هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه
پێشەکی
له‌ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا مملانێى نه‌ژادی كێشه‌یه‌كى
به‌ربڵاو و مه‌ترسیداره، ئاڵنگارییه‌كى گه‌وره‌یه بۆ سه‌ر ئاشتى و سه‌قامگیرى جیهانى.
كێشه‌كه كاتێك سه‌رهه‌ڵده‌دات كه گرووپه نهژادییهكان له‌سه‌ر هه‌مان ئامانجی
دیاریكراو كێبڕكێ بكه‌ن، ئه‌و ئامانجه دەشێت ده‌سه‌ڵات بێت، یان ده‌ستڕاگه‌یشتن به
سامان و سه‌رچاوه‌كان بێت، یاخود ده‌كرێت له‌سه‌ر هه‌رێمێكى دیاریكراو بێت. به‌واتایه‌كى
تر، ململانێی نه‌ژادی ده‌كرێت ده‌رئه‌نجامی فاكته‌رى سیاسی، ئابوورى، کولتووری، یان
ژینگه‌یی بێت. ئه‌م توێژینه‌وه‌یه به‌شوێن دیاریكردن و ڕیزكردنى فاكته‌ره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانی
ململانێی نه‌ژادییه‌وه نییە، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات له‌ڕووى تیۆرییه‌وه، له‌سه‌ر
بنه‌مای تیۆره دیاره‌كانى بوارى ململانێى نه‌ژادی وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره بداته‌وه
"ئایا ململانێى نه‌ژادیی به هۆى جیاوازییه نهژادییهكانهوه دروستده‌بێت،
یان به‌هۆى ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه دروستده‌بێت كه جیاوازییه‌كان بۆ مه‌رامی تایبه‌تى
خۆى به‌كارده‌هێنێت؟ تیۆره‌كانى ڕوونكردنه‌وه‌ى هۆكاره‌كانى ململانێى نه‌ژادی له‌سه‌ر
بنه‌مای تێگه‌یشتنیان بۆ سروشتى ناسنامه‌ى نه‌ژادی هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى
ململانێی نه‌ژادی دیاریده‌كه‌ن، له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ماش چاره‌سه‌ر بۆ ململانێى نه‌ژادیی
پێشكه‌ش ده‌كه‌ن. پرسیارى سه‌ره‌كی لێره‌دا ئه‌وه‌یه كێ ململانێى نه‌ژادی دروستده‌كات؟
ئایا جیاوازییه نهژادییهكان هۆكارن، یان ده‌سته‌بژێرى سیاسی؟ ئه‌م توێژینه‌وه‌یه
به پشت به‌ستن به تیۆره‌كانى پرایمۆدیاڵ، تیۆرى ئینسترومێنتاڵ، تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى،
تیۆرى دامه‌زراوه‌یی وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره ده‌داته‌وه.
پاشخانێك له‌باره‌ى ململانێى نه‌ژادی
ململانێى نه‌ژادی (Ethnic conflict) بووه‌ته كێشه‌یه‌كى
سه‌ره‌كى و باو له سه‌رانسه‌رى جیهاندا، به‌لایه‌نى كه‌مه‌وه له‌ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا
یه‌ك له‌سه‌ر سێى وڵاتانى جیهان ڕووبه‌ڕووى ئه‌م گرفته بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌تى
له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیسته‌مه‌وه(١). ململانێی نه‌ژادی، به‌بۆچوونى پاتریك ئۆنێڵ،
ده‌كرێت پێناسه بكرێت وه‌ك ململانێیه‌ك له‌نێوان گرووپه نهژادییهكاندا له‌پێناو
به‌ده‌ستهێنانى كۆمه‌ڵێك ئامانجی سیاسی یان ئابووری دیاریكراو له‌سه‌ر حسابی یه‌كترى.
هه‌ر گرووپێك هه‌وڵده‌دات هێزی خۆى زیاتر بكات له ڕێگه‌ى به‌ده‌ستهێنانى كۆنتڕۆڵی
زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه سیاسیانه‌ى كه بوونیان هه‌یه هاوشێوه‌ى ده‌وڵه‌ت
و حكومه‌ت(٢). كارڵ كرۆدێڵ و ستیڤان ۆڵف پێناسه‌ى ململانێى نه‌ژادی ده‌كه‌ن وه‌ك
ململانێیه‌ك كه لایه‌نى كه‌م یه‌كێك له لایه‌نه‌كانى ململانێ له‌ڕووى نه‌ژادییه‌وه
ئاماژه بۆ ئامانجه‌كانى خۆى ده‌كات(٣). به‌ڵام نه‌ژاد Ethnicity) ) پێناسه ده‌كرێت وه‌ك
زاراوه‌یه‌ك كه ئاماژه‌یه بۆ هه‌ستی پێكه‌وه بوونێكى هاوبه‌ش (ئینتیما بۆ گرووپێك)،
بنه‌ما ده‌كرێت له‌سه‌ر ڕهگوڕیشهیهكى هاوبه‌ش له‌وانه‌ش زمان، مێژوو، کو‌لتوور،
نه‌ژاد و ئایین(٤). یاخود هه‌روه‌ك پاتریك ئۆنێڵ ده‌ڵێت ناسنامه‌ى نه‌ژادی كۆمه‌ڵێك
تایبه‌تمه‌ندییه كه خه‌ڵك پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه له‌ڕێگه‌ى کولتوورێكى هاوبه‌شه‌وه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه ده‌كرێت زمان، ئایین، شوێنى جوگرافی، داب و نه‌ریت، شێوه،
مێژوو له‌خۆبگرن(٥).
ململانێی نه‌ژادی به‌شێوه‌یه‌كى گشتى بۆ دوو جۆری
سه‌ره‌كی دابه‌شده‌بێت: ململانێى ئاشتیانه و ململانێی توندوتیژ. ململانێى ئاشتیانه
زۆرجار له ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه ده‌كرێت، كه پارته نهژادییهكان كێبڕكێ ده‌كه‌ن
له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئامڕازی سه‌ربازی توندوتیژ له‌دژى یه‌كترى به‌كارناهێنن.
ئه‌م شێوازه زیاتر له وڵاته دیموكراسییه‌كاندا باوه. به‌ڵام ململانێى توندوتیژ
ئامڕازی سه‌ربازی تێدا به‌كاردێت، ئه‌م جۆره له ململانێ زیاتر له وڵاته دیكتاتۆره‌كاندا
باوه. له پۆلێنى ململانێى توندوتیژدا، پڕۆفیسۆر ئاشوتۆش ڤارشنهى جیاكاری له‌نێوان
توندوتیژى كۆمه‌ڵی و توندوتیژى تاك كردووه. توندوتیژى كۆمه‌ڵی وه‌ك توندوتیژیه‌ك
پێناسهدهكرێت كه گرووپێك له‌دژى گرووپێكى تر ئه‌نجامی ده‌دات، یان گرووپێك له‌دژى
تاكێك ئه‌نجامی ده‌دات، یاخود تاكێك له‌دژى گرووپێك ئه‌نجامی ده‌دات (كرده تیرۆریستییه‌كان)،
یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكه‌وه ئاڕاسته‌ی گرووپێك ده‌كرێت. به‌ربڵاوترین شێوازى
توندوتیژى كۆمه‌ڵی دابه‌شده‌بێت بۆ سێ شێوازى سه‌ره‌كی: ڕایهتس(Riots)، پۆگرۆمس(pogroms)، جه‌نگی
ناوخۆیی (civil war). مه‌به‌ست له ڕایهتس ئه‌و توندوتیژییه‌یه كه له‌نێوان دوو گرپی مه‌ده‌نیدا
ڕووده‌دات. ئه‌گه‌رچی له ڕایهتسدا بێلایه‌نى ده‌وڵه‌ت له‌وانه‌یه گومانى له‌سه‌ر
بێت، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت ده‌ستبه‌ردارى بنه‌ماى بێلایه‌نى نابێت. شیوازى دووه‌م، پۆگرۆمسه،
ئه‌مه‌ش كاتێكه كه زۆرینه هێرشده‌كه‌نه سه‌ر كهمینەیەكى بێ چه‌ك، به‌ڵام ده‌وڵه‌ت
له‌م دۆخه‌دا بێلایه‌نى له‌ده‌ستده‌دات. دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت یان چاوپۆشى له
هێرشه‌كه ده‌كه‌ن، یان پشتیوانى له زۆرینه ده‌كه‌ن له‌هێرشكردنه سه‌ر كه‌مینه‌دا.
