ڕه‌شید ئه‌حمه‌د
خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
پێشه‌كی
نووسه‌ری
ئه‌م توێژینه‌وه‌یه ڕه‌شید ئه‌حمه‌د، كه هه‌ڵگری بڕوانامه‌ی دكتۆرایه له بواری
په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، له پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كه‌یدا هه‌وڵده‌دات
ئه‌وه بۆ خوێنه‌رانی توێژینه‌وه‌كه‌ی ڕوون بكاته‌وه كه چی كردووه و چۆن ئه‌و
"چی"ییه‌ی به‌ئه‌نجام گه‌یاندووه. بۆ نموونه، ئه‌و به كورتی له پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كه‌یدا
باس له‌وه ده‌كات كه توێژینه‌وه‌كه‌ی شیكاری بۆ تاڵیبانی نێوان 1994 بۆ 2000 ده‌كات
و هۆكاری سه‌ركه‌وتنه‌كانی تاڵیبان له‌و ماوه‌یه‌دا باس ده‌كات. توێژه‌ر به‌و ده‌ره‌نجامه
گه‌یشتووه كه سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان له نێوان 1994 بۆ 2000 بۆ ئه‌وه‌ی ڕووبه‌ری
قه‌ڵه‌مڕه‌ویان له ئه‌فغانستان فراوان بكه‌ن پشتیان به په‌شتۆن و پیرۆزییه‌كانی
ئه‌و ئیسنه- خێڵه به‌ستووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی ئوسامه بن لادن بۆ ئه‌فغانستان
بیروبۆچوونه ئایینییه‌كانی تاڵیبان گۆڕانی به‌سه‌ردا هات و زیاتر ڕادیكاڵ بوو.
هاتنی ئوسامه و كاریگه‌رییه‌كانی ڕێكخراوی ئه‌لقاعیده له‌سه‌ر سه‌ركرده‌كانی
تاڵیبان، به بۆچوونی توێژه‌ر، به خاڵی وه‌رچه‌رخان داده‌نرێت له مێژووی
تاڵیباندا. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوای هاتنی ئوسامه بۆ ئه‌فغانستان
بزوتنه‌وه‌ی تاڵیبان له بزوتنه‌وه‌یه‌كی خێڵه‌كییه‌وه/ پهشتۆنییهوه (ناسیۆنالیزمی
خێڵه‌وه) بۆ بزوتنه‌وه‌یه‌كی ئایینی (ناسیۆنالیزمی ئایینی/ سوننی) گۆڕا.
ڕه‌شید
ئه‌حمه‌د له كۆتا به‌شی پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كه‌یدا ئه‌و پرسیارانه ده‌خاته‌ڕوو
كه كردوونی به پرسیاری سه‌ره‌كی توێژینهكهی و ده‌یه‌وێت له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا
وه‌ڵامیان بداته‌وه. ئه‌و ده‌پرسێت كه ئایا ده‌ركه‌وتنی تاڵیبان له ساڵی 1994
ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی خواستی په‌شتۆن بوو بۆ ده‌ستگه‌یشتنیان به ده‌سه‌ڵات له ئه‌فغانستان؟
ئایا ده‌كرێت به تاڵیبان بوترێت بزوتنه‌وه‌یه‌كی ناسیۆنالیستی پهشتۆنییه؟ ئه‌گه‌ر
وه‌ڵامه‌كه نه‌خێره، ئه‌ی بۆچی تاڵیبان توانی له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م و به‌بێ
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌وتۆ ناوچه‌كانی په‌شتۆن كۆنترۆڵ بكات؟ هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر
وانییه، بۆچی كه‌مترین لێكترازان و ناكۆكی له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی له نێو
تاڵیباندا بوونی هه‌بوو؟
تاڵیبان
له نێوان په‌شتۆن و ئایندا
بۆ ئه‌وه‌ی
به‌شێوه‌یه‌كی شیاو شیكار بۆ ئه‌م بابه‌ته- ئایا تاڵیبان بزوتنه‌وه‌یه‌كی پهشتونی
خێڵه‌كییه یان ئاینییه- بكرێت و ده‌رفه‌تی تێگه‌شتنێكی دروست بۆ خوێنه‌ر بڕه‌خسێنرێت،
تێگه‌شتن له پێكهاته و ستراكچه‌ری كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی ده‌بێت به كارێكی
پێویست. كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی له‌ڕووی ئیسنییهوه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی فره ئیسنی و فره
مه‌زهه‌به. كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی له چه‌ند ئیسنیكێك، په‌شتۆن و تاجیك و ئۆزبه‌ك
وه‌ك نموونه، پێكدێت و ئه‌م ئیسنیكانه له كاتی جه‌نگی ناوخۆی ئه‌فغانستاندا له
نێوان ئاشتی و جه‌نگدا ژیاون. هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی به‌سه‌ر كه‌مینه‌یه‌كی
شیعه و زۆرینه‌یه‌كی سوننه‌دا دابه‌شده‌بێت. فرهچهشنبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانی
له‌لایه‌كه‌وه به‌ڕێوه‌بردنی و حكومكردنی ئه‌فغانستانی له‌لایه‌ن یه‌ك گروپ و
ئیسنیكهوه كردووه به كارێكی قورس و له‌لایه‌كی تره‌وه زه‌مینه‌سازی كردووه بۆ
دووبه‌ره‌كی و ململانێی ناوخۆی. تاڵیبان له هه‌ناوی په‌شتۆن و له ژینگه‌یه‌كی
له‌م شێوه‌یه‌وه دروست ده‌بێت و له‌ڕێگه‌ی هێزه‌وه هه‌وڵی كۆنترۆڵكردنی ئه‌فغانستان
ده‌دات. په‌شتۆن-بوونی تاڵیبان ئه‌و پرسیاره ده‌وروژێنێت كه ئایا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه
گروپێكی ناسیۆنالیستی ئیسنی و خێڵه‌كییه یان ئاینییه؟
به‌شێك
له توێژه‌رانی پێش ڕه‌شید ئه‌حمه‌د له توێژینه‌وه‌كانیاندا به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتوون
كه ده‌ركه‌وتنی تاڵیبان ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ی ویستی پهشتۆنه بو ده‌ستگه‌شتنیان به
ده‌سه‌ڵات. ڕه‌شید ئه‌حمه‌د ناكۆكی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره توێژه‌رانه ناشارێته‌وه
و ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه كه ئه‌و توێژه‌رانه به ده‌ره‌نجامێكی
"ناڕاست" گه‌شتوون. به‌بڕوای ئه‌و، هۆكاری ئه‌مه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه
كه ئه‌و توێژه‌رانه زانیاری پێویستیان ده‌رباره‌ی ململانێكانی ئه‌فغانستانی دوای
ساڵی 1992 له به‌رده‌ستا نه‌بووه.
