هیوا موسا ڕهحیم
بۆ ئەوەی لەم کتێبەی دکتۆر سەردار تێبگەین باشترە لەدیدی تێۆرەی دەوڵەتی شارساتنیەوە بچینە ناوییەوە. ئەگەرچی دونیای کوردی بێ ئاگایە لەم چەمکەو لەم یەکە نوێیەی دەوڵەت کە سەری هەڵداوەو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ دێتە بەردەم دەرگاکەمان. بەجۆرێک ئەگەر سەدەی نۆزدە بە سەدەی گەشانەوەو سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم ناوببەین ئەوا دەکرێت سەدەی نوێ ( سەدەی بیست و یەک) بەسەدەی سەرهەڵدان و گەشەکردنی دەوڵەتی شارستانی ناوببەین.
دەوڵەتی شارستانی تێرمێکە بانگەشە بۆ دەوڵەتێکی هەمەجۆر دەکات نەک زمان و ئیتنیکێکی دیاریکراو ناوچەیەکی مێژوویی. واتە بەهەموو پێوەرێک تێرمی دەوڵەتی شارستانی جیاوازە لە دەوڵەتە نەتەوەو بانگەشەکانی دەوڵەت نەتەوە. لەم ڕوەوە دەکرێت نمونەکانی چاینە، هندستان، تورکیا ئێران وەرگرین.
بەڵام نابێت خەڵك توشی چەواشە ببێت بەوشەی شارستانی، نابێت بە دۆخێکی پۆزەتیڤ لەم تێرمە بڕوانن، بەڵکو ئەو بەئاشکرا دیدێکی نالیبراڵە. چون ئەو لەسەر دیدێک خۆی بونیاد دەنێت کە دژ بەجیهانیبونی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی یە. ئەو بەئاشکرا دەڵێت کە بانگەشەکردن بۆ پێناسەکردنی جیهانیبونی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراتیەکی گشتی ستاندارد لەجیهاندا پێناسەو ناساندنێکی هەڵەیە.
بەپێچەوانەی بەگەردونکردنی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، دەوڵەتی شارستانی بانگەشەی ئەوەدەکات کە هەموو شارستانیەتێک پێویستی بە دام و دەزگایەکی سیاسی یە کە ڕەنگدانەوەی کلتورەکەی خۆی بێت.
مەترسیەکی تری ئەم فۆرمە لەدەوڵەت ئەوەیە تایبەت و دیارکراوە، مەبەست ئەوەیە کە کەمینەکان وپەناهەندەکان ناتوانن خۆیان بگونجێنن لەناو ئەم سیستمەدا چونکە ئەوان بەشێک نین لە چەقی شارساتانییەکە کە بانگەشەی بۆ دەکات. واتە لە چاینەدا تەنها هانەكان چەقی شارستانیەتی چینین .
لەیەکێک لەکۆنگرە ڕۆژنامەنوسیەکاندا سەرۆکی چاینە ژینگ پینگ باسی لە شارستانیەت و مێژووی بێ هاوتای چاینەکرد. ئەگەر چی ئەم ئایدیایە لەلایەن ڕۆشنبیری چاینی ژانگ واوی لە زانکۆی فودان بەرزکرایەوەو گەشەیپێدرا. بەجۆرێک ئەو لەکتێبەکە کاریگەرەییەکەیدا ''شەپۆلەکانی چاینە، سەرهەڵدانی دەوڵەتی شارستانی'' ژانگ ئارگومێنتی ئەوەدەکات کە دەوڵەتی مۆدێرنی چاینە سەرکەوتووبوە چونکە ئەو لەپشت بەستن بە ئایدیای ڕۆژئاوایی گەڕاوەتەوە و بایداوەتەوە سەر ڕەگی خۆی و شوێن مۆدێلی خۆی لە کۆنفۆشس و نەریتی میریتۆکراتیک کەوتوە.
نوسەری ئەم کتێبەس دکتۆر سەردار، بەترسێک دەڕواتە ناو کتێبەکەوە ئەویش ترسی نزیک بونەوەی چین و عێراقە، ئەم ترسە پەیوەندی بە دو خەسڵەتەوە هەیە لەلای چاینیەکان، یەکەم دیدی چاینەو بۆ سەروەری، دوەم دیدی چاینە بۆ مرۆڤ.
لەیەکەمیاندا وەک نوسەر ڕونیدەکاتەوە سەروەری لای چاینە چەمکێکی ڕەقە ناکرێت و نابەسریتەوە بە بابەتی بەرپرسیاریتەوە وەک ئەوەی لەدوای جەنگی ساردەوە سەریهەڵداوە، وەک ئەوەی لای ئاگامبین ودرێدا، تەنانەت، لای ئەمریکاو، بەریتانیای سەردەمی تۆنی بلێر هەیە، تۆنی بلێر ئەو جگە لەوەی وەک سیاسییەك کە سەرۆک وەزیران بوە لەهەمانکاتدا وەک ئەکادیمییەک زۆر پاڵپشتی چەمکی دەستێوەردانە لەپێناو پاراستنی مافەکانی مرۆڤدا. بەڵام چاینە زیاتر پاڵپشتی ناوەند دەکات وەك خاوەن سەروەری نەک هەرێم . چون چاینە خۆی خاوەن کێشەی نەبونی دیموکراسی و مافی مرۆڤی هەیە لەناو خۆیداو بەرامبەر بە پێکهاتەکانی ناوخۆی.