له جه‌نگی ناوخۆییدا، ده‌وڵه‌ت نه‌ك ته‌نها بێلایه‌نى له‌ده‌ستده‌دات، به‌ڵكو خۆى
ده‌بێته شه‌ڕكه‌ر و ڕووبه‌ڕووى گرووپێكى یاخی چه‌كدار ده‌بێته‌وه، یان ئه‌وه‌تا
ده‌وڵه‌ت هێزى نییە و به‌م هۆیه‌وه ناتوانێت ناوبژى بكات له‌نێوان ئه‌و دوو گرووپه
چه‌كداره‌ى كه ڕووبه‌ڕووى یه‌كترى بوونه‌ته‌وه. جیاوازى سه‌ره‌كی له‌نێوان جه‌نگی
ناوخۆیی و پۆگرۆمس ئه‌وه‌یه له جه‌نگی ناوخۆدا هه‌ردوولا چه‌كدارن و چه‌كیان به‌ده‌سته‌وه‌یه،
به‌ڵام له حاڵه‌تى پۆگرۆمس ئه‌و گرووپه‌ى كه ده‌كرێته ئامانج، كه‌مینه، بێ چه‌كه
و چه‌كدار نییە. لێره‌وه كه ده‌ڵێین ململانێى نه‌ژادی، ده‌كرێت ململانێكه ئاشتیانه
بێت له‌نێو گرووپه نهژادییهكاندا، به‌هه‌مان شێوه ده‌كرێت ململانێكه توندوتیژ
بێت، شێوه‌ى ڕایهتس، پۆگرۆمس، یان جه‌نگی ناوخۆیی وه‌ربگرێت(٦).
تیۆرى پرایمۆدیاڵ/ بنچینه‌یی (Primordial theory)
تیۆرى پڕایمۆدیاڵ له‌سه‌ره‌تاوه له‌لایه‌ن ئێدوارد
شیڵس و دواتریش له‌لایه‌ن كلیفۆرد گێرتزهوه تیۆریزهكراوه. ئارگۆمێنتى سه‌ره‌كی
ئه‌م تیۆره له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه بوونیاتنراوه كه ده‌ڵێت: "ڕه‌گوڕیشه‌ى
ناسنامه‌ى نه‌ژادی به‌قوڵی له مێژوودایه، پێویسته ناسنامه‌ى نه‌ژادی وه‌ك شتێكى
پێدراو، یان دروستكراوى ده‌ستى خواوه‌ند ته‌ماشا بكرێت، كه له ده‌ره‌وه‌ى بوونی
ویست و ئیراده‌ى ئێمه‌یه و شتێكى ده‌ستكرد نییە"، به‌واتاى ئه‌وه‌ى مرۆڤ
ناتوانێت هه‌ڵبژاردنى تێدا بكات(٧). هاڕۆڵد ئیساكس له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
"بنه‌ماى ناسنامه‌ى گرووپێك له كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی پێدراو پێكدێت كه هه‌موو
تاكه‌كانى ئه‌و گرووپه له ساته‌وه‌ختى له‌دایكبوونه‌وه تێیدا هاوبه‌شن(٨). له‌گه‌ڵ
ئه‌مه‌شدا ئه‌نتۆنیۆ سمس ده‌ڵێت: "گرووپه نه‌ژادی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان زۆر له‌پێش
دروستبوونى ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یی و ئایدۆلۆجیاى ناسیۆنالیزمى مۆدێرنه‌وه بوونیان
هه‌بووه"(٩). به‌مشێوه‌یه تیۆرى پرایمۆدیاڵ وه‌ك حاڵه‌تێكى ئاسایی و سروشتى
سه‌یرى جیاوازییه نهژادییهكان ده‌كات، لایه‌نگرانى تیۆره‌كه بانگه‌شه‌ى ئه‌وه
ده‌كه‌ن كه ده‌بێت جیاوازییه نهژادییهكان له‌چوارچێوه‌ى یاده‌وه‌رى مێژوویی و
ئه‌زموونى هاوبه‌شدا سه‌یربكرێن(١٠).
بۆ لایه‌نگرانى ئه‌م
تیۆره، جیاوازییه‌كانى نێوان گرووپه‌كان جیاوازیگهلێكى سروشتین و نه‌گۆڕن، ئه‌ندامێتى
له گرووپه نهژادییهكاندا له‌گه‌ڵ له‌دایكبووندا دروستده‌بێت، به‌م هۆیه‌وه مه‌حاڵه
ناسنامه‌ى نه‌ژادی بگۆڕدرێت، به‌ڵكو ناسنامه‌ى نه‌ژادی شتێكى جێگیر و نه‌گۆڕه(١١).
له‌ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌شه‌وه، ئه‌ندامێتی له گرووپه نهژادییهكاندا نه‌گۆڕه. لێره‌وه،
مه‌یلى مرۆڤه‌كان بۆ پێناسه‌كردنى خۆیان له چوارچێوه‌ى گرووپێكدا و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى
ئه‌وانى تر مه‌یلێكى سروشتییه(١٢). به‌م هۆیه‌شه‌وه ململانێى نه‌ژادی به‌شێوه‌یه‌كى
حه‌تمی له‌ده‌رئه‌نجامى كۆنهقینهوه سه‌رهه‌ڵده‌دات. لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره هۆكاره‌كانى
ململانێى نه‌ژادی ده‌به‌ستنه‌وه به ترسی گرووپه نهژادییهكان له په‌ڕاوێزخستن،
ژێرده‌سته‌بوون، له‌ناوچوون، هه‌ستى قوڵى ئه‌ندامی گرووپه‌كه بۆ ناسنامه نهژادییهكهیان
پاڵ به ئه‌ندامانى گرووپه‌كه‌وه ده‌نێت كه به‌رگرى له ناسنامه‌ى نه‌ژادی خۆیان
بكه‌ن(١٣). ئه‌م تیۆره چه‌ندین كه‌م و كورتى هه‌یه، له‌وانه‌ش(١٤):
یه‌كه‌م: جیاوازییه
نهژادییهكان ڕه‌نگدانه‌وه‌ى پرۆسەى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تین، ئه‌م جیاوازیانه
سروشتى نین.
دووه‌م: ئه‌م جیاوازیانه وه‌ك له دواتر دا باسده‌كرێت
خۆیان بۆ خۆیان سه‌رچاوه‌ى ململانێ نین، به‌ڵكو ئه‌م جیاوازیانه ده‌قۆزرێنه‌وه و
ده‌جوڵێنرێن له لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه.
سێهه‌م:
لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره ڕۆڵى پرۆسە سیاسی و بوونیادی و ئابوورییه‌كان پشتگوێ ده‌خه‌ن
له دروستبوونى ململانێى نه‌ژادیدا، ته‌نها فاكته‌رى جیاوازى نه‌ژادی له‌به‌رچاو
ده‌گرن. به‌بۆچوونى توێژه‌رانى ئه‌م قوتابخانه‌یه، له‌هه‌ر وڵاتێكدا جیاوازى نه‌ژادی
هه‌بێت، ململانێى نه‌ژادی شتێكی حه‌تمی و چاوه‌ڕوانكراوه. به‌ڵام هه‌روه‌ك دۆدى وڵیامس
ده‌ڵێت، ئه‌م بانگه‌شه‌یه بانگه‌شه‌یه‌كى دروست نییە، ده‌كرێت له وڵاتێكدا چه‌ندین
گرووپی نه‌ژادی بوونیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوانیان په‌یوه‌ندییه‌كى
ئاشتیانه بێت. دۆدی نموونه‌ى بۆستوانه ده‌هێنێته‌وه، كه وڵاتێكه له‌ڕووى نه‌ژادییه‌وه
وڵاتێكی فره نه‌ژاده، به‌ڵام هه‌موو گرووپه نهژادییهكان به‌شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه
پێكه‌وه ژیان ده‌گوزه‌رێنن.
