ئه‌حمه‌د سەڵاح هاشم
سه‌رچاوه:Perspectives on Terrorism
وه‌رگێڕانی: بێستون حسێن عارف
پێشه‌كی
سه‌ره‌ڕای تێكشان و كۆتاییهاتنی خیلافه‌ته‌كه‌ی له ساڵی ٢٠١٨، هه‌ڕه‌شه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی. له‌به‌رئه‌وه تێگه‌یشتن له شێوازی شه‌ڕكردنی داعش گرنگه له پێناو به‌زاندن و شكستپێهێنانی دووژمنێك كه ڕه‌تیده‌كاته‌وه خۆی به‌ده‌سته‌وه بدات. له ساڵی ٢٠١٦، به‌رپرسه‌كانی داعش پێشوه‌خته خۆیان بۆ ئه‌گه‌ری لەده‌ستدانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان و ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامه‌كانیان ئاماده ده‌كرد. گفتوگۆكان ده‌رباره‌ی سه‌ركه‌وتن و شكست كه به‌شێكه له پلانی ئیلاهی، یان هه‌ڵسه‌نگاندنی خودا بۆ به‌نده‌كانیی، به عه‌قڵانی كرابوو به بانگه‌شه‌كردنی ئه‌وه‌ی كه هه‌ندێك جار ڕه‌حمه‌تی خودا ده‌بارێت به سه‌ریاندا و هه‌ندێك جار ئه‌وه ڕوونادات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كی ساده پشتیان به لێكدانه‌وه ئاسمانییه‌كه نه‌به‌ستبوو بۆ لێكدانه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتن و شكسته‌كانیان، له‌جیاتی ئه‌وه ئه‌وان ڕێوشوێنی پێویستیان ده‌گرته‌به‌ر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و شكستانه و پاراستنی چالاكی سه‌ربازیان له پێناو بێهیواكردنی زیاتری دووژمنه شه‌كه‌ته‌كانیان. زۆر شت نووسراوه له باره‌ی ئایدۆلۆجیای داعش و ئۆپراسیۆنی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ڕێكخستن و دارایی و دڕنده‌ییان به‌رامبه‌ر دووژمنه‌كانی. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌ی قسه‌ی كه‌م له باره‌وه كراوه بریتییه له شیكردنه‌وه‌یه‌كی تێروته‌سه‌ل سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه چۆن داعش شه‌ڕیكردووه و بۆ ئه‌و شێوازه شه‌ڕكردنه‌ی هه‌ڵبژاردووه.
چه‌مكی شێوازی شه‌ڕكردنه‌كه
چه‌مكی شێوازی شه‌ڕكردن له مێژووی سه‌ربازی و به زۆری كه له لێكۆڵینه‌وه ستراتیجییه‌كانی ئه‌م دواییانه به‌كارهێنراوه، مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسێكی دوانه‌یی ده‌كات كه ئه‌وانیش چۆن و بۆچی ده‌وڵه‌تێك، یان ئاكته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی به‌و شێوزاه شه‌ڕ ده‌كات كه ده‌یكات؟ شێوازی ڕێكخستنی سه‌ربازیانه‌ی شه‌ڕێك له‌خۆیه‌وه سه‌رچاوه ناگرێت، به‌ڵكو كاریگه‌ره به چەند فاکتەرێک.
ئه‌و فاكته‌رانه‌ی كه شێوازه‌كانی شه‌ڕكردن ده‌نه‌خشێنن
ئه‌و ڕۆڵه‌ی ئایدۆلۆجیا له شه‌ڕدا ده‌یگێرێت ئاڵۆزه. ئایدۆلۆجیای داعش، كه ئێمه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی وه‌ك به‌شێك له جیهانبینی سه‌له‌فی-جیهادی ئاماژه‌ی پێده‌كه‌ین، كه سه‌رچاوه‌ی سەرەکییە بۆ هۆكار و پاساوی شه‌ڕكردنه‌كه، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كی كه‌متر له‌سه‌رچۆنێتی شه‌ڕكردنه‌كه‌یە. ئایدۆلۆجیا سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ئامانجه‌یه كه ده‌یه‌وێت جێبه‌جێی بكات، ئایدۆلۆجیا به ئه‌ندامانی داعش ده‌ڵێت، كێن دووژمنه‌كان و بۆچی ده‌بێت شه‌ڕیان له‌گه‌ڵدا بكرێت؟ ئایدۆلۆجیا كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر تێڕوانینی جیهانیان، به‌ڵام ئه‌گه‌ر دابه‌شبوونی ئایدۆلۆجی دروستبوو له نێوانیان ئه‌وا كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر یه‌كڕیزی جوڵانه‌وه‌كه.
چۆن ئایدۆلۆجیا كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر شێوازه‌كانی شه‌ڕكردن به دوورودرێژی گفتوگۆی له‌باره‌وه كراوه. له وته‌ی لیۆن تروتسكیه‌وه ده‌ڵێت " ماركسیزم ده‌توانرێت به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه ته‌نانه‌ت به‌سه‌ر مێژووی شه‌تره‌نجدا جێبه‌جێ بكرێت. به‌ڵام مه‌حاڵه یاری شه‌تره‌نج به ڕێگای ماركسیانه فێر بیت." بیریارانی ستراتیجی جیهادی، ئه‌بوبكر ناجی له كتێبی "به‌ڕێوه‌بردنی بێسه‌روبه‌ره‌یی" ئاماژه‌ی به‌وه كردووه كه جه‌نگ پێكهاتووه له بنه‌مای جیهانی – سونه‌تی كه‌ونی – كه سه‌ربه‌خۆیه له ئایدۆلۆجیا به‌ڵام ملكه‌چه بۆ ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی به‌سه‌ر ئه‌واندا سه‌پێنراوه یان ئه‌و ده‌رفه‌تانه‌ی فه‌راهه‌من به هۆی ته‌كنه‌لۆجیا و توانا مرۆییه‌كان و سه‌رچاوه‌كان و سروشتی دووژمنه‌كه.
له كاتێكدا ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی پێشوو تاڕاده‌یه‌كی زۆر لۆجیکییە، به‌ڵام ئایدۆلۆجیا به‌شێوه‌یه‌كی ساده ناكرێت داببڕێنرێت له پێكهێنانی شێوازه‌كانی شه‌ڕكردنی كۆمه‌ڵگاكان، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی كه ئایدۆلۆجین له بیركردنه‌وه و ڕه‌فتاریاندا. له چواچێوه‌ی شێوازی شه‌ڕكردنی ئیسلامیانه به‌تایبه‌تی داعش، ئه‌و شوێنه‌یه كه زاراوه‌ی جیهاد دێته ناوه‌وه. جیهاد به واتای تێكۆشان و هه‌وڵدان دێت. هه‌روه‌ها به واتای جه‌نگی پیڕۆز دێت و بۆ هه‌ندێك له ئیسلامییه‌كان جیهاد یه‌كێكه له گرنگترین پاپه‌ندبوونه‌كان له ئاییندا. ئیسلام وه‌ك دینه‌كانی تر جه‌نگ په‌سه‌ند ده‌كات له ڕووی ئایدۆلۆجییه‌وه. قورئان ڕێگه‌ی به جیهاد داوه بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی و بۆ به‌رگریكردن له ده‌وڵه‌ت و دین و بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام له‌و ناوچانه‌ی كه ئیسلامی پێنه‌گه‌یشتووه و بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری و چه‌وسانه‌وه‌ی موسڵمانان. ئه‌مه به ئێمه ناڵێت چۆن شه‌ڕ بكه‌ین، به‌ڵكو بۆچی پێویسته بجه‌نگیت. هه‌روه‌ها قورئان داوا له موسڵمانان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری سه‌ربازی پێویست بۆ جیهاد له ڕووی ده‌روونی و مادیه‌وه بكه‌ن، كه ئه‌مه زۆرێكی په‌یوه‌سته به‌وه‌ی چۆن شه‌ڕ بكرێت.