ئارگومێنتی
سه‌ره‌كی توێژه‌ر، ڕه‌شید ئه‌حمه‌د، لێره‌دا ئه‌وه‌یه كه هه‌رچه‌نده تاڵیبان له
هه‌ناوی پهشتۆنهوه له دایكبووه به‌ڵام ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه هه‌ستی ئیسنیستی و خێڵه‌كی
(هه‌ستی په‌شتۆن-بوونی) نه‌كردووه به بنه‌مای كاركردنی. به ده‌ربڕینێكی تر، تاڵیبان-
به بڕوای توێژه‌ر- بزوتنه‌وه‌یه‌كی خێڵه‌كی نییه و توانیوێتی هه‌ستی خێڵه‌كی-بوون
تێپه‌ڕێنێت. توێژه‌ر به مه‌به‌ستی ڕاستاندن و به‌هێزكردنی ئارگومێنتهكهی چه‌ندین
به‌ڵگه‌ی له‌م به‌شه‌دا پێشكه‌ش كردووه و به‌ڵگه‌كانی له‌لایه‌كه‌وه پاڵپشتی له‌و
بۆچوونه ده‌كات كه دژی خێڵه‌كی-بوونی تاڵیبانه و له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و ئارگومێنتانه
لاواز ده‌كات كه پێداگری له خێڵه‌كی-بوونی تاڵیبان ده‌كه‌ن. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه
ئه‌وه‌یه كه توێژه‌ر به‌ڵگه پاڵپشتیكه‌ره‌كانی له لاوازه‌وه بۆ به‌هێز ڕیزده‌كات
و هۆكاری ئه‌م جۆره ڕیزكردنهش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه توێژه‌ر ویستووێتی
به ئاسانی خوێنه‌ر قایل بكات و سه‌ركه‌وتوو بێت له قایلكردنیدا. له‌ڕووی ده‌روونییه‌وه،
كاتێك مرۆڤ ڕووبه‌ڕووی بابه‌تێكی نوێ ده‌بێته‌وه و ئه‌و بابه‌ته نوێیه ناكۆك و
دژبه‌ره له‌گه‌ڵ بۆچوونه‌كانی ئێستایدا، ئه‌وا میكانیزمه‌كانی به‌رگری له
بۆچوونه كۆنه‌كانی له ئاستێكی به‌رزدایه و سه‌ره‌تا ئاماده‌ییه‌كی ئه‌وتۆی تێدا
نییه بۆ په‌سه‌ندكردنی بۆچوونێك كه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كانی ئێستای بێت. هه‌ر
بۆیه توێژه‌ران ڕێنمای ده‌كرێن، به‌مه‌به‌ستی دانانی كاریگه‌ری له‌سه‌ر خوێنه‌رو تێكشكاندنی
پله به پله‌ی میكانیزمه‌كانی به‌رگری له‌لای خوێنه‌ر، به‌ڵگه‌كان له لاوازه‌وه
بۆ به‌هێز یان له به‌هێزه‌وه بۆ به‌هێزتر ڕیز بكه‌ن. ئه‌مه ئه‌و كاره‌یه كه
توێژه‌ر له‌م نووسینه‌یدا پێی هه‌ستاوه. توێژه‌ر بۆ به‌هێزكردنی ئارگومێنتهكهی
ئه‌م به‌ڵگانه‌ی هێناوه‌ته‌وه و ئێمه‌ش له خواره گرنگترین ئه‌و به‌ڵگانه ده‌خه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م:
تاڵیبان له سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنیدا چه‌كداره كۆمۆنیسته‌كانی گروپی خالیقی، كه
په‌شتۆنی بوون، خزانده نێو ڕیزه‌كانی خۆیه‌وه و كه‌ڵكی له توانا سه‌ربازییه‌كانی
ئه‌م كۆنه كۆمهنیستانه وه‌رگرت. به‌ڵام تاڵییبان له ساڵی 1998 ئه‌م چه‌كدارانه‌ی
كه پهشتۆنین له ڕیزه‌كانی خۆی دوورخسته‌وه. هۆكاری ئه‌م دوورخستنه‌وه‌یان بۆ
ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ئه‌م چه‌كداره كۆمۆنیستانه "په‌شتۆنی
ناسیۆنالیست" بوون و له‌پێناو پهشتۆندا جه‌نگیان ده‌كرد. لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه
دێته‌پێشه‌وه ئه‌گه‌ر تاڵیبان گروپێكی "ناسیۆنالیستی په‌شتۆنی" بوایه
و كاری بۆ گه‌یاندنی په‌شتۆن به‌ده‌سه‌ڵات بكردبایه، ئه‌وا ئه‌و چه‌كداره
ڕاهێنراوانه‌ی گروپی خالیقی كه په‌شتۆنی بوون له ڕێزه‌كانی نه‌ده‌كرده ده‌ره‌وه.
ئه‌م چه‌كدارانه‌ی گروپی خالیقی نه‌ك ته‌نها په‌شتۆنی بوون به‌ڵكو ناسیۆنالیسی په‌شتۆنی
بوون و بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له تاجیكه‌كان و ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی به پهشتۆنهكان
ده‌جه‌نگان. ڕه‌نگه هه‌ندێك بڵێن تاڵیبان ئه‌م چه‌كدارانه‌ی له ڕیزه‌كانی
دوورخسته‌وه چونكه پێویستی به تواناكانیان نه‌ما. به‌بڕوای توێژه‌ر، ئه‌م جۆره
بانگه‌شه‌كردنه دووره له ڕاستییه‌وه چونكه أ- تاڵیبان ئه‌م چه‌كداره
ناسیۆنالیسته پهشتۆنیانهی له ڕیزه‌كانی دوورخسته‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌كدارانه
كۆمۆنیست بوون و بیروباوه‌ڕه‌كانیان دژ به‌و بیروباوهڕانهبوو كه تاڵیبان بانگه‌شه‌ی
بۆ ده‌كرد، ب- تاڵیبان كاتێك ئه‌م چه‌كداره پهشتۆنییه كۆمۆنیستانه‌ی له ڕیزه‌كانی
دوورخسته‌وه له جه‌نگدا بوو و نه‌یتوانی "هاوپه‌یمانی باكور" له‌ناوبه‌رێت
و ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی خاكی ئهفغانیستاندا بگرێت. به‌ده‌ربڕینێكی تر، تاڵیبان
پێویستی به توانای ئه‌م چه‌كداره ڕاهێنراوه پهشتۆنیانهی گروپی خالیقی بوو بۆ تێكشكاندنی
"هاوپه‌یمانی باكور" به‌ڵام به‌هۆی بیروڕا جیاییه‌وه تاڵیبان بڕیاریدا
ده‌ستبه‌رداری توانا سه‌ربازییه‌كانی ئه‌م گروپه پهشتۆنییه ببێت.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر
كلتور و ئیسنیستی پێدراوێكی مێژووی بێت و خاڵه هاوبه‌شه‌كانی كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان
ئه‌ندامه‌كانی سه‌ر به‌و كلتور و ئیسنیستییه بێت، ئه‌وا ده‌بێت تاڵیبان جگه له
پهشتۆنهكان په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هیچ گروپێكی تر دروست نه‌كات و ده‌رگای په‌یوه‌ندیكردن
به‌ڕووی چه‌كداره نا-پهشتۆنییهكاندا دابخات. سه‌ره‌ڕای جیاوازییه كلتوری و
ئیسنیستییهكانی نێوانیان، تاڵیبان و حزبی ئیسلامی توركمانستانی ڕۆژهه‌ڵات و
بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئۆزبه‌كستان په‌یوه‌ندی به‌هێز له نێوانیاندا هه‌بووه و چوونه‌ته
هاوپه‌یمانییه‌وه. توێژه‌ر بۆ به‌هێزكردنی ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ی داتایه‌ك ده‌رباره‌ی
چه‌كداره نا-پهشتۆنییهكانی نێو تاڵیبان ده‌خاته‌ڕوو. ئه‌و ده‌ڵێت كه یه‌ك له‌سه‌ر
سێی ئه‌و 15000 چه‌كداره‌ی كه ساڵی 2000 شاری تاڵقانیان كۆنترۆڵكرد نه‌ك په‌شتۆن
نه‌بوون به‌ڵكو ئه‌فغانیش نه‌بوون. په‌یوه‌ندییه‌كانی تاڵیبان له‌گه‌ڵ گروپه
نا-په‌شتۆنی و ئیسنیستییه جیاوازه‌كاندا ئه‌و بۆچوونه لاواز ده‌كات كه ده‌ڵێت
تاڵیبان "گروپێكی ناسیۆنالیستی پهشتۆنییه".
سێیه‌م: ئه‌گه‌ر
تاڵیبان گروپێكی ناسیۆنالیستی په‌شتۆنی بووایه، ئه‌وا له‌گه‌ڵ گروپه پهشتۆنییهكانی
تری ئهفغانیستاندا، گروپه‌كه‌ی حیكمهتیار وه‌ك نموونه، جه‌نگی نه‌ده‌كرد و به‌ڵكو،
به‌هۆی په‌شتۆنی بوونیانه، هاوكاری پێشكه‌ش ده‌كردن. گروپه‌كه‌ی حیكمهتیار
هاوشێوه‌ی تاڵیبان گروپێكی پهشتۆنییه و له هه‌ناوی پهشتۆنییهكانهوه هه‌ڵقوڵاوه
و مه‌لا عومه‌ر و حیكمهتیار هه‌ردووكیان پهشتۆنین. به بۆچوونی توێژه‌ر خاڵی
كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان چه‌كداره‌كانی تاڵیبان، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی،
باكگراونده په‌روه‌رده‌یی و ئاینییهكهیانه نه‌ك په‌شتۆنی بوونیان. زۆربه‌ی چه‌كدار
و سه‌ركرده‌كانی تاڵیبان ده‌رچوو و په‌روه‌رده‌كراوی قوتابخانه و مه‌دره‌سه
ئاینییه‌كانن. ڕه‌شید ئه‌حمه‌دی توێژه‌ر ململانێ ناوخۆییه‌كانی نێوان گروپه
جیاوازه‌كانی په‌شتۆن بۆ جیاوازی ئایدیۆلۆجی و به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان
ده‌گه‌ڕێته‌وه.
ئه‌مه‌ش
ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه هاونه‌ته‌وه یان یه‌ك ئیسنیستی-بوون ناتوانێت ڕێگری بكات
له ڕوودانی ململانێ و جه‌نگ له نێوان گروپه جیاوازه‌كانی هه‌مان نه‌ته‌وه یان
ئیسنیستی یان مه‌زهه‌ب و ئاییندا. ئه‌م بۆچوونه تا ڕاده‌یه‌كی زۆر بۆ ئێمه‌ی كورد
دروسته و ڕابردوومان ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه كه كوردبوونمان نه‌یتوانیوه
ململانێكانی نێوانمان كۆتایی پێبهێنێت. هه‌روه‌ها ده‌بێت له داهاتووشدا، به‌هۆی
به‌ریه‌ككه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌كانه‌وه، چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بكه‌ین كه
ململانێ له نێوان گروپه كوردییه‌كانی كوردستان ڕوو بدات.
توێژه‌ر
پاش به‌راوردكردنی به‌ڵگه‌كان و به‌هێزكردنی ئارگومێنتهكهی خۆی له‌ڕێگه‌ی ئه‌و
چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ی سه‌ره‌وه، له‌م به‌شه‌دا ده‌گات به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه یه‌كه‌م:
تاڵیبان هه‌رچه‌نده گروپێكی ناسیۆنالیستی په‌شتۆنی نییه به‌ڵام سه‌ركه‌وتووانه
توانیوێتی سیمبول و پیرۆزییه‌كانی په‌شتۆن بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كانی به‌كاربهێنێت.
توێژه‌ر بۆئه‌وه‌ی خه‌سڵه‌تی وردێتی به ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی بدات، جیاوازی له نێوان
سه‌ركردایه‌تی و چه‌كداره ئاساییه‌كانی تاڵیباندا ده‌كات و ده‌ڵێت كه ئه‌جیندا و
ئامانجی سه‌ركرده و چه‌كداره ئاساییه‌كانی تاڵیبان له‌یه‌ك جودا و جیاوازن. سه‌ركردایه‌تی
تاڵیبان ناسیۆنالیست نه‌بوونه، به‌ڵام به‌شێك له چه‌كداره‌كانی تاڵیبان
ناسیۆنالیست بوون و له پێناو پهشتۆندا جه‌نگاون. دووه‌م: تاڵیبان گروپێكی
ناسیۆنالیستی ئایینی بووه و هه‌ست و باكگراوندی ئایینی خاڵی كۆكه‌ره‌وه‌ی نێوان
چه‌كدار و سه‌ركرده‌كانی بووه، هه‌روه‌ها تاڵیبان ئایدیۆلۆجیا ئایینییه‌كه‌ی بۆ
جیاكردنه‌وه‌ی خۆی له‌وانیتری جیاواز به‌كارهێناوه. سێیه‌م: هاتنی ئوسامه بن لادن
له نیوه‌ی دووه‌می نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا بۆ ئه‌فغانستان گۆڕانێكی گه‌وره‌ی
به‌سه‌ر ئایدیۆلۆجیا ئایینییه‌كه‌ی تاڵیباندا هێناوه و تاڵیبانی زیاتر ڕادیكهڵایزكرد.
ئایینی تاڵیبان پێش هاتنی ئوسامه بۆ ئه‌فغانستان بریتی بوو له سوننییهكی حه‌نه‌فی
مه‌زهه‌ب و سۆفی مه‌شره‌ب. به‌ڵام ئوسامه له‌ڕێگه‌ی هاوكاری مادی و مرۆییه‌وه
توانی تێڕوانینه ئایینییه‌كانی تاڵیبان بگۆڕێت و په‌یوه‌ندییه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی
تاڵیبان له‌سه‌ربنه‌مای فه‌تواكانی ئین ته‌یمییه و سه‌ید قوتب بنیات بنێت.
كۆتایی
چه‌كداره‌كانی
تاڵیبان، به‌گشتی، ده‌رچووی قوتابخانه (مه‌دره‌سه) ئایینییه‌كانی ناوچه‌كانی په‌شتۆن
و كامپه‌كانی پاكستانن. سه‌ركردایه‌تی تاڵیبان له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كاتدا و به‌مه‌به‌ستی
زیادكردنی ژماره‌ی چه‌كداره‌كانیان، هه‌ستی په‌شتۆن-بوونیان له نێوان دانیشتوانی
پهشتۆندا به‌كارهێنا و سودییان له پیرۆزییه‌كانی په‌شتۆن وه‌رگرت. سودوه‌رگرتنی
سه‌ركردایه‌تی تاڵیبان له گه‌نجانی په‌شتۆن بۆ فراوانكردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان
به‌شێك له توێژه‌رانی به‌هه‌ڵه‌دا بردووه و گه‌یاندوونی به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه
"تاڵیبان گروپێكی ناسیۆنالیستی پهشتۆنییه." توێژه‌ر ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی سه‌ره‌وه به
"ده‌ره‌نجامێكی هه‌ڵه" ناوزه‌ند ده‌كات و له ڕێگه‌ی چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كه‌وه
نادروستی سه‌لماندووه و گه‌شتووه به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه تاڵیبان گروپێكی ناسیۆنالیستی
په‌شتۆنی نه‌بووه و زیاتر گروپێكی ناسیۆنالیستی ئایینی بووه.
له‌گه‌ڵ هاتنی ئوسامه بۆ ئه‌فغانستان، بۆچوونه
ئاینییه‌كانی تاڵیبان زیاتر ڕادیكهڵایز ده‌بێت و ئایین، به تێگه‌یشتنه‌كه‌ی
ئوسامه و ئه‌لقاعیده، ده‌كه‌ن به پێوه‌ر بۆ دروستكردنی دۆستایه‌تی و دوژمنایه‌تی
له‌گه‌ڵ گروپه‌كانی تردا. ڕه‌نگه تاڵیبان جارێكی تر بۆ دووباره به‌هێزبوونه‌وه‌ی
له ئه‌فغانستاندا هه‌مان میتۆده‌كانی ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوو-
هه‌ستی ئایینی و دروستكردنی دوژمنی هاوبه‌ش وه‌ك نموونه، به‌كاربهێنێت و خۆی به‌دوور
بگرێت له دووباره‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌ڵانه‌ی، داڵده‌دانی ئوسامه وه‌ك نموونه،
كه له ڕابردوودا ئه‌نجامی داوه.