كارزان عومه‌ر
پێشه‌كی
یه‌كێك له‌و جوگرافیا سیاسیانه‌ی كه ساڵانێكی زۆره ڕووبه‌ڕووی داگیركاری
زلهێزه‌كان بووه‌ته‌وه ئه‌فغانستانه. ئه‌و وڵاته‌ی كه نزیكه‌ی نیوسه‌ده‌یه له
ناسه‌قامگیری سیاسیدایه. له كۆتاییه‌كانی جه‌نگی سارد ڕووبه‌رووی داگیركاری یه‌كێتی
سۆڤێت بووه‌وه. له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌م وڵاته به ئه‌زموونێكی سیاسی و ئابووری و
سه‌ربازی زۆر قورس‌دا تێپه‌ڕی. له سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی نوێشدا ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا له‌ژێر پاساوی جه‌نگی دژ به تیرۆر ئه‌م وڵاته‌ی داگیركردووه و تا ئه‌مڕۆكه
به‌رده‌وامی هه‌یه. داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانییه‌وه له ناتۆ، به یه‌كه‌م ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی
ئه‌و وڵاته هه‌ژمار ده‌كرێت له هه‌زاره‌ی نوێ‌دا. ئه‌مه‌ریكا وه‌ك تاكە زلهێزی هه‌ژموونگه‌را
له ماوه‌یه‌كی كورتی مێژوویی‌دا توانی تاڵیبانی حكومڕانی ئه‌فغانستان له‌ده‌سه‌ڵات
دووربخاته‌وه. پاساوه‌كانی ئه‌م جه‌نگه، كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ئاسایشی ئه‌مه‌ریكا
و ئاسایشی جیهانی و ناوچه‌كه، پاشانیش لێكه‌وته‌كانی جێگای توێژینه‌وه و
چاودێریكردنه. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌درێت گرنگترین پاساوه‌كانی جه‌نگی
سه‌ر ئه‌فغانستان بخرێته‌ڕوو، دواتر نیشاندان و شیكردنه‌وه‌ی گرنگترین لێكه‌وته‌كانی
ئه‌و جه‌نگه له‌سه‌ر خودی ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و ناوچه‌كه.
پاشان تیشكخراوهته سه‌ر هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به ئاڕاسته‌ی ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیباندا. توێژینه‌وه‌كه له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكدێت، به‌شی یه‌كه‌م،
له‌ڕووی تیۆرییه‌وه خوێندنه‌وه‌یه بۆ چه‌مكی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی وڵاتان،
پاساوه‌كان و ئامانجه‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی، به تایبه‌ت له سیستمی
نوێی جیهانیدا. به‌شی دووه‌می توێژینه‌وه‌كه، هۆكاره‌كانی داگیركردنی ئه‌فغانستان،
كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر پێگه‌ی هه‌ژموونگه‌رایی ئه‌مه‌ریكا، پاشان هه‌وڵه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا بۆ كۆتاییهێنان به جه‌نگی دژ به تاڵیبان له ئه‌فغانستان خراوه‌ته‌ڕوو.
له به‌شی سێهه‌مدا، له دووتوێی دوو ته‌وه‌ره‌دا، پاش نۆزده ساڵ له‌جه‌نگ، لێكه‌وته‌كانی
جه‌نگه‌كه و ڕێكکه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا- تاڵیبان خراونهتهبهر باس و شیكردنه‌وه.
به‌شی یه‌كه‌م/ چه‌مكی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی و جۆره‌كانی
ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی
له دووتوێی ئه‌م به‌شه‌دا، توێژینه‌وه‌كه هه‌وڵیداوه ناساندنێك بۆ چه‌مكی
ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی سه‌ربازی وڵاتان بكات، پاشان له‌ته‌وه‌ره‌ی دووه‌مدا، به‌گوێره‌ی
ئامانجه‌كانی ده‌وڵه‌ت، ده‌ستوه‌ردانه ده‌ره‌كییه سه‌ربازییه‌كان به‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك
شێوه‌دا دابه‌شكراون.
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: مه‌به‌ست چییه له ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی
ده‌ره‌كی؟
له ڕوانگه‌ی "جه‌یمس ڕۆزناوهوه" زۆربه‌ی ئه‌و پێناسانه‌ی بۆ چه‌مكی
ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی كراون كه‌موكوڕیان تیادایه له‌به‌رئه‌وه‌ی، یه‌ك،
پێناسه‌كان ڕوون نین و جێبه‌جێكردنیان له واقیعدا ئاسان نییه. دوو، پێناسه‌كان زۆرێك
له ده‌ستوه‌ردانه‌كانی دیكه‌یان به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتووه. سێ، ئه‌و پێناسانه ده‌ستوه‌ردانی
سه‌ربازیان وه‌ك یه‌ك دیارده تهماشاكردووه، ئه‌و ڕاستییه‌یان په‌راوێزخستووه
كه‌وا ده‌ستوه‌ردانه‌كان به‌گوێره‌ی بارودۆخه‌كان و لێكهوتهكان جیاوازن(1). ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی سه‌ربازی پرسێكی
گرنگی نێو بابه‌تی سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تییه. ئاشكرایه سیستمی نێوده‌وڵه‌تی له كۆمه‌ڵێك ده‌وڵه‌ت پێكهاتووه كه له‌ڕووی قه‌باره،
توانا و هێزی ئابووری، سه‌ربازییه‌وه جیاوازن. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌وڵه‌ته به‌هێزه‌كان
ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌نجامده‌ده‌ن له دژی ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان هه‌ركاتێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان
پێویستی كردبێت. كه‌واته ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی سه‌ربازی بریتییە له جوڵه‌ی
هێزی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تێك، یاخود چه‌ند ده‌وڵه‌تێك به‌ره‌و ناوچه‌یه‌ك، یاخود
سنووری خاكی ده‌وڵه‌تێكی دیكه(2). له‌لایه‌كی دیكه‌وه، "Dursun
Peksen" له توێژینه‌وه‌یه‌كیدا
پێناسه‌ی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی كردووه و ده‌ڵێت " ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بریتییە
له جوڵه‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تێك به‌ره‌و خاكی ده‌وڵه‌تێكی دیكه به پاساوی
پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ"(3). به گوێره‌ی ئه‌م پێناسه‌یه، ده‌گونجێت
ده‌ستوه‌ردانه سه‌ربازییه‌كان پاساوی مافه‌كانی مرۆڤی له‌پشته‌وه بێت. كاتێك له‌چوارچێوه‌ی
ده‌وڵه‌تێك، یاخود هه‌رێمێك پێشێلی مافه‌كانی مرۆڤ ده‌كرێت، ئه‌م دۆخه ڕه‌وایه‌تی
ده‌داته ده‌ستی ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كان كه ده‌ستوه‌ردان بكه‌ن له‌خاكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی
مافه‌كانی مرۆڤی تیادا پێشێلده‌كرێت. ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ڕوانگه‌ی هه‌ردوو
نوسه‌ر Baumann له‌گه‌ڵ Pearson "ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی سه‌ربازی كرده‌وه‌یه‌كی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تێكه
دژی خاك و سه‌روه‌ری ده‌وڵه‌تێكی دیكه، به‌بێ ڕه‌زامه‌ندی ده‌وڵه‌تی دووه‌م"(4). ده‌توانین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بڵێین ده‌ستوه‌ردانه
سه‌ربازییه‌كان بۆ مه‌به‌ستی به‌دیهێنانی ئامانجێكی ئه‌منی، سیاسی، سه‌ربازی،
ئابوورین، كه ده‌وڵه‌تێك، یاخود چه‌ند
ده‌وڵه‌تێك پێی هه‌ڵده‌ستن. زۆرجار ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تی
وه‌ك نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێی هه‌ڵده‌ستێت به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاشتی و
ئارامی بۆ ناوچه‌كانی جه‌نگ، یاخود به ئامانجی پارێزگاری كردن له ڕه‌وشی مافه‌كانی
مرۆڤ كه به‌هۆی جه‌نگه‌كانه‌وه زیانیان پێگه‌یشتووه.