چواره‌م: تیۆرى پرایمۆدیاڵ ناتوانێت فاكته‌رى
"كات" له هه‌ڵگیرسانی ململانێكه ڕوونبكاتهوه. به‌واتایه‌كى تر تیۆرى
پرایمۆدیاڵ ناتوانێت پێمان بڵێت بۆچى ئه‌م ململانێیه ئێستا ڕووده‌دات، بۆچى ماوه‌یه‌ك
پێش ئێستا ڕووینه‌داوه، یان بۆچى له‌چه‌ند مانگی داهاتوودا ڕوونادات. بۆ نموونه،
تیۆرى پرایمۆدیاڵ ناتوانێت پێمان بڵێت بۆچى له‌ساڵى 1927 به‌دواوه مملانێى نه‌ژادی
له كه‌ركوك سه‌ریهه‌ڵداوه، بۆچی له‌ساڵى 1925 ئه‌و ململانێه بوونى نه‌بوو، یان
بۆچى له‌برى ساڵى 1927 له ساڵى 1930دا ململانێكه سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. هه‌مان ڕه‌خنه
ڕووبه‌ڕووى تیۆره‌كه ده‌بێته‌وه له كه‌یسی ململانێكانى نێوان گرووپی هوتو توسی
له ڕواندا و ململانێى نه‌ژادی له بۆسنه. ڕه‌خنه‌ى كۆتایی، ئه‌گه‌ر ململانێی نه‌ژادى
دۆخێكى سروشتى و ئاسایی بێت هه‌روه‌ك لایهنگراتى تیۆرى پرایمۆدیاڵ بانگه‌شه‌ى بۆ
ده‌كه‌ن، ئه‌وا ده‌بوو ململانێى نه‌ژادی شتێكى هه‌میشه‌یی و بێ چاره‌سه‌ر بوایه.
به‌ڵام له‌ڕاستیدا كه‌یسه‌كانى چاره‌سه‌ركردنى ململانێ له‌سه‌ر ئاستى جیهان پێچه‌وانه‌ى
ئه‌مه ده‌سه‌لمێنن (سویسرا).
تیۆرى ئینسترومێنتاڵ/ ئامرازیی (Instrumental theory)
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ى تیۆرى پرایمۆدیاڵهوه، تیۆرى ئینسترومێنتاڵ
بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات نه‌ژاد و ناسنامه‌ى نه‌ژادی نه شتێكی هه‌میشه‌یین بۆ مرۆڤ،
نه له‌ڕووى جه‌وهه‌ریشه‌وه به‌هایان هه‌یه(١٥). به‌بۆچوونى پاوڵ براس ناسنامه‌ى
نه‌ژادی و ناسیۆنالیزم دروستكراوێكى سیاسین، له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه
به‌كارده‌هێنرێن بۆ پاراستن، یان به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وته سیاسی و ئابوورییه‌كانیان(١٦).
به‌م هۆیه‌وه لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره پێیانوایه جیاوازیى دینى و نه‌ژادی و کولتوورییه‌كان
خۆیان بۆ خۆیان نابنه هۆكارى دروستبوونى ململانێ، به‌ڵكو ئه‌وه ده‌سته‌بژێرى سیاسییە
كه ئه‌م جیاوازیانه به‌كار دێنێت و ده‌یانجوڵێنێت بۆ به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وتى
سیاسى و ئابووریی و ئاسایشییه‌كانى خۆى(١٧). لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره پێیانوایه
ناسنامه‌ى نه‌ژادی ئامڕازێكى خۆشده‌ست و به‌سووده بۆ ده‌سته‌بژێرى سیاسی كه ده‌یه‌وێت
جه‌ماوه‌رێكى زۆر له‌ده‌ورى پڕۆژه سیاسییەكهى خۆى كۆبكاته‌وه به‌مه‌بەستى گه‌یشتن
به ده‌سه‌ڵات(١٨). به‌پێچه‌وانه‌ى لایه‌نگرانى تیۆرى پرایمۆدیاڵهوه، لایه‌نگرانى
ئه‌م تیۆره پێیانوایه چاوچنۆكی (Greed) نه‌ك هه‌ستكردن
به سته‌م (grievance) هۆكاری به‌هێزى
ململانێى نه‌ژادییه. به‌م هۆیه‌وه، ململانێى نه‌ژادی له‌نێو ئەکتەره عهقڵانییەكاندا
دروستده‌بێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ده‌سه‌ڵات، یان ئاسایش، یاخود سه‌رچاوه و
سامان. ده‌سته‌بژێرى سیاسی ئه‌ندازیارى دروستكردنى ململانێی نه‌ژادییه، نه‌ك خه‌ڵكى
ئاسایی نێو گرووپه نهژادییهكان. به‌م شێوه‌یه بۆ لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره،
ململانێى نه‌ژادی له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى گرووپه نه‌ژادییه جیاوازه‌كانه‌وه
دروستده‌كرێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى مه‌رامه سیاسییەكانیان، یاخود ده‌ستكه‌وته
ئابووری و ئهمنییەكاندا. لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ پرسیارێكى جه‌وهه‌رى
گرنگ ده‌كه‌ن كه وەڵامدانه‌وه‌ى تاڕاده‌یه‌كى زۆر ڕاستى و دروستى تێزهكهیان پشتڕاست
ده‌كاته‌وه، لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره ده‌پرسن: "ئه‌گه‌ر جیاوازییه نهژادییهكان
سه‌رچاوه‌ى ململانێی نه‌ژادین بۆچى ماوه‌یه‌ك له ئاشتى به‌دیده‌كرێت له نێوان ئه‌م
گرووپه نهژادیانهدا؟ به واتایه‌كى تر، ئه‌گه‌ر جیاوازییه‌كان خۆیان بۆ خۆیان
سه‌رچاوه‌ى ململانێ بوونایه، ئه‌وا ده‌بوایه خه‌ڵكى ئاسایی سه‌ر بهگرووپێكی نه‌ژادی
له جه‌نگێكى بهردهوامدابوونایه له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى گرووپێكى تردا "جه‌نگى
هه‌موان له دژى هه‌موان(١٩)".
له‌وه‌ڵامدا لایه‌نگرانى
ئه‌م تیۆره ده‌ڵێن، له‌ڕاستیدا گرووپه نهژادییهكان له‌دۆخی جه‌نگی هه‌موان له‌دژی
هه‌مواندا نین. هه‌میشه ئه‌وه سیاسییەكانن كه شریتى ڕابردوو بۆ ئه‌ندامانى گرووپهكانیان
ده‌گێڕنه‌وه له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وتى تایبه‌تى خۆیان. كه‌واته پوخته‌ى
ئه‌م تیۆره بریتییە له‌وه‌ى كه ده‌سته‌بژێرى سیاسى جیاوازییه‌كان وه‌ك ئامڕازێك
به‌كارده‌هێنێت له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى ده‌سكه‌وتى سیاسى و ئابوورى، جیاوازییه‌كان
هۆكارى ململانێ نین، به‌ڵكو ده‌كرێن به ئامڕازێك بۆ دروستكردنى ململانێ.
دۆدی وڵیامس ده‌ڵێت، یه‌كێك له سووده هه‌ره‌گرنگه‌كانى
ئه‌م تیۆره ئه‌وه‌یه بێجگه له‌وه‌ى ده‌توانێت ڕاڤه‌ى ڕۆڵى ده‌سته‌بژێر بكات له
دروستكردنی ململانێدا، له هه‌مانكاتدا ده‌توانێت ئه‌وه ڕوونبكاتهوه كه بۆچى كۆمه‌ڵگه
فرهچهشنهكان له‌ڕووى نه‌ژادییه‌وه بڕیارده‌ده‌ن له‌كاته جیاوازه‌كاندا، یان
بچنه جه‌نگه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كترى، یان ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرن كه هاریكارى یه‌كترى
بكه‌ن. دۆدی ده‌ڵێت: "ئه‌م بڕیاره پشت به پێوه‌رى "لێكدانه‌وه‌ی تێچوو
و زیانه‌كان" ده‌به‌ستێت، كاتێك هاریكارى تێچووی زۆره، قازانجی كه‌متره، ئه‌وا
ململانێى نه‌ژادی شتێكى حه‌تمییه، به‌ڵام كاتێك هاریكارى قازانجی زیاتره بۆ گرووپه
جیاوازه‌كان، ئه‌وا بێگومان بڕیار ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا هاریكارى بكه‌ن. ده‌رئه‌نجام
تیۆرى ئینسترومێنتاڵ ده‌توانێت ڕاڤه‌ى ئه‌وه بكات بۆچى گرووپه نهژادییهكان هه‌ندێك
كات له ململانێ، یان جه‌نگی نهژادیدان، هه‌ندێك كاتیش هاریكارى یه‌كترى ده‌كه‌ن
و ئاشتی باڵی به‌سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانیاندا كێشاوه.