كاریگه‌ری ئایدۆلۆجیا له‌سه‌ر شێوازی شه‌ڕكردنی داعش له سه‌ر سێ ئاستی جیاواز ڕووده‌دات. له ئاستی یه‌كه‌مدا، ئایدۆلۆجیا دیاریده‌كات كێ دووژمنه و به‌ڵگه‌ی عه‌قڵانی به‌رده‌ست ده‌خات كه بۆچی دووژمنه و پاساوی شیاو بۆ شه‌ڕكردن له دژی ئه‌و دووژمنه فه‌راهه‌مده‌كات. ئه‌و ئاسته ده‌رباره‌ی ئه‌وه نییە كه چۆن و بۆچی داعش شه‌ڕ ده‌كات به‌و شێوه‌یه‌یی كه ده‌یكات، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به پاساو و به‌ڵگه‌هێنانه‌وه بۆ جه‌نگ.
له‌سه‌ر ئاستی دووه‌م، ئایدۆلۆجیا كاریگه‌ری هه‌یه له‌سه‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه چی ڕێگه‌پێدراوه له جه‌نگدا بكرێت، كه ئه‌وانه‌ش خۆیان ده‌بیننه‌وه له: چۆن شه‌ڕ بكرێت، چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌ربازه‌كان و مه‌ده‌نییه‌كان بكرێت و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیله‌كانی جه‌نگ بكرێت و چی ته‌كنه‌لۆجیایه‌ك ڕێگه‌پێداراوه له جه‌نگدا به‌كاربهێنرێت و چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ موڵك و ماڵی ده‌ستبه‌سه‌رداگیراو بكرێت. ئه‌مه به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی په‌یوه‌سته به "جه‌نگی عادیلانه" و یاساكانی جه‌نگه‌وه.
له‌سه‌ر ئاستی سێیه‌م، ئایدۆلۆجیا مه‌شقكردن و ئاماده‌كاری بۆ شه‌ڕكردن له جه‌نگ ده‌نه‌خشێنێت. ئایا سه‌ربازێكی ئاماده‌ی ئایدۆلۆجیایانه ده‌بێته سه‌ربازێكی باشتر؟ سه‌ربازانی مه‌شقپێكراوی باش كه به به‌رده‌وامی و پراكتیكی ڕاهێنان بۆ پێكدادانی سه‌ربازی ده‌كه‌ن هه‌میشه باشتر ئاماده‌ن بۆ جه‌نگ. به‌ڵام ئایا ئاماده‌یی ئایدۆلۆجی و ڕووحی له ناو سه‌ربازه‌كان هیچ شتێك زیاد ده‌كات بۆ توانای شه‌ڕكردنیان له ڕووی به‌رگریكردن و وره‌ی به‌رزتر و یه‌كڕیزیه‌وه؟ سیستمه ئایدۆلۆجییه‌كانی وه‌ك ڕووسیای سۆڤێتی، ئه‌ڵمانیای نازی، ڤێتنامی كۆمۆنیستی، ئێرانی ئیسلامی هاندانی ئایدۆلۆجی به‌هێزیان فه‌راهه‌م كردووه بۆ ئاماده‌یی سه‌ربازه‌كانیان.
به‌هه‌مان شێوه گرووپه ئیسلامییه‌كان به‌های په‌روه‌رده‌ی ئایدۆلۆجی و ئاماده‌كاریان به‌رز نرخاندووه له سه‌رده‌می عەبدوڵا عەزامی فه‌لەستینییه‌وه كه جیهادی بووه و ئامۆژگاری كردووه كه چه‌كداره بیانییه‌كان كه دێن بۆ یارمه‌تیدانی موجاهیده‌كان له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سۆڤێتی داگیركه‌ر پێویسته له ڕووی دەروونی و ڕووحییه‌وه ئاماده بكرێن له پێش جه‌نگه‌كه. له‌و كاته‌وه كه‌مپی مه‌شقپێكردنی ئیسلامی و مه‌نهه‌جی شه‌ڕكردنی جه‌نگی بوونه به‌شێكی گرنگ له ئاماده‌كاری ئایدۆلۆجی. له ساڵه‌كانی سه‌ره‌تای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ دووژمنه‌كانیان، زۆرێك له گرووپه ئیسلامییه‌كان وادیاربوو كه جه‌ختكردنه‌وه‌ی سه‌ره‌كیان له‌سه‌ر ئاماده‌یی ئایدۆلۆجی بوو، به‌ڵام له‌سه‌ر حیسابی ڕێوشوێنه‌كانی ئاماده‌كاری و ئاماده‌یی بۆ شه‌ڕكردن. ئه‌مه زۆر جار له مه‌یدانی شه‌ڕكردنه‌كان ده‌ركه‌وتووه كاتێك مه‌شقكردنی سه‌ربازی لاواز بووه‌ته هۆی ژماره‌یه‌كی زۆری قوربانی گیانی.
دواتر زۆرێك له گرووپه‌كان به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان گرنگیان به ئایدۆلۆجیا و ئاماده‌كاری بۆ جه‌نگ داوه، به تایبه‌تی مه‌شقپێكردنی پرۆفیشناڵانه و ئاماده‌كاری بۆ جه‌نگ، كه بوونه‌ته هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای شه‌ڕكردنیان. له كاتێكدا ڕه‌نگه یه‌كێك پێیوابێت كه ئایدۆلۆجیا و مه‌شقكردنی سه‌ربازی پرۆفیشناڵانه پێویسته هاوشانی یه‌ك بڕۆن بۆ دروستكردنی سه‌ربازێكی لێهاتوو، ئه‌وه زۆر قورسه كه كاریگه‌ری ئایدۆلۆجیا و ڕاهێنانی ڕووحی له فاكته‌ره‌كانی تر كه ده‌بێته هۆی به‌هێزكردنی به‌رگریكردن و یه‌كڕیزی و وره له شێوه‌ی شه‌ڕكردنی كیانێكی دیاریكراو جیابكرێته‌وه.
هه‌روه‌ها سه‌ركرده و ده‌سته‌بژێره‌كان ڕۆڵیان هه‌یه له دیاریكردنی شێوازی شه‌ڕكردندا، جا ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێك بێت، یان ئاكته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی. تێڕوانینی تایبه‌تیان بۆ جیهانی ده‌ره‌وه و به تایبه‌تی بۆ دووژمنه‌كانیان شێوازی شه‌ڕكردنیان ده‌نه‌خشێنێت. ئه‌بو موسعه‌ب زه‌رقاوی، كه به‌رپرسیاره له سه‌رهه‌ڵدانی داعش، ڕقێكی زۆری به‌رامبه‌ر پێكهاته‌ی شیعه هه‌بوو، ئه‌م ڕقه بنه‌مای سه‌ره‌كی هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی شیعه و هێزه ئه‌منییه شیعه‌كان و به‌رپرسه حكومییه‌كان پێكده‌هێنا. له لایه‌كی تره‌وه جێگره‌وه‌كه‌ی ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی ویستی ده‌وڵه‌تێكی هه‌رێمی دابمه‌زرێنێت و ئه‌و داوایكرد كه یه‌كه‌ی شه‌ڕكه‌ری نیمچه ڕێكخراو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دووژمن دروستبكرێت.
