ئۆزان ڤارۆڵ
خوێندنه‌وه‌ی: قاره‌مان عه‌لی
پێشه‌كی
ئۆزان ڤارۆڵ پێشه‌كی توێژینه‌وه‌كه‌ی، كه ساڵی 2018 له
"جۆرناڵی ڤێرجینیا بۆ یاسای نێوده‌وڵه‌تی" بڵاوبووه‌ته‌وه، به چیرۆكی د.عه‌زیز
سانجا‌ر، كه هاوڵاتییه‌كی ئه‌مه‌ریكی به‌ڕه‌گه‌ز خه‌ڵكی توركیایه، ده‌ستپێده‌كات. د.عه‌زیز سانجا‌ر، به‌هۆی داهێنانه‌كانییه‌وه، له ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2015 خه‌ڵاتی
نۆبڵی له بواری كیمیادا پێپه‌خشرا. دوای وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه، چاوه‌ڕوانده‌كرا
توركیا ئاهه‌نگ بگێڕێت و خۆشحاڵ بوونی خۆی ده‌رببڕێت. به‌ڵام توركه‌كان نه‌ك ئه‌مه‌یان
نه‌كرد، به‌ڵكو پرسیان كه ئایا عه‌زیز سانجا‌ر "توركێكی ڕاسته‌قینه‌یه"
یان نا؟ هۆكاری دروستبوونی ئه‌م جۆره پرسیاره له توركیا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه
كه عه‌زیز سانجا‌ر له دایكبوونی پارێزگای ماردینه له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی توركیا (كوردستانی
توركیا) و توركه‌كان گومانیان له توركبوونی ئه‌و ده‌كرد. ئه‌م چیرۆكه له‌لایه‌كه‌وه
ناونیشانی توێژینه‌وه‌كه بۆ خوێنه‌ر ڕوونتر ده‌كاته‌وه و له‌لایه‌كی تره‌وه
خوێنه‌ر، به‌مه‌به‌ستی تێگه‌یشتنێكی دروست له بابه‌ته‌كه، بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو
توێژینه‌وه‌كه به‌لكێش ده‌كات.
توركه‌كان له جه‌نگێكی سه‌ربازی، كلتوری، سیاسی به‌رده‌وامدان له گه‌ڵ
كورددا. به‌بڕوای توێژه‌ر هۆكاری به‌رده‌وامبوونی توركه‌كان له جه‌نگكردن له‌گه‌ڵ
كورددا بۆ ئه‌و ده‌ستوره ده‌گه‌ڕێته‌وه كه نكۆڵی له كوردبوون ده‌كات و كورد وه‌ك
هاوڵاتییه‌كی بێگانه وێنا ده‌كات. به‌بێ تێگه‌یشتن له ده‌ستوری توركیا، ئه‌سته‌مه
له‌وه تێبگه‌یت بۆچی كورد له توركیا ڕووبه‌ڕووی ئه‌و هه‌موو جۆره له گێچه‌ڵپێكردنه
ده‌بێته‌وه و به‌ده‌ست ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌وه ده‌ناڵێنێت. چه‌مكی هاوڵاتیبوون له
ماده‌ی شه‌ست و شه‌ش (66)ی ده‌ستوری توركیادا باسكراوه و ئه‌م ماده‌یه هه‌موو
هاوڵاتیانی وڵاتی توركیا به تورك ده‌ناسێنێت. زۆربه‌ی كوردانی توركیا به‌م جۆره
پێناسه‌یه ڕازی نین و له‌و باوه‌ڕه‌دان كه ئه‌م ماده‌یه كلتور و شوناس و
ناسنامه‌ی تورك به‌سه‌ر كورددا ده‌سه‌پێنێت. ڕازی نه‌بوونی زۆرینه‌ی كورد به‌و
پێناسه ده‌ستورییه‌ی هاوڵاتیبوون سه‌رچاوه‌ی ترسی تورك وهه‌ڵقوڵاوی نێگه‌رانی
كورده، ئه‌م ترس و نیگه‌رانییه ده‌كرێت وه‌ك سه‌ره‌كی ترین هۆكاره‌كانی
ململانێكانی نێوان تورك و كورد له توركیا سه‌یر بكرێت.
توێژه‌ر، هاوشێوه‌ی سه‌ره‌تای پێشه‌كییه‌كه‌ی، له كۆتایی پێشه‌كی
توێژینه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه به چیرۆكێكی تر ده‌كات. چیرۆكێك له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه
له‌لایه‌كه‌وه په‌یوه‌ندی به چیرۆكه‌كه‌ی عه‌زیز سانجاره‌وه هه‌یه و له‌لایه‌كی
تره‌وه چه‌مكی هاوڵاتیبوون له توركیا زیاتر ڕوون ده‌كاته‌وه. ئه‌و لێره‌دا ڕۆمانی
"مه‌زرای ئاژه‌ڵان"ی جۆرج ئۆروێڵ به‌بیری خوێنه‌ر ده‌هێنێته‌وه و په‌یوه‌ندییه‌ك
له نێوان توركیا و "مه‌زرای ئاژه‌ڵان"دا دروستده‌كات و ده‌ڵێت كه
هاوشێوه‌ی "مه‌زرای ئاژه‌ڵان" له توركیاش به‌شێك له هاوڵاتیان (توركه‌كان)
مافیان له‌وانیتر زیاترتره و به‌شێكی تریان (كورد) بێ ماف كراون.
