته‌كه.
كاریگه‌رترین كتێب كه له‌م باره‌یه‌وه نوسرابێت
كتێبه‌كه‌ى سیدا سكۆكپۆڵه به‌ناونیشانى ده‌وڵه‌ت و شۆڕشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان. فۆكه‌سی
خستووەته سه‌ر فه‌ڕه‌نسا و چین و ڕووسیا، نوسه‌ر باس له‌وه ده‌كات شۆڕشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان
پێویستیان به كۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رج و بارودۆخی دیاریكراوه. یه‌كه‌میان كێبڕكێیه
له‌نێوان ده‌وڵه‌ته نه‌یاره‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانى هێزى سه‌ربازی
و ئابووری ده‌ده‌ن له سیستمی نێوده‌وڵه‌تیدا له‌ڕێگه‌ى بازرگانى و جه‌نگه‌وه.
وه‌ها كێبڕكێیه‌ك تێچووی هه‌یه و به‌زۆریش لاوازى
ده‌وڵه‌ت پێشانده‌دات كه ناتوانێت به كێبڕكێكاره‌كانى بگاته‌وه. دووه‌م، به‌هۆى
ئه‌م كێبڕكێیه‌وه، ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان به‌زۆرى هه‌وڵده‌ده‌ن ڕیفۆرم ئه‌نجامبده‌ن
بۆ زیادكردن و به‌هێزكردنى ئاستى توانا و ده‌سه‌ڵاتیان، به ئومێدى ئه‌وه‌ى ئه‌و گۆڕانكاریانه
له دامه‌زراوه ناوخۆییه‌كاندا هێزى نێوده‌وڵه‌تیان به‌هێزتر بكات. ئه‌م چاكسازیانه
ده‌شێت ناوه‌ندێتى زیاتری ده‌وڵه‌ت و گۆڕانكارى له سێكته‌ره‌كانى كشتوكاڵ و پیشه‌سازی
و په‌روه‌رده و سیستمی باج له‌خۆبگرێت. به‌ڵام وه‌ها گۆڕانكارییه‌ك له‌وانه‌یه
هه‌ڕه‌شه بێت بۆ دۆخی باو و هێزى ده‌سته‌بژێر لاوازكات و ببێته هۆى نائومێدى له‌ناو
خه‌ڵكدا و به‌رهه‌ڵستى دروستبكات. ده‌رئه‌نجامیش نائومێدى و ئیفلیجی سیاسی لێده‌كه‌وێته‌وه
و ده‌رگا به‌ڕووى شۆڕشدا ده‌كه‌نه‌وه. به‌پێى ئه‌م تێڕوانینه، ئه‌وه گۆڕانكارى
نییە كه خۆى له‌خۆیدا پێویسته بۆ شۆڕش، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵات و هێزى ده‌وڵه‌ت و سیاسه‌ته‌كانییەتى.
ئاكته‌ره‌كانى تر ڕۆڵێكی ئه‌وتۆیان نییە.
ده‌روازه‌ى دامه‌زراوه‌یی بۆ شۆڕش ده‌روازه‌یه‌كى
به‌هێزبوو له‌ساڵانى 1980كاندا. به‌ڵام ئه‌م دیدگایه ڕووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك ڕه‌خنه بووه‌وه.
هه‌ندێك پێیانوایه زۆر جه‌ختكردنه‌وه له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌كان ئه‌و ڕۆڵه پشتگوێ
ده‌خات كه له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تى و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ئایدۆلۆجیاوه ده‌گێڕدرێت
بۆ زه‌مینه خۆشكردن بۆ شۆڕش. سكۆكپۆڵ خۆى تێبینى ئه‌وه‌ی كردووه كه شۆڕشى ئێران
نمونە‌یه‌كى گرنگه كه له‌گه‌ڵ ئه‌م مۆدێله‌دا یه‌كناگرێته‌وه، به‌واتایه‌كى تر
ئه‌م مۆدێله ناتوانێت خوێندنه‌وه‌یه‌كى دروستبكات بۆ شۆڕشى ئێرانی. به‌ڵام ئه‌م ڕه‌خنانه
له شۆڕشه‌كانى ئه‌وروپاى ڕۆژهه‌ڵات له‌ساڵى
1989 و شۆڕشه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بی له ساڵى 2011دا جه‌ختیان له‌سه‌ر كراوه‌ته‌وه.