مەترسییەکی تری نزیکی چاینە لەعێراق و هاتنی وەک زلهێزێک بۆ ناوچەکە بونی دیدی چاینەیە بۆ مرۆڤ، وەک نوسەر ڕونیدەکاتەوە کە چاینە ڕوانینێکی مادی هەیە بۆ مرۆڤ، ئەو مرۆڤ وەک بونەوەرێکی سیاسی نابینێت. مافی مرۆڤ، دیموکراسی لەڕوانینی چاینەدا وەک پرۆژەی ڕۆژئاوای دەبینن دژ بەژیاری چاینی، وەک لەئایدیای دەوڵەتی شارستانی لەسەرەوە رونمان کردەوە.
ئەگەر بێت و ئەم ڕوانییە زاڵ ببێت لە ناوچەکەدا وەک لەناو پرۆژەی دەوڵەتە شارستانییەتەکەی تورکیاو ئێران و ڕوسیاشدا هەیە ئەوا کورد زەرەرمەندی سەرەکی دەبێت. بەتایبەت کە ئێمە لەم سەروەختەدا لەپاشەکشەی ئەمریکاین لەناوچەکەدا.
چاینە کە لەسەر میراتی چینی کەلتوری هاتوە، کە ئێستاش لەڕێگەی دەوڵەتی شارستانی بەردەوامی بەم دیدە کەلتورییەی خۆی بدات، مەبەستمان لەکەلتور وەک دوبارەکردنەوەو پاریزگاریکردن لە نەریتی کۆن نایەت، بەڵکو کەلتور وەک ڕێگای هەژەمۆنیەت وەک قوتدانی ئەوانی دی وەک بکەری سیاسی و لە سیاسی خستنیان دێت. چاینە دەیەوێت لەڕێگەی کەلتورەوە ئەوانی تر بگرێتەخۆی و فرە کلتوری قبوڵکات بەڵام ئەم فرە کلتوری یە، وەک نوسەر ڕونیدەکاتەوە بۆ کوشتنی ڕۆحی بەرگری و بێدەنگکردنی ئەوی دی یە. ئێران لەم سیاسەتەیدا سەرکەوتوبوە، ئەو لەڕێگەی کرانەوەی کلتوری بە نەتەوەکانی ناو ئێرانەوە توانیوێتی ئەوانیتری ناو ئێران بێدەنگکات و دایان ببڕێت لەمرۆڤێکی سیاسی ودوریان بخاتەوە لەهەموو بەرگری و جوڵەیەکی سیاسی و نەتەوەی .
نوسەر لەبەشێکیتری کتێبەکەیدا لەمەڕ ئاشتی لیبراڵ ئاوڕی لە دوو دیدی باڵادەست داوەتەوە لە هەناوی سیاسەتی ئەمریکیدا ، ئەوانیش دیدی جۆن مێرشمایەرو جۆن ئیکنبیری یە، کە من باوەڕم وایە بۆ ئێمەی کورد گرنگە کە مێرشمایەر وەک ڕیالیستێک بخوێنینەوە و بەئاگابین لە داهاتومان.
.جۆن مێرشمایەر باوەڕی وایە'' کە ئاشتی لیبراڵ کاتێک دروست دەبێت کە جیهان خاوەنی یەک جەمسەرو یەک هێزبێت ، وەک بینیمان دوای جەنگی سارد'' بەڵام ئێستا کە هێزیتر هاتوەتە ناوچەکە ئیدی بۆ ئەمریکا قورس دەبێت کە تاک جەمسەرو تەنها هێزی کاریگەر بێت، دەکرێت وەک مێرشمایەر دەڵێت'' دەکرێت وەک سەردەمی هاوسەنگی هێز لێی بڕوانین لەدۆخیکی ئاوادا ئاشتی گرنگی نامێنێت بەڵکو لەبری ئەوە ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن ململانێ بکەن، لەم دۆخەشدا ئەوەی بۆ ئەمریکیەکان گرنگە سروشتی ڕژێمەکە نی یە بەڵکو لایەنگیرییەتی''
ئەم دیدە جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە بۆ ئیمەی کورد. چون دەبێت خۆمان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادەبکەین کە چیتر ئەمریکا دەستێوەردان لە کەیسی وڵاتێکدا ناکات بەناوی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاشتی جیهانییەوە، بەڵکو ئەوەی گرنگە بۆ ئەو، ئەوەیە کە چۆن ڕژێمەکان و دەوڵەتەکان و ئەکتەرە هەرێمایەتیەکان وەک لایەنگرو دۆستی خۆی بهێڵێتەوە، ڕەنگە باشترین نمونە تاڵیبان بێت لەم ڕوەوە. لەبەر ئەوەیە کورد دەبێت زیاتر لەناوەوە بەهێز بێت لەهەموو ئاستەکانەوە، بۆ ئەوەی وەک هێزیک بمێنێتەوەو توانای بڕیاری هەبێت چ لە عێراق و چ لە سوریا. ئەگینا لەبەهێزبونی دەوڵەتانی عێراق و سوریادا ئەوا ئەمریکیەکان ناچار دەبن ڕەفتار لەگەڵ ئەکتەرە دەوڵەتیەکاندا بکەن.