له كۆتا به‌شی پێشه‌كییه‌كه‌دا ئه‌وه بۆ خوێنه‌ر ڕوونكراوه‌ته‌وه
كه توێژه‌ر له به‌شه‌كانی داهاتووی توێژینه‌وه‌كه‌یدا چیكردووه و بۆچی ئه‌و
"چی"یه‌ی كردووه. توێژه‌ر پێش ئه‌وه‌ی له خوێنه‌ر بگه‌ڕێت تا بچێته
سه‌ر به‌شه‌كانی تر، به كورتی خوێنه‌ر به ناوه‌ڕۆكی به‌شه‌كانی دواتری توێژینه‌كه‌ی
ئاشنا ده‌كات.
باكگراوندێكی مێژووی
ئۆزان له‌م به‌شه‌ی توێژینه‌وه‌كه‌یدا، وه‌ك ناونیشانه‌كه‌ی ئاماژه‌ی
بۆ ده‌كات، مێژووی دروستبوونی كۆماری توركیا و نووسینه‌وه‌ی یه‌كه‌م ده‌ستور ده‌خاته‌ڕوو.
كۆماری توركیا له ساڵی 1923 دامه‌زرا و مسته‌فا كه‌مال، كه ئه‌فسه‌رێكی
عوسمانییه‌كان بوو، ڕۆڵی سه‌ره‌كی هه‌بوو له دامه‌زراندنیدا. دوای شكستی
عوسمانییه‌كان له جه‌نگی جیهانی یه‌كه‌مدا، هاوپه‌یمانان كه براوه‌ی جه‌نگه‌كه‌بوون،
عوسمانییه‌كانیان ناچاركرد كه په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر واژوو بكه‌ن. په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ر
خاكی عوسمانییه‌كانی له‌سه‌ر بنه‌مای ئیتنیك و نه‌ته‌وه دابه‌شكرد و ئه‌م دابه‌شكردنه‌ش
توركه‌كانی ترساند و "گرییه‌ی سیڤه‌ر"ی له‌لای توركه‌كان دروستكرد.
مسته‌فا كه‌مال، كه دواتر له‌لایه‌ن یه‌كه‌م په‌رله‌مانی توركیاوه
نازناوی" ئه‌تاتورك- باوكی هه‌موو تورك"ی پێبه‌خشرا، به په‌یماننامه‌ی
سیڤه‌ر ڕازی نه‌بوو و به‌مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یماننمایه و
دروستكردنی ده‌وڵه‌تی توركیا جه‌نگی له‌دژی هاوپه‌یمانان ڕاگه‌یاند. به‌شێوه‌یه‌كی
چاوه‌ڕواننه‌كراو، ئه‌تاتورك له جه‌نگه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر هێزه‌كانی
هاوپه‌یماناندا به‌ده‌ستهێنا و په‌یماننامه‌ی لۆزانی له‌گه‌ڵ واژووكردن. واژووكردنی
په‌یماننامه‌ی لۆزان له 24ی ته‌موزی 1923 كۆتایی به جه‌نگه‌كه‌ی نێوان ئه‌تاتورك
و هاوپه‌یمانان هێنا و په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ری بێ به‌هاكرد. له‌كاتی دانوستانكردن
له‌سه‌ر به‌نده‌كانی په‌یماننامه‌كه‌دا، هاوپه‌یمانان- به‌هۆی بینینی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نییه‌كانه‌وه
له‌سه‌ر ده‌ستی عوسمانییه‌كان- جه‌ختیان له‌سه‌ر پاراستنی كه‌مینه نا-مسوڵمانه‌كانی
نێو كۆماری توركیا ده‌كرده‌وه. هه‌ربۆیه په‌یماننامه‌ی لۆزان مافی كه‌مینه
نا-مسوڵمانه‌كانی نێو توركیای پاراست به‌ڵام هیچ پارێزبه‌ندییه‌كی بۆ كه‌مینه
مسوڵمانه‌كان، كورد وه‌ك نموونه، له توركیا ده‌سته‌به‌رنه‌كرد. نوێنه‌ره‌كانی
توركیا هاوپه‌یمانانیان دڵنیا كرده‌وه كه كه‌مینه مسوڵمانه‌كانی نێو توركیا
پێویستیان به پاراستن نییه و به ده‌سه‌ڵات و حوكمی توركه‌كان زۆر ڕازین. په‌یماننامه‌ی
لۆزان بۆ دابینكردن یان بێ به‌شكردنی كه‌مینه‌كان له پارێزبه‌ندی پشتی به سیستمی
"میلله‌ت"ی عوسمانییه‌كان به‌ستبوو. له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا،
ئایین كرابوو به‌بنه‌مای شوناسی گه‌لان، هاوڵاتیانی نێو ئیمپراتۆرێتی عوسمانییه‌كان
به پشتبه‌ستن به ئایینه‌كه‌یان بۆ چه‌ند میلله‌ت و گه‌لێك دابه‌شكرابوون. بۆ
نموونه، میلله‌تی ئه‌رمه‌نی، میلله‌تی ڕۆم (یونانی)، میلله‌تی جوله‌كه و
مسوڵمان. توركه‌كان، هاوشێوه‌ی كورده‌كان، له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی عوسمانییه‌كاندا
به‌شێك بوون له میلله‌تی مسوڵمان.
