تیرۆرى سپى: ڕووى مه‌ترسیدارى توندوتیژى

31/07/2021

ئه‌مه‌ل موختار

وه‌رگێڕانى: دكتۆر فوئاد عه‌لى
سه‌رچاوه‌: مركز الأهرام للدراسات السياسية والاستراتيجية

پێشه‌كى
له‌ ئێستادا وڵاتانى ڕۆژئاوا تووشى جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ئه‌منى مه‌ترسیدار بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ "تیرۆرى سپى" ناسراوه‌ و له‌ نێو خاك و شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریى وڵاتى خۆیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌، ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ تیرۆریستیانه‌ چه‌ندین قوربانى لێكه‌وتووەته‌وه‌، ئه‌و وڵاتانه‌ بۆ ساڵانێكى دوورودرێژ تێچوویه‌كى زۆرى دارایى و توانا و كاتیان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى "تیرۆرى ئیسلامى" سه‌رفکردووە‌ و له ‌ده‌ره‌وه‌ى سنووره‌كانیان شه‌ڕیان كردوون، به‌ڵام له‌ ئێستا و قۆناغه‌كانى داهاتوودا ڕۆژئاواییه‌كان له‌نێو وڵاته‌كانى خۆیاندا ڕووبه‌ڕووى لادان و شه‌ڕانگێزى و توندڕه‌وى گه‌نجه‌ ئه‌وروپییه‌ موسوڵمانه‌كان بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ شوێنى له‌دایكبوونیان و ژیان و په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ڕۆشنبیریان ئه‌وروپا بووه‌ و ئێستاش هاوڵاتى ئه‌وروپى و ڕۆژئاوایین.
هه‌رچه‌نده‌ ڕۆژئاواییه‌كان له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆرى ناوخۆدا دره‌نگ كه‌وتن و له‌ ناونانى ئه‌و جۆره‌ توندوتیژییه‌ به‌ هه‌ڵه‌دا چوون، چونكه‌ به‌ فۆبیا ناساندیانن و چه‌مكى "ئیسلامۆفۆبیا" واته‌ ترس له‌ ئیسلامیان به‌كارهێنا.
له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ له‌ نێوخۆى وڵاتانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاواوه‌ ده‌ستیپێکردووە‌ بریتییه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و بڵاوكردنه‌وه‌ى گوتارى ڕق و كینه‌ و توندڕه‌وى دژى چه‌ندین نه‌ژاد و ڕه‌گه‌زى جیاوازى وه‌ك جولەکە و موسوڵمان و سیخ و ڕه‌شپێست و جوڵانه‌وه‌ى ژنان و ئاسیاییه‌كان....هتد لاى ڕۆژئاواییه‌كان و له‌ ئێستادا ئه‌م گوتاره‌ به‌هۆى تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ زیادبووندایه‌. ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌وییه‌ بووەته‌ هۆى كوشتن و تیرۆركردنى چه‌ندین كه‌سى مه‌ده‌نى له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مەریكاى باكوور، واته‌ كوشتن به‌هۆى شوناسه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر دیارده‌ى "تیرۆرى سپى" ده‌كات و لایه‌نه‌ هزرییه‌كانى ده‌رده‌خات و نه‌خشه‌ى ئه‌و گرووپ و ڕێكخراوه‌ تیرۆریستیانه‌ دیاریده‌كات و پلانه‌كانیان ڕوونده‌كاته‌وه‌.

چوارچێوه‌ دیاریكراوه‌كانى هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆرى سپى
1- جیاكارى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌گه‌زپه‌رستى
هه‌ردوو گرووپى ڕاستڕه‌وى توندڕه‌و و گرووپى ئیسلامى توندڕه‌و هه‌ردووكیان له‌ كرده‌وه‌ى توندوتیژیدا هاوبه‌شن، له‌ هه‌مانكاتدا هه‌ردووكیان یه‌كتر ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ردوولا توندوتیژى به‌رانبه‌ر به ‌یه‌كتر به‌كارده‌هێنن و زۆرجار ململانێكانیان ده‌گاته‌ لوتكه‌ و پاكتاوكردنى یه‌كترى، لێره‌دا ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان بۆ پاكتاوكردنى ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان تیرۆرى سپى ده‌گرنه‌به‌ر كه ‌له‌سه‌ر بنچینه‌ى "ڕه‌گه‌زپه‌رستى" سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، به‌ڵام ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان "ئیمان" بووەته‌ سه‌رچاوه‌ى كاره‌ تیرۆریستییه‌كانیان.
2- بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕق و كینه‌ و ڕه‌تكردنه‌وه‌
ده‌سته‌ى شاره‌زایانى بێلایه‌نى سه‌ربه‌ ئه‌نجومه‌نى ئه‌وروپا بۆ قه‌ڵاچۆكردنى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و توندڕه‌وى له‌ ڕاپۆرتى ساڵانه‌ى 2019دا كه‌ له‌ 7 شوبات 2020 بڵاوكرایه‌وه‌، ئاماژه‌ به‌ جیاكارى و گوتارى ڕه‌تكردنه‌وه‌ و ڕق و كینه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا به‌رانبه‌ر به‌ خه‌ڵكانى بێگانه‌ ده‌كات، به‌ تایبه‌تى موسوڵمان و جولەکە و غه‌جه‌ر و ڕه‌شپێست.