گومانى تێدا نییە گۆڕانكارییه‌كانى سیستمى نێوده‌وڵه‌تى به‌تایبه‌تى جه‌نگی سارد و
له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵات له ئه‌وروپای ڕۆژهه‌ڵات له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌ته‌وه
بووه هۆى ململانێ و ئیفلیج كردنى ئه‌و ده‌وڵه‌تانه. به‌ڵام له هه‌مان كاتدا ڕفتارى
گشتى كاریگه‌ر بوو به سه‌ركرده ئۆپۆزسیۆنه‌كان، ئه‌وانه‌ى كه له‌ژێر كاریگه‌رى
بیرۆكه‌كانى لیبڕاڵیزم و مافه‌كانى مرۆڤ و خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌دا بوون. له‌گه‌ڵ
ئه‌مه‌شدا، خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌رى پێده‌چێت كاریگه‌ربوو بێت به لێكدانه‌وه‌ى
ستراتیجیانه: ئۆپۆزسیۆنى جه‌ماوه‌رى سه‌ركه‌وتوو له وڵاتێكدا كاریگه‌رى هه‌بوو
له‌سه‌ر ئاكته‌ره‌كانى تر له شوێنه‌كانى تر، كۆبوونه‌وه‌یان و داواكارییه‌كانیانى
زیاتر كرد. ڕووداوه هاوشێوه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌هه‌مان شێوه بوون.
به پشت به‌ستن به‌م ڕووداوانه، هه‌ندێک له توێژه‌ران
دووباره ده‌روازه‌ی تاكه‌كه‌سی و ده‌روازه‌ى ئایدیاییه‌كانیان تێكه‌ڵی یه‌ك كرده‌وه.
ئه‌گه‌رچی سیاسه‌ته‌كانى ده‌وڵه‌ت گرنگن، به‌هه‌مان شێوه پاڵنه‌ره‌كانى سه‌ركرده
ئۆپۆزسیۆنه‌كان و ده‌سته‌بژێرى فه‌رمانڕه‌وا و گه‌ل به گشتی به هه‌مان شێوه
گرنگی خۆیانیان هه‌یه، تێڕوانینى هه‌رسێ گرووپه‌كه بۆ گۆڕانكارى سیاسی، له‌گه‌ڵ
ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى به‌رده‌ستن و به‌كارده‌هێنرێن بۆ گردكردنه‌وه‌ى خه‌ڵك. گۆڕانكارییه‌كى
بچووك له دیدگا‌و بیروبۆچوون و ئایدیاكاندا ڕه‌نگه كاریگه‌رى چاوه‌ڕواننه‌كراوی
هه‌بێت، خه‌ڵك بهێنێته سه‌ر شه‌قامه‌كان كاتێك كه هیچ كه‌س پێش بینى ئه‌وه‌ی نه‌كردووه
ڕۆژێك پێش ئه‌وه- ته‌نانه‌ت شۆڕشگێڕه‌كان خۆشیان.