په‌یماننامه‌ی لۆزان نه‌ك مافی دیاریكردنی چاره‌ی خۆنووسینی، كه له
په‌یماننامه‌ی سیڤه‌ردا ده‌سته‌به‌ركرابوو، له كورده‌كان وه‌رگرته‌وه به‌ڵكو
ناونیشانی كه‌مینه‌بوونیشی له نێو توركیا پێنه‌خشی و كوردی بۆ توركه‌كان به‌جێهێشت.
نه‌ناساندنی كورد وه‌ك كه‌مینه و فه‌راهه‌منه‌كردنی پارێزبه‌ندی بۆیان له‌لایه‌ن
هاوپه‌یمانانه‌وه، ڕێگه‌ی بۆ توركه ناسیۆنالیسته‌كان خۆشكرد كه سیاسه‌تی
تواندنه‌وه له دژی كورد له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی جیاواز، له‌سه‌ر ئاستی ده‌ستور وه‌ك
نموونه، به‌كاربهێنن. تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت به‌رپرسانی حكومه‌تی توركیا كورد وه‌ك
كه‌مینه ناناسێنن و دژی به‌كارهێنانی وشه‌ی "كه‌مینه‌ن" بۆ كوردی
توركیا. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه رێكه‌وتنه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان،
كه مه‌به‌ستیان په‌یماننامه‌ی لۆزانه، كوردی وه‌ك كه‌مینه نه‌ناساندووه. توركه‌كان
له ڕابردوودا په‌یماننامه‌ی لۆزانیان كردبوو به بنه‌مایه‌ك بۆ نكۆڵی كردن له
بوونی كورد له توركیا.
ئه‌تاتورك، به پێچه‌وانه‌ی عوسمانییه‌كانه‌وه، ئایینی نه‌كرد به
بنه‌مای شوناسی هاوڵاتی له توركیا، به‌ڵكو ئه‌و له جیاتی ئایین
"تورك-بوون"ی كرد به بنه‌مای هاوڵاتیبوون له توركیا. ئه‌تاتورك له یه‌كێك
له وته به‌ناوبانگه‌كانیدا به‌ڕوونی گوزارشت له‌م شوناسه نوێیه ده‌كات و ده‌ڵێت
كه "چه‌ند به‌خته‌وه‌ره ئه‌و كه‌سه‌ی كه ده‌ڵێت (من توركم)." ئه‌م
تێڕوانینه‌ی ئه‌تاتورك بۆ چه‌مكی هاوڵاتیبوون له نێو یه‌كه‌م ده‌ستوری توركیا
جێگیركرا و یه‌كه‌م ده‌ستوری كۆماری توركیا له 1924 ده‌نگی له‌سه‌ردرا. ئه‌م ده‌ستوره
نوێیه به‌م شێوه‌یه پێناسه‌ی هاوڵاتیبوون له كۆماری توركیا ده‌كات، "هه‌ركه‌سێك،
به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئایین و ئیتنیكه‌كه‌ی، ئینتیمای بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی توركی هه‌بێت،
ئه‌وا توركه." ئه‌م بڕگه‌یه
"به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئایین و ئیتنیكه‌كه‌ی"، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه
له‌سه‌ره‌تادا (تورك) بۆ دروستكی شوناسێكی یه‌كگرتووی نیشتیمانی به‌كارهێنراوه و
دامه‌زرێنه‌رانی توركیا نه‌یانویستووه شوناسی ئیتنیكی تورك به‌سه‌ر ئه‌وانی تری
ناتوركدا بسه‌پێنن. به‌ڵام به‌پیی تێپه‌ڕبوونی كات و به‌هۆی "گرێی سیڤه‌ر"
و ترسیان له دابه‌شبوونی كۆمه‌ڵگه و خاكی توركیای تازه دروستبوو، دامه‌زرێنه‌رانی
كۆماری توركیا "توركبوون"یان سه‌پاند و كردیان به بنه‌مای بوونی مافی
هاوڵاتیبوون له كۆماری توركیادا. له‌دوای ڕوودانی یه‌كه‌م شۆڕشی كوردی له ساڵی
1925، به‌رپرسانی كۆماری توركیا كه‌مینه‌بوون و داوای مافی كه‌مینه‌یان، كه‌مینه‌ی
كورد وه‌ك نموونه، یه‌كسانكرد به داوای دابه‌شكردنی توركیا و هه‌موو ئه‌و وشه و
زاراوانه‌یان یاساغكرد كه ئاماژه‌ی به بوونی كورد له توركیا ده‌كرد و نكۆڵیان
له بوونی كورد له توركیادا كرد. تۆ بۆئه‌وه‌ی وه‌ك هاوڵاتییه‌كی توركیا په‌سه‌ند