3- لێهاتوویى له‌ په‌یوه‌ندیكردن و زماندا
زۆرینه‌ى هه‌وادارانى تیرۆرى سپى تواناى به‌كارهێنانى زمانى ئینگلیزى و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیاى په‌یوه‌ندیكردنیان هه‌یه‌ و وه‌ك ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ ئیسلامییه‌كان له‌ ڕێگاى زمان و ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ په‌یوه‌ندى هزرى و ڕێكخراوه‌ییان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.
4-     په‌یوه‌ندیكردنیان به‌هه‌ندێك له‌ قه‌واره‌ سیاسییه‌ فه‌رمییه‌كانه‌وه‌
واقیعى دیمه‌نى سیاسى ئه‌وروپا ئه‌وه‌ نیشانده‌دات كه‌وا هه‌ندێك پارت و قه‌واره‌ى سیاسى فه‌رمى هه‌ن كه‌ بیروبۆچوونى ڕاستڕه‌وى توندڕه‌ویان هه‌ڵگرتووه‌ و ناوه‌ڕۆكى گوتاره‌ ئاشكراكانیان توندڕه‌وانه‌یه‌، به‌ تایبه‌تى له‌كاتى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا گوتارێكى نه‌ته‌وه‌یى توندڕه‌ویان هه‌یه‌ كه‌ دژ به‌ خه‌ڵكى بێگانه‌ن، به‌پێى ڕاپۆرته‌ ئه‌منییه‌كان به‌شێك له‌و گرووپه‌ توندڕه‌وانه‌ى كه‌ كارى تیرۆرى سپى ئه‌نجام ده‌ده‌ن، په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانى ئه‌و پارته‌ ڕاستڕه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌.
5- ئاسان ده‌ستكه‌وتنى هاوكارى دارایى
ئه‌و ژینگه‌یه‌ى كه‌ ئه‌و گرووپ و ڕێكخراوه‌ توندڕه‌وانه‌ى تیرۆرى سپى هه‌یانه‌ زۆر گونجاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ئاسانى ده‌ستیان بگاته‌ سه‌رچاوه‌كانى دارایی‌، به‌ تایبه‌تى له‌ ڕێگاى ڕێكخراوه‌ خۆبه‌خشه‌كانى وڵاتانى ڕۆژئاواوه‌.
6- كاركردن له‌ ژینگه‌یه‌كى ئارام و دوور له‌ ڕاوه‌دونانى ئه‌منى و یاسایى
ماوه‌ى دوو ده‌یه‌ زیاتره‌، دامه‌زراوه‌ ئه‌منى و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ و حكومه‌ته‌كانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا سه‌رقاڵى ڕاوه‌دونانى گرووپه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆریسته‌كانن، بۆیه‌ به‌رانبه‌ر به‌وه‌ گرووپه‌كانى تیرۆرى سپى به‌هانه‌ و ژینگه‌یه‌كى گونجاوى دوور له‌ مه‌ترسیان بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌رکردووە‌ تا زیاتر بیرى ڕه‌گه‌زپه‌رستیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و كارى تیرۆریستى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، به‌وشێوه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ دواڕۆژدا مه‌ترسى و داهاتووى ئه‌و گرووپ و ڕێكخراوانه‌ى تیرۆرى سپى زۆر له‌ گرووپه‌ ئیسلامییه‌ تیرۆریسته‌كان مه‌ترسیدارتر بن.

بنه‌ما هزرییه‌كانى تیرۆرى سپى
1- بنه‌ماى خۆبه‌ گه‌وره‌ زانین
ئه‌م خۆبه‌گه‌وره‌یى زانینه‌ بووەته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر كاره‌ تیرۆریستییه‌ سپییه‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن، ئه‌م بنه‌مایه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ كۆچكردن و ڕێكخراوه‌كانى تایبه‌ت به‌و بابه‌ته‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا وایکردووە‌ ڕێژه‌ى له‌دایكبوونی دانیشتوانى سپى پێست كه‌م بكاته‌وه‌ و ژماره‌ى خێزان و ڕه‌گه‌زه‌كانی تر زیاد بكات، ئه‌مه‌ش بۆته‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆسه‌ر دانیشتوانى ڕه‌سه‌نى ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا و ئوسترالیا، له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌یان پارت و گرووپ و ته‌نانه‌ت نووسه‌ر و میدیاكار و ناوه‌نده‌كانى توێژینه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا پشتیوانى له‌م مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن.