جوگرافیا فاكته‌رێكی جێگیره، چونكه ئه‌و مه‌یدانه‌یه كه تیایدا توندوتیژی گشتی ڕێكخراو له نێوان گرووپه شه‌ڕكه‌ره‌كان به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نرێت. ژینگه‌ی مادی و مرۆیی به‌شێوه‌یه‌كی قوڵ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوازه‌كانی شه‌ڕكردن هه‌یه. ستراتیجییه‌كانی داعش ئه‌وه‌یان گه‌یاند كه عێراق گونجاو نییە بۆ جه‌نگی پارتیزانی كلاسیكی ئه‌ویش له‌به‌ر كه‌می شوێنی خۆ حه‌شاردان و نه‌بوونی ناوچه‌ی شاخاوی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له ئه‌فغانستان و چیچان و یه‌مه‌ن هه‌یه. زه‌رقاوی خۆی له‌سه‌ر ئه‌مه قسه‌ی كردووه، له چاوپێكه‌وتنێكدا كه له دیسه‌مبه‌ری ٢٠٠٦ بڵاوكراوه‌ته‌وه، له وه‌ڵامی پرسیاری "جیهادییه‌كان ڕووبه‌ڕووی چی به‌ربه‌ستێك له عێراق ده‌بنه‌وه؟" ئه‌و له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت "ناتوانرێت به‌راوردكاری له نێوان تواناكانی ئێمه و سه‌رچاوه‌كانی دووژمنه‌كانمان بكرێت. سه‌دان چه‌كدار له براكانمان شه‌ڕ ده‌كه‌ن له دژی سه‌دان هه‌زار له دووژمنه‌كانمان... زه‌مینه‌ی جیهاد له عێراق جیاوازه له ئه‌فغانستان و چیچان. برایان له‌و دوو وڵاته هه‌م دارستانه‌كان و هه‌م شاخه‌كان یارمه‌تیده‌ریانن كه ده‌توانن خۆیان بشارنه‌وه له دووژمن و ڕێگره له‌وه‌ی بگه‌ن به‌وان. عێراق خاكێكی ته‌خته به‌بێ بوونی شاخ و دۆڵ و دارستانه‌كان".
به دڵنیاییه‌وه جوگرافیا له هه‌ندێك جۆری ناوچه‌دا بۆ جه‌نگی ناڕێكخراو سوودی هه‌یه. سووده‌كانی بۆ لایه‌نی لاواز ئه‌وه‌یه كه ده‌توانن ناوچه سه‌خته‌كان به‌كاربهێنن كه لایه‌نی به‌هێزی به‌رامبه‌ر به ئاسانی ناتوانێت پێبگات. شاخه‌كان و ناوچه دارستاناویه‌كان واداده‌نرێت كه له به‌رژه‌وه‌ندی یاخیبووه‌كانه، له‌به‌رئه‌وه‌ی كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌یه‌ك بۆ ماوه‌یه‌كی به‌رده‌وام ڕێگه بۆ ئاكته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان خۆشده‌كات بۆ په‌ره‌پێدانی ته‌كنیك و شێوازی شه‌ڕكردنی پێشكه‌وتوو. تاڕاده‌یه‌ك لاوازی جوگرافیای عێراق به‌سه‌ركه‌وتنی جیهادییه‌كان له بنیاتنانی شوێنی خۆحه‌شاردان له ناو پارێزگای دیاله قه‌ره‌بوو كرایه‌وه، كه ناوچه‌كه ڕێگه‌خۆشكه‌ر بوو بۆ دروستكردنی گۆڕه‌پانی مه‌شقپێكردن و سه‌رپێخستنی یه‌كه‌ی بچوكی سه‌ربازی ڕێكخراو كه ده‌یانتوانی شه‌ڕ بكه‌ن.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی بۆ یاخیبووه جیهادییه‌كان له عێراق بریتی بوو له ژینگه‌ی مرۆیی، نه‌ك ژینگه‌ی مادی، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك. یه‌كه‌م، جیهادییه‌كان دانیشتوانی ناوه‌چه‌كانیان ده‌كوشت كه وه‌ك دووژمن ته‌ماشایان ده‌كردن، به‌ڵام ئه‌مه له‌به‌رامبه‌ردا توانای جیهادییه‌كان له بنیاتنانی ژینگه‌یه‌كی پاڵپشتیكار له ناو كومه‌ڵگا كه‌مكرده‌وه بۆ په‌ره‌پێدانی ئامانجه‌كه‌یان. دووه‌م، ئه‌وانه‌ی هاوپه‌یمانی داعش بوون بریتی بوون له یاخیبووه عێراقییه سونییەكان، كه زۆرجار ئه‌م گرووپانه هه‌لخوازی كورتمه‌ودا بوون و كێبڕكێيان له‌گه‌ڵ داعش ده‌كرد له پێناو به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات و سه‌رچاوه‌كان كه له كۆتاییدا ده‌یكردنه‌وه به دووژمن.
ڕۆڵ و كاریگه‌ری ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازی له سه‌ر شێوازی شه‌ڕكردن به‌شێوه‌یه‌كی فراوان دركی پێكراوه له مێژووی سه‌ربازی و لێكۆڵینه‌وه ستراتیجییه‌كاندا. به‌شێوه‌یه‌كی ساده ئاكته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌مان ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیان نییە كه ده‌وڵه‌ته‌كان هه‌یانه، ئه‌وان شوێنی زۆر پارێزراویان نییە بۆ پاراستن، یان گۆڕانكاری له چه‌كه‌كان. ڕه‌نگه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كه هاوسۆزی یاخیبووه‌كانن پێداویستی سه‌ربازی و چه‌كیان پێبده‌ن به ڕێگای نهێنی و شاراوه. هه‌روه‌ها ئاكته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌توانن چه‌ك و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی ده‌ستبخه‌ن له ڕێگه‌ی ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی جبه‌خانه‌كانی دووژمنه‌وه (وه‌ك ئه‌وه‌ی له كه‌یسی داعش ڕوویدا به هۆی ئه‌دای خراپی هێزه ئه‌منییەكانه‌وه له عێراق و سووریا له ٢٠١٣ و ٢٠١٤). ئه‌گه‌ر یاخیبووه‌كان كۆنترۆڵی ته‌واویان هه‌بێت به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا، ئه‌وا ئه‌وان ده‌توانن كارخانه‌ی تایبه‌ت به به‌رهه‌مهێنانی خۆیان دروستبكه‌ن، كه به به‌رده‌وامی چه‌ك و پێداویستی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانیان فه‌راهه‌م ده‌كات و ته‌نانه‌ت چه‌كی كه‌م پێشكه‌وتووی ته‌كنه‌لۆجی به‌رهه‌م بهێنن، یان گۆڕانكاری له چه‌كه پێشكه‌وتووه‌كان بكه‌ن كه ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه له دووژمنه‌وه.
هه‌روه‌ها سروشت و توانای دووژمنه‌كه كه شه‌ڕ ده‌كه‌ن، شێوازی شه‌ڕكردنت دیاریده‌كه‌ن. كاتێك جیهادییه‌كان خۆیان له نێوان ٢٠١٢ و ٢٠١٥ ڕێكخسته‌وه، ئه‌وان ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سووریا و عێراق بوونه‌وه كه گرفتاری كه‌موكورتی بوون له وره و توانا و شێوازی تایبه‌ت به‌خۆیان له شه‌ڕكردن له دژی هێزه یاخیبووه ده‌ركه‌وتووه‌كان. ئه‌مه ئاسانكاری له توانای داعش كرد بۆ گرتنه‌به‌ری شێوه‌ی ته‌قلیدی له‌شه‌ڕكردن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتن له تواناكانی سووریا و عێراق وهێزه كوردییه‌كان، هه‌روه‌ها هاتنه‌ناوه‌وه‌ی هێرشه ئاسمانییەكان له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه، داعش ناچار بوو كه دووباره بیر له شێوازی شه‌ڕكردنی بكاته‌وه بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و جموجۆڵانه له‌سه‌ر ئه‌رزی واقیع.
ئایا شێوازێكی شه‌ڕكردنی ئیسلامی بوونی هه‌یه؟
تێگه‌یشتن له شێوازه‌كانی شه‌ڕكردن هه‌رگیز بابه‌تێكی زانستی شیكاری موماره‌سه‌یی نه‌بووه. ئه‌وه‌ی زیاتر په‌یوه‌سته به‌وه‌ی كه چۆن كۆمه‌ڵگاكان و کولتووره‌كان و ده‌وڵه‌ته‌كان شێوازی شه‌ڕكردنی ئه‌وانی تر ده‌بینن و زۆرجار ئه‌مه‌ش ده‌گۆڕێت به‌هۆی كه‌می زانیاری ورد و بوونی ده‌مارگیری سیاسی و کولتووری پێشوه‌خته. ئه‌مه به تایبه‌تی كاریگه‌ری ده‌خاته سه‌ر تێگه‌یشتنمان بۆ شێوازی شه‌ڕكردنی ئاكته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان.