بكرێیت و هه‌موو ئه‌و مافانه‌ت هه‌بێت كه ده‌ستور و یاسا به هاوڵاتیانی
توركیایان به‌خشیوه، ده‌بێت "توركبوون" په‌سه‌ند بكه‌یت و وه‌ك توركێك
ڕه‌فتار بكه‌یت. تا ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی
سه‌ده‌ی ڕابردوو، زمانی كوردی وه‌ك زاراوه‌یه‌كی زمانی توركی دانیشتوانی ناوچه دووره‌ده‌سته‌كان
سه‌یرده‌كرا و كورد، له دیكۆمێنته فه‌رمییه‌كانی حكومه‌تدا، وه‌ك "توركه ڕۆژهه‌ڵاتییه‌كان"
یان "توركه شاخاوییه‌كان" ئاماژه‌ی بۆكراوه. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه
داموده‌زگاكانی حكومه‌ت زمانی كوردی‌یان وه‌ك "زمانێكی نه‌زانراو" پۆلێن
كردووه. بۆ نموونه، ئه‌و كوردانه‌ی كه له دادگاكان و له‌كاتی دادگایكردنه‌كه‌یاندا
به زمانی كوردی به‌رگریان له خۆیانكردووه، له كۆنووسی دادگاكان‌دا هاتووه كه
تۆمه‌تبار "به‌زمانێكی نه‌زانراو" قسه‌ی كردووه كه "دادگا لێی
تێنه‌گه‌یشتووه."
وه‌ك په‌رچه‌كردارێك له دژی چه‌وساندنه‌وه و بێبه‌شكردنی كورد له
مافه‌كانیان، په‌كه‌كه له ساڵی 1978دا دروست بوو و چووه جه‌نگه‌وه له دژی ده‌وڵه‌تی
توركیا. په‌كه‌كه له ساڵی 1984دا ده‌ستی به چالاكییه سه‌ربازییه‌كانی له دژی
توركیا كرد و خراپ مامه‌ڵه‌كردنی حكومه‌تی توركیا له‌گه‌ڵ هاوڵاتیانی كورددا، سه‌دان
گه‌نجی كوردی به‌ره‌و چیاكان هاندا. له‌گه‌ڵ زیادبوونی "شه‌عبیه‌تی" په‌كه‌كه‌دا
و قوڵبوونه‌وه‌ی ناكۆكییه‌كانی نێوان چه‌پ و ڕاستڕه‌وه‌كانی توركیا و ده‌سته‌وه‌سانی
حكومه‌ت له ئاست ئه‌و ناكۆكی و ململانێانه‌دا، كۆده‌تایه‌كی سه‌ربازی- به‌مه‌به‌ستی
چه‌سپاندنی ئاسایش و پاراستنی یه‌كپارچه‌ی خاكی توركیا- له ساڵی 1980 له توركیا
ڕوویدا. كوده‌تاچییه‌كان داواكارییه‌كانی كوردیان وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆسه‌ر یه‌كپارچه‌ی
خاكی توركیا ناوزه‌ندكرد و زمانی كوردیان قه‌ده‌غه‌كرد و داوایان له خێزانه كورده‌كان
كرد كه ناوی توركی له منداڵه‌كانیان بنێن و پێكهێنانی پارتی سیاسی‌یان له‌سه‌ر بنه‌مای
ئیتنیسیتی یاساغكرد و ناوی شاره كوردییه‌كانیان بۆ ناوی توركی گۆڕی و باری نائاساییان
له ناوچه كوردییه‌كان ڕاگه‌یاند.
له‌سه‌ر بنه‌مای دیدگاكانی كوده‌تا چییه‌كان ده‌ستورێكی نوێ ئاماده‌كرا
و ئه‌م ده‌ستوره له ساڵی 1982 په‌سه‌ند كرا و تا ئێستاشی له‌گه‌ڵ بێت له توركیا كاری پێده‌كرێت و ده‌ستوره‌كه جه‌خت له‌سه‌ر
یه‌كێتی خاكی توركیا و یه‌كڕیزی كۆمه‌ڵگه‌كه‌ی ده‌كاته‌وه.
هاوڵاتیبوون له ده‌ستوره‌كه‌ی ساڵی 1982دا
به چاوخشاندنێكی خێرا به‌م ده‌ستوره‌دا، ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه
ئه‌م ده‌ستوره پڕه له ناسیۆنالیزمی توركی و ئه‌م ده‌سته‌واژانه‌ت به‌رچاو ده‌كه‌وێت،
"وڵات و نه‌ته‌وه‌ی تورك"، "وڵاتی توركی مه‌زن"، "كۆمه‌ڵگه‌ی
توركی"، "هاوڵاتیانی تورك"، "زمان و كلتوری توركی" و
"مێژووی تورك". ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه، به‌هۆی "گرێی سیڤه‌ر"ه‌وه،
له چه‌ندین ماده‌ی ده‌ستوره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی یه‌كپارچه‌ی گه‌ل و
خاكی توركیا كراوه‌ته‌وه و زمانی توركیا وه‌ك تاكه زمانی كۆماری توركیا ناسێنراوه.