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م/ جۆره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی سه‌ربازی
له‌م تهوەرهیهدا هه‌وڵده‌ده‌ین جۆره‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی
به گوێره‌ی ئامانجه‌كان شیبكه‌ینه‌وه به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی به ئامانجی پارێزگاری كردن له ڕژێمێكی
سیاسی
ده‌گونجێت پاساوی ده‌ستوه‌ردانی هێزی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تێك له‌خاكی ده‌وڵه‌تێكی
دیكه، پاساوێكی سیاسیانه‌ی هه‌بێت. به‌شێوه‌یه‌ك له ستراتیژی ده‌وڵه‌تی یه‌كه‌مدا،
ده‌وڵه‌تی دووه‌م پێگه‌یه‌كی سیاسی، ئابووری و ستراتیژی گرنگی هه‌یه. بۆ نمونه
له دیدی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه، هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی سووریا بۆ ئێران پێگه‌یه‌كی
گرنگی هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه حكومه‌تی تاران به‌هه‌موو توانایه‌وه له قه‌یرانی
ناوخۆیی سووریا پشتیوانی سه‌ربازی و سیاسی ڕژێمه‌كه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی
سووریای كردووه. ده‌توانین بڵێین یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌كه‌وتنی
ڕژێمه‌كه‌ی ئه‌سه‌د پشتیوانی كردنی سه‌ربازیانه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێرانه بۆ حكومه‌تی
سووریا. وه‌ك چۆن عێراقێكی زۆرینه شیعی ده‌سه‌ڵاتدار بۆ ئێران گرنگه، به‌هه‌مان
شێوه ده‌وڵه‌تی سووریا كه رژێمه حكومڕانهكهی له تائیفه‌ی عه‌له‌وی شیعەیه،
بۆ ئێران گرنگه(5).
دووه‌م/ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی به ئامانجی گۆڕینی ڕژێمێكی سیاسی
له‌م دۆخه‌دا به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی كه ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی
ده‌كات، ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییە له گۆڕینی ڕژێمی ده‌سه‌ڵاتداری ده‌وڵه‌تی به‌رامبه‌ر.
چونكه له دیدی ده‌وڵه‌تی هێرشبه‌ره‌وه، ده‌وڵه‌تی دووه‌م هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه
بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی. بۆ نمونه جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا دژی ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام
حسێن ساڵی 2003. ئیداره‌كه‌ی جۆرج بوشی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ریكا پێیوابوو كه
مانه‌وه‌ی سه‌دام حسێن له ده‌سه‌ڵات واتای هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی به‌رده‌وامه بۆ سه‌ر
ئاسایشی نیشتمانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا(6). شایه‌نی ئاماژه پێدانه، حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی له
ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی توانا سه‌ربازییه پێشكهوتووهكانییهوه، سه‌ره‌ڕای به‌ده‌ستنه‌هێنانی
پشتیوانییه‌كی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ڵام له ماوه‌یه‌كی زۆركه‌می مێژوویی‌دا سه‌ركه‌وتوو
بوو له كۆتایی هێنانی ده‌سه‌ڵاتی ڕژێمی به‌عسی دیكتاتۆری سه‌دام. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
واشنتۆن سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه له سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه و بیناكردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی
عێراق به‌وشێوه‌یه‌ی كه له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌كه‌وه كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی
بانگه‌شیان بۆ ده‌كرد.
سێهه‌م/ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی به‌ئامانجی له‌ناوبردنی گرووپێكی تیرۆریستی
هه‌ندێكجار ده‌وڵﻪتێك، یاخود چه‌ند ده‌وڵه‌تێك له میانه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی
سه‌ربازی، ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌نجامده‌ده‌ن له خاكی ده‌وڵه‌تێكی دیكه‌دا.
بۆ نمونه ساڵی 2013 ئه‌مه‌ریكا سه‌ركردایه‌تی دروستكردنی هاوپه‌یمانێتیه‌كی سه‌ربازی
كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی
ئیسلامی له عێراق و شام، ناسراو به "داعش"(7). ئاشكرایه ڕێكخراوی داعش پاش دهستبهسەرداگرتنی
ناوچه‌یه‌كی جوگرافی به‌رفراوان له نێوان عێراق و سووریا، بووه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی
مه‌ترسیدار بۆسه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و جیهان. ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی به
هاوكاری هێزه شه‌ڕكه‌ره‌كان له هه‌رێمی كوردستان، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و
له باكووری سووریاش به‌هاوكاری هێزه‌كانی سووریای دیموكرات سه‌ركه‌وتووانه ئه‌و
ناوچانه‌ی كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیركرابوو ڕزگار بكه‌نه‌وه و تاڕاده‌یه‌كی
زۆریش سه‌ركه‌وتووبوون له كۆتایی هێنان به حوكمڕانی گرووپێكی تیرۆریستی.
چواره‌م/ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی به ئامانجی گه‌ڕانه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی گرنگی جوگرافی
زۆرجار ئامانجی ده‌ستوه‌ردانه سه‌ربازییه‌كان بریتییه له گه‌ڕانه‌وه‌ی
ناوچه‌یه‌كی جوگرافی كه له‌وانه‌یه پێگه‌یه‌كی جیۆستراتیژی گرنگی هه‌بێت. دوای
سه‌رهه‌ڵدانی شۆرش و ڕاپه‌ڕینه‌كانی ئۆكرانیا، ڕووسیا راسته‌وخۆ ده‌ستوه‌ردانی له
ئۆكرانیا كرد، هێزی سه‌ربازی ڕووسی به‌بێ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه له‌گه‌ڵ سوپای ئۆكرانی،
توانی ده‌ست به‌سه‌ر نیوه دورگه‌ی كرایمیادا بگرێت و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نیوه
دورگه‌كه بلكێنێت به خاكی ڕووسیایه‌وه. نیوه دورگه‌ی كرایمیا ده‌ڕوانێته سه‌ر
ده‌ریای ڕه‌ش. كاتێك كه یه‌كێتی سۆڤێت له‌ساڵی 1991 هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ئۆكرانیا
وه‌ك كۆمارێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ركه‌وت، كرایمیا وه‌ك به‌شێك له خاكی ئۆكرانیا مایه‌وه(8). له‌ڕاستیدا له‌ماوه‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی حكومه‌تی
كییهڤ، سیاسه‌تی ده‌ره‌كی مۆسكۆ به ئاشكرا خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه له داواكردنی
ئه‌و نیوه دوورگه‌یه له‌حكومه‌تی ئۆكرانی. لێره‌دا پێده‌چێت هۆكاره‌كه بۆ ئه‌وه
بگه‌ڕێته‌وه كه به‌درێژایی چه‌ند ساڵی ڕابردوو تاكو سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یران له
ئۆكرانیا له سه‌ره‌تای 2014، حكومه‌تی كییهڤ به‌ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ژێر هه‌ژموونی
مۆسكۆدابووه، به‌ڵام كاتێك كه ڕاپه‌رینی جه‌ماوه‌ری گه‌لی ئۆكرانی ده‌بێته
هۆكاری ڕووخانی حكومه‌تێكی نزیك له ڕووسیا، مۆسكۆ به‌خێرایی كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی
ده‌نوێنێت بۆ پارێزگاری كردن له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.
پێنجه‌م/ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی به ئامانجی ڕێگری كردن له‌دابه‌شبوونی خاكی
وڵاتێك
زۆرجار ده‌وڵه‌تان په‌نا بۆ به‌كارهێنانی
هێزی سه‌ربازی و ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی سه‌ربازی ده‌به‌ن له خاكی ده‌وڵه‌تێكی
دیكه كه له ڕووی جوگرافیه‌وه هاوسنوورن. ده‌وڵه‌تی هێرشبه‌ر، دابه‌شبوونی ده‌وڵه‌تی
دووه‌م بۆ چه‌ند ده‌وڵه‌تێك، به‌هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی ده‌زانێت له‌سه‌ر ئایندهی
خۆی. له‌پێناو ڕێگری كردن له سیناریۆیه‌كی له‌م شێوه‌یه، ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌ستوه‌ردانی
سه‌ربازی ئه‌نجامد ده‌دات. بۆ نمونه، هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆ سه‌ر باكوور و
باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا. ئه‌م ناوچه‌یه زۆرینه‌ی كوردن و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی
وه‌ك عه‌ره‌ب، توركمان و ئاشووری تیادا ده‌ژیت. به‌هۆی هێرش و مه‌ترسیه‌كانی داعشه‌وه
بۆ سه‌رئه‌م ناوچه‌یه، ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی پشتیوانی هێزه كوردیه‌كانی
كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش. پاش ڕه‌وینه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی داعش، كورد وه‌ك
هێزی باڵاده‌ست له ڕۆژئاوای كوردستان - باكوور و باكووری ڕۆژهه‌لاتی سووریا-
پشتیوانیه‌كی نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ستهێنا به‌هۆی ئه‌و ڕۆڵه گرنگه‌ی كه بینی له‌میانه‌ی
جه‌نگی دژی ڕێكخراوی تیرۆریستی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی. وورده وورده ئه‌و پێگه گرنگه‌ی
كورد به‌ده‌ستی هێناو ئه‌و پشتیوانیه زۆره‌ی له‌كورد و هێزه‌كانی سووریای
دیموكرات كرا بوونه سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسی بۆسه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی توركیا.