یه‌كێك له‌و ڕه‌خنه جدیانه‌ى كه ڕه‌خنه‌گران ڕووبه‌ڕووى
ئه‌م تیۆره‌ی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ململانێى نه‌ژادی دروستكراوى ده‌ستى
ده‌سته‌بژێرى سیاسی بێت له‌پێناو ده‌سكه‌وتدا، ئه‌ى بۆچی خه‌ڵكى ئاسایی ئاماده‌ن
به‌شدار بن له خوێنڕشتنى ئه‌ندامانى گرووپی به‌رامبه‌ردا، یان بۆچى ئه‌ندامێكى
ئاسایی گرووپێكى نه‌ژادی كردارى لاقه‌كردن (Rape) ئه‌نجامبدات
له‌دژى مێیینهكانى گرووپی به‌رامبه‌ر، ئه‌مه چۆن په‌یوه‌ندی هه‌یه به ده‌ستكه‌وته‌كانى
ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه؟ لایه‌نگرانی تیۆرى ئینسترومێنتاڵ پێیانوایه كرداره‌كانى
وه‌كو لاقه‌كردن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كۆمه‌ڵكوژى كه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى گرووپێكی
نه‌ژادییه‌وه دژ به‌گرووپی به‌رامبه‌ر ئه‌نجامده‌درێت، ستراتیج و ئامڕازێكى سیاسین
له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێره‌وه به‌كارده‌هێنرێن بۆ ناچاركردن، ترساندن و شكۆشكاندنی دووژمن
له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانى پشتیوانى گرووپه‌كه‌ى خۆیان. به‌ڵام دۆدى ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر
چی ئه‌م وه‌ڵامه وه‌ڵامێكى دروسته، به‌ڵام ناتوانێت وڵامێكى ته‌واوبێت به‌بێ
فاكته‌رى "هه‌ستكردن به چه‌وسانه‌وه‌و نادادی و كۆنه‌قین"، كه لایه‌نگرانى
پرایمۆدیاڵ جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه(٢٠).
لێره‌دا پێویستە تێبینى ئه‌وه بكرێت، له‌دیدى لایه‌نگرانى
تیۆرى ئینسترومێنتاڵهوه، چاره‌سه‌رى ململانێى نه‌ژادی زۆر ئاسانه، ئه‌مه‌ش به‌هۆى
ئه‌وه‌ی مادام ده‌سته‌بژێرى سیاسی ئه‌و ململانێیانه دروستده‌كات له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى
خۆیدا، ئه‌وا هه‌ركات به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش له‌نێو ده‌سته‌بژێرى سیاسی‌دا هاته‌ئاراوه،
ڕێکكه‌وتن دروستده‌بێت و به‌م هۆیه‌شه‌وه ململانێكه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
چه‌ندین كه‌یسی ململانێ هه‌یه له‌سه‌ر ئاستى جیهان
ئه‌وه پیشانده‌ده‌ن ده‌سته‌بژێرى سیاسی ڕۆڵیكى گه‌وره‌ى هه‌یه له دروستكردنى
ململانێى نه‌ژادیدا، لهگرنگرتین ئه‌و كه‌یسانه‌ش: یه‌كه‌م، ململانێى نێوان هوتو
توسییهكان له ڕواندا كه ده‌رئه‌نجام جینۆسایدى ڕوانداى لێكهوتهوه، ململانێى
نێوان ئه‌م دوو گرووپه ئه‌وه‌نده توند بوو كه گه‌یشته ئاستى "پاكتاوى نه‌ژادیی"،
هه‌ر لێره‌وه بوو بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌م چه‌مكه "چه‌مكى پاكتاوى نه‌ژادیی"
چووه نێو فه‌رهه‌نگى سیاسهتهوە، ئه‌م ململانێیه كه ده‌ره‌نجام جینۆساید و
پاكتاوى نه‌ژادی لێكهوتهوه، هۆكاره‌كه‌ى خه‌ڵكى ئاسایی هوتو توسی نه‌بوون، هه‌روه‌ها
جیاوازییه نه‌ژادییه‌كانی نێوان ئه‌م گرووپانه نه‌بوون. به‌ڵكو ئه‌وه ده‌سته‌بژێرى
سیاسى بوو ئه‌م ململانێى دروستكرد، یه‌كه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ى به‌شێكى كه‌م له ئه‌ندامانى
گرووپى هوتو به‌شداریان كرد له جینۆسیادكردنى توسییهكان، گه‌ر جیاوازییه نه‌ژادیی
و کولتوورییه‌كان هۆكار بوونایه ده‌بوو هه‌روه‌ك جۆن موله‌ر ده‌ڵێت، ئێمه جه‌نگى
هه‌موان له دژى هه‌موانمان ببینیایه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه، چه‌ند كه‌سانێكى
كه‌می هوتو هه‌ستان به جینۆسیادكردنى توسییهكان، ئه‌وانى تر پێكهاتبوون له خه‌ڵكى
به‌كرێگیراو و چه‌ته و مافیاكان. دووه‌م، به‌شێك له هوتوهكان هه‌ستان به
پاراستنى دراوسێ توسییهكانیان له نێو ماڵه‌كانى خۆیاندا، له كاتێكدا سزاى وه‌ها
كارێك سه‌رپه‌ڕاندن بوو. له‌مه‌ش زیاتر، ئه‌م دوو گرووپه بۆماوه‌یه‌كى دوورودرێژ
له ئاشتیدا ژیابوون به‌ر له‌وه‌ى ململانێكه ڕووبدات، به شێوه‌یه‌ك كه هیچ گرژییه‌ك
له نێوانیاندا نه‌بوو. له‌مه‌ش گرنگتر، هه‌ردوو گرووپه‌كه به‌زمانى یه‌كترى قسه‌یان
ده‌كرد،هه‌روه‌ها متمانه‌یه‌كى گه‌وره له نێوانیاندا هه‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك ئه‌وه‌نده
متمانه‌یان به‌یه‌ك بوو ئه‌گه‌ر هوتویهك گه‌شتى بكردبا كلیلى ماڵه‌كه‌ى ده‌دا به‌ده‌ستى
دراوسێ توسیهكهى. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ڕوودانى ململانێكه له ساڵى 1994 قوربانییەكانى
ئه‌و ململانێیه گه‌یشتنه نزیكه‌ى یه‌ك ملیۆن كه‌س (به‌شێوه‌یه‌كى سه‌ره‌كى توسی بوون)،
ڕاپۆرته تازه‌كان ده‌ڵێن ڕێژه‌كه نزیكه‌ى دوو ملیۆن كه‌س بووه. ئه‌م قه‌سابخانه‌یه
ده‌رئه‌نجامى جیاوازییه‌كانى هوتو توسى نه‌بوو، به‌ڵكو ئه‌وه سیاسییەكان بوون كه
هه‌ستان به فهراههمكردنى وه‌ها كه‌شێك(٢١). نمونه‌ى دووه‌م، توندوتیژى نه‌ژادییه له بۆسنه، كه گه‌وره‌ترین كۆمه‌ڵكوژى له
دواى ڕواندا لێره ڕوویدا له هه‌رێمى پریجیدهر (Prijedor)، ئه‌و هه‌رێمه‌ى كه گه‌وره‌ترین
كۆمه‌ڵكوژى تێدا ڕوویدا له لایه‌ن سڕبییهكانهوە دژ به بۆسنی و كرواتهكان. خه‌ڵكى
هه‌رسێ گرووپه جیاوازه‌كه له‌م هه‌رێمه‌دا پێكه‌وه به ئاشتى ده‌ژیان، سڕبییه‌كان
وه‌ك كه‌مینه‌یه‌ك گه‌وره‌ترین پشكیان له حكومه‌تدا هه‌بوو، به‌ڵام دواتر هێرشیانكرده
سه‌ر بۆسنییەكان. هه‌روه‌ك ئاواره‌یه‌كى بۆسنى ده‌ڵێت "له پریجدهر ململانێ و
نه‌ته‌وه‌گه‌رایی نه‌بوو، ئیمه جیاوازییه‌كانمان دروستنه‌كرد، من و هاوڕێكه‌م كه
سڕبییهكى ئۆرسۆدۆكسى بوو به‌یه‌كه‌وه كارمان ده‌كرد، خوشكه‌كه‌م شووى كردبوو به
سڕبیهك، براى خێزانم ژنه‌كه‌ى كرواتییه". ده‌بینین كه جیاوازى نه‌ژادی نه‌بووەته
هۆى خراپ بوونى په‌یوه‌ندى سڕبی و كرواتی و موسوڵمانه‌كان ، به‌ڵكو ئه‌وان به‌شێوه‌یه‌كى
ئاشتیانه پێكه‌وه ژیاون، ئه‌وه‌ى كه توندوتیژى ئه‌نجامدا له یوگسلافیا ده‌سته‌بژێرى
سیاسى بوون به تایبه‌ت ده‌سته‌بژێرى سڕبییه‌كان، هه‌روه‌ك ژهنهڕاڵێكى سه‌ربازى
له كاتى قسه‌كردنى بۆ كه‌ناڵى بى بى سى به‌ریتانی ده‌ڵێت: "میلۆسۆڤیچ هه‌موو
شتێكى ڕێكخست، ئێمه به‌شێوه‌ى خۆبه‌خش كۆبووینه‌وه ، ئه‌و شوێنى مانه‌وه‌ى پێداین،
هه‌روه‌ها پاس و كه‌لوپه‌لى سه‌ربازى و هه‌موو شتێكى بۆ دابینكردین(٢٢).