توێژه‌ر له‌سه‌ر ماده‌ی سێ (3)ی ده‌ستوره‌كه كه باس له زمانی ده‌وڵه‌ت ده‌كات كه‌مێك ڕاده‌وه‌ستێت و سه‌رنجه‌كانی
خۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌خاته‌ڕوو. به بڕوای ئۆزان، ده‌ستوری توركیا له‌و به‌شه‌ی
كه تایبه‌ته به زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت، ناكۆكه له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ده‌ستوره‌كانی
وڵاتانی تر. هۆكاری ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه ده‌ستوره‌كه‌ی توركیا
زمانی توركی وه‌ك تاكه زمانی ده‌وڵه‌ت ده‌ناسێنێت،
به‌ڵام زۆربه‌ی ده‌ستوره‌كانی جیهان زمانێك وه‌ك زمانی فه‌رمی، نه‌ك تاكه زمانی،
ده‌ڵه‌ت ده‌ناسێنن. جیاوازی له نێوان ئه‌و دوو ده‌ربڕینه‌دا هه‌یه و جیاوازییه‌كه‌ش له‌وه‌دایه كه كاتێك ده‌وترێت
"تاكه زمانی ده‌وڵه‌ت" فڵان زمانه، ئه‌وا ئه‌م جۆره ده‌ربڕینه به‌شێوه‌یه‌كی
ڕاسته‌وخۆ نكۆڵی له‌بوونی هه‌موو زمانه‌كانی تر له وڵات ده‌كات به‌ڵام كاتێك ده‌وترێت
"زمانی فه‌رمی ده‌وڵه‌ت" فڵان زمانه، مانای وایه كه زمانی تری نافه‌رمی
بوونی هه‌یه و له‌لایه‌ن به‌شێك له هاوڵاتیانه‌وه قسه‌ی پێده‌كرێت. له كه‌یسی
توركیادا، ده‌ستور جگه له زمانی توركی هیچ زمانێكی تر ناناسێت.
ماده‌ی شه‌ست و شه‌ش (66)ی ده‌ستور پێناسه‌ی هاوڵاتیبوون ده‌كات و بۆ
ئه‌م پێناسه‌یه‌ش ئه‌م ده‌ستوره، به‌كه‌مێك ده‌ستكارییه‌وه، پشتی به یه‌كه‌م ده‌ستور
كه له سالی 1924دا په‌سه‌ندكرا به‌ستووه. به‌پێی ئه‌م ده‌ستوره نوێیه بێت،
"هه‌موو كه‌سێك كه هاوڵاتیبوون به توركیایه‌وه ببه‌ستێته‌وه، ئه‌وا ئه‌و
كه‌سه توركه." توێژه‌ر به‌مه‌به‌ستی باشتر تێگه‌یشتن له‌م پێناسه‌یه، چه‌ند
پرسیارێك ده‌كات. بۆ نموونه، ئه‌و ده‌پرسێت: تورك- كه له پێناسه‌كه‌دا هاتووه-
كێیه؟ ئه‌ی هاوڵاتی كێه؟ ئایا ئه‌م دوو زاراوه‌یه، تورك و هاوڵاتی، هاوتان یان
له‌یه‌كتر جیاوازن؟ ئۆزان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه دوو بۆچوون ده‌خاته‌ڕوو؛
یه‌كه‌میان "تورك" وه‌ك شوناسێكی گشتگیر، نه‌ك ئیتنیكێك، وێناده‌كات و
به‌هه‌موو هاوڵاتیانی كۆماری توركیا، به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئایین و ئیتنیكیان، ده‌وتریت
"تورك"، هه‌روه‌ك چۆن به‌هه‌موو هاوڵاتیان ئه‌مه‌ریكا ده‌وترێت "ئه‌مه‌ریكی".
بۆچوونی دووه‌م ئه‌وه‌یه كه "تورك" ئیتنیكێكی دیاریكراوه و شوناسه‌كه‌ی
له‌ڕێگه‌ی یاساوه به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانیتری نێو توركیادا سه‌پێنراوه. ئه‌گه‌ر
به‌وردی له شێواز و زمانی نووسینی توێژه‌ر بڕوانیت، ئه‌وا هه‌ست ده‌كه‌یت كه
توێژه‌ر بۆچوونی دووه‌م به دروست ده‌زانێت.