2- باڵاده‌ستى ڕه‌گه‌زى سپى
ئه‌م بۆچونه‌ بڕواى به‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌ك ڕه‌گه‌زى ئه‌وروپى هه‌یه‌ ئه‌ویش بنچینه‌كه‌ى سپییه‌ و تاكه‌ ڕه‌گه‌زه‌ بتوانێت داهێنان بكات و خاوه‌نى شارستانیه‌تى مرۆڤه‌ و ڕه‌وایه‌تى به‌ ئه‌وروپییه‌كان ده‌دات كه‌ باڵاده‌ستبن تا بتوانرێت یارمه‌تى ڕه‌گه‌زه‌كانی تر بدات پێشبكه‌ون، ئه‌م بۆچوونه‌ دژ به‌ مافه‌كانى مرۆڤن كه‌ وڵاتانى ئه‌وروپا له‌ پاش شه‌ڕى جیهانى دووه‌م كردیان به‌ بنه‌ما بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات.
3- په‌یوه‌ستبوونى ڕه‌گه‌زپه‌رستى له‌گه‌ڵ مه‌سیحیه‌تدا
لێره‌دا واده‌كات ڕه‌گه‌زپه‌رستى زۆر توندڕه‌و و ئاڵۆسكاو بێت، ئه‌م گوتاره‌ له‌ مانیفێستى تیرۆرى سپیدا به‌ ئاشكرا هاتووه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ گوتارى بكوژه‌ نیوزله‌ندییه‌ مه‌سیحییه‌كه‌ كه‌ 80 لاپه‌ڕه‌ى له‌و گوتاره‌ توندڕه‌وانه‌ به‌ ناوى مه‌سیحیه‌ته‌وه‌ له‌ تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێتدا بڵاوكردۆته‌وه‌.
4- خێرایى و ئاژاوه‌نانه‌وه‌
رینالدۆ نازارۆ سه‌رۆكى جوڵانه‌وه‌ى" زه‌ به‌یس"ى تیرۆریستى ده‌ڵێت: "پێویسته‌ خێرابكه‌ین و بارودۆخه‌كه‌ له‌ ئه‌مەریكا زیاتر بشێوێنین تا یاسا و سیستم تێكبچێت و ئێمه‌ باشتر بتوانین دۆخه‌ تێكبده‌ین"، هه‌روه‌ها جیمس ماسۆن خاوه‌نى بیرى خێرا باس له‌وه‌ ده‌كات ده‌بێت خێرابكه‌ین له‌ تێكدانى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ تا سپى پێسته‌كان به‌سه‌ر جیهاندا زاڵببنه‌وه‌، به‌مشێوه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌كانى ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا بڕوایان به‌ دیموكراتیه‌ت و مافه‌كانى مرۆڤ نییه‌ و ته‌نانه‌ت به‌كارهێنانى چه‌كى ئه‌تۆمى بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زپه‌رستى به‌ ڕه‌وا ده‌بینن تا كۆمه‌ڵێكى سپى پێستى نموونە‌یى دابمه‌زرێننه‌وه‌.
5- تیۆرى پیلانگێڕى
زۆربه‌ى لایه‌نگرانى ڕاستڕه‌و و تیۆرى زاڵبوونى سپی پێست بڕوایان وایه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زى سپى ڕووبه‌ڕووى پیلانێكى جیهانى بووەته‌وه‌، ئه‌م باوه‌ڕه‌ له‌ لایه‌ن یوتوبه‌رى توندڕه‌وى سپی پێست كۆڵن ڕووبه‌رتسۆن بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، گوایه‌ سپى پێسته‌كان پیلانى قڕكردنى به‌كۆمه‌ڵیان له‌سه‌ره‌، به‌هانه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ كۆچى ملیۆنى ڕه‌نگه‌كانی تر مه‌ترسییه‌ گه‌وره‌كه‌یه‌ له‌سه‌ریان، ئه‌مه‌ش لایه‌نى ده‌ره‌كى و ناوخۆیى به‌رپرسیارێتی ئه‌و پیلانه‌ هه‌ڵده‌گرن، هه‌مان بابه‌ت له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانه‌وه‌ له‌ وڵاتانى ئیسلامى بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت، گوایه‌ ڕۆژئاواییه‌كان سه‌رقاڵى پلانگێڕین دژ به‌ كۆمه‌ڵگا موسوڵمانه‌كان و داگیركارییه‌كى ڕۆشنبیریى ده‌ستیپێکردووە‌.
6- دژایه‌تیكردنى ژنان و ڕێكخراوه‌كانیان
له‌ یه‌كێك له‌ گرته‌ ڤیدیۆییه‌كاندا كه‌ ئه‌نجامده‌رى هێرشى هاله‌ى تیرۆریستى له‌ ئۆكتۆبه‌رى 2019دا ئه‌نجامیدا و پێش هێرشه‌كه‌ى ده‌ڵێت: "ژنان به‌رپرسن له‌ دابه‌زینى ڕێژه‌ى له‌دایكبوون له‌ ڕۆژئاوادا و ئه‌وان هۆكارن بۆ ئه‌و كۆچه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ى كه‌ بۆ وڵاته‌كانیان دێن و جولەکە له‌پشت ئه‌و بابه‌ته‌وه‌یه‌".