له دوای ڕووداوه‌كانی ١١ سێپته‌مبه‌ره‌وه، ژماره‌یه‌كی زۆری نووسینه‌كان گفتوگۆی ئه‌وه‌یان كردووه كه شێوازی شه‌ڕكردنی ئیسلامیانه بوونی هه‌یه و پشتی به‌ستووه به لایه‌نی تیۆری و پراكتیكی ئیسلامی بۆ جه‌نگ كه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د و شوێنگره‌وه‌كانی. زۆرێك له‌و بابه‌تانه‌ی كه تیشك ده‌خه‌نه سه‌ر ئه‌وه‌ی كه پێیده‌وترێت شێوازی ئیسلامیانه‌ی شه‌ڕكردن زۆر لاوازن له لێكۆلێنه‌وه‌ی قوڵ و به‌ڵگه‌ی مێژوویی، به‌ڵكو زیاتر سیاسی و ڕۆژهه‌ڵاتییه، له‌وه‌دا به‌وه‌ی كه پێشنیاری هه‌یكه‌لێكی نه‌گۆڕی دیاریكراو كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ڕۆژه‌كانی بنیاتنانی دینی ئیسلام ده‌كات و له‌وێوه بۆ شێوازی شه‌ڕكردنی ئه‌مڕۆی ده‌یان هه‌زار گرووپی ئیسلامی له جیهان درێژی ده‌كاته‌وه.
نووسه‌ری ئه‌مەریكی ڕوبرت ئه‌نگلر ده‌نووسێت، ستراتیجی سه‌ربازی داعش وێنه‌یه‌كی ته‌واوی ئه‌وه‌یه كه له لایه‌ن محه‌مه‌ده‌وه (د.خ) له شه‌ڕه‌كانیدا به‌كارهێنراوه. ئه‌نگلر ده‌ڵێت "ستراتیجییه‌كه بریتییه له هه‌ژموونی جیهانی له ژێر فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامدا." له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌نگلر هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كات و مانای ستراتیجی به‌لارێدا ده‌بات. چونكه ستراتیجی بریتییه له ئامڕازێك بۆ به‌دیهێنانی مه‌بەستێك، یان ئامانجێك." دواتر ئه‌نگلر ده‌ڵێت "هێرش و كشانه‌وه تاكتیكییه‌كان، كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی فراوان و به‌كارهێنانی میدیا بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ترس و تۆقاندن و به‌كارهێنانی نه‌وت وه‌ك سه‌رچاوه‌ی داهات و هه‌وڵه‌كانی داعش بۆ ڕاكێشانی ئه‌ندام له كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كان له ڕۆژئاوا وایكرد داعش به‌هێز بێت". به‌ڵام محه‌مه‌د (د.خ) هیچ كام له‌و سه‌رچاوانه‌ی نه‌بوو كه ئه‌نگلر باسی ده‌كات (نه‌وت، میدیای مۆدێرن، یان موسڵمانان كه له ڕۆژئاوا بژین). له كۆتاییدا ئه‌نگلر وه‌ك زۆرێك له ئه‌وانی تر كه بڕوایان به شێوازێكی "ڕۆژهه‌ڵاتی دیاریكراوی جه‌نگ هه‌یه،" پێیوایه كه هێرش و كشانه‌وه‌ی تاكتیكی و كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌یه‌كی فراوان فاكته‌ری سه‌ربازی ئیسلامین، یان تایبه‌تن به ئیسلام. نووسینه‌كه‌ی ئه‌نگلر ته‌نها به‌شێكی بچوكه هه‌روه‌ك زۆرێك تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌ی زۆر هه‌یه له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه پێی ده‌وترێت شێوازی شه‌ڕكردنی ئیسلامی، یان ئیسلامیانه.
به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونه‌ی پێشوو، لێكۆلینه‌وه‌ی ورد له باره‌ی شه‌ڕی جیهادییه‌كان ده‌رده‌كه‌ون. ژماره‌یه‌كی زۆر له توێژه‌ران چه‌ندین توێژینه‌وه‌ی باشیان كردووه و ده‌یانه‌وێت تێبگه‌ن له‌وه‌ی كه چۆن داعش شه‌ڕ ده‌كات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌كیترین لاوازی له شیكردنه‌وه‌كانیان بریتییه له نه‌بوونی چوارچێوه‌یه‌كی چه‌مكی بۆ تێگه‌یشتن له شێوازی شه‌ڕكردنی داعش. به‌شێوه‌یه‌كی گشتی به دوورودرێژی وه‌سفی جه‌نگه‌كان و تایبه‌تمه‌ندی چه‌كه‌كانی داعش كراوه، به‌ڵام هه‌ڵسه‌نگاندنێكی كه‌م كراوه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌وانه واتای چییه.
به‌م دواییانه، هه‌ندێك له چاودێران چوارچێوه‌ی چه‌مكیان بۆ شیكردنه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری داتا له‌سه‌ر پرۆژه سه‌ربازییه‌كانی داعش فه‌راهه‌مكردووه، به تێڕوانین له ستراتیجی سه‌ربازی داعش و شێوازه‌كانی جه‌نگ له ڕووی چه‌مكییه‌وه، ئه‌مه به وردی وه‌سفكردنی جه‌نگه‌كان و ئۆپه‌راسیۆنه مه‌یدانییه‌كانه. ئه‌م بابه‌ته سوود ده‌بینێت له‌و توێژینه‌وانه‌ی پێشوه‌خته له‌سه‌ر شێوازی شه‌ڕكردنی داعش كراوه و زیادكردنی زانیاری له‌سه‌ر ئه‌و پرسه.
شێوازی شه‌ڕكردنی داعش: بیرۆكه و كردار
ئه‌و كه‌سه‌ی كه به‌رپرسیاره له ده‌ركه‌وتنی جوڵانه‌وه‌كه ئه‌بو موسعه‌ب زەرقاوی-یه، ئه‌و كه ناوه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی ئه‌حمه‌د فه‌زل نه‌زل ئه‌لخه‌لایله له شارێكی پیشه‌سازی ئوردن له‌دایكبووه. ساڵی ١٩٨٩، له ته‌مه‌نی ٢٣ ساڵی ئه‌و به‌ره‌و پیشاوه‌ر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك گه‌نجی تردا ڕۆیشتووه، ئه‌وه ڕوونبوو كه زه‌رقاوی له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی یه‌كه‌می له ئه‌فغانستان گرووپه‌كه‌ی ئه‌زموونی ئه‌وتۆی به‌ده‌ستنه‌هێنا له ڕێكخستن و پرسه سه‌ربازییه‌كاندا. زیاتر له‌وه‌ش، له‌گه‌ڵ كۆتایی هاتنی جه‌نگی داگیركاری سۆڤێت و ناكۆكی زۆری نێوان گرووپه جیهادییه‌كان، هیچ كه‌سێك نه‌بوو، یان نه‌یانده‌ویست مه‌شق و ڕاهێنان و هه‌یكه‌لی ڕێكخستنی ئه‌و گرووپانه پێشبخەن. له ماوه‌ی دووه‌م گه‌شتیدا، كه ساڵی ١٩٩٩ بوو، شته‌كان پێشكه‌وتنیان به‌خۆیانه‌وه بینی. هه‌یكه‌لی سه‌ره‌تایی ڕێكخراوه‌یی زه‌رقاوی له‌سه‌ر بنه‌مای سیستمی هه‌ڕه‌می و به‌ڕێوه‌بردن نه‌بوو، به‌ڵكو زیاتر له چوارچێوه‌یه‌كی خێزانی و هاورێیانه مابووه‌وه. كاتێك له ٢٠٠٢ ئه‌وان له گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كه‌یان به ناوی جماعه ئه‌لته‌وحید وه‌لجیهاد گه‌یشتنه عێراق بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داگیركاری داهاتووی ئه‌مەریكا، ئه‌وان دركیان به‌وه‌كرد كه ئه‌وان ئاماده نین بۆ جه‌نگ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه. به دانپێدانانی خۆیان، به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌تایی گرووپه‌كه چه‌ندین كه‌موكوڕیان هه‌بوو، له‌وانه نه‌بوونی بنكه‌یه‌ك بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و نه‌بوونی لێهاتوویی سه‌ربازی و پشتگیری جه‌ماوه‌ری. له ڕاپۆرتێكدا كه له لایه‌ن یه‌كێك له ئه‌ندامه‌كانی به ناوی ئه‌بو ئه‌نەس ئه‌لشامیه‌وه بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت "ئێمه دوای ساڵێك له جیهاد هه‌ستمان به‌وه كرد كه له سه‌ر ئه‌رزی واقیع هیچ شتێكمان به‌ده‌ست نه‌هێناوه. هیچكام له ئێمه نه‌مانتوانی پارچه‌یه‌ك زه‌وی بدۆزینه‌وه بۆئه‌وه‌ی وه‌ك په‌ناگه به‌كاری بهێنین، ئێمه له ڕۆژدا خۆمان ده‌شارده‌وه له شه‌ودا وه‌ك پشیله دزه‌مان ده‌كرد ... ماڵه‌كان هێرشیان ده‌كرایه سه‌ر و به شوێنمانه‌وه بوون. ئه‌وه وێنه‌یه‌كی ڕه‌ش بوو، هه‌موومان هه‌ستمان به شكستێكی گه‌وره كرد".