زۆربه‌ی كورد له‌و بڕوایه‌دان كه ده‌ستوری ساڵی 1982 كلتور و زمان و
شوناسی ئیتنیكی توركی كردووه به بنه‌مای هاوڵاتیبوون و پاشان به‌پێی یاسا به‌سه‌ر
كورددا سه‌پانووێتی. ئه‌م به‌زۆر سه‌پاندنه‌ش توركیای له وڵاتێكی فره ئیتنیك و
نه‌ته‌وه‌وه به‌ره‌وه یه‌ك نه‌ته‌وه و یه‌ك ئیتنیك ئاراسته ده‌كات. ئه‌وه‌ی ئه‌م
تێگه‌یشتنه‌ی كورد ده‌ڕاستێنێت ئه‌وه‌یه كه كورد، به‌هۆی كوردبوونیانه‌وه، له
زۆربه‌ی ئه‌و مافه سیاسی و كلتوریانه بێبه‌شن كه ده‌ستور به هاوڵاتیانی
توركیای به‌خشیوه. بۆ نموونه، مافی ئازادی ڕاده‌ربڕین؛ ماده‌ی بیست و شه‌ش (26)
ده‌ڵێت: "زمانێك كه به یاسا قه‌ده‌غه‌كرابێت نابێت بۆ خستنه‌ڕووی بیروڕا و
بڵاوكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كان به‌كاربهێنرێت." ئه‌م ماده ده‌ستورییه به
ئاشكرا ڕێگه له كورد ده‌گرێت كه به زمانی دایك (زمانی كوردی) گوزارشت له
بیروبۆچوونه‌كانی بكات. هه‌روه‌ها ماده‌ی بیست و هه‌شت (28) ڕێگری ده‌كات له
بڵاوكردنه‌وه به زمانی ڕێگه‌پێنه‌دراو (زمانی كوردی). ماده‌ی چل و دوو (42) ڕێگه
نادات كه زمانی كوردی له بواری په‌روه‌ره‌ده و فێركردندا به‌كاربهێنرێت چونكه
زمانی كوردی به‌پێی سایا یاساغ كراوه. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه ئه‌وه‌یه كه ده‌ستوره‌كه
ڕێگه‌ی به كه‌مینه نا-مسوڵمانه‌كان داوه، ئه‌و كه‌مینانه‌ی كه په‌یماننامه‌ی
لۆزان مافی پاراستنوون، به‌زمانی دایك منداڵه‌كانیان په‌روه‌رده و فێربكه‌ن. ئه‌م
ده‌ستوره‌ش مافی كه‌مینه‌بوونی به كورد نه‌به‌خشیوه و به‌شێوه‌یه‌ك ماده‌كانی
داڕشتووه كه ناته‌با نه‌بێت له‌گه‌ڵ په‌یماننامه‌ی لۆزاندا. به‌هۆی ڕێگریكردن له
به‌كارهێنانی زمانی كوردی له بواری په‌روه‌رده‌دا، خێزان و ماڵ تاكه شوێنه كه
منداڵانی كورد تێیدا فێری زمانی كوردی ده‌بن و نه‌وه بۆ نه‌وه زمانی كوردی، سه‌ره‌ڕای
ڕێگرییه ده‌ستورییه‌كان، ده‌گوێزنه‌وه. توێژه‌ر ده‌گات به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی كه
ئه‌و ڕێگرییانه‌ی كه خراوه‌ته سه‌ر زمانی كوردی پێشێلكارییه‌كی ئاشكرای بنه‌مای
یه‌كسانییه كه ده‌ستوری له‌سه‌ر ده‌نووسرێت. بۆ نموونه ماده‌ی ده (10)ی ئه‌م
ده‌ستوره‌ی ئێستای توركیا جیاكاری له‌سه‌ر بنه‌مای "زمان، ڕه‌گه‌ز، ڕه‌نگ،
سێكس، بۆچوونی سیاسی، بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فی و ئاینی و مه‌زهه‌بی" ڕه‌تده‌كاته‌وه، كه‌چی زمان و كلتوری كوردی- به‌درێژای
مێژووی ده‌وڵه‌تی توركیا- كراوه به قوربانی پاراستنی یه‌كێتی خاك و نه‌ته‌وه و
كۆمه‌ڵگه‌ی توركی.
هاوڵاتی كورد، به‌پێچه‌وانه‌ی هاوڵاتی توركه‌وه، به ئاسانی ناتوانێت
سودمه‌ند بێت له مافی پێكهێنانی پارتی سیاسی كه ده‌ستور به هاوڵاتیانی به‌خشیوه.
زۆربه‌ی پارته كوردییه‌كان دوای تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌كی كه‌م به‌سه‌ر دامه‌زراندنیاندا
له‌لایه‌ن دادگای ده‌ستورییه‌وه داخراون. دادگای ده‌ستوری بۆ ئه‌م داخستنانه بیانووی
ئه‌وه‌یه كه ئه‌م پارته سیاسیانه پاڵپشتی له‌و چالاكییه جوداخوازیانه ده‌كه‌ن
كه مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌كێتی خاك و نه‌ته‌وه‌ی توركی دروست ده‌كه‌ن. ئه‌م بیانووه‌ی
سه‌ره‌وه ته‌نها بۆ داخستنی پارته سیاسییه‌كان به‌كارناهێنرێت به‌ڵكو بۆ ده‌ستگیركردنی
سیاسی و ئه‌ندام په‌رله‌مانه كورده‌كانیش به‌كارده‌هێنرێت.