تیرۆریسته‌ سپى پێسته‌كان و ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ گوتاره‌كانیاندا بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژنان ده‌كه‌ن بۆ ماڵه‌وه‌ و وه‌ك جاران سه‌رقاڵى ماڵ و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ بن، ئه‌وه‌ى جێگاى سه‌رنجه‌ ئه‌م بانگه‌وازه‌ زۆرینه‌ى پیاوانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاواییه‌كان ته‌به‌نى ده‌كه‌ن دوور له‌وه‌ى كه‌ بیرێكى ڕه‌گه‌زپه‌رستیشیان هه‌بێت، چونكه‌ بارودۆخى كۆمه‌ڵایه‌تى پیاوانى ڕۆژئاوا له‌ دۆخێكى ناجێگیردایه‌، ته‌نانه‌ت زۆر له‌ كچان و كوڕانى گه‌نج بۆ خۆشگوزه‌رانى داهاتووى هاوسه‌رگیرى و خێزانه‌كانیان دژى ژنانى ڕادیكاڵن و به‌ هیواى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژنانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاوان بۆ دۆخى سه‌رده‌مى تڕادیشناڵى.

نه‌خشه‌ى ئاڵۆسكاوى تیرۆرى سپى
تیرۆرى سپى خۆى له‌ چه‌ندین گرووپ و ڕێكخراوى جۆراوجۆر و سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه‌ به‌مشێوه‌یه‌:
1- ڕاستڕه‌وى ئه‌لته‌رناتیڤى جیهانى (چه‌ترى فراوان)
ئه‌و بزووتنه‌وه‌ فراوانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ زۆر بابه‌تى ڕاستڕه‌وى كلاسیكیدا یه‌كده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌یان زۆر توندڕه‌ون و هه‌موو پێكه‌وه‌ ژیانێك جگه‌ له‌ سپی پێست له‌گه‌ڵ شوناسه‌ جیاوازه‌كانی تردا ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مانه‌ به‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كى گشتگیر داده‌نرێن و ده‌توانرێت به‌ تیرۆریستانى سپى بناسرێن.
ڕاستڕه‌وه‌ تازه‌كان زۆر له‌و گرووپ و ڕێكخراوه‌ ڕاستڕه‌وه‌ توندوتیژانه‌ى ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا ده‌چن كه‌ له‌ دواى شه‌ڕى جیهانى دووه‌م ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئاسانى بڵاوبوونه‌وه‌ و ئینته‌رنێت و له‌بارى ژینگه‌ى سیاسى ناوخۆیى و فایلى كۆچ و كۆچبه‌ران و بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى جۆراوجۆر و ڕێكخراوه تیرۆریستییە ئیسلامییەکان ئه‌وا له‌به‌رگێكى تازه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌.
2- تیشكى ئه‌لته‌رناتیڤ و ڕاستڕه‌وى تازه‌
سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵى 2016 كاتێك كه‌ ڕیتشارد سبنسه‌ر سڵاوێكى نازیانه‌ى له‌كاتى خۆپیشاندانه‌كانى تایبه‌ت به‌ پشتیوانى له‌ دۆناڵد ترامپ كرد، ئه‌م گرووپه‌ له‌ ئه‌نجامى جیابوونه‌وه‌ى به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى گرووپى ڕاستڕه‌وى ئه‌لته‌رناتیڤ پێكهات، ئه‌مه‌یان له‌سه‌ر بابه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و بابه‌تى جولەکە جیاوازتربوون، سه‌ره‌تا ناویان له‌خۆیان نا "ڕاستڕه‌وى نوێ"، به‌ڵام دواتر گۆڕیان به‌ "تیشكى ئه‌لته‌رناتیڤ"، له‌ ڕاستیدا لایه‌نگرانى ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان به‌سه‌ر هه‌ردوو جوڵانه‌وه‌ى ڕاستڕه‌وى ئه‌لته‌رناتیڤ و تیشكى ئه‌لته‌رناتیڤدا دابه‌شبوون‌.
3- بزووتنه‌وه‌ى ڕووناكى، یان كۆنه‌په‌رستانى نوێ
قوتابخانه‌یه‌كى فه‌لسه‌فییه‌ دژ به‌ دیموكراسیه‌ت و یه‌كسانییه‌ و كرتیس یارفنى ئه‌مەریكى دایمه‌زراند، ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ به‌ مه‌رجه‌عیه‌تى تیۆرى و هزرى بزووتنه‌وه‌ى ڕاستڕه‌وى ئه‌لته‌رناتیڤ داده‌نرێت، نك لاندى ئینگلیزى له‌ كتێبى"ڕووناكى تاریكیدا" باس له‌ نه‌گونجانى دیموكراسیه‌ت له‌گه‌ڵ ئازادیدا ده‌كات و ده‌ڵێت، ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیموكراسیه‌ت كۆتاییان پێهاتووه‌ و چی تر هه‌ڵبژاردن میسداقیه‌تى نه‌ماوه‌، هه‌روه‌ها لاند ده‌ڵێت: زۆرینه‌ى دیموكراسیه‌ت به ‌واتاى شه‌ڕانگێزى و دكتاتۆریه‌تى زۆرینه‌ دێت.