جه‌نگ له عێراق پاڵی به زه‌رقاویه‌وه نا بۆ په‌ره‌پێدانی ڕێكخستنێكی زیاتر فه‌رمی. گرووپه‌كه ڕێكخراوێكیان دروستكرد كه ئاماده‌بوو بۆ ئه‌ركی تایبه‌تی. ئه‌وان ویستیان سه‌ركردایه‌تییه‌ك دابمه‌زرێنن كه ڕێكخراوه‌كه به‌ڕێوه‌به‌رێت، هه‌روه‌ك چاندنی فه‌وزا و ناسه‌قامگیری ئامانجه‌كه‌ی بوو له عێراق. ڕێكخراوه‌كه به‌ره‌و ئه‌وه ده‌چوو به‌شداری له شه‌ڕی مه‌ترسیدار بۆ یه‌كه‌مجار بكات، بۆ ئه‌مه‌ش پێویستی به بنیاتنانی توانای سه‌ربازی تایبه‌ت بوو به بوونی كۆمه‌ڵێك توانا و لێهاتوویی جیاواز. له سه‌ره‌تادا چه‌كی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان بۆ زەرقاوی بریتی بوو له بۆمبی خۆكوژی و بۆمبی چێنراو. له نێوان نیسانی ٢٠٠٣ و سێپته‌مبه‌ری ٢٠٠٥، چوارسه‌د بۆمبی خۆكوژی و ته‌قینه‌وه له عێراق ئه‌نجامدرا، له ناویاندا ٩٠ دانه‌یان له ئایاری ٢٠٠٥ بوو، ئه‌م ژماره‌یه‌ش به نزیكه‌یی یه‌كسان بوو به‌وه‌ی كه فه‌له‌ستینییەكان له ساڵی ١٩٩٣ ه‌وه بۆ ٢٠٠٥ له ئیسرائیل ئه‌نجامیانداوه. هه‌روه‌ك زه‌رقاوی له چاوپێكه‌وتنێكدا كه له دوای مردنی بڵاوكراوه‌ته‌وه ده‌ڵێت "كاریگه‌رترین چه‌كی براكان، له داوی پشت به‌ستن به خودا, له پێناو سه‌ركه‌وتن بریتی بووه له ئۆپه‌راسیۆنی شه‌هیدبوون (خۆكوژی). ئه‌وه چه‌كی براكان بوو كه بواری وه‌ڵامدانه‌وه‌ی نه‌بووه بۆی و دووژمنه‌كه هیچ چاره‌سه‌رێكی نه‌بووه بۆی. دووژمنه‌كه ناتوانێت ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنانه بوه‌ستێنێت ... له‌و كاته‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ئه‌و شه‌هیدانه ڕۆڵیكی گه‌وره‌یان له لاوازكردنی دووژمن بینیوه و دووژمنی به نائومێدی و ترس و ڕووخانی سایكۆلۆجی گه‌یاندووه".
كاریگه‌ری كه‌مپینی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی خۆكوژی ستراتیجی بوو، به‌ڵام له به‌رژه‌وه‌ندی كۆتاییی ڕێكخراوه‌كه نه‌بوو. كه‌مپینه‌كه هانده‌ربوو بۆ هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی ناوخۆیی له نێوان سوننه و شیعه و بڕیاردانی زۆرێك له گرووپه سونییەكان بۆ دژ وه‌ستانه‌وه‌ی زه‌رقاوی و ڕێكخراوه‌كه‌ی له كۆتاییه‌كانی ٢٠٠٦. ڕێكخراوه‌كه‌ی زه‌رقاوی زۆر لاواز بوو له شه‌ڕكردنی ناو شاره‌كان و به‌كارهێنانی یه‌كه‌ی بچوكی سه‌ربازی و توانای شه‌ڕكردن. ئاستی پسپۆڕی له بواره‌كانی تری سه‌ربازی وه‌ك تۆپ هاویشتن، یه‌كه‌ی هاوه‌ن و نیشانەشکێنەکان و بواری لۆجیستی به‌شێوه‌یه‌كی باش پێشكه‌وتوو نه‌بوو.
شوێنگره‌وه‌كانی زه‌رقاوی هه‌وڵیاندا ڕێكخراوه‌كه زیاتر به‌هێز بكه‌ن و بیریان له‌وه ده‌كرده‌وه كه كاتی ئه‌وه هاتووه ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق ڕابگه‌یه‌نن له ژێر سایه‌ی جێگرتنه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆی زه‌رقاوی، كه ئه‌بو عومەر به‌غدادی بوو بە سه‌ركرده‌ی گرووپه‌كه. ئه‌مه ئه‌و كاته بوو كه ڕێكخراوەکە له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه به‌رده‌وامه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و هێرشی گرووپه سونییە توڕه‌كاندا بوو. ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق له‌و كاته‌دا ئازادی سوڕانه‌وه‌یان زۆر سنوردار بوو، فشارێكی زۆریان له‌سه‌ربوو له‌به‌رئه‌وه‌ی هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی عێراق و هه‌ندێك له گرووپه یاخیبووه‌كانی تر ده‌ستیان كردبوو به پێدانی زانیاری به‌سوود به هێزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه ئه‌وانیش به شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر به‌كاریان ده‌هێنا بۆ كوشتنی سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و له‌باربردنی شانه‌كانیان.
له سه‌ره‌تاكانی نۆڤه‌مبه‌ری ٢٠٠٧، هێزه‌كانی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان هێرشیان كرده سه‌ر حه‌شارگه‌یه‌كی یاخیبووه‌كان له به‌له‌د و ده‌فته‌ری بیره‌وه‌ری ئه‌میرێكی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عێراقیان دۆزیه‌وه به ناوی ئه‌بو تاریق. كه زۆربه‌ی تۆماره‌كانی له ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٧ نووسرابوو، باسی له پاشه‌كشه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ده‌كرد له‌و كه‌رته‌وه. ئه‌بو تاریق كاتێك فه‌رمانده‌ی ٦٠٠ چه‌كدار بووه، كه لیوایه‌كی گه‌وره‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی بووه له كاتێكدا زۆرینه‌ی لیواكانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌و قه‌باره‌یه بچوكتر بوون. به‌ڵام تاوه‌كو ئۆكتۆبه‌ری ٢٠٠٧ ئه‌و ژماره‌یه كه‌مبووبووه‌وه بۆ ته‌نها ٢٠ چه‌كدار. ئه‌و سه‌ركۆنه هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی سوننه‌كانی كردبوو بۆ ئه‌و پاشه‌كشێی ڕێكخراوه‌كه.