نمونه‌ى كۆتایی ململانێى نێوان كورد و عه‌ره‌به
له‌سه‌ر كه‌ركوك، به‌ڵگه‌نامه مێژووییه‌كان ئه‌وه نیشانده‌ده‌ن كه ته‌واوى پێكهاته‌كانى
ئه‌م شاره به بێ بوونى ململانێ و به‌شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه پێكه‌وه ژیاون. دوو
ئاماژه‌ى سه‌ره‌كی پێكه‌وه‌هه‌ڵكردنى ئاشتیانه له‌نێو پێكهاته جیاوازه‌كانى كه‌ركووكدا
له‌مێژوودا بوونیان هه‌بووه. یه‌كه‌م، هاوسه‌رگیرى له‌نێوان كورد و توركمانه‌كاندا
له‌پێش دروستبوونى ململانێ له شاره‌كه‌دا نه‌ریتێكى باوبووه. دووه‌م، خه‌ڵكى شاری
كه‌ركوك به‌زۆرى زمانى یه‌كتریان زانیوه و قسه‌یان پێكردووه(٢٣). له‌مه‌ش زیاتر،
ئه‌وه‌ى زۆر گرنگه لێره‌دا ئاماژه‌ى بۆ بكرێت قسه‌یه‌كى كۆمسیارى باڵاى به‌ریتانیایه
له عێراق كه ده‌ڵێت: "هێڵه نهژادییهكان له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب و
توركماندا زۆر ناڕوونن، نا‌توانیت ئه‌م پێكهاتانه له‌سه‌ر بنه‌ماى نه‌ژادی له‌یه‌كترى
جیابكه‌یته‌وه(٢٤)" ئه‌م ئاماژانه ده‌رخه‌رى ئه‌و ڕاستیه‌ن كه جیاوازییه
نهژادییهكان خۆیان له‌خۆیاندا هۆكارى دروستبوونى ناكۆكی و ململانێكانی ئێستای نێوان
پێكهاته جیاوازه‌كانى شارى كه‌ركوك نه‌بوون. ئه‌گه‌ر جیاوازى نه‌ژادی كورد و عه‌ره‌ب
و توركمان فاكته‌رى ڕقلێبوونه‌وه و ململانێ بووبن، چۆن ده‌كرێت كوردێك له‌گه‌ڵ
توركمانێك هاوسه‌رگیرى بكات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه.
به‌ڵام له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ى نه‌وت له‌شارى كه‌ركوك
ململانێ له نێوان پێكهاته جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌دا دروستبوو. به‌پێى ئه‌و سهرژمێرییهى
كه ساڵى 1925 لیژنه‌ى كۆمه‌ڵه‌ى نه‌ته‌وه‌كان ئه‌نجامیدا له‌كه‌ركوك، ڕێژه‌ى
كورد له كه‌ركوك 63% بوو،به‌ڵام دواتر ئه‌م ڕێژه‌یه گۆڕا بۆ 37%، ئه‌مه‌ش به‌هۆى
گۆڕینى دیمۆگرافیاى شاره‌كه‌وه بوو له‌ڕێگه‌ى ده‌ركردن و ڕاگواستنى كورد بۆ ناوچه‌كانى
تر‌ى عێراق و نیشته‌جێكردنى خه‌ڵكى عه‌ره‌ب له شوێنى كورده‌كان. ئه‌مه‌ش ده‌ره‌نجامى
ئه‌و سیاسهتانەیە كه ڕژێمه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراق په‌یڕه‌ویان كردووه
له دژى كورد كه خۆى له به‌عه‌ره‌بكردن و ڕاگواستن و پێدانى ده‌سكه‌وتى مادى و هێنانى
عه‌ره‌ب بۆ كه‌ركوك ده‌بینێته‌وه. ته‌واوى ئه‌و نموونانه‌ى كه له سه‌ره‌وه
باسكران، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كه خه‌ڵكى ئاسایی هیچ ئاره‌زوویه‌كى بۆ ململانێ نییە،
ئه‌وه سیاسییەكانن كه هه‌ستى خه‌ڵك ده‌جوڵێنن بۆ دروستكردنى ململانێ، به‌تایبه‌ت
له‌و كاتانه‌ى كه بهرژەوهندییهكانیان پێكه‌وه ناگونجێن، به‌م هۆیه‌وه هه‌وڵى
تۆخكردنه‌وه‌ى جیاوازییه نهژادییهكان ده‌ده‌ن(٢٥).
تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى (Constructivism)
هه‌روه‌ك له پێشتردا باسكرا، لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ
ململانێى نه‌ژادی ده‌به‌ستنه‌وه به ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه، ده‌سته‌بژێرى سیاسی
وه‌ك تاكه فاكته‌رى ململانێى نه‌ژادی سه‌یرده‌كه‌ن. به‌ڵام، پرسیارێكى گرنگ هه‌یه
كه ڕووبه‌ڕووى لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ ده‌كرێته‌وه: ئه‌گه‌ر ململانێى
نه‌ژادی ده‌رئه‌نجامى جوڵاندنى جیاوازییه نهژادییهكان بێت له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى
سیاسییەوه، بۆچى خه‌ڵك به‌و جووڵاندنه ڕازییه، یان بۆچى خه‌ڵك باوه‌ڕ به قسه و
گوتاره‌كانى ده‌سته‌بژێرى سیاسی ده‌كه‌ن و شوێن قسه‌و گوتاره‌كانی ده‌سته‌بژێرى سیاسی
ده‌كه‌ون؟ له‌ڕاستیدا لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ ده‌سته‌وه‌ستان و بێ وه‌ڵامن
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م پرسیاره‌دا. ئه‌م لاوازییه‌ى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ بووه هۆى له‌دایكبوونى
تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى، كه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك له‌به‌رامبه‌ر كه‌مووكورتیه‌كانی
هه‌ردوو تیۆره‌كه دروستبوو. لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى پێگه‌یه‌كى
مامناوه‌ندییان هه‌یه له‌نێوان تیۆرى پرایمۆدیاڵ و تیۆرى ئینسترومێنتاڵ له تێگه‌یشتنیان
بۆ بابه‌تى ناسنامه‌ی نه‌ژادى. تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى گریمانه‌ى ئه‌وه ده‌كات
ناسنامه‌ى نه‌ژادی نه وه‌ك ئه‌وه جێگیر و نه‌گۆڕه وه‌ك ئه‌وه‌ى كه پرایمۆدیاڵهكان
بانگه‌شه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، نه ئه‌وه‌نده‌ش گۆڕاو و بێ بایه‌خه وه‌ك ئه‌وه‌ى لایه‌نگرانى
تیۆرى ئینسترومێنتاڵ گریمانه‌ى ده‌كه‌ن(٢٦). دیدى لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى
بۆ ناسنامه‌ى نه‌ژادی له‌سه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه بوونیاتنراوه كه پێیوایه
ناسنامه له پرۆسەیهكى كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا دروستده‌بێت، له‌ڕێگه‌ى داگیركردن، كۆچكردن،
لكاندن و دابه‌شكردنه‌وه شێوه ده‌گرێت. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادى
كۆمه‌ڵایه‌تى پێیانوایه زمان و کولتوور‌و مێژوو ڕه‌مزه‌كان و سه‌رگوزشته ڕۆڵێكى
گرنگیان هه‌یه له دروستكردنى ناسنامه و دروستبوونى ململانێى نه‌ژادیدا(٢٧). لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره له‌و باوه‌ڕه‌دان له‌دواى
ئه‌وه‌ی ناسنامه دروستبوو، سیمبوله ناسنامه‌ییه‌كان جۆرێك له پیرۆزیان بۆ
دروستده‌بێت له‌نێو ئه‌ندامانى ئه‌و گرووپه‌دا. ده‌رئه‌نجام هه‌ركات ئه‌و سیمبوله
پیرۆزانه له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیدابوون، یان وه‌ها نیشان‌دران (له‌لایه‌ن ده‌سته‌بژێرى
سیاسییەوه) كه هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره، ئه‌ندامانى گرووپه‌كه ئاماده‌ن كۆده‌بنه‌وه
و پارێزگارى لێبكه‌ن.