4- بزووتنه‌وه‌ى شوناس
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ به‌شێكه‌ له‌ ڕاستڕه‌وى ئه‌لته‌رناتیڤى جیهانى و به‌ تایبه‌تى ڕاستڕه‌وه‌كانى ئه‌وروپا، یه‌كه‌م ڕێكخستنیان له‌ ساڵى 2003 له‌ فه‌ڕه‌نسا دامه‌زراند، له‌دواى ساڵى 2012ه‌وه‌ لقیان له‌ زۆربه‌ى وڵاتانى ئه‌وروپا دامه‌زراند، به‌ تایبه‌تى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ به‌ زمانى ئه‌ڵمانى قسه‌ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها لقیان له‌ ئه‌مەریكاى باكوور و ئوسترالیا كردووەته‌وه‌، بناغه‌ى هزرى بزووتنه‌وه‌ى شوناس ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ چه‌مكى "زاڵبوونى ڕه‌گه‌زى" بزووتنه‌وه‌ى ڕاستڕه‌وى نوێ و فه‌یله‌سوفى فه‌ڕه‌نسى ئالان دو بینوا كه‌ له‌ ساڵانى شه‌سته‌كان بۆچوونه‌كانى بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌ڵێت: "هه‌موو میلله‌تێك ته‌نها له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ى خۆیدا ده‌توانێت گه‌شه‌ به‌ شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریى خۆى بدات، تێكه‌ڵبوونى ڕه‌گه‌زى و ڕۆشنبیریى پڕۆژه‌یه‌كى شكستخواردووه‌ و جگه‌ له‌ تاوان و ونبوونى ئاڕاسته‌كان هیچی تر به‌رهه‌م ناهێنێت، له‌كۆتاییدا شه‌ڕێكى ڕه‌گه‌زپه‌رستانه‌ ڕووده‌دات هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ى ئێستاى ئه‌وروپا كه‌ زۆر نزیكه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌ له‌ نێوان ئه‌وروپییه‌ ڕه‌سه‌نه‌كان له‌لایه‌ك و ئه‌وروپییه‌ شوناس تازه‌كانى عه‌ره‌بى و ئیسلامى له‌لایه‌كی تردا ڕووبدات".
زۆر كه‌س و لایه‌ن ئه‌م شوناسخوازانه‌ به‌ ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى نازى تازه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه‌ به‌رگ و ده‌ربڕینێكى تازه‌یان پۆشیوه‌، بۆ نموونە‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕه‌شبگیر و كوشتنى به‌كۆمه‌ڵ نین، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌ى كۆچبه‌ران، یان كۆچى پێچه‌وانه‌ى كۆچبه‌رانین.
5- گرووپى شانازى گه‌نجان
ئه‌م گرووپه‌ ساڵى 2016 له‌ ڕێگاى گۆڤارى تاكى، كه‌ ئاڕاسته‌یه‌كى ڕاستڕه‌وى توندڕه‌وانه‌ى هه‌یه‌ و سه‌ر به‌ كۆمپانیاى میدیایى فایسى كه‌نه‌دییه‌ دروستبوو، به‌ناوى "یانه‌ى پیاوان"یش ناوده‌نرێت و خۆیان بانگه‌شه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جه‌خت له‌ چه‌سپاندنى به‌هاكانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاوا ده‌كه‌نه‌وه‌ نه‌ك بابه‌تى ڕه‌گه‌زپه‌رستى، به‌ڵام ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مەریكا به‌ ترسناكترین گرووپى توندڕه‌وى سپی پێست وه‌سفیان ده‌كات و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانى كه‌نه‌دا له‌ یه‌نایه‌رى 2021 ئه‌و گرووپه‌ى له‌"قه‌واره‌یه‌كى تیرۆریستى" پۆڵێنکردووە‌.
6- بزووتنه‌وه‌ى كو كلاكس – KKK
كۆنترین گرووپى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و بڵاوكردنه‌وه‌ى ڕق و كینه‌یه‌ له‌ ئه‌مەریكا و نزیكه‌ى هه‌شت هه‌زار ئه‌ندامیان هه‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ دژایه‌تى پڕۆژه‌ى ئه‌مەریكا بۆ ئازادكردنى ڕه‌شپێسته‌كان دروستبوونه‌، به‌ڵام دواتر گرووپه‌كه‌ فراوانتر بوو و ئێستا دژى كۆچبه‌ران و جوله‌كه‌ و كاسۆلیكن.
7- گرووپى نۆگۆشه‌ى بریتانى
ئه‌م گرووپه‌ له‌ ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردودا له‌ بریتانیا ده‌ستیان به‌ چالاكییه‌كانیان کردووە‌ و زۆر نزیكن له‌ ڕێكخراوى ڕاستڕه‌وه‌ تیرۆریسته‌كان، بانگه‌شه‌ى بیرى نازیه‌ت ده‌كه‌ن و له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕه‌گه‌زپه‌رستى كاره‌كانیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن و دژى سیستمى لیبرالیه‌ت و ئسوڵى جوله‌كه‌ – مه‌سیحین، ناودارترین سه‌ركرده‌یان ده‌يڤد میاته‌، له‌ ساڵى 2020دا سێ ئه‌ندامیان ده‌ستگیركران و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییان پێبوه‌ و پلانى كوشتنى چه‌ندین كه‌سیان داڕشتووه‌ و مه‌شقى سه‌ربازیشیان ئه‌نجامداوه‌.