له‌كاردانه‌وه‌ی ئه‌م گۆڕانكیاریانهدا، حكومه‌تی ئه‌نقه‌ره هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی
خسته‌گه‌ڕ له‌پێناو قایلكردنی ئیداره‌كه‌ی پێشووی كۆشكی سپی به سه‌رۆكایه‌تی دۆناڵد
تڕه‌مپ، به‌ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له ناوچه‌كانی ژێرده‌سه‌ڵاتی هێزه‌كانی
سووریای دیموكرات(9).
شه‌شه‌م/ ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی به ئامانجی پارێزگاریكردن له مافه‌كانی
مرۆڤ و دابینكردنی دۆخێكی سه‌قامگیر
هه‌ندێكجار له‌بری ده‌وڵه‌ت ڕێكخراوه نێودەوڵەتییەكان ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی
ئه‌نجامده‌ده‌ن. ده‌توانین بڵێین كه‌وا یه‌كێك له ئامانجه بنه‌ڕه‌تیه‌كانی ده‌ستوه‌ردانه
سه‌ربازییه ده‌ره‌كیه‌كان لایه‌نی مرۆیی له‌پشته‌وه‌یه و ئامانجی ده‌وڵه‌ت یاخود
ده‌وڵه‌تان بریتییە له ڕێگریكردن لهپێشێڵكردنێكی زیاتری مافه‌كانی مرۆڤ له‌و ده‌وڵه‌ته
كه جه‌نگ و نا سه‌قامگیری تیادایه. ده‌گونجێت ئه‌م فۆرمه له‌ده‌ستوه‌ردان زیاتر
ڕێكخراوه نێودەوڵەتییەكان له‌نمونه‌ی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان پێی
هه‌ڵبسێت. ئه‌م ڕێكخراوه وه‌ك له پێشه‌كی دامه‌زراندنه‌كه‌یدا هاتووه و ده‌ڵێت " ئامانج له دامه‌زراندنی ئه‌م ڕێكخراوه
بۆ پارێزگاریكردنه له ئاشتی و ئارامی جیهانی". نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان
خاوه‌ن هێزێكی سه‌ربازییه كه به هێزه‌كانی ئاشتی پارێز (Peacekeeping
Forces) ده‌ناسرێت. ئه‌م هێزه ئاشتی
پارێزه نێودەوڵەتییە تا ئێستا له چه‌ند شوێنێك ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌نجامداوه،
بۆ نمونه له لوبنان(10).
به‌شی دووه‌م/ یه‌كه‌م ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا
له سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا
پاش ڕوونكردنه‌وه و ناساندنی چه‌مكی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌ره‌كی و ئاماژه‌دان
به كۆمه‌ڵێك شێوازی ئه‌نجامدانی ئه‌و كرده‌وه سه‌ربازییه و پاشان ڕوونكردنه‌وه‌یان
به نمونه‌ی جۆراوجۆر، له‌م به‌شه‌دا توێژینه‌وه‌كه تیشك ده‌خاته سه‌ر ده‌ستوه‌ردانی
سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له خاكی ئه‌فغانستان له ساڵی 2001. له‌م به‌شه‌دا به دوو ته‌وه‌ره
بابه‌ته‌كه ڕوونده‌كه‌ینه‌وه.
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: داگیركردنی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ویلایەته
یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه
له‌دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانیه‌وه كه ئه‌مه‌ریكا وه‌ك براوه‌یه‌ك له‌و جه‌نگه
هاته‌ده‌ره‌وه، هێزی سه‌ربازی و ئابووری گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاوی به‌خۆوه بینی،
به شێوه‌یه‌ك ده‌وڵه‌ته‌كه توانی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی پێگه‌یه‌كی به‌هێز داگیربكات
و ببێته ڕكابه‌رێكی سه‌رسه‌ختی بلۆكی كۆمۆنیستی سۆڤێتی. ئه‌م دوو زلهێزه سیستمی
جیهانیان له فره جه‌مسه‌ری پێش جه‌نگه‌كه‌وه گۆڕی به جیهانێكی دووجه‌مسه‌ری.
دوای چه‌ند ساڵێك له كۆتاییهاتنی جه‌نگ، ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌نیوه‌ی
دووه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، یه‌كه‌م ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌نجامدا له ڤێتنام.
ئامانجی سه‌ره‌كی له‌م ده‌ستوه‌ردانه، كۆتایی پێهێنانی حوكمی كۆمۆنیسته‌كانی ئه‌و
وڵاته بوو، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك له جه‌نگ و كوشتار ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
شكستی خوارد و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو له‌به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانی. ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ره‌تای هه‌زاره‌ی نوێ‌دا, دوو هه‌زاردا، ده‌ستوه‌ردانێكی سه‌ربازی دیكه‌ی ئه‌نجامدا. ئه‌م
ده‌ستوه‌ردانه‌ی جه‌نگی دژ به بزووتنەوەی تاڵیبان بوو له ئه‌فغانستان، كه له‌ڕووی
كاته‌وه به درێژترین ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی ده‌ژمێردرێت.
11ی سێپتێمبه‌ری ساڵی 2001، ڕێكخراوی قاعیده به سه‌ركردایه‌تی ئوسامه بن لادن،
گه‌وره‌ترین هێرشی تیرۆریستیان له‌مێژووی ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئه‌نجامدا،
ئه‌ویش هێرشكردنه سه‌ر هه‌ردوو تاوه‌ری بازرگانی جیهانی له نیۆرك و وه‌زاره‌تی
به‌رگری ناسراو به پنتاگۆن بوو. ئه‌م په‌لاماره تیرۆریستییه جیهانی كرده دووبه‌ره‌وه،
وه‌ك جۆرج ده‌بلیو بوش ڕایگه‌یاند، به‌ره‌ی جه‌نگی دژی تیرۆر له‌به‌رامبه‌ر به‌ره‌ی
پشتیوانی له تیرۆر. دوابه‌دوای هێرشه‌كان، بوش ڕایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی وه‌ڵامی
سه‌ربازی ده‌بێت. فه‌رمانده سه‌ربازییه باڵاكانی ئه‌مه‌ریكا پلانی هێرشكردنیان
بۆ سه‌ر ئه‌فغانستان داڕشت(11). جێگه‌ی ئاماژه‌یه، له‌و سه‌رده‌مه‌دا له ئه‌فغانستان بزووتنەوەی تاڵیبان
هێزی باڵاده‌ستبوو به‌هاوكاری ڕێكخراوی قاعیده‌ی ئوسامه بن لادن، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا
هێزێكی دیكه له‌ژێرناوی هاوپه‌یمانێتی باكوور به‌سه‌ركردایه‌تی ئه‌حمه‌د شامه‌سعود
له‌ناوچه‌كانی باكووری وڵات بوونیان هه‌بوو. ئه‌م گرووپه له شه‌ڕو ڕووبهرووبوونهوهدا
بوو له‌گه‌ڵ بزووتنەوەی تاڵیبان. ڕێكخراوی قاعیده توانی شامه‌سعود تیرۆر بكات.
كوشتنی ئه‌م كه‌سایه‌تییه‌ش لێدانێكی كوشنده‌بوو له‌و به‌ره‌یه‌ی له‌ناوخۆدا دژایه‌تی
تاڵیبانی ده‌كرد. ئه‌م ڕووداوه‌ش وه‌ك پسپۆڕان باسی لێوه‌ده‌كه‌ن هۆكاری سه‌ره‌كی
بوو له پارێزگاری كردن و پشتیوانی كردنی بن لادن له‌لایه‌ن تاڵیبانه‌وه(12). سه‌باره‌ت به بزووتنەوەی تاڵیبانیش، ئه‌و تێگه‌یشتنه
هه‌یه كه‌وا یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قوتابخانه ئایینییه‌كان كه
به زۆری له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی سعودییه‌وه پشتیوانی كراون. ئه‌م گرووپه تێگه‌یشتنی
خۆی بۆ شه‌ریعه‌ت و قورئان وسوننه‌ت به‌سه‌ر هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌فغانیدا فه‌رزكرد،
له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكردنی ئه‌و بنه‌ما سهرهكیانهشدا سزای زۆر توندی دانابوو.