ئه‌بو عومه‌ر به‌غدادی دانی به‌و شكسته گه‌وره‌یه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق ناوه و به دوورودرێژی له ژماره‌ی ١٠١ گۆڤاری ڕێكخراوه‌كه به ناوی (ئه‌لنه‌باء) بڵاوكراوه‌ته‌وه، كه باسی پرسه سه‌ربازییه‌كان ده‌كات و به‌ڕوونی ده‌ڵێت "هیچ شوێنێك نه‌ماوه بۆ ئێمه بۆ مانه‌وه ته‌نانه‌ت بۆ چاره‌كه كاتژمێرێك”. ئه‌و ده‌بوایه بڕیاری قورس بدات بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌یكه‌له نیمچه ته‌قلیدیه‌كه و پشت به‌ستن به هۆكاره شاراوه‌كانی وه‌ك تیرۆركردن و ڕفاندن و هێرشی له‌ناكاو و به‌كارهێنانی بۆمبی چێنراو. له‌ده‌ستدانی سه‌رمایه‌ی مرۆیی و پشتگیری خه‌ڵك و ڕێكخراوه یاخیبووه‌كانی تر به شێوه‌یه‌كی زۆر خراپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر شێوازی شه‌ڕكردنی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق هه‌بوو و سه‌ریكێشا بۆ پوكانه‌وه‌یه‌كی خێرا وه‌ك هێزێكی شه‌ڕكه‌ر له ماوه‌ی نێوان ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١١. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سه‌ره‌ڕای لاوازبوون و زیانێكی زۆر تا ٢٠١١، ئه‌وه ڕوونه كه ڕێكخراوه‌كه به‌ته‌واوی له‌ناونه‌برا. كاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان كشایه‌وه، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق به پێگه‌ی خۆیدا چووه‌وه و وانه‌ی وه‌رگرت له هه‌ڵه‌كان و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌كه.
دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه و لاوازبوونه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، ٢٠١٢ بۆ ئێستا
كشانه‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان له ٢٠١١ ئاماژه بوو بۆ كۆتایی لاوازی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق. به‌شێوه‌یه‌كی ساده، هێزه ئه‌منییەكانی عێراق مه‌شقپێكراو نه‌بوون و بێ‌توانا بوون و پلانی تۆكمه‌یان نه‌بوو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی جیهادییه‌كان. له ته‌موزی ٢٠١٢، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق ده‌ستیكرد به یه‌كه‌م دوو كه‌مپینی یاخیبوونی چڕ كه ڕێگا خۆشكه‌ر بوو بۆ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له ٢٠١٤. یه‌كه‌میان "ڕووخانی دیواره‌كان" به به‌كارهێنانی ته‌قینه‌وه‌ی به‌هێزی به‌ستراو له ئۆتۆمۆبیلی بارهه‌ڵگر و ڕۆیشتن به ئاڕاسته‌ی گرتوخانه‌كان و دامه‌زراوه ئه‌منییەكان و ئامانجه ئاسانه‌كان. ئه‌وه به‌رده‌وام بوو بۆ ماوه‌ی ساڵێك و ئه‌مه داڕێژرا بوو بۆ ئازادكردنی زیندانییەكان و ئیستفزازكردنی پێكهاته‌ی شیعه بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه. دووه‌میان "به ئامانجگرتنی سه‌ربازه‌كان" كه له ته‌موزی ٢٠١٣ه‌وه ده‌ستیپێكرد، كه‌مپینێك بوو به ئامانجی تیرۆركردن و به‌كارهێنانی بۆمب له دژی هێزه ئه‌منییەكان. ئه‌م كه‌مپینانه سه‌رچاوه‌ی باشیان بۆ دانرابوو و به ئاستێكی به‌رزی پسپۆڕییه‌وه ئه‌نجامده‌دران.
ده‌ركه‌وتنی توانا ته‌قلیدییه‌كانی شه‌ڕكردنی داعش
له ٢٠١٣، ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق ناوی خۆی گۆڕی بۆ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و سووریا (داعش)، ئه‌مه‌ش به‌هۆی بڕیاردانییەوه بوو بۆ به‌شداریكردن له شه‌ڕی ناوخۆی سووریا له دژی ڕژێمی به‌شار ئه‌سه‌د. داعش به‌ره‌و ڕێكخراوێكی زۆر تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربازی ڕۆیشت كه ده‌یتوانی شه‌ڕ بكات به به‌كارهێنانی شه‌ڕی پارتیزانی و جه‌نگی نیمچه ته‌قلیدی جوڵاو. ئه‌م توانایانه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌كارهێنا له ناوه‌ڕاستی ٢٠١٤ و دواتر له هه‌ردوو ئۆپه‌راسیۆنی هێرش و به‌رگری له عێراق و سووریا، به‌تایبه‌تی له ماوه‌ی شكستی هێزه‌كانی سووریا له ئه‌لته‌به‌قه و مه‌ناغ و دێرەزوور و تەدمور، هەروەها له شكستی هێزه‌كانی عێراق له موسڵ و تكریت و ڕومادی. ترسناكی هێرشه‌كانی داعش له سووریا و عێراق به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی هۆكار بوون بۆ ڕووخاندنی توانا و وره‌ی یه‌كه سه‌ربازییه‌كان له عێراق و سووریا. شكستی هێزه‌كانی عێراق و سووریا له ٢٠١٤ هۆكار بوون بۆ ئه‌وه‌ی داعش جبه‌خانه‌ی گه‌وره و كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی زۆری ده‌ستكه‌وێت. داعش توانی ئه‌وه‌نده ناوچه داگیر بكات كه خیلافەته‌كه‌ی تێدا ڕابگه‌یه‌نێت – ده‌وڵه‌تی ئیسلامی – كه نزیكه‌ی ٨ ملیۆن هاوڵاتی له ژێر كۆنترۆڵیدا بوو.
داگیركردنی ئه‌و ناوچانه ده‌رفه‌تێكی به داعشدا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به بنیاتنانی توانای شه‌ڕكردنی ته‌قلیدی بكه‌ن و به‌رهه‌مهێنانی توانستی سه‌ربازی خێرا و توانای گۆڕانكاری له چه‌كه‌كان كه زۆر سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو له به‌رهه‌مهێنانی چه‌كه‌كان، گۆڕانكاری له چه‌كه ده‌ستبه‌سه‌رداگیراوه‌كان و به‌رهمهێنانی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بۆ هێزه‌كانیان. ئه‌وان بڕێكی زۆری تۆپهاوێژی ڕووسی و ئه‌مەریكیان له هێزه عێراقییه‌كان و تۆپ هاوێژی ڕووسی له هێزه‌كانی سووریاوه ده‌ستبه‌سه‌رداگرت. هه‌روه‌ها داعش تانكه‌كانی به‌كارده‌هێنا بۆ شكاندنی به‌رگری دووژمن و تۆپبارانكردنی دووژمن له به‌رژه‌وه‌ندی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی داعش كه زۆرجار به تۆیۆتا پیكاب هێرشیان ده‌كرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، داعش تۆپهاوێژه‌كانی له جه‌نگه گه‌وره‌كان به‌كارنه‌ده‌هێنا و وا ده‌رده‌كه‌وت كه ئه‌وان بێ توانا بوون له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ زیاتر له یه‌ك، یان دوو تانك له یه‌ك كاتدا. له جیاتی ئه‌وه، یه‌كه سه‌ربازییه بچوكه‌كانی داعش مووشه‌كی دژه تانكیان به‌كارده‌هێنا له هه‌ردوو كاتی هێرش و به‌رگریدا و چالاك بوون له پێكانی ژماره‌یه‌ك تانك و ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی دووژمن.