پرسیارێكى جدى لێره‌دا
ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر به‌ته‌نها سیاسییەكان ململانێى نه‌ژادی دروستده‌كه‌ن، ئه‌ى بۆچى
خه‌ڵكی ئاسایی وه‌ڵامى هه‌یه بۆ سیاسییەكان و شوێن گوتار و په‌یامه‌كانى ئه‌وان
ده‌كه‌وێت؟ سیاسییەكان هه‌میشه ده‌ستده‌به‌ن بۆ ئه‌و سیمبۆلانهى كه ده‌توانن
هه‌ستى خه‌ڵك به‌لاى خۆیاندا ڕابكێشن (وه‌ك قارهمانێتییهكانى ڕابردوو، سه‌روه‌رییه‌كان،
قوربانییه‌كان). لێره‌وه كهوفمان به‌پێچه‌وانه‌ى لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵهوه،
بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات كه خه‌ڵك ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌ماى مادی و عه‌قڵانى و به‌هۆى
ده‌ستكه‌وتى مادییه‌وه به‌شدارى ناكه‌ن له ململانێدا، به‌ڵكو به‌هه‌مان شێوه‌ى
پاڵنه‌ره ماددییه‌كان پاڵنه‌ره مهعنهوییهكانیش (ناسنامه، بیروباوه‌ڕ، سیمبوله
ناسنامه‌ییه‌كان) به‌شدارى ده‌كه‌ن له دیاریكردنى ڕفتارى مرۆڤه‌كان، ده‌بن به پاڵنه‌ر
بۆ به‌شداربوون له ململانێدا.
به‌شێوه‌یه‌كى گشتى لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادی
هاوشێوه‌ى لایه‌نگرانى تیۆرى پرایمۆدیاڵ باوه‌ڕیان وایه ناسنامه كاریگه‌رى له‌سه‌ر
ئه‌ندامانى گرووپه نهژادییهكان هه‌یه بۆ كۆبوونه‌وه و ململانێكردن له‌گه‌ڵ نه‌ژادى
به‌رامبه‌ردا. له هه‌مانكاتدا هاوڕان له‌گه‌ڵ لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ له‌سه‌ر
ئه‌وه‌ى كه ده‌سته‌بژێرى سیاسی ناسنامه به‌كارده‌هێنێت و ده‌یجوڵێنێت بۆ مه‌رامه
سیاسی و ئابوورییه‌كانى خۆى. ستیوارت كۆفمان تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى به‌كارهێنا
بۆ تێگه‌یشتن له ململانێ نهژادییهكانى نێوان سرب و موسوڵمانه‌كان له یوگسلافیا.
به‌بۆچوونى كهوفمان، ململانێكه ده‌رئه‌نجامى سیاسه‌تى كۆتایی سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌می
سربییه‌كان بوو. پێش ئه‌و مێژووه سڕبه‌كان وه‌ك سڕبی سه‌یرى خۆیان نه‌ده‌كرد. به‌م
هۆیه‌وه، ناسنامه‌ى سڕبی له دروستبوونى ده‌وڵه‌تى سڕبییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت
له ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌مه‌وه. دواتر ئه‌م ناسنامه‌یه به‌كارهێنرا. كهوفمان
ده‌ڵێت، سلۆبۆدان میڵۆسۆڤیچ ناسنامه‌ى سڕبی دروستنه‌كرد، به‌ڵكو ته‌نها جووڵاندى،
ناسنامه‌كه زۆر له‌وه‌وپێش بوونی هه‌بوو. به‌م شێوه‌یه، ده‌سته‌بژێرى سیاسی
ناسنامه دروستناكات، به‌ڵكو ناسنامه خۆى هه‌یه، ده‌سته‌بژێرى سیاسی ته‌نها ده‌یجوڵێنێت(٢٨).
قوتابخانه‌ى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى تێكه‌ڵه‌یه‌كه
له هه‌ردوو تیۆره‌كه‌ى پێشوو، له‌لایه‌ك بانگه‌شه‌ى ئه‌وه ده‌كات كه ناسنامه
مانایه‌كى قوڵى هه‌یه و تواناى كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌ندامانى گرووپێكى نه‌ژادی هه‌یه
له‌به‌رامبه‌ر گرووپێكى نه‌ژادی تردا، له‌لایه‌كی تره‌وه لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادی
پێیانوایه ململانێی نه‌ژادى ده‌رئه‌نجامی به‌كارهێنانى جیاوازییه‌كانه له‌لایه‌ن
ده‌سته‌بژێرى سیاسییەوه. به‌م شێوه‌یه ئه‌م قوتابخانه‌یه ڕۆڵى هه‌ردوو فاكته‌ره‌كه
(هه‌ستكردن به چاوسانه‌وه و نادادى، پاڵنه‌ره ماددیی و مه‌عنه‌وییه‌كان) له‌گه‌ڵ
چاوبرسێتى ده‌سته‌بژێرى سیاسی به‌هه‌ند وه‌رده‌گرێت لهڕوونكردنهوه و تێگه‌یشتن
له ململانێى نه‌ژادیی.
تیۆرى
دامه‌زراوه‌یی (Institutionalism)
تیۆرى دامه‌زراوه‌یی بۆماوه‌یه‌كى دوورودرێژه
ئارگۆمێنتهكانى پانتاییه‌كى گه‌وره‌یان داگیركردووه له‌بوارى سیاسه‌تى به‌راوردكاریدا.
تیۆرى دامه‌زراوه‌یی، به‌پێچه‌وانه‌ى هه‌رسێ تیۆره‌كه‌ى
پێشووه‌وه، هۆكارى ململانێى نه‌ژادى ده‌گێڕێته‌وه بۆ شێوه و فۆڕمى دامه‌زراوه سیاسییەكان.
به‌بۆچوونى لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره، شێوه و جۆرى سیستمى سیاسی ده‌وڵه‌ت، سیستمی
سیاسی ته‌وافوقی و سیستمی سیاسی زۆرینه، سیستمی سیاسی فیدڕاڵیزم، یان سیستمی سیاسی
ساده، سیستمى هه‌ڵبژاردن، ده‌توانێت ئه‌وه‌مان بۆ ڕاڤه‌بكات بۆچى هه‌ندێك له كۆمه‌ڵگه
فره‌ییه‌كان له‌ڕووی نه‌ژادییه‌وه ڕووبه‌ڕووى ململانێی نه‌ژادى ده‌بنه‌وه، له‌كاتێكدا
به‌شێك له كۆمه‌ڵگه فرهییهكانى تر له‌دۆخی ئاشتى و پێكه‌وه ژیاندان. بانگه‌شه‌ى
سه‌ره‌كی لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره له‌سه‌ر ئه‌و تێزه بوونیادنراوه كه ده‌ڵێت
كاتێك دامه‌زراوه‌كان ڕێگه‌یاندا به گرووپه نه‌ژادییه جیاوازه‌كان كه به‌شدارى
له سیستمى سیاسی و ئابووریدا بكه‌ن، مه‌یلی ململانێ به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌مده‌بێته‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌وه سیستمی سیاسی له‌سه‌ر بنه‌ماى جیاكارى و ههڵاوێرى و په‌ڕاوێزخستن
ڕێگه بۆ ململانێی نه‌ژادی خۆشده‌كات، واده‌كات گرووپه نه‌ژادییه چه‌وساوه‌كان
هه‌ست به سته‌م و نادادی بكه‌ن و به‌م هۆیه‌وه هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه و یاخی بن له ده‌سه‌ڵات.
توێژه‌رانى ئه‌م تیۆره پێیانوایه، دیزاینى سیستمى سیاسی، هه‌م ده‌كرێت فاكته‌ر بێت
بۆ ململانێى نه‌ژادی، هه‌میش ده‌كرێت چاره‌سه‌ر بێت بۆ ململانێى نه‌ژادى. بۆ
نموونه ململانێى نه‌ژادی سه‌ده‌ى نۆزده‌ى نێوان هه‌ر سێ گرووپه نهژادییهكهى سویسرا
له‌ڕێگه‌ى دیموكراسی تهوافوقیهوه چاره‌سه‌ركرا. ئارینت لایپاردو هۆرۆتیز دوو فیگه‌رى
دیارى ئه‌م بواره‌ن، به‌تایبه‌تى له پێشكه‌شكردنى چاره‌سه‌ر بۆ ململانێى نه‌ژادیی.