ئه‌گه‌رچی شۆڕشه‌كان له‌وانه‌یه ئامڕازى به‌ره‌وپێشچوون
بن، گرنگه تێبینى ئه‌و شته بكرێت كه ناتوانن چی به‌ده‌ستبهێنن. ئه‌گه‌رچی یه‌كسانى
و ئازادی زیاتر بانگه‌شه و دروشمی سه‌ره‌كی شۆڕشه، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامی شۆڕش به‌زۆرى
پێچه‌وانه‌كه‌یه‌تى. سه‌ركرده شۆڕشگێڕه‌كان كه ده‌وڵه‌تیان شه‌رمه‌نده ده‌كرد زۆر
به‌خێرایی ئه‌و باوه‌ڕه‌یان لا دروست ده‌بێت كه ده‌وڵه‌ت ئامڕازێكى پێویسته بۆ
پاراستن و به‌هێزكردنى سه‌ركه‌وتنه‌كه‌یان، به‌زۆرى ده‌سه‌ڵات به‌شێوه‌یه‌ك به‌ره‌و
ناوه‌ندێتى ده‌به‌ن كه له پێشتردا به‌و
ئه‌ندازه‌یه ناوه‌ندی نه‌بووه. له‌ڕاستیدا ئه‌مه خراپ نییە ئه‌گه‌ر ناوه‌ندێتى ده‌سه‌ڵات خزمه‌تی دروستكردنى ده‌وڵه‌تى مۆدێرن بكات. به‌ڵام سه‌ركرده‌كانى
شۆڕش له‌وانه‌یه هه‌وڵی ئاستێكى به‌رز له ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت بده‌ن، دیموكراسی ڕه‌تبكه‌نه‌وه
له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ ئامانجه به‌رفراوانه‌كانى شۆڕشدا یه‌كناگرێته‌وه. میسر و
كوبا و چین و ڕووسیا و فه‌ڕه‌نسا و ئێران له هه‌ر هه‌موو ئه‌م كه‌یسانه‌دا
داواكارى جه‌ماوه‌ر بۆ ئازادی زیاتر كۆتایی هات به هاتنى دیكتاتۆرێكى نوێ بۆسه‌ر
ده‌سه‌ڵات، كه نادڵنیایی هاوشێوه‌ى ڕ‌ژێمى پێشوو له‌ژێر سایه‌ی شۆڕشگێڕاندا بوونى
هه‌یه.
یه‌كێكى تر له كاریگه‌رییه‌كان به‌رزى ئاستى تێچوو،
یان قوربانى مرۆییه كه له‌ده‌رئه‌نجامى شۆڕشه‌وه دروست ده‌بێت. شۆڕشه‌كان به‌زۆرى
وێرانكه‌ر و خوێناوین، به تایبه‌تى ئه‌گه‌ر لابردنى ئه‌و كه‌سانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتدان
كاتێكى زۆر زیاترى پێبچێت وه‌ك له‌وه‌ى چاوه‌ڕوان ده‌كرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا وه‌ك
ده‌رئه‌نجامێكى ڕاسته‌وخۆی شۆڕش، شۆڕشگێران و نه‌یاره‌كانى به‌زۆرى هێز له‌دژى یه‌كترى
به‌كارده‌هێنن له كێشمه‌کێشه‌كانیان له‌سه‌ر سیستمه نوێیه‌كه. شۆڕشى مه‌كسیكى
بووه هۆى گیان له‌ده‌ستدانى 1.5 ملیۆن خه‌ڵك، شۆڕشى ڕووسی و ئه‌و شه‌ڕه ناوخۆییه‌ى
كه لێكه‌وته‌وه زیاتر له 5 ملیۆن كه‌س به هۆیه‌وه گیانیان له‌ده‌ستدا. هه‌روه‌ها
باس له‌وه ده‌كرێت كه ده‌وڵه‌ته شۆڕشگێرییه‌كان ئه‌گه‌رى زۆره بخزێنه نێو جه‌نگه
نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه، ئیتر ئایا له‌پێناو بره‌ودان بێت به ئایدۆلۆجیای شۆڕش، یان
به‌هۆى ئه‌وه‌وه بێت كه وڵاتانى تر هه‌ست به مه‌ترسی ده‌كه‌ن، یاخود ده‌رفه‌تێك
ده‌بینن بۆ هێرش كردن له‌كاتى ئه‌م پاشاگه‌ردانییەدا. به‌له‌به‌رچاوگرتنى دابه‌شبوون
و پارچه پارچه بوونى هێزى ده‌وڵه‌ت و له‌ده‌ستدانى كۆنتڕۆڵی هێز كه په‌یوه‌ندی
هه‌یه به شۆڕشه‌وه، ئه‌و توندوتیژییه‌ى كه لێى ده‌كه‌وێته‌وه جێگه‌ى سه‌رسوڕمان
نییە. ئه‌و گشتاندنه‌ى كه لێره‌دا ده‌توانین بیكه‌ین ئه‌وه‌یه تا توندوتیژى زیاتر
پێویست بێت بۆ ڕووخانى ڕ‌ژێمى پێشوو و تا زیاتر توندوتیژى به‌كاربێت، ئه‌گه‌رى زۆره
توندوتیژى له‌ژێر سایه‌ی ڕژێمه نوێیه‌كه‌شدا زیاتر بێت.