خۆلادانی داعش له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداری فراوان ده‌كرێت ڕێگایه‌ك بووبێت بۆ خۆلادان له پێدانی ده‌رفه‌ت به دووژمن بۆ به‌كارهێنانی هێزی ئاسمانی له لێدانی یه‌كه سه‌ربازییه فراوانه‌كان. نووسینه‌كانی داعش ده‌ریده‌خه‌ن كه ئه‌وان زۆر نیگه‌ران بوون به كاریگه‌ری هێزی ئاسمانی دووژمن له‌سه‌ر تواناكانیان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆن له‌سه‌ر وشكانی. ئه‌مه‌ش به ڕوونی له چه‌ند بابه‌تێكدا كه ئاماژه به "چۆنێتی شه‌ڕكردن له ژێر چاوی فڕۆکەی دووژمندا" ده‌كات، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه، پێشنیاری ئه‌وه كراوه كه بڵاوپێكردنی هێزه وشكانییەكانی داعش و فریودان و فێڵكردن له مه‌یدانی جه‌نگ له‌به‌رچاو بگیڕێت.
به‌پێچه‌وانه‌ی ڕێكخراوه‌كانی پێش خۆی، داعش ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداری پیاده‌ی له چوارچێوه‌ی یه‌كه سه‌ربازییه تایبه‌ته‌كان ڕێكخست كه زیاتر سیمایه‌كی ته‌قلیدی شه‌ڕكردنیان هه‌بوو كه پێكهاتبوون له یه‌كه‌ی شه‌ڕكه‌رانی بیانی و چه‌كداره لۆكاڵییه‌كان. ئه‌م هێزه ڕێكخراوه یه‌كسانن به هێزه تایبه‌ته‌كانی سوپایه‌كی ئاسایی. ئه‌وان خۆكوژ نین، به‌ڵام باش ڕاهێنراون كه ئه‌ركه‌كه‌یان شكاندنی دیواری به‌رگری دووژمنه به‌هه‌ر نرخێك بێت. هه‌روه‌ها ئه‌وان له هێڵه‌كانی پێشه‌وه وه‌ك سه‌ربازی هێرشكه‌ر به‌كارده‌هێنران، بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی ئاشکرا کردن و بۆ پاڵپشتیكردنی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی داعش.
هێزه‌كانی پیاده‌ی داعش دابه‌شكرابوون له نێوان بیانییەكان و سووری و عێراقییه لۆكاڵییه‌كان. چه‌كداره بیانییەكان زیاتر له ڕووی ئایدۆلۆجییه‌وه هاندرابوون وه‌ك له یه‌كه لۆكاڵییه‌كان كه زیاتر به‌هۆی سته‌می حكومه‌ته‌كانی خۆیان له سووریا و عێراق هاندرابوون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پرسی یه‌كڕیزی و دیسپلین له‌نێو یه‌كه سه‌ربازییه بیانییەكان و له نێو چه‌كداره لۆكاڵییه‌كان بووه جێگه‌ی نیگه‌رانی له دوای چه‌ند شكست و پاشه‌كشێیه‌ك كه به‌دوای سه‌ركه‌وتنه‌كانی ٢٠١٤ دا هات. ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی چه‌ند سه‌ربازگه و بنكه‌یه‌ك له عێراق و سووریا ( وه‌ك میناغ و ئه‌لته‌بەق) پیشانیدا كه داعش یه‌كه‌ی سه‌ربازی بچوكی ته‌قلیدی كاریگه‌ری دروستكردووه.
شێوازی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به شێوه‌یه‌كی دراماتیكی پێشكه‌وتنی به‌خۆیه‌وه بینی له ماوه‌ی نێوان ٢٠١٣ – ٢٠١٥. به‌رپرسه‌كانی داعش توانای فه‌رمانده‌یی، كۆنترۆڵ و هاریكاری و مانۆڕی هاوبه‌شی نێوان تیمه‌كانیان هه‌بوو له هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانی حكومه‌ت له سووریا و عێراق. دواتر كه داعش به ناچاری په‌نای برده به‌ر به‌رگریكردن له شاره‌كان، یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌یانتوانی به‌رگری بكه‌ن له ناو شاره‌كان تا ئه‌و كاته‌ی فه‌رمانیان پێده‌كرا خۆیان بدزنه‌وه بۆ بیابانه‌كان، یان ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شار.
ته‌نانه‌ت شێوازه ته‌قلیدییه‌كه‌ی به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو بووه میكانیزمێكی بكوژی به‌هێز و به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌رتر له شه‌ڕی شاره‌كان به‌كارده‌هێنرا. داعش شێوازی خۆكوژی له ڕێگه‌ی بۆمبه‌وه برده قۆناغێكی تره‌وه كه له پشتوێنی بۆمبرێژكراوه‌وه ده‌ستیپێكرد بۆ سه‌رنشینی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو، كه له هه‌مانكاتدا ده‌ستڕێژیان ده‌كرد و به ئۆمبێله‌كه ملیان ده‌نا به هێزه‌كانه‌وه. هه‌روه‌ها له كۆتاییدا داعش ده‌یتوانی گۆڕانكاری له‌و ئۆتۆمبێله سه‌ربازییه گه‌ورانه‌ی كه ده‌ستیكه‌وتبوون بكات بۆ ئه‌وه‌ی ببنه ئامڕازی ته‌قینه‌وه‌ی زۆر ئاست به‌رز. ئه‌م توانایه‌ی داعش له به‌رهه‌مهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو له به‌رگریكردن له موسڵ له دژی سوپای عێراق جێگه‌ی سه‌رسوڕمان بوو. داعش هێزه پیاده‌كانی هاوپه‌یمانانی تووشی شۆك كرد كاتێك فڕۆكه‌ی بێ فڕۆکەوانی ساده‌ی به‌كارهێنا له مه‌یدانی جه‌نگه‌كان. داعش فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆ چه‌ندین مه‌به‌ست به‌كارده‌هێنا له‌وانه: بۆ فه‌راهه‌مكردنی چاودێریكردن و كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری، بۆ به‌ردانه‌وه‌ی كه‌لوپه‌لی سه‌ربازی بچوك و بۆمبی ده‌ستی بۆ سه‌ر هێزه پیاده‌كانی دووژمن، بۆ ڕێنوێنی كردنی شۆفێری ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان به ئاڕاسته‌ی ئامانجه‌كانیان، هه‌روه‌ها یارمه‌تیدانی یه‌كه سه‌ربازییه‌كانی داعش له دانانی پلانی به‌رگری و هێرشكردنه‌كان.
كه‌مبوونه‌وه‌ی توندوتیژییه‌كان: كه‌مپینی یاخیبوون و تیرۆریستی
له دوای ساڵی ٢٠١٦ به دواوه، داعش ناچار به به‌رگریكردن كرا و له‌ده‌ستدانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ده‌ستیپێكرد. به‌زاندنی داعش بووه هۆی له‌ده‌ستدانی له ٩٠٪ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی و مردنی ژماره‌یه‌كی زۆری چه‌كداری به‌توانا و وێرانبوونی ئامڕازه سه‌ربازییه‌كانی به‌شێوه‌یه‌ك توانای شه‌ڕی كاریگه‌ری نه‌ما.