8- گرووپى سه‌ر هه‌ڵواسراوه‌كان
ناوى ئه‌م گرووپه‌ به‌گوێره‌ى شێوه‌ى لایه‌نگرانیان هاتووه‌ و پێڵاوى گه‌وره‌ى شێوه‌سه‌رى مه‌عده‌نى له‌پێده‌كه‌ن، مۆسیقاى ڕۆك به‌كارده‌هێنن، تاوانى جۆراوجۆرى وه‌ك جوێندان و په‌لاماردان و قسه‌ى ناشرین و كوشتنى ئه‌وانه‌ى كه‌ سپی پێست نین ئه‌نجام ده‌ده‌ن، دیارترین تاوان یه‌كێك له‌ لایه‌نگرانى ئه‌م گرووپه‌ ئه‌نجامیدا كه‌ ته‌قه‌كردن بو له‌ نوێژكه‌رانى "سیخ" له‌ په‌رستگاى ئۆك كریك له‌ ویلایه‌تى ویسكۆنسن له‌ 5 ى ئۆگه‌ستى ساڵى 2012دا كه‌ 7 كه‌سى تێدا كوژرا و ژماره‌كیش برینداربوون.
9- زه‌ به‌یس (بناغه‌)
گرووپێكى توندڕه‌وى تیرۆریستى نازى تازه‌ن، له‌ ساڵى 2018 دامه‌زراوه‌ و چالاكییه‌كانیان له‌ ئه‌مەریكا و كه‌نه‌دا و ئوسترالیا و باشوورى ئەفەریقا و بریتانیان، پێكهاته‌ ڕێكخراوه‌ییه‌كه‌ى قوچه‌كى نییه‌ و هه‌ر گرووپه‌ و كارى خۆى به‌جودا ده‌كات، بڕوایان به‌ نانه‌وه‌ى گێره‌شێوێنى و چالاكى تیرۆریستى خێرا هه‌یه‌ دژى هه‌موو ئه‌وانه‌ن كه‌ له‌ ڕه‌گه‌زى سپی پێست نین، دامه‌زرێنه‌رى ئه‌م گرووپه‌ "ڕینالدۆ نازارۆ"یه‌ كه‌ زیاتر له‌ سه‌د كه‌سى بۆ گرووپه‌كه‌ى ڕێكخستوه‌، ئێستا ڕایکردووە‌ و له‌ ڕووسیا ده‌ژێت.
10- بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یى سۆسیالیستى نهێنى
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌لایه‌ن ژنێكه‌وه‌ به‌ناوى به‌یات زكابى له‌ ئه‌ڵمانیا دامه‌زراوه‌، ڕێكخراوێكى ڕاستڕه‌و و توندڕه‌وى تیرۆریستى نازییه‌، ئه‌م ژنه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ كوشتنى 11 ئه‌ڵمانى له‌ نێوان ساڵانى 2000- 2006 كه‌ به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ك توركن، له‌ ساڵى 2018 گیرا و حوكمى هه‌تا هه‌تایى به‌سه‌ردا سه‌پێنرا.

ئامڕاز و شێوازه‌ به‌كارهێنراوه‌كانى تیرۆرى سپى
1- ئینته‌رنێت: ئینته‌رنێت یه‌كێكه‌ له‌و ئامڕازه‌ هانده‌رانه‌ى كه‌ ڕۆڵیان له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى تیرۆرى سپیدا هه‌یه‌، ئینته‌رنێت گۆڕه‌پانێكى كراوه‌یه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى ڕاستڕه‌وى توندڕه‌و و توندوتیژى و ده‌سته‌مۆكردنى گه‌نجان، به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا سۆشیال میدیا بڵاوترین سه‌كۆى ئه‌لكترۆنییه‌ بۆ تیرۆریستانى سپى، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ تیرۆرى سپى نه‌چووەته‌ لیستى ڕێگه‌پێنه‌دراوه‌كانى سه‌ر تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێت، به‌ڵام پاش كارى تێكده‌رانه‌ى شارلۆ تسفیل له‌ ساڵى 2017 تویته‌ر حساباتى په‌یوه‌ندیدار به‌ ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانى له‌ ساڵى 2020ه‌وه‌ داخستووه‌، ئه‌و پێگانه‌ى كه‌ بیرى تیرۆرى سپى تێدا بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ ئه‌مانه‌ن: پێگه‌ى فۆڕچان، پێگه‌ى دیسكۆرد، تێلیگرام.