دوابه‌دوای هێرشه تیرۆریستییه‌كه‌ی 11ی
سێپتێمبه‌ر، بزووتنەوەی تاڵیبان داواكاری ئهمهركیهكانی ڕهفزكردهوه به‌ڕاده‌ستكردنی
ئوسامه بن لادنی سه‌رۆكی ڕێكخراوی قاعیده. له‌به‌رامبه‌ردا، له ئۆكتۆبه‌ری هه‌مان
ساڵدا، سوپای ئه‌مه‌ریكا به فه‌رمانی جۆرج بوش هێرشی كرده سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی
تاڵیبان له ئه‌فغانستان و له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌و گرووپه‌ی له ده‌سه‌ڵات
دوورخسته‌وه. ئه‌مه‌ریكا توانی له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی تاڕادهیكی زۆر كۆده‌نگیه‌ك
بۆ هێرشه‌كه‌ی به‌ده‌ست بهێنێت، جگه‌له‌وه‌ی كه پشتیوانی ڕێكخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیشی
هه‌بوو بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هێرشه(13).
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: ئامانجه‌كانی داگیركردنی ئه‌فغانستان
له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه
وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێكرد، كاردانه‌وه‌كانی ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر به‌هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌ردوو تاوه‌ری جیهانی و باره‌گای وه‌زاره‌تی
به‌رگری و هه‌روه‌ها ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌و هێرشه تیرۆریستییه له‌ڕووی ژماره‌ی
قوربانیه‌كانه‌وه له هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، ئه‌مه‌ریكای ناچار به كرده‌وه‌ی سه‌ربازی
كرد له خاكی ئه‌فغانستان. لێره‌دا، له‌م ته‌وه‌ره‌یه‌دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ین گرنگترین
ئامانجه‌كانی ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا له خاكی ئه‌فغانستان ڕوون
بكه‌ینه‌وه. ئاشكرایه به‌هۆی زۆری قوربانیه‌كانی هێرشه‌كه و ئه‌و پێگه‌ی
جیهانیه‌ی ئه‌مه‌ریكا هه‌یبوو، واشنتۆنی ناچاركرد كاردانه‌وه‌ی سه‌ربازی خێرا بگرێته‌به‌ر،
به‌ڵام جوڵه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌وشێوه‌یه بۆ هێزێكی جیهانی وه‌ك ئه‌مه‌ریكا له‌ناوچه‌یه‌كی
جیۆسیاسی گرنگی وه‌ك ئه‌فغانستان به‌ته‌نها به‌س نییه بۆ تێگه‌یشتن له ئامانجه‌كانی
ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به داگیركردنی خاكی ئه‌فغانستان. ئه‌م
توێژینه‌وه‌یه پێیوایه كه ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی واشنتۆن له‌ئه‌فغانستان كۆمه‌ڵێك
ئامانجی دیكه‌ی له‌پشته‌وه‌یه جگه له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریزمی جیهانی:
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر
له‌ناوبردنی بزووتنەوەی تاڵیبان و ڕیشهكێشهكردنی ڕێكخراوی قاعیده سه‌ره‌كیترین
پاڵنه‌ری هێرشه‌كان بوو بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان. ئه‌م جه‌نگه له‌چوارچێوه‌ی جه‌نگی
جیهانی دژی تیرۆریزمی ئیسلامی توندڕه‌و له‌ئه‌فغانستانه‌وه ده‌ستپێكرد(14). ده‌توانین بڵێین كرده‌وه تیرۆریستییه‌كه‌ی ئه‌م
ڕێكخراوه له‌قوڵایی خاكی ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین پاساوی ده‌ستی ئه‌مه‌ریكا بوو له
ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌خاكی ئه‌فغانستان. ساڵانێكی زۆر بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان
وه‌ك حكومڕانی سه‌ره‌كی ئه‌فغانستان ببووه موڵگهیهك بۆ تیرۆریستانی ئه‌فغانی،
پاكستانی و هه‌روه‌ها ئه‌و تیرۆریستانه‌ی پێیان ده‌گوترێت ئه‌فغانه عه‌ره‌به‌كان.
ڕێكخراوی قاعیده پێشتریش هه‌وڵێكی هاوشێوه‌ی ڕووداوه‌كه‌ی 11ی سێپتێمبه‌ری دابوو
له خاكی ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌كان به‌ڵام پلانه‌كه پێش ئه‌نجامدانی
شسكتی هێنابوو. واشنتۆن دركی به‌وه‌كردبوو هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م په‌ناگه ئارامه‌ی
خاكی ئه‌فغانستان بۆ تیرۆریستان ده‌بێته هۆی به‌رده‌وامبوونی هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپه
تیرۆریستییه‌كان دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا.
جه‌نگی دژ به ئه‌فغانستان باشترین وه‌ڵام بوو بۆ ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه،
له‌ڕووی جیۆسیاسیه‌وه، ئه‌مه‌ریكا خواستی ئه‌وه‌ی هه‌بوو كه له‌و ناوچه‌یه
بتوانێت بنكه‌ی سه‌ربازی خۆی جێگیر بكات. ئه‌فغانستان هیچ پێگه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكای
لێ نه‌بووه، به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆره‌وه، واشنتۆن توانی بگاته ئه‌م ناوچه‌یه و لێره‌وه
له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازییه‌وه ڕووبه‌ڕووی هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی تیرۆریستی
بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ببێته‌وه.
ترس له هه‌ڵكشانی ڕۆڵی چین
داگیركردنی ئه‌فغانستان، دامه‌زراندنی بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی، هه‌روه‌ها
سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی حكومه‌تێكی دۆست و هاوپه‌یمانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان،
ده‌توانێت ببێته پشتیوانیه‌كی به‌هێزتر له پیشاندانی هێزی هه‌ژموونگه‌رای وڵایه‌ته
یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تێكی وه‌كو چین. له‌م ڕووه‌وه،"زیبگینۆ
بریژنسكی" پشتیوانی له هه‌وڵه ستراتیژیه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كردووه به كۆنتڕۆڵكردنی
سه‌رچاوه سروشتیه‌كانی ناوچه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست وه‌ك ڕێگرییه‌ك له گه‌شه‌كردنی
زیاتری هه‌ژموونی چین له ناوچه‌كه‌دا(15). ئاشكرایه به‌هۆی هه‌ڵكشانی هێزی چینه‌وه، ئه‌مه‌ریكا
زۆر هه‌ستیاربووه له‌چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن یاخود ده‌وره‌دانی هێزی هه‌ڵكشاوی چین.
به‌وپێیه‌ی ناوچه‌ی ئاسیای ناوه‌ڕاست، ناوچه‌یه‌كی ده‌وڵه‌مه‌ند و گرنگه له‌ڕووی
سه‌رچاوه سرۆشتیه كانزاییه‌كان، بوونی بۆری غازی سروشتی، بابه‌تی پرۆژه‌ی ڕێگای
ئاوریشمی چین، له‌پێناو ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ئاڵنگارییه‌كانی چین، دامه‌زراندنی
بنكه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا باشترین گه‌ره‌نتیده‌ری پارێزگاری كردنه له هێزی هه‌ژموونگه‌رایی
ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه‌دا.
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌رمه‌ترسیه‌ك ڕووسیا له‌ئاینده‌دا دروستی بكات
ئه‌مه‌ریكا به‌داگیركردنی خاكی ئه‌فغانستان توانی له‌ناوچه‌كانی شوێن هه‌ژموونی
ڕووسیا نزیك بێته‌وه. له‌ڕاستیدا له‌سه‌ره‌تای پرۆسه‌ی جه‌نگه‌كه، ڕووسیا هاوكاری
هه‌واڵگری و لۆجستی پێشكه‌ش به لایه‌نی ئه‌مه‌ریكا كردووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ درێژه‌كێشانی
جه‌نگه‌كه و مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌خاكی ئه‌و وڵاته، ستراتیژی مۆسكۆ بۆ مامه‌ڵه‌كردن
له‌گه‌ڵ سوپای ئه‌مه‌ریكا گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات. ڕووسیا وه‌ك جێگره‌وه‌ی یه‌كه‌می
یه‌كێتی سۆڤێتی پێشوو، پێشتر ئه‌زموونی جه‌نگێكی ده ساڵه‌ی هه‌بوو له خاكی ئه‌فغانستان.