له‌ده‌ستدانی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش دووجار شكست بوو بۆ توانا ته‌قلیدییه سه‌ربازییه‌كه‌ی داعش و پرۆژه‌ی بنیاتنانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی. به‌رپرسه‌كانی داعش هه‌وڵیاندا له گرنگی ئه‌و شكسته كه‌مبكه‌نه‌وه و ده‌یانوت هه‌مان شت پێشتر ڕوویداوه له ماوه‌ی نێوان ٢٠٠٨- ٢٠١٠، به‌وه‌ی ئه‌وان ئاماده بوون بۆی جارێكی تر، له كۆتاییدا ئه‌وان ئه‌م شكسته‌ی دواییان قه‌ره‌بوو ده‌كه‌نه‌وه و زاڵ ده‌بن به‌سه‌ریدا.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له دوای شكسته گه‌وره‌كه‌ی داعش په‌نای برده‌وه بۆ شه‌ڕی پارتیزانی و تیرۆریستی. ئه‌مه چاوه‌ڕوانكرابوو له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ده‌ستدانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌ستی ئاكته‌رێكی ناوده‌وڵه‌تی ناچاری ده‌كات بگه‌ڕێته‌وه بۆ شێوازه بچوكه‌كانی شه‌ڕكردن. هه‌مان سیناریۆی به‌زاندن و له‌ده‌ستدانی ناوچه‌ی زه‌مینی له ڕابردوودا، وای له سه‌ركرده‌كانی داعش كرد كه بژارده فه‌راهه‌مه‌كان له‌به‌رچاو بگرن له ٢٠١٦. ئه‌وان دركیان به‌وه كرد كه پێگه‌یان وه‌ك كیانێكی هه‌رێمی ناتوانرێت به شێوه‌یه‌كی باش به‌رگری لێبكرێت، له‌به‌رئه‌وه ئه‌وان ده‌بوایه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ شێوازی ئۆپه‌راسیۆنی سووكتر و ساده‌تر له‌پێناو مانه‌وه‌ی كاریگه‌ریان. له وتاری ئابی ٢٠١٨ی سه‌ركرده‌ی داعشدا، ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌ڵێت "بۆ موجاهیده‌كان، قه‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنه‌كان، یان شكسته‌كان پشت نابه‌ستێت به شارێك، یان شارۆچكه‌یه‌كی دزراو، یان ملكه‌چ بێت بۆ باڵاده‌ستی ئاسمانی، موشه‌كی بالستی، یان بۆمبی زیره‌ك."
له دوای ٢٠١٧ه‌وه چه‌كدارانی داعش به به‌رده‌وامی هێرشی پارتیزانی و تیرۆریستیان ده‌كرده سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی و هێزه ئه‌منییەكان و پۆلیس و میلیشاكانی دژی داعش له سووریا و عێراق. شانه نهێنییەكانی داعش ئه‌ركی نهێنیان پێسپێردرابوو وه‌ك تیرۆركردن و كاری تێكده‌رانه له شاره‌كان.
ده‌ره‌نجام
هێشتا زۆر زووه بگه‌ین به ده‌ره‌نجامێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه سه‌باره‌ت به شێوازه‌كانی شه‌ڕكردنی داعش. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌كرێت هه‌ندێك خاڵی سه‌ره‌كی تیشكی بخرێته سه‌ر له‌م كورته پێداچوونه‌وه‌ی شێوازی شه‌ڕكردنی داعش.
یه‌كه‌م، سه‌ركرده‌كانی داعش ڕووبه‌ڕووی دوو كێشه‌ی گشتی بوونه‌وه كه زۆرێك له كیانه‌كان ڕووبه‌ڕووی ده‌بنه‌وه له جه‌نگی نابه‌رامبه‌ردا ئه‌وانیش: (ا) چۆن لاوازه‌كان به به‌هێزی شه‌ڕ ده‌كه‌ن، (ب) چۆن لاوازه‌كان به‌هێزه‌كان ده‌به‌زێنن. ده‌كرێت لاوازه‌كه هه‌رجۆرێك بێت له كیانێكی ڕێكخراو كه شه‌ڕی كیانێكی به‌هێزتر ده‌كات كه ژماره‌یه‌كی زۆرتری شه‌ڕكه‌ر و ته‌كنه‌لۆجیای باشتر و سه‌رچاوه‌ی زیاتری هه‌یه. ئاكته‌ری ناده‌وڵه‌تی ناتوانێت هه‌مان توانای ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی هه‌بێت. له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت شێوازی تر بۆ شه‌ڕكردن له پێناو دووژمنه به‌هێزه‌كه‌ی بدۆزێته‌وه. له‌م پێكدادانانه‌ی دواییدا كه ئاكته‌ره ناده‌وڵه‌تییه‌كان به‌شداریان كردووه چه‌ندین شێواز و ئامڕازی جیاوازی شه‌ڕكردنیان په‌ره‌پێداوه له ستراتیج و سیستمی چه‌ك، كه بووه‌ته هۆی گره‌نتیكردنی كاریگه‌ری گه‌وره‌ی سه‌ربازی و به‌رگری زیاتر له دژی دووژمنه‌كان.
دووه‌م، داعش به‌رده‌وامبوو له بوون به ڕێكخراوێك كه ئه‌زموون و وانه‌ی وه‌رده‌گرت. داعش میتۆدی گوڵبژێری جێبه‌جێ ده‌كرد، واته له هه‌موو سه‌رچاوه‌كانه‌وه شتی وه‌رده‌گرت – له كۆن و مۆدێرن – له ئیسلامی و غەیره ئیسلامی بۆ شێوازی شه‌ڕكردنی. ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌سه‌ندكراوه ئه‌وه‌یه كه له كاتێكدا لایه‌نی ئایینی داعش هه‌مان ئه‌وه‌ی سه‌ده‌ی حه‌وته، به‌ڵام ئه‌وان كیانێكی مۆدێرنن له‌وه‌ی كه چۆن ئایدۆلۆجیاكه‌یان بڵاوده‌كه‌نه‌وه، چۆن ڕێكخراوه‌كه‌یان بنیات ده‌نێن، چۆن خه‌ڵك ده‌هێننه ڕیزه‌كانیانه‌وه، چۆن ئۆپه‌راسیۆنه‌كانیان ئه‌نجامده‌ده‌ن، چۆن پاساو بۆ كاره دڕندانه‌كانیان ده‌هێننه‌وه، له كۆتاییدا چۆن شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
سێیه‌م، داعش به‌ره‌و ئاكته‌رێكی ناده‌وڵه‌تی دوو ڕه‌گ چوو له دوای ٢٠١٢. زاراوه‌ی "توانای دوو ڕه‌گ" یان " جه‌نگی دوو ڕه‌گ" چه‌مكێكی ئاڵۆزه و ڕوونكردنه‌وه‌ی ئاسان نییە. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له مه‌به‌ستی ئه‌م بابه‌تدا، ئاكته‌ری ناده‌وڵه‌تی دوو ڕه‌گ، دوو كاره‌كته‌ری بنه‌ڕه‌تی هه‌یه ئه‌وانیش: (ا) به‌پێچه‌وانه‌ی گرووپه تیرۆریستییه ته‌قلیدییه‌كان كه سه‌رچاوه‌كانیان سنووردار بوو، داعش هه‌یكه‌لێكی به‌هێز و بكوژی په‌ره‌پێدا له ڕێكه‌ی ئامڕازه ته‌قلیدییه تیرۆریستییەکان و ته‌كنیكه‌كانی یاخیبوون و توانا بۆ ئه‌نجامدانی جه‌نگی نیمچه ته‌قلیدی، (ب) به پشت به‌ستن به بارودۆخه‌كان و ژینگه و كاره‌كته‌ره‌كانی دووژمن، داعش ده‌یتوانی شێوازی گونجاو له كرده‌ی تیرۆیستییه‌وه تا ده‌گات به جه‌نگی نیمچه ته‌قلیدی هه‌ڵبژێرێت. ئه‌مه ڕوون بوو له ساڵی ٢٠١٦، كاتێك داعش ناوچه‌یه‌كی فراوان و ژێرخانه‌كه‌ی له‌ده‌ستدا ناچار بوو بگه‌ڕێته‌وه بۆ پلانی تیرۆریستی، یان شه‌ڕی پارتیزانی له‌وانه‌ش: بۆسه‌ی بچوكی خێرا، بۆمبی خۆكوژی تاكه‌كه‌سی و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو به به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی مه‌ده‌نی. كاتێك داعش ڕووبه‌ڕووی هێزه‌كانی سوپایه‌كی ته‌قلیدی شه‌كه‌ت بووه‌وه له مه‌یدانی جه‌نگ، ئه‌وان توانیان به‌رزترین ئاستی توندوتیژی به‌كاربهێنن و به جه‌نگی نیمچه ته‌قلیدی شه‌ڕ بكه‌ن.