هه‌رچه‌نده كورده‌كان له توركیا ده‌ژین و به‌پێی یاسا هاوڵاتی
توركیان به‌ڵام ئه‌م ده‌ستوره‌ی 1982 له مافه سه‌ره‌تاییه‌كانی هاوڵاتیبوون بێبه‌شی
كردوون.
ساڵانی هه‌شتا و نه‌وه‌ده‌كان: هه‌نگاوێك بۆ پێشه‌وه، دوو هه‌نگاو بۆ
دواوه
له ته‌موزی 1987دا حكومه‌تی توركیا باری نائاسایی له پارێزگا
كوردنشینه‌كان ڕاگه‌یاند. بۆ ئه‌وه‌ی باری نائاسایی بچه‌سپێت، پارێزگاری نوێ كه
ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێ‌درابوو بۆ ناوچه كوردییه‌كان دیاریكران. ئه‌م دۆخه‌ش دوو
جۆر له هاوڵاتی له توركیا به‌رهه‌مهێنا؛ هاوڵاتی كورد كه له زۆنی باری
نائاساییدا ده‌ژیا و هاوڵاتی تورك كه سودمه‌ندبوو له هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی كه
ده‌ستور پێی به‌خشیوه.
سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و ناڕه‌حه‌تیانه، ڕووخاندنی گونده كوردی و
ڕاگواستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی وه‌ك نموونه، بارودۆخی كورد له ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی
رابردوودا كه‌مێك به‌ره‌وپێشچوونی به‌خۆیه‌وه بینی. هه‌وڵه‌كانی توركیا بۆ بوون
به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپادا كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر بارودۆخی كورد هه‌بوو
و بووه‌هۆی هه‌ڵگرتنی هه‌ندێك ڕێگری له‌سه‌ر به‌كارهێنانی زمانی كوردی. بۆ نموونه،
له ساڵی 1991 ڕێگه به‌به‌كارهێنانی زمانی كوردی له شوێنه‌گشتییه‌كاندا درا و ده‌توانرا
گۆرانی و بڵاوكراوه به زمانی كوردی بڵاوبكرێته‌وه. به‌ڵام په‌روه‌رده و په‌خشی
ته‌له‌فزیۆنی به زمانی كوردی وه‌ك خۆی به یاساغی مایه‌وه. توركیا له 1999 به
فه‌رمی بوو به كاندید بۆ ئه‌وه‌ی بچێته یه‌كێتی ئه‌وروپاوه، ئه‌مه‌ش حكومه‌تی
توركیای ناچاركرد كه بۆ ڕازیكردنی ئه‌وروپییه‌كان هه‌مواری چه‌ند ماده‌یه‌كی ده‌ستوره‌كه‌ی
بكات و ئه‌م هه‌مواركردنه‌ش له 2001 ده‌ستیپێكرد و كورد به ڕاده‌یه‌كی كه‌م له‌م
هه‌مواركردنه سودمه‌ندبوو. ئه‌م مافانه مه‌رجداربوون بۆ كورد و ده‌بێت موماره‌سه‌كردنیان
نه‌بێته‌هۆی دروستبوونی مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و یه‌كپارچه‌ی خاكی
توركیا. یاسای تیرۆر دێوه‌زمه‌كه‌ی كورده له توركیا و حكومه‌تی توركی له‌ڕێگه‌ی
ئه‌م یاسایه‌وه ڕێگری ده‌كات له‌وه‌ی كه كورد وه‌ك هاوڵاتییه‌كی توركیا له مافه
ده‌ستورییه‌كانی سودمه‌ند بێت. به‌بێ چاكسازی له‌م یاسایه‌دا (یاسای تیرۆر)، كورد
ناتوانێت به ئاسانی موماره‌سه‌ی مافه ده‌ستورییه‌كانی بكات.
كرانه‌وه و داخرانی كوردی (پرۆسه‌ی ئاشتی)
هاتنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكپارتی) له سه‌ره‌تادا ئومێدبه‌خش
بوو. ئاكپارتی له 2002 ده‌سه‌ڵاتیان له توركیا گرته‌ده‌ست و به‌مه‌به‌ستی بوونی
توركیا به ئه‌ندام له یه‌كێتی ئه‌وروپا درێژه‌یان به ڕێفۆمه‌كان دا و په‌كه‌كه‌ش
به شێوه‌یه‌كی تاك لایه‌نه ئاگربه‌ستی ڕاگه‌یاندبوو. سه‌ركرده‌كانی ئاكپارتی،
هاوشێوه‌ی كورد، قوربانی ده‌ستی سیستمی عه‌لمانی و ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازه‌كان بوون له
توركیا، ئه‌مه‌ش ڕێگه‌ی بۆ ئاكپارتی خۆشكرد كه هه‌وڵی نزیكبوونه‌وه له كورد
بدات و سود له كۆنزه‌رڤاتیڤبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ربگرێت و ده‌نگه‌كانی خۆی
پێ زیاد بكات. ئه‌ردۆگان له ڕێگه‌ی دروشمی "برایه‌تی ئایینی"یه‌وه له
كورد نزیك بووه‌وه و ئه‌م برایه‌تییه ئاینییه‌ی كرد به خاڵی هاوبه‌ش له نێوان
كورد و توركدا. به ده‌ربڕینێكی تر، سه‌ره‌تا ئه‌ردۆگان، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی
پێش خۆیه‌وه، خاڵی هاوبه‌شی له نێوان كورد و توركدا دۆزییه‌وه و پاشان ئه‌و
خاڵه هاوبه‌شی "برایه‌تی ئایینی" كرد به پردی به‌یه‌كگه‌یاندنی كورد و
تورك له توركیادا. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌ردۆگان به قازانجی ئاكپارتی شكایه‌وه و
ئاكپارتی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2007دا ده‌نگی به‌شێكی زۆری كورده‌كانی به‌ده‌ستهێنا.