له ماوه‌ی ساڵه‌كانی 1979- 1989، سوپای سۆڤێت خاكی ئه‌فغانستانی داگیركرد، له‌ماوه‌ی
ئه‌و ده ساڵه‌دا، ڕووبه‌ڕووی بارگرانیه‌كی سیاسی، ئابووری و گیانی زۆربووه‌وه،
به‌شێوه‌یه‌ك كه دواجارگۆرباچێڤی دواهه‌مین سه‌رۆك كۆمار، بڕیاری كشانه‌وه‌ی
سوپای وڵاته‌كه‌یدا. دیاره یه‌كێك له‌هۆكاره‌كانی شكستی سۆڤێت پشتیوانیكردنی چه‌كداره
ئه‌فغانیه‌كان بوو له‌لایه‌ن واشنتۆنه‌وه. به‌ڵام پاش ڕووخانی سۆڤێت و گرتنه‌ده‌ستی
ده‌سه‌ڵاتی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانهوهـ واشنتۆن دركی كرد به
مه‌ترسی ئاینده‌یی لێكزیكبوونهوهی ڕووسیا و ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.
له‌به‌رئه‌وه، بۆ واشنتۆن، بڕیاری داگیركردنی ئه‌فغانستان ده‌بێته ڕێگر له‌به‌رده‌م
هه‌رجۆره ئه‌گه‌رێكی له‌مشێوه‌یه. وه‌ك بینیمان، له‌ماوه‌ی ڕابردوودا، كۆشكی سپی
چه‌ند جارێك كرێملینی به‌وه تۆمه‌تباركرد كه‌وا هاوكاری سه‌ربازی و هه‌واڵگری
پێشكه‌ش به تاڵیبان و گرووپه چه‌كداره‌كانی ئه‌فغانستان كردووه دژی سوپای ئه‌مه‌ریكا
و هاوپه‌یمانه‌كانی(16).
ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڵكشانی ڕۆڵی هه‌رێمی ئێران
رژێمی ئیسلامی
كۆماری ئێران له‌دوای شۆرشه‌كانی ساڵی 1979، په‌یوه‌ندیه سیاسی، ئابووری و
دیپلۆماسیه‌كانی له‌گه‌ڵ واشنتۆن هه‌ڵپه‌سارد. كاربه‌ده‌ستانی ئێران هیچ كات دژایه‌تی
ئاشكرای خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست نه‌شاردوه‌ته‌وه.
به‌وپێیه‌ی ئێران پێگه‌یكی جوگرافی گرنگی هه‌یه، ده‌ڕوانێته سه‌ر كه‌نداوی
فارسی، ده‌توانێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر گه‌رووی هورمز وه‌ك ڕێڕه‌وێكی گرنگی نه‌وت
و غاز له وڵاتانی ناوچه‌كه‌وه بۆ بازاره‌كانی جیهان له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه،
تاران ده‌توانێت ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل
وه‌ك هاوپه‌یمانێكی ستراتیژی واشنتۆن. له‌به‌رئه‌وه، ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا هه‌رگیز نه‌یویستووه تاران ببێته هێزێكی هه‌رێمی گه‌وره. به‌داگیركردنی
ئه‌فغانستان ئه‌مه‌ریكا توانی زیاتر ببێته هه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر خاكی ئێران. به‌داگیركردنی
خاكی عێراقیش دوو ساڵ دوای ئه‌فغانستان، ئه‌مه‌ریكا له چوارده‌وری ئێران بووه‌ته
خاوه‌نی چه‌ندین بنكه‌ی سه‌ربازی. ڕژێمی ئیسلامی ئێرانیش به درككردن به‌م ڕاستیانه
له‌هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی ئه‌فغانستان و عێراق ڕووبه‌ڕووی مه‌ترسیه‌كانی سیاسیه‌تی ئه‌مه‌ریكا
بووه‌ته‌وه و تاڕاده‌یه‌كی زۆریش سه‌ركه‌وتوو بووه له‌دروستكردنی ئاسته‌نگه‌كاندا.
له‌ئێستادا، له ته‌واوی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، تاكه ده‌وڵه‌ت كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی
جدی بێت بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشنتۆن له‌ناوچه‌كه‌دا ته‌نها كۆماری
ئیسلامی ئێرانه. به‌ئامانجی ڕێگریكردن له هه‌ڕه‌شه ئاینده‌ییه‌كانی ئێران دژی
ئه‌مه‌ریكا، داگیركاری ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر خاكی ئه‌فغانستان بژارده‌یه‌ك بووه
بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكای له ئێران نزیكتر كردوه‌ته‌وه له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرساندنی
جه‌نگی ڕاسته‌وخۆدا.
به‌شی سێهه‌م/ پاش دوو ده‌یه له‌جه‌نگ، لێكه‌وته‌كانی جه‌نگه‌كه
و ڕێكکه‌وتنی ئه‌مه‌ریكا- تاڵیبان
ته‌وه‌ره‌ی یه‌كه‌م: لێكه‌وته‌كانی داگیركردنی ئه‌فغانستان
له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه
بێگومان جه‌نگ و داگیركاری و ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی ده‌وڵه‌تێك یان چه‌ند ده‌وڵه‌تێك
له‌خاكی ده‌وڵه‌تێكی دیكه لێكه‌وته‌ی ناوخۆیی و جیهانی ده‌بێت. ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی
ئه‌مه‌ریكاش له ئه‌فغانستان و ڕووخاندنی ڕژێمی تاڵیبان و له‌ناوبردنی بنكه و
باره‌گاكانی ڕێكخراوی قاعیده كۆمه‌ڵێك ده‌رئه‌نجامی لێكه‌وتووه‌ته‌وه، لێره‌دا
به‌چه‌ند خاڵێك ئاماژه‌یان پێده‌ده‌ین:
كۆتایهاتنی ده‌سه‌ڵاتی بزووتنەوەی تاڵیبان. دیاره ئه‌مه‌ریكا له‌ماوه‌یه‌كی زه‌مه‌نی زۆر كورتدا توانی كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان بهێنێت. هه‌روه‌ها په‌رته‌وازه بوونی ڕێكخراوی قاعده له ئه‌فغانستان و بڵاوبوونه‌وه‌ی سه‌ركرده و ئه‌ندامه‌كانی بۆ وڵاتانی دراوسێی وه‌كو پاكستان، ئێران، به‌شێكیان هاتنه ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق. واتا به داگیركردنی ئه‌فغانستان قاعیده توانی لقی لاوه‌كی له‌زۆر شوێنی دیكه‌ی وڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دابمه‌زرێنێت به‌تایبه‌ت له‌و وڵاتانه‌ی بۆشایی ئه‌منی و سیاسیان هه‌بوو وه‌ك عێراق، یه‌مه‌ن. به‌ڵام، به‌ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان ڕێكخراوی قاعیده كۆتایی نه‌هات، بگره چالاكیه‌كانی فراوانتر بوون و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی گرته‌وه. واتا كرده‌وه تیرۆریستییه‌كان زیادیان كرد له زۆرێك له‌و وڵاتانه، قوربانیانی سه‌ره‌كی ئه‌و هێرشه تیرۆریستیانه هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی بوون. ئه‌گه‌رچی له‌دوای كوشتنی ئوسامه بن لادنی سه‌رۆكی ڕێكخراوه‌كه گورزێكی كوشندهیدا له جه‌سته‌ی ڕێكخراوی قاعیده، به‌ڵام هێرشه تیرۆریستییه‌كان كۆتایان نه‌هاتووه. ڕێكخراوه‌كه توانی له ڕێگه‌ی دروستكردنی ڕێكخراوی چه‌كداری دیكه‌وه له سووریا، عێراق، یه‌مه‌ن و زۆرشوێنی دیكه به‌رده‌وامی بدات به هه‌ڕه‌شه تیرۆریستییه‌كانی دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی(17).