لایپارد پشتیوانى له دیموكراسی ته‌وافوقی ده‌كات، كه تێیدا كاروباره سیاسی و كولتوورییهكانى
هه‌ر گرووپێكى نه‌ژادی بۆ دهستهبژێرهكهى به‌جێده‌هێڵرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا
سازشكردنهكانی نێو گرووپه نهژادییهكان ته‌نها له‌سه‌ر ئاستى ده‌سته‌بژێر به‌ڕێوه
ده‌چێت. به‌ڵام هۆرۆیتز به‌رهه‌ڵستى بۆچوونه‌كه‌ى لایپارت ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌ى
لایپارتهوه پێشنیازی سیستمێكى هه‌ڵبژاردن ده‌كات كه ڕێگرو به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م
پارته سیاسییە نهژادییهكان دروست ده‌كات له بردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌گه‌ر بێت
و نه‌توانن سنورى هێڵه نهژادییهكان تێپه‌ڕێنن (فره‌کولتووری له‌ڕێگه‌ى سێنتریپیتاڵیزمهوه-ده‌نگدانى
به‌دیل). لێره‌وه پێوایه دیموكراسی ته‌وافوقی زیاتر ئه‌گه‌ری هه‌یه توندوتیژى
به‌دواى خۆیدا بهێنێت، به‌ڵام فره‌کولتوورى كه له‌ڕێگه‌ى گۆڕینى سیستمى هه‌ڵبژاردنه‌وه
ده‌بێت زیاتر سه‌قامگیرى و ئاشتى دروستده‌كات. به‌كورتى كێشه‌ى گه‌وره‌ى هۆرۆیتز
له‌گه‌ڵ لایپارت ئه‌وه‌یه هۆرۆیتز ده‌ڵێت لایپارت هاتووه جیاوازییه نهژادییهكانى
به‌دامه‌زراوه‌یی كردووه، ئه‌مه‌ش زیاتر هانده‌ره بۆ هاتنه پێشه‌وه‌ى سیاسییە
توندڕه‌وه‌كان له‌كاتى هه‌ڵبژاردندا كه زیاتر هه‌وڵده‌ده‌ن جیاوازییه نهژادییهكان
له‌پێناو كۆكردنه‌وه‌ى ده‌نگی زیاتر قوڵبكه‌نه‌وه(٢٩). لێره‌دا ده‌بێت تێبینى ئه‌وه
بكرێت، لایه‌نگرانى ئه‌م تیۆره تێگه‌یشتنێكى كۆنسترهكتیڤیزمیانهیان هه‌یه بۆ
سروشتى ناسنامه‌ى نه‌ژادی، به‌و مانایه‌ی هاوشێوه‌ى لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى
له‌و باوه‌ڕه‌دان ناسنامه لهپرۆسەیهكى كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌دا دروست ده‌بێت، هه‌ركاتێك
دروستبوو، جۆرێك له جێگیرى وه‌رده‌گرێت، كه به‌ئاسانى ناگۆڕێت(٣٠).
گرنگی ئه‌م تیۆره له‌وه‌دایه ده‌توانێت فاكته‌ره
سیاسییەكانى سه‌رهه‌ڵدانى ململانێى نه‌ژادی ڕوونبكاتهوه. ئه‌گه‌ر ئه‌م تیۆره پیاده‌بكه‌ین
به‌سه‌ر ململانێكانى كورد له‌گه‌ڵ تورك و عه‌ره‌ب و فارس، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت سه‌رهه‌ڵدانى
ململانێكانى كورد له چوارچێوه‌ى هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا په‌یوه‌ندیی هه‌بووه
به فۆڕمى سیستمی سیاسی و شێوازى سیاسه‌تى ده‌وڵه‌ت به‌رامبه‌ر به‌كورد. جوڵانه‌وه‌ى
ڕزگاریخوازى كوردی له هه‌ریه‌ك له پارچه‌كانى كوردستان له‌دژى توركیا‌و عێراق و ئێران
و سوریا ده‌رئه‌نجامى فۆڕمى سیستمى سیاسی هه‌ریه‌ك له‌و دهوڵهتانهبووه، كه سیستمێكی
ناوه‌ندێتى بووه‌و له‌سه‌ر ستراتیجی تواندنه‌وه‌ى جیاوازییه‌كان و سڕینه‌وه‌ى
ناسنامه‌ى كورد هه‌وڵیداوه ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه دروستبكات، نه‌ك له‌سه‌ر بنه‌ماى
داننان به‌جیاوازییه‌كان و ڕێگه‌دان به مافه کو‌لتووریی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی
كورد. ده‌رئه‌نجام، به‌پێى ئه‌م تیۆره، سیستمى سیاسی هه‌ر یه‌ك له‌و ده‌وڵه‌ته
نه‌ته‌وه‌ییانه هۆكارى سه‌ره‌كی ململانێى نهژادییهكانن، به‌هه‌مان ئاڕاسته گۆڕینى
دیزانى سیستمى سیاسی له سیستمێكى ناوهندێتیهوه بۆ سیستمێكى فیدڕاڵ دیموكراسی، یان
پیاده‌كردنى دیموكراسی ته‌وافوقی، یان گۆڕینى سیستمى هه‌ڵبژاردن ده‌توانێت چاره‌سه‌رى
ململانێى نه‌ژادی كورد بكات له‌چوارچێوه‌ى هه‌ریه‌ك له‌و ده‌وڵه‌ته نه‌ته‌وه‌ییانه‌دا.
ده‌ره‌نجام
ململانێى نه‌ژادی هه‌روه‌ك له سه‌ره‌وه باسكرا،
چه‌ندین ڕاڤه‌و لێكدانه‌وه‌ى جۆراو جۆرى هه‌یه وه‌كو ته‌واوى دیارده سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى
تر. جیاوازی ڕاڤه‌و لێكدانه‌وه‌كانی هه‌ر یه‌ك له تیۆرى پرایمۆدیاڵ، تیۆرى ئینسترومێنتاڵ
و تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى له جیاوازی تێگه‌یشتنیانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت بۆ
ناسنامه‌ى نه‌ژادی. بۆ لایه‌نگرانى تیۆرى پرایمۆدیاڵ، جیاوازییه نهژادییهكان جیاوازی
سروشتین، به‌م هۆیه‌وه ململانێى نه‌ژادی شتێكى سروشتی و چاوه‌ڕوانكراوه. به‌پێچه‌وانه‌وه
بۆ لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ جیاوازییه‌كان دروستكراون، به‌م هۆیه‌وه
ململانێى نه‌ژادى شتێكى دروستكراوه. به‌ڵام بۆ تیۆرى بوونیادى كۆمه‌ڵایه‌تى
ناسنامه‌ى نه‌ژادی له پرۆسەیهكى كۆمه‌ڵایه‌تیدا دروستده‌بێت، كاتێك فۆڕم ده‌گرێت،
تاڕاده‌یه‌ك جێگیرى وه‌رده‌گرێت. ده‌ره‌نجام، هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌ى جیاواز هۆكارى
سه‌رهه‌ڵدانى ململانێ نهژادییهكان لێكده‌ده‌نه‌وه، پرایمۆدیاڵهكان پێیانوایه
ململانێی نه‌ژادی ده‌رئه‌نجامی ناسنامه‌ی نه‌ژادییه، گرووپه نه‌ژادییه جیاوازه‌كان
به سروشت مه‌یلیان هه‌یه بۆ ململانێ، ترسی په‌ڕاوێزخستن و له‌ناوچوونیان هه‌یه.