ئه‌م ده‌نگبه‌ده‌ستهێنانه‌ی ئاكپارتی پاڵی به ئه‌ردۆگانه‌وه نا تا زیاتر له كورد
نزیك ببێته‌وه. ئه‌مه‌ش دواجار "كرانه‌وه‌ی كوردی" یان پرۆسه‌ی ئاشتی
له توركیا لێكه‌وته‌وه.
"كرانه‌وه‌ی كوردی" كاریگه‌ری ئه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر مافه‌كانی
كورد وه‌ك هاوڵاتییه‌كی توركیا و بارودۆخی كوردی تا ڕاده‌یه‌كی باش به‌ره‌وپێشه‌وه
برد. به‌ڵام وه‌ك توێژه‌ر ده‌ڵێت ئه‌م "كرانه‌وه"یه تا ئه‌و كاته به‌رده‌وام
بوو كه ئه‌ردوگان به‌رهه‌مه‌كه‌ی چنییه‌وه. كاتێك پرۆسه‌ی ئاشتی و "كرانه‌وه‌ی
كوردی" مه‌ترسی له‌سه‌ر حزبه‌كه‌ی ئه‌ردۆگان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2015
دروستكرد، ئه‌ردۆگان نه‌ك كۆتایی به پرۆسه‌ی ئاشتی هێنا به‌ڵكو له نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌كانی
هاوشێوه‌ی باخچه‌لی نزیك بووه و ئه‌م نزیكبوونه‌وه‌یه‌ی نێوان ئه‌ردۆگان و باخچه‌لی
بارودۆخی كوردی وه‌ك هاوڵاتی توركیا چه‌ندین هه‌نگاو به‌ره‌ودواوه برد و بارودۆخی
كوردی بۆ چوارگۆشه‌ی پێش‌و گێڕایه‌وه.
ئۆزان له‌و بڕوایه‌دایه كه ئه‌ردۆگان بڕوای به‌چاره‌سه‌ركردنی پرسی
كورد نه‌بووه، به‌ڵكو ئه‌و پرسه‌ی بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی به‌كارهێناوه و
ئه‌و ئومێده‌ی كه پێشتر له‌سه‌ر هاتنی ئاكپارتی هه‌ڵچنرابوو، به‌بێ ده‌ره‌نجام
كۆتایهات.
كۆتایی
له كۆتایی توێژینه‌وه‌كه‌یدا ئۆزان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه كه چه‌مكی
هاوڵاتیبوون له توركیادا دوو ڕه‌هه‌ندی؛ ڕه‌هه‌ندی یاسایی و سیاسی هه‌یه و به‌ته‌نها
پرسێكی یاسایی ڕووت نییه. ئه‌وه‌ی تا ئێستا پرسی كوردی چاره‌سه‌ر نه‌ركردووه
بریتییه له نه‌بوونی متمانه و "گرێی سیڤه‌ر" و ترسی تورك له به‌كارهێنانی
كورد له لایه‌ن ڕۆژئاواوه بۆ لاوازكردن و دابه‌شكردنی توركیا. به‌بێ ڕه‌واندنه‌وه
و نه‌هێشتنی ئه‌و ترسه، چاوه‌ڕوانناكرێت كه بارودۆخی كورد وه‌ك هاوڵاتییه‌كی
توركیا به‌ره‌وپێشچوون به‌خۆیه‌وه ببینێت و سودمه‌ند بێت له‌هه‌موو ئه‌و مافانه‌ی
كه ده‌ستوری توركیا بۆ هاوڵاتییه‌كانی ده‌سته‌به‌ری كردووه.
به‌خوێندنه‌وه‌ی توێژینه‌وه‌كه ئه‌وه‌ت بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه توێژه‌ر
گه‌شبین نییه به ئاینده‌ی كورد له توركیا و له‌و بڕوایه‌دایه كه ئاینده‌ی
هاوڵاتیانی كورد له توركیا له "ئیستا"یان باشتر نابێت. هۆكاری ئه‌مه‌ش،
به‌بڕوای ئه‌و، بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه داواكردنی مافه ده‌ستورییه‌كانی
كورد یه‌كسانكراوه به داواكارییه‌كانی په‌كه‌كه و هه‌میشه داوا نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی
كورد وه‌ك مه‌ترسییه‌ك بۆ سه‌ر یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی تورك و یه‌كپارچه‌ی خاكی توركیا
وێنا كراوه.