2- ده‌ربڕینى ته‌نزئامێز: تیرۆرى سپى و ڕاستڕه‌وه‌ تازه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى گشتى وشه‌ى گاڵته‌ئامێز و سه‌رنجڕاكێش به‌كارده‌هێنن تا سه‌رنجى زۆرترین لایه‌نگره‌كانیان ڕابكێشن و له‌لایه‌كی تر له‌ لێپێچینه‌وه‌ و سزاى یاسایى خۆیان به‌دوور بگرن و له‌ گوتارى ته‌نزئامێزدا بیرى ڕه‌گه‌زپه‌رستیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌، دیارترین بڕگه‌ و ده‌ربڕینى ته‌نزئامێزانه‌ى تیرۆرى سپى و برینداركردنى به‌رانبه‌ر ئه‌مانه‌ن: "ئه‌نتیفا، كاك، خاك و خوێن، لابردنى كه‌باب،....هتد"، ئه‌مانه‌ چه‌ندین ده‌ربڕینى گاڵته‌ئامێزین كه‌ هه‌موویان بۆنى توندڕه‌وى و ڕه‌گه‌زپه‌رستییان لێدێت به‌رانبه‌ر به‌ كۆچبه‌ران و ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ سپى پێست، یان مه‌سیحى نین.
3- ستراتیجیه‌تى سیدییه‌ سوره‌كه‌: توێژه‌ر جولیا ئیبنه‌ر ئه‌م ناوه‌ى داناوه‌ كاتێك بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ چاو‌دێرى گرووپه‌ ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانى له‌سه‌ر تۆڕه‌كانى ئینته‌رنێتدا کردووە‌، سه‌رچاوه‌كه‌یشى له‌ فیلمى ماتریكسى ئه‌مەریكیدا هاتووه،‌ كه‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و سیدییه‌ سوره‌ قوت نه‌دات جیهانى حه‌قیقى نابینێت، لێره‌دا فیلمیش وه‌ك ئامڕازێكى په‌یوه‌ندیكردن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى بیرى ڕه‌گه‌زپه‌رستى تیرۆرى سپى و ڕاستڕه‌وه‌كان به‌كارده‌هێنرێت.
4- خۆپیشاندان:  بزووتنه‌وه‌ ڕاستڕه‌وه‌ تازه‌كانى ئه‌وروپا بابه‌تى كۆچبه‌ران و تیرۆریستانى ئیسلامى به‌ هه‌لێكى باش ده‌زانن تا خۆپیشاندان دژى ئه‌و فایله‌ ئه‌نجام بده‌ن و بانگه‌شه‌ و ڕیكلام بۆ بیروبۆچونه‌كانیان بكه‌ن، له‌و ڕێگایه‌شه‌وه‌ وێنه‌ و ڕیكلامى گه‌وره‌ دژى كۆچبه‌ران له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان و شه‌قامه‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا هه‌ڵده‌واسن.
5- توندوتیژى و تیرۆركردن: له‌ ساڵى 2011ه‌وه‌ شێوازى كاركردنى گرووپ و ڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌ سپییه‌كانى ئه‌وروپا و ئه‌مەریكا گۆڕانكارى به‌سه‌رداهاتووه‌، چه‌ندین هه‌وڵدان و كارى توندوتیژى و تیرۆركردنى خه‌ڵكى سڤیل و سیاسى و كۆچبه‌ران ڕوویانداوه‌، هه‌موو ئه‌و كاره‌ تیرۆریستیانه‌ له‌لایه‌ن گرووپه‌ ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌ تیرۆریسته‌ سپییه‌كان دژى موسوڵمانان و عه‌ره‌ب و تورك و جوله‌كه‌ ئه‌نجامدراون.
6- بانگه‌شه‌ و خۆناساندن له‌ ڕێگاى تیرۆره‌وه‌: ئامانجى كاره‌ تیرۆریستییه‌كانى گرووپه‌ ڕىگه‌زپه‌رسته‌كانى تیرۆرى سپى زیاتر ئه‌وه‌یه‌ زۆرترین خه‌ڵك بیانبینن و خۆیان بناسێنن و ترس و دڵه‌ڕاوكێ بخه‌نه‌ دڵى نه‌یاره‌كانیان تا زۆرترین لایه‌نگر بۆخۆیان ڕابكێشن، هه‌روه‌كو ئه‌و كاره‌ تیرۆریستییه‌ى كه‌ له‌ كه‌نیسه‌ى ئه‌فەریقى له‌ 2015 له‌ شارلستۆن ئه‌نجامدرا دژ به‌ ڕه‌شپێسته‌كان كه‌ تێیدا 45 نوێژكه‌ر كوژران.
7- ده‌ستدرێژیكردن: لێره‌دا مه‌به‌ست له‌ به‌كارهێنانى جوێن و توندوتیژى جه‌سته‌یی و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ كه‌ لایه‌نگرانى گرووپه‌ ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌ توندڕه‌و و ڕاستڕه‌وه‌ تازه‌كانى تیرۆریستانى سپى دژى بیانییه‌كان به‌كاریده‌هێنن.

ده‌ره‌نجام
1- له‌ ئێستادا وڵاتانى ڕۆژئاوا تووشى جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ئه‌منى مه‌ترسیدار بوونه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ "تیرۆرى سپى" ناسراوه‌ و له‌ نێو خاك و شارستانیه‌ت و ڕۆشنبیریى وڵاتى خۆیانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یگرتووه‌.