به‌پێچه‌وانه‌وه، لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ پێیانوایه، ده‌سته‌بژێرى سیاسی
ئه‌ندازیارى ململانێی نه‌ژادییه، ناسنامه‌ى نه‌ژادی هیچ ڕۆڵێكی نییە. به‌ڵام تیۆرى
بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى هه‌ردوو فاكته‌ره‌كه له‌به‌رچاوده‌گرێت وه‌ك هۆكارى ململانێ
نهژادییهكان، هه‌م ناسنامه و هه‌میش ده‌سته‌بژێرى سیاسی. لێره‌دا ده‌بێت تێبینى
ئه‌وه بكه‌ین، تێگه‌یشتنى هه‌ریه‌ك له‌م تیۆره بۆ ناسنامه‌ى نه‌ژادی لێكه‌وته و
ئاماژه‌ى گرنگی هه‌یه بۆ چۆنێتى چاره‌سه‌ركردنى ململانێى نه‌ژادی، به‌م هۆیه‌وه
هه‌ریه‌كه‌یان ده‌گه‌نه ده‌رئه‌نجامێكى جیاواز بۆ چاره‌سه‌ری ململانێى نه‌ژادی. بۆ
پرایمۆدیاڵهكان ململانێی نه‌ژادی چاره‌سه‌رى نییە، له‌به‌رئه‌وه‌ى ناسنامه نه‌ژادی
شتێكى سروشتییه و به‌م هۆیه‌وه ململانێكه‌ش حاڵه‌تێكى سروشتییه، گۆڕینى ململانێكه
وه‌ك گۆڕین و ده‌ستكاریكردنى سروشت وایه. به‌ڵام بۆ لایه‌نگرانى تیۆری ئینسترومێنتاڵ
چاره‌سه‌رى ململانێى نه‌ژادی زۆر ئاسانه، هه‌ركاتێك ڕێکكه‌وتن له‌نێوان ده‌سته‌بژێرى
سیاسی گرووپه نه‌ژادییه جیاوازه‌كاندا له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامان
هاته ئاراوه، ململانێى نه‌ژادی خۆى ئۆتۆماتیكى چاره‌سه‌ر ده‌بێت، كه سه‌ره‌وه ڕِێكکهوتن
(سه‌رچاوه‌ى كێشه‌كه)، خواره‌وه كێشه‌ى نامێنێ (چوونكه خۆى له بنه‌ڕه‌تدا سه‌رچاوه‌ى
كێشه نه‌بووه). بۆ لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى چیرۆكه‌كه تاڕاده‌یه‌ك
جیاوازتره، ڕێكکه‌وتن ئه‌سته‌م نییە به‌و شێوه‌یه‌ى لایه‌نگرانى پرایمۆدیاڵ بانگه‌شه‌ى
بۆ ده‌كه‌ن، به‌ڵام هێنده‌ش ئاسان نییە وه‌ك ئه‌وه‌ى لایه‌نگرانى تیۆرى ئینسترومێنتاڵ
گریمانه‌ى ده‌كه‌ن. به‌بۆچوونى لایه‌نگرانى تیۆرى بوونیادی كۆمه‌ڵایه‌تى، ده‌بێت
چاره‌سه‌رى ململانێ هه‌م له‌سه‌ره‌وه (ڕێكهوتنى ده‌سته‌بژێرى سیاسی-پاوهشیهرینگ)
ده‌ستپێبكات، هه‌میش له خواره‌وه (خواره‌وه بارگاوی بووه به ململانێكه-ده‌كرێت
له‌ڕێگه‌ى ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نی "مزگه‌وت، یانه‌كان، ڕێكخراوه‌كان"
و ڕاگه‌یاندن و قوتابخانه‌ى تێكه‌ڵه‌وه هه‌ستى دووژمنکاری نه‌هێڵرێت). به‌ڵام بۆچوونه‌كانی
لایه‌نگرانى تیۆرى دامه‌زراوه‌یی هه‌م بۆ هۆكاره‌كانى سه‌رهه‌ڵدانى ململانێ، هه‌م
بۆ چاره‌سه‌رى ململانێى نه‌ژادی، تاڕاده‌یه‌ك جیاوازه له دیدگا تیۆره‌كانى پێشوو،
به‌ڵكو زیاتر له‌ڕوانگه‌یه‌كى دامه‌زراوه‌ییه‌وه-سیاسییەوه ته‌ماشاى ململانێى
نه‌ژادی ده‌كات، چاره‌سه‌ره‌كه‌شی به‌هه‌مان هۆكاره‌وه ده‌به‌ستێته‌وه (گۆڕینی دیزانى
سیستمی سیاسی).
سه‌رچاوه‌كان
(1) Esteban J. Mayoral L. Ray D. (2012) Ethnicity and
Conflict: Theory and Facts, SCIENCE, 336, pp 88-865. http://www.sciencemag.org/content/336/6083/858.abstract
(2) O'Neill, P. H.
(2017). Essentials of comparative politics. WW Norton & Company.
(3) Wolff, W. (2006) Ethnic
Conflicts: a global perspective, the United States: Oxford University
press.
(4) Griffith, M.
OCallaghan, T. (2002) International relations: the key concepts, London
and New York, Routledge.
(5) O'Neill, P. H. (2017). Essentials of comparative
politics. WW Norton & Company.
(6) Varshney, A. (2007). Ethnicity and ethnic conflict.
The Oxford handbook of comparative politics, 274-294.
(7) Eller J. Coughlan R. (1993) The poverty of primordialism:
the demystification of ethnic attachments, 16, (2), London: Rouledge,
pp183-201.
(8) Kaufman S. (2010) Modern hatred: the symbolic politics
of ethnic war, the USA: Cornell University.
(9) Blagojevic, B. (2009). Causes of ethnic conflict: A
conceptual framework.Journal of Global Change and Governance, 3(1), 1-25.
(10) Williams, D. U. (2015). How useful are the main existing
theories of ethnic conflict?. Academic journal of interdisciplinary studies,
4(1), 147-147.
(11) Fearon J. Laitin D. (2000) Violence and the Social
Construction of Ethnic Identity, International Organization, 54, (4), pp.
845–877.
(12) Beverly C. Ronnie L. (1998) The Myth of "Ethnic
Conflict": Politics, Economics, and "Cultural" Violence, the
United States: university of California, pp 1-563.
(13) Williams, D. U. (2015). How useful are the main existing
theories of ethnic conflict?. Academic journal of interdisciplinary studies,
4(1), 147-147.
(14) I bid.
(15) Varshney, A. (2007). Ethnicity and ethnic conflict. The
Oxford handbook of comparative politics, 274-294.
(16) Spencer P. Wollman H. 2002) Nationalism: A Critical
Introduction, London: Sage.
(17) Che, A. A. M. A. (2016). Linking Instrumentalist and
Primordialist Theories of Ethnic Conflict. E-International Relations, 1.
(18) Sotiropoulou A.(2004) The role of ethnicity in ethnic
conflicts: The case of Yugoslavia, University of Bath
(19) Mueller, J. (2000). The banality of “ethnic war”. International
Security, 25(1), 42-70.
(20) Williams, D. U. (2015). How useful are the main existing
theories of ethnic conflict?. Academic journal of interdisciplinary studies,
4(1), 147-147.
(21) Destexhe A. (1995) Rwanda and Genocide in the
Twentieth Century, London: Pluto press. See also Mueller, J. (2000). The
banality of “ethnic war”. International Security, 25(1), 42-70.
(22) Oberschall, A. (2000). The manipulation of ethnicity:
from ethnic cooperation to violence and war in Yugoslavia. Ethnic and racial
studies, 23(6), 982-1001.
(23) OFlynn, I., Sood, G., Mistaffa, J., & Saeed, N.
(2019). What future for Kirkuk? Evidence from a deliberative intervention. Democratization,
26(7), 1299-1317.
(24)
Hama, H. H. (2019). Article 140 Between Baghdad and KRG: The Future of Kirkuk
Status in Post 16 October. India Quarterly, 75(4), 510-524.
(25)
Hanish, S. (2010). The Kirkuk Problem and Article 140 of the Iraqi
Constitution.Digest of Middle East Studies, 19(1), 15-25. _2
(26)
Kefale A. (2009) Federalism and ethnic conflict in Ethiopia: a comparative
study of the Somali and Benishangul-Gumuz regions, Leiden University.
(27)
Williams, D. U. (2015). How useful are the main existing theories of ethnic
conflict?. Academic journal of interdisciplinary studies, 4(1), 147-147.
(28)
Kaufman S. (2006) Symbolic Politics or Rational Choice? Testing Theories of Extreme
ethnic Violence. International Security, 30, (4), pp. 45-86.
(29)
Cordell, K., & Wolff, S. (2009). Ethnic conflict: causes, consequences,
and responses. Polity. See also: Kaufman S. (2006) Symbolic Politics or
Rational Choice? Testing Theories of Extreme ethnic Violence. International
Security, 30, (4), pp. 45-86.
(30)
Varshney, A. (2007). Ethnicity and ethnic conflict. The Oxford handbook of
comparative politics, 274-294.