ته‌نانه‌ت خودی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ڕووی ئابووریه‌وه زیانێكی مه‌زنی به‌ركه‌وتوه. واشنتۆن ماوه‌ی زیاتر له نۆزده ساڵه شه‌ڕی تاڵیبان و گرووپه چه‌كداریه‌كان ده‌كات له‌و وڵاته. سه‌ره‌ڕای زیانه گیانیه‌كان به له‌ده‌ستدانی زیاتر له دوو هه‌زار وپێنج سه‌د سه‌رباز ته‌نها له سوپای ئه‌مه‌ریكی، به‌ده‌یان هه‌زار سه‌ربازی بریندار، كه‌زۆرینه‌یان له وڵاته‌كه‌ی خۆیان چاره‌سه‌ری پزیشكی به‌رده‌وام وه‌رده‌گرن(18)، ئه‌مه‌ریكا له‌ڕووی ئابووریه‌وه زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ركه‌وتووه. به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتێكی سایتی"نیۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی" ئه‌مه‌ریكا ته‌نها له ئه‌فغانستان نزیكه‌ی یه‌ك تریلیۆن دۆلاری خه‌رجكردووه19)). له‌به‌رامبه‌ردا هێشتا تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی كاریگه‌ره له‌سه‌ر خودی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی و مرۆڤایه‌تی.
دیاره ئامانجی سه‌ره‌كی له جه‌نگی داگیركاری ئه‌مه‌ریكا دژی ئه‌فغانستان كۆتایی هاتنی ده‌سه‌ڵاتی تاڵیبان و دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی نزیك له‌واشنتۆن بووه، به‌ڵام كێشه‌ی سه‌ره‌كی ئه‌مه‌ریكا له ئێستادا ئه‌وه‌یه‌كه حكومه‌تی كابوڵ زۆر لاوازه و به‌بێ هاریكاری ده‌ره‌كی توانای به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی بارودۆخی سیاسی و ئه‌منی ئه‌و وڵاته‌ی نییه(20). له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردووی جه‌نگدا، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان و ڕێكخراوی قاعیده به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه بوون بۆ سه‌رحكومه‌تی كابوڵ. ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی ناوچه‌كانی ئه‌م وڵاته له‌ده‌ره‌وه‌ی ئیراادهی حكومه‌تی كابوڵه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، حكومه‌ت توانای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه سنووریه‌كانی زۆر كه‌مه. پاشان بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان هه‌ركات خواستی له‌سه‌ربووبێت هه‌ڕه‌شه و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی خۆی ئه‌نجامداوه. ده‌وڵه‌تی نوێی ئه‌فغانستان كه دروستكراوی ده‌ستی ئه‌مه‌ریكایه، هاوشێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق، زۆر لاوازه له‌ڕووی ئه‌منیه‌وه. حكومه‌ت لاوازه له‌به‌ڕێوه‌بردن و پاراستنی یه‌كپارچه‌یی خاك و سنووری وڵاته‌كه. عێراق و ئه‌فغانستان ئه‌و دوو وڵاته‌ن كه واشنتۆن به‌بیانوی پشتیوانی كردنیان له تیرۆر ڕژێمه‌كانی پێشووتریانی ڕووخاندووه، له‌به‌رامبه‌ردا، ڕژێمێكی نوێی بۆ دامه‌زراندون كه تا ئێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌پارێزگاریكردن له هاوڵاتیانی خۆیان.
ئه‌گه‌رچی له‌سه‌ره‌تادا، جه‌نگه‌كه پشتیوانی ناوخۆیی زۆری هه‌بوو، به‌ڵام به‌تێپه‌ڕینی كات ئه‌و پشتیوانیه ڕێژه‌كه‌ی دابه‌زی، به‌تایبه‌ت كه ده‌رئه‌نجامه‌كانی جه‌نگه‌كه بۆ تاكی ئه‌مه‌ریكی ئومێدبه‌خش نه‌بوون، له‌به‌رامبه‌ردا قوربانیه‌كان، زیانه مادی و گیانیه‌كان له‌هه‌ڵكشاندان بوون. ته‌نانه‌ت سه‌ركرده ئه‌مه‌ریكیه‌كان و كاربه‌ده‌ستانی كۆشكی سپی چه‌ند جارێك ئاماژیهنداوه به بێهیوابوونیان له سه‌ركرده ئه‌فغانیه‌كان نه‌شاردوه‌ته‌وه(21). له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌كاریگه‌ری په‌خشی كه‌ناڵه بینراوه جیهانیه‌كان، سایت و هۆكاره‌كانی په‌یوه‌ندی و ڕۆڵی ئه‌م ده‌زگا میدیایانه له ده‌رخستنی زۆر وێنه‌ی شاراوه له مه‌یدانه‌كانی جه‌نگ، سوپای ئه‌مه‌ریكا وێنه‌یه‌كی نائۆمێدكهری پیشانی جیهاندا، هه‌ر له‌خراپ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی، تاكو به‌ندكراوه ئه‌فغانیه‌كان له‌ڕووی پێشێلكردنی مافه‌كانیانه‌وه(22).
ته‌وه‌ره‌ی دووه‌م: پاش زیاتر له 19 ساڵ
جه‌نگ، هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ تاڵیباندا
له‌ڕاستیدا، دانوستان و گفتوگۆی نێوان ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له 2018 ده‌ستی پێكردبوو. دانیشتنه‌كان نزیكه‌ی هه‌شت خول
به‌رده‌وامیان هه‌بوو. به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ، ساڵی 2019 دۆناڵد تڕه‌مپی سه‌رۆكی
ئه‌مه‌ریكا دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی تاڵیبان هه‌ڵپه‌سارد به‌هۆی كوشتنی سه‌ربازێكی
ئه‌مه‌ریكیه‌وه له ئه‌فغانستان، ته‌نانه‌ت سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا پلانی كۆبونه‌وه‌یه‌كی
نهێنی له كامپ ده‌یڤید له‌گه‌ڵ تاڵیبان و سه‌رۆكی ئه‌فغانستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه،
كه‌وا بڕیاربوو له‌وێدا بگه‌نه كۆتایی ڕێكکهوتنهكهیان(23). دوابه‌دوای هه‌ڵپه‌ساردنی گفتوگۆكان، بزووتنەوەی
تاڵیبان هێرش و په‌لاماره‌كانی توندتر كرد. چاره‌كی كۆتایی ساڵی 2019 بهخوێناویترینی
مانگه‌كانی ئه‌فغانستان ههژماكرا له‌وكاته‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2001 ئه‌و وڵاته‌ی
داگیركردوه. له‌میانه‌ی لێدوانێكیدا بۆ كه‌ناڵی ئه‌لجه‌زیره، ووته‌بێژی تاڵیبان "زه‌بیحوڵا
موجاهید" ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی ئه‌گه‌ر واشنتۆن له‌دانوستان و گفتوگۆكان بكشێته‌وه
په‌شیمان ده‌بێته‌وه(24). به‌ڵام، له 29ی شوباتی 2020 ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له ده‌وحه‌ی
پایته‌ختی قه‌ته‌ر ڕێكکهوتنیان ئیمزاكرد به ئامانجی كۆتایی هێنان به نۆزده ساڵ
جه‌نگ و داگیركاری له ئه‌فغانستان. به‌گوێره‌ی ڕێكکه‌وتنه‌كه سوپای ئه‌مه‌ریكا
پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ماوه‌ی چوارده مانگدا ده‌ست پێده‌كات،
هه‌روه‌ها تاڵیبان و حكومه‌تی ئه‌فغانستان (كه به‌شێك نه‌بوو له‌م ڕێكکه‌وتنه)
ڕاسته‌وخۆ ده‌كه‌ونه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا. ڕێكکه‌وتنه‌كه بزووتنه‌وه‌ی
تاڵیبانی په‌یوه‌ست كردووه به وه‌ستاندنی هێرشه تیرۆریستییه‌كانی دژی حكومه‌تی
كابوڵ وهه‌روه‌ها وه‌ستاندنی پشتیوانیه‌كانی بۆ ڕێكخراوی قاعیده و ڕێكخراوی
تیرۆریستی داعش(25).هه‌رچه‌نده، بڕیاربوو ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان پرۆسه‌ی گۆڕینه‌وه‌ی
به‌ندكراوه‌كان بخه‌ته پێش دانوستانه‌كانی نێوان تاڵیبان و حكومه‌تی ئه‌فغانستان.
سه‌ره‌تا "ئه‌شره‌ف غه‌نی" سه‌رۆكی ئه‌فغانستان به ڕێكکه‌وتنه‌كه رازی
نه‌بوو، به‌ڵام پاش ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕی له‌سه‌ر ڕێكکه‌وتنه‌كه، ئه‌فغانستان
ڕازی بوو له‌سه‌ر ئازادكردنی 1500 چه‌كداری تاڵیبان به‌شێوه‌ی 100 چه‌كداری ڕۆژانه.
له ناوه‌ڕاستی مانگی سێ‌دا غه‌نی بڕیاری ده‌ركرد به ئازادكردنی 3500 چه‌كداری
دیكه‌ی تاڵیبان له‌ماوه‌ی دوو هه‌فته‌دا. تاڵیبان ئه‌م جۆره مامه‌ڵه‌یه‌ی ڕه‌تكرده‌وه
و رایگه‌یاند كه دانوستانه‌كان به‌رده‌وام نابن تا ئه‌وكاته‌ی كه ته‌واوی 5000
چه‌كداری تاڵیبان ئازاد نه‌كرێن هه‌روه‌ك لهڕێكکهوتنهكهیان له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئهمهریكیدا
هاتووه(26).
دواجار، ڕێكکه‌وتنه‌كه به‌سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا "مایك
پۆمپیۆ" و به‌ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا زه‌ڵمای
خه‌لیل زاد، لایه‌نی بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانیش "عه‌بدول غه‌نی براده‌ر" وه‌ك
سه‌رۆكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنەوەكه و هه‌روه‌ها به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی به‌رگری
و ده‌ره‌وه‌ی قه‌ته‌ڕ و له ده‌وحه‌ی پایته‌خت به‌شداربوون تیایدا، ئه‌نجامدرا. له‌كاتی
ڕاگه‌یاندنی ڕێكکه‌وتنه‌كه، مایك پۆمپیۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مه‌ریكا به‌ئاشكرا دوو داواكاری سه‌ره‌كی
ئاڕاسته‌ی بزووتنەوەی تاڵیبان كرد به وه‌ستاندی هێرشه تیۆریستیهكان و هه‌روه‌ها
پشتیوانی نه‌كردنی ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌كانی دیكه‌ی هاوشێوه‌ی قاعیده و داعش.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، بزووتنەوەی تاڵیبان داوای له لایه‌نی ئه‌مه‌ریكی كرد به‌وه‌ی
كه به‌ڵێنه‌كانی جێبه‌جێ بكات و سوپاكه‌ی له وڵاتی ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه(27). سه‌باره‌ت به ناوه‌ڕۆكی ڕێكکه‌وتنی نێوان ویلایەته
یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان، لێره‌دا به‌چه‌ند خاڵێك
ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌ین: (28)
ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێزه هاوپه‌یمانه‌كانی و هه‌موو ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی كه ناونیشانی دیپلۆماسیان نییه، ئاسایشه تایبه‌ته‌كان و به‌ڵێنده‌ر و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ی له‌چوارچێوه‌ی كاری هاریكاری ڕوویان له ئه‌فغانستان كردووه پێویسته بچنه ده‌ره‌وه‌ی خاكی ئه‌فغانستان له‌ماوه‌ی چوارده مانگدا به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی كه بزووتنەوەی تاڵیبان پابه‌ندبێت به ڕێكکهوتنهكهوه.
به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ژماره‌ی سوپاكه‌ی بۆ 8600 سه‌رباز كه‌م ده‌كاته‌وه له‌ماوه‌ی 135 ڕۆژدا له به‌رواری ئیمزاكردنی ڕێكکهوتنهكهوه. به‌هه‌مان شێوه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌موو سوپاكه‌یان له پێنج بنكه‌ی سه‌ربازی ده‌كشێننه‌وه، هاوكات ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له‌ماوه‌ی نۆ مانگ و نیودا ده‌ست ده‌كه‌ن به‌كشانه‌وه‌ی هه‌ر هێزێكیان كه له‌ئه‌فغانستان ماوه‌ته‌وه.
ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌م ڕێكکه‌وتنه كارده‌كات به‌ئامانجی به‌ردانی زیندانیه سیاسیه‌كان كه ژماره‌یان نزیكه‌ی 5000 هه‌زار زیندانی سه‌ر به بزووتنەوەی تاڵیبانن، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی پردی په‌یوه‌ندی له‌نێوان لایه‌نه‌كان و سه‌رخستنی ڕێكکه‌وتنه‌كه.
بزووتنەوەی تاڵیبان ده‌ست ده‌كات به پرۆسه‌ی گفتوگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه ئه‌فغانییه‌كانی دیكه‌دا له‌پێناو به‌دیهێنانی دۆخێكی باشتری سیاسی و ئاسایشی ناوخۆیی له‌و وڵاته‌دا.
واژۆكردنی ڕێكکه‌وتن له‌نێوان به‌هێزترین وڵاتی جیهان له‌گه‌ڵ گرووپێكی چه‌كداری
توندڕه‌و، ئه‌نجامدانی پرۆسه‌كه‌ش له‌وڵاتی سێهه‌م و به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی نیشانه‌ی
گۆڕانكاری بنچینه‌ییه له ڕۆڵ و كاریگه‌ری كاره‌كته‌ره نادەوڵەتییەكانه له‌نمونه‌ی
ڕێكخراوه چه‌كداریه توندڕه‌وه‌كانی هاوشێوه‌ی تاڵیبان له په‌یوه‌ندیه نێودەوڵەتییەكاندا.
ئه‌وه بۆیه‌كه‌مجاره كارمه‌ندێكی باڵای ئه‌مه‌ریكی ڕێكکه‌وتنێكی فه‌رمی ئیمزا ده‌كات
له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری گرووپێكی توندڕه‌وی نایاسایی وه‌كو تاڵیبان. له‌ڕاستیدا، ئه‌مه‌ریكا
له‌م دۆخه‌یدا هاوشێوه‌ی یه‌كێتی سۆڤێت دێته پێشچاو، كاتێك مۆسكۆ به‌ناچاری و به‌بێ
ده‌ستكه‌وتی گه‌وره له ئه‌فغانستان كشایه‌وه، پاش قوربانیدانێكی زۆری گیانی و
دارایی. ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش تاڕاده‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر هه‌مان
هێڵ هه‌نگاوده‌نێت به‌هه‌ندێك جیاوازیه‌وه. ئه‌گه‌رچی زیانه گیانیه‌كان له‌ڕیزی
سوپای ئه‌مه‌ریكا هاوشێوه‌ی سوپای سۆڤێت نییه، به‌ڵام زیانه ئابووری و داراییه‌كانی
جه‌نگی ئه‌فغانستان له‌سه‌ر ئه‌مه‌ریكا زۆر گه‌وره‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌یه، بۆ زیاتر
له سێ خولی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م وڵاته، بابه‌تی جه‌نگی ئه‌فغانستان و
شێوازی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی تیرۆر و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی جه‌نگی تیرۆر له ئه‌فغانستان
یه‌كێك بووه له بابه‌ته‌كانی نێو ململانێی هه‌ڵبژاردن له ئه‌مه‌ریكا.
ده‌ره‌نجام
توێژینه‌وه له نزیكه‌ی 19 ساڵ جه‌نگی ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه
بۆ توێژه‌رانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا كارێكی ئاسان نییه، به‌تایبه‌ت بۆ توێژه‌ری
كورد كه زۆر كه‌م ده‌توانێت ده‌ستی بگات به‌سه‌رچاوه‌ی یه‌كه‌م. به‌ڵام له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌شدا، له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵێكی زۆر دراوه بۆبه‌ده‌ستهێنانی سه‌رچاوه‌ی
زانستی و بڕواپێكراو له‌پێناو شیكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌یان و ده‌رهێنانی
گرنگترین مه‌به‌سته‌كان. له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا،
توێژه‌ر پاش شیكردنه‌وه‌ی داتا و زانیاریه‌كان له‌باره‌ی بابه‌تی سه‌ره‌كی توێژینه‌كه‌وه
كه بریتییه له ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی وڵاتان، پاشان وه‌رگرتنی كه‌یسی جه‌نگی
دژ به ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه، گه‌یشتوه‌ته ئه‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی كه
ئه‌زموونی ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له شه‌ڕی دژ به تاڵیبان له ئه‌فغانستان
له‌ڕووی سیاسی، سه‌ربازی، ئه‌منی و ئابووریه‌وه تاڕاده‌یه‌كی زۆر هاوشێوه‌ی ئه‌زموونی
یه‌كێتی سۆڤێتی پێشووه كه بۆماوه‌ی ده ساڵ خاكی ئه‌فغانستانی داگیركرد كه
دواجار به‌بێ ده‌سكه‌وتی گه‌وره پاشه‌كشه‌ی كرد. نۆزده ساڵه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی
له‌ناتۆ له ئه‌فغانستان بوونیان هه‌یه، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌فغانی له‌هه‌ركات
زیاتر لاوازتره. له‌ڕووی ئاسایشه‌وه، ناوچه‌یه‌كی زۆر له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه‌كانی
بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبانه، ڵهڕووی ئابووریه‌وه، ئه‌فغانستان هاوكاری ده‌ره‌كی نه‌بێت
ناتوانێت به‌رده‌وام بێت. له‌كۆتاییدا، واده‌رده‌كه‌وێت ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ڕاستیه‌ی بۆ ده‌ركه‌وتبێت كه باشترین ڕێگه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ
جه‌نگی دژ به تیرۆر، گفتوگۆ و دانوستانه له‌گه‌ڵ ئه‌و گرووپه‌ی كه ساڵانێكی
زۆره پاڵپشتیكه‌ری تیرۆره له ئه‌فغانستان. دانوستان و پاشان ڕێكکه‌وتن له‌گه‌ڵ بزووتنەوەی
تاڵیبان به‌چاودێری ڕاسته‌وخۆی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌و تێگه‌یشتنه
پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه‌وا ئه‌مه‌ریكا پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆوه بینیوه
له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌یدا، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌مێكدا كه هێزی دیكه بوونه‌ته
ڕكابه‌ری ئه‌مه‌ریكا له‌نمونه‌ی چین و ڕووسیا كه له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی،
دیپلۆماسی، ئابووری پێشهوهچوونێكی باشیان بڕیوه له په‌یوه‌ندیه دوو قۆڵیه‌كانی
نێوانیاندا. ئه‌م لێكنزیكبوونه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا و پێگه جیهانیه‌كه‌ی بووه‌ته له‌مپه‌ر و ئاسته‌نگ. زیانه دارایی و
ئابووریه‌كانی جه‌نگی ئه‌فغانستانیش هێنده‌ی دیكه پاشه‌كشه‌ی به ویلایەته یه‌كگرتووه‌كانی
ئه‌مه‌ریكا كردووه له سیاسه‌ته ده‌ستوه‌ردانه ڕاستهوخۆكانیدا، به‌تایبه‌ت ده‌ستوه‌ردانه
سه‌ربازییه‌كانی.
سه‌رچاوه‌كان
Pearson, F. (1974).
Geographic Proximity and Foreign Military Intervention. The Journal of
Conflict Resolution, 18(3), 432-460. Retrieved December 4, 2020, from
http://www.jstor.org/stable/173479
Pearson, F. (1974). Foreign
Military Interventions and Domestic Disputes. International Studies
Quarterly, 18(3), 259-290. doi:10.2307/2600156
Peksen, D. (2012). Does
Foreign Military Intervention Help Human Rights? Political Research
Quarterly, 65(3), 558-571. Retrieved December 4, 2020, from http://www.jstor.org/stable/41635255
Pickering, J., &
Kisangani, E. (2014). Foreign military intervention and post-colonial
state-building: An actor-centric analysis. Conflict Management and Peace
Science, 31(3), 244-264. Retrieved December 4, 2020, from http://www.jstor.org/stable/26271362
محجوب الزويري، سوريا والتدخل العسكري الإيراني، متوفرة على: https://www.al-watan.com/Writer/id/803
Markus Nikolas
Heinrich,(2015), One War, Many Reasons: The US Invasion of Iraq, available
at: https://www.e-ir.info/2015/03/09/one-war-many-reasons-the-us-invasion-of-iraq/
Fred Dews & Jane Miller,
(2019), On fifth anniversary of Global Coalition to Defeat ISIS, former
leaders reflect on successes and future challenges, available at: https://www.brookings.edu/blog/brookings-now/2019/09/16/on-fifth-anniversary-of-global-coalition-to-defeat-isis-former-leaders-reflect-on-successes-and-future-challenges/
Mark Kramer, (2020), Why Did
Russia Give Away Crimea Sixty Years Ago?, available at: https://www.wilsoncenter.org/publication/why-did-russia-give-away-crimea-sixty-years-ago
Zia Weisi, (2019), Turkey’s
invasion of Syria explained: What is Ankara trying to achieve? And could
NATO be dragged into the conflict?, available at: https://www.politico.eu/article/8-questions-about-turkeys-incursion-into-syria-answered/
Jeffrey Feltman, (2020),
Debating UN peacekeeping in Lebanon, available at: https://www.brookings.edu/blog/order-from-chaos/2020/06/15/debating-un-peacekeeping-in-lebanon/
Azhar Javed Siddiqui&
Khalid Manzoor Butt , (2014), Afghanistan-Soviet Relations during the Cold
War: A Threat for South Asian Peace, available at: https://www.researchgate.net/publication/307907017_Afghanistan-Soviet_Relations_during_the_Cold_War_A_Threat_for_South_Asian_Peace/stats
Walter L. Perry and David
Kassing, Toppling the Taliban: Air-Ground Operations in Afghanistan,
October 2001–June 2002 (Santa Monica, CA: RAND, 2015),
The World Next Week, (2020),
U.S.-Taliban Peace Talks, Trump’s India Trip, and More, available at: https://www.cfr.org/podcasts/us-taliban-peace-talks-trumps-india-trip-and-more
Richard L. Armitage, Samuel
R. Berger, Chairs & Daniel S. Markey, (),U.S. Strategy for Pakistan
and Afghanistan, Council on Foreign Relations, available at: file:///C:/Users/KARWAN%20SHOW/Downloads/Pakistan_Afghanistan_TFR65.pdf
Joseph E. Fallon, (2013), U.S. Geopolitics:
Afghanistan and the Containment of China, available at: https://smallwarsjournal.com/jrnl/art/us-geopolitics-afghanistan-and-the-containment-of-china
Scott Neuman, (2018), Top U.S. Commander In
Afghanistan Accuses Russia Of Aiding Taliban, available at: https://www.npr.org/sections/thetwo-way/2018/03/26/596933077/top-u-s-commander-in-afghanistan-accuses-russia-of-aiding-taliban
Zulfiqar Ali, (2019), amza
Bin Laden: Is al-Qaeda still a threat?, available at: https://www.bbc.com/news/world-asia-48056433
Causalities,(2009),
Operation Enduring Freedom, available at:
https://wayback.archive-it.org/all/20091109203545/http://www.icasualties.org/OEF/index.aspx
SARAH ALMUKHTAR and ROD
NORDLAND, (2019), What Did the U.S. Get for $2 Trillion in Afghanistan?,
available at: https://www.nytimes.com/interactive/2019/12/09/world/middleeast/afghanistan-war-cost.html
Eric V. Larson& Bogdan
Savych, (2007), Title: Operation Enduring Freedom (Afghanistan,
2001–), RAND Corporation, available
at: https://www.jstor.org/stable/10.7249/mg441af.12
Max Fisher, (2016), 15 Years Into Afghan
War, Americans Would Rather Not Talk About It, available at: https://www.nytimes.com/2016/09/21/world/asia/afghanistan-war-15-years-americans.html
Hrw, (2004), Enduring
Freedom: Abuses by U.S. Forces in Afghanistan, available at:
https://www.hrw.org/report/2004/03/07/enduring-freedom/abuses-us-forces-afghanistan
Abdul Qadir Sediqi, Doina
Chiacu, (2019), More Americans will die after Trump abruptly ends Afghan
talks, Taliban say, available at: https://www.reuters.com/article/us-usa-afghanistan-idUSKCN1VT05L
Alia Chughtai, Shereena
Qazi, (2020), US war in Afghanistan: From 2001 invasion to 2020 agreement,
available at: https://www.aljazeera.com/indepth/interactive/2020/02/war-afghanistan-2001-invasion-2020-taliban-deal-200229142658305.html
US- Taliban Peace Talk,
(2020), Why is there a war in Afghanistan? The short, medium and long
story, available at: https://www.bbc.com/news/topics/cl7zq5566d7t/us-taliban-peace-talks
Emma Graham-Harrison, Dan
Sabbagh, Akhtar Mohammad Makoii & Julian Borger, (2020), US and
Taliban sign deal to withdraw American troops from Afghanistan, available
at: https://www.theguardian.com/world/2020/feb/29/us-taliban-sign-peace-agreement-afghanistan-war
Jennifer Hansler, (2020), US
and Taliban sign historic agreement, available at: https://edition.cnn.com/2020/02/29/politics/us-taliban-deal-signing/index.html
The Nation, (2020), Full
Text of US-Taliban Peace Agreement, available at:
https://nation.com.pk/01-Mar-2020/full-text-of-us-taliban-peace-agreement