2- ئه‌و مه‌ترسیانه‌ى كه‌ له‌نێوخۆى وڵاتانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاواوه‌ ده‌ستیپێکردووە‌ بریتییه‌ له‌ جوڵانه‌وه‌ى ڕه‌گه‌زپه‌رستى و بڵاوكردنه‌وه‌ى گوتارى ڕق و كینه‌ و توندڕه‌وى به‌رانبه‌ر به‌ چه‌ندین ڕه‌گه‌زى جیاوازى وه‌ك یه‌هود و موسوڵمان و سیخ و ڕه‌شپێست و جوڵانه‌وه‌ى ژنان و ئاسیاییه‌كان.
3- هه‌ردوو گرووپى ڕاستڕه‌وى توندڕه‌و و گرووپى ئیسلامى توندڕه‌و هه‌ردووكیان له‌ كرده‌وه‌ى توندوتیژیدا هاوبه‌شن، له‌هه‌مانكاتدا هه‌ردووكیان یه‌كتر ڕه‌تده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ هه‌ردوولا توندوتیژى به‌رانبه‌ر به‌یه‌كتر به‌كارده‌هێنن و زۆرجار ململانێكانیان ده‌گاته‌ لوتكه‌ و پاكتاوكردنى یه‌كترى.
4- ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان بۆ پاكتاوكردنى ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان تیرۆرى سپى ده‌گرنه‌به‌ر كه‌له‌سه‌ر بنچینه‌ى "ڕه‌گه‌زپه‌رستى" سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌، به‌ڵام ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان "ئیمان" بووەته‌ سه‌رچاوه‌ى كاره‌ تیرۆریستییه‌كانیان.
5- زۆرینه‌ى هه‌وادارانى تیرۆرى سپى تواناى به‌كارهێنانى زمانى ئینگلیزى و به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیاى په‌یوه‌ندیكردنیان هه‌یه‌ و وه‌ك ڕێكخراوه‌ تیرۆریسته‌ ئیسلامییه‌كان له‌ ڕێگاى زمان و ته‌كنه‌لۆجیاوه‌ په‌یوه‌ندى هزرى و ڕێكخراوه‌ییان پێكه‌وه‌ هه‌یه‌.
6- به‌پێى ڕاپۆرته‌ ئه‌منییه‌كان به‌شێك له‌و گرووپه‌ توندڕه‌وانه‌ى كه‌ كارى تیرۆرى سپى ئه‌نجام ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندیان به‌ هه‌ندێك له‌سه‌ركرده‌كانى پارته‌ ڕاستڕه‌وه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌.
7- گرووپه‌كانى تیرۆرى سپى به‌هانه‌ و ژینگه‌یه‌كى گونجاوى دوور له‌ مه‌ترسیان بۆ خۆیان ده‌سته‌به‌رکردووە‌ تا زیاتر بیرى ڕه‌گه‌زپه‌رستیان بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و كارى تیرۆریستى خۆیان ئه‌نجام بده‌ن.
8- بۆچوونى باڵاده‌ستى ڕه‌گه‌زى سپى كه‌ له‌لایه‌ن ڕاستڕه‌وه‌كان و گرووپه‌ تیرۆریستییه‌ سپییه‌كانه‌وه‌ بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كرێت و بڕوایان وایه‌ یه‌ك ڕه‌گه‌زى ئه‌وروپى هه‌یه‌ ئه‌ویش بنچینه‌كه‌ى سپییه‌ و تاكه‌ ڕه‌گه‌زه‌ بتوانێت داهێنان بكات و خاوه‌نى شارستانیه‌تى مرۆڤه‌ و ڕه‌وایه‌تى به‌ ئه‌وروپییه‌كان ده‌دات كه‌ باڵاده‌ست بن تا بتوانرێت یارمه‌تى ڕه‌گه‌زه‌كانی تر بده‌ن و پێشبكه‌ون.
9- زۆربه‌ى لایه‌نگرانى ڕاستڕه‌و و تیۆرى زاڵبوونى سپی پێست بڕوایان وایه‌ كه‌ ڕه‌گه‌زى سپى ڕووبه‌ڕووى پیلانێكى جیهانى بووەته‌وه‌.
10- تیرۆریسته‌ سپى پێسته‌كان و ڕاستڕه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ گوتاره‌كانیاندا بانگه‌شه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى ژنان ده‌كه‌ن بۆ ماڵه‌وه‌ تاكو وه‌ك جاران سه‌رقاڵى ماڵ و وه‌چه‌ خستنه‌وه‌ بن.
11- تیرۆرى سپى خۆى له‌ چه‌ندین گرووپ و ڕێكخراوى جۆراوجۆر و سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا ده‌بینێته‌وه‌.
12- تیرۆریستانى سپى چه‌ندین ئامڕاز و شێوازى جۆراوجۆرى وه‌ك ئینته‌رنێت و ده‌ربڕینى ته‌نزئامێز و فیلم و خۆپیشاندان و كارى تیرۆریستى و بانگه‌شه‌ و خۆناساندن به‌كارى تیرۆریستى و ده‌ستدرێژیكردن و هه‌ڕه‌شه‌ به‌كارده‌هێنن.

terrorism & Security studies copyright 2017 © . All right